![]() |
قەرەنی قادری
پێم وایە هەموومان لەسەر ئەو بڕوایەین کە دەڵێن: "جیهان گۆڕاوە"؛ ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆتاییی جەنگی ساردی نێوان دوو جەمسەری "سۆسیالیزم" و "سەرمایەداری"، ١١ی سێپتهمبهری ٢٠٠١، بەهاری عەرەبی و، دەیان ئاڵوگۆڕی ورد و درشتی تر لەو بوارەدا، وەکوو قەیرانی داراییی ٢٠٠٨، سەرهەڵدانی داعش، کۆرۆنا، بەهێزبوونی ڕاستڕەوە توندئاژۆکان لە پاش هاتنەسەرکاری ترامپ لە ئەمریکا و جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، باس لە گۆڕینی ئەو جیهانە ناڕێکە دەکەن. کەواتە بەپێی ئەوەی جیهان لە گشت بواراندا ئاڵوگۆڕی بەسەردا داهاتوو، بێ شک دەبێ ئەو گۆڕانە شۆڕش، هێزی بزوێنەر و سروشتی شۆڕشەکانیش بگرێتەوە، چونکە ناکرێت جیهان لە هەموو بوارەکاندا کێڵ درابێت، بەڵام شۆڕشەکان، هێزی جووڵێنەر، دروشم و سروشتیان هەروا بە "بەیار"ی بمێننەوە!
جاران "مارکس" (١٨١٨-١٨٨٣) دەیگوت: سوپای پڕۆلیتاریا و سەرمایەداری (دووو بەرە) ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و شوڕش (شۆڕشی پڕۆلیتێری/ کۆمۆنیستی) ڕوو دەدات. "مارکس" بۆ ئەو شۆڕشە و هێزە جووڵێنەرەکەی، باسی لە سێ تایبەتمەندی دەکرد:
١- "ڕزگاریی چینی کرێکار دهبێ بهدهستی خۆی بێت، ئهویش به ڕێگهی لهبهینبردنی تهواوی ڕژێمه چینایهتییهکانهوه. ٢- کۆنتڕۆڵکردنی کرێکاران بەهۆی ئابوورییەوە لەلایهن ئهو کهسانهوه (سەرمایەدار) بهڕێوه دهچن که خاوهنی کهرهسهی بهرههمهێنانن؛ ئهمانهیش سهرچاوهی بهکۆیلهکردنی کرێکارانن. ٣- له ئاکامدا، ڕزگاریی ئابووریی چینی کرێکار ئامانجی سهرهکییه و، دەبێ تهواوی جووڵانهوهی سیاسی پهیڕهویی لێ بکات." واتە چینی کرێکار پێشڕەوە! لەم پێناسەیەدا باس لە شۆڕشی پڕۆلیتێری (شۆڕشی کۆمۆنیستی)یە، ئەویش بە سەرکردایەتیی حزبی کۆمۆنیست دەبێت. لە کۆتاییدا بە قسەی مارکس، "دەبێ تهواوی جووڵانهوهی سیاسی پهیڕهوی لە "ڕزگاریی ئابووریی چینی کرێکار" بکات. لێرەدا باس لە شۆڕشی چینێک و هێزێکە، ئەویش کرێکارانن! واتە شۆڕشی یەک چین، یەک حزب و شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژیایی.
لە شۆڕشی ئۆکتۆبهریش (١٩١٧)دا پەیڕەوی لەو ئەو تێزە کرا، کە دەسەڵات دەبێ هی پڕۆلیتاریا بێت، چونکە هێزی بزوێنەری شۆڕش، زەحمەتکێشان (پڕۆلیتاریا، جووتیاران و هەژاران)ن؛ واتە شۆڕشێک بە سروشتێکی بەهێزی ئایدیۆلۆژیا. هەر لە ساڵی (١٩٠٥)ەوە تا (١٩١٧) کە شۆڕشی ئۆکتۆبهر ڕووی دا، "لێنین" (١٨٧٠-١٩٢٤) لە نێوان دوو دەستەواژەی شۆڕشگێڕیدا لە هاتوچۆدا بوو و بڕیاردانی بۆ زەحمەت بوو. "ئایا ئەوە دروشمەکانن کە چەشن و قۆناغی شۆڕش دەسنیشان دەکەن، یان ئەوەتا هێزی بزوێنەری شۆڕشە (ئەو چین یان ئەو چینانەی کە لە شۆڕشدا بەشداری دەکەن) چەشن و قۆناغی شۆڕش دیاری دەکەن؟" بەڵام داواکاری و ناڕەزایەتییەکانی ئەوسەردەمی ڕووسیا و لە شۆڕشی ئۆکتۆبهردا، دروشمەکەیان "نان، زەوی و ئازادی" (داواکاری و هێزەکە گوندی) بوون، بەڵام لە مۆسکۆ بە ڕێبەرایەتیی کۆمەڵێك ڕۆشنبیر و خوێندەواری مارکسیست، شۆڕشی "نان، زەوی و ئازادی" کە بەشێکی زۆری جووتیاران پشتیوانییان لێی دەکرد و دروشم و داواکاریی ئەوان بوو، هەروەها پەیوەندیی ڕاستەوخۆیشی بە ژیانی ئەوانەوە بوو، کرا بە "شۆڕشی سۆسیالیستی"، ئەویش لەژێر سەرکردایەتیی حزبی کۆمۆنیستی "بهڵشەڤیک"دا، بەڵام هێزی بزوێنەر و باڵادەست خەڵکی گوند بوون و، نزیک بە ٩٠% لە ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی "بهڵشەڤیک"یش بە سەرکردایەتیی لێنین نەخوێندەوار بوون؛ هەروەها هەر لە ساڵی ١٩١٧دا "٨٠%ی کۆمەڵگەی ڕووسیا هەژاران و زەحمەتکێشان بوون." دەکرێت بڵێین شۆڕشی ئۆکتۆبهری ساڵی ١٩١٧، شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژیکی، بەڵام سروشتی بەهێزی گوندیش دەوری تێدا هەبوو.
لە "شۆڕشی چین"یشدا ئەو تێزە دووبارە بووەوە و شۆڕشێکی گوندی وەڕێ خرا، بەڵام بە تێزی "داگیرکردنی شار لەلایەن گوندەوە سەر کەوت." لەو شۆڕشدا جووتیاران دەستیان بەسەر شاردا گرت. واتە هێزی شۆڕش لە وڵاتی "چین"دا گوند بوو بە سروشتی خۆیەوە، کە لە دواییدا لە دەسەڵاتدا ڕەنگی دایەوە. بۆ ئەمەیش ئایدیۆلۆژیا پاڵپشتی سەرەکیی دەسەڵات بوو لە چیندا. هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، لە ساڵی ١٩٧٩دا کە مەلاکان بە دەسەڵات گەیشتن، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی دەوری هەرە سەرهکیی گێڕا. ئەزموون پێشانی دا، لە هەر شوێنێکدا کە شۆڕش بە پشتوانیی تەنیا حزب یان ئایدیۆلۆژیایەک (کۆمۆنیستی، ئیسلامی، فاشیستی، نازیزم و...) کرا، ئەوە بێ شک کارەسات دەخوڵقێت و ڕەوتی ڕووداوەکانیش بەلاڕێدا دەبرێن!
بەڵام لەم سەردەمەدا، جیهان ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتیی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە دەبێ بە تێڕوانینێکی وردەوە سەیری ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکانی ئێستا بکەین، کە کاری لەسەر هەست و نەستی گشت چین و توێژە کۆمەڵاتییەکاندا کردووە. ئەگەر جاران باس لە پڕۆلیتاریا یان پڕۆلیتاریای یەخە شین دەکرا کە هێزی ماسوولکەیان دەفرۆشت، ئەمڕۆ باس لە کرێکار و کارمەندانی ئەلیکترۆنی دەکەن، کە هێزی مێشکی دەفرۆشێت، هەروەها بە بوونی هێزی نەوەی زێد (Generation Z) لە نێوان ساڵانی (١٩٩٥-٢٠١٠)، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە شۆڕشی دیجیتاڵییەوە هەیە و لەگەڵیدا گەورە بووە و، کەڵک لە کەرەسە دیجیتاڵی و زیرەکەکان وەردەگرێت و تەنانەت بە "نەوەی ئینترنێت"یش باسی لێوە دەکرێت، هێزی نوێی بزوێنەری ڕاپەڕین و شۆڕشەکانە. بڕینی ئینترنێت یان خاوکردن و کۆنتڕۆڵکردنی هێڵی ئینترنێت لە لای ئەو نەوەیە (Generation Z) وەکوو ئەوە وایە کە گەرووی بگوشی و بەرەو خنکانی بەریت. بەپێی ئەوەی کە ئینترنێت و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی زانیارین و جیهانی زەینی مرۆڤ بەرفراوان دەکەن و گەشەی پێ دەدەن، لە هەمان کاتیشدا ئاستی داواکاری و حەز بەرز دەکەنەوە و جیهانی زەینی مرۆڤ دەگۆڕن!
هێزی سەرەکیی ڕاپەڕینی ئەم جارەی ئێران "نەوەی زێد"ە، کە داوای ئازادی دەکات و کۆماری ئیسلامی و یاساکانی بۆ هەرس نابێت؛ گەرچی ئەو هێزە هەر لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا لەدایک بووە و گەورە بووە، شارەزای کۆماری ئیسلامی و سروشتی سیستەمەکەیتی. ئەوان (Generation Z) لە جیهانێکی تەواو جیاوازدا دەژین!
١- ئەم "نەوە" (جیل)ە نوێیە (Generation Z) دەیەوێت سەربەخۆ بێت، واتە خۆی خۆی بەڕێوە بەریت؛ کەواتە پێویستی بە حزبی پێشڕەو و ڕێبەر نییە.
٢- تەنانەت ڕێبەرانی ئەم نهوهیهیش بە بەراورد بە ڕابردوو لە چەشنی جیاوازن و، کارەکتەر و کەسانی ناسیاسی بۆ ئەم نهوهیه زۆر بەسانایی دەتوانن ئەم ڕێبەرایەتییە لە ئەستۆ بگرن؛ هەر بۆیە ئەم نهوهیه زۆر گوێ بە فەرمانڕەوا و سیاسییە کلاسیکییەکان نادات.
٣- ئەمەیش پێمان دەڵێت کە داواکارییەکانیشیان تەنیا سیاسی نییە، بەڵکوو ژیان-تەوەره بە هەموو بوار و ڕەهەندەکانییەوە و، هەر ئەمەیش وا دەکات سروشتی شۆڕشەکەیشی جیاواز بێت.
٤- ئەم نهوهیه شۆڕش بۆ ئایدیۆلۆژیا و فۆڕمێکی دیاریکراوی سیاسی ناکات، بەڵکوو لە سەردەمی پاش-ئایدیۆلۆژیا دەژیت و هەر ئەمەیش کاریگەریی لەسەر ئامراز و ئامانجەکانی شۆڕشەکەی هەیە. بۆیە بەپێی پێوەر و تیۆرییە کلاسیک و تەنانەت مۆدێرنهكانیش ناتواندرێت شۆڕش لەم نهوهیهدا شرۆڤە بکرێت.
٥- ئەم نهوه نوێیە بە "نهوهی ئینترنێت"یش دەناسرێت. چونکە ئینترنێت سنووری نییە، ئەویش سنوور بۆ خۆی دانانێت و هەر بۆیە بەردەوام بەراوردی خۆی لەگەڵ شوێن و کەسانی تری کۆمەڵگەکانی تردا دەکات و، بۆیە ناتواندرێت لەقاڵب بدرێت و ئەمەیش وا دەکات، کە ڕوانگەی بۆ شۆڕش جیاواز بێت لە شۆڕشە کلاسیکییەکان.
٦- نەتەوە و مەزهەب و... بەگشتی هەموو ناسنامە چەقبەستوو و جێگیرەکان بۆ ئەم نهوه نوێیە ئامرازە نەک ئامانج، هەر ئەمەیش تەواوی بنەماکانی شۆڕشی کلاسیک و پاڵنەرەکانی شۆڕش لەم جیهانە نوێیەدا هەڵدەتەکێنێت. بەم واتایە کە ئەم نهوهیه فرەناسنامەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین لە ئێراندا نەک "ئایینزا" (مەزهەب)، بەڵکوو سەرکوتی مەزهەبی، هەروەها نەک ئیتنیک و نەتەوە، بەڵکوو سەرکوتی ئیتنیکی و نەتەوەیی وا دەکات کە ئەم نهوهیه شۆڕش بکات و ئەمەیش هەموو هاوکێشەکانی شۆڕش پێچەوانە دەکاتەوە.
ئێستا باسی شۆڕشە کلاسیکەکان ناکرێت کە بە ڕێگەی چەک، حزبێک یان چینێکهوه پرسەکان یەکلا دەبوونەوە، بەڵکوو باس لە شۆڕشە ڕەنگی، نەرم و نارنجییەکانە کە لە کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو و ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا ڕوویان دا، دەکرێت. شۆڕشەکانی سەردەم واتاسازی دەکەن و هەر بەدوای ئەودا بزووتنەوە و ڕاپەڕین سەر هەڵدەدەن و، جیهانیش بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکەن. شۆڕشە نوێیەکان تەواو بەشاری کراون، واتە شار و شۆڕش بوونەتە دووانە. جاران برسێتی و قەیران دەبوونە سەرچاوەی شۆڕش، بەڵام ئێستا شەهیدکردنی "مەهسا ئەمینی" (ژینای کوردستان)، ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەواو ڕاچڵهکاند و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" شەقامی لەژێر پێی هێزەکانی حکوومەتدا گەرم کردووە. جێی ئاماژەیە کە باراک ئۆباما، سەرۆککۆماری پێشووتری ئەمریکا سەبارەت بە ناڕەزایەتی، خۆپێشاندان و دروشمەکانی ئەو ڕاپەڕینە گوتی: "دروشمەکان جیهانین"؛ هەر بە دوای ئەودا جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا بە چەشنێک هەمان ڕای ئۆبامای دووبارە کردەوە.
شک لەوەدا نییە کە "ژن" و "ژیان" بەبێ "ئازادی" مانا نابەخشن. بۆیە لەژێر حوکمڕانیی "ئازادی"دایە کە "ژن" و "ژیان" گەشە دەکەن و ڕێک دەخرێن. دەوری ئازادی لێرەدا ئەوەیە کە دەرفەت بۆ ڕەنگەکان دەڕەخسێنێت تا گەشە بکەن و ئازاد بن، چونکە لە "ئازادی"دایە کە ژن سەربەست دەژیت و بە گوێرەی حەزی خۆی ژیانی خۆی ڕێک دەخات؛ هەروەها ژیانێکی مرۆڤانە و سەردەمییانە لە ئازادیدا ڕێك دەخرێت. بۆیە ئازادی لەو دروشمەدا تەوەرە، چونکە "ژن" و "ژیان" بەبێ ئازادی ناتوانن بژین. "ئازادی" لە ئێراندا، دەبێ باس لە فرەڕەنگی و فرەچەشنی بکات کە ئەمەیان ڕێک پێچەوانەی سیاسەت و تێڕوانینی کۆماری ئیسلامییە، کە هزرێکی یەکدەستی بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکدەست (خنکاندنی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان) هەیە و زیاتر لە چل ساڵە بە هەموو شێوەیەک خەریکی سەپاندنی ئەو شێوە-کۆمەڵگەیەکی یەکدەست و ڕەشپۆش- ژیانەیە!
هەر بۆ وەبیرهێناوە؛ ئەم ڕاپەڕینە سروشتێکی بەهێزی شۆڕشی پێوەیە و، هەر لە ئێستاوە هەندێک لە بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی هەڵتەکاندووە. "سڵاڤۆی ژیژەک" سهبارهت بهمه دەڵێت: "شۆڕش شتێک نییە، جگه لە ئاڵوگۆڕی ڕۆژانەی ژیانی خەڵك." بەشێک لەو ئاڵۆگۆڕە لە کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕووی داوە. نەمانی ترس و سەرهەڵدانی بوێری و ئازایەتی کە لە پزدانی ترسدا خۆی ئاشکرا و بەهێز کرد و ترسی بۆ بەرەی حکوومەت گواستەوە، هەروەها فڕێدان و سووتاندنی لەچکەی ژنان، دوو نموونەی بەرچاوی "ئاڵوگۆڕە لە ژیانی ڕۆژان"ەدا!
بەپێی هەندێک تیۆری، جاران چینێک هێزی چەکدار و چینێک "پێشڕەو" بوون و ڕووبەڕووی دەسەڵات دەبوونەوە، بەڵام لە جیهانی ئاڵوگۆڕبەسەرداهاتوو، هێزی بزوێنەر تەواو کۆمەڵایەتین (گشت چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا بەشدارن)؛ واتە "شۆڕشی کۆمەڵایەتی" و ناچەکدار، بەڵام بە هێزی تەواو جیاواز و "جووڵێنەری نوێ"وە کە گەنج و ژنانن، هەروەها بە دروشم و داخوازیی تەواو نوێوە، سیستەمەکان دەهەژێنن. دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو بزووتنەوانە نیمچە ڕێنێسانسێک وەڕێ بخەن.
جاران باس لە شۆڕشی پڕۆلیتاریا دەکرا، ئێستا باس لە شۆڕشی "کۆمەڵایەتی" و چەشنەکانی تری شۆڕش دەکرێت، کە لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆیدا چەشنێکی ترن و بە هەمان تەقەڵ نەدرواون. ئەو شۆڕشانە سەرکردایەتیی چڕ و یەکدەستیان نییە، بەڵکوو باس لە خەباتی فرەڕەهەند دەکرێت و، لە بواری سەرکردایەتییشەوە هەر شارە و چەندان ڕێنوێنیکەر و ڕێکخەری خۆی هەیە و، بزووتنەوەکەیش وەکوو "ژێلە" (جهلی) وایە؛ کاتێک لە سەرێکەوە گوشاری بۆ بێنی، لە سەرێکی ترەوە خۆی دەردەخات. ئەوە شار و هێزە مودێڕنەکەیتی کە گوند و دەڤەرە پەراوێزنشینەکان بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت. ئێستا "تەواوی ڕێگهکان بەرەو شارەکان شۆڕ دەبنەوە" و، هەر بەو پێیە هێزی ڕەقی شۆڕشگێڕی (خەباتی چەکداری) ئەو دەوری جارانی نەماوە و، "ناکرێت لە لوولەی تفەنگەوە سەیری ڕووداوەکان بکرێت." بۆیە سەردەمی ئێستا، سەردەمی ئەو بزووتنەوە و شۆڕشانە دەبێت، کە ناچەکدارن و بە کەمترین تێچوو بە ئاکام دەگەن، چونکە خەباتی فرەڕەهەند بەڕێوە دەبەن؛ بەڵام دەکرێت تەنیا لە كاتی گونجاو و پێویستدا هێزی ڕەق (چەکدار) وەکوو زەبری خێرا، یان "سوون تزوو" (٥٤٤-٤٩٦ پ. ز) گوتەنی: هێزی چەکدار دەبێ دەوری زەبری کۆتاییپێهێنەر (یهكلاكهرهوه) بگێڕێت.
هەر بۆیە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین و بە کەمترین تێچوو دۆخی ڕاپەڕین و شۆڕش دەرباز بکەین، پێویستە زۆر بەوردی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، چینایەتی و کەلتوورییهكانی کۆمەڵگەی ئێران ببینین، تێی بگەین و هێز و دروشمەکانی بناسین و، هەر بەو پێیەیش ستراتیژی و تاکتیکی بۆ دابڕێژین!
هەندێک لەو سەرچاوانەی کە بۆ ئەم نووسینە سوودی لێ وەرگیراوە: