سەرهەڵدانی ڤاتیکانێکی شیعی لە عێراق

نووسینی: "مێهیار کازم" (Mehiyar Kathem)*

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

دەکرێ ئەو ڕێگە و شێوازەی بەهۆیەوە ڕابردوو بەکار دەهێنرێت و ئیدارە دەدرێت، تێڕوانینێکی ناوازە بۆ ئاراستەی سیاسیی وڵات دابین بکات. لە ساڵی ٢٠٠٣وە هیچ لایەنێك زیاتر لە دەسەڵاتی ئایینیی شیعی لە عێراقدا لە دەسەڵات و هەژموونی خۆیدا گۆڕانکاریی نەکردووە. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، لە ساڵانی سەرەتای داگیرکاریی ئەمریکاوە، چینێکی ڕۆحانیی شیعیی دەسەڵاتدار کە بە مەرجەعییەت ناسراوە، بۆ گەرەنتیکردن و دڵنیابوون لە سەربەخۆییی خۆی، هەوڵی داوە لە پاشماوە و میراتی دیکتاتۆرییەت ڕزگاری بێت. ئێستایش دوای ٢٠ ساڵ ئەو ئامانجە هاتە دی و دەرەنجامەکانیشی یارمەتیدەرن بۆ گۆڕینی عێراق و دیمەنی پاشماوەی که‌لتووریی وڵاتەکە.

لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، ڕۆژاوا لە ڕێگەی ڕۆڵی دامودەزگه‌ ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە کاریگەریی بەسەر پێکهێنانی پەیکەری میراتی فەرهەنگیی عێراقدا هەبووە. مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق، بواری شوێنەوار و دامەزراوەی کەلەپووری نیشتمانیی وڵات- بۆردی دەوڵەت بۆ شوێنەوار و کەلەپوور (SBAH)-، هەموو ئەمانە لەلایەن ڕۆژاواوە دامەزراون. ئەم وابەستەبوونە دامەزراوەیییە، مەعریفییە و ماوەتەوە و تا ئەمڕۆش تا ڕاددەیەکی زۆر بەردەوامە.

بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا مۆدێلێکی کارا و ئۆرگانیکی میراتی که‌لتووری سەری هەڵداوە کە پەیوەندیی بە کردەوەکانی ڕۆژاواوە نەماوە و، پەیوەستە بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە که‌لتوورییەکان لەلایەن ئیسلامی شیعەوە. زۆر جار که‌لتوور کاری لەپێشینەی سیاسەتی نێودەوڵەتی نەبووە. بە تێڕوانین لە ئامادەییی گەشەسەندووی دەسەڵاتدارانی شیعەی ئایینی و کاریگەرییەکانی لە وڵاتەکەدا، بەتایبەت لەوەی کە پەیوەندیی هەیە بە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی میراتی که‌لتوورییەوە، دەبێ لێکۆڵینەوەی نوێ و پەیوەندیی هاوبەش دروست بێت.

ئەمڕۆ مەرجەعییەت و وەقفی شیعە کە گرنگی بە بەڕێوەبردنی موڵك و ماڵی که‌لتووری و مەزارگە شیعەکان دەدەن، دەسەڵات و سەرچاوەی بێڕکابەریان هەیە. خێرا فراوانبوونی مەزارگە شیعەکان و موڵکە بازرگانییەکانی ئەوقافی شیعە - کە دامەزراوەیەکی سەر بە دەوڵەتە- ڕەنگدانەوەی بوونی سیاسەتێکی نوێ و سەربەخۆیە کە دامەزراوە ئایینییەکانی شیعە لە مێژوودا هەوڵیان داوە بەدەستی بهێنن. ئەو حەز و ئارەزووە، دەبوو بەخێرایی بەدەست بێت لە دوای ئەو سەرکوتکردن و توندوتیژییانەی کە لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دووچاری کۆمەڵگەی ئایینیی شیعە بووەوە. ئێستا دامەزراوە هەمەجۆرە ئایینییەکان کە زۆربەیان  نامەرکەزین، بوارەکانی وەبەرهێنان لە هۆتێل، خانووبەرە، نەخۆشخانەی تایبەت، زانکۆ، کارگە و بێستانەکان و داهاتی گەشتیاریی ئایینیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

بەم شێوەیە، ئابوورییەکی سیاسیی نوێ دەرکەوتووە، پشت بە کۆمەڵێکی بەرفراوانی دامەزراوەكانی پەیوەست بە چینی ڕۆحانیی شیعەوە دەبەستێت، کە هاوشێوەی "قەوارەیەکی حکوومییە لەناو عێراقدا". پەیوەست بەو وەبەرهێنانە گەشەسەندووانە، مەزارگە شیعەکان و وەقفی شیعە، سەرقاڵی فراوانکردنی مەزارگەکانی ئێستا و دروستکردنی سەدان مەزارگەی دیکەن لە سەرتاسەری وڵاتدا. ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆڕێك لە شوێنە که‌لتووری و ئایینییەکان کە لە فراوانبوونی تۆڕی زیارەت و گەشتیاریی ئایینیی شیعەکاندا بەشدار دەبن و قازانجێکی زۆریان دەبێت.

فراوانکردنی مەزارگەکان و دەستکەوتنی زەوی لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە، وردە وردە تێکڕای جوگرافیاکە دەگۆڕێت، کە لە خزمەت دامەزراوە ئایینییەکانی شیعەدا ئامادە دەکرێنەوە. ئەم شێوە نوێیەی بەرهەمهێنانی میرات و کەلەپوور- فراوانکردنی فەزای فیزیکی لە خزمەت دامەزراوە ئایینییەکانی شیعەدا- زۆر جار لەسەر حسابی میراتی که‌لتووریی عێراقی بووە. ئێستا نەجەف، کەربەلا، کازمییە و سامەڕا نموونەی ئەوەن کە چۆن دەسەڵاتدارانی وەقفی شیعە و مەزارگەکان تەواوی گەڕەکەکانیان گۆڕیوە بۆ پلانەکانیان و لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زیاتری زیارەتکاران. ئەمەیش لە چوارچێوەیەکدا ڕوو دەدات، تیایدا بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ دەوڵەتی ئەو کاتەی بەعس، فراوانکردنی مەزارگەکانی سنووردار کردبوو، هەروەها هەوڵی داوە چالاکییە ئایینی و سیاسییەکانی شیعەکان سنووردار بکات.

لە زۆر حاڵەتدا زەوتکردنی زەوی و شوێنە که‌لتووری و ئایینییەکان کێبڕکێی لەسەر بووە، بەتایبەتی لەگەڵ وەقفی سوننەدا. کێبڕکێ لەسەر موڵك و ماڵی که‌لتووری و ئایینی لە نێوان وەقفی شیعی و سوننیدا لە سەرتاسەری وڵات پرسێکی بەردەوامە. بە تێپەڕبوونی کات، فراوانبوونی مەزارگە شیعەکان کاریگەریی لەسەر بەشێکی زۆری دەوروبەری شارستانییەت و جوگرافیای خۆیان دەبێت.

دامەزراوە ئایینییە شیعەکان خەریکە بۆیان ئاشکرا دەبێت کە لەگەڵ زیادبوونی ناوبانگ و فراوانبوونی ئایینی و سیاسییاندا، بەرپرسیارێتییان دەبێت لە دەستەبەرکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر، بەتایبەتی لە بواری کەلتووریدا. لە ڕاستیدا، دامەزراوە ئایینییە شیعییەکان لە دوای مسۆگەرکردنی سەربەخۆییی دارایییان، توانای پەرەپێدان و داڕشتنی کەرتە گەورەکانی ئاسۆی که‌لتووریی عێراقیان هەیە، بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت.

هەر یەك لە پێنج مەزارگە سەرەکییەکەی کەربەلا، نەجەف، کازمییە و سامەرا، پەیکەرێکی بەڕێوەبردنی نامەرکەزییان هەیە؛ واتە ئاستێکی کارای کێبڕکێ هەیە بۆ دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی هەستپێکراو بە زیارەتکاران. هەموو مەزارگەکان بە ئاراستەی یەك ئامانج کار دەکەن، ئەویش بریتییە لە دامەزراندن و یەکخستنی تۆڕێکی فراوان و بەیەکەوەبەستراوی مەزارگە و وەبەرهێنانەکان، کە مۆدێلێکی نامەرکەزی پێک دەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا مۆدێلێکی بەهێزی دامەزراوەی که‌لتووری و ئایینییە.

حەوزە، کە کۆمەڵە قوتابخانەیەکی ئایینیی شیعەکانە، لە مێژوودا پارێزەر و بەرهەمهێنەری زانست و نووسین بووە. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەمڕۆکە كۆمه‌ڵێك قوتابخانە و ناوەندی فێرکاریی حەوزە چالاکن و هەزاران فێرخوازی عێراق و دەرەوەی وڵات لەخۆ دەگرن. لەگەڵ ئەمەیشدا دەکرێ تێبینیی سەرەداوی دەستپێشخەرییەکان بکەین لە بواری میرات و کەلەپووری که‌لتووریدا، لەوانە پەرەپێدانی مۆزەخانەی کەلتووری، وەك مۆزەخانەی ئیمام حسێن و مۆزەخانەی كه‌فيل لە کەربەلا کە خاوەنی تەنێکی بەرچاو و گەشەسەندووە لە کۆمەڵە مێژوویییەکاندا. هەروەها ئەو مۆزەخانانە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو پیشە دەستییانە کار دەکەن کە لە مەترسیی لەناوچووندان و پەیوەندییان بە نووسین و هونەر و که‌لتوورەوە هەیە.

یادکردنەوە و بنیاتنانی گێڕانەوەی نوێی پەیوەست بە ڕابردوو- کە بە شێوەیەکی گشتی باس لە مەینەتییەکانی شیعە دەکەن-، پێکهاتەی پەرەسەندووی کاری ئەم دامەزراوانەن. هەروەها ئەو کتێبخانانە فراوانتر کراون کە دەستنووسە ئیسلامییە بەنرخەکان و کتێبە دەگمەنەکانیان تێدایە، هاوکات سیستەمی نوێ دامەزراون بۆ پاراستن و ئیدارەدانیان، کارمەندەکانیشیان بە شێوەیەکی گشتی لە هەر ڕۆژێکدا دوو شیفت کار دەکەن. لە هیچ شوێنێکی دیکەی وڵاتدا ئاستی دیسپلین و پابەندبوون بە کارکردن، ناگات بەوەی کە لە دامەزراوە شیعەکاندا هەیە. لە واقعدا،  ئاستی ڕێکخستن لەم دامەزراوانە و ئامانجەکەیان لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئایینی و که‌لتوورییەکان لە مۆدێلی کەلەپووری کەلتووریی شیعەی عێراقیدا، گەیشتۆتە لووتکە.

پرۆسەی دۆزینەوە کە پەیوەندیی بە پێکهێنانی مۆدێلی کەلەپووری که‌لتووریی خۆیەوە هەیە، پڕ بووە لە تاقیکردنەوە و هەڵە،  بەڵام ئەوەی کە هان دراوە، فێربوونی ئەزموونگه‌رانه‌ و پەرەپێدانی باشترین کردەوەكان و کارامەییی ناوخۆیی بووە و،‌ لەگەڵ هەموو جۆرەکانی گەشەپێدانی دامەزراوەییدا تێکەڵ کراوە. لە ڕاستیدا لە دەوڵەتێك کە پشکپشکێنه‌ی سیاسی بەسەریدا زاڵە و لە دوای ٢٠٠٣وە بە لەکارکەوتوو دەناسرێت، دەسەڵاتی ئایینیی شیعی وەك ناوەندێکی بێهاوتا دەردەکەوێت بۆ ڕێکخستن و دیسپلین و پلاندانان، کە جیهانێکە هیچ پەیوەندیی بە دامەزراوە پەککەوتووەكانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە نییە و، کەوتۆتە ژێر ڕەحمەتی بەرژەوەندی و چلێسی حزبە سیاسییەکان. ڕاستییەکەی، هەوڵی داگیرکاریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە بۆ وێرانکردنی دەوڵەتی عێراق، بێ ئەوەی مەبەستی بێت دەوڵەتی نافەرمیی بەهێز کردووە.

لەگەڵ ئەمەیشدا مۆدێلی شیعەی عێراقی لە کەلەپوور و بۆماوەی که‌لتوورییدا، بەردەوام لە پێشکەوتندایە- هەرچەندە مۆدێلێکە تا دێت ئەنجامەکانی زیاتر ڕوون دەبنەوە. ئەو مۆدێلە که‌لتووری و سیاسییانە ڕەت دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای فۆرمە ڕۆژاوایییەکانی مەعریفە و وابەستەییی ماددیدا دامەزراون، وێڕای بەردەوامیدان به‌ پەیوه‌ندیی لەگەڵ جیهاندا لە ڕێگەی کۆنفڕانس و وۆرکشۆپەکانەوە. دامەزراوە ئایینییەکانی شیعە دوور لەو شێوازە ڕۆژاوایییە پێشتر دیاریکراوەكانی بیرکردنەوە لە کەلەپوور و بۆماوەییی کەلتووری، تەحەددای چەمکە عەلمانییەکانی که‌لتوور دەکەن؛ ئەو شێوازە ئاسایییەی کە دەوڵەتی مۆدێرنی عێراق بەهۆیەوە مامەڵەی لەگەڵ ڕابردووی خۆیدا کردووە.

ئەو دیمەنە بەرهەمهاتووەی میرات و کەلەپووری که‌لتووری، کە تا دێت دامەزراوە ئایینییە شیعەکان بەسەریدا زاڵ دەبن، کاردانەوەی بەرفراوانی لەسەر عێراق و ڕێڕەوه‌ سیاسییەکانی دەبێت. بەڵام هەر لەو فەزا و شوێنانەدا کە دانوستان لەسەر پەیوەندییەکان دەکرێت، ئەو دامەزراوانە پێک دەهێنرێن کە کۆمەڵگه‌ و سیاسەت بەڕێوە دەبەن. بە شێوەیەکی بەرچاو و لەژێر ڕۆشناییی زیاتر گرنگیدان بە کەلەپوور و میراتی ڕۆشنبیریی عێراقیدا، دامەزراوە ئایینییەکانی شیعە پێویستیان بەوە هەیە باشتر بەشداری بکەن بۆ ئەوەی کارە بەردەوامەکانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە که‌لتوورییەکانی پەیوەندار بە شیعە و کاریگەرییە درێژخایەنەکانیان بەسەر وڵات، پەراوێز نەخرێن.

داهاتووی پەیکەری دەوڵەمەند و هەمەچەشنی میراتی کولتووریی نائایینی لە عێراق، بە تایبەتی ئەوەی کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەوە بەڕێوە دەبرێت و بوودجەیەکی زۆر کەمی هەیە، تا ئێستاش بە ناڕوونی ماوەتەوە و بەدەست پشتیوانیی لاوازی دەوڵەتەوە دەناڵێنێت. هاوشێوەی وەزارەتەکانی دیکەی دەوڵەت، وەك دەسکەوتێکی چاوەڕواننەکراو بۆ پێشبڕکێی سیاسیی حزبەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەوە پێویستە بگۆڕدرێت، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتە یەك لە دوای یەکەکان زۆر کەم پشتگیریی ئەم وەزارەتە ستراتیژییە و چەندین دامەزراوەی وەك بۆردی دەوڵەت بۆ شوێنەوار و کەلەپووریان کردووە، بەڵام لەم نێوەندەدا و ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، لەنگەرگرتنی دامەزراوە ئایینییەکانی شیعە وەك ئەکتەرێکی نیشتمانی لە بواری کەلەپوور و میراتی کولتووریدا بە تەواوەتی دیمەنی کولتووریی عێراق بگۆڕێت. ئەم دامەزراوە ئایینییانە ئەگەر هاندەر بن بۆ گۆڕینی عێراق یان نا، ڕەنگە کارەکانیان ببنە هۆی سەرهەڵدانی ڤاتیکانێکی شیعی، یان لانی کەم کاریگەرییان لەسەر ئەو فەزایە دەبێت کە تیایدا شوناس و ئاییندەی عێراق داڕێژراوە.

  • ئەکادیمیست و توێژەر لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن (UCL)

سەرچاوە:

https://www.atlanticcouncil.org

 

 

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples