چینی کرێکاری پیشەسازی، گرنگتر لە چینی نێونجیی شاری

نووسەر: محەمەدعەلی کەدیوەر

وەرگێڕانی: ساماڵ ئەحمەدی

لەم ڕاپۆرتەدا سەرچاوە جیاوازەکانی توێژینەوە دەربارەی ڕۆڵی کرێکاران لە دیموکراسیخوازیدا خراونەتەوە بەرچاو.

هۆکاری سەرهەڵدان و بەهێزکردنی دیموکراسی کێیە؟ لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگەدا کامەیان لە پرۆسەی سەرهەڵدان و پەڕینەوە بەرەو دیموکراسیدا ڕۆڵی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە دەگێڕن؟ سەرهەڵدانی دیموکراسی و پەرەسەندنی لە ئاستی جیهانیدا لە ماوەی ئەم دوو سەدەیەی دواییدا یەکێک لە گرنگترین پەرەسەندنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووە و پرسیار لە پێشڤەبەرانی پرۆژەی دیموکراتیکسازییش لەلایەن زانایانی کۆمەڵایەتی و شرۆڤەکارانی سیاسییەوە خراوەتە بەر سەرنج. تا ئێستا وەڵامی جیاجیا بەم پرسیارە دراوەتەوە. بەشێک لە تیۆریدانەران، وەکوو کۆمەڵناسی خاوەنڕای ئەمریکی، بەرینگتۆن مۆر[١]، بۆرژوازی و چینی سەرمایەدار بە هۆکار و هەڵگری دیموکراسی دادەنێن. بەشێکی دیکەیشیان وەکوو ساموێل هانتینگتۆن[٢]، پەرەسەندنی چینی نێونجی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی دیموکراسی لە قەڵەم دەدەن، بەتایبەتی لە هەوڵە دیموکراسیخوازییەکانی کۆتاییی سەدەی بیستەمدا کە بە دیموکراسیی شەپۆلی سێیەم (Third Wave Democracy) ناسراوە. ڕۆشنبیران و ڕێبەرانی ناوچەییش دوو گرووپی دیکەن کە لەم دوایییانەدا وەکوو هۆکار و هەڵگری دیموکراسی لەلایەن توێژەرانەوە خراونەتە بەر سەرنج[٣]. بەڵام سەرباری جیاوازیی بیر و بۆچوونەکان، زۆرترین بەڵگە و توێژینەوەکان سەلمێنەری ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنیی چینی کرێکار بووە لە پرۆسەی دیموکراتیکسازیدا.

لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرنجدان بە ڕۆڵی چینە کۆمەڵایەتییەکان و چینی کرێکار لە هەموو نەرێتێکی دیکە پتر لە دەرەتانی شرۆڤەی چێنایەتیدا ڕمێنی هەبووە. زۆربەی ئەو تیۆرییانە بە پشتیوانیی بۆچوونەکانی کارڵ مارکس، دۆخ و کردەی سیستەمی چینایەتییان تاوتوێ کردووە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە لە نێوان ئەو هه‌موو بۆچوونە جیاوازەدا، سەرەنجام کام گرووپ هۆکاری سەرەکیی دیموکراسییە؟ یەکێک لە ڕەوتە تیۆرییەکانی کۆمەڵناسی کە لە درێژەی ئەم باسەدا لەسەری دەڕۆین، ڕێک لە دوای دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێت.

هۆکاری سەرەکیی دیموکراسی: چینی کرێکار، یان بۆرژوازی؟

مارکس سەرهەڵدانی دیموکراسیی پەرلەمانیی بە بەرهەمی شۆڕشی بۆرژوازی دژی فیۆدالیزم و زه‌مینداری [موڵكایه‌تی/ موڵكداری] لە ئەوروپا دادەنا، بەڵام چینی کرێکاری بە هۆکاری سەرەکیی شۆڕشی سۆسیالیستی لە قەڵەم دەدا. لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بەرینگتۆن مۆر، هەوڵی دا ئەم هێڵی توێژینەوەیە بەرەو پێشەوە ببات و بەڵگەی ئەزموونیی زیاتری بۆ هۆکاربوونی بۆرژوازی لە سەرهەڵدانی دیموکراسی لە ئینگلیستان و فەڕەنسا و ئەمریکا خستە ڕوو. مۆر بەڵگەی بۆ ئەوەیش دەهێنایەوە کە گرنگترین دوژمنی دیموکراسی، زەمیندارانی گەورە بوون، چونکە لەگەڵ بەدیهاتنی دیموکراسی و دانی مافی دەنگدان بە جووتیاران، ئیمتیازە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەوان کەوتە مەترسییەوە. یەکێک لە قوتابیانی دیاری مۆر بە ناوی "جۆن دی ستیفێنس" تیۆرییەکانی مۆری خستە ژێر وردبینی و هەڵسەنگاندنێكی فراوانتره‌وه‌.[٤] ستیفێنس بۆ هەڵسەنگاندنی هۆکارهێنانەوەکەی مۆر، هەموو بابەتەکانی پێکهاتن و ڕووخانی دیموکراسیی لە ئەوروپای ڕۆژاواییدا تاوتوێ کرد. ئەو، دژایەتیی خانەدانە زەمیندارەکانی لەگەڵ دیموکراسی دووپات کرده‌وه‌، بەڵام ئەوەی ڕوون کردەوە کە مۆر لە ڕۆڵی ئەرێنیی بۆرژوازیدا زێدەڕۆییی کردووە و ڕۆڵی ئەرێنیی چینی کرێکارانی ڕێکخراوی لە سەرهەڵدانی دیموکراسیی ئەوروپادا پشتگوێ خستووە.

تیۆرییەکانی ستیفێنس دەرگه‌ی توێژینەوەی نوێی لەم بوارەدا کردەوە و ماوەیەکی کورتی پێ چوو کە ستیفێنس و دوو کۆمەڵناسی دیکە کتێبێکی سەرچاوەی گرنگیان بڵاو کردەوە کە تێیدا بەدیاریکراوی ڕۆڵی چینی کرێکاریان لە سەرهەڵدانی دیموکراسیدا تاوتوێ کرد.[٥] نووسەرانی ئەم کتێبە لەوەدا لەگەڵ مارکس و مۆر هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی سەرمایەداری، سەرهەڵدانی دیموکراسیی لێ کەوتەوە، بەڵام وەکوو وتارەکەی ستیفێنس لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دیموکراسی بەرهەمی بەهێزبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەتایبەتی چینی کرێکارە. بە بۆچوونی ئەو نووسەرانە، سەرهەڵدانی دیموکراسی پێش هەموو بابەتێک پەیوەندیی بە هاوسەنگیی دەسەڵاتەوە هەیە، چونکە پەڕینەوە بەرەو دیموکراسی، دیارخەری زیادبوونی یەکسانیی سیاسییە و یەکسانیی سیاسییش پێک نایه‌، مەگه‌ر ئەوەی کە هاوسەنگیی هێزەکان گۆڕانی بەسەر بێت و بەشە لاوازترەکانی کۆمەڵگە بتوانن لەو بەشانەدا کە خاوەنی دەسەڵاتن جێگه‌ بۆ خۆیان بکەنەوە.

بە واتایەکی دیکە، ئەوە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتن کە لە هەموو شتێک زیاتر سەرهەڵدانی دیموکراسی و بەردەوامییەکەی دیاری دەکەن. لەو نێوانەدا بەدەسەڵاتگەیشتنی چینە نێونجی و کرێکارییەکان، بە واتای گۆڕان لە هاوسەنگی و بەدەسەڵاتگەیشتنی کۆمەڵگە لە بەرانبەر دەوڵەتدایە. دواتر نووسەران خەریکی تاوتوێی هەموو بابەتەکانی پەڕینەوە بەرەو دیموکراسی و ڕووخانی دیموکراسی لە ئەوروپای ڕۆژاوایی و ئەمریکای لاتین بوون. لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری و مێژووییی ئەوان، دیارخەری ئەوە بوو کە سەندیکاکان و ئەو حزبانەی پەیوەندیدار بوون بە چینی کرێکارەوە، ئەندامانی هاوپەیمانییەک بوون کە دیموکراسییان بۆ ئەو وڵاتانە هێنا. هەڵبەت لە هێندێک بابەتدا گوشاری چینی کرێکار بەتەنیا بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی بەس نەبووە. لەو بابەتانەدا چینی کرێکار پێویستی بە کۆمەڵێک هاوپەیمانی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پڕۆژەی دیموکراسی هه‌بووە.

دوای چەند ساڵێک، ڕۆت بێرینز کۆڵێر، سیاسەتزان و مامۆستای زانکۆی بێرکلی، کتێبێکی دیکەی بڵاو کردەوە کە باسەکەی بۆ دەرەوەی ئەوروپای ڕۆژاوا و ئەمریکا پەرە پێ دا. ئەو لە کتێبەکەیدا بەو ئەنجانە گەیشت کە لە شەپۆلی سێیەمی دیموکراسی لە کۆتاییی سەدەی بیستەمدا کرێکاران ڕەوتی پەڕینەوە بەرەو دیموکراسییان پێش خستووە.[٦] کۆڵێر بە توێژینەوە دەربارەی ئیسپانیا و پۆرتوگاڵ لە ئەوروپای باشووری و بڕازیل و ئارژانتین و ئۆرۆگوای لە ئەمریکای باشووری، دەری خست کە چینی کرێکار لە دوو سیناریۆی سەرەکیدا ئەگەری پەڕینەوە بەرەو دیموکراسییان دابین کرد. لە وڵاتانی وەکوو ئیسانیا و ئارژانتین مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی چینی کرێکار، بووە هۆی گوشار لەسەر ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان. ئەو گوشارە پەرەسەندووە، ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکانی بەرەو بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئازاد پەلکێش کرد. بەڵام لە وڵاتانی وەکوو بڕازیل، ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان بەرنامەی سنوورداریان بۆ چاکسازیی سیاسی هەبوو، بۆ ئەوەی بتوانن زاڵبوونی خۆیان بە شێوەیەکی جیاواز و لە ڕواڵەتێکی نەرمتر لە ڕابردوو درێژە پێ بدەن. بۆ نموونە، لە بڕازیل ڕژێمی دەسەڵاتخواز لە هەوڵی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی کۆنترۆڵکراو و دانی هێندێک ئازادیی سیاسیدا بوو. لە وەڵامی چاکسازیی ڕواڵەتیدا، ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان گوشارێکی وایان خستە سەر ئەو ڕژێمە، کە ناچار بوو چاکسازییە سنووردارە سەرەتایییەکە تاکوو ڕاددەی چاکسازیی دیموکراتیکی تەواو پەرە پێ بدات.

چینی کرێکاری گەورەتر، بەختێکی زیاتر بۆ پەڕینەوە بەرەو دیموکراسی

لەم ساڵانەی دواییدا دوو توێژینەوەی ئامارییش بڵاو بوونەوە کە بەڵگەی نوێیان لەسەر ڕۆڵی ئەرێنیی کرێکاران لە پرۆسەی مێژووییی دیموکراسیدا خسۆتە ڕوو. یەکەمین وتار بە قەڵەمی ئادانێر عوسمانی، مامۆستای لاوی زانکۆی هارڤارد لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاو بووه‌وە.[٧] عوسمانی لەو وتارەدا پەیوەندیی نێوان گەورەییی چینی کرێکاری پیشەسازی و تایبەتمەندییەکانی دیموکراسی تاوتوێ دەکات تاکوو بزانێت ئاخۆ چینێکی کرێکاری گەورەتر، دیموکراسی کەم دەکات یان زیاد. عوسمانی بۆ پێوانی گەورەییی چینی کرێکار ڕێژەی کرێکارانی پیشەسازیی لە بەرانبەر سەرلەبەری جەماوەری ئەو کەسانەدا کە لە تەمەنی کاردان هەژمار کرد. بۆ تایبەتمەندیی دیموکراسی، دوو پێنوێنی سەرەکیی دیموکراسی لە ڕێی هەڵبژاردنەوەی بەکار هێنا کە لەلایەن دامەزراوەکانی پۆلیتی و ڤی-دێم ئامادە کراون. ئەو پێنوێنانه‌ی دیموکراسی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە تا ئێستا ئیمتیازێکی ژمارەیی بە هەر وڵاتێک دەدەن کە دەرخەری ئاستی دیموکراسییە لەو وڵاتەدا. ئەو ئیمتیازە لەسەر بنەمای پێنوێنه‌كانی بەدیهێنەری دیموکراسی، وەکوو ڕاددەی بەشداریی سیاسیی خەڵک، بوونی کێبڕکێ لە نێوان چەند گرووپی سیاسیی جیاوازدا و پارێزراویی مافەکانی دژبەرانی حکوومەت، هەژمار دەکرێت.

توێژینەوە ئامارییەکەی عوسمانی ئەوە دیار دەخات کە پەیوەندییەکی (Correlation) ئەرێنی و واتادار لە نێوان گەورەییی چینی کرێکار و ئەگەری باشبوونی ڕەوشی دیموکراتیک لە وڵاتێکدا هەیە. بۆچی گەورەییی چینی کرێکار گرنگە؟ لە هەلومەرجی ئاساییدا ئیلیت [ده‌سته‌بژێر‌]ی سیاسی و ئابووری، واتا کاربەدەستانی حکوومی و ئەوانەی خاوەنی سامانن، ئامادە نین دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ بەشی نائیلیتی کۆمەڵگە، واتا خەڵکی ئاسایی دابەش بکەن. ئەم هاوکێشەیە ئەو کاتە تێک دەچێت کە بەشی نائیلیت بتوانێت گەمەی سیاسی بئاڵۆزکێنێت و تێچووی فەرمانڕەوایی بۆ فەرمانڕەوایان زیاد بکات. لە هەلومەرجێکی ئاوادا ئیلیتی سیاسی و ئابووری، مل دەدەن بەوەی کە پەرە بە یەکسانیی سیاسی بدەن و شان بۆ چاکسازیی دیموکراتیک شل بکەن. گەورەییی چینی کرێکار دەرخەری توانای بەشی نائیلیتی کۆمەڵگەیە لە ئاڵۆزکاندنی گەمە و هاوکێشە سیاسییەکاندا.

وتاری دواتر لەلایەن سێ مامۆستا و توێژەری زانستە سیاسییەکانی دامەزراوەی توێژینەوەکانی ئاشتیی ئۆسلۆ لە "بڵاڤۆکی سیاسەت"دا بڵاو بووەوە کە یەکێکە لە بڵاڤۆکە گرنگەکانی بواری سیاسی لە ئەمریکا و هەموو جیهاندا.[٨] ئەم توێژەرانە لێڕوانینێکی ئاماریی جیاوازیان بۆ تاوتوێی ڕۆڵی گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە ڕاپەڕینە گشتییەکاندا گرتە بەر. ئەوان سەرەتا سەرنجیان لەسەر پێڕستێک لە ١٩٣ ڕاپەڕینی گشتی لە سەدەی بیستەمدا چڕ کردەوە، کە یان لە هەوڵی گۆڕینی ڕژێمدا بوون، یان لە کۆتاییی داگیرکرانی وڵاتێکدا بوون. ئەم پێڕستە پێشتر لەلایەن ئێریکا چینۆوێت، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی هارڤارد و هاوکارەکەی، ماریا ستیفانەوە ئامادە کرابوو.[٩] توێژەرانی نۆروێژ دواتر دیاریان خست کە جووتیاران، کارگوزارانی کەرتی گشتی، گرووپە سەربازی، ئایینی، یان ئیتنییەکان، کرێکارانی پیشەسازی و چینی نێونجیی شاری لە هەر کام لە ڕاپەڕینەکاندا چەندە بەشدارییان هەبوو. لە هەنگاوی دواتردا توێژەران دەستیان کرد بە تاوتوێی سەرپێکەوتنی دیموکراتیک لە پاش ئەو ڕاپەڕینانە و، ڕوونیان کردەوە کە ئاخۆ لە کۆتاییی ڕاپەڕیندا ڕەوشی دیموکراتیک لە وڵاتدا باشتر بووە و، ئاخۆ ئەو وڵاتە پەڕینەوە بەرەو دیموکراسیی بەخۆیەوە دیتووە، یان نا؟ دواتریش بە لەکارهێنانی مۆدێلە ئامارییەکان دەستیان کرد بە تاوتوێی ئەوەی کە بەشداریی کامە گرووپ لەو گرووپانەی سەرەوە سەرپێکەوتنی دیموکراتیکی لێ کەوتووەتەوە.

ئەنجامی مۆدێلە ئامارییەکانی ئەم توێژینەوەیە دەری دەخات کە بەشداریی چینی کرێکاری پیشەسازی لە ڕاپەڕینە گشتییەکاندا ڕۆڵی ئەرێنی و واتاداری لە پەڕینەوە بەرەو دیموکراسیدا هەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناکرێ ڕۆڵێکی ئەرێنیی وا بۆ هیچ یەک لە گرووپەکانی دیکە، لەوانە چینی نێونجی، باس بکرێت. بەپێی ئەم وتارە، دەبێ هۆی ڕۆڵی ئەرێنیی چینی کرێکار، هەم بە خولیا و هەم بە تواناییی ئەو چینە بۆ بیچمگرتنی دیموکراسی بزانرێت. ئەندامانی چینی کرێکار پەرەسەندنی دیموکراسی لە قازانجی بەدەستهێنانی دەسەڵات و بەرژوەندییەکانی خۆیان دەبینن. لە لایەکی دیکەوە، هەروەکوو گوترا، کرێکاران بەهۆی ئەوەی ژمارەیان زۆرە و شیاوی ڕێکخستنن، توانایەکی بەرزیان بۆ جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی وەکوو ناڕەزایەتیدەبڕین و مانگرتن هەیە.

کۆی توێژینەوەکان دەربارەی هەڵگرانی کۆمەڵایەتیی دیموکراسی، دەرخەری ڕۆڵی مێژووییی چینی کرێکار لە بەرەوپێشبردنی دیموکراسی لە وڵاتانی جیاوازدا بووە.  هەڵبەت ڕاددەی هێز و توانای کرێکاران بە گوێرەی ڕەوشی پەرەسەندنی ئابووری لە وڵاتانی جۆراوجۆردا جیاوازە. بە دیاریکراوی کرێکارانی وڵاتانی لە حاڵی پەرەسەندن [په‌ره‌ئه‌ستێن]دا، ژمارە و هێزی کرێکارانی وڵاتانی پەرەسەندوویان نەبووە. هەروەها بەسترانەوەی بەشێک لە وڵاتان بە سەرچاوەی وەکوو "نەوت"ەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی گرنگی داهاتی وڵات لە دەرچەی پیشەسازییەوە بەدەست بێت کە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆری کرێکاران نییە. ئەم بابەتە خۆی بووەتە هۆی لاوازیی زیاتری چینی کرێکار لە وڵاتانی نەوتیی لە حاڵی پەرەسەندنی وەکوو ئێراندا. سەرباری ئەوانەیش، ئەگەر سەرنج بدەینە پەرەسەندنە سیاسییە گرنگەکانی ئەو وڵاتانە، دەبینین کە سەرباری لاوازیی ڕێژەیی، دیسانیش هەر کرێکاران لە بەشە سەرەکییەکانی ئەو هاوپەیمانییانەن کە بزووتنەوەی سەرکەوتوویان لێ کەوتووەتەوە. بەرەوپێشبردنی دیموکراسییش لە دەرچەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، پێویستی بە هاوپەیمانییەکی بەربڵاو هەیە کە بێ گومان دەبێ کرێکارانیشی وەکوو یەکێک لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی وڵات تێدا بێت.

                                        ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرچاوە:

https://www.aasoo.org

[1]  بڕوانە:

Barington Moore (1966) Social Origins of Dictatorship and Democracy: Lord and Peasant in the Making of the Modern World. Beacon Press.

[2]  بڕوانە:

Samuel Huntington (1993) The Third Wave: Democratization in the Late ۲۰th Century. University of Oklahoma Press.

[3]  بڕوانە ئەو دوو سەرچاوەیەی خوارەوە:

Charles Kurzman & E. Leahey (2004) “Intellectuals and Democratization, 1905-1912 and 1989-19961”, American Journal of Sociology, 109(4), pp. 937-986;

Dan Slater (2009) “Revolutions, Crackdowns, and Quiescence: Communal Elites and Democratic Mobilization in Southeast Asia”, American Journal of Sociology, 115(1), pp. 203-254.

[4]  بڕوانە:

John Stephens (1989) “Democratic Transition and Breakdown in Western Europe, 1870-1939: A Test of the Moore Thesis”, American Journal of Sociology, 94(5), pp. 1019-1077.

[5]  بڕوانە:

Dietrich Rueschemeyer, Evelyne Huber Stephens, & John D. Stephens (1992) Capitalist Development and Democracy,Vol. 22. Polity: Cambridge.

[6]  بڕوانە:

Ruth Berins Collier (1999) Paths toward Democracy: The Working Class and Elites in Western Europe and South America. Cambridge University Press.

[7]  بڕوانە:

Adaner Usmani (2018) “Democracy and the Class Struggle”, American Journal of Sociology, 124(3), pp. 664-704.

[8]  بڕوانە:

Sirianne Dahlum, Carl Knutsen, & Tore Wig (2019) “Who Revolts? Empirically Revisiting the Social Origins of Democracy”, The Journal of Politics, 81(4), pp. 1494-1499.

[9]  بڕوانە:

Erica Chenoweth & Maria J. Stephan (2012) Why Civil Resistance Works: The Strategic Logic of Nonviolent Conflict, Reprint. Columbia University Press.

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples