کاریگەریی بەرفراوانی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرلین

شەفەق نیوز

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

دوا سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرلین و وتووێژە بنیاتنەرەکانی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵز و گەورە بەرپرسانی ئەڵمانیا، قۆناغێکی گرنگی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەڵمانیایە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و هەولێر، کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەبەردەوامی لە پتەوبووندا بووە. سەردانەکە مژدەیە بۆ بەدیهاتنی ئەنجامی ئەرێنی لە هەردوو بەرەی سیاسی و ئابووری کە ملیۆنان عێراقی و کورد وەکوو یەك، سوودی لێ دەبینن.

سەردانەکە دوای نزیکەی شەش مانگ لە سەردانەکەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی دێت، کە بوو بە پاڵنەر و هاندانێك بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها لە دوای سێ مانگ لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، خاتوو ئەنالینا بەیربۆك دێت بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان؛ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرلین، ترۆپکی زنجیرەیەك ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن بوو لە كۆمەڵێك بواری جیاجیادا. لەوانەیە دیارترینیان ئەو ڕێککەوتنە بێت کە لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنس، بە ئامانجی چارەسەرکردنی بەپەلەی کێشەی کارەبا واژۆ کراوە.

لەبەر ئەوە چاودێرانی بەئەزموون پێیان وایە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەڵمانیا، خزمەتکردنە بە سەرنجدان و دووپاتکردنەوەی ئەو بناغانەی کە بۆ پێشخستنی ئامانجە ئابووری و سیاسییەکانی ئەڵمانیا دانراون. ئەمەیش ئاماژەیەکی دڵنیاکەرەوەیە بۆ بەرلین کە گرنگییەکی بەرچاوی بە پەیوەندییەکانی خۆی داوە لەگەڵ هەولێر و کورد، بەتایبەتی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا. ئەم گرنگییە بە تێپەڕبوونی کات گەشەی کردووە، بەتایبەتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی هەرێم و دواتر مەترسی و هەڕەشەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا (داعش). لە بەرامبەر ئەم مەترسییەدا، ئەڵمانیا دەستبەجێ هەنگاوی ناوە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتە سەربازییەکانی هەرێم، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە وەك قەڵایەك لە دژی تیرۆر.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی زیادبوونی هاوکاری و هەماهەنگیی ئیقلیمییەوە دێت کە بێ گومان ئاماژەیەکی باشە بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لە کوردستان و عێراق بەگشتی. سەرەڕای ئەوەیش، هیواکانی ئەڵمانیا لە بواری بازرگانی لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا لە ڕێگەی ئەم سەردانەوە گوڕوتین و متمانەی زیاتریان دەبێت؛ ئەمەیش ژینگەیەکی لەبارە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە. جگە لەوەیش، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی عەرەبی-ئەڵمانی، لە ڕاپۆرتێکی ئەم دوایییەی بڵاوکراوەدا، تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە قەبارەی بازرگانیی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئەڵمانیا لە مانگی کانوونی دووەم تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەیشتۆتە ٤٦.٣ ملیار یۆرۆ؛ ئەمەیش ڕەنگدانەوەی زیادبوونێکی بەرچاوە و گەیشتۆتە ٢٤.٨% بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢١. بەدیاریکراوی لەوەی کە پەیوەندیی بە عێراقەوە هەیە، داتاکان ئاماژە دەدەن بەوەی، بەهای هاوردەی ئەڵمانیا لە عێراق گەیشتۆتە ١٧٩٥.٥ ملیۆ یۆرۆ، بەڵام هەناردەی ئەڵمانیا بۆ عێراق گەیشتۆتە ٩٥٨ ملیۆن یۆرۆ.

ئامارەکانی بازرگانیی نێوان ئەڵمانیا و عێراق پێش سەردانەکانی سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ و سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە مانگی ئازار و سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرلین بڵاو کراونەتەوە. سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن، ئەم سەردانانەی ئەم دوایییە بەناچاری دەبنە هۆی زیادبوونی بازرگانیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە لەوانەیە بگاتە ئاستێکی بێوێنە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وتووێژەکانی نێچیرڤان بارزانی لە بەرلین كۆمەڵێك بابەتی لەخۆ گرتبوو، لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کوردستان و ئەڵمانیا و بەرفراوانکردنی چوارچێوەی هاریکاریی دوولایەنە. هەروەها باس لە بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی کراوە.

ڕوونە کە بەرلین گرنگییەکی ناوازە بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەدات. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، لە كاتێكدا كە ڕۆڵە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە دەرەوەی وڵات سنووردارە، كەچی یەکێك لە دیارترین ئەرکەکانی ئەو وڵاتە، مەشق و ڕاهێنان و چەکدارکردنی هێزی پێشمەرگەیە. سوپای ئەڵمانیا کەرەستە و چەکی وەك تفەنگ، مووشەك، ڕۆکێتی میلان و ئۆتۆمبێلی سەربازیی بۆ پێشمەرگە دابین کردووە. كاتێ کە نۆ ساڵ لەمەوبەر مەترسی و هەڕەشەی داعش سەری هەڵدا، سوپای ئەڵمانیا خێرا لە هەرێم و کەمپەکانی مەشقکردن لەناو ئەڵمانیادا، دەستی كرد بە پرۆگرامی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی بۆ جەنگاوەرانی کورد. بەپێی ئامارەکانی سەنتەری ئەوروپی بۆ لێکۆڵینەوەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تا ساڵی ٢٠١٩، ئەڵمانیا مەشقی سەربازیی بە نزیکەی ١٠ هەزار پێشمەرگە کردووە. هەمان ناوەند ئاشکرای کردووە کە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا لە مانگی ئابی ٢٠١٦ەوە دەستی کردووە بە هەناردەکردنی چەک بۆ هەرێمی کوردستان؛ کێشی یەکەم باری چەك و تەقەمەنی، لە ٧٠ تۆن چەکی پێشکەوتوو زیاتر بووە. ئەم پرۆسەی چەکدارکردنە بۆ ساڵانی دواتر بەردەوام بوو.

بە سەرنجدان لەوەی كە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار هاووڵاتیی ئەڵمانیی بە ڕەچەڵەك کورد کە چالاکانە لە بوارە جیاجیاکانی ناو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بەشدارن، نێچیرڤان بارزانی باش ئاگاداری ئەم ئامارانە و ئەو گرنگیدانەی بەرلینە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی. ڕوونە کە ڕێگە و شێوازی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ عێراق و ناوچەکە، سەرنج دەخاتە سەر مۆدێلی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.

سەرۆکی هەرێم دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە تویتێکدا دەڵێت، "بیروڕامان لەسەر پتەوترکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا گۆڕییەوە. هەروەها سوپاسگوزاریی خۆمم دەربڕی بۆ پشتگیرییەکانی ئەڵمانیا لە کاتە سەختەکاندا و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا." سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، بنیاتنانی دەسکەوتەکانی چەند مانگی ڕابردووە. کاتێك سەرۆكوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی، یەکەم سەردانی خۆی لە ڕێگەی ئەڵمانیاوە بۆ ئەوروپا ئەنجام دا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا و کۆمپانیا گەورەکان گفتوگۆی کرد، تیایدا تیشکی خستە سەر نەهێشتنی ئەو ئاستەنگانەی دەبنە بەربەست لە بەردەم فراوانکردنی وەبەرهێنانی ئەڵمانی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخاندا.

جگە لەوەیش، ئامانج لە سەردانەکەی بارزانی، وتوێژکردن بووە لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوێکی ئاسمانی، كە شارەکانی عێراق و ئەڵمانیا بەیەکەوە ببەستێتەوە و، ئاسانکاری بکات بۆ گەشتیارانی ئەڵمانی، سەردانی شوێنە کەلتووری و مێژوویییەکانی عێراق بکەن. بە هەمان شێوە دەربارەی چارەسەری یەکلاکەرەوەی کێشەی کارەبا قسەیان کردووە، لە ڕێگەی پلانێکی ئومێدبەخشەوە بە بەشداریی کۆمپانیای سیمێنس. ئەم پلانە بریتییە لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا لە ڕێگەی ١٣ وێستگەی کارەباوە، بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٣ ملیۆن عێراقی. بەو پێیەی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە وەك بەردی بناغەی بنەڕەتین بۆ بووژاندنەوەی ئابووری.

هەروەها لە وتوێژەکاندا باس لە ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە پەرەپێدان و مەشقی پیشەیی و پرۆگرامەکانی فێرکردن کراوە، لەگەڵ پرسی ئاسانکردنی پرۆسەی پێدانی ڤیزە بە وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی، ڕاستەوخۆ لە دەروازە سنوورییە وشکانی و ئاوی و ئاسمانییەکانی عێراقدا بە مەبەستی هاندانی وەبەرهێنان. هاوکات نێچیرڤان بارزانی دانی بەوەدا نا، ئەڵمانیا بە نزیکەی ٣ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار لە هەوڵەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوە لە عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەشداریی کردووە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە جێبەجێکردنی پرۆگرامی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان کە سوودی بۆ چینە کەمدەرامەتەکان و ژنان و کەمینە پەراوێزخراوەکان هەبووە؛ لەنێویاندا ئاوارەبووانی ئێزیدی لە دەشتی نەینەوا. پرۆگرامەكانی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی بەردەوامی نێوان سوپای ئەڵمانیا و پێشمەرگە، بە شێوەیەکی چالاك کار بۆ بەهێزکردنی توانا جەنگییەکانی پێشمەرگە و هێزە کوردییەکان دەکات لە جەنگی بەردەوامی دژ بە تیرۆردا.

سەردانە سێ ڕۆژییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەنالینا بەیربۆك بۆ ناوچەکە، سەلماندی کە ساتەوەختێکی سەرەکی و میحوەرییە لە داڕشتن و دانانی سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە تەواوی ناوچەکە. لە سەردانەکەیدا، لە نزیکەوە ئەو دۆخەی تاوتوێ کرد کە چین و توێژ و گرووپە جیاوازەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو دەستپێشخەرییانەی ئەڵمانیا لە دهۆك و شنگالدا هەیبوون، لەگەڵ بایەخ و گرنگیدانێکی زۆری بە هەوڵە مرۆیییەکان. شایانی باسە ئەڵمانیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە و لە ساڵی ٢٠١٤ هاتە ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە. یەکەمین وڵات بووە، بەفەرمی دانی بەو تاوانانەدا ناوە کە دژی ئێزیدییەکان ئەنجام دراون و وەك کردەوەی جینۆساید ناساندوونی؛ هەروەها لە دادگەکانیدا ئەو چەکدارە دەستگیرکراوانەی داعش دادگەیی کراون کە لە تاوانی لەو شێوەیەدا تێوە گلاون.

بەهۆی ئەم پاشخانەوە، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی گرنگییەکی گەورەی هەیە؛ جا چ لە وتوێژەکانیدا لەگەڵ ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا یان لەگەڵ سکرتێری دەوڵەت لە وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیا، فرانسیسکا برانتنەر، کە لەگەڵیدا گەیشتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پرۆگرامێکی گشتگیر بۆ هاوکاریکردنی عێراق و هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا و پێویستیی عێراق بۆ سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ وەزیری هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووریی ئەڵمانیا، سێڤینا شۆڵز، باسی لە ڕێگەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، لەگەڵ هەوڵی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا. هەروەها باسی لە بارودۆخی شنگال و دۆخی نالەباری ئێزیدییەکان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاوارەکانی ناوچەکە کرد. لە هەمان کاتدا گفتوگۆ دەربارەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەواش کرا. نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆیشی دەربڕی لە بەرامبەر پاڵپشتی و هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و، جەختیشی کردە سەر پابەندبوونی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا و درێژەدان بە هەوڵە هاوبەشەکانی نێوانیان.

جگە لەوەیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوا بە دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە، تۆبیاس لیندنەر، داوای لە ئەڵمانیا کرد لە پشتیوانییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە شەڕی دژی تیرۆر و، بەدواداچوون بۆ ئاسایش و سەقامگیری بکات. لای خۆیشییەوە لیندنەر ئامادەییی ئەڵمانیای دووپات کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەر کاتێك و هەلومەرجێکدا و، تیشکی خستە سەر بەردەوامیی ئەرکەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

 

سەرچاوە:

https://shafaq.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples