مەرگی فیدراڵیزم لە عێراق

مارينا ئۆتاوێی

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

فیدراڵیزم لە عێراقدا خەریكە هەڵدەوەشێتەوە. کوردستان تا ڕاددەیەك دەسەڵاتدارێتیی خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی)ی پەیڕەو کرد، بەڵام لە دوای هەوڵە شکستخواردووەکەی سەربەخۆبوونەوە، بەغدا دەستی کردووە بە گەڕاندنەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئیمتازەکانی. ڕەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەرکەزییەت یان ناوەندگەرێتی (سێنترالیزم) پێوەر بێت، بەڵام خەریکە لەو کۆمەڵگە فرە و پلوڕاڵانەی بەو شێوەیە فەرمانڕەوایی دەکرێن، دەبێتە هۆی بەریەککەوتن.

یەکێك لە پاشماوە ئەرێنییەکانی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، هاتنەکایەی فیدراڵیزم بوو بۆ ئەو وڵاتە، کە ئێستا خەریکە هەڵدەوەشێتەوە؛ بەوەی کە بەغدا لە دەسەڵاتە خۆبەڕێوبەرییەکەی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە، لە سەرووی هەموو شتێکیشەوە، لە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی سەربەخۆ بێبەشی دەکات. ئەمریکا لە ماوەی داگیرکردنی عێراقدا ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە نووسینی دەستوورەکەی ساڵی ٢٠٠٥. بەڵگەنامەکە بەپەلە نووسرا، کە بەدڵنیایییەوە کۆدەنگیی لەسەر نەبوو؛ تەنانەت سازانیش لەنێو عێراقییەکاندا نەکرابوو لەسەر ئەوەی بزانرێت چ شتێك بۆ وڵاتەکە باشترینە. لە دەرەنجامی ئەمەدا چەندن کێشە بەبێ چارەسەر مانەوە.

سەرەتایەکی بەهەڵەبەری فیدراڵیزم

تایبەتمەندییەکی دیاری دەستوور ئەوەیە بەتەنیا فیدراڵیزمی بە عێراق نەناساند، بەڵکوو بە شێوەیەکی فراوانتر جیهانی عەرەبیشی گرتەوە، کە دەوڵەتەکان لە ڕووی مێژوویییەوە مەرکەزییەتێکی بەهێزیان هەبووە. فیدراڵیزمەکەی عێراق هەر لە سەرەتاوە لەرزۆك بووە. فیدراڵیزمێکی ناهاوسەنگ بووە، لە تەنیا یەك هەرێمی فیدراڵدا، ئەویش کوردستانە لە دەوڵەتێکی مەرکەزیدا. پەرلەمانی عێراق چەند یاسایەکی پەسند کرد کە دەکرێ لە ڕووی تیۆرییەوە پارێزگاکانی دیکە بۆ هەرێمی فیدڕاڵی بگۆڕدرێن، بە هەمان ئاستی دەسەڵاتە خۆبەڕێوەبەرییەکەی کوردستان، بەڵام کاتێك چەند پارێزگایەك بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی سەرەتایییان نا، بەغدا دڵنیا بوو لەوەی پرۆسەکە بەردەوام نابێت.

تەنانەت ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی لە کوردستانیش هەبووە، هەمیشە لە بەردەم ئاڵنگاریدا بووە؛ سێ پرسی سەرەکیی هەڵپەسێردراو لە ئارادا بوون. یەکەم: سنوورەکانی جیاکەرەوەی نێوان کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق بەڕوونی دەستنیشان نەکرابوون و ناوچەیەكی جێناکۆكی بەرچاو لە نێوان کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەبوو. دووەم: هەرگیز ئەوە جێگیر نەکرا دانیشتووانی کوردستان کێ دەگرێتەوە، چونکە سەددام حسێن ژمارەیەکی زۆری عەرەبی بۆ ئەو ناوچانە گواستبووەوە و، کوردیش دەیویست ئەو هاوردانە نەمێنن. ماددەی ١٤٠ی دەستوور باسی ئەو پرۆسەیەی کردووە بۆ دەسنیشانکردنی ئەوانەی خەڵکی ناوچەکەن، بەڵام پرۆسەکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا. سەربەخۆییی داراییی هەرێمی کوردستان هەمیشە بێهێز بووە؛ هەرچەندە زۆر گرنگ بووە بەڵام کەمتر تاوتوێ کراوە. بابەتەکە پەیوەست بووە بە کۆنتڕۆڵکردنی یەدەگی نەوت و غازی کوردستان و بە ڕاددەیەکی کەمتر چاودێریکردنی باج و ڕسووماتی گومرگی لەسەر هاوردەکردن لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ کوردستان، لە هەمووی گرنگتر لە تورکیاوە.

کۆنتڕۆڵکردنی نەوت

تا ئەمڕۆکەیش هەرسێ پرسەکە چارەسەر نەکراون؛ هێشتا ناوچە جێناکۆکەکان کێشەیان لەسەرە و بە هیچ شێوەیەك ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەرگیز یاسایەکی نەوت و غازی پەسند نەکرد، كە دەسەڵاتی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی یەدەگی نەوتیدا ڕوون بکاتەوە، بە مافی واژۆکردنی گرێبەستەکانی هەناردەکردنی نەوت و غازی کوردستانیشەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٧دا و لە غیابی یاسایەکی فیدڕاڵیدا یاسای هایدرۆکاربۆنی خۆی پەسند کرد. ئەمەیشیان پرسەکەی یەکلا نەکردەوە. یاساکە دان بەوەدا دەنێت کە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی هایدرۆکاربۆن لە ئەستۆی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمدایە، بەڵام دەسەڵاتی فراوانتری داوە بە حکوومەتی هەرێم، بە واژۆکردنی گرێبەست و فرۆشتنی نەوتیشەوە، کە حکوومەتی فیدڕاڵ ئامادە بوو قبووڵی بکات.

سەرەڕای ئەو کێشەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکاندا واژۆکرد و نەوتی لە ڕێگەی بۆڕیی نوێوە هەناردە کرد، کێڵگە نەوتییەکانی بە هێڵێکی بۆڕیی تورکیاوە دەبەستێتەوە کە لە فیشخابوورەوە لەسەر سنووری کوردی تورکیا و عێراق بەرەو بەندەری جیهانی تورکیا درێژ دەبێتەوە. ناڕازیبوونی بەردەوامی بەغدا بەو مانایە بوو کە بەشێکی زۆری نەوتی کورد بە نرخێکی کەم دەفرۆشرا و هەندێک جاریش کەشتییەکان لە دەریادا گیر دەبوون و نەیاندەتوانی نەوتەکە بەتاڵ بکەنەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەبەردەوامی لەسەر پرسی فرۆشتنی نەوتی کوردستان دانوستانیان کردووە؛ حکوومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی بڕی دەستنیشانکراوی نەوت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) پابەند بووە، لە بەرامبەردا عێراق ڕازی بووە ڕێژەیەکی سەدی لە بوودجەکەی بە حکوومەتی هەرێم بدات. ڕێککەوتنەکان بە هیچ شێوەیەك بەردەوام نەبوون و دانوستانەکانیش لەم بارەیەوە بەردەوام بوون، بێ ئەوەی سەرکەوتنی هەمیشەیی و بەردەوام بەدەست بێت.

لە دوای ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧وە، لەو کاتەی هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی ئەنجام دا، بارودۆخەکە زۆر خراپتر بوو؛ هەرێم لە هەڵسەنگاندنی هێزەکەی و پاڵپشتیکردنی نێودەوڵەتیدا زۆر بەهەڵەدا چووبوو. ڕیفراندۆمەکە لە ناوخۆدا پشتگیرییەکی زۆری هەبوو: بە ڕێژەی ٧٢٪ی دەنگدەران بەشدارییان تێدا کرد و لەو ڕێژەیەیش ٩٢٪ دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. کاردانەوەی بەغدا و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە تەواو نەرێنی بوو. هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا ئاماژەی دا بەوەی کە ڕیفراندۆمەکە تەنیا بۆ ڕاوێژکردن و وەرگرتنی ڕای خەڵکە؛ بەسادەیی، سەرەتای پرۆسەیەکی درێژخایەنی دانوستانە لەگەڵ بەغدا. وەڵامەکە لە عێراق و دەرەوەدا سەرکۆنەکردنێکی جیهانی بوو؛ بریتی بوو لە ڕەتکردنەوەی سەربەخۆیی، کە داوایەکی لەمێژینەی کوردە.

گەڕانەوەی مەرکەزییەت

بەم شێوەیە، لە جیاتی ئەوەی ڕیفراندۆم ببێت بە هەنگاوی یەکەم بەرەو سەربەخۆیی، بوو بە هەنگاوی یەکەم بەرەو سنووردارکردنی خۆبەڕێوەبەرییەکەی کورد و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدڕاڵی عێراقی. بەغدا دەستبەجێ  سەرجەم هەناردە نەوتییەکانی هەرێمی ڕاگرت، چیتر ڕێگەی نەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستانی باجی گومرگی لەسەر هاوردەی دەرەکی کۆ بکاتەوە (سیاسەتێك پێشتر هەرگیز پەسەند نەکراوە، بەڵام ساڵانێکە بەرگەی گیراوە)، هەروەها دەست بەسەر هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانیدا گیرا. سەرەنجام تا ئەو کاتە دەکرا خەڵك بەبێ ڤیزەی عێراقی بێنە ناو کوردستانەوە. دانوستانی زیاتر بەهێواشی و بەرە بەرە، وایان کرد هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە و فڕۆکەخانەکانی بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێنەوە، بەڵام لەژێر کۆنتڕۆڵێکی زۆر توندی بەغدادا؛ هەروەها هەردوو لا لەسەر کۆکردنەوەی باجی گومرگی ڕێک کەوتن. بەمەیش جارێکی دیکە ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کۆنتڕۆڵ کرد.

لە شوباتی ساڵی ٢٠٢٢دا، بەغدا نیازە درێژمەوداکانی خۆی بەرامبەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەڕوونی شی کردەوە؛ لەو کاتەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی بڕیاری دا یاسای نەوت و غازی ساڵی ٢٠٠٧ لە کوردستاندا نادەستوورییە، چونکە زیاتر لەوەی لە دەستووردا هاتووە دەسەڵاتی بە کوردستان داوە دەست بەسەر هایدرۆکاربۆناتدا بگرێت، هەروەها بڕیاریشی دا حکوومەتی هەرێم هەموو ئەو نەوتەی کە بەرهەمی دەهێنێت، بە مەبەستی بازاڕکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات.

حکوومەتی هەرێم لە دژی ئەو بڕیارە، ناڕەزاییی دەربڕی، بەڵام کاریگەریی نەبوو. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا بە مەرجەکانی بەغدا ڕازی بوو بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت؛ لەگەڵ ئەمەیشدا تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە هێشتا هەناردەکردنی نەوتەکە دەست پێ نەکراوەتەوە، چونکە تورکیا ئەوە ڕەت دەکاتەوە هێڵی بۆڕیی نەوتی بکاتەوە تا ئەو کاتەی بەغدا دەستبەرداری داواکارییەکەی دەبێت، کە تیایدا بە گوێرەی بڕیاری دادگەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، پێویستە لە بری ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕابردوودا، تورکیا قەرەبووەکە بداتەوە. لە کاتێکدا وردەکارییەکانی ئەم دۆسیەیە تا ڕاددەیەك شاراوەن و زۆر شێواون، بەڵام گرنگترین دەرەنجام ئەوەیە کوردستان کۆنتڕۆڵی نەوتەکەی لەدەست دا، کە تاکە سەرمایەیە مانایەك بە دەسەڵاتە خۆبەڕێوەبەرییەکەی بدات.

هەڵوەشاندنەوەی هێواش و لەسەرخۆی فیدراڵیزمەکەی عێراق، گورزێکی ترسناکە لە کوردستان دەدرێت؛ هەروەها گورزێکە لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی ئەو مەرکەزییەتەی کە کاریگەریی بەسەر هەموو وڵاتانی عەرەبی هەیە. مەرکەزییەتی لەو شێوەیە دەبێتە هاندەر بۆ پەرەسەندنی ململانێی نەتەوەیی و تائیفەگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەو پێیەی سەرجەم کۆمەڵگەکان پلوڕاڵ و هەمەچەشنن.

 

  • مارینا ئۆتاوێی: توێژەر و سەرۆکی پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی دامەزراوەی کارنێگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی.

 

سەرچاوە:

https://www.wilsoncenter.org

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples