پەیوەندیی ئەویندارانەی ڕووسیا و هێزە میلیشیاکانی عێراق

ن: ئەمیر ئەلکەعبی؛ پسپۆڕی عێراقیی کاروباری گرووپە میلیشیاکانی عێراق و سووریا

وەرگێڕانی (لە فارسییەوە): ساماڵ ئەحمەدی

 

کاربەدەستانی میلیشیاکانی عێراق هەروا بەردەوام هێرشەکەی پووتین بۆ سەر ئۆکراینا پەسن دەدەن و تەنانەت ناسناوی "شیعەی فەخری"یان بە کاربەدەستانی ڕووسی بەخشیوە.

لە مانگی مارسی 2022دا بابەتی پەرەپێدانی بەربڵاوی پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ گرووپەکانی بەرەی بەرگری (موقاومەت)ی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، لە دەستپێکی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرایناوە خراوەتە ژێر سەرنجەوە. یەکێک لەو وتارانە لە جانیوەریی ٢٠٢٣دا بڵاو بووەوە دەربارەی میوانداریی مۆسکۆ لە ڕێبەرانی هاوبەشی بەرەی بەرگری و هێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراق کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسراون.

ئێستا دوای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێک لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ڕاگەیاندنەکانی بەرەی بەرگری هەروا بەردەوام بە شێوەیەکی چالاک پەرە بە پڕوپاگەندەی حکوومەتی ڕووسیا دەدەن. بۆ نموونە، لە ٢٢ی ئەپریلدا یەکێک لە کەناڵە سەرەکییەکانیان لە تەلەگرام، واتا کەناڵی سابرین‌نیوز، سروودێکی بە مەبەستی هاندانی بەکرێگیراوانی ڤاگنەر لەلایەن ڕووسیاوە بڵاو کردەوە. ناوی سروودەکە "شەرووکە وەلەدو شرووک" بوو. زاراوەی "شرووگی" (ڕۆژهەڵاتی)، ڕێک بە واتای "ئەو خەڵکەیە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دێن" و، زیاتر بۆ وەسفی شیعەکانی باشووری عێراق بەکار دێت. هەرچەند دەکرێ "شرووگی" وەکوو زاراوەیەک بۆ سووکایەتیکردن بەکار بێت (بەتایبەت "بۆ عەرەبەکانی ناوچەی تاڵاو" و نەوە شارنشینەکانیان)، بەڵام بەشێک لە شیعەکانی باشووری عێراق، بەتایبەت لە سەردەمی سەددامدا ئەم زاراوەیەیان وەکوو هێمایەک لە غرووری کۆمەڵایەتی زیندوو کردەوە. هەروەها لە پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەی بەرگریدا ئەم زاراوەیە بۆ وەسفی کۆمەڵێک کەسایەتیی وەکوو قەیس خەزعەلی (ڕێبەری میلیشیاکانی عەسائیبی ئەهلی هەق) و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق (کە بەرەی بەرگری بە یەکێک لە ئەندامە وەفادارە زۆر کاریگەرەکانی خۆی دەزانێت) بەکار دێت. لەم ڕووەوە، وەسفی بەکرێگیراوانی ڤاگنەر بە "شرووگی" لە ڕاستیدا بەو واتایەیە کە "ئەوانیش بەشێکن لە ئێمە". ئەم سروودە کە بە شێوەزاری باشووری عێراق گوتراوە، گرووپە ڕووسییەکەی بەو هۆیەوە وەسف کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سووریا و ئۆکراینادا بەشدار بووە. هەروەها لە سروودەکەدا بە شێوەیەک ئەو گرووپە وەسف کراوە، وەک بڵێی ئەوانیش بەشێک لە کۆمەڵگەی بەربڵاوتری شیعەکانی عێراقن.

بێجگە لەمەیش، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەی بەرگری کە دەربارەی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا ڕاپۆرت بڵاو دەکەنەوە، مەیلیان لەوەیە کە کۆمەڵگەی شیعە، بەتایبەتی خەڵکی هۆزەکانی عێراق بکەنە بەردەنگی خۆیان. بۆ نموونە، کەناڵی تەلەگرامیی سابرین‌نیوز، یوڤگنی پریگۆژن، فەرماندەی ڤاگنەری بە "حاجی یوڤگنی" وەسف کردووە، کە ئەم ناسناوە زیاتر بۆ ئەو کەسایەتییە پلەباڵایانە بەکار دێت وا ڕێوڕەسمی سەفەری حەجیان بەجێ هێناوە (لەوانە، هادی عامری و نووری مالیکی لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی کە دامەزراوەیەکە بەسەر باڵە سیاسییەکانی بەرەی بەرگریدا چاودێری دەکات). لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەی بەرگری، دەستەواژەی "ڕووسیای مەزن" (روسیە العظمی) بەکار دێنن. بۆ نموونە، تورانیوز، کەناڵی تەلەگرامیی بەرەی بەرگری، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیای بە "وەزارەتی بەرگریی ڕووسیای مەزن" وەسف کردووە و، لە بەرامبەردا سەرۆککۆماری ئۆکراینایش بە "سەرۆککۆماری جوو" ناو دێنێت بۆ ئەوەی لەبەرچاوی بەردەنگی عێراقی سووکی بکات.

دەربارەی پووتینیش ڕاگەیاندنەکانی بەرەی بەرگری، زۆر هۆگری کەسایەتیی ئەون و بە پیاوێکی بەهێز وێنای دەکەن. تەنانەت ناسناوی ئایینزاییی "ئەبوعەلی" بۆ پووتین بەکار دێنن، بۆ ئەوەی بە لای شیعەکانی عێراقەوە سەرنجڕاکێشتر بێت. لە بابەتێکی دیکەدا "چوارچێوەی هەماهەنگی" بەهۆی دیداریان لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقەوە بەتوندی ڕەخنە لە "جێنین پلاسخارت"، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و "ئەلینا ڕۆمانۆوسکی"، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەگرن، بەڵام هەرگیز بەهۆی ئەو دیدارانەوە ڕەخنە لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق ناگرن. لە ڕاستیدا سابرین‌نیوز باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق بە دۆستی بەرەی بەرگری وەسف دەکات؛ هادی عامرییش بە شێوەیەکی سیمبولی، باڵیۆزی ڕووسیای لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی ئیسلامی بۆ خوانی بەربانگ لە ڕۆژی ١٦ی ئەپریلدا بانگهێشت کرد.

ئەو شێوەی هەڵسوکەوتە وا نیشان دەدات کە "چوارچێوەی هەماهەنگی" بە زیادەوە پێی وایە ڕووسیا نەک هەر هاوپەیمانێکی سیاسی، بەڵکوو هاوپەیمانێکی ئایدیۆلۆژیکیشە. ڕێبەرانی ملیشیاکان تەنانەت بەتەما بوون ڕەخنە لە "حکوومەتی بەرگری"، واتا حکوومەتی سەرۆکوەزیران سوودانییش بگرن بەهۆی ئەوەی دەنگی بەڵێی بە بڕیارنامەی فێبریوەریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دا. بۆ نموونە، حسێن موونس، سەرۆکی "بزووتنەوەی مافەکان" (بەرەی پەرلەمانیی کەتائیبی حزبوڵڵا) گلەییی لەوە کرد کە "عێراق لە دەنگدان دژی ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چ سوودێکی دەست دەکەوێت؟ پاشاگەردانیی سیاسەتی دەرەکیمان هاوسەنگیی خۆی لەدەست داوە. هیچ ڕاستییەک لە ئیدیعای بێلایەنیی عێراقدا نییە."

هەر بەو شێوەیە، حەسەن سەلیم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادقوون (عەسائیبی ئەهلی هەق) لە پەرلەمانی عێراق، لە تویتێکدا نووسیی: "وەزارەتی کاروباری دەرەوەمان بە سیاسەتی بەڕێکەوت و بڕیارە هەڵەکانی خۆی و بەو دەنگدانەی بە بڕیارنامەی نێودەوڵەتیی دژی ڕووسیا، عێراق بە لای قەیران و جەنگدا دەبات."

هەر لەو مانگەدا گرووپی بزووتنەوەی حزبوڵڵای ئەلنوجەبا، دوای سەفەری سێرگی لاڤرۆڤ، وزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا، بۆ عێراق لە ٥ی فێبریوەریدا پەسنی ڕووسیای دا. فراس ئال یاسر، یەکێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەو گرووپە، لە تویتێکدا نووسیی: "شاندێکی ڕووسی کە پێک هاتبوو لە ٦٥ کەس هاتنە عێراق، بۆ ئەوەی کەشی پڕووکێنەری عێراق بڕەوێننەوە و دۆسیەی وزە و ئاسایشی خۆراکی بخەنە ڕوو. ئێستا عێراق دەرفەتێکی وەدەست کەوتووە بۆ ئەوەی بە ڕووی دنیادا بکرێتەوە و ئابووریی فرەچەشن بەدەست بێنێت و لە گەمارۆکانی ئەمریکا ڕزگاری بێت. ئێمە پێوستمان بە کۆمەڵێک بڕیاری ئازایانە و بەرپرسانە هەیە."

 

 

سەرچاوە:

https://www.washingtoninstitute.org

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples