عێراق بە بێدەنگی دەڕووخێت

مایکڵ نایتس*

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

ڕەنگە لە ڕواڵەتدا وا دەربکەوێت عێراق تا ڕاددەیەك سەقامگیرە؛ بەو پێیەی لە دوای بۆشایییەکی سیاسی کە بۆ ماوەی ساڵێك بەردەوام بوو، بووەتە خاوەنی حکوومەتێکی کارا. هاوکات لە دوای لەشکرکێشیی ئەمریکا لە ساڵی 2003وە توندوتیژیی تیرۆریستی بۆ نزمترین ئاستی خۆی کەمی کردووە؛ تەنانەت میلیشیاکانی نزیك لە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا زۆر کەم کردۆتەوە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، جەیك سولیڤان، لە وتارێکدا کە لە 4ی ئایاردا لە پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیك پێشکەشی کرد، ستایشی ستراتیژییەتی ئەمریکای کرد کە لەسەر "هەردوو کۆڵەکەی بەرپەرچدانەوە و دیپلۆماسییەت بنیات نراوە" بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

گوتارەکەی سولیڤان ڕوونە؛ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆك جۆ بایدن ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- بە عێراقیشەوە- بەقەد خۆی وەك ئامانجی کۆتایی دەبینێت. هەرچەندە سولیڤان بەخێرایی هاتۆتە سەر ئەوەی بڵێت "ئاڵای سەرکەوتن بەسەر عێراقدا هەڵنەکراوە" و هێشتا ئەمریکا "ئەجێندایەکی فراوانی" هەیە بۆ ئەوەی سەربەخۆییی بەغدا و دوورکەوتنەوەی لە تاران باشتر بچەسپێت، بەڵام پێوەری ڕاستەقینەی سەرکەوتنەکەی، بەڕوونی بریتی بووە لە نەهێشتنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات و بەسەر حکوومەتی عێراقدا زاڵن.

کۆشکی سپی پێی وایە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە پێویستە، بۆ ئەوەی بوار بە ئەمریکا بدرێت سەرنجی لەسەر کێبڕکێکانی خۆی بێت لەگەڵ چیندا، بەڵام ئەم ڕێڕەوە لە عێراقدا تێچووی درێژخایەنی هەیە. وەك ئەوەی ویستی ئەمریکا بۆ ئارامگرتن لەلایەن هاوپەیمانەکانی تارانەوە بۆ تێکدانی سەقامگیریی سیاسەتەکانی، خراپ بەکار بهێنرێت. پێ دەچێت عێراق ئارام بێت، بەڵام لەوانەیە دەرکەوتنەکان فریودەر بن، بەوەی کە لە واقعدا چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و نائاسایی؛ هاوپەیمانانی ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراقیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەخێرایی لە بەرژەوەندیی خۆیاندا دەستکاریی سیستەمی سیاسی دەکەن و سەرچاوە و دەرامەتەکانی تاڵان دەکەن. هەڵوێستی خۆپەسەندانەی واشنتۆن بەرامبەر بەم ڕووداوانە تەنیا بۆ ئامادەکارییە، تا دواتر بە تێچوونێکی زیاتر دەستێوەردان بکات. عێراق کە سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، ڕەنگە داڕمانەکەی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەنابەران و تیرۆرەوە، تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر بکات. کێبڕکێی نێوان زلهێزەکانیش هەرگیز بیانوو نەبووە بۆ نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر عێراق – و، ئێستایش نابێت وا بێت.

سەرکەوتنی میلیشیاکان

عێراق لە ساڵی 2003وە بە چەندان قۆناغی تاریکدا تێ پەڕیوە، بەڵام دەکرێ بڵێین هیچیان بەو شێوەیەی ئێستا نائومێدكەر نەبوون. ڕاستە حکوومەتێکی هەیە بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی، کە کوتلەیەکی سیاسیی هاوپەیمانی نزیکی ئێرانە، بەڵام ئەمە تەنیا لەبەر ئەوەیە براوەی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری2021، ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتیی کەسایەتیی ئایینیی شیعی، موقتەدا سەدر، کە لە مانگی حوزەیرانی 2022دا لە پەرلەمان کشایەوە، سەرەنجام، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێبایەخ کرا و دۆڕاوەکان بە سەرکەوتن پاداشت کران- تەنانەت دوای ئەو ئاژاوەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان نایانەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ناردە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی پێشوو مستەفا کازمی. لە مێژووی دوای ساڵی 2003وە قۆرخکاریی سەرجەم جومگەکانی حکوومەتی عێراقی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە وێنەی نەبووە؛ بەو پێیەی ئەم کوتلەیە بە ئاستێکی وەها دەسەڵات و فەرماڕەوایەتیکردنەکەی ڕەها بووە، لە سەردەمی "سەددام حوسێن"ەوە لە عێراقدا نەبینراوە. سوودانی تەنیا بووکەشوشەیەکە: لە کاتێکدا سەرۆكوەزیران بەڕێوەبەرێکی بەئەزموونی کەرتی گشتی و ماندوونەناسە، بەڵام تەنیا بەناو، سەرکردایەتیی عێراق دەکات و بەئاشکرا لەلایەن هاوپەیمانەکانی تاران لە بەغدا بێڕێزیی پێ دەکرێت.

هێزە ڕاستەقینەکان سێ سەرۆكجەنگن لە لووتکەی سەرۆکایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگیدان و هەر یەکەیان پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئێراندا هەیە: قەیس خەزعەلی کە سەرۆکی میلیشیای "عەسائیبی ئەهلی هەق"ە و ئەمریکا ناوی خستۆتە ناو لیستی تیرۆرەوە، هەروەها نووری مالیکی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، ئەو هێزەی کە لەلایەن ئێرانەوە دامەزراوە. چەندان ساڵە ئەم سێ سیاسەتمەدارە تا ڕاددەیەك لەلایەن تێکەڵەیەك لە نەیار و ئۆپۆزیسیۆنەوە کۆتوبەند و سنووردار کرابوون. لە سەروەختی داگیرکاریی ئەمریکا لە ساڵی 2003 تا 2011 و جارێکی تر لە سەردەمی شەڕی دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە 2014 تا 2019، واشنتۆن بەرژدی هەوڵی دا میلیشیاکان نەتوانن زۆر لە پێگەکانی دەسەڵاتی عێراق بگرنە دەست. جگە لەوەیش خۆپیشاندەرانی عێراق کاریان کردووە ڕێگری لە هێزی ئەو گرووپانە بکەن کە ئێران پاڵپشتییان دەکات - خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی 2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراقیان لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە؛ هەروەها لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایییەی عێراقدا، سەدر هەوڵی دا تائیفەگەری تێ پەڕێنێت و زۆرینەیەکی فرەنەتەوەیی کۆ بکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێك، تیایدا چوارچێوەی هەماهەنگی دوور بخرێتەوە.

ئەمڕۆ هەموو ئەو هێزانەی ئۆپۆزیسیۆن لەناو چوون، مناوەرە و تاکتیکی هەڵبژاردنی سەدر بەهۆی دەستێوەردانی دەسەڵاتی دادوەرییەوە شکستی هێنا و بزاڤەکەیشی لە ئێستادا لە دەرەوەی دەسەڵاتدایە و برینەکانی خۆی دەلێسێتەوە. هەروەها میلیشیاکانی سەر بە ئێران هیچ ترسێکیان نییە لە خۆپیشاندەرانی گەنجانی ترسێنراو و بێهیوا. لە هەمان کاتدا، ئەمریکا بەهۆی ململانێی جیۆپۆلیتیکی لەگەڵ چین سەرقاڵ بووە و، ئامانجەکانی خۆی بۆ تەنیا سووککردنی گرژییەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورت کردۆتەوە، بە چاوپۆشی لە تێچووی درێژخایەنی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ساختەکردنی سیستەمەکە

کاریگەری و ڕەنگدانەوەکانی دەستبەسەرداگرتنی حکوومەتی عێراق لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بەکردەوە ڕوونە. ئێستا هاوپەیمانێتییەکە ئەو ئازادییەی هەیە بەتەواوەتی وڵات کۆنتڕۆڵ بکات و سەرچاوە و دەرامەتەکانی عێراق بە تاڵان ببات، دەنگە ناڕازییەکان سەرکوت بکات. هیچ ئاماژەیەكی پاشەکشەکردنی نییە. هاوپەیمانێتییەکە ئێستا تا هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2025 ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمانی کۆنتڕۆڵ کردووە. لەوەیش گرنگتر، ئەو گرووپە دەسەڵاتی دادوەریی تا ئاستێکی وا کۆنتڕۆڵ کردووە، لە دوای ڕووخانی سەددامەوە شتی وا ڕووی نەداوە. گەورەی دادوەرانی عێراق، فایەق زێدان، هاوپەیمانێکی نزیکی سەرکردە جەنگییەکانی سەرانی چوارچێوەی هەماهەنگییە. لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا دادگەی باڵای عێراق بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەستوەردانی لە سیاسەتی وڵاتدا کردووە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی میلیشیاکان. لەو ساتەوەختەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێویستی پێی هەبووە بۆ ئاستەنگخستنە بەردەم سەدر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021دا، دادگە بنەماکانی پێکهێنانی حکوومەتی گۆڕی و بڕیاری دا سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە بڕی زۆرینەیەکی سادە، پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی پەرلەمان هەبێت.

هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتە بێبەربەستەکەی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی خۆی لە دامەزراوەکانی تری دەوڵەتی عێراقدا بچەسپێنێت. لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022وە دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی و فڕۆکەخانەی بەغدا و دەزگەکانی دژەگەندەڵی و بنکە گومركییەکان هەموویان لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢وە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بوون، دامودەزگەکانی دەوڵەتی عێراقی وەك ئەمانە پەرپووت و لەرزۆك بوون و ئەم کردارانەیش هەڕەشەی زیاترن بۆ لەناوبردنیان. ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەژموونی پەرەسەندووی خۆیان لەناو ئەو دامەزراوانەدا بەکار دەهێنن بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان لە پێناو بێدەنگکردنی نەیارانی ناوخۆییی خۆیان؛ بۆ نموونە دوای کۆنترۆڵکردنی ڕێکخەرێکی دەزگەکانی ڕاگەیاندن لە عێراق، دەستەی گەیاندن و ڕاگەیاندن، لە مانگی کانوونی دووەمدا، پلانی داڕشتنی یاسا و ڕێسایەکی سەخت و توندیان دانابوو بۆ ناوەڕۆکێکی دیجیتاڵی کە بریتی بووە لە سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕینی عێراقییەکان. ئەو یاسا و ڕێسایانە داوا لە کاریگەرەکانی سۆشیالمیدیا دەکەن ڕوو لە بوارانە بکەن، کە حکوومەت خاوەندارێتییان دەکات، هەروەها پێناسەی ناڕوونیان تێدایە بۆ ناوەڕۆکی نەگونجاو، پاساو بۆ سانسۆرکردن دەهێننەوە، ئەمەش لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕەخنەی لێ گیرا بە هۆی ئەوەی پێشێلکردنی دەستووری عێراقە.

دواجار چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەرژەوەندری سیاسیی خۆی دەرامەت و سەرچاوەکانی دەوڵەتی عێراق تاڵان دەکات. گرووپەکانی نزیك لە ئێران کۆمپانیایەکی دەوڵەتییان دروست کردووە کە چالاکانە بۆ پەرەپێدان بە سەروەت و سامانی دەوڵەت کار دەکات، بە بەکارهێنانی هەمان ئەو میتۆد و ڕێبازەی کە سوپای پاسدارانی ئێران گرتوویەتییە بەر. جگە لەوەش بە سەرپەرشتی ئەم گرووپانە بوودجەی عێراق بە شێوەیەکی ئێجگار زۆر بەرفراوانکراوە وەك هەوڵێك بۆ کڕینی پاڵپشتیی خەڵك و چەسپاندن و قایمکردنی پێگەی دەسەڵاتدارێتییان.

تاڵانکردنی دەوڵەت

دەمێکە سیاسەتکارانی میلیشیاکان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆمپانیایەك دەدەن، بتوانێت زەویی حکوومەت و سەروەت و سامانی گشتیی دیکە کۆ بکاتەوە. تاقمەکەی "خاتەم ئەلئەنبیا"ی سەر بە سوپای پاسداران مۆدێلێکی ئەم سیاسەتەیە، کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی  1990 بە وەرگرتنی زیاتر لە 1200 گرێبەستی بیناسازی، بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار، کاریگەرییەکی گەورەی ئابووری و سیاسیی لە وڵاتەکەیدا بەدەست هێناوە، ئەم تاقمە وەك درێژکراوەیەکی بازرگانیی سوپای پاسدارانی ئێران، لەلایەن ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپاوە سزای خراوەتە سەر. لەم چەند ساڵەی دواییدا هەر کە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ هاتبێت، میلیشیا پاڵپشتیکراوەکانی نزیك لە ئێران پرسیاریان لە هەموو کاندیدە هەڵبژێردراوەکان کردووە دەربارەی پشتگیریکردن لە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی لەو شێوەیە.

لە ساڵی 2018 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕازی بوو و پاڵپشتیی میلیشیاکانی بەدەست هێنا بۆ دەستنیشانکرانی وەك سەرۆكوەزیران، بەڵام حکوومەتی ئەمریکا ڕێگریی لە پێکهێنانی کۆمپانیاکە کرد. کە "مستەفا کازمی"یش لە ناوەڕاستی ساڵی 2020 وەك جێگرەوەیەك پۆستی سەرۆكوەزیرانی وەرگرت،  پشتگیریی سیاسیی هەبوو بۆ ڕێگەنەدان بە دامەزراندنی کۆمپانیاکە – لە ساڵی 2022 دا جارێکی دیکە ئەم داوایەی ڕەت کردەوە، کاتێك هاوپەیمانەکانی تاران لە بەرامبەر هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووەم وەك سەرۆكوەزیران ئەو داوایەی ئاراستە کرا. لە کۆتاییدا میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە بە سەرکردایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، شوێنی کازمیی گرتەوە و وەك سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە تشرینی دووەمی 2022 دامەزراندنی "کۆمپانیای گشتیی موهەندیس بۆ بیناسازی و ئەندازیاری و بەڵێندەرایەتیی میکانیکی و کشتوکاڵی و پیشەسازی"ی ڕاگەیاند.کۆمپانیاکە بە ناوی ئەبو مەهدی موهەندیس کراوە کە ئەمریکا ناوی خستبووە ناو لیستی تیرۆر و لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکیدا لە بەغدا کوژرا؛ ئەم جارە ئەمریکا هیچ شتێکی نەکرد.

پێشتر هیچ ڕێکخراوێكی وەك کۆمپانیای گشتیی موهەندیس لە عێراقدا نەبووە. هەروەك لە گرێبەستی دامەزراندندا ڕوون کراوەتەوە، کۆمپانیاکە بەفەرمی موڵکی هێزەکانی حەشدی شەعبییە و چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەکانی دیکەی پاڵپشتیکراو و نزیك لە ئێران سەرۆکایەتیی دەکەن. ئەرك و دەسەڵاتەکانی ئەم کۆمپانیایە بەکردار بێسنوورن: دەتوانێت لە هەر کەرتێکدا کار بکات، وەك لە ناوە تەواوەکەیدا دەردەکەوێت، لە بنەڕەتدا دەفرێکی بەتاڵە کە لە ڕێگەیەوە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەتوانن پێگەی خۆیان لە کۆنتڕۆڵکردنی ئابووریی عێراقدا بەهێز بکەن؛ وەك چۆن ئێستا دەیبینین جیاواز لە هەر کۆمپانیایەکی دیکەی حکوومیی عێراقیدا بێهاوتایە. کۆمپانیا نوێیەکە دەتوانێت زەوی و سەرمایەی حکوومی و دامەزراوەکانی موڵکی دەوڵەت بەخۆڕایی وەربگرێت و، دەیشتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان کاری بیناسازی یان ڕووخاندن ئەنجام بدات.

کۆمپانیای گشتیی موهەندیس بە ماوەیەکی کەم لە دوای دامەزراندنییەوە لە مانگی کانوونی دووەمی 2022، بڕی 1.2 ملیۆن هیکتار زەویی حکوومیی لەسەر سنووری نێوان عێراق و سعوودیادا بەبێ هیچ تێچوونێك وەرگرت. ئەم زەویوەرگرتنە لە مێدیاکاندا ڕاگەیەنرا، بەڵام بە هیچ ڕێکارێکی ئاساییی نووسراو یان ڕۆتینی وەهادا تێ نەپەڕی کە بەگشتی دەبێ لە پڕۆژەی لەو شێوەیەدا هەبێت. دەوترێت پڕۆژەکە بۆ چاندنی نەمام و کشتوکاڵ تەرخان کراوە- بەڵام بۆ ئەوەی لە قەبارەی تێ بگەین، ڕووبەری ئەم زەوییانە بەقەد نیوەی قەبارەی وڵاتی لوبنانە و 50 جار لە گەورەترین پڕۆژەی کشتوکاڵیی پلان بۆ داڕێژراو گەورەترە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا. هاوکات زەوییەکە لە پێگەیەکی ستراتیژیدایە؛ لە ناوچەیەکدایە تیایدا میلیشیا عێراقییەکان لە دوای ساڵی 2019وە لە چەندان بۆنەی جیاوازدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی سعوودیا و ئیمارات کردووە. لەوەی کە ڕەنگە یەکەم نموونەی دەستبەسەرداگرتنی زەویی شارەکان بێت لە عێراقدا، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە 24ی نیساندا بە شێوەیەکی نایاسایی و بە ناوی کۆمپانیای گشتیی موهەندیسەوە دەستی بەسەر بەشێکی زۆری خانووبەرەی ڕۆژاوای بەغدادا گرت؛ بەسادەیی دەستیان بەسەر بەشێكی ناوەندی مێژووییی بەغدادا گرت بە قەبارەی 20 باڵەخانەی شاری نیویۆرك، یان بە قەبارەی تەواوی زەوییەکەی کۆشکی باکینگهام، یان باڵەخانەی کاپیتۆڵی ئەمریکی. بەبەردەوام گەشەسەندنی کۆمپانیای گشتیی موهەندیس گورزێکی توندە بەر عێراق دەکەوێت. هەروەها هیوا و ئاواتەکانی ئەمریکا بۆ ئاییندەی ئابووریی عێراق لەبار دەبات.

لە 31ی ئایاردا، باڵیۆز باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران ڕای گەیاند، "بۆ یەکەم جارە بەڕاستی چالاکبوون و زیندووێتیی ئابووری" لە عێراقی ئەمڕۆدا دەرکەوتووە. ئەم توانایە لە لانکەی خۆیدا دەمرێت ئەگەر میلیشیا بەهێزەکان بتوانن دەسەڵاتە ئابوورییە نوێیەکەیان بەکار بهێنن بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر پیشەسازییەکی ئومێدبەخش و، خۆیان ناچار بکەن گرێبەستی حکوومی ئیمزا بکەن و وەبەرهێنەرانی بیانی بترسێنن.

شکاندنی بوودجە

میلیشیاکانی نزیك لە ئێران، هاوکات داهاتی دەوڵەت بۆ چەسپاندنی دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا بەکار دەهێنن. یەکەم ڕەشنووسی بوودجەی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی کە گەورەترین پڕۆژەی بوودجەیە لە مێژووی عێراقدا، پێشنیاری خەرجکردنی 152 ملیار دۆلاری کردووە، کە بە بەراورد لەگەڵ دوایین بوودجەی پەسەندکراوی عێراق لە ساڵی 2021 دا  بە ڕێژەی 50% زیادی کردووە. حکوومەت بەڵێنی داوە ئەم ئاستەی خەرجییەکان لە ماوەی سێ ساڵدا بۆ سێ جار لەسەریەك بەردەوام بێت - واتە تا هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2025. ئەم ئاستە بێباکەی خەرجکردنە، هۆشدارییەکانی ئەمریکا و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتی پشتگوێ دەخات، کە داوایان لە عێراق کردووە کەرتە گشتییە ئاوساوەکەی کەم بکاتەوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی خەرجییە ناجێگیرەکانییەوە نیازپاکیی کوتلە سیاسییەکانی عێراق و دانیشتووانەکەی بکڕێت؛ لەنێویاندا هێنانەکایەی لانی کەم 701 هەزار هەلی کاری نوێی حکوومی- ئەمەیش زیادبوونی لەسەدا 17ی فەرمانبەرانی حکوومەتە لە ساڵێکدا. بۆ نموونە بڕیارە حەشدی شەعبی لە 122 هەزار ئەندامی مووچەخۆرەوە بۆ 238 هەزار ئەندامی مووچەخۆر گەشە بکات؛ ئەمەیش زیادبوونی ژمارەی میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتە بە ڕێژەی 95%، لە وڵاتێکدا کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا حاڵی حازر نزمترین ئاستی توندوتیژی بەخۆیەوە دەبینێت. چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕێگەی پابەندبوون بە مووچەوە بارگرانییەکی زۆر لەسەر دەوڵەت دروست دەکات و، زەمینە بۆ ناسەقامگیریی داهاتوو دەڕەخسێنێت. تەنانەت بە نرخی ئەمڕۆی نەوت کە نزیکەی 75 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، ئەم ئاستە لە خەرجکردنە زۆربەی یەدەگی 115 ملیار دۆلاریی عێراق لە ماوەی پێنج ساڵدا ناهێڵێت. ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت، بەغدا هێندەی تر خێراتر دادەڕمێت. کاتێک بەغدا لە ساڵی 2014دا خۆی لە دۆخێکی داراییی سەختدا بینییەوە، جیهان بەپەلە بۆ یارمەتیدانی عێراق کۆ بووەوە، چونکە وڵات لە شەڕدا بوو دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی. بەڵام حکوومەتی عێراق ناتوانێت حساب بۆ ئەو جۆرە دەستبڵاوییەی داهاتوو بکات. لە 31ی ئایاردا سندووقی نێودەوڵەتیی دراو زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێ دا و پێشبینیی کرد، کە عێراق لە ساڵانی داهاتوودا ڕووبەڕووی "مەترسیی گەورەی سەقامگیریی ئابووری" دەبێتەوە. بە دەربڕینی سادە، ئەمە واتا هاتنەکایەی کێشەی پارەدان بە هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران و دروستبوونی هەڵاوسان و ناڕەزایەتی و ناسەقامگیری و ئاوارەبوونی خەڵك بەرەو ئەوروپا.

دەستکەوتی زۆر بە کەمترین تێچوون

بۆ ئەمریکا ڕەنگە ئەو ئارامییە ڕواڵەتییەی لە عێراقدا هەیە، بگۆڕێت بۆ ئارامیی پێش گەردەلوول. ئەمە یەکەم جار نییە واشنتۆن پێی وابێت لەسەر ڕێگەیەکی خلیسکێنەرە بەرەو سەقامگیری لە عێراقدا. دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010 و ڕاسپاردنەوەی کارەساتباری مالیکی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی وەزیران، ئەمریکا هەوڵی دا دەست لەو وڵاتە بشوات. پاشان وەکوو ئێستا ئەو لایەنانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات، توانییان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەستکاری پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بکەن؛ بەمەیش دەسەڵاتی بەغدا بەهۆی گەندەڵی و هەژموونی میلیشیایی و خزمخزمێنە و واستە (مەحسوبییەت)ی سیاسییەوە لاوازتر بوو. دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2011، عێراق ئارام دەرکەوت - بەڵام بناغە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لە ناوەوە ڕزیو بوو. دوای دوو ساڵ و نیو، جارێکی تر ئەمریکا گەڕێنرایەوە بۆ ناو عێراق بۆ ئەوەی شەڕێکی خوێناوی بکات، دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر سێیەکی وڵاتدا گرت. بۆیە ناکرێت واشنتۆن بوار بدات مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە.

واشنتۆن نابێت کەمکردنەوەی کاتیی هێرشی توندوتیژی بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا کە خاوەن زریپۆشی بەهێزن، بکاتە پێوەری سەرەکی بۆ سەرکەوتن لە عێراق. بنکە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا کە زۆر بەهێز کراون، بە تێچووی زۆر دروست کراون، بۆ ئەوەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان بواریان هەبێت بەرگری لە بەرژەوەندی و بەهاکانی ئەمریکا بکەن بەبێ گوێدانە هەراسانکردنەکانی دوژمن. ئەمریکا بۆ یارمەتیدان پێویستی بە ناردنی سەرباز یان ملیارەها دۆلار نییە تا ئاراستە مەترسیدارەکانی عێراق پێچەوانە بکاتەوە؛ بەوەی کە هێشتا توانا دارایی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کردەوەی بەرپرسانی عێراقدا هەبێت- کە زۆربەیان لە بازرگانی و بانکە نێودەوڵەتییەکاندا تەماحی و بەرژەوەندیی سیاسیی زۆریان هەیە. بۆ نموونە بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، فایەق زێدان زۆر دڵتەنگ بوو کاتێك سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە مانگی شوباتدا نامەیەکیان بۆ بایدن نارد و ناوی ئەویان وەك ئامانجێکی ئەگەری سزادان دانابوو. ئەمریکا _سەرەتا بەتایبەت- پێویستی بە بەکارهێنانی هەژموون و هێزی لەو شێوەیە هەیە، بۆ ئەوەی ببێت بە ئاماژەیەك بۆ نیگەرانییەکانی خۆی لە دۆخی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و سەرکردایەتییە سەرەکییەکەی. مەترسییەکی ڕاستەقینە هەیە عێراق ببێت بە جۆرێك لە دیکتاتۆریەتی دادوەری. حکوومەتەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری بووەتە داردەستێکی هەمیشەیی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە بەکار دەهێنرێت.

بەرپرسانی ئەمریکی زانیاریی هەواڵگریی بێوێنەیان هەیە لەسەر پەیوەندیکردنەکان و بەرژەوەندییە دارایییەکانی بەرپرسانی گەندەڵ لە عێراقدا؛ پێویستە بەردەوام ئەم زانیارییانە بەکار بهێنن بۆ ئەوەی هۆشداریی توند بۆ بەرپرسانی بەغدا دەربکات ڕەفتاری خۆیان چاك بکەن. هەروەها دەبێت ئەمریکا بەڵێنەکەی بۆ بەرزکردنەوەی بەها ئەمریکییەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا جێبەجێ بکات. سولیڤان لە وتارەکەی مانگی ئایاردا جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانیکردن لە بەهاکانی ئەمریکا، یەکێکە لە پێنج پایەکانی سیاسەتی ئیدارەی بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمڕۆکە لە عێراق، ئەو سنووردارکردن و کۆتوبەندە توندانەی بەغدا بەسەر بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری و تەنزی سیاسیدا دەیسەپێنێت، هەموویان نیشانەی دیکتاتۆرییەتێکن کە خەریکە دروست دەبێت.

واشنتۆن پێویستی بەوەیە پشتیوانی لە ڕۆژنامەگەریی بەدواداچوون و بنکۆڵکاریی بکات و لە ڕێگەی ئۆفیسە باشەکانییەوە یارمەتیی پاراستنی ئەو جۆرە هەوڵانە بدات. هەروەها ئەمریکا دەتوانێ تواناکانی هەواڵگریی داراییی خۆی بەکار بهێنێت بۆ دۆزینەوەی ئەو پارانەی لە دەرەوەی وڵات لەلایەن بەرپرسانی گەندەڵکارەوە شاردراونەتەوە و، هەوڵ بدات پارە شاردراوەکان بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە. بۆ نموونە، دەتوانێ یارمەتیی دەسەڵاتدارانی عێراقیش بدات بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی ڕاستەقینەی پشت "دزینی سەدە"ی 2.5 ملیار دۆلار، کە تیایدا بەرپرسانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی، هەژمارێکی باجیان بۆ حکوومەتی عێراق بەتاڵ کردەوە بە دزینی دەفتەری چەك و نووسینی سەدان چەكی بانکی بۆ خۆیان. ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی دەوڵەتێکی عێراقی سەربەخۆی خاوەن سەروەری و کاریگەر لە ڕووی ئابوورییەوە دەوێت، دەبێت خۆی سەرکردایەتیی لێکۆڵینەوەکان بکات و پشتگیرییان لێ بکات بۆ بەدواداچوونی پارە دزراوەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق- نەك تەنیا بەوە بوەستێت ئەو جۆرە حاڵەت و ڕووداوانە ئەو کاتە بزانێت کە لە هەواڵەکاندا بڵاو دەکرێنەوە..

لە هەمووی ئەوانە بەپەلەتر ئەوەیە، ئەمریکا کۆمپانیای گشتیی موهەندیس لە ئابووریی عێراق دابڕێنێت، پێش ئەوەی دیمەنی وەبەرهێنانی وڵات پیس بکات. ئەم کۆمپانیایە هەوڵێکە بۆ زەوتکردنی سەروەت و سامانی وڵاتێکی پیشەسازیی گەورە بۆ قازانجی داراییی ئەوانەی ئەمریکا وەك تیرۆریست و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ دەستنیشانی کردوون، کە لە دروستبوونی کۆمپانیاکەدا سوودمەندی سەرەکین. بۆ حکوومەتی ئەمریکا جێی شانازییە، کۆمپانیای گشتیی موهەندیس لە ئێستادا لەلایەن فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانیی گەنجینە و نووسینگەی ڕێکخەری جیهانیی دژەگەندەڵی ئەمریکاوە بەوردی چاودێریی دەکرێت، بەڵام ئەمە دەبێت بگاتە ئاستی دەستنیشانکردنی سزاکان. ئەمریکا دەتوانێت لە مێژووی عێراقدا خۆی بخاتە دیوە ڕاستەکە، ئەگەر بەردەوام بێت لە پاشەکشەپێکردنی خراپترین زیادەڕەوییەکانی ئەو میلیشیایانەی لە پشت حکوومەتی ئێستای عێراقدان. تەنانەت لەناو جەرگەی ڕکابەریکردنەکەی خۆیدا لەگەڵ چین و جەنگی ئۆکراینادا، هێشتا واشنتۆن دەتوانێت دەنگ و توانا دارایی و هەواڵگرییە بێهاوتاکانی خۆی بەکار بهێنێت بۆ لاوازکردنی هێزە دژەدیموکراسییەکان و دەرفەتدان بە گەنجان و ڕیفۆرمخوازان و لێکۆڵەرانی دژەگەندەڵی عێراق، تا بەرگری لەو دیموکراسییە لەرزۆکە بکەن، کە تا ئێستایش بەئاستەم لە عێراقدا بەدی دەکرێت.

 

* "مایکڵ نایتس" (Michael Knights) لە پەیمانگه‌ی واشنتۆن لێکۆڵەرە و پسپۆڕە لە کاروباری سەربازی، ئەمنیی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداو و، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمی میلیشیا سپۆتڵایت.

 

سەرچاوە:

https://www.foreignaffairs.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples