ھەرێمی کوردستان لەناو گەمەی سیاسیی لایەنە شيعەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگیدا

 

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

ھەرێمی کوردستان و گەمەی چوارچێوەی ھەماھەنگی

لە دوای ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت و دواتریش پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی، لایەنەكان، بەتایبەتیش كورد و سوننەكان، گەشبین بوون بەوەی حكوومەتی نۆێ پابەندی ڕێككەوتنەكان دەبێت و خواست و داواكارییەكانیان كە ڕێككەوتنیان لەسەر كراوە جێبەجێ دەكرێن. بەڵام لە دوای پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی لە ئۆكتۆبەری 2022دا لە ڕووی پراكتیكییەوە ھیچ ھەنگاوێكی گرنگ بە ئاراستەی پراكتیزەكردنی بەندەكانی ڕێككەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت نەھاوێژراوە. ئەوەی تاكوو ئێستا دیارە، ئەو ڕێككەوتنە تەنیا لە خزمەتی لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێراندا بووە؛ كورد و سوننەكان شتێكی ئەوتۆیان لەو ڕێككەوتنەكە دەست نەكەوتووە. سەبارەت بە عەرەبە سوننەكان، ھیچ یەك لە داواكانیان كە پەیوەست بوون بە چارەسەركردنی دۆسیەی بێسەروشوێنبووەكان و دەركردنی یاسای لێخۆشبوون، ھەڵوەشاندنی یاسای ڕیشەكێشكردنی بەعس، كشانەوەی ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوەندی شارەكانی عەرەبە سوننەكان جێبەجێ نەكراون.

 لەم ڕووەوە حكوومەتی سوودانی ھەنگاوێكی ئەوتۆی بە ئاراستەی جێبەجێكردنی ئەم خاڵانە نەھاوێشتووە، بەڵكوو ڕێك بەپێچەوانەوە، لایەنەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵیان داوە دووبەرەكی و ناكۆكی بخەنە نێو ھێزە سوننەكاندا. تەنانەت بیر لەوە دەكەنەوە لەناو سوننەكان بەدیلیكی تر بۆ حەلبوسی بدۆزنەوە و لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دووری بخەنەوە. ھەروەھا زۆر جارانیش بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ شیعەكان ئەو كارتەیان وەك گوشار دژی حەلبووسی بەكار ھێناوە.

دیارە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان لە بارودۆخی سوننەكان باشتر نییە. بڕیار بوو دوای دروستكردنی حكوومەتی سوودانی، لە ماوەی 6 مانگدا یاسای نەوت و گاز بە ڕێككەوتن لەگەڵ ھەرێم پەسەند بكرێت؛ بەڵام تاكوو ئێستا ھیچ ھەنگاوێك نەھاوێژراوە. ھەروەھا، لە یەكەم تاقیكردنەوەدا شیعەكان پشتیان لە ڕێككەوتنەكانیان  كرد؛ بەتایبەت سەبارەت بە پەسەندكردنی بوودجە، ھەوڵیان دا لە پێگەی ھەرێم بدەن. لە لایەكی تریشەوە، سەبارەت بە بەندی 140، ڕێككەوتننامەی شنگاڵ و دەركردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، نەك ھەر ھیچ ھەنگاوێك نەھاوێژراوە، بەڵكوو ڕێك بەپێچەوانەی ڕێككەوتنەكان ھەنگاو دەنێن. لە كەركووك ھەموو ڕۆژیك سوپای عێراق دەچێتە سەر ماڵە كوردەكان و ھەوڵی داگیركردنی زەوییەكانیان دەدات. لە شنگاڵ بارودۆخەكە زۆر خراپترە. لە نوێترین ھەنگاودا بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەستیان كردووە بە دروستكردنی لیوایەكی تری چەكداری سەر بە میلیشیا شيعەكان  لە ناوچەكەدا و بۆ ئەم مەبەستە ڕەزامەندیی حكوومەتی "سوودانی"یان وەرگرتووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی ڕێككەوتنی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، دەبوایە ھەموو میلیشیا چەكدارەكان لە شنگاڵ دەركرابان. بە ھەمان ئاراستەیش، شیعەكان ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمیان ڕاگرتووە و بە پاسا و بیانووی جیاوازەوە مەبەستیانە گرفت بۆ ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دروست بكەن. تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی، ھەوڵ بدەن وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بکەن.

ئەمە لە كاتێكدایە، لایەنە شیعەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی زۆربەی ئەو داواكارییانەی ھەیانبوو، بە دروستكردنی حكوومەتی سوودانی و بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی كورد و سوننەكان  بەدەستیان ھێناوە؛ لەوانە گۆڕانكاری لە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان، بە شێوەیەك لەبەرژەوەندییاندا بێت. بێ گومان كۆمیسیۆنی نوێ بەو گۆڕانكارییانەی تێیدا كراوە، لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا خزمەتێكی گەورە بە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەكات. ھەروەھا  بە گەرەنتیكردنی پۆستی سەرۆكوەزیران، توانیویانە زۆربەی دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەت بۆ جارێكی تر كۆنترۆڵ بكەن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بھێنن. لە لایەكی تریشەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی بوودجەیەكیان لە پەرلەمان پەسەند كردووە كە بە گەورەترین بوودجە لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت. زۆربەی بڕگە و ماددەكانی بوودجەكەیش بە شێوەیەك داڕێژراون، كە خزمەت بە پێگەی سیاسییان دەكات. بە ھەمان ئاراستەیش، لەسەردەمی حكوومەتی سوودانی پێگەی حەشدی شەعبی چەند ئەوەندە بەھێزتر بووە و لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بە شێوەیەكی بەرفراوان  كار  و چالاكی دەكەن. تەنانەت لە بوودجەی  عێراقدا پارەیەكی یەكجار زۆریان بۆ تەرخان كراوە كە دەگاتە 3 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا. ھەروەھا ژمارەی ئەندامەكانی بۆ دوو ئەوەندە لە بوودجەی عێراقدا بەرز بووەوە؛ واتە لە 130 ھەزار بۆ 230 ھەزار كەس. ھەروەھا حكوومەتی سوودانی پارەیەكی یەكجار زۆری بۆ پرۆژەی وەبەرھێنانی كومپانیاكانی حەشد تەرخان كردووە. لەم ڕووەوە، سوودانی ملیۆنان دۆلاری داوتە كۆمپانیایەك بە ناوی كومپانی موھندیس كە سەر بە حەشدی شەعبییە.

كودەتاكەی عەسائیب و یەكێتی دژی ھەرێمی کوردستان

لە 25ی ئایاری 2023  ھێزەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ھەماھەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لیژنەی دارایی كودتاییەكی سیاسیان دژی ھەرێمی کوردستان كرد و، زۆربەی ئەو بەندانەی بوودجە، كە پەیوەست بوون بە ھەرێمەوە و لە نێوان ھەرێم و حكوومەتی سوودانی ڕێككەوتنی سیاسیی لەسەر كرابوو، دەستكاری كران. ڕاستییەکەی، ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەلایەن گرووپی عەسائیب ئەھلی ھەق، یەكێتی و ھەندێك ھێزی شيعە لە لێژنەی دارایی سەر بە پەرلەمانی عێراق ئەنجام دران، بە ھەموو مانایەك بە "كودەتا" دژی ھەرێمی کوردستان وەسف دەكرا. تەنانەت لایەنە شيعەكان بەگرنگییەوە باسی ئەو گۆڕانكارییانەیان دەكرد كە لەلایەن ئەندامەكانییەوە كرابوون و، لە لیژنەی دارایی، ئەندامەكانی خۆیان ناو نابوو "حەوت هەڵۆكەی لیژنەی دارایی"!.

ئەوەی جێگەی تێبینییە، بافڵ تاڵەبانی خۆیشی دانی بەوەدا ناوە، كە دەستی لەو گۆڕانكارییانەدا ھەبووە  و، ھاوكار بووە بۆ ئەوەی دەستكاریی بەندەكانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان بكرێت. لە كۆبوونەوەی نێوان ھەر دوو شاندی پارتی و یەكیتی بەپێی زانیارییەكانی "ڕووداو"، یەكێك لەو گلەیییانەی پارتی لە یەكێتی كرد، ئەوە بوو كە یەكێتی ھاوكار بووە بۆ ئەوەی دەستكاریی بەندەكانی بوودجە بكرێت دژی ھەرێم. لە وەڵامدا، بافڵ تاڵەبانی باسی ئەوەی كرد كە  ئەو كارەیان لە ئەنجامی كاردانەوەیان بووە دژی كاراكردنی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان لەلایەن پارتییەوە. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ھیچ پەیوەندییەك نییە لە نێوان پرسی كاراكردنی كۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان لە كوردستان و دەستێكەڵكردن لەگەڵ میلیشیا شیعەكان دژی ھەرێمی کوردستان! نازانم بافڵ تاڵەبانی بە چ پێوەر و حسابێك ئەم دوو پرسە بە یەك چاو سەیر دەكات یان پێكەوە گرێیان دەدات؟! چۆن دەبێت تۆ دژی مافەكانی نەتەوەكەت بوەستیتەوە لەبەر ئەوەی لەسەر پرسێكی ناوخۆیی كێشەت ھەیە یان بۆچوونی جیاوازت ھەیە؟ ئاخر بە چ عەقڵییەتێك تۆ دێیت دژایەتیی شایستە دارایییەكانی ھەرێم دەكەیت و لە پێگەی ھەرێم دەدەیت، لەبەر ئەوەی ناكۆكیی ناوخۆییت ھەیە؟ ڕاستییەکەی، ئەمە تەنیا و تەنیا یەك شتمان پێ دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی، كوردستانی بەبارمتە گرتووە و دەڵێ "یان بەو شێوەیە دەبێت كە خۆم دەمەوێت، یان با شتێك بە ناوی ھەرێم نەمێنێت." بێ گومان ئەمەیش گەمەیەكی مەترسیدارە.

لە ڕاستیدا، ھەرچەندە ئەو پیلانەی لایەنە شيعەكان دژی ھەرێمی کوردستان وەك خۆی سەری نەگرت، بەتایبەت دوای ئەوەی پارتی بەتوندی دژی ئەو گۆڕانكارییانە وەستایەوە، بەڵام كاریگەریی زۆر خراپی كردۆتە سەر ڕێڕەوی دانوستاندنەكان و، بووە هۆی بەھێزكردنی پێگەی شیعەكان بۆ ئەوەی لە زۆر بواردا بتوانن مەرجەكانیان بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنن و، لە زۆر خاڵدا سەركەوتوو بوون. لە ھەموویان گرنگتر، لە كاتی پەسندكردنی بوودجە لە 12ی حوزەیرانی 2023، لە بەندی 13، بڕگەی 7 خاڵێك بە زۆرینەی دەنگ و بەبێ ڕێككەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پەسەند كرا، كە بە شێوەیەك لە شێوەكان باسی ئەگەری ناردنی پارە بۆ پارێزگاكانی ھەرێم دەكات لە حاڵەتی دروستبوونی كێشە یان نادادی لە دابەشكردنی داھات.

بەگشتی لە پەسندكردنی بوودجەی عێراقدا لە 12ی حوزەیرانی 2023، ئەوەی بەئاشكرا ھەستی پێ كرا ئەوە بووە كە، پاشگەزبوونەوەی زۆر ھەیە لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە لەو ڕێككەوتنانەی كە بۆ پێكھێنانی حكوومەتی سوودانی كراون، بەتایبەت لە خاڵەكانی ڕێككەوتنی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەۆلەت كە لە 26 سپتەمەبر 2022 راگەیانرا. یەكێك لە پرسەكان پەیوەندیی بە بوودجەوە ھەبووە كە باسی ئەوە دەكات كە نابێت بوودجە بە زۆرینە دەرباز بكرێت، بەتایبەت ئەو بەندانەی پەیوەندیی بە مافەكانی ھەرێمەوە ھەیە و، لەم ڕووەوە دەبێت بە ڕێككەوتن لەگەڵ ھەرێم بوودجە پەسەند بكرێت. بەڵام ئەوەی لە پەرلەمان بینرا، ڕێك پێچەوانەی گشت ڕێككەوتنەكانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بوو. چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەموو ھەوڵێكیان دا ماف و شایستە دارایییەكانی ھەرێمی کوردستان كەم بكەنەوە و لە پێگەی ھەرێمی کوردستان بدەن. تەنانەت پابەندی بەرنامەی سەرۆكوەزیرانی خۆیانیش نەبوون. ئەمەیش تەنیا یەك شتمان پێ دەڵێت، كە ئەو لایەنە شێعانەی كە ڕێككەوتنیان لەگەڵدا كراوە، وەك ھەموو جارانی پێشوو، ڕێككەوتنەكان تەنیا وەك تەكتێك سەیر دەكەن.

بوودجەی عێراق و مەترسییەكانی

 لە ڕاستیدا لە زۆر ڕووەوە بوودجە بە شێوەیەك نووسراوە كە لە بەرژەوەندیی لایەنە شیعەكان بێت و لە زۆر بڕگە و خاڵدا لە پێگەی ھەرێمی کوردستان دراوە، لەوانە:

  • بەگشتی بوودجە بە بیركردنەوە و عەقڵییەتی خۆسەپاندن و ناوەندگەرایییانە نووسراوە. واتە لە ھەموو خاڵ و بەندەكاندا ھەوڵ دراوە دەسەڵاتەكان بدرێتە حكوومەتی ناوەندی و زۆربەی دەسەڵاتەكان لە ناوەند چڕ بكرێتەوە؛ بەبێ ئەوەی ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرێت کە عێراق وڵاتێكی فیدراڵییە. بۆیە لە زۆر خاڵ و بڕگەدا ھەوڵ دراوە ھەرێمی کوردستان وەك پارێزگایەك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
  • ھەوڵدان بو ئەوەی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمدا بكرێت. واتە دابەزاندنی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی ھەرێمێكی فیدراڵییەوە بۆ ئاستی پارێزگایەكی عێراقی. جێگیركردنی برگەی( 8-بی) لە بەندی 13 كە جەخت دەكاتەوە سەر ئەوەی لە حاڵەتی ھەبوونی نادادپەروەری لە دابەشكردنی داھات، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەرپرس دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، لەوانەیش: ناردنی پشكی پارێزگاكانی ھەرێم. ھەرچەندە ئەمە ئەو دەقە نییە كە یەكێتی مەبەستیان بوو، بەڵام دیسان ئەمە لە زۆر لایەنەوە زیان لە ھەرێمی کوردستان دەدات: یەكەم، ئەم بڕگەیەی بوودجە، دژی دەستووری عێراقە كە ھەرێمی كوردستان دەسەڵاتی تەواوی ھەیە لەسەر كاروباری ناوخۆی خۆیدا و، لێدانە لە دەسەڵاتەكانی ھەرێمی کوردستان. دووەم، ڕاستییەکەی یەكێتی كە زۆر پێداگریی لەسەر ئەو بڕگەیە كرد، مەبەستی ئەوەیە مامەڵەی ڕاستەۆخۆ لەگەڵ بەغدا بكات. دیارە ئەم بیرۆكەیە لە ئێستا سەری ھەڵنەداوە، بەڵكوو لە كاتی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر یەكێتی زۆر پێداگریی لەسەر ئەوە دەكرد كە بەغدا ڕاستەوخۆ بوودجەی پارێزگای سلێمانی بدات. سێیەم، دیسان ئەو بڕگەیە كارتێكی گوشار دەبێت لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەرێمی کوردستان و، ھەر كاتێك بەغدا یان ئێران یان ھاوپەیمانەكانی بیانەوێت شتێك بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنن، دەتوانن بەردەوام ئەو بڕگەیە بەكار بھێنن. چوارەم، ئەگەر ئەو بڕگەیە پراكتیزە بكرێت، مەسەلەكە ھەر ئەوە نییە کە لە ڕووی دابینكردنی بوودجەوە سلێمانی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، بەڵكوو ئەمە سەر دەكێشیت بۆ مامەڵەی ڕاستەوخۆی لە ڕووی سیاسی، ئیداری، سەربازی و ئاسایشەوە. ئەمەیش واتە لە ڕووی واقعییەوە لەسەر ئەرز، ھەرێمی کوردستان دابەش دەبێت!
  • لە بەندی 13 برگەی (7) باسی ئەوەی كردووە كە لە حاڵەتی ھەبوونی ناكۆكی لە نێوان ھەرێم و بەغدا، ئەگەر لە ماوەی 30 ڕۆژدا ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا نەگەیشتنە چارەسەر، ئەوا دەبێت پەنا ببردرێتە بەر پەرلەمان بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست لەم بارەوە بدات. لێرەدا دیسان مەترسیی ئەوەیە ھەیە بە ھەر بیانوویەك بێت ئەگەر ویستیان بوودجەی ھەرێم ببڕدرێت، لایەنە شيعەكان دەتوانن ئەمە بكەن؛ چونكە لە پەرلەمان زۆرینەن و، ھەر كاتێك مەبەستیان بێت دەتوانن بوودجە وەك كارتێك دژی ھەرێمی کوردستان بەكار بھێنن.
  • ھەروەھا سەبارەت پرسی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم، دیسان زۆر كۆسپ و تەگەرەی بۆی دانراوە و لە زۆر بواریشدا لە دەسەڵاتەكانی ھەرێمی کوردستان كەم كراوەتەوە. لەوانە بەندی 12 برگەی 2 باسی ئەوە دەكات ھەرێمی کوردستان دەبێت مانگانە 400 بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناو سنووری ھەرێمی كوردستان ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات. بێ گومان ئەم بڕگەیە ئەگەر بیانەوێت، دەتوانن بە شێوەیەكی تر شیكردنەوەی بۆ بكەن. ھەروەھا لە خاڵێكی تردا باسی ئەوە دەكات كە  ئەگەر ھات و نەتوانرا نەوتی كوردستان ھەناردە بكرێت، دەبێت بۆ بەكارھێنانی ناوخۆیی بەكار بهێنرێت. بەڕاستی لێرەدا مەترسیی ئەوەیە بەغدا بە مەبەستی سیاسی و بەئەنقەست ڕێگە نەدات نەوتی كوردستان ھەناردەی دەرەوە بكرێت. ھەروەھا بەپێی ئەم بوودجەیە، ھەرێم مافی فرۆشتنی نەوتی نەماوە و تەنانەت ھەوڵێك ھەیە بۆ ئەوەی دەست بەسەر كێڵگە نەوتییەكانی ھەرێمی کوردستاندا بگیرێت.

پرسی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و گەمەی سیاسیی بەغدا

دوای بریاری دادگای پاریس لە مانگی ئاداری 2023،  توركیا ڕەوانەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستانی ڕاگرتووە. ھەرچەندە ھەوڵەكانی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت ئەمریكاش بەردەوامن، بۆ ئەوی دووبارە دەست بكرێت بە دووبارە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام تاكوو ئێستایش ئەم پرسە وەك خۆی ماوتەوە. ئەوەی دیارە، عێراق دوای ئەوەی لە ڕێگەی دادگای دەستوورییەوە  ویستی دەست بەسەر نەوتی ھەرێمدا بگرێت، لەم ڕووەوە دادگەی دەستووری ھەموو دەسەڵاتێكی لە ھەرێمی کوردستان سەندەوە. عێراق لەسەر ئاستی دەرەكییش ھەموو ھەوڵێكی دا كە ڕێگە لە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم بگرێت و كورد ناچار بكات نەوت و كێڵگە نەوتییەكان ڕادەستی بەغدا بكات. بۆیە دەكرێت بڵێین بڕیاری دادگەی پاریس بیانووی زیاتری دایە دەست عێراق بۆ ئەوی دەست بەسەر نەوتی ھەرێمدا بگرێت. ھەرچەندە بەڕواڵەت عێراق باسی ئەوە دەكات كە لەگەڵ توركیا لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم بكرێتەوە بەڵام پێ دەچێت نییەتێك ھەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم بگیرێت. لە بوودجەی 2023 تا ڕاددەیەك زەمینەسازی بۆ ئەم بابەتە كراوە. وەك ئاماژەمان پێ كرد، یەكێك لە بەندەكان باسی ئەوە دەكات، ئەگەر نەوتی ھەرێم ھەناردە نەكرێت، دەبێت بۆ بەكارھێنانی ناوخۆیی بەكار بھێنرێت.

ڕێگری و ئاستەنگەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەڕیم، كە بەغدا داوای یەك ملیار و نیو دۆلار لە توركیا دەكات وەك قەرەبووكردنەوەی عێراق بەپێی بڕیاری دادگەی پاریس. بەڵام دیارە توركیا ئەمە ڕەت دەكاتەوە. لە لایەكی تریشەوە، عێراق سكاڵایەكی تری لەسەر توركیا تۆمار كردووە لەسەر ھەمان كەیسی نەوتی ھەرێم لە ماوەی ساڵانی 2018-2022. توركیا داوای لە عێراق  كردووە سكاڵای دووەم بكێشێتەوە، بەڵام عێراق پێداگریی لەسەر دەكات و، ئامادە نییە سكاڵای دووەمی بكشێنێتەوە. ھەموو ئەمانەیش گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەی بە بنبەست گەیاندووە.

ئەوەی تێبینی دەكرێت پرسی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم تاكوو ئێستا زیاتر وا دەردەكەوێت كێشەیەكی سیاسی بێت، نەك فەننی و تەكنیكی. گومانی ئەوەیە ھەیە بەرپرسانی بەغدا، بەتایبەت ھاوپەیمانەكانی ئێران، مەبەستیان بێت بەر ھەر شێوەیەك بێت گرفت بۆ ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم دروست بكەن لە پێناوی چەند ئامانجێك، لەوانە:

  • بەغدا مەبەستییەتی لە ڕێگەی ڕێگەگرتن لە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم، گوشار دروست بكات بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لەسەر پرسەكان سازشی زیاتری بۆ بكات و، زیاتر ئامادە بێت بەرنامەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاپەیمانەكانی جێبەجێ بكات.
  • دوورخستنەوەی ھەرێم وەك ئەكتەرێكی كاریگەر لە ڕووی ھەناردەكردنی نەوت-چاوەڕێ دەكرێت لە ڕووی گازیشەوە لە چەند ساڵی ئاییندەدا ڕۆڵی كاریگەر ببێنێت- لەسەر ئاستی دەرەكی و لێدان لە پێگەكەی. بەغدا زۆر مەبەستییەتی ھەرێم ئەو ڕۆڵەی چەند ساڵی ڕابردوو ھەیبووە لەسەر ئاستی دەرەكی وەك ئەكتەریكی كاریگەر لە ڕووی نەوتەوە، نەمێنێت؛ بەتایبەت كە ھەرێم لە ڕێگەی فاكتەری نەوتەوە پەیوەندیی لەگەڵ زۆرێك لە دەوڵەتەكان و ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان دروست كردبوو و، بەغدا دەیەوێت ئەو ڕۆڵە لە ھەرێم وەربگرێتەوە.
  • لەوانەیە عێراق بە بەرنامە كار بكات بۆ ئەوەی كەرتی وزە لە ھەرێم تووشی شكست بكات؛ بە شێوەیەك چیتر كۆمپانیا نەوتییەكان لە ھەرێم كار نەكەن. بێ گومان ئەمەیش دیسان كاریگەیی خراپ دەكاتە لەسەر پێگەی ھەرێم. گومانی ئەوە ھەیە كە بەغدا لە بەرنامەیدا بێت بۆ ئەوەی گوشار دروست بكات بۆ ئەوەی كۆمپانیا نەوتییەكان ھەرێمی کوردستان جێ بێڵن. ئەگەر ئەمەیش ڕوو بدات، ئەوكات پێگەی ھەرێم زیاتر لاواز دەبێت و كەرتی  نەوت تووشی زیانی گەورە دەبێت و لە حاڵەتێكی وەھایشدا، ڕەنگە زۆربەی كۆمپانیاكان ڕوو لە بەغدا بكەن.
  • دەسەڵاتدارنی بەغدا بەئاشكرا كار دەكەن بۆ ئەوەی بەتەواوەتی مەلەفی نەوت و گاز لەدەست ھەرێم دەربھێنن. بڕیاری دادگەی فیدراڵی و دواتریش دادگەی پاریس، ھەنگاوێك بووە بەو ئاراستەیە. لە ھەمان كاتیشدا ھەوڵێك ھەبوو لە نێوەندی پەسەندكردنی بوودجەوە ئەو كێڵگە نەوتییانەی دەكەونە ناو سنووری ھەرێم و ئەوانەیش كە ھەرێم لە سنووری كەركووك و مووسڵ بەڕێوەی دەبات، لێكجیا بكەنەوە. ھەموو ئەم ھەوڵانەیش ئاماژەگەلێكن بەوەی كە  بەغدا مەبەستییەتی  ھەنگاو بە ھەنگاو دۆسیەی نەوت لەدەست ھەرێم دەربێنێت.

ھۆكارەكانی لاوازیی پێگەی كورد لە بەغدا

  • لەسەر ئاستی بەغدا لایەنە سیاسییەكان بەرنامە و سیاسەتێكی ھاوبەشیان نییە بۆ بەھێزكردنی پێگەی ھەرێم و پاراستنی مافە دەستوورییەكانی. بەداخەوە لە بەغدا فراكسیۆنە كوردییەكان نەك ھەر یەكگرتوو نەبوون و نین، بەڵكوو ھەر یەکەو سیاسەتی تایبەتی خۆی ھەیە و زۆربەیان لە جێگەی ئەوەی شەڕ بۆ مافە دەستوورییەكانی ھەرێم بكەن، خەرێكی موزایەدەی سیاسین! ئەمە لە كاتێكدایە كە لایەنە دژبەرەكانی ھەرێم زۆر بەوردی كار و پلانەكانیان دژی ھەرێم بەڕێوە دەبەن.
  • ھەندێك لە ھێزە كوردییەكان، بەتایبەت یەكێتی، ڕوڵێكی زۆر خراپ دەگێڕن لە ھاندانی لایەنە شیعەكان بۆ دژایەتیكردنی مافە دەستوورییەكانی ھەرێم و ھەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا.  بۆ نموونە ڕێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ عەسائیبی ئەهلی هەق و چەند لایەنێكی شۆڤینی، بووە ھۆی ھەرەسھێنانی ئەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان حكوومەتی سوودانی و ھەرێم كرابوو بۆ پەسەندكردنی بوودجەی عێراق. لە ڕاستیدا لەسەر پرسی بوودجە، یەكێتی لەسەر زۆر پرس و مافی پەیوەست بە ھەرێم، سازشی بۆ لایەنە شیعەكان كردووە. لە بەرامبەردا بەڵێنیان بە یەكێتی دابوو لە پرسی مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سلێمانی و تێپەڕاندنی بوودجە یارمەتییان دەدەن و ئەو بڕگەیە دەچەسپێنن. دوای پەسندكردنی بوودجە، وەك ئاماژەیەك بۆ لاوازكردنی پێگەی ھەرێم، لایەنە شيعەكان، بەتایبەت ھاوپەیمانەكانی یەكێتی لە گرووپە میلیشیاكان لە كەناڵی "لە العھد" بە مانشێتی گەورە باسی ئەوەیان كردووە كە ئەو بوودجەیە سەرەتایەكە بۆ كوتاییھێنان بە خواستەكانی كوردستان (الإطار الشيعي يمرر الموازنة الثلاثية.. انتصار لحقوق العراقيين و "نهاية" لأطماع كردستان).
  • ناكۆكی و دووبەرەكی لە ناوخۆی كوردستان، دیسان كاریگەریی گەورەی ھەیە لەسەر لاوازبوونی پێگەی ھەرێم، چ لەسەر ئاستی بەغدا و چ لەسەر ئاستی دەرەكی. بەداخەوە، لە كوردستان ھێزە سیاسییەكان لە چوارچێوەیەكی تەندروستدا گەمەی سیاسی ناكەن! زۆربەی ھێزە سیاسییەكان كار دەكەن بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان بەھێز بكەن، تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی بەرژەوەندی و پێگەی ھەرێمیش بێت. واتە زۆربەی لایەنەكان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و حزبەكەیان لە پێش بەرژەوەندیی ھەرێمەكە دای دەنێن. بۆیە ھەر كاتێك بەرژەوەندیی كەسی-گرووپ-حزبی- كەوتە مەترسییەوە، پەنا بۆ ھەموو كارتێك دەبەن، ئەگەر دژی پێگە و بەرژەوەندییەكانی ھەرێمیش بێت.
  • نەبوونی  سیستەمێكی بەھێزی  دیموكراسی، لاوازیی دامەزراوەكان، نەبوونی ھێزێكی چەكداری یەكگرتوو، دابەشبوونی ھەرێم بەسەر دوو زۆنی دژبەیەكدا و تەشەنەكردنی دیاردەی فراوانی گەندەڵی، دیسان فاكتەرێكی دیكەی لاوازبوونی پێگەی ھەرێمی كوردستانە. بەداخەوە ئەم فاكتەرانە كاریگەریی زۆر خراپیان كردۆتە سەر پێگەی ھەرێمی کوردستان.
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples