شۆڕشی ژنانی ئێران: ژن، ژیان، ئازادی

د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ

ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٢٢ی ئێرانییەکان بە دروشمی ڕەچەشکێنی "ژن، ژیان، ئازادی" جگە لەوەی کە دەسەڵاتی ئایەتۆڵڵاکانی لە ئێران شۆک کردووە، لە هەمان کاتیشدا شەپۆلێکی هاوخەمی و پشتیوانیی ناوخۆیی و دەرەکیی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە وای کردووە بەهۆی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە، توێژەر و ئەکادیمی و سیاسییەکان لە ناوخۆی ئێران، ناوچەکە و جیهان هەوڵ بدەن لەوە تێ بگەن، کە لە ئێراندا چی ڕوو دەدات و، ئایا ئەم جارەیش بە هەمان چەشنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی یان ڕاپەڕینەکانی دەیەکانی ڕابردووە و، پاش ماوەیەکی تر کۆتاییی پێ دێت، یان جیاوازە و ئەم جارە دەگاتە ئامانجەکانی و تەنانەت ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی لێ دەکەوێتەوە؟ بۆیە لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر ئەم ڕاپەڕین و شۆڕشە جیاوازە لە ڕابردوو، ئەوە جیاوازییەکانی لە چیدایە و پاش ئەوەیش سیناریۆکانی ئەم ڕاپەڕین و شۆڕشە بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات و چیی لێ دەکەوێتەوە؟

 ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ تیشکخستنە سەر ئەم پرسە و نیشاندان و خستنەڕووی ڕەهەندە شاراوە یاخود پەراوێزییەکانی ئەم شۆڕشە کە وا دەکات جیاوازییەکانی ببینین و بەم پێیەیش لە سروشت و ناوەڕۆک و لێکەوتە و ئەنجامە شیمانەکراو یاخود گریمانەیییەکانی باشتر تێ بگەین.

چوارچێوەیەکی تیۆریی کورت و پێویست

ئەم نووسینە هەوڵێکە لە چوارچێوەی بیرۆکە و تیۆرییە نوێیەکەی مارک بایسینگر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پرینستۆن، لە کتێبە نوێیەکەیدا بە ناوی "شاری شۆڕشگێڕ: بەشاریبوون و گۆڕانی جیهانیی نافەرمانی"دا.[1] مارک بایسینگر لە کتێبەکەیدا، بەرەنگاری ئەو ئالینگارییە بووەتەوە و، بۆ یەکەمین جار کۆمەڵێک داتای دەستی یەکەمی لە هەموو جووڵانەوە شۆڕشگێرییەکان لە ساڵی (١٩٠٠)ه‌وە تا ئێستا کۆ کردووەتەوە و، بە شیکردنەوەی ئەو داتایانە نیشانی دەدات، کە شۆڕشەکان هەم لە فۆرم و هەم لە ناوەڕۆکدا گۆڕاون. بایسینگر تیۆرییەکی نوێ بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵاییسانی شۆڕشەکان، سەرکەوتن و ئەنجامەکانیان دەخاتە ڕوو. چوار دەیە بەر لە ئێستا، کتێبە گرنگەکەی تێدا سکۆچپۆڵ بە ناوی "دەوڵەتان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان"، دەرگه‌یەکی نوێی بەڕووی تیۆری و توێژینەوەکانی شۆڕشدا کردەوە: کتێبە نوێیەکەی بایسینگریش لە ڕووی هەڵسەنگاندنی چەندێتی و ئاماری و، بەریناییی تیۆری و توانای شیکارییەوە، پلەیەکی هاوسەنگی کتێبەکەی سکۆچپۆڵی هەیە و کۆمەڵێک دەرگه‌ی نوێ بەڕووی توێژینەوە دەربارەی شۆڕشدا دەکاتەوە. کۆی داتاکانی بایسینگر زیاتر لە ٣٠٠ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتانی جیاجیا و لە سەرەتای سەدەی بیسته‌مەوە تا ئێستا وەخۆ دەگرێت. لەو داتایانەدا بۆ هەر ئیپیزۆد (بڕگە، بەش)ێکی شۆڕشگێڕانە، ئامانجەکانی شۆڕش، تاکتیکەکانی شۆڕش و مێژووی شۆڕش تۆمار کراوە. بە پشتبەستن بەو داتایانە و وردبوونەوە لە هێندێک بابەتی وەکوو شۆڕشی پرته‌قاڵی (٢٠٠٥) و شۆڕشی شکۆ  (Revolution of Dignity) ٢٠١٤) لە ئۆکراینا و، شۆڕشەکانی میسر و تونس (٢٠١١) و چەند بابەتێکی دیکە، بایسینگر شۆڕشەکانی زیاتر لە یەک سەدەی ڕابردوو تاوتوێ و شرۆڤە دەکات.[2]

لە ڕابردوودا "حزبی سیاسی" تاكە ڕێكخراو یاخود میكانیزم و دەرفەت و چوارچێوەیەك بوو، كە وای دەكرد تاكەكان سەرەڕای وردە-ناسنامە جیاوازەكەیان خۆیانی تێدا ببیننەوە و داواكاری و بەرژەوەندییەكانیان لە ڕێگەی گەیشتنە دەسەڵات یاخود هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دەستەبەر بكەن یاخود لە چوارچێوەیدا دووبارە ناسنامەیەكی نوێ وەربگرنەوە. بەم واتایە كە حزبە سیاسییەكان (بەتایبەت لە وڵاتە نا-دیموكراتییەكان) تاكە ئامرازی دەستەبەركردنی ویست و داواكاری و پاراستنی ناسنامەكان بوون و، هەوڵ دەدرا كە لەم چوارچێوەیدا هەموو كێشە و گرفتەكان چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە. بۆ نموونە حزبە چەپ و كۆمۆنیستەكان بە پێناسەكردن و چوارچێوەیەكی ناسنامەیی بۆ چینی كرێكاران، هەموو كێشە و گرفتەكانیان لەم چوارچێوەیەدا پێناسە دەكرد و ڕێگەچارەیان لە ڕزگاریی ئەم چینە و گرتنەدەستی دەسەڵات دەبینی و، پرس و بابەتەكانی دیكەیان بە پەراوێزی و لاوەكی دەزانی یاخود پێیان وابوو كە پاش گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن پرۆلیتاریاوە هەموو ئەم پرس و بابەت و كێشانە چارەسەر دەبن. كەوابوو، لە ڕوانگەی ئەوانەوە پرسە ئابوورییەكان كرۆكی هەموو پرسەكانی دیكە بوو.

بەڵام ئێستا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لە پاش دەیەی 60ی زایینی سەدەی ڕابردوودا لە بری ڕوانگەی ستراتیژی-تەوەر Strategy Oriented))ی حزبە سیاسییەكان، زیاتر ڕوانگەیەكی ناسنامە-تەوەر (identity Oriented)یان هەیە. باشترین نموونەیش بزووتنەوەكانی مافە مەدەنییەكان و بزووتنەوەكانی مافی دەنگدانی ژنان لە ڕابردوو و بزووتنەوەكانی كەمینە نەتەوەیییەكان، ئایینی و مەزهەبی و ژنان و بزووتنەوەكانی ژینگەیی یاخود سەوزەكان و ئاشتی و دژایەتیی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی و، هەروەها بزووتنەوە جیاوازەكانی ناسنامەیی وەكوو: گەنجان، كۆچبەران، ڕەشپێستەكان یاخود ڕەنگینپێستەكان، دووڕەگەز یاخود هاوڕەگەزخوازەكان و هتد. ئەم تایبەتمەندییە وا دەكات، كە تاكەكان خۆیان لە پرۆسەی خەباتی مەدەنیی خۆیاندا ڕێكخستن بكەن و گرێدراوی هیچ ڕێكخستنێكی دیكە نەبن.

لە چوارچێوەی كۆماری ئیسلامییشدا بەهۆی ناڕەزایەتی و ڕووداوەكانی ئەم دوایییەی شارەكانی ئێران و بەپێی سروشتی سیاسی و یاساییی ئەم سیستەمە سیاسییەی ئێستای ئێران، هەروەها كۆتاییی پرۆژە یاخود گەمەی سیاسیی ڕیفۆرمخوازی-بناژۆخوازی، ڕەوایەتی و مانەوەی ئەم سیستەمە سیاسییە كەوتۆتە ژێر هەڕەشە و مەترسیی جددییەوە. لێرەوە ئەم بزووتنەوە نوێیانە فۆرم و شێوازی ڕووخێنەر وەردەگرن.

بۆ نموونە، بەپێی ئاماری ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران، پشتیوانی لە حیجابی ئیجباری لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە 85% بۆ نزیکەی 35% لە ساڵی 2018 دابەزیوە. لێرەدا پرسی حیجابی زۆرەملێ، یەکێک لەو پرسانەیە کە دەتوانێت بزووتنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی وەگەڕ بخات، چونکە حیجاب بەشێکە لە ناسنامە ئیسلامییەکەی کۆماری ئیسلامی و، دژایەتیکردنی لە لایەک بەشێکە لە دژایەتیکردنی مۆدێل و ستایلی نەریتخوازانەی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ستایلی مۆدێرنی ویستراوی ژنانی ئێرانی و، لە لایەکی تریشەوە بەهۆی ئەوەی کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ناسنامەی کۆماری ئیسلامی لەسەر پیاوسالاری و نەریتی فیقهی دامەزراوە و لەسەر ئەو بنەمایەیش یاسا و سزای بۆ دیاری کراوە، ئەوە ئەم دژایەتیکردنەی حیجاب دەبێته‌ پرسێکی سیاسی. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، چونکە حیجاب وەکوو بەشێک لە ناسنامەی سیستەم و کۆمەڵگەی وێناکراوی ئێستای کۆماری ئیسلامی پێناسە کراوە، هه‌ر بۆیه‌یش لاچوونی ئەم یاسا و ڕێسایانەی تایبەت بە حیجاب، دەبێته‌ ئەکتێکی سیاسی و بۆیە کۆماری ئیسلامی بەتوندی دژی دەوەستێتەوە و تەنانەت ئامادەیە بۆ پاراستنی، مرۆڤ بکوژێت و دەست بۆ سەرکوت ببات. لێرەوە دەردەکەوێت لەم سیستەمەدا هەر پرسێک کە هەڵگری ڕەگەزی دژایەتیی ناسنامەیی بێت، پرسێکی ئاسایشییە بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئێران. هەر بۆیە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە بەرامبەر گێڕانەوەی باڵاکان (metanarrative) و ڕەگەزە ناسنامەیییەکانی کۆماری ئیسلامی، دەتوانێت ڕۆڵی نا-ئاسایشی ببینێت و لە پاڵ فاکتەرەکانی تر، شۆڕشێکی جەماوەریی لێ بکەوێتەوە.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی "شۆڕشی ژنان" یان شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی": کورتمەودا و هەنووکەیی، نێونجی و درێژخایەن

یەکەم- شکستی هەوڵەکانی ڕیفۆرم و چاکسازی لە سیستەمی سیاسی کە بە درێژاییی دەیەکانی ڕابردوو و بەتایبەتی پاش هاتنەسەرکاری خاتەمی وەکوو سەرۆککۆمار، هیوای لەناو نه‌وه‌ی گەنج، قوتابیان، ڕۆشنبیران و چالاکڤانانی مەدەنی و پیشەیی و ژنان و بەگشتی توێژە جیاجیاکان و بەتایبەتی چینی ناوەڕاستی ئێران دروست کردبوو. ئەم هەوڵانە تاوەکوو دەنگدان بە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانی (٢٠١٧-٢٠٢١) بەردەوام بوو، بەڵام هەر جارەو زیاتر لە ڕابردوو پاشەکشە بە داواکاری و ئەکتەرەکان و خەڵک بەگشتی دەکرا. هەر ئەمەیش وای کرد خەڵک بەگشتی و ئەو چین و توێژانە بێهیوا ببن لەوەی کە بتوانن لەم چوارچێوەی سیاسی-دەستووری و ئایدیۆلۆژیایی-ناسنامەیییەدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ و تەنانەت بچووکیش بێننە دی. هەر ئەمەیش وای کرد کە ئەکتی شۆڕشگێڕانە و داواکاری بۆ گۆڕانی ڕیشەیی و بەم پێیەیش ڕووخانی کۆی ئەم سیستەمە تیۆکراسی-ئایدیۆلۆژیایی-فیقهییە، ببێتە دروشم و داواکاریی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان.

دووەم- هەر پەیوەندیدار بە خاڵی یەکەم و وەکوو لێکەوتەیەک، سەرکوتکردنی بەردەوام و داخرانی سیستەمە سیاسییەکەی ئێستای ئێران یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانە؛ بەم واتایە کە قۆناغ بە قۆناغ ئەم سیستەمە بەرەو یەکدەستچوون و داخران ڕۆیشتووە و تا دوایین جار کە بە هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی کۆتاییی پێ هات و هەموو جومگەکانی دەسەڵات لەلایەن بازنەیەکی بچووک و جێگەی متمانە، ناسراو بە ئوسۆڵگه‌را (بنه‌ماخواز) و نیۆ-ئوسوولگەراكانەوە (ئوسوولگەرای نوێ) کۆنترۆڵ کرا و ئەکتەرەکانی تریش کە پابەند بوون بە چوارچێوەی ئێستای سیستەمە سیاسییە ئیسلامییەکە، وەکوو؛ ڕەفسەنجانی، خاتەمی و ڕۆحانی و ئەحمەدی نەژاد و هتد. بەم واتایە پێشووتر کە ڕکابەرایەتییەکان لە نێوان ڕیفۆرمخواز-ئوسۆڵگەراکان بوو، ئێستاکە ئەم ڕێسایە بۆ گەمەی نێوان ئوسوولگەرا-نیۆئوسوولگەراکان گۆڕاوە و بازنەی یارییە سیاسییەکان بچووکتر و تەسکتر کراوەتەوە. لە لایەکی تریشەوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوودا، نەک تەنیا وه‌ڵامی داواکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان نەدرایەوە بەڵکوو بە توندترین شێوه‌ و بە توندوتیژییەکی لەڕادەبەدەر و کوشتن و گرتن و هەڵاتن و ئاوارەبوونی ناڕازی و خۆپیشاندانەکان، کۆتاییی پێ هاتووە.

سێیەم- ئابلوقە و سزاکانی سەر ئێران بە هۆکاری جۆراوجۆر و بەتایبەتی گەمارۆکانی ئەمریکا لە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ و بەبارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ دەستی پێ کردووە و بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانی دەرەوەی سنووری سوپای پاسداران و پرسەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تاوەکوو ئێستا بەردەوامیی هەیە. ئەمەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر توانای وڵامدانەوەی حکوومەت بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی هاوڵاتیان و ژیانی تاکەکان بەجێ هێشتووە. هەر ئەم دۆخە نالەبارە ئابوورییە وای کردووە کە لەم ساڵانەی دواییدا هه‌موو ناڕەزایەتییەك هۆکارەکەی ئابووری بێت یان بەشێکی زۆر لە توێژ و چینە پەراوێزخراو و بێبەشەکان لە ڕاپەڕینەکان بەشدار بن. هەموو ئەمانەیش کۆمەڵگەی ئێرانی کردۆتە بەستێنێکی گونجاو بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و شۆڕشی جەماوەری. هەر ئەمەیش وای کردووە کە پسۆران و ئابووریناسان بەردەوام هۆشداری بدەنە دەسەڵاتداران سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم دۆخە ئابورییە.

چوارەم- گوشار و پەراوێزخستنی ناسنامە ئەتنیکی و مەزهەبی ئایینی و ڕەگەزییەکان  بە درێژاییی مێژووی کۆماری ئیسلامی، بۆتە هۆکاری ئەوەی کە بەردەوام لەلایەن نەتەوە و ناسنامە جیاوازەکانەوە دژایەتیی ناسنامە فەرمی و سیاسەتەکانی ئەم ڕژێمە بکرێت. هەر بۆیە زۆربەی ناڕەزایەتییەکان یان لەو ناوچە و جوگرافیایەوە سەر هەڵدەدات کە شوێنی نەتەوە و ئیتنیک و مەزهەبە جیاوازەکانی ئێرانە یان ئەوەی کە ئەو ناسنامانە بەشداریی کاریگەر و ڕاستەوخۆیان تیایدا هەیە. ئەمەیش وا دەکات کە بزووتنەوە و داواکاری دژی سیستەم لە ئێران، بزووتنەوەیەکی بەهێز و ڕیشەدار بێت. هەر بۆیە لەو شوێنەی کە پەراوێزخستن و سەرکوتکردنی ناسنامە ئیتنیکی و مەزهەبییەکان توندوتیژ بووە، ئەو ناسنامانەیش خاوەن بزووتنەوەیەکی سیاسی-چەکداری بوونە، بۆ نموونە: حزب و بزووتنەوە سیاسی-چەکدارییەکانی کوردەکان، بەلوچەکان و عەرەبەکان.

 لەم نێوەیشدا سەرکوتکردن و پەراوێزخستنی ژنان ڕۆڵی سەرەکیی لە چەسپاندن و جێگیرکردنی ناسنامەی ئایدیۆلۆژیایی-فیقهیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە، بەڵام ئەوەی کە سەرنجڕاکێشە ئه‌وه‌یه‌ کە، یەکێک لە بزووتنەوە بەهێزەکان لە مێژووی ئێران و تەنانەت یەکەمین بزووتنەوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دژی سیستەمی نوێ لەپاش چەند ڕۆژێک لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لەلایەن ژنانەوە بوو کە پرسی ئازادی و حیجابی زۆرەملێ، تەوەری سەرەکی بوو و، ئەمە تاوەکوو ئێستا و سەرهەڵدانی شۆڕشی ناسراو بە "شۆڕشی ژنان" یان "شۆڕشی ژینا" لە ساڵی (2022)  بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام بووە.

پێنجەم- جگە لە هۆکارە جێگیرە سیاسییەکان، ناکارامەییی حکوومەت وای کردووە کە لە ئێران چەندان کێشە و گرفتی گەورە وەکوو؛ جیاوازیی چینایەتی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری، پیسبوونی ژینگە و کەمئاوای و بەبیابانبوون، کۆچی بەکۆمەڵ، هەڵاتنی مێشکەکان و پسپۆر و شارەزایان و خاوەن بڕوانامە بەرزەکان، بەرزبوونەوەی دیاردەی کوشتن، بەرزبوونەوەی جیابوونەوەی ژن و پیاو و بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری، بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو؛ لەشفرۆشی و قاچاخ و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و گەندەڵیی ئابووری و ئیداری، بەگشتی نائاسایشیی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەیی لە ئێران بگاتە لووتکە؛ ئەمانەیش وای کردووە کە کۆمەڵگەی ئێران لە بەردەم تەقینەوەیەکی گەورەی جەماوەریدا بێت.

جیاوازی و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕاپەڕینی "شۆڕشی ژنان" یان شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران

یەکەم؛ نەوەی زێد(Z- Generation)

ڕۆڵی نه‌وه‌ی نوێ (جیلی نوێ) و گەنجان لەم شۆڕشە، یەکێک لە خاڵە بەرچاو و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم شۆڕشەی ئێستای ئێرانییەکانه‌، کە زۆرینەی بەشداربووان لە ناوچە و شارە جیاجیاکان جیلی گەنجانن و خوار ٢٥ ساڵن کە بە جیل یان نەوەی zoomer  یان (GEN-Z) دەناسرێن؛ ئەمە سەرنجی چاودێر و ئەکادیمییه‌ ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەروەها کاربەدەستانی ئێرانیشی ڕاکێشاوە کە ئەم نه‌وه‌یه‌ی کە پەروەردەی کۆماری ئیسلامییە و بە نەوەی سێیەمی ئێرانییەکانی لەدایکبووی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ دادەنرێت، بەڵام ئێستا لە دژی ئەم ڕژێمە و بەرپرسانی باڵا و یاساکانی ئیسلامیی ئێران توندترین کاردانەوەیان هەیە. هەر ئەمەیش وای کردووە کە داواکارییەکانیشیان بەپێی تایبەتمەندییە جیهانییەکانی ئەو نه‌وه‌یه‌، مۆدێرنتر و ڕادیکاڵتر بێت.

دووەم؛ ژن، ژیان، ئازادی

 ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاو و دیاری کچان و ژنان لەم خۆپیشاندانانە، تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم ڕاپەڕینەیە کە وا دەکات بە "شۆڕشی ژنان" بناسرێت؛ هەر بۆیە ئەم خولە لە شۆڕشی ئێرانییەکان بەهۆی لەخۆگرتنی داواکارییەکانی ژنان، بۆتە هۆکاری بەشداریی ژنان و کچان و، هەروەها سەرنجی ڕای گشتیی وڵاتان و میدیا نێوەدەوڵەتییەکانی ڕاکێشاوە. هەروەها ئەمە بۆتە هۆی بەرفراوانبوون و بەشداریی هەموو چین و توێژەکان. بۆیە لە هەموو ناوچەکانی ئێران دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەگوترێتەوە. بۆیە چ لە شەقام و چ لە زانکۆ و ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژنان و کچان ئەکتەری سەرەکیی ئەم خۆپیشاندانانەن و دیمەنی سووتانی چەفییە و لەچک و حیجاب و چوونەدەرەوە بەبێ حیجاب، بەبەرفراوانی دەبینرێت. ئەمەیش جگە لەوەی مانایەکی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی هەیە، لە هەمان کاتیشدا لە کۆماری ئیسلامیدا ڕەهەندێکی گەورەی سیاسیی هەیە.

سێیەم؛ ئاشکرابوون یان بەرجەستەبوونی سنووری دەسەڵات و گەل لە دوو بەرەدا

 پڕکردنەوەی کەلێن و لێکترازانە ئیتنیکی و مەزهەبی و کەلتوورییەکان، تایبەتمەندیی گرنگی ڕاپەڕینی ٢٠٢٢ی ئێرانە، چونکە لەم شۆڕشەی ئەم جارە، هاودەنگی و هاوسۆزییەکی سەرتاسەری لە سەروو هەموو نەتەوە و ئیتنیک و کەلتوور و ناوچەکان دەبینرێت کە پێشووتر بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ ئەوە نەدەبینرا و، لە کاتی خۆپیشاندانه‌كاندا لێکترازانێک لە نێوان نەتەوە و مەزهەب و ناوچەکانی ئێران لە ئارادا بوو، بەتایبەتی لە نێوان کوردستان و ناوچەکانی تر و  تەنانەت لە نێوان تورک و کورد؛ هەروەها له‌ نێوان شارە گەورەکان و شارە پەراوێزییەکانی ئێران. به‌ڵام لەم گەڕەی ناڕەزایەتییەکان ئێمە هاوشێوەیی و لێكچوون لە داواکارییەکان لەلایەن خۆپیشاندەران و، هەروەها تێپەڕین لە داواکاریی سنوورداری ناوچەیی و پیشەیی یان تەنانەت ڕەگەزی، دەبینین. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئەم جارە ئەم ناڕەزایەتییانە بەهۆی هاو-هەڵوێستیی نەتەوەکانی ئێران، بۆتە کێشەیەکی گەورە بۆ حکوومەتی ئێران و بەم پێیەیش زیاتر لە ڕابردوو هەست بە مەترسیی ئاسایشی دەکات.

چوارەم؛  پڕکردنەوەی کەلێن و لێکترازانی ناوخۆ و دەرەوە و یەکگوتاریی ئۆپۆزیسۆنی ڕووخێنەر

 پشتیوانی و پاڵپشتیی بەرفراوانی هاووڵاتی و حزب و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی ئێران، یەکێکه‌ لە سیما جیاوازەکان و تایبەتمەندیی ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٢٢ ئێران و، بە ڕێژەیەکی زۆر بەرفراوان لە دەرەوەی ئێرانیش لە شار و وڵاتە جیاوازەکانی جیهان پشتیوانی لە شۆڕش و خۆپیشاندانە ناوخۆیییەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت؛ تەنانەت خۆپیشاندەران هێرش دەکەنە سەر باڵۆێزخانە و ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی بیانی‌. لەم نێوەندەیشدا کەسانی ناسراو و هونەرمەند و ئەکادیمی و ڕۆژنامەڤان و کەسانی سیاسیی بەناوبانگ تاوەکوو کەسانی ئاسایی، دەبینرێت. هەروەها ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، ئۆپۆزیسیۆنی دەروەی ئێران کە پێشووتر هیچ کات لەگەڵ یەکتر و لەسەر ڕێکخستن و  تەنانەت دروشم و داواکارییەکان یەکگرتوو و هاوهەڵوێست نەبوون، ئەم جارە پێکەوە یەک داواکارییان هەیە کە ئەویش سەرکەوتنی شۆڕش و ڕووخانی ئەم سیستەمەیە و، جیاوازی و ناکۆکییەکانیان وەلاوە ناوە و پێکەوە پشتیوانی لە هاووڵاتیانی ئێرانی دەکەن و تەنانەت هاوکاری لەگەڵ یەکتری دەکەن و، هەر ئەمەیش وای کردووە کە وه‌ڵامی ئەرێنی لە ناوخۆ بۆ داواکاری و بانگەوازەکانیان وەربگرن و  ئیرادە و ورەی ناڕازییەکان و خۆپیشاندەران بەرز ببێتەوە.

پێنجەم؛ پشتیوانیی ڕای گشتی لە وڵاتانی ئازاد و دیموکراسی لە ڕاپەڕینی ئێرانییەکان، یەکێکی تره‌ لە خاڵە جیاوازەکانی ئەم ناڕەزایەتییانە و شەپۆلێکی پشتیوانی لە ناڕازی و خۆپیشاندەران و مانگرتووان و گیراوانی ئێرانی لە ئاستی دەرەوەی ئێران لەلایەن کەسانی بیانی دەبینرێت و، ئەمەیش وای کردووە کە ڕای گشتیی ئەو وڵاتانە و، لە میدیا و ڕاگەیاندن و سۆسیال میدیاوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان بکرێت و، هەروەها داوای پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران و گوێگرتن لە داواکارییەکان بکرێت. تەنانەت بەشێک لەو کەسە بیانییە بەناوبانگانە گوشاریان خستۆتە سەر سیاسەتمەدارانی وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی گوشار بۆ سەر ڕژێمی ئێران دروست بکەن، یان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانه‌وه‌ سزا و ئابڵووقەی توند بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەڵام لە ڕابردوودا ئەمە هیچ کات بەم ئاست و بەرفراوانییە نەبینراوە و، دەکرێت بڵێین هۆکارەکەی بۆ داواکاری و دروشمە پێشکەوتنخوازەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و، هەروەها بەشداریی ژنان و پاڵپشتیی هەموو ئێرانییەکانی ناوخۆ و دەرەوە لەم ڕاپەڕینە دەگەڕێتەوە.

هەرچەندە كۆمه‌ڵێك تایبەتمەندیی تریش وەکوو، گەڕەک-تەوه‌ربوونی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکان، دروشمدانی شەوانە لە شوقە و ماڵەکانەوە، دروشمنووسین لەسەر دیوارەکان و شوێنە گشتییەکان، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لەناو خوێندکارانی قوتابخانەکان و، هەروەها ناڕەزایەتیی بەردەوامی زانکۆ جیاجیاکان لە شارەکانی ئێران، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی کەرتە جیاجیاکان، بەکارهێنانی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گوشار و سزا و سەرکۆنەکردنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەم خۆپیشاندانانە، بەرهەمهێنانی سەدان بەرهەمی هونەری لە شێوازی جۆراوجۆر و بە زمانی جیاواز، چالاکیی بەرفراوانی ڕێکخراو و چالاکان و پسپۆرانی مافی مرۆڤ لە دەرەوە و ناوخۆ، بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتیی جیهانی لە هەمبەر تاوانەکان بەرامبەر بە ڕاپەڕیوان و گیراوان و کوژراوان و دۆکیۆمێنتکردنی توندوتیژییەکان، سەرهەڵدانی نافەرمانیی مەدەنی لەنێو ئێرانییەکان، یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی گرووپە هاکەرییەکان یان ئاکتیڤیستە نەناسراو بەڵام بەناوبانگە نێودەوڵەتییەکان، کاراکردنی "ئینترنێتی ستارلینک" بۆ ئێران لەلایەن ئەمریکا و "ئیلان ماسک"ەوە بە مەبەستی دەربازبوون لە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینترنێت و سانسۆری ئێران و چالاکبوونی بێوێنەی ڕاگەیاندنە فارسزمانەکانی دەرەوەی ئێران و گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان وای کردووە کە، ئەم ڕاپەڕینە سیما و تایبەتمەندیی شۆڕشێکی جەماوەریی هەبێت کە سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی ئەستەم بێت و ئاسۆی گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسیی ئێران ئەگەرێکی حەتمی بێت.

کۆبەند

ئەوەی کە سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە بەهێز دەکات، جگە لە پاڵپشتیی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا، پەیوەستە بە بەردەوامی و بەهێزبوونی خۆپیشاندانەکان و بەشداریی زۆرینەی چین و توێژەکان لەم خۆپیشاندانانەدا. بەڵام بەپێچەوانەوە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی ئەم ڕاپەڕینە دامرکێنرێتەوە و ئیرادە و ورە بداتەوە بە هێزە ئاسایشی و سەربازییەکانی ئێران کە بە کەڵکوەرگرتن لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناڕازی و ڕاپەڕیوان بۆ ماوەیەکی کاتی سەرکوت بکات. هەرچەندە زانیاری و ئاماژەکان لە پاڵ گۆڕانکارییەکان و واقعی کۆمەڵگەی ئێرانی و سروشتی سیستەمی سیاسیی ئێران لە پاڵ ڕەفتار و سیاسەتی ئەم ڕژێمە لە ناوخۆ و دەرەوە پێمان دەڵێن کە، ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی زۆر بەرزە و تەنیا پەیوەستە بە کاته‌وه‌.

 

[1] - Beissinger, Mark. The Revolutionary City: Urbanization and the Global Transformation of Rebellion. Princeton University Press, 2022

[2] - بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

گۆڕانی نافەرمانی لە جیهاندا: شێوە و چییەتیی نوێی شۆڕشە مەدەنییەکان، مارک بایسینگر، کورتکردنەوە و وەرگێڕانی بۆ فارسی: محەمەدعەلی کەدیوەر، وەرگێرانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی. ماڵپەری پێنووس.

http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-13-55/item/2026-2022-10-14-10-11-15

 

 

 

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples