"دەقی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی بەلجیکا سەبارەت بە دانپێدانان بە تاوانەکانی جینۆسایدی ئێزدییەکان"

24, 07, 2021

ئەنجومەنی نوێنەرانی بەلجیکا

بەڵگەنامەی ژمارە ٥٥  ١٧٦٦/٠٠٨

(ئەم دەقی بڕیارەی لەبەردەستاندایە، بە زمانی فەڕه‌نسی و هۆڵەندی داڕێژراوە؛ دەقەکەی خوارەوە لە زمانی فەڕه‌نسییەوە وەرگێڕدراوە)

١٥/٧/٢٠٢١

بڕیار

سەبارەت بە دانپێدانان بە تاوانەکانی جێنۆساید کە بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجام دراون و بەداوداچوون بۆ ئەو تاوانانە و، هەروەها یارمەتیدانی ئێزدییەکان

ئەم دەقە لە دانیشتنی پەرلەمان پەسەند کراوە.

 

(هۆکارەکانی دەرچوواندنی بڕیار) (١)

ئەنجومەنی نوێنەران

  1. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کۆمەڵکوژییە و کردەوە داپڵۆسينانەی کە بە شێوەیەکی تایبەت، ڕێکخراو و توندئاژۆیانە لەلایەن گرووپی تيرۆریستیی داعشه‌وه‌ لە عێراق و لە سووریا ڕووبەڕووی ئێزدییەکان بۆتەوە کە هەوڵیان داوە بۆ لەناوبردنیان؛
  2. بە ڕەچاوکردنی ڕێکكەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕێگەگرتن  و سزادانی تاوانەکانی جينۆساید کە لە ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەم/دێسەمبەری ١٩٤٨ واژوو کراوە؛
  3. بە ڕەچاوکردنی ماددەکانی (١٣٦ زیادکراوی دووەم) و (١٣٦ زیادکراوی پێنجەم) و (١٣٦ زیادکراوی حەوتەم) لە کۆدی یاساییی سزادانی بەلجيكا کە سزای بۆ تاوانی جينۆساید داناوه‌؛
  4. بە ڕەچاوکردنی پەيڕەوی بنەڕەتیی دادگه‌ی تاوانکاریی نێودەوڵەتی کە لە ڕۆژی ١٧ تەمووز/يۆليۆ ١٩٩٨ دەرچووە و بەلجيکا پەسەندی کردووە و بەپێی ئەم پەيڕەوی بنەڕەتییە، تاوانی جينۆساید پێویستە دادگه‌یی بکرێت و تاوانەکان لەگەڵ کاتدا تێ ناپەڕن؛
  5. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نییەتە ڕێکخراوەیەی هەبووە بۆ لەناوبردنی ئێزدییەکان کە ئەمەیش پێکهێنەری تاوانی جينۆسایدە؛
  6. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چەكدارە تيرۆریستە بیانییە بەلجيکییەکان، بەشدار بوون لەو هێرشانەی کە دژی کۆمەڵگه‌ی ئێزدییەکان ئەنجام دراوە و، هەروەها زۆریش گرنگە کە ڕاستییەکان بەدەر بکەون و لێکۆڵينەوە لە تاوانبارانی ئەو تاوانانە بکرێت؛
  7. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو بەدواداچوونانەی بۆ ئەم تاوانە ئەنجام دەدرێت، دەکرێت دژی هاووڵاتیانی بەلجيکی ئەمجام بدرێت کە لە کردەوە تيرۆریستیەکانی گرووپی تيرۆریستیی داعشدا بەشدار بوون؛
  8. بە ڕەچاوکردنی ڕاپۆرتی کۆمیسيۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی سووریا لە ١٦/٦/ ٢٠١٦، ناونیشانی ڕاپۆرتەکە بەم شێوەیە بوو: "ئەوانە هاتن بۆ لەناوبردن: تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان"؛
  9. بە ڕەچاوکردنی ڕاپۆرتی "هيومان ڕایتس وۆچ" لە ٥/٥/٢٠١٧ بە ناونيشانی "بەرپرسیارێتی لە تاوانەکانی داعش لە عێراق"؛
  10. بە ڕەچاوکردنی ڕاپۆرتی فيدراسيۆنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە مانگی ١٠ی ٢٠١٨ لەسەر ڕۆڵی جيهادییە بيانییەکانی گرووپی تيرۆریستیی داعش لە ئەنجامدانی تاوانی سێکسی دژی کۆمەڵگه‌ی ئێزدی؛
  11. بە ڕەچاوکردنی ڕاپۆرتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" لە ڕۆژی ٢٧/٧/٢٠٢٠ بە ناونیشانی "ميراتی تيرۆر؛ نەهامەتیی منداڵانی ئێزدیی ڕزگاربوو لە داعش" لەسەر بابەتی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی کە دژی ئێزدییەکان ئەنجام دراون.
  12. بە ڕەچاوکردنی بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپی لە ٤/٢/٢٠١٦ لەسەر بابەتی کۆمەڵکوژیی ڕێکخراوی کەمایەتییە ئایینییەکان لەلایەن بەناو گرووپی داعش؛
  13. بە ڕەچاوکردنی ڕاپۆرتی US Holocaust Memorial Museum لەسەر جينۆساید و تاوانەکانی دژەمرۆڤایەتی بە ناونیشانی "نەوەکانم چوون؛ بەئامانجگرتنی کەمایەتییە عێراقییەکان لە نەینەوا لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی"؛
  14. بە ڕەچاوکردنی بڕیاری ٢١٧٠ (٢٠١٤)ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ١٥/٨/٢٠١٤ سەبارەت بە ئیدانەکردنی ئەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە لەلایەن گرووپە توندئاژۆکانه‌وه‌ لە عێراق و سووریا ئەنجام دراون؛
  15. بە ڕەچاوکردنی بڕیاری ٢٣٨٨ (٢٠١٧)ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ٢١/١١/٢٠١٧ سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ لە کاتی جەنگدا؛
  16. بە ڕەچاوکردنی بڕیارەکانی بەڵگەنامەی ژمارە ٥٤ ١٩٧٥/٠٠٨ و بەڵگەنامەی ژمارە ٥٥ ٠٩٦٧/٠١١ سەبارەت بە پاراستنی کەمایەتییە ئایینی و هزرییەکان لە ئەفریقای باکوور و ڕۆژهەڵاتی نزیك و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ٢٠/٧/٢٠١٧ و لە ٢/٧/٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کراوە، بە ڕەچاوکردنی بڕیاری بەڵگه‌نامەی ژمارە ٥٣ ٣٤٨٧/٠٠٥ سەبارەت بە پاراستنی کۆمەڵگه‌ی کریستیانەکان و کەمایەتییە ئایینی و هزرییەکان لە ئەفریقای باکوور و ڕۆژهەڵاتی نزیک و و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ٢٣/٤/٢٠١٤ ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی کردووە، بە ڕەچاوکردنی بڕیاری بەڵگەنامەی ژمارە ٥٢ ٢٠٣١/٠١١ سەبارەت بە ژیانەوەی کۆمەڵگه‌ی کریستیانەکان و پێکهاتە ئایینی و هزرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نزیك و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە شوێنەکانی تری جیهان کە لە ٢٨/١/٢٠١٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە؛
  17. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی ئێزدییەکان نەیانتوانیوە بچنەوە سەر ماڵوحاڵیان سەرەڕای ئەو ڕێکكەوتننامەیەی لە نێوان دەسەڵاتدارانی كوردستانی عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا كراوه‌؛(٢) ئەمەیش بەهۆی ئامادەبوونی میلیشیا شيعییەکان کە لەوانەیە هەڕەشە بن بۆ سه‌ر ئاسایش؛
  18. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە نالەبارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە کەمپەکانی کوردستانی عێراق دانیشتوون.
  19. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشێلکارییە تایبەتییانەی ڕووبەڕووی ئافرەتان بۆتەوە، بەتایبەتی دەستدرێژیی سێکسی و کۆیلایەتیی سێکسی و بازرگانیپێکردن. ئەم ئافرەتانەیش پێویستیان بە هاوکاریی تایبەت هەیە.
  20. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشێلکارییە تایبەتییانەی ڕووبەڕووی منداڵان بۆتەوە، بەتایبەتی ئايينگۆڕینی بەزۆر، مەشقپێکردنیان بۆ جەنگ و بۆ تيرۆر. ئەم منداڵانەیش پێویستیان بە هاوکاریی تایبەت هەیە.
  21. بە لەبەرچاوگرتنی ڕاپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خستنەڕووی بەرپرسیارێتیی تاوانەکانی گرووپی تيرۆریستیی داعش (UNITAD) لە ١/٥/٢٠٢١ بە ناونیشانی "شەشەم ڕاپۆرتی ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خستنەڕووی بەرپرسیارێتیی تاوانەکانی گرووپی تيرۆریستیی داعش (UNITAD)"، کە لەم ڕاپۆرتەدا ڕایان گەیاند کە بەڵگەنامەی ڕوون و قەناعەتپێکەر هەیە کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییه‌وه‌ جينۆساید دژی ئێزدییەکان-وەکوو گرووپێکی ئایینی- ئەنجام دراوە؛
  22. بە ڕەچاوکردنی ئەو دۆخە تایبەتییەی هەندێك ئافرەتانی ئێزدی کە تووشی دەستدرێژیی سێکسی هاتبوون، کاتێك دەستگير کرابوون و منداڵیان بووە و، کۆمەڵگەی ئێزدی ئەم منداڵانەی قبووڵ نه‌كردووه‌؛
  23. بە ڕەچاوگرتنی ئەو ئەنجامانەی کە تيمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خستنەڕووی بەرپرسیارێتیی تاوانەکانی گرووپی تيرۆریستیی داعش (UNITAD) کە لە ١٠/٥/٢٠٢١ پێشکەشیان کردووە و ئەم ئەنجامانە بەڵگەنامەی ڕوون و قەناعەتپێهێنەرن کە جينۆساید لەلایەن گرووپی تيرۆریستیی داعشه‌وه‌ دژی ئێزدییەکان ئەنجام دراوه‌؛
  24. بە ڕەچاوگرتنی دۆکترینی بەرپرسیارێتیی پاراستن (R2P) کە بە کۆدەنگی لە لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٥ پەسەند کرا؛ ئەم دکتۆرینە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بەرپرسیارێتیی ڕێگەگرتن لە جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و سڕينەوەی نەژادی و تاوانەکانی دژەمرۆڤایەتیی لەسەرە، کاتێك دەسەڵاتدارانی نیشتمانی ڕێگر نەبن؛
  25. بە ڕەچاوکردنی یاسای Iraq and Syria Genocide Relief and Accountability Act کە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ پەسەند کرا، کە هاوکاریی مرۆییی پێشکەش بەو قوربانیانه‌ كرد كه‌ به‌ده‌ستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا جینۆساید كرابوون؛
  26. بە ڕەچاوگرتنی یاسای ڕزگارکراوانی ئێزدی کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقی لە ١/٣/٢٠٢١ پەسەند کراوە؛ لەم یاسایەدا ئاماژە دراوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی گشتگير بۆ قەرەبووکردنەوە و دووبارە گەڕاندنەوەی کۆمەڵگه‌ی ئێزدی؛ بۆ نموونە دابينکردنەوەی خوێندن و چارەسەری پزیشکی و جێی نیشتەجێبوون؛
  27. بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامەی ئەڵمانی بە مەبەستی شایەتیدانی ئێزدییەکان؛(٣)

 

(دەقی بڕیار)

  1. ئەنجومەنی نوێنەران(٤) دان بەو جينۆسایدەدا دەنێت کە لەلایەن گرووپی تيرۆریستیی داعشه‌وه‌ لە عێراق و سووریا دژی ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤وە ئەنجام دراوە و، هەروەها ئیدانەی دەکات.
  2. داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات:
    1. تاوەکوو دانپێدانانێکی یاساییی تەواو بۆ ئەم جينۆسایدە دەردەچێت؛ ئەمیش لە دوای حوکمێکی دادوەریی یەکلاکەرەوە لە پرۆسەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف لەسەر بەرپرسیارێتیی ئەنجامدەرانی ئەم جينۆسایدە، حکوومەت بە شێوەیەکی سیاسی دان بەم جينۆسایدەدا دەنێت کە گرووپی تيرۆریستیی داعش لە عێراق و سووریا دژی کۆمەڵگه‌ی ئێزدی ئەنجامی داوە، کە لە ساڵی ٢٠١٤وە دەستی پێ كردووە؛
    2. حکوومەت گشت ڕێگه‌ یاسایییه‌ ناوخۆیییه‌كان و ڕێگه‌ یاسایییه‌ نێودەوڵەتییه‌كان بەکار دێنێت بۆ گەرەنتیکردنی ئەوەی کە تاوانەکانی دژی ئێزدی لە عێراق و سووریا کە لەلایەن گرووپی تيرۆریستیی داعشه‌وه‌ ئەنجام دراون، بەبێ سزا نەمێننەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بۆ چالاکكردنی هەماهەنگی لە نێوان دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و دەوڵەتانی تری هاوڕا، ڕۆڵێكی تەواوی نێودەوڵەتی بگێڕێت.
    3. لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکوومەت هەوڵ و تەقەڵڵایەکی چالاکانە بدات بە مەبەستی پەسەندکردنی بڕیارێك لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە تیایدا ئەم تاوانانە بخرێنە پێش دادگه‌ی تاوانکاریی نێودەوڵەتی، یان دروستکردنی دادگه‌یەکی تایبەت یان تێکەڵ بۆ دادگه‌ییکردنی ئەم تاوانانە؛
    4. حکوومەت پاڵپشتیی ئەو هەوڵە دادوەرییانە دەدات و هانیان ده‌دات بۆ دۆزینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو بەلجيکییانەی کە ئەنجامدەری ئەو جۆرە تاوانانە بوون کە دژی کۆمەڵگه‌ی ئێزدی ئەنجام دراون؛ هەروەها حکوومەت هەماهەنگ دەبێت لەگەڵ UNITAD بۆ کۆکردنەوە و گۆڕینەوە و هەڵگرتنی ئەو بەڵگەنامەی پەیوەندیی بەم جينۆسایدەوە هەیە؛
    5. حکوومەت هانی حکوومەتی عێراقی دەدات بە مەبەستی ئەندامبوون لە دادگه‌ی تاوانکاریی نێودەوڵەتی؛
    6. حکوومەت بەشدار بێت لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بە ویستی خۆیان بۆ شار و شارۆچکەکانیان، بەتایبەتی لە ڕێگه‌ی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکكەوتننامەیەی لە نێوان حکوومەتی كوردستانی عێراق و حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا گرێ دراوە؛ هەروەها حكوومەت پێشنیاری چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ڕێکكەوتننامەیە بکات؛
    7. حکوومەت هانی حکوومەتی عێراقی بدات بۆ جێبەجێکردنی یاسای عێراقی سەبارەت بە ڕزگاركراوانی ئێزدی کە لە ١/٣/٢٠٢١ دەرچووە؛
    8. حکوومەت بەشدار بێت لە ئاوەدانکردنەوەی شار و شارۆچكە وێرانکراوەکان لە ڕێگه‌ی پێدانی بڕێك پارەی بەردەوام؛ هەروەها هانی گەڕاندنەوەی ئەو سامانانە بدات کە لەدەستی کۆچبەرانی ناوخۆیی چووە؛
    9. پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆییی تایبەت بەو گرووپانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژیی سێکسی، کۆيلایەتیی سێکسی و مامەڵەی نامرۆڤانە بوونەتەوە:
      1. ديراسەکردنی ئەگەری ئەوەی چۆن بەلجيکا بەشدار بێت لە سندووقی ئۆفيسی کاروباری هەماهەنگیی مرۆیی و بەشداریکردنی لە جێبەجێکردنی یاسای عێراقی سەبارەت بە ڕزگاربووانی ئێزدی؛
      2. سەرەڕای دابينکردنی هاوکاریی مادی، هەوڵ بدرێت بە دابينکردنی پشتيوانییەکی دەروونی لە ڕێگه‌ی ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئێزدییەکان بۆ دەربازبوون لە نەهامەتییەکانیان؛
    10. لە کاتی پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییانە، پێویستە پێداویستییە تایبەتمەندەکانی قوربانیان لە بواری تەندروستیی دەروونی ڕەچاو بکرێت؛ هەروەها دانان و پشتگيریکردنی ئەو بەرنامانەی تایبەتن بە دەروونی ئه‌و منداڵانانه‌ی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسین یان خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە یان ئەو منداڵانەی بەزۆر خزمەتی سەربازییان بۆ خەلافەت کردووە؛ هەروەها سەبارەت بەو منداڵانە، پێویستە ديراسەی ئەوه‌ بکرێت کە چۆن بەلجيکا هاوکار بێت بە دوورخستنەوەیان لە توندوتیژی، یان ئاسانکاری بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگه‌ی ئێزدی؛
    11. بە هەماهەنگی لەگەڵUNHCR و یەکێتیی ئەوروپا، ئامادەکردنی ئۆپەراسيۆنێك بۆ ئافرەتانی ئێزدی کە دەخوازن لەگەڵ منداڵەکانیان بن؛ ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسی لە گرتووخانەکان لەدايك بوون؛
    12. ديراسەی ئەوه‌ بکرێت کە چۆن بەلجيکا بتوانێت پشتيوان بێت لە چوارچێوەی کارێکی فرەلایەنی، بۆ هەوڵی ئازادکردنی ئافرەتانی ئێزدی و منداڵەکانیان، کە هێشتا له‌ژێرده‌ستی گرووپی تيرۆریستیی داعشدان.

 

بروکسل، ١٥/٧/٢٠٢١

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران

ئێلیان تێليۆ

سەرۆکی ديوان (ئەمینداری گشتی)ی ئەنجومەنی نوێنەران

مارك ڤان دێر هۆڵست

وەرگێڕانی لە زمانی فەڕه‌نسییەوە، د. بڕیار شێرکۆ بابان/پرۆفيسۆری یاریدەدەر لە یاسای گشتی

 

تێبینی:

١- بەپێی سیستەمی یاسادانانی بەلجيکی، هۆکارەکانی دەرچوواندنی بڕیار لە سەرەتاوە دێن و زۆر بەوردی کاری لەسەر دەکرێت – (وەرگێڕ)

٢- مەبەست لەو ڕێکكەوتننامەیە کە لە ٩/١٠/٢٠٢٠ لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراقی و هەرێمی کوردستان و بە پشتگيریی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرباره‌ی دۆخی کارگێڕی و ئاسایشیی شەنگال واژوو کرا، بەڵام تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە  – (وەرگێڕ). 

٣-  سەرەڕای سەردانیکردنی دوو پەرلەمانتاری بەلجيکی کە لە پشت دەرچوواندنی ئەم بڕیارە بوون بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەلجيکا ئاماژە نەکراوە بە بڕیاری ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان دەربارەی دیاریکردنی ڕۆژی (٣/٨/٢٠١٤) وەک ڕۆژی کۆمەڵکوژی (جينۆساید)ی ئێزدییەکان – (وەرگێڕ)

٤- لەم خاڵەوە تاوەکوو کۆتایی، دەقی بڕیارە پابەندکەرەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەلجيکایە.

Last modified on دوو شەممە, 26 تەمموز 2021 11:12
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples