جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان

16, 12, 2018

جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان

Convention on the Rights of the Child

 

بە بڕیاری كۆمەڵەی گشتیی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە ژمارە (44/25)، لە ڕێكەوتی 20ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 1989 دەرچووە

 

ماددەی (1)

بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان، بە كەسێك دەگوترێ منداڵ كە تەمەنی لە هەژدە ساڵ كەمتر بێت.

ماددەی (2)

ئەو وڵاتانەی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵانیان پەسەند كردووە، بەڵێن دەدەن كە ڕێز لە هەموو مافەكانی منداڵان بگرن بەبێ هیچ جیاكارییەك بە هۆی ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، ڕەنگی پێست ‌و زمان. وڵاتانی نێو جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵانیش، هەموو ئامراز ‌و میكانزمێكی گونجاو دەگرنە بەر بۆ گەرەنتی ‌و پاراستن ‌و جێبەجێكردنی مافەكانی منداڵان.

ماددەی (3)

لە هەموو كارێكدا كە پەیوەستە بە منداڵان، ئیدی ئەگەر دامەزراوەی چاودێریی كۆمەڵایەتیی گشتی ‌و تایبەت ئه‌نجامی بدات، یان دادگه‌ ‌و دەسەڵاتە كارگێڕییەكان دەبێت ماف ‌و بەرژەوەندیی منداڵان لەبەرچاو بگیرێت و، ئەگەر هات و دایك و باوكیش لە پەروەردەكردن و چاودێریكردنی منداڵاندا كەمتەرخەمی بكەن، ئەوا ئەركی دەسەڵات و حكوومەتە تەواوی مافەكانیان بپاڕێزێت.

ماددەی (4)

دەبێت هەموو وڵاتانی بەشدار لەم جاڕنامەیە بۆ بەڕێوەبردن ‌و جێبەجێكردن و بەكردەییكردنی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان، هەموو هەوڵی خۆیان بدەن؛ بەتایبەتی ئەو مافانەی كە پەیوەستن بە مافە ئابووری ‌و كۆمەڵایەتی ‌و ڕۆشنبیرییەكانەوە.

ماددەی (5)

ئەو وڵاتانەی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵانیان پەسەند كردووە، بەڵێن دەدەن كە ڕێز لە ماف و ئەركەكانی دایك و باوك و كەسانی سەرپەرشتیاری منداڵان بگرن، كاتێك كە پەروەردەكردنی منداڵانیان لە ئەستۆدایە.

ماددەی (6)

هەموو منداڵێك مافی ژیانی هەیە و، ئەركی دەوڵەت ‌و دەسەڵاتیشە بە هەموو توانایەوە مافی ژیان و گەشەی سروشتیی منداڵان دابین بكات ‌و بپارێزێت.

ماددەی (7)

منداڵان مافی ئەوەیان هەیە ناو و پێناسەی نەتەوایەتیی دیاریكراوی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بۆیە دەستبەجێ دوای لەدایكبوونیان، پێویستە دایكان و باوكان "ناسنامەی باری كه‌سی"یان بۆ وەربگرن و، ده‌بێت دەوڵەتیش هەموو ڕێكارێك بۆ پێدانی ئەم مافە بە منداڵان بگرێتە بەر.

 

ماددەی (8)

ئەو وڵاتانەی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵانیان پەسەند كردووە، بەڵێن دەدەن كە ڕێز لە مافی منداڵ لە پاراستنی ناسنامەكانی منداڵ بگرن، كە بریتین لە: ناو، جۆری نەتەوەكەی و جۆری بنەماڵەكەی.

ماددەی (9)

منداڵان مافی ئەوەیان هەیە كە لەگەڵ دایك و باوكیاندا بژین و، كەس بۆی نییە بەزۆر لە دایك و باوكیان داببڕێنێت ‌و جیایان بكاتەوە، مەگەر ئەوەی ئەم جیاكردنەوەیە بەسوودی منداڵەكە بێت. دەوڵەتیش دەبێت هەموو مافێكی ئەو منداڵانە دابین بكات كە بە هۆی جیابوونەوەی دایك و باوكیانەوە بەتەنیا ماونەتەوە، یاخود بە هۆی مردنی دایك و باوكییەوە تەنیا بوون.

ماددەی (10)

لە حاڵەتی دووربوونی منداڵ لە دایك و باوكی، مافی ئەوەی هەیە پێیان شاد ببێتەوە. واتە ئەگەر منداڵێك دوور لە دایك و باوكی بوو، مافی ئەوەی هەیە بۆ پەیوەستبوونەوەی بە بنەماڵەكەی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە بچێت و ئەگەر لە وڵاتێكی دیكەیش بوو، دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی.

ماددەی (11)

وڵاتانی بەشدار لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان، دەبێت هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرنە بەر تاكوو ڕێگە بە دایك و باوك و تەواوی ئەو كەسانە نەدرێ‌ كە منداڵ بە شێوەی نایاسایی ‌و زۆرەملێ‌ لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دەگوازنەوە.

ماددەی (12)

هەموو منداڵێك مافی ئەوەی هەیە بیر و ڕای خۆی لەبارەی هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندیی بە منداڵەوە هەیە، دەرببڕێت؛ جا چ لە ماڵ بێ، یان لە قوتابخانە یان لە هەر شوێنێكی دیكە بێت. دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی گەشەی مێشكی و زەینیان، ڕێز لە بۆچوونەكانیان بگیرێت و گرنگی بە بیر و بۆچوونەكانیان بدرێت.

ماددەی (13)

منداڵان مافی ئەوەیان هەیە بیروباوەڕەكانی خۆیان بەئازادی باس بكەن. واتە مافی منداڵە كە لە ناو خێزانەكەی و پۆل و قوتابخانەكەیدا، بتوانێ بەوپەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە ڕای خۆی بكات و، لەو پرسە گرنگانەیش، كە پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی خۆیەوە هەیە، پەراوێز نەخرێت و، گوێ بۆ خواستەكانی بگیرێت و، دەنگ و ڕا و بۆچوونیشی بەهەند وەربگیرێت. سەرەڕای ئەوەیش هەموو منداڵێك بۆی هەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەكان و سنوورەكان ئەو زانست و زانیارییانەی كە دەیەوێت بە دەستی بگات.

ماددەی (14)

وڵاتانی بەشدار لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان، ڕێز لە پیادەكردنی مافی ئایینی دەگرن؛ بە جۆرێك كە منداڵانی هەر ئایینێك، مافی ئەوەیان هەیە كە ڕێوڕەسمە ئاینییەكانی خۆیان بەئازادانە بەڕێوە  ببەن و، دەوڵەت ‌و دەسەڵاتیش دەبێت ڕێز لەم مافەیان بگرێت.

ماددەی (15)

دەبێت دەوڵەتان دان بەو مافەدا بنێنن كە ڕێگە بدات بە منداڵان كە بەیەكەوە پەیوەندی و هاوڕێیەتییان هەبێت و، بەیەكەوە گرووپ پێك بهێنن. واتە منداڵان مافی ئەوەیان هەیە كە لەگەڵ هاوڕێكانیاندا ڕێك بەون و، كۆمەڵەی تایبەت بە خۆیان دروست بكەن و، داوا و پێداویستییەكانیان بخەنە ڕوو.

ماددەی (16)

منداڵان مافی ئەوەیان هەیە كە چوارچێوەیەكی یاساییی تاكەكەسیی تایبەت بە خۆیان هەبێت، تاكوو هیچ كەسێك بۆی نەبێت بەبێ مۆڵەتوەرگرتن یان بە شێوەی نایاسایی دەست وەربداتە كاروبارە تایبەت و تاكەكەسییەكانی ‌و، لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكات.

ماددەی (17)

منداڵان مافی ئەوەیان هەیە كە لە ڕێگه‌ی كەناڵە جۆربەجۆرەكانی وەكوو كتێب، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و...، دەستیان بە زانیاریی پێویست بگات. لەگەڵ ئەمەیشدا دەبێت هانی ناوەندە میدیایی و چاپەمەنیەكانیش بدرێت كە زۆرترین زانیاری و بەرنامە و كتێب لە بواری منداڵاندا چاپ بكەن.

ماددەی (18)

گرنگترین و سەرەكیترین ئەركی ئەستۆی دایك و باوك و بەخێوكەرانی منداڵ ئەوەیە، كە پێكەوە هاوكاریی منداڵان بكەن و، بەدروستی پەروەردەیان بكەن ‌و، بایەخیان پێ بدەن. دەوڵەت ‌و دەسەڵاتیش دەبێت لەم پەیوەندییەدا یارمەتیی دایك و باوكان بدات.

ماددەی (19)

وڵاتانی بەشدار لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان، دەبێت هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرنە بەر تاكوو ڕێگه‌ نەدرێت دایكان و باوكان یان هەر كەسێكی دیكە توندوتیژی لەگەڵ منداڵان بكەن و ڕفتاری خراپیان لەگەڵدا بكەن، بۆ ئەوەی منداڵان بەلاڕێدا نەبرێن. هه‌روه‌ها دەبێت دەوڵەت ‌و دەسەڵات ‌و تەواوی دەزگەكانی ڕاگەیاندن كاری پێویست بۆ ئەم بابەتە بكەن، تاكوو منداڵان لە شەڕ و ئاژاوە و لە زەبروزەنگ و ئەشكەنجە بپارێزرێن.

ماددەی (20)

ئەو منداڵانەی كە دایك ‌و باوك ‌و بنەماڵە و كەسوكاریان نەماوە، دەبێت دەوڵەت شوێنگرەوەی باشیان بۆ بدۆزێتەوە ‌و، قەرەبووی ئەو دۆخە ناهەموارەیان بۆ بكاتەوە و لە هەموو ڕوویەكەوە یارمەتییان بدات، وەكوو: پڕكردنەوەی پێداویستییە ڕۆژانەیییەكانیان ‌و خوێندن ‌و بیمەی تەندروستی ‌و پەروەردە ‌و خوێندن.

ماددەی (21)

لەو وڵاتانەی كە تیایدا سیستەمی لەخۆگرتنی منداڵی بێباوك ‌و دایك بوونی هەیە، دەبێت ئەو لەخۆگرتنی منداڵە بێباوك ‌و دایكە بە لەبەرچاوگرتنی باشترین سوودەكان بێت بۆ ئەو منداڵانە و ئەو خەڵكانەیش كە وەها ئەركێك لەئەستۆ دەگرن، دەبێت بە ئاگاداریی لایەنە پێوەندیدارەكان و بە چاودێریی یاسا ئەم كارە بكەن.

ماددەی (22)

هەر منداڵێك كە بەناچاری وڵاتی خۆی بەجێ هێشتبێت و ڕۆیشتبێت و لە وڵاتێكی نوێدا بووبێتە پەنابەر، دەبێت لەو وڵاتە نوێیەدا وەك هەموو منداڵەكانی ئەو وڵاتە مافی هەبێت. واتە چ لەگەڵ بنەماڵەكەیان بن و چ بەتەنیا بن لە كاتی پەنابەرێتییاندا، پێویستە چاودێرییان بكرێت. ئەگەر بەتەنیا بوون، ئەوە دەبێت ئەو لایەن و ڕێكخراوە پێوەندیدارانە هەوڵ بدەن بە زووترین كات بە بنەماڵەكانیان شادیان بكەنەوە. بەگشتی دەوڵەتان بە هاوكاریكردنیان لەگەڵ ئەو ڕێكخراو و لایەنانەی كە لەم بوارەدا چالاكی دەكەن، دەبێت منداڵانی پەنابەر بپاڕێزن و ئاگاداریان بن.

ماددەی (23)

منداڵانی خاوەنی پێداویستییە تایبەتییەكان، مافی خۆیانە لەژێر چاودێریی تایبەتدا بن. ئەم جۆرە منداڵانە مافی ئەوەیان هەیە كە كەڵك لە پێداویستی و كەرەستەكانی خوێندن ‌و فێركاریی باش وەربگرن و بۆیان دابین بكرێت؛ پێویستیشە پێداویستییە تایبەتییەكانی گەشەكردنی بۆ دابین بكەن و، گه‌ره‌نتیی ڕێز و شكۆداری و سەروەرییان بكرێت و، پشتیوانییان لێ بكەن.

ماددەی (24)

منداڵان مافیان هەیە لە چارەسەری و چاودێری و خزمەتگوزارییە پزیشكییەكان كەڵك وەربگرن و، دەوڵەت ‌و دەسەڵاتیش دەبێت هەوڵ بدات ئەو مافەیان بۆ دابین بكات.

ماددەی (25)

ئەركی دەوڵەت ‌و دەسەڵات ‌و حكوومەتە كە لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو خێزان ‌و بنەماڵانە بكات كە بڕیاریان داوە بەخێوكردنی منداڵێكی بێسەرپەرشت ‌و بێدایك ‌و باوك لە ئەستۆ بگرن ‌و، دواتر دەبێت بە شێوەیەكی بەردەوام ئاگاداری ژیانی ئەو منداڵە بێت و بیخاتە ژێر چاودێری و پارێزگارییەوە.

ماددەی (26)

مافی منداڵانە كە لە تەواوی قۆناغی منداڵیدا سوود لە بیمەی كۆمەڵایەتی وەربگرن.

ماددەی (27)

هەموو منداڵێك مافی ئەوەی هەیە كە ژیانی لە بارودۆخێكی باشدا بێت، بۆ ئەوەی دۆخێكی گونجاو بۆ گەشەی تواناكانی و گەشەی جەستەیی، زەینی، دەروونی، كەسایەتی و كۆمەڵایەتی بڕەخسێت.

ماددەی (28)

خوێندن ‌و فێربوون مافی هەموو منداڵێكە. ئەوە مافی خۆیانە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو بارودۆخێك، كەڵك لە ئیمكانیاتی باشی فێركاری وەربگرن. دەوڵەت ‌و دەسەڵاتیش دەبێت دەرفەتی خوێندنی سەرەتایی و خۆڕایی و بێچەندوچۆن بۆ هەموو منداڵێك بڕەخسێنێت تاكوو فێری خوێندنەوە و نووسین ببن.

ماددەی (29)

ئامانجی پەروەردە و فێركردن، دەبێت گەشەدان بە كەسایەتی و تواناكانی منداڵان بێت بە باشترین و چاكترین شێوە؛ ئەم گەشەیەیش دەبێت منداڵان بۆ هەبوونی ژیانێكی پڕجمووجۆڵ لە كۆمەڵگه‌یەكی ئازاد و سەربەست ئامادە بكات.

ماددەی (30)

منداڵان لە هەر ڕەگەز ‌و نەتەوە و ئایینێك بن، مافی ئەوەیان هەیە كە كه‌لتووری تایبەت بە خۆیان هەبێت ‌و، ڕێوڕەسمە تایبەتەكانی خۆیان بەڕێوە ببەن و بە زمانی دایكیی خۆیان قسە بكەن.

ماددەی (31)

هەموو منداڵێك مافی یاریكردن و خۆشگوزەرانیی هەیە. منداڵان مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لە چالاكییە كه‌لتووری، هونەری ‌و وەرزشییەكاندا بكەن.

ماددەی (32)

هیچ كەس بۆی نییە منداڵان ناچار بە كارگەلێك بكات كە گەشەی جەستەیی و دەروونییان دەخاتە مەترسییەوە. ئەركی وڵاتان لەم باره‌وه‌ ئەوەیە، بەرزترین و نزمترین دۆخ و تەمەنی كاری بۆ منداڵان دەستنیشان بكەن.

ماددەی (33)

وڵاتانی بەشدار لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان، دەبێت هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرنە بەر تاكوو ڕێگه‌ نەدرێت منداڵان بە لای ماددە هۆشبەرەكانه‌وه‌ و هەر ماددەیەكی سڕكەر و بێهۆشكەری تر بچن و، نابێت لە كڕین و فرۆشتنی ئەم ماددانەدا منداڵان بەكار بهێنرێن.

ماددەی (24)

وڵاتانی بەشدار و دەسەڵاتەكانیان ئەركی چاودێریكردنی منداڵانیان لە ئەستۆیە بۆ ئەوەی كەس نەتوانێ دەستدرێژیی سێكسییان بكاتە سەر. بۆیە پێویستە منداڵان لە دەستدرێژیی سێكسی بپارێزن و، زۆر بەتوندی سزای ئەو كەسانەیش بدرێ، كە دەستدرێژی دەكەنە سەر منداڵان.

ماددەی (35)

وڵاتانی بەشدار لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان بەڵێن دەدەن، كە كەس مافی ئەوەی نییە منداڵان بدزێت یان بیانكڕێت و بیانفرۆشێت. دەسەڵات دەبێت هەوڵ و كاری پێویست بۆ پێشگیری لە دزران و كڕین و فرۆشی منداڵان ئەنجام بدات.

ماددەی (36)

منداڵ دەبێت لە هەر  چەشنە بەكارهێنانێك كە تەندروستی و گەشەی دەخاتە مەترسییەوە بپارێزرێت و چاودێری بكرێت.

ماددەی (37)

هیچ منداڵێك نابێ ئەشكەنجە بدرێت یان بە شێوەیەكی نایاسایی قۆڵبەست بكرێت. نابێ ستەمكارانە لەگەڵ هیچ منداڵێك مامەڵە بكرێت ‌و، وەك تاوانبارێك هەڵسوكەوتی له‌گه‌ڵدا بكرێت. لە سێدارەدانی منداڵان و زیندانی هەتاهەتایی، دەبێت بەیەكجارەكی لەسەر منداڵان هه‌ڵبگیرێت و نەمێنێت.

ماددەی (38)

هیچ منداڵێكی خوار تەمەن پازدە ساڵ، نابێت بچێت بۆ شەڕ و جەنگ؛ دەوڵەت ‌و دەسەڵات دەبێت لە كاتی جەنگدا چاودێری و پارێزگاری لە منداڵان بكەن.

ماددەی (39)

دەوڵەتەكان ئەركی چاودێری و پارێزگارییان دەكەوێتە ئەستۆ، لە كاتێكدا كە منداڵان بە هۆی شەڕ و جەنگ و چەوساندنەوەوە ئازاریان پێ دەگات و دەكەونە دۆخێكی مەترسیدارەوە.

ماددەی (40)

ئەو وڵاتانەی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵانیان پەسەند كردووە، بەڵێن دەدەن كە ئەگەر منداڵێك یاسای پێشێل كرد، یان كاتێك تاوانێكی كرد، یاخود بە هەر بیانوویەك منداڵ تاوانبار كرا، نابێت ئەشكەنجە و ئازاری منداڵان بدەن و، ڕفتاری نابەجێ و ناشیاویان بەرانبەر بكەن و، نابێت سزای قورس و نامرۆیانەیان بدەن و، نابێت لەسێدارە بدرێن و، نایشبێت بەندكردنی بە درێژاییی ژیانی بە سەردا بسەپێنن و، دەبێت وەك بێتاوانێك هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكەن. دەبێت لەگەڵ ئەم چەشنە منداڵانە بە شێوەیەكی گونجاو هەڵسوكەوت بكرێت و بڕیارەكەیان لەسەر ڕابگرن و تا ئەو جێگه‌یەی كە دەكرێ، بڕیاری قورسیان لەسەر نەدرێت و بەنەرمی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

ماددەی (41)

ئەگەر هات و هەندێك یاسای ناوخۆیی و نێونەتەوەییی وڵاتان بۆ بەدیهاتنی مافەكانی منداڵان باشتر و ڕێكوپێكتر بوو، باش وایە ئەو یاسایانە ڕەچاو بكرێت؛ تەنانەت ئەگەر لەگەڵ ئەم ڕێكەوتننامەیەیش یەك نەگرێتەوە.

جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان، لە 20ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 1989، لە لایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەرچووە ‌و، لە ڕێكەوتی 2ی ئەیلوول/ سێپتەمبەری 1990 كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە (54) ماددە پێك هاتووە، كە دابەش كراوەتە سەر (3) بەش: لە بەشی یەكەمدا كە لە (41) ماددە پێك هاتووە، باس لە هەندێك مافی بنەڕەتی بۆ منداڵان دەكات، كە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ تەواوی ئەو ماف ‌و بڕگە ‌و ماددانە كردووە و، هەرچی بەشی (2) ‌و (3)یه‌، تەرخان كراوە بۆ گرتنەبەر ‌و ڕێكاری پێویست لە لایەن وڵاتانی بەشداری ئەم جاڕنامەیەوە بۆ جێبەجێكردنی تەواوی ماددەكانی ئەم جاڕنامەیە.

 

جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان

اتفاقیة حقوق الطفل

Convention on the Rights of the Child

وەرگێڕان و پوختەی جاڕنامەکە لە ئینگلیزییەوە: سۆما سەرحەد

 

سەرچاوە: https://www.ohchr.org/en/professionalinterest/pages/crc.aspx

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples