دەستوورێکی شایستە؛ پەیژەیەک بۆ پەرەسەندنی سیاسی

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

پوختە

گریمانەی ئەم نووسینە ئەوەیە کە دانانی دەستوورێکی شایستە هۆکارێکە بۆ پەرەسەندن. واتە، ئەگەرچی دەستوور دامەزراوە و یاسایەکی نووسراوە کە دامودەزگه‌ پێک دێنێت و دواتر دابەشبەندیی سیاسی دەکات و بەم جۆرە ڕێچکەی ژیانی سیاسی و ئابووریی وڵات دیاری دەکات، بەڵام لەسەردەمی زاڵبوونی گوتاری حکوومەتی پەرەگەرادا، دەستوور وەک دامەزراوەیەک دەتوانێ ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ پەرەسەندن؛ بۆیە پێویستە دەقی دەستوور بە ڕوانگەیەکی پەرەخوازانە دابنرێت و لە هەمان کاتدا توانای جێبەجێکردنیشی لەبەرچاو بگیرێت. بەم ئاراستەیەدا، هەرێمی کوردستان دەتوانێ لە قۆناغی فیدڕاتیڤدا بە دانانی دەستوورێکی شایستە وەک حکوومەتێکی پەرەخوازی دیموکراتیک ئامانجێکی نوێ وێنا بکات.

پێشەکی

دەستوور وەک باڵاترین به‌ڵگه‌نامه‌ی یاسایی - ستراتیژیی وڵات، یاسای نووسراوی سەرەکی و بنچینەیییە کە بەپێی ئەو یاسا بنەڕەتییانە، یاساگەلی لاوەکی و پەیوەست بۆ چارەسەریی کێشەکان و گەیشتنە ئامانجێک دادەڕێژرێن. بۆ دەوڵەت، دەستوور بریتییە لە کۆمەڵە یاسا و ڕێگه‌یەک بە مەبەستی دانانی سیستەمی سیاسی و ئابووری و ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و دانانی پردێک لە نێوان دەوڵەت و خەڵک. بۆ گەلیش، دەستوور چارتێکی پشتپێبەستراو و بەڵگەی ئامانجی نەتەوەیییە. لە ئاستێکی وردتر، تاکەکانی ناو کۆمەڵگە بەپێی دەستوور ئامانجگەلی هاوبەش و چالاکیگەلی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و، هەروەها ڕەفتارەکانیان ڕێک دەخەن. بەگشتی، کاراییی دەستوور لەوەدایە کە، جگە لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، دەبێتە به‌ڵگه‌نامه‌ی یاسایی و چوارچێوەیەکی دیاریکراو دەداتە به‌ڵگه‌نامه‌ی ستراتیژیکی سیاسی. بەکورتی، دەستوور دۆخ و ئامانجی کۆمەڵگە و وڵاتێک، بە دیدێکی کۆمەڵناسیی سیاسی، چوارچێوەبەندی دەکات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا دەستوور دەتوانێ ببێتە دامەزراوەیەک بۆ هەموارکردنی ڕێگەی پەرەسەندنی سیاسی؟ بە گوێرەی وەڵامی پێشوەختە، دەستوور بەپێی ڕەچاوکردنی واقع، بە مەرجی کارایی و زەمانەتی جێبەجێکردن، دەتوانێ ببێتە ڕێخۆشکەرێک بۆ پەرەسەندنی سیاسی. دنەی ئەم نووسینە ئەوەیە، مادام ئیرادەیەک هەیە کە دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان دابنرێت، پێویستە هەر لەسەرەتاوە دەستوور، وەک خاڵێكی پێشکەوتن و، چوون بەرەو شارستانییەتی نوێ، بە ڕوانگەی پەرەسەندنی سیاسی، کاری زانستییانەی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی دەستوورێکی شایستە و پەرەگەرا بەزیندوویی لەدایک بێت. بەم ڕوانگەیەوە، پێویستە جگە لە پڕەنسیپە بناغەیییەکانی یاسایی، بە تێگەیشتن لە واقع و بە پاراستنی نۆڕمەکان و هێنانەوەی هاوسەنگیی نێوان ئەکتەران، گرنگی بە بابەتی پەرەسەندن لەناو دەستووری هەرێمی کوردستان بدرێت.

ئانتۆلۆژیا و میتۆدی دەستوور

لە ڕووی چییەتییەوە، دەستوور ئاوێنەی سیستەمی سیاسیی وڵاتێکە؛ واتە، دەسەڵات بە دانانی دەستوور، شوناس و سیستەمی یاسایی و سیاسیی خۆی دیاری دەکات و بە گوێرەی ستراتیژیی خۆی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك وەک "بنەمانامە" ڕێک دەخات بۆ ئەوەی ئەو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ ببێتە پێوەر و فەرمان بۆ هەموو چین و توێژەکان. لە دیدی تیۆریی نۆڕماتیڤ (Normative Theory)، دەستوور پڕە لەو نۆڕم و "دەبێ" و "نابێ"یانه‌ی که دەبنە "بنەماساز". (فاورو، 1385) لە ڕووی چۆنێتییەوە، پڕۆسەی دانانی دەستوور، وەک بەرهەمێکی مەیدانی، پڕۆسەی "کەشف و دۆزینەوە"یە. ئامانج لە دانانی دەستوور ئەوەیە کێشەیەک چارەسەر بێت و کۆمەڵگە و وڵاتێک لە قۆناغێکەوە بچێتە ناو قۆناغێکی تر. ئەرکی دەستوور، سازکردنی هاوبیرییەکی نەتەوەیییە، بۆیە "دەبێ" دەستوور لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دابنرێت بۆ ئەوەی سەروەریی یاسا بە ڕێککەوتنێکی ڕێژەییی نێوان لایەنەکان و هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئەکتەران بنەجێ بێت و لە ئاکامدا، بە هاوسەنگکردنی خواست و پاراستنی بەرژەوەندیی لایەنەکان، ئەکتەرەکان مەهار بکرێن. شایانی باسە، نەوەی داهاتوو بۆی هەیە بە گوێرەی قۆناغ و سەردەم، بەپێی جیهانبینیی خۆی، دەستوور بگۆڕێت؛ بەم جۆرە هەموو کەس پابەندی دەستوور دەبێت. لە ڕووی میتۆدییەوە، پێویستە دەستوور لەلایەن دەستەی ژیران و پسپۆڕانی سیاسەتزان، ئابووریناسان، کۆمەڵناسان و یاساناسان، دوای ڕووپێوی کۆمەڵناسیی سیاسی، بە نیگایەکی هاووڵاتی-تەوەرانە، دابنرێت و دواتر دانوستانی ئیلیتەکانی لەسەر بکرێت و پاشان بدرێتەوە دەستەی پسپۆڕان بۆ ئەوەی خواستی هاوبەرژەوەندانی تێدا بگونجێندرێت و دواجار ڕیفراندۆمی بۆ بکرێت. ئەوەی لێرەدا جێی وردبینییە، کۆمەڵناسیی سیاسییە، چونکە ئەوە چاویلکەی کۆمەڵناسیی سیاسییە کە، واقعبینانە، حکوومەت و دەوڵەتی کراوە و داخراو لێک جیا دەکاتەوە و بەپێی گرووپ و پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگە و دیاریکردنی ئامانجێکی ڕاستەقینە، چوارچێوەیەک بە ناوی دەستوور دادەنێت. لە ڕاستیدا، نیگا و زانستی سیاسی و کۆمەڵناسی دەتوانێت بە گوێرەی کات و ئامانج دەستوور بکاتە چوارچێوەیەک بۆ بزاوت و ڕێکخستنی کۆمەڵگە. بۆ نموونە، بەپێی ناسینی کۆمەڵگە پێویستە ئەوە بزانرێ کە پەرەسەندن بە دەوڵەتی پەرەگەرا دێتە دی یان بە حکوومەتێکی دیموکراتیک.

دەستووری وڵاتانی پەرەنەسەندوو

وڵاتانی جیهانی سێیەم، بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژاوای ئاسیا، ئەزموونێکی زۆریان لە دانانی دەستوور نییە و کۆنایەتیی دەستوور لەو وڵاتانە بۆ سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ بۆیە هەندێک لەو دەستوورانە لەلایەن یاسادانەران و نوێنەرانی خەڵک بە شێوەی کۆپیکاری، کۆگۆیی، ئایدیه‌ڵگه‌رایانه‌، ناکۆنکرێتی و لاساییکردنەوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، نابینایانە و تاکڕەهەندانە نووسراونەتەوە. ئەمە وای کردووە دەستوور تەنیا دامەزراوەسازییەک (Institution Building) بکات و دامەزراوەمەندبوونی (Institutionalized) لێ نەکەوێتەوە. هەر بۆیە ناوەڕۆکی دەستووریش پیادە نەبووە و یاسا نەبۆتە هۆی سەقامگیری و ئاشتەواییی گشتی. هەر ئەمە وای کردووە هەر هێزێک کە دەستی ئەستوور بێت، سەرلەبەر دەستوور بگۆڕێت و لە ئاکامدا بەرژەوەندی و ئاسایشی گرووپ و لایەنێک تێک بچێت. بەم هۆیە وڵاتانی پەرەنەسەندوو وەک تەکەرێک لە جێی خۆیان دەسووڕێن بەڵام، ناچنە پێش؛ بۆیە مێژووەکەیشیان نابێتە مێژوویەکی پلیکانیی ڕووەو پێشکەوتن. بە واتایەک، دەستوور لەم جۆرە وڵاتانە نەک هەر نەبۆتە دامەزراوەیەک بۆ پەرەسەندن، تەنانەت زەمانەتی چارەنووسی خەڵکی نەکردووە و توانای جێبەجێکردنیشی نەبووە.

دەستووری پەرەخواز

لەم سەردەمەدا، بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی پەسەند و باشتر، پێویستە ناوەڕۆکی دەستوور لەگەڵ ڕۆح و پڕەنسیپەکانی پەرەسەندن یەکگر بێت؛ بۆ ئەوەی ئەگەر هەر دەسەڵاتێک بیەوێ ببێتە حکوومەتێکی پەرەخواز و حوکمڕانییەکی باش (Good Governance) بکات، ئەوا بەپێی یاساگەلی پەرەسەندوو دەستی کراوە بێت. واتە، دەستوور دەتوانێ وەک به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی سەرەکیی بەستێنسازی پەرەسەندنیش بێت. بۆیە دەستوور "دەبێ" ببێتە زایینگەی پەرەسەندنی سیاسی بە شێوەیەکی دەروونزا (Endogenous Development). ئاشکرایە، لەگەڵ پێشکەوتنی زانست، پیشەسازی، تەکنەلۆژیا، گرنگبوونی بابەتی وەک مافی ژیانێکی ئابڕوومەندانە و شایستە، مافی ئاسایش و...، ئەرکی دەستوور ڕەهەندمەندتر بووە. لەم ڕوانگەیەوە، دەستووری وڵاتانی پەرەسەندوو دوو ڕەهەندی سەرەکیی هەیە: یەکیان، ڕێکخستنی دەوڵەت، پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و خەڵک و، هەروەها گرنگیدان بە نیازەکانی ماددی و مەعنەویی گشتی و دووەمیان، یاسامەندکردنی ئامانجەکانی پەرەسەندنە. (زرنگ، 1386: 68). بەپێی ئەرکی دووەم، دەستوور دەتوانێ ببێتە بەستێنێک بۆ دانانی سیستەمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی پەرەخواز بە مەبەستی بەهێزبوونی کۆمەڵگە و، بەهێزبوون و چالاکبوونی کۆمەڵگە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی حکوومەت. کورت و پوخت، دەستوور ستراکچەرسازی بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی بەهێز و پەره‌خواز دەکات؛ چونکە یاسا ئامرازێکی سەرەکیی دەوڵەتە بۆ کاروباری ئابووری و، دەوڵەت دەتوانێ بە یاسای گونجاو دامەزراوەی نوێ پێناسە بکات. (سامتی، 1390: 196) دەستوورێکی پەرەخواز دەتوانێ ببێتە میکانیزمێک بۆ ترانسفۆرماسیۆنی ئابووری (Economic Transformation). واتە، دەستوور "دەبێ" بە چالاککردنی کۆمەڵگە و بەپێی توانای وڵات، بە پاراستنی هەموو مافەکان، دەستی حکوومەت بکاتەوە. ئەوە سیاسەتەکانی وڵاتن کە بە ئامرازی یاسا لەناو قاڵبی دەستووردا چوارچێوەبەندی دەکرێن. (Saiegh, 2005: 8) بۆ وێنە، ئەوە سیاسەت دەتوانێ ئابووریی وڵات بداتە دەستی بازرگان یان دەوڵەت بکاتە ڕێنوێنی ئابووری.

پەرەسەندنی سیاسی بەپێی دەستوور

لەناو ستوونە سەرەکییەکانی پەرەسەندندا دەستوور دەتوانێ لە پەرەسەندنی سیاسیدا ڕۆڵی هەبێت. دەستوور دامەزراوەیەکە کە دەبێ تێیدا بیر لەوە بکرێتەوە ئەو دامەزراوەیە چەندە زەرفییەت و توانای هەیە و چەندە لەگەڵ کۆمەڵناسیی سیاسیی ئەو وڵاتەدا گونجاوە. چونکە، لەناو دەستوورێکی شایستەدایە کە شوناسێکی گشتی وێنا دەکرێت و تێیدا مافی بەشداری دەدرێتە شوناسە جیاوازەکان. دواجار متمانەی ئەو شوناسانەیە کە بەشدارییەکی پایەداری لێ دەکەوێتەوە. بەو ڕوانگەیەوە "دەبێ" دەستوور توانای مسۆگەرکردنی یەکسانی و دادپەروەریی بۆ تاک و هەموو گرووپ و چین و توێژێک هەبێت و، بەم جۆرە بگاتە ئاستی پەسەندکردنی گشتی. دەستوور "دەبێ" زەمانەتی چارەنووسی هەموو هاووڵاتییەک، لە بەرامبەر ئەگەری باڵادەستیی هەموو جۆرە زۆرینە و حکوومەتێکدا، بکات؛ ئەمە تەنیا بە سەروەریی یاسا دەکرێت. بە واتایەک، "دەبێ" هاووڵاتیان دڵنیا بن لەوەی کە هەر گرفتێکی سیاسی لە ئەنجامی گفتوگۆ و پڕۆسەیەک دەگاتە ئاکامێک. بەم جۆرە حکوومەت و لایەنی جێبەجێکار ڕەوایەتیی زیاتر بەدەست دێنێت.

پەرەسەندنی جێبەجێکاری

دەستوور وەک دەسەڵاتێکی یاسادانەر بەبێ زەمانەت و زانستی جێبەجێکاری، نابێتە هۆیەک بۆ پەرەسەندن. زۆر جار دەستوورێکی باش نووسراوەتەوە، بەڵام دواجار بۆتە دەستوورێکی تەشریفاتی (Rigid [Formal] Constitution). دەستووری وڵاتانی وەک ئەڵمانیای پێش جەنگی جیهانی و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، وێڕای ئەوەی دوو دەستووری پێشکەوتوو بوون، بەڵام بەهۆی لەبارنەبوونی بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەبوونی زەمانەتی جێبەجێکردن، ناوەڕۆکیان کارا نەکرا. ڕوونتر، یەکێک لە دیموکراتیکترین دەستوورەکانی جیهان، دەستووری وایمار و دەستووری یەکێتیی سۆڤیەت (1936) بوونە. بەڵام ئەوەی وایمار "نازیزم" و "هیتلەر" و جەنگی جیهانیی لێ زا و ئەوەی سۆڤیەتیش، کە وەک دەستوورێکی دیموکراتیک، مافی ئازادیی مرۆڤ و ئازادیی گشتیی لە فیدڕالیزم و سۆسیالیزمی مرۆڤدۆستانە گرێ دابوو، کەچی لە بەرامبەر کۆمۆنیستە "ستالین" پەرەستەکان کەڕ و کڕ بوو. بە واتایەک، ئەوە بەستێنی دیکەیە کە چوار گەنگێستەری ئاسیایی (کۆریای باشوور، هۆنگ کۆنگ، سەنگاپوور، تایوان)ی گەشەسەندووی دروست کردوون، لە کاتێکدا پێشتر بەشێک بوون لە جیهانێکی بەجێماو. وڵاتێکی وەکوو کۆریای باشوور کە لە دەیەی (1960)دا وڵاتێکی هەژار بوو و، دوای پەنجا ساڵ لە ڕووی دیموکراسی و ئابوورییەوە، بوو بە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان، دەستوور ڕۆڵی لە پەرەسەندنیدا نەبووە. تەنانەت دوایین گۆڕانکاری لە دەستووری ئەو وڵاتە لە (1987)دا، دوای کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەتی نوێسازانەی "کیم جونگ"، بووە. هەروەها چین، تورکیا، هیند، بەڕازیل، مالیزیا، ئیماڕات و قەتەڕ بەبێ ئەوەی دەستوور ڕۆڵێکی وەهای لە پێشکەوتنی ئەو وڵاتانەدا هەبووبێت، ئامارە ئابوورییەکانیان لە بزاوتێکی بەرەو پەرەسەندنی ئەو وڵاتانە دەدوێن. کەواتە، بارودۆخ و بەستێنی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی سیاسی بڕیاری پەرەسەندن و زەمانەتی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی دەستوور دەدەن. (خلیلی، 1391: 58-59) کەواتە، چ بە ئامرازی دەستوور و چ بەبێ هەبوونی دەستوور، دەکرێ ڕێگە بۆ پەرەسەندن خۆش بکرێت. بە واتەیەک، پەرەسەندن بە ئامرازی دەستوور، بەبێ پەرەسەندنی جێبەجێکاری نایه‌تە دی.

بەو چاوەی کە بەشی چوارەمی پەرەسەندنی پایەدار پەرەسەندنی جێبەجێکارییە، پەرەسەندنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بە پەرەسەندنی جێبەجێکاری، کە بەشی ئەندازیاری و پراکتیکاڵی پەرەسەندنە، وەدی دێت. بەپێچەوانەوە، لە کاتی لاوازبوونی پەرەسەندنی جێبەجێکاری، پەرەسەندنی ناهاوسەنگ، ناکۆک، بێبەرنامە و هاوتەریبکاری دروست دەبێت. هەڵبەت، پەرەسەندنی جێبەجێکاری بۆ دەستوورێک دەشێ کە کارایی و زەرفییەتی یاسایی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی هەبێت. لە ڕووی تەکنیکاڵی، کارایی فاکتەرێکی سەرەکیی پەرەسەندنە؛ بۆیە "دەبێ" دەستوور نیاز و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دابین بکات. بۆ نموونە، بە نەهێشتنی قۆرغکاری و کۆنتڕۆڵ و دانانی سیستەمی خۆشبژێویی ئابووری، دەکرێ یاسا بسەپێ؛ ئەمە پایەی سەرەکیی پەرەسەندنە لەناو دەستووردا. واتا حکوومەت بە دەستوور دەبێتە وەڵامدەر بۆ نیازەکانی کۆمەڵگە و، بەم شێوەیە حوکمڕانییەکی باش دێتە ئارا. بە واتایەکی سادەتر، "دەبێ" هەر تاکێکی ناو کۆمەڵگە، هەر لە منداڵییەوە تاکوو مردن، بتوانێ خۆی و نیازەکانی خۆی لەناو دەستووردا ببینێتەوە. "دەبێ" دەستووریش بۆ دابینکردنی ئەو نیازانەی کۆمەڵگە، حکوومەتێکی سیستەماتیک پێناسە بکات. دواتر دامودەزگه‌کان بەپێی دەستوور، بۆ وەڵامدانەوەی نیازەکانی کۆمەڵگە، ساز دەبن. "دەبێ" ئەم دامودەزگەیانە پڕ بن لە زانست و کەسانی زانستمەند بۆ ئەوەی نیازەکانی کۆمەڵگە بەباشی بناسن. واتە "دەبێ" دامەزراوەکان دوو شتی سەرەکییان هەبێ: یەکیان بوودجەیە و ئەوی تر کەسانی زانا و شیاون، کە ئەوی دووەمیان تەنیا بە حکوومەتێکی شایستەسالار و بە حوکمڕانییەکی باش وەدی دێت.

دەستوورسازی لە هەرێمی کوردستان

"هانتینگتۆن" پێی وایە چالاکبوونی کۆمەڵگە بەبێ ئەنیستیتوشنی سیاسیی جێگیر ناگاتە ئاکام. (CDDRL, 2013) بەم ڕوانگەیەوە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوورێک هەیە بۆ ئەوەی دامەزراوەی سیاسیی جێگیر بێنێتە بەرهەم. دیارە، هەرێمی کوردستان لە قۆناغی دوای هەمەپرسی بۆ سەربەخۆیی، لە هەوڵی چاکسازی و بونیادنانی حکوومەتێکی بەهێزدایە. یەکێک لە کلیلەکانی ئەم بەهێزبوونە، دانانی دەستوورێکی جێگیر و پەرەخوازە کە دەبێتە یەکەم میساق (په‌یمان)ی چوارچێوەداری یاسایی بۆ حکوومەت و خەڵک. بۆیە "دەبێ" دەستوورێک بێت کە حکوومەت توانای جێبەجێکردنی هەبێت و بتوانێ جگە لە حکوومەت، کۆمەڵگەی کوردستان بەهێز بکات. گرنگیی دانانی دەستوور لە هەرێمی کوردستان، وەک یەکەیەکی فیدڕاڵ، دانانی چوارچێوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی یاسامەندە بۆ هەرێمێک و قۆناغێک. لەم قۆناغەدا ماده‌م بڕیار دەدرێت دەستوور دابنرێت، پێویستە دەستووریش ببێتە ئامرازێکی بەهێزی سیستەمی یاسا و، وزەیەک بێت بۆ گەشەسەندن (Growth) و تڕانسفۆڕماسیۆنێک بێت بۆ پەرەسەندن (Development). بەپێی دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، "دەبێ" دەستوور لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دابنرێت. بۆ ئەوەی هاووڵاتیانیش یاسامەند بن، "دەبێ" یاسا سەروەر بێت. واتا "نابێ" هیچ لیدەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە یاسا باڵادەستتر بێت. بەم شێوەیە حوکمڕانیی باش بە ئامرازی ئەو یاسایە سەروەرە دێتە دی. لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی هەموو ئەکتەرەکان پابەندی دەستوور بن، پێویستە باڵانسی بەرژەوەندیی نێوان ئەکتەرەکان بپارێزرێت. (CDDRL, 2013) بەم مەرجانە دەستوور شانسی پیادەکردنی دەبێت.

لە ڕاستیدا، دەستوور وردەکاریی زۆرتریشی دەوێ. لەوانە، دەستوور "دەبێ" ئازادی قبووڵ بکات، بەبێ ئەوەی ئازادیی کەس پێپەست بێت. (Berlin, 2002: 169) بۆ وێنە، پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە کە لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا، ئیسلام ڕیشە و پێگەی خۆی هەیە و، بەشێکە لە شوناسی گەلی کورد و، هەروەها چەندان ئایین و پێکهاتەی ئیتنیکیی دیکە لە کوردستاندا دەژین؛ کەواته‌ "دەبێ" دەستوور ئازادیی هەموو ئایین و مەزهەبەکانی قبووڵ بێت. بەڵام، "دەبێ" لە ئاستی ناوخۆییدا، خاڵە هاوبەشەکان ببنە ستوونی سەرەکی و، مافی بڕیاردانی چارەنووسی ناوخۆیی (Internal Self-determination)ی تێدا لەبەرچاو بگیرێت. چونکە ئەگەر (99%)ی دەستوور خاڵی هاوبەشی تێدا بێت، بەڵام (1%) خاڵی ناکۆکیی تێدا بێت، ئەو ڕێژە کەمە دەتوانێ کێشەی گەورە بنێتەوە. بۆ وێنە، "دەبێ" هەولێر و سلێمانی، بەپێی خاڵە هاوبەشەکان، خۆیان بە خاوەنی دەستوور بزانن، نەک لەبەر چەند هۆیەک، دەستوور بۆ بەشێک لە وڵات گرنگ و کارا نەبێت. ئەگەر بەشێکی خەڵکی کورد بەو هەموو خاڵە هاوبەشانە نەتوانێ خۆی لەناو دەستووردا ببینێتەوە، ئەدی چۆن لەگەڵ پێکهاتەیەکی دیکەدا، کە خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ کورد و موسڵمانان کەمترە، دەتوانێ بگاتە په‌یماننامەیه‌کی هاوبەش و شوناسێکی گشتگیر و بەشداریی گشتی.

لە ئاستی نەتەوەییدا، پێویستە دەستوور مانای نەتەوەییی تێدا بێت بەبێ ئەوەی جیاکاری بکات یان زیان بە مافی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی پێکهاتەیەکی دیکە بگەیه‌نێت. دەستوور دامەزراوەی دەسەڵات و حکوومەتە؛ ئەوە حکوومەتە کە دەتوانێ نەتەوەسازی بکات، مافی نەتەوە بپارێزێت و نەتەوە پێناسە بکاتەوە. کەواتە، پێویستە بە ڕەچاوکردنی ماناسازی و هێماسازی پێناسەی کورد لەناو دەستووردا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بکرێت و بەپێی ئەم پێناسەیە ئاماژە بەوە بکرێت، کە ئەم دەستوورە هەموو کوردێک دەگرێتەوە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و هەموو کوردێکیش دەبێ خۆی تێدا ببینێتەوە. بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان دەتوانێ بە چەکی دەستوور، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، ببێتە ئاگورای کوردستان".

لە ئاستی ناوچەییدا، کوردستان لە نێوان وڵاتانی فرەفەرهەنگدا هەڵکەوتووە، کەواته‌ دەبێ بیر لەوە بکرێتەوە کەسێک لە نەتەوەیەکی دیکە چۆن خۆی لەناو دەستوورێکی دیموکراتیکدا ببینێتەوە. بەم چاوە دەبینین، بەپێی دەستووری ئەمریکا، ئەگەر کەسێکی سعوودی بچێتە ئەوێ، خۆی تێدا دەبینێتەوە؛ کەواتە گرنگە کورد ببێتە خاوەنی دەستوورێک کە نەک هەر حزب و کوردی پارچەکانی دیکە، بەڵکوو فەرهەنگەکانی دیکەیش جێیان تێدا ببێتەوە و کەس لەناو ئەم دەستوورەدا لە قەڵەم نەکەوێ. بەو دیدەی کە پڕۆسەی بەجیهانیبوون سیاسەتی دەوڵەتانی خستۆتە ژێر کاریگەریی خۆی، هەروەها چەمکی دەسەڵات و کاروباری ناوخۆیی وەک سەردەمی پێشوو چەمکێکی چەقیو نییە، ئەمڕۆکە بەپێی نۆڕمە هاوبەشەکانی مرۆیی، لەناو زەینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەسەڵاتی دەوڵەتان سنووردار بووە. (اسلامی، 1392: 63) بۆیە لە ئاستی جیهانیدا، دەستوورێکی دڵنیا بۆ هەرێمی کوردستان، دەستوورێکە کە لە پێشەکییەکەیدا ئەوە بنووسرێت: "هەرێمی کوردستان کۆنڤانسیۆنەکانی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، وەک میراتێکی هاوبەشی مرۆیی لە ئاستی جیهاندا، بە سەرچاوەی مەرجەع دادەنێت و هەموو یاسایەک، دەبێ بەپێی ئەو مەرجەعە نێودەوڵەتییانە دابنرێن."

دەرەنجام

ئەگەرچی بۆچوونی ئەم وتارە ڕێژەیییە، بەڵام بە ئاراستەی گریمانەدا، دەرکەوت کە دەستوور پەیژەیەکە بۆ پەرەسەندنی سیاسی. پێویستە دەستوور کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی هەبێت؛ واتە، دەبێ سەروەری، کارایی و دڵنیاییی هەبێ؛ پێشبینیی نیاز و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی ئێستا و نەوەی داهاتوو بکات؛ ماددەکانی ڕوون و ڕەوان بن و بەپارێز و به‌وریایی وشەی بۆ دابنرێت -بە جۆرێک لە وەرگێڕاندا واتای یاسایییان هەبێت-؛ ببێتە بناغە و ڕێنما بۆ دانانی یاسای ورد؛ لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ببێتە پارێزەری هاووڵاتیان لە بەرامبەر هەموو جۆرە زۆرینەیەکی مومکیندا؛ بەتەواوی کۆپیی دەستووری وڵاتان نەبێت و لەگەڵ واقع و ئامانجدا گونجاو بێ و هاوسەنگییەکی هەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وڵات تووشی قەیرانی دەستوور نەبێت؛ دەبێ دەستوور شتی گشتیی تێدا بێت و توانای جێبەجێبوونیشی هەبێت؛ بەهێز و پتەو بێت و خاڵی دژیەکی تێدا نەبێت. وێڕای ئەو هەموو تایبەتمەندییانە، پێویستە بەپێی ڕۆحی زەمانە، ڕێگەخۆشکەرێک بێت بۆ پەرەسەندنی سیاسی. بەڵام دەبێ بەپێی دۆخی تایبەتی کۆمەڵگەیەک و بە گوێرەی توانای گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، بە ڕەچاوکردنی هەموو ڕەهەندەکانی پێشکەوتن، بەبێ پەلەکردن ڕێک بخرێت. دانانی دەستوورێکی شایستە، پڕۆسەی دانیشتن و نووسینەوە نییە لەلایەن پەرلەمان، بەڵکوو پڕۆسەی کەشف و دۆزینەوەیە لەلایەن زانایانی سیاسی، ئابووری و یاسایی بە نیگای کۆمەڵناسیی سیاسی بە ئامانجی پەرسەندن. بەم جۆرە، پێویستە بە ڕوانگەی پەرەسەندن و پاراستنی ئامانجەکانی سیاسی و ئابووری و نۆڕمە نەتەوەیییە ماقووڵەکان، لەناو چواردیوارەی مافی سیاسی و ئابووریدا، دەستوور بکرێتە ئاوێنەی ڕەفتار و چرای ڕێگەی پێشکەوتن. ئەگەر دەستوورێکی پەرەخواز ببێتە مەرجەعێکی ڕاستەقینە و زەمانەتی جێبەجێکردنیشی هەبێت، ئەوکات ڕێگەی پەرەسەندن هەموار ده‌بێ و دەستوور دەتوانێ ببێتە ڕێچکەی ئامانجە سیاسییەکانی داهاتوو. ئەگەر کورد لەم قۆناغەدا بتوانێ دەستوورێکی شایستە دابنێت و جێبەجێیشی بکات، ئەوا ڕوخساری نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان جوانتر دەبێت و ئەزموونی سەرکەوتووی دەبێتە شتێکی باش. جێی ئاماژەیە، ئامانج لەم نووسینە، کردنەوەی دەرگەیەکی دیکە بوو بۆ قسەکردن لەسەر دەستوور بۆ قۆناغی فیدڕاتیڤی هەرێمی کوردستان، نەک دەستوورێک بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان؛ بۆیە ئەم بۆچوونانە ڕێژەیین و بەکراوەیی دەمێننەوە. لەم گۆشەنیگایەدا، پێویستە قەڵەمبەدەستان بۆچوونی زیاتری بخەنە سەر بۆ ئەوەی ئەدەبیاتی دەستوورێکی خۆماڵی کەڵەکە بێت.

 

 

سەرچاوەکان

آموزگار، ژاله، تاریخ واقعی و تاریخ روایی، تهران: بخارا، 1379.

اسلامی، رضا، كتايون بشكاردانا، حق بر دموكراسی در حقوق بين الملل معاصر، مجلە حقوقی بين المللی، شمارە 47، 1392.

خلیلی، محسن، گنجایش سازی قانون اساسی برای توسعه یافتگی، فصلنامە مطالعات بین المللی، شمارە 4، 1391.

راعی دهقی، مسعود و علیرضا اسدپور طهرانی، حکومتهای قانون اساسی گرا: مطالعه قوانین اساسی و مفهوم آزادیهای دوگانه، فصلنامه دولت پژوهی، شماره 17، 1396.

زرنگ، محمد، سرگذشت قانون اساسی در سه کشور ایران، فرانسه و آمریکا، تهران، مرکز اسناد انقلاب اسلامی، 1386.

سامتی، دکتر مرتضی، محسنی فضیلت، دکتر همایون ڕنجبر، تحلیل تأثیر شاخصهای حکمرانی خوب بر شاخص توسعه انسانی؛ مطالعه موردی: کشورهای جنوب شرقی آسیا (ASEAN)،  فصلنامه علمی پژوهشی، پژوهشهای ڕشد و توسعه اقتصادی، شماره 4، 1390.

فاورو، لويی، اساسی‌ سازی‌ حقوق‌ فرانسه، ترجمه جواد تقی زادە، مجله  حقوق اساسی، شماره 6 و 7، 1385.

Saiegh, Sebastian, (2005), “The Role of Legislatures in the Policymaking Prosess”, Department of Political Science, University of Pittsburgh, Inter-American Development Bank, Washington D.C.

Stanford CDDRL, (Producer). (2013). Three Approaches to Development: Stephen Krasner [Video]. Retrieved from https://www.youtube.com/watch?app=desktop&v=Z_SQQxo4Sj4&t=3892s.

Berlin, Isaiah, (2002), Liberty, New York: Oxford University Press. Dicey, Albert Venn, (1902), Introduction to the Study of the Law of the Constitution, New York: Macmillan and Co. Ltd.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples