لە کۆتایییەکانی سەدەی ڕابردوو، بە هۆی شۆڕش لە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیدا، ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندندا ڕوویان دا. ئینترنێت، قۆناغێکی نوێی لە پەیوەندیکردندا هێنایە کایەوە و پانتاییی جیهانی ڕاگەیاندنی لە بواری چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گۆڕی.

شۆڕش لە ڕاگەیاندندا، یان تەقینەوەی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی کە بە هۆی ئینترنێتەوە سەری هەڵدا، ئەو دەرفەتەی بە هاووڵاتیان دا، کە ڕاستەوخۆ ڕاکێشی ئەم ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییە ببن و لە دەستاودەستکردنی زانیاریدا دەور ببین. لە جیهانی نوێی ڕاگەیاندندا، هاووڵاتیان توانییان بەبێ کۆسپە کلاسیکییەکانی "کات" و "شوێن"، بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان بە زانیاری ڕابگات، هاوکاتیش خۆیان بەشێک لە پرۆسەی ئەم زانیاریبڵاوکردنەوە و وەرگرتنە بن. ئاکامی ئەم تەقینەوەیە ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی مەدەنی، سنوور و پاوانی ڕاگەیاندنی حکوومی و ڕەسمییان بەزاند و بەبێ ئەوەی ئیزنیان لێ وەربگرن، یان تەنانەت بۆ بەشێکی زۆر لە هەواڵ و زانیارییەکان چاویان لە دەستی ڕاگەیاندنی ڕەسمی بێت، دەستیان بە زانیاری بگات.

هەر لەبەر ئەوە، پێویستە واتای ڕۆژنامەوانیش چاوی پێدا بخشێندرێتەوە و، لەژێر تیشکی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا، ئەم چەمکە دەوڵەمەندتر بکرێت. ئەم بوارە تەنیا پیشەی ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەوان ناگرێتەوە، بەڵکوو سیاسەتوانان و ڕای گشتییش لەخۆ دەگرێت.

لە جیهانی دیجیتالیدا، ئەو دەرفەتە بۆ هاووڵاتیان ڕەخساوە کە سەربەستانە بیروڕایان دەرببڕن و لەگەڵ لایەن یان لایەنەکانی تردا ئاڵوگۆڕی فکر و هزر بکەن. ئینترنێت ئەو گۆڕەپانەیە کە سیاسەتوان، ڕۆژنامەوان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها ئەو بەشەیش لە کۆمەڵگە، کە دەستیان بە کەرەسە نوێیەکان ڕادەگات، لە یەک شوێندا کۆ ببنەوە و ڕاستەوخۆ باس و لێدوان بکەن. ئەم کەرەسانە بەهێزن، چونکە هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ پێکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەن و لەگەڵ یەکتردا دەپەیڤن.

ئەگەر چەند ساڵ بەر لە ئێستا تەنیا باس لە چەند کەرەسەیەک دەکرا، کە ئەوانیش یەکلایەنە، ڕەسمی و حکوومی بوون، ئەمڕۆکە لە پاڵ ئامرازە نەریتییە زل و ڕەسمییەکاندا، فەیسبووک، ماڵپەڕی ئەلێکترۆنی، وێبلاگ و ... ئەو دەرگەیەیان بەسەر هاووڵاتیاندا کردۆتەوە، کە تێکەڵ بە ڕاگەیاندنی دیموکراتیک ببنەوە و ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و بەرگری لە ئازادیی نووسین بکەن. ڕاگەیاندن و دەوری، بەشێکی گرینگە لە دیموکراسی، تەنانەت یەکێکە لەو پێوەرانەی کە سیستەمێکی سیاسیی پێ هەڵدەسەنگێنن. ئەو ڕەوتە هاوکات کە دەتوانێت یارمەتی بە پرۆسەی دیموکراسی و کرانەوە بدات، هەروەها دەشێت که‌لتوورێکی سیاسیی بەهێزیش چێ بکات.

ئەو شەپۆڵە دیجیتالییە، خوڵقێنەری ئەو بوارە بووە کە هاووڵاتیان بە تاک، یان گرووپ خۆیان ڕێک بخەن و فۆرمێکی نوێ لە خۆپێشاندان (خۆپێشاندانی ئەلێکترۆنی) وەڕێ بخەن. ڕووداوەکانی تونس و میسر دوو نموونەی بەرچاوی ئەم گەڵاڵەکردنەن.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرینگەکانی ئەم سەردەمە لەناو ڕاگەیاندنی مودێڕندا ئەوەیە، کە دەوری تاک گەلێک بەهێز دەکات و چەشنێک لە تاکی سیاسی و ئاگادار سەبارەت بە ڕووداوەکان بەرهەم دێنێت، کە بەبێ ئەوەی ترسی لە سانسۆر ببێت، خۆی دەردەخات و بیروبۆچوونی خۆی دەردەبڕێت. فیلیپ ئێن هاوارد لەم بارەیەوە دەڵێت: "ڕاگەیاندنەکان و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییە دیجیتالییه‌كان، کەرەسەی پەیوەندیکردن و ڕێکخستن دەده‌نه‌ دەست هاووڵاتیان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە. ئەم کەرەسانە گۆڕەپانێکن بۆ گەڵاڵەکردن و هێنانەگۆڕێی ڕا و، دەربڕینی بەرهەڵستکاریش دروست دەکه‌ن، کە ئەوەیشیان مەیل بۆ دیموکراسیی سیاسی، بەهێز دەکات."

گەرچی ئینترنێت ئەم دەرفەتەی بۆ تاک خوڵقاندووە تا سەربەستانە ڕای خۆی بەوانی تر بگەیەنێت، بەڵام لە بەکارهێنانیدا ئەو لایەنەیشی هەیە کە تاک، جا بە هەر هۆیەک بێت، بەبێ ئەوەی خۆ بناسێنێت، خۆی حەشار دەدات و لە هەڵخلیسکانێکدا دوور لە یاسا و ڕێسای ڕاگەیاندن، بە شێوەیەکی خراپ کەڵک لەو کەرەسانە وەردەگرێت.

گرووپە تیرۆریستییەکانیش تێکەڵ بە شەپۆڵی ڕاگەیاندنی مۆدێرن بوونە و، هەر بەم ڕێگەیەوە هێزی تایبەت بە خۆیان ڕێک دەخەن. هەندێک لە کارناسانی کاروباری ڕاگەیاندن "پەیام"ی ئەم هێزانە بە "جیهادی ئەلێکترۆنی"، "تیرۆریزمی ئەلێکترۆنی" و "فەتوای دیجیتالی" پۆلێن دەکەن.

 

سیاسەتوانان، هاووڵاتیان و ڕای گشتی

دەرفەتێکی دیكه‌، کە ئینترنێت خوڵقاندوویەتی، لەدایکبوونی هەندێک ڕایەڵی بەهێزی کۆمەڵایەتیی وەک "فەیسبووک" و "تویتتێر"ە، کە ئەمانە کەرەسەی بەهێزی بەتواناکردنی تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین. ئەم ڕایەڵانە سنووری نەتەوەیییان بەزاندووە و توانیویانە ململانێ لەگەڵ ڕاگەیاندنە ڕەسمی و حکوومییەکاندا بکەن. کاتێک تاک یان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان هەست بکەن کە گوێیان لێ ناگیرێت و خراونەتە پەراوێزە، یان ڕاگەیاندنە ڕەسمییەکان بڵاوکەرەوەی دەنگ و تێڕوانینی ڕەسمین، ئەم ڕایەڵە کۆمەڵایەتییانە، بە هانای ئەوانەوە دەچن و لەوێدا ڕای گشتی پێک دێنن.

کەڵکوەرگرتنیش لەم ڕایەڵانە، بە گوێرەی ناوچە یان وڵات جیاوازیی هەیە. لەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆڕەکان زاڵن، یان هاووڵاتیان پەراوێز خراون، بێ شک بیروڕای سیاسی و خۆڕێکخستن لەم ڕایەڵانەدا دەوری سەره‌کی دەگێڕن. ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی کە بە "بەهاری عەرەبی" ناوی دەرکردووە، ئەوەی سەلماندەوە کە ئەم ڕایەڵە کۆمەڵایەتییانە دەوری گرینگیان لە دەستاودەستکردنی زانیاری و هەواڵدا گێڕا. ئەم کەرەسانە کە بۆ ڕێکخستن، پەیوەندیکردن و خۆپێشاندانی ئەلێکترۆنی کەڵکیان لێ وەرگیرا و لێی وەردەگیرێت، بنەمایەکی بەهێزی گەیاندنی زانیارین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیش بەهێز دەکەن. ئەگەر بێت و، بە شێوەیەکی باش کەڵک لەم ڕایەڵانە وەربگیرێت، بێ شک دەورێکی باشیان لە بەهێزکردنی دیموکراسی و پەرەپێدان بە ئازادیی ڕادەربرین و نووسیندا دەبێت.

هەر بە ڕێگەی ئەم ڕایەڵانەوە، دەکرێت لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا دروشم و پرۆگرامەکانی تێدا گەڵاڵە بکرێن و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیاندا چێ بکرێت. پاڵێوراوان و حزبە سیاسییەکان، دەتوانن ڕاستەوخۆ گوێبیستی ڕای هاووڵاتیان ببنەوە و لەگەڵ گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن. بەپێی ئەوەی کە ئەم کەرەسانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان لەخۆ دەگرێت، هێزێکی تایبەتیان هەیە. بێ شک کارلێکردن و کارتێکەریش لەو شوێنانەدا لایەنێکی تری ئەم ڕایەڵە کۆمەڵایەتییانەن، کە که‌لتووری باس و لێدوان، هەروەها لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەییشتن دەخوڵقێنن. بەم پێیە، بەشێک لە کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا دەپەیڤێت. ئەمەیش یەکێکە لە مەرجەکانی لێکنزیکبوونەوە و پێکەوەهەڵکردن.

کارتێکەرییەکی دیکەی ئەم ڕایەڵە نوێیانە ئەوەیە، کە هەندێک تایبەتمەندییان بە حزبە سیاسییەکان بەخشیوە و لە حزبێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، هەروەها ئایدیۆلۆژییه‌وە، کردوونی بە حزبی "میدیایی"، کە ئەمەیان لە ژیانی حزبایەتیدا نوێیە، چونکە سامانێکی زۆری دارایی و لەشکرێک لە میدیاکارانیان لەو پێناوەدا بەگەڕ خستووە. جێی ئاماژەپێکردنە کە حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەهەڵە لە حزبی میدیایی و کارتێکەرییەکانی گەییشتوون. ئاستنزمیی بەرنامەکان و لاوازیی کارمەندانیان، دەرخەری ئەم ڕاستییەن.

 

کەرەسە نوێیەکان و هاووڵاتیی مودێڕن

تەلەفۆنی زیرەک (smartphone) یەکێکە لەو دەگمەن دەسکەوتانە کە گشت کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی لەخۆدا کۆ کردووەتەوە. ئەگەر بە گوێرەی کارکردی ئەو تەلەفۆنە بێت، ئیتر پێویست ناکات ڕوو لە بازاڕ بکەیت و بەجیا ڕادیۆ یان تەلەڤزیۆن بکڕیت، چونکە بە لکاندنی ئەو تەلەفۆنەوە بە ئینترنێت، بە یەکجار دەبی بە خاوەنی ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، چاپەمەنی، "YouTube"، کتێبخانە، کامێرای وێنەگری، ئیمەیل، ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان (دەنگ، وێنە و پیت)، هەروەها دەیان و سەدان پێداویستیی دیکە کە لەودا چڕ کراونەتەوە، تا زانیاری وەربگریت و زانیارییەکانی خۆیشت بەوانی دیکە بدەیت. ئامرازی نوێی ڕاگەیاندن، حکوومەتی بچووک (حکوومەتی هاووڵاتیان)ی هێناوەتە کایەوە.

ڕەوتی تەکامول، گەشە و هەڵدان لە سادەوە و بەرەو ئاڵۆزی، بەئاسانی لە کەرەسەکانی سەردەمدا بەرچاوە. ئینترنێت، ناخی کۆمەڵگەی کێڵاوە و پەیوەندییەکی بەرفراوان و ئاسانی بە جڤاک بەخشیوە، کە دەستپیڕاگەییشتن بە زانیاری لە لووتکەی ئەو شۆڕشەدایە.

کەرەسە مۆدێڕنەکان گەلێک بەتوانان، هەر ئەوەیش هێزی بە حکوومەت، تاک و گرووپ بەخشیوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گرفتی جددییشی بۆ حکوومەت و دەسەڵاتداران ناوەتەوە. ئەگەر جاران لە زەوییەوە بە ڕێگەی سوپاوە و، لە ئاسمانیشەوە بە زەبری فڕۆکەوە، بەر بە دزەی گرووپە خەنیمەکان (حه‌ریفه‌كان) دەگیرا تا نەبنە سەرچاوەی زانیاری و هاندانی هاووڵاتیان، شۆڕشی ئەلێکترۆنی ئەو هاوکێشەیەی خستووەتە پەراوێزەوە.

تاکێک کە خاوەنی تەلەفۆنی زیرەک (smartphone) بێت، هەر لە سەیرانگەیەکدا ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە کە دەستی بە چەشنەکانی زانیاری ڕابگات. تەنانەت کۆکردنەوەی ساتێلایت، کە دژ بە ئازادیی دەربڕین و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، وەک جاران باوی نەماوە کە سەرکوتکاران بۆ کۆکردنەوەی کەرەسەی پەیوەندیکردن، شەو دەرگەی ماڵان بشکێنن و ئاسایشی تاک تێک بدەن.

ئەو ئامرازە بۆ هاووڵاتیان، بووه‌تە "سندووقێکی سێحراوی" و هەموو شتی بە دەست دەگات، تەنانەت ئەوەیش کە دیکتاتۆرەکان لە جوگرافیا و سنووری نەتەوەییدا لێی دەترسن و لێی زەوت دەکەن. لە سەردەمی ئێستادا و، بە بوونی شۆڕشی ئەلێکترۆنییەوە کە زۆر بەئاسانی زانیاریی تێدا دەستاودەست دەکرێت و بەشێک لە ڕای گشتی لەوێدا گەڵاڵە دەکرێت، تاک دەتوانێت شان لە شانی گرووپ و حزبە سیاسییەکان بدات. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیی سەردەم، شەپۆڵێکە و کەس بەرگەی ناگرێت.

ئامرازی ڕاگەیاندنی ئەلێکترۆنی، هاوکێشەیەکی نوێیە لە جیهانی ڕاگەیاندندا کە دەتوانێت گرووپی کۆمەڵایەتی ڕێک بخات و بەهێزیان بکات. ئەمە، هەم یارمەتیی سەرمایەدار (بازاڕی نەتەوەیی) دەدات کە بەرهەم و پلانی خۆیان بە هاووڵاتیان بگەیێنن، هەمیش بۆ سیاسەتوانان و گرووپە سیاسییە کارتێکەرەکان دەرفەتێکی ڕاستەوخۆی هێناوەتە کایەوە، کە ڕوو لە پەیاموەرگری خۆیان بکەن. لێکنزیککردنەوەی هاووڵاتیان بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە، ئەو بازنە ستراتیژییەیە کە پێویستە گرینگیی پێ بدرێت. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی کارتێکەرە، چونکە هێز و دەسەڵاتی هەیە.

عێراقی "دوای هاوپەیمانان"

عێراقی "دوای هاوپەیمانان"

عێراقی "دوای هاوپەیمانان"  تاقیکردنەوەی سەروەری لەبەردەم هەژموونی بۆشاییدا   د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەک...