شرۆڤە
شرۆڤە
ململانێی زلهێزەکان لەسەر سەرچاوەکانی وزەی عێراق: سەرکێشانی هەژموونی ڕۆژاوا و پاشەکشەی ڕووسیا لەنێوان هاوکێشە نوێیەکانی بەغدا و هەولێر
نووسینی دكتۆر بێستون محه‌مه‌د - پسپۆڕ لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز
پێشەکی
بەهۆی ئەو یەدەگە زۆرەی كە عێراق لە نەوتی خاو و غازی سروشتی هەیەتی، ئەم وڵاتە بۆ هەمیشە وەک یەکێک لە جەمسەرە هەرە گرنگەکانی جیۆپۆلیتیکی وزە لەسەر ئاستی جیهان وێنا كراوە. ئەم پێگە ستراتیژییە تەنیا لە باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکوو لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە لە ساڵی 2003وە، "هەرێمی کوردستان"یش وەک ئەکتەرێکی نوێ و خاوەن قەوارەیەکی دەستووری، توانیی چوارچێوەیەکی سەربەخۆ بۆ پیشەسازیی وزە دابڕێژێت و سەرنجی دەیان كۆمپانیای نێوده‌وڵەتی لە جوگرافیا جۆراوجۆرەكانی جیهانەوە ڕابکێشێت.
ململانێ و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی ئەم سامانە سروشتییە، هەمیشە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی ئابووریی ناوخۆیی و هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە. لە ئێستادا، لە سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی بازاڕی وزەی جیهانی، پێگەی عێراق و هەرێم لە هاوکێشەیەکی نوێدایە کە ڕاستەوخۆ بە ململانێی زلهێزە گەورەکانی جیهانەوە بەستراوەتەوە.
بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، ئەو ڕاستییە دەردەكەوێت كە گۆڕەپانی وزەی عێراق هەمیشە شاهیدی کێبڕکێیەکی توند بووە لەنێوان بلۆکی ڕۆژاوا (بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا) و بلۆکی ڕۆژهەڵات کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕووسیا نوێنەرایەتیی دەکەن. بەڵام لەم دوایییانەدا، نەخشەی وزەی عێراق گۆڕانکارییەکی ڕیشەییی بەخۆیەوە بینیوە و، گۆڕانكارییەكانیش لەدوای دەستبەكاربوونی "علی زەیدی"، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق، تا دێت خێراتر دەبن؛ گۆڕانی هاوسەنگیی هێز بەڕوونی بە ئاراستەی سەرکێشانی هەژموونی کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان و پاشەکشەی پلە بە پلەی ده‌ستڕۆیشتوویی (نفووز)ی ڕووسیا دەڕوات. ئەم پاشەکشەیەی ڕووسیا لە بازاڕی عێراق و هەرێمدا، تەنیا ڕەهەندێکی بازرگانی نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سزاکانی سەر مۆسکۆ و گۆڕانی ستراتیژی سیاسیی حکوومەتی فیدراڵی بەغدایە بۆ پشتبەستن بە هاوبەشە تەکنەلۆژی و ئەمنییەکانی ڕۆژاوا.
لەسەر ئەم بنەمایە، گریمانەی ئەم توێژینەوەیە لەسەر ئەو ڕاستییە هەڵوەستە دەكات کە: سیاسەتی نوێی وزە لە عێراق، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی هەژموونی ڕووسیا و بەهێزکردنی پێگەی کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان (ئەمریکی، بەریتانی و فەڕەنسی) دەڕوات. ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییەیش تەنیا گرێدراوی جۆری گرێبەستەکان نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناو کابینەی نوێی بەغدا و ئەو گەرەنتییە ئەمنییە توندوتۆڵانەیە کە لەم دوایییانەدا بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەکانی ڕۆژاوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابین کراون.
1. پاشەکشەی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە کەرتی وزەی عێراق
عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەكانی ڕابردوودا بە یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی وەبەرهێنانی ستراتیژیی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕووسیا دادەنران. بەپێی لێدوانەکانی ئەلبروس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق، قەبارەی وەبەرهێنانەکانی مۆسکۆ لە کەرتی نەوت و غازی عێراق لە ساڵی 2025 گەیشتە 20 ملیار دۆلار بەراورد بە 19 ملیار دۆلار لە ساڵی 2024دا. سێ کۆمپانیای گەورەی وەک Lukoil، Gazprom و Rosneft ڕۆڵی سەرەکییان لەم وەبەرهێنانەدا هەبووە؛ بەڵام بەهۆی سزای توندی نێوده‌وڵەتی و ئەمریکاوە، ئێستا ئەم کۆمپانیایانە لەبەردەم قەیرانێکی قورس و پاشەکشەیەکی ئاشکرادان.
1.1. کەرتی نەوت و غاز لەژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیا ڕووسییەکاندا
کۆمپانیا ڕووسییەکان لە چەندان کێڵگەی گرنگدا كاریان كردووە؛ لە بەشێك لەم كێڵگانە تا ئێستایش بەردەوامن:
- کۆمپانیای لۆک ئۆیڵ (Lukoil): ئەم كۆمپانیایە لە کێڵگەی "قوڕنەی ڕۆژاوای 2" لە بەسڕە کاری دەكرد کە یەدەگەکەی بە نزیكەی 13 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت. ئەم کۆمپانیایە پێشتر پشکی شێری بە ڕێژەی 75% هەبوو و ڕۆژانە نزیکەی 500,000 بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بە ئامانجی گەیشتن بە 800,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
- کۆمپانیای گازپرۆم (Gazprom): لە بلۆکی گەرمیان و کێڵگەی سەرقەڵا خاوەنی 40%ی پشکەکان و لە بلۆکەکانی هەڵەبجە و شاکەل خاوەنی 80%ی پشکەکانە. گازپرۆم ڕۆژانە 30,000 بەرمیل نەوت و40 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت کە بۆ دابینکردنی 165 مێگاوات کارەبا بەکار دێت.
- کۆمپانیای ڕۆسنەفت (Rosneft): لە ساڵی 2017دا بە کڕینی 60%ی پشکەکانی بۆڕیی نەوتی کوردستان (KPC) بە بەهای 1.8 ملیار دۆلار، بووە خاوەنی هێڵی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم؛ لە کاتێکدا کۆمپانیای کار (KAR Group) خاوەنی 40%ی پشکەکان بوو.
2.1. سزاکانی ئەمریکا و سەرەتای پاشەکشەی ڕووسیا
دوای دەستپێکردنی جه‌نگی ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022، گوشارە نێوده‌وڵەتییەکان بۆ سەر کەرتی دارایی و وزەی ڕووسیا زیادیان کرد. ئەمریکا بەتەنیا زیاتر لە 822 سزای بەسەر دامەزراوە ڕووسییەکاندا سەپاند؛ ئەمەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کرد. لە سەرەتای مانگی ئازاری هەمان ساڵدا، بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پاراستنی سیستەمی داراییی وڵاتەکە، داوای ڕاگرتنی مامەڵە بازرگانی و دارایییەکانی لەگەڵ ڕووسیا کرد.
· پاشەکشەی لۆک ئۆیڵ لە باشووری عێراق: سزاکانی سەر کەرتی بانکیی ڕووسیا، پرۆسەی گواستنەوەی پارە و دابینکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بۆ لۆک ئۆیڵ پەک خست. بەهۆی ئەم کێشە تەکنیکی و دارایییانەوە، کۆمپانیای شیڤرۆن (Chevron)ی ئەمریکی وەک جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ پڕکردنەوەی پشکی ڕووسییەکان هاتە پێشەوە. هاتنی شیڤرۆن و هێنانی تەکنەلۆژیای هەڵکەندنی ئاسۆیی (Horizontal Drilling)، بووە هۆی کەمبوونەوەی نفووز و پشکی لۆک ئۆیڵ لە دڵی پیشەسازیی نەوتی باشووردا.
· کەمبوونەوەی پشکی ڕۆسنەفت لە هەرێمی کوردستان: لە هەرێمی کوردستان، کڕیاران و بانکە نێوده‌وڵەتییەکان بەهۆی مەترسیی سزای لاوەکی (Secondary Sanctions)، ئامادە نەبوون مامەڵە لەگەڵ بۆڕییەکدا بکەن کە زۆرینەی پشکەکانی لای ڕووسیا بێت. لە کۆبوونەوەیەکی نێوان ماکسیم ڕوبین (کونسۆڵی گشتیی ڕووسیا) و کەمال محەمەد (وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت)، پرسی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی خاوەندارێتیی بۆڕییەکە تاوتوێ کرا.
بۆ ڕزگارکردنی هێڵی هەناردەکردن، ڕۆسنەفت ناچار بوو پشکەکانی خۆی لە 60%ەوە کەم بکاتەوە بۆ 49% (خوارووی پەنجا لەسەدا بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان). ڕۆسنەفت پشکی 11%ی خۆی بە کۆمپانیای DEX Capital فرۆشت كە بنکەكەی لە "ئیمارات"ە؛ بەمەیش مافی بڕیاردانی ڕەهای لە بۆڕیی نەوتی کوردستاندا لەدەست دا.
· سەرکێشان و فراوانبوونی هەژموونی کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان: له کاتێکدا بلۆکی ڕۆژهەڵات و کۆمپانیا ڕووسییەکان بەهۆی گۆشەگیریی دارایی و سیاسییەوە لە پاشەکشەدان، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕۆژاوا بە پاڵپشتیی دیپلۆماسی و سەربازیی وڵاتەکانیان، لە هەوڵی داڕشتنەوەی نەخشەی وزەی عێراق و ناوچەکەدان. ئەم فراوانبوونی هەژموونە تەنیا ڕەهەندێکی بازرگانی نییە، بەڵکوو گۆڕینی کەرتی وزەیە بۆ هێڵێکی بەرگریی ستراتیژی لە بەرژەوەندیی ڕۆژاوا.
2. گەشەكردنی هەژموونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان (Chevron و HKN Energy)
چاوەڕوان دەكرێت، کەرتی نەوت و غازی عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە ببینێت، کە تێیدا واشنتۆن لە ڕێگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک شیڤرۆن (Chevron) و ئێچ کەی ئێن ئینێرژی (HKN Energy)و چەند كۆمپانیایەكی ترەوە نەخشەی نفووزی خۆی لەسەر حسابی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە ناوچەکەدا نوێ بکاتەوە.
ئەم وەرچەرخانە کتوپڕە لە سەردەمی کابینەکەی سەرۆکوەزیران "محەمەد شیاع سوودانی" و دواتریش بەتایبەتی هەر لە سەرەتاوە لە كابینەكەی "عه‌لی زەیدی"دا ڕەنگدانەوەی ئاشکرای هەبووە. سەردانە فەرمییەكەی زەیدی لە 14ی تەممووز بۆ ئەمریكا، هەروەها پێشوازییە تایبەتەكەی "دۆناڵد تڕەمپ" و حكوومەتی ئەمریكا ئەم بیرۆكەیە زیاتر دەچەسپێنێت؛ جگە لەوەیش، بەغدا و هەولێر بە شێوەیەکی هاوچەرخ دەرگه‌یان بۆ وەبەرهێنانی ملیاران دۆلاری ئەمریکی واڵا کردووە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تیمی تەکنیکی و داراییی مۆسکۆ کە لەژێر باری سزاکاندایە.
1.2. بەهێزبوونی پێگەی شیڤرۆن لە هاوکێشەی نەوتی باشووردا
ڕەنگە ئەمە گەورەترین گۆڕانکاریی جیۆپۆلیتیکی بێت كە لە باشووری عێراق و لە کێڵگەی ستراتیژیی قوڕنەی ڕۆژاوای 2 (West Qurna-2) ڕووی دا؛ ئەم كێڵگەیە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی جیهان و نزیکەی 12%ی کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق پێک دەهێنێت. کۆمپانیای لۆک ئۆیڵ (Lukoil)ی ڕووسی بەهۆی سزاکانی واشنتۆن و ڕۆژاوا لە دوای جه‌نگی ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022ەوە، ڕووبەڕووی بەربەستی قورسی گواستنەوەی پارە و پەککەوتنی تەکنەلۆژیا بووەوە.
بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو و لە هەنگاوێكی زۆر خێرادا، حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنێکی سێقۆڵیی لەنێوان کۆمپانیای نەوتی بەسڕە، لۆک ئۆیڵ و شیڤرۆن واژۆ کرد. بەپێی ئەم گرێبەستە، پشکی لۆک ئۆیڵ بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسڕە و، پاشان مافی بێبەربەست و سەرەکی بۆ ماوەی یەک ساڵ دەدرێتە کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی کێڵگەکە.
هاوکات، شیڤرۆن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی تری سەرەتاییی واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی ناسریە کە چوار بلۆکی گەڕان و دۆزینەوە لە پارێزگای زیقار لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین. ئەم جووڵانەی شیڤرۆن بە هێنانەناوەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، پەیامێکی ڕوونی سیاسیی بەغدایە بۆ گۆڕینی تیمی ڕووسی بە چەتری تەکنیکی و سیاسیی ئەمریکی.
2.2. کێڵگەی حەمرین و فراوانبوونی كارەكانی HKN
گرێبەستە گرنگەکەی تری حكوومەتی عێراق، سپاردنی کێڵگەی نەوتی حەمرین بوو بە کۆمپانیای HKN Energyی ئەمریکی. د. عیزەت سابیر ئیسماعیل، جێگری وەزیری نەوتی عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەفەرمی بەشداربوونی وەزارەتی لە واژۆکردنی ئەم گرێبەستە سەرەتایییەدا ڕاگەیاند. کێڵگەی حەمرین بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی لەنێوان بەغدا، کەرکووک و هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی لۆجیستیی کەموێنەی هەیە. سپاردنی ئەم کێڵگەیە بە HKN نیشانی دەدات کە بەغدا متمانەی تەواوی داوەتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لە ناوچە ناوەڕاست و هەستیارەکاندا.
ئەم جووڵەیەی HKN هاوتایە لەگەڵ کارەکانی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان (لە بلۆکی سەرەسەنگ و کێڵگەی سوارەتوکە)؛ هەروەها هاوتایە لەگەڵ واژۆكردنی دوو گرێبەست بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لە ڕێوڕەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتۆن، كە گرێبەستێكیان لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە و ئەوی تریان لەگەڵ كۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس بوو و، لایەنەكان گرێبەستی چەند ملیار دۆلاریی نوێیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە واژۆ کرد. هەروەها ئەم کۆمپانیایە کارەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژاوای كوردستان) لە "کێڵگەی ڕۆمێلان" و پینج كێڵگەی تر فراوانتر کردووە. کۆکردنەوەی ئەم هێڵە جوگرافییە (کوردستان، حەمرین، ڕۆژهەڵاتی سووریا) پشتێنەیەکی وەبەرهێنانی یەکگرتووی ئەمریکی لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا دروست دەکات، کە هەم وزە لە گوشاری دەرەکی دەپارێزێت و هەم لێکتێگەیشتنێکی پراگماتییانە لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا جێگیر دەکات.
كەواتە، سەردانی شاندە ئەمریکییەکان بە ئامادەبوونی تۆم باڕاک و باڵیۆزخانەی ئەمریکا و، ئاگا‌داربوو‌نیان لە گرێبەستەکان لە بەغدا، نیشاندەری پاڵپشتیی تەواوی ئیدارەی ئەمریکایە بۆ چەسپاندنی ئەم واقعە نوێیە. کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە سوودوەرگرتن لە گۆشەگیریی داراییی ڕووسیا (کەمبوونەوەی پشکی ڕۆسنەفت لە بۆڕیی نەوتی کوردستان لە 60%ەوە بۆ 49% و فرۆشتنی بە DEX Capitalی ئیماراتی، لەگەڵ کشانەوەی لۆک ئۆیڵ لە باشوور، گەڕانەوەیەکی بەهێزیان بۆ ناو هاوکێشەی وزەی عێراق تۆمار کردووە.
ئەم هاوسەنگییە نوێیە لە کابینەی سوودانی و دواتریش زەیدیدا، گوزارشت لە قۆناغێکی نوێ دەکات کە تێیدا ئابووری و جیۆپۆلیتیک ئاوێتەی یەک دەبن بۆ جێگیرکردنی ده‌ستڕۆیشتووییی هەمیشەییی ئەمریکا لە دڵی کەرتی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
3. ڕۆڵی کۆمپانیا بەریتانی و فەڕەنسییەکان (BP و Total Energies)
جگە لە ئەمریکا، دوو لە گرنگترین جەمسەرە ئەورووپییەکانی ڕۆژاوایش گرێبەستی مێژوویییان لە عێراقدا واژۆ کردووە. کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرژی (Total Energies)ی فەڕەنسی، پرۆژەیەکی گەورەی بە بەهای 27 ملیار دۆلار لە باشووری عێراق (پرۆژەی گەشەپێدانی غازی گشتگیر) دەست پێ کردووە. ئەم پرۆژەیە چوار تەوەرەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت کە گرنگترینیان کۆکردنەوەی غازی کێڵگەکانە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە غازی هاوردەکراوی ئێران، لەگەڵ بەکارهێنانی ئاوی دەریا بۆ بەردەوامیی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان. فەڕەنسا لە ڕێگەی تۆتاڵەوە، خۆی وەک ڕزگارکەری کەرتی غازی عێراق و یاریزانێکی سەرەکی لە دابینکردنی وزەی جێگرەوە، جێگیر دەکات.
لە لایەکی ترەوە، کۆمپانیای بی پی (BP)ی بەریتانی، گەڕانەوەیەکی بەهێزی بۆ کێڵگە دێرینەکانی کەرکووک (وەک کێڵگەی باباگوڕگوڕ و بای حەسەن) و کێڵگەکانی باشوور ڕاگەیاندووە. دوای ڕێککەوتنە نوێیەکانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، BP پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووکی گرتووەتە دەست بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ سەرووی 600000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەم گەڕانەوەیەی بەریتانیا بۆ کەرکووک، هاوسەنگییەکی نوێی سیاسی لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا دروست دەکات و دەبێتە هۆی گواستنەوەی کۆنترۆڵی تەکنیکی و ئابووریی ئەو ناوچانە بۆ ژێر چاودێریی کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان.
4. هاوکێشەی عەلی زەیدی و تۆم باراک لە پەراوێزی فاکتەرە سیاسی و ئەمنییەكاندا
بەهێزبوونی نفووزی کۆمپانیا نێوده‌وڵەتییەکانی وزە بە شێوەیەكی بەردەوام لە ناوچەیەكی ئاڵۆزی وەک عێراق، هەرگیز تەنیا بە پێوەرە ئابوورییەکان ناپێورێت، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتنی ژوورە تاریکەکانی پشت دیمەنە سیاسی و ئەمنییەکانە. وەرچەرخانی مۆدێلی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و غازی عێراق لە ئێستادا، بەتەواوی ڕەنگدانەوەی ئەو دەرچە نوێیە سیاسییەیە کە بەغدا دەیەوێت لە ڕێگەیەوە هاوکێشە نێوده‌وڵەتییەکان بە قازانجی بلۆکی ڕۆژاوا یەکلایی بکاتەوە. سەردانەكەی زەیدی یۆ ئەمریكا ڕێككەوتنی ژوورە تاریكەكان دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
1.4. خوێندنەوەیەک بۆ کابینەی عەلی زەیدی
ئاماژەكان وەها نیشانی دەدەن كە کابینەی عەلی زەیدی بە ستراتیژێکی جیاوازەوە هاتبێتە ناو كایەكەوە. بنەمای ئەم ستراتیژە لەسەر "پڕاگماتیزمی ناوه‌ندی (مەرکەزی)" و ڕێکخستنەوەی سەرلەبەری پەیوەندییە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێوده‌وڵەتیدا دامەزراوە- بەڵام بە ئاراستەیەکی ڕوونی ڕۆژاوایی. عەلی زەیدی باش دەزانێت کە ڕاکێشانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ڕزگارکردنی عێراق لە سزاکانی پەیوەست بە دۆسیەی دارایی و غاز، پێویستی بە سازان هەیە لەگەڵ واشنتۆن و پاریس و لەندەن.
بەڵام ئەم هاوكێشەیە یەك گۆشە و یەك ڕەهەندی نییە و، ئەم هەنگاوە تەنیا پرۆسەیەکی ئابووریی بێلایەن نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە لێدانی باڵی نەیارەکانی ڕۆژاوا لە ناوخۆی عێراقدا. کابینەی زەیدی بە شێوازێکی نەرم، بەربەستی یاسایی و کارگێڕی بۆ کۆمپانیا ڕووسی و هەندێک لە کۆمپانیا چینییەکان دروست دەکات؛ تەنیا بە مەبەستی ئەوەی پێشانی بدات کە بەغدا پابەندە بە پرۆسەی دابڕانی ئابووری لە مۆسکۆ. ئەم جۆرە مەرکەزییەتە توندەی بەغدا لە دۆسیەی وزەدا، هەم وەک ئامرازێک بۆ ڕازیبوونی ڕۆژاوا بەکار دێت و، هەم وەک گوشارێکی بەردەوام لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بۆ هێنانەژێرباری تەواوەتیی دۆسیەی نەوتەکەی لەژێر چەتری کۆمپانیای نیشتمانیی "سۆمۆ"دا.
2.4. ئامانجی سەرەكیی دانیشتنی تۆم باراک و عەلی زەیدی، بریتی بووە لە مسۆگەركردنی گەرەنتیی ئەمنی بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان
گەرموگوڕیی دۆناڵد تڕەمپ لەگەڵ علی زەیدی لە سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، چەندان ئاماژەی ئەرێنیی تێدایە. پێ دەچێت چەند جووڵەیه‌كی دیپلۆماسیی ژێربەژێر لە چاوپێکەوتنی نێوان تۆم باراک، سەرمایەدار و یەکێک لە ده‌ستڕۆیشتووترین کەسایەتییەکانی نزیک لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی و ئەمنیی ئەمریکا و عەلی زەیدیدا هەبووبێت و، پێشوەختە گەیشتبنە لووتکەی ڕێككەوتن. بێ گومان، ناوەڕۆکی ئەم دانیشتنانە تەنیا باسی ژمارەی بەرمیلەکان یان نرخی تێچووی دەرهێنان نەبووە، بەڵکوو تیشکی سەرەکیی، لەسەر چەمکی گەرەنتیی پێشوەختەی ئەمنی و یاسایی بووە بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکی. هەر ئەمەیشە تڕەمپی شاگەشكە كردووە و، لە گفتوگۆكانیاندا زۆر باسی نەوتی عێراقی دەكرد.
کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان هەمیشە بەهۆی هێرشی درۆنی، مووشەکی و ناڕوونیی یاسایی‌ی نێوان بەغدا و هەولێر، کەرتی وزەی عێراقیان بە ژینگەیەکی پڕمه‌ترسی دادەنا. وا پێ ده‌چێت لەم دانیشتنەدا، عەلی زەیدی پابەندبوونی تەواوی کابینەکەی و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی گەرەنتی کردبێت بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوە و کێڵگەکانی ژێردەستی ئەمریکییەکان؛ تەنانەت لەو ناوچانەیشدا کە وەک ناوچەی کێشەلەسەر یان سنووریی قورس دادەنرێن (وەک ناوچەکانی کەرکووک و سنوورەکانی سووریا).
کاتێک حکوومەتێک گەرەنتیی ئەمنیی تایبەت و پێشینە دەداتە بلۆکێکی دیاریکراو (ڕۆژاوا)، بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی فەزای کارکردن بۆ بلۆکەکانی تر کەم دەکاتەوە. بێ گومان، ئەم کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییە بۆ ئەمریکییەکان، ڕێگە خۆش دەكات بۆ پاشەکشەی ناچاریی کۆمپانیا ڕووسییەکان (وەک لۆک ئۆیڵ و گازپرۆم) و سنووردارکردنی هەندێک گرێبەستی چینی؛ چونکە مۆسکۆ لەم قۆناغەدا نە توانای دابینکردنی چەتری داراییی نێوده‌وڵەتیی هەیە و نە بەغداش چیتر ئامادەیە لەپێناو کۆمپانیا ڕووسییەکاندا سەرکێشی بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ واشنتۆندا بکات.
5. پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر لە سایەی یاسای نوێی نەوت و غازدا
ئاڵۆزترین دۆسیە لەنێوان هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەرێم، دۆسیەی نەوتە. ئەم دۆسیەیە لە دوای بڕیارەکەی "دادگه‌ی ناوبژیوانیی نێوده‌وڵەتی لە پاریس" و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، چووەتە قۆناغێکی نوێی بنبەستەوە. لێرەدا، بەهێزبوونی هێزی ڕۆژاوا وەک کارەکتەرێکی نێوەندگیر، ڕەهەندێکی دووفاقیی وەرگرتووە: لە لایەکەوە ئەمریکا و فەڕەنسا دەیانەوێت بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕی وزە و دابینکردنی غازی جێگرەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە، گوشارەکانیان بۆ سەر داڕشتنی یاسای نوێی نەوت و غازی فیدراڵی، زۆر جار بە ئاراستەی قبووڵکردنی مەرکەزییەتی بەغدایە. ئەمەیش سازشێکی قورسە لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێم.
لە ڕوانگەی لۆژیكییەوە، هەر یاسایەکی نەوت و غاز کە ڕۆڵێکی فیعلی، هاوبەش و بڕیاردەر نەداتە هەولێر لە پرۆسەی بەڕێوەبردن، دۆزینەوە و گرێبەستکردندا، ناتوانێت سەقامگیریی درێژخایەن دابین بکات. ناکرێت کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، کە بە خوێنی دەیان ساڵ و وەبەرهێنانی ملیۆنان دۆلار بونیاد نراوە، کورت بکرێتەوە بۆ لایەنێكی "تەنیا جێبەجێکار" لەژێر فەرمانی کۆمپانیای "سۆمۆ"ی سەر بە بەغدا. نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی هەولێر لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نوێی نەوت و غازدا، دەبێت لەسەر بنەمای فیدراڵیزمی دەستووری بێت، نەک وەک پاشکۆیەکی کارگێڕی کە تەنیا ئەرکی ڕادەستکردنی کێڵگەکانی پێ بسپێردرێت.
سەبارەت بە ئاییندەی هەناردەکردن لە ڕێگەی "بەندەری جەیهان"ەوە، ڕێککەوتنە نوێیەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا نیشانی دەدەن کە کەرتی وزەی کوردستان کراوەتە قوربانیی ململانێی مەرکەزی و هەرێمایەتی. ئەنقەرە و بەغدا لە ڕێگەی لێکگەیشتنە سیاسییەکانیانەوە، هەوڵ دەدەن دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق-بە نەوتی کوردستانیشەوە- ڕێک بخەنەوە؛ بەڵام غیابی ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و واژۆی کۆتاییی هەولێر لەم هاوکێشەیەدا، مەترسییەکی گەورە لەسەر سەربەخۆییی ئابووریی هەرێم دروست دەکات.
ئەگەر کۆمپانیا ئەمریکی و ڕۆژاوایییەکان دەیانەوێت ژینگەیەکی ئارامیان هەبێت، دەبێت گوشار بخەنە سەر بەغدا بۆ قبووڵکردنی مۆدێلێکی بڕیاردانی هاوبەش (Joint Management)؛ چونکە بەبێ گەرەنتیی مافەکانی هەرێم و پاراستنی قەوارەی یاسایی‌ی بۆڕییە نەوتییەکان، هەر ڕێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە تەنیا دواخستنی قەیرانەکان دەبێت نەک چارەسەرکردنیان.
لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی نێوده‌وڵەتی چاوەڕوانی لێکتێگەیشتنی یاسایی‌ی لەنێوان بەغدا و هەولێر دەکرد، حکوومەتی فیدراڵی عێراق ستراتیژییەتێکی نوێ و توندتری بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی وزە گرتووەتە بەر؛ کە ڕاستەوخۆ ئامانجی پەراوێزخستن و بێبایەخکردنی ژێرخانی نەوتی هەرێمی کوردستانە. واژۆکردنی گرێبەست لەلایەن بەغداوە لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا وەک "شێڤرۆن" و "هالیبەرتۆن" بۆ لێکۆڵینەوە و دروستکردنی بۆڕییەکی نوێی ستراتیژی، گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەم هاوکێشەیەدا. ئەم پڕۆژەیە کە تێیدا نەوتی بەسڕە (باشووری عێراق) لە دوو ڕێگەی جیاوازەوە دەگەیەنرێتە بەندەری جەیهانی تورکی و بانیاسی سووری، هەوڵێکی ئەندازیاری و سیاسییە بۆ تێپەڕاندنی تەواوەتیی ئەو بۆڕییە نەوتییەی کە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بونیادی ناوە.
لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیکی، ئەم هەنگاوە گوزارشت لە دوو ئامانجی هاوتەریب دەکات: لە لایەکەوە، بەغدا دەیەوێت پشتبەستنی خۆی بە گەرووی هورمز (کە لەژێر ڕەحمەتی گوشاری سەربازی و سیاسیی ئێراندایە) کەم بکاتەوە و ڕێگەی هەناردەکردنی خۆی هەمەجۆر بکات. بەڵام لە لایەکی ترەوە- کە ئەمەیان ڕەهەندە ناوخۆیییە پڕ لە کێشەکەیە- ئەمە هەوڵێکی ڕاستەوخۆ و پلانبۆداڕێژراوە بۆ سڕینەوەی پێگەی هاوبەشیی هەرێمی کوردستان لە نەخشەی وزەی ناوچەکەدا.
بەغدا بەزیرەکییەوە کۆمپانیا ئەمریکییەکان (شێڤرۆن و هالیبەرتۆن) وەک قەڵغانێکی نێوده‌وڵەتی بەکار دەهێنێت؛ چونکە کاتێک واشنتۆن و کۆمپانیاکانی دەبنە وەبەرهێنەر و خاوەنی بۆڕییە نوێیەکە، ئەوا پاڵپشتییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکەی ئەمریکاش خۆبەخۆ دەچێتە خزمەت بۆڕییە نوێیەکەی بەغدا. ئەمەیش وا دەكات کە بۆڕیی نەوتی کوردستان (KPR) گرنگییە ستراتیژییەکەی خۆی لەدەست بدات.
لێرانەدا سەرنجێكی ڕەخنەیی، خۆی ده‌نوێنێت: ئەم مۆدێلە لە بەڕێوەبردن، کە دەتوانرێت لە "مەرکەزییەتی ئابووریی سەپێنراو"دا پوخت بكرێتەوە، ناتوانێت سەقامگیریی درێژخایەن لە عێراقدا مسۆگەر بکات. بەغدا لەبری ئەوەی کێشە یاسایییەکانی لەگەڵ هەولێر لەسەر بنەمای فیدراڵیزمی دەستووری چارەسەر بکات، پەنا بۆ تێچووی داراییی گەورە دەبات تەنیا بۆ ئەوەی قەوارەیەکی هاوبەشی ناوخۆیی (هەرێم) پەراوێز بخات.
داهاتووی کەرتی وزە ناتوانێت لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەوی تر بونیاد بنرێت. هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا، کە تێیدا نوێنەرایەتیی ڕاستەوخۆ و ڕۆڵی فیعلیی هەولێر لە ئامادەکردنی یاسای نەوت و غاز و بەڕێوەبردنی بۆڕییەکاندا نەبێت، تەنیا وەک چارەسەرێکی کاتی دەمێنێتەوە. ئەگەر بەغدا بیەوێت سەروەریی داراییی ڕاستەقینە بپارێزێت، دەبێت مۆدێلی "بڕیاردانی هاوبەش" لەگەڵ هەرێم قبووڵ بکات؛ چونکە بەکارهێنانی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ خنکاندنی ئابووریی هەرێم، لە داهاتوودا درزێکی گەورە لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا دروست دەکات کە دەرەنجامەکەی تەنیا ناسەقامگیری دەبێت بۆ هەموو لایەک.
6. خوێندنەوەی ئاییندەیی و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان
داهاتووی کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێوان بەرداشی ململانێی بلۆکە نێوده‌وڵەتییەکاندا، ڕووبەڕووی دوو سیناریۆی سەرەکی دەبێتەوە کە ئاڕاستەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە بۆ داهاتوو دیاری دەکەن:
ئەگەری یەکەم: هاوبەشیی تەواو لەگەڵ ڕۆژاوادا
لەو سیناریۆیەدا، کابینەکەی عەلی زەیدی بە پاڵپشتیی دارایی و تەکنیکیی واشنتۆن و پاریس، سەرکەوتوو دەبێت لە جێبەجێکردنی نەخشەسازییە نوێیەکەیدا. بەمەیش پرۆژە زەبەلاحەکانی وەک پرۆژەی تۆتاڵ ئینێرژی دەگەنە قۆناغی بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆ، عێراق پشتبەستنی خۆی بە غازی ئێران بەتەواوی دەبڕێت و کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک شیڤرۆن و HKN کۆنتڕۆڵی تەواوی کێڵگە ستراتیژییەکانی ناوچەکە دەکەن. لەم دیمەنەدا، عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە ناوەندێکی ئارام و هاوبەشێکی سەرەکیی دابینکردنی وزە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، کە تێیدا نفووزی ڕووسیا تەنیا وەک مێژوویەکی کۆن دەمێنێتەوە.
ئەگەری دووەم: کاردانەوە و تێکچوونی هاوسەنگی (بەربەستەکان)
ئەم سیناریۆیە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بلۆکی نەیاری ڕۆژاوا (ڕووسیا، ئێران و هاوپەیمانە ناوخۆیییەکانیان لە عێراق) بەئاسانی دەستبەرداری کارتەکانی خۆیان نابن. ئەگەری زۆرە لە ڕێگەی بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەکان، گوشاری مووشەکی یان دروستکردنی ئاستەنگی یاسایی لە ڕێگەی دادگه‌ی فیدراڵییەوە، هێرش بکرێتە سەر کێڵگەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکا لە هەرێم و ناوچە کێشەلەسەرەکان. ئەم کاردانەوانە دەبنە هۆی تۆقاندنی وەبەرهێنەرانی ڕۆژاوایی و سەلماندنی ئەوەی کە "گەرەنتییە ئەمنییەکانی زەیدی" ناتوانن بەرگەی باهۆزە سیاسییەکان بگرن.
دەرەنجام
لە کۆتاییدا، ئەم توێژینەوەیە دەگاتە ئەو بڕوایەی کە کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەمکی تەقلیدیی پەرەپێدانی ئابووری دەرچووە؛ نەوت و غازی ئەم نیشتمانە لە ئێستادا بووەتە خاڵی جومگەیی بۆ کێشانی نەخشەی نوێی جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پاشەکشەی کۆمپانیا ڕووسییەکانی وەک لۆک ئۆیڵ و ڕۆسنەفت و، لەبەرامبەردا فراوانبوونی هاوکاتی کۆمپانیا ئەمریکی و ئەورووپییەکان، دەیسەلمێنن کە شەڕی داهاتوو، شەڕی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتە.
بۆیە، ڕزگاربوونی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم کێشمەکێشە، تەنیا بە داڕشتنی یاسایەکی فیدراڵی و دادپەروەرانە دەبێت، کە تێیدا هەولێر و بەغدا وەک دوو هاوبەشی ڕاستەقینە بڕیار لەسەر چارەنووسی وزەی وڵاتەکە بدەن، نەک وەک پاشکۆی ئەجێندای زلهێزە دەرەکییەکان.
سەرچاوەكان:
· Baban, M. (2022, March 20). The consequences of Russia's sanctions on Kurdistan region and Iraq. Rudaw Research Center. https://rudawrc.net/en/article/the-consequences-of-russias-sanctions-on-kurdistan-region-and-iraq
· BP. (n.d.). bp in Iraq. https://www.bp.com/about-us/what-we-do/bp-worldwide/bp-in-iraq
· Crisp, W. (2026, June 16). HKN Energy starts operating Syria's Rmeilan oil fields. MEED. https://www.meed.com/hkn-energy-preparing-to-enter-syrias-rmeilan-oil-fields
· Iraqi News Agency. (2026, June 16). Barrack: Trump-Al-Zaidi meeting marks turning point in future of bilateral relations. https://ina.iq/en/politics/50410-barrack-trump-al-zaidi-meeting-marks-turning-point-in-future-of-bilateral-relations.html
· Kurdistan 24 English. (2025, May 20). KRG: Multi-billion-dollar oil pacts with US firms will boost Kurdistan’s economy. https://www.facebook.com/K24English/posts/krg-multi-billion-dollar-oil-pacts-with-us-firms-will-boost-kurdistans-economyou/1112669274221704/
· Kurdistan 24 English. (2026, February 23). Iraq signs preliminary energy agreements with US firm Chevron covering central and southern oil fields. https://www.facebook.com/K24English/posts/iraq-signs-preliminary-energy-agreements-with-us-firm-chevron-covering-central-a/1345831094238853/
· Kurdistan24. (2025, May 20). KRG: Multi-billion-dollar oil pacts with U.S. firms will boost Kurdistan's economy. https://www.kurdistan24.net/en/story/841366
· Kurdistan24. (2026, February 23). Iraq signs preliminary energy agreements with U.S. firm Chevron covering central and southern oil fields. https://www.kurdistan24.net/en/story/895885
· Lee, J. (2026, July 10). North Oil Company and HKN sign Hamrin contract. Iraq Business News. https://www.iraq-businessnews.com/2026/07/10/north-oil-company-and-hkn-sign-hamrin-contract/
· Naji, A. (2026, February 4). The oil dispute between Baghdad and Erbil: A constitutional and economic analysis. Al-Bayan Center for Planning and Studies. https://www.bayancenter.org/en/2026/02/12725/
· Peregraf. (2025, November 24). Russian consul meets KRG natural resources minister as Rosneft reduces stake in Kurdistan oil pipeline. https://peregraf.com/en/news/10281
· Rudaw English. (2025, August 19). Iraq's oil ministry and US energy giant Chevron on Tuesday signed a deal to develop several oil exploration blocks. https://www.facebook.com/RudawEnglish/posts/iraqs-oil-ministry-and-us-energy-giant-chevron-on-tuesday-signed-a-deal-to-develop/1213128017520468/
· Rudaw. (2025, August 19). Iraq, Chevron ink deal to develop oil exploration blocks. https://www.rudaw.net/english/categories/iraq/892438
· The New Region. (2025, December 1). Iraq invites US companies to manage massive Russian-operated oilfield. https://thenewregion.com/posts/3827
ئێدوارد بێرنیز؛ مامۆستای نادیاری دەستکاریکردنی هزری گشتی
ئێدوارد بێرنیز؛ مامۆستای نادیاری دەستکاریکردنی هزری گشتی
وەرگێڕان: بەڕۆژ ئاکرەیی
کەمتر کەسێک لەم سەد ساڵەی دواییدا توانیویەتی وەک ئیدوارد بێرنیز کاریگەریی قووڵی لەسەر ڕۆژاوا دانابێ؛ ئەو بە "باوکی پەیوەندییە گشتییەکان" دەناسرێ. بێرنیز لە ساڵی ١٩٩٥ و لە تەمەنی سەد و سێ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بێرنیز یەکەمین نووسینگەی "ڕاوێژی پەیوەندییە گشتییەکان"ی لە ساڵی ١٩١٩ لە نیویۆرک کردەوە و لە سەد ساڵی ڕابردوودا مامۆستای نادیاری دەستکاریکردنی هزرە گشتییەکان بووە.
بێرنیز هیچ لاریی نەبوو لەوەی کە بە مامۆستای گومڕاکردنی هزرە گشتییەکان بناسرێ و لە ڕاستیدا شانازییشی پێوە دەکرد. دەسکەوتی ژیانی ئەو بریتی بوو لە دەستکاریکردنی بیروبۆچوونی خەڵکی ئاسایی کە بە خەڵکی ڕەمەکی ناو دەبردن. ئەو تەنانەت دەیگوت هۆی ناوبانگی ئەو پیشەیە کە دای هێناوە –پسپۆڕی پەیوەندییە گشتییەکان- بەس لەبەر ئەوە بووە کە پڕۆپاگه‌نده‌کان ڕۆڵێکی نێگەتیڤیان دەگێڕا. بێرنیز هیچ گرفتی لەوەدا نەبوو کە بە کەسێکی نادیار دەناسرێ؛ ئەو خۆی بە پاژێک لە حکوومەتی نادیار دەزانی.
بێرنیز لە ساڵی ١٩٢٨دا کتێبێکی بە ناوی "پڕۆپاگه‌نده" نووسی کە بەم شێوەیە دەستی پێ دەکرد: "دەستکاریکردنی هۆشیارانە و هۆشمەندانەی بیر و خدەکانی خەڵک یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. ئەوانەی میكانیزمه نادیارەکانی کۆمەڵگە دەستکاری دەکەن، حکوومەتێکی نادیار دروست دەکەن کە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی وڵاتەکەمانە. بە بۆچوونی بێرنیز، حکوومەتی نادیار "چینی سەرووی کۆمەڵگەیە؛ پەوەردەکراو و ڕاهێنراو و کارناس و ڕۆشنبیر. تەنانەت ئەوان پێویست ناکا یەکتریش بناسن، بەڵام خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن. ئەوان سەرەداوی کارەکانیان بەدەستەوەیە و زەینی گشتی کۆنترۆڵ دەکەن.
بێرنیز حکوومەتی حاکمە نادیارەکانی بۆ کۆمەڵگە بە شتێکی چاک و لەبار دەزانی و پێی وا بوو گەر وا نەبێ، ئاژاوە و بشێوی دروست ده‌بێ. بە گوتەی کچەکەی لە بەڵگەفیلمێکی "بی بی سی"دا (بە ناوی "سەدەی خۆمان" کە بەرهەمی ئادام کۆرتیسە) بێرنیز پێی وا بوو تێکڕا و بەتایبەت خەڵکی ڕەمەک بەڕاستی دەبەنگن.
بێنرنیز پێی وا بوو کە دەستکاریکردنی بیری گشتی، لەودیو سیاسەتەوە ئەنجام دەدرێ: "حوکممان لێ کراوە، زەینمان لە خشت دراوە، چەشت و سەلیقەمان شێواز کراوە، بیرەکانمان ڕاسپێردراون، هەموویشیان لە لایەن کەسانێکەوە کە ناویانمان قەت نەبیستوون." بێرنیز لە سەدەی بیستەمدا زۆرتر خەریکی دەستکاریکردنی زەینی خەڵک بوو لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە نائاسایییەکانی ئەوانەی پارەیان بۆ چالاکییەکانی ئەو هەبوو.
دوو بۆچوونی سەرەکی لە کارەکانی بێرنیزدا هەبوون: یەکەم، ئەوەیان کە خەڵک لە ڕاددەبەدەر دەبەنگ و بێئاوەزن و زۆرتر لەژێر کاریگەرییە هەستەکییەکاندان و ئەستەمە بڕوا بە بڕیارەکانیان بهێنین. ئەمە هەڵبەت هەر ئەو بەڵگەهێنانەوەیە کە بە درێژاییی مێژوو و بۆ پاساوهێنانەوەی داگیرکاری و دیکتاتۆری و نکۆڵیکردن لە مافی ژنان و هەژاران و خەڵکانی لەم چەشنە بەکار هێنراوە.
دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م سەرەتا زۆربەی خەڵکی سەرووی تەمەنی یاسایی پاش ساڵانێک خەبات لە زۆربەی وڵاتەکانی ڕۆژاوادا مافی دەنگدانیان پێ بڕا. ئەمەیش بووە هۆی ئەوە کە ئەرکی دەستکاریکردنی بیروبۆچوونی خەڵک و دڵنیابوون لەوە کە ئەوان کاری کۆنترۆڵکردن ناگرنە دەست، بوو بە یەکێک لە کارە دەستبەجێکانی بێنرنیز و کڕیارەکانی.
شتێک کە بێرنیز بێ هیچ پەردەپۆشییەک لەمەڕ بۆچوونی خۆی سەبارەت بە خەڵک نووسیویەتی، گەلێک هەژێنەرە. ڕەنگە بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی چینی دەسەڵات لەگەڵ بۆچوونەکانی ئەودا نەبن، بەڵام زۆر کەمن ئەوانەی بەئاشکرا ئەمە دەربڕن. دووەمین بڕوای بێرنیز ئەوە بوو کە دەکرێ بۆچوونەکانی زیگمۆند فرۆید، بنیاتنەری ناوداری دروونناسی، بە شێوەیەکی بەرفراوان و لە پێناو دەستکاریکردنی بیری گشتیدا بەکار بهێنرێ. فرۆید خاڵی بێرنیز بوو و باوکی بێرنیزیش برای خانمەکەی فرۆید بوو.
بێرنیز حەزێکی زۆری لە بەتایبەت ئایدیای ناخۆئاگا (نه‌ست)ی خاڵی خۆی بوو. فرۆید لەو بڕوایەدا بوو کە زۆربەی ئەو سۆزانەی لە ناخۆئاگادا دەدۆزرێنەوە زبر و ترسناکن و سه‌رچاوه‌ی نیاز، یان سه‌رچاوه‌ی سێكسییان هەیە. بە گوتەی یەکێک لە پسپۆڕەکانی دەروونناسی، "غەریزە لە سەرەتای ڕەهەندە مانایییه‌کەیدا" ڕێنیشاندەری ناخۆئاگایە. لە کاتێکدا کە فرۆید هەوڵی دەدا لە پێناو دەرمانکردنی خەڵکدا سوود لە زانستەکەی خۆی وەرگرێ، خوشکەزاکەی هەمان زانستی بۆ دەستکاریکردنی زەینی خەڵک بەکار هێنا، بە سێرەگرتن لە ناخودئاگا لە بری زەینی ئاوەزبیر.
ئان بێرنیزی کچی گوتوویەتی کە باوکی پێی وا بوو خەڵک "ڕەنگە بەئاسانی دەنگ بە کەسێکی نەگونجاو بدەن یان داوای شتێکی هەڵە بکەن، کەواتە دەبێ لە سەرەوە ڕێنمایی بکرێن، بەڵام دەشێ دەستمان بگاتە قووڵترین حەز و ترسەکانی خەڵک بۆ ئامانجەکانمان و، کەڵکیان لێ وەرگرین."
بێرنیز زۆرتر بۆ کۆمپانیا زلەکان ئیشی دەکرد. ئەو یەکێک لە سیما سەرەکییەکانی ئەو گۆڕانکارییە مەزنە بوو کە لە سەدەی بیستەمدا و لە ئابووریی وڵاتە ڕۆژاوایییەکاندا سەری هەڵدا؛ پەیدابوونی مەسرەفگەرایی. ئەو خەڵکی قایل کرد کە مەسرەفکار (به‌كاربه‌ر) بن و بەس ئەو شتانە نەکڕن کە پێویستیان پێیەتی، بەڵکوو ئه‌و شتانه بکڕن کە دەیانەوێ یان حەزیان لێیەتی.
یەکێک لە یەکەم نموونەکانی کاری بێرنیز ئەوە بوو کە سەرۆکی کۆمپانیا گەورەکەی توتنی ئەمریکا پێی گوت چونکە جگەرکێشانی ژنان لەبەرچاوی خەڵک بە کارێکی ناپەسەند دەزانرێ، ئەوان نیوەی بازاڕی خۆیان لەدەست دەدەن. کەواتە داوای لە بێرنیز کرد لەم بارەوە کارێکی بۆ بکا.
بێرنیز لەم کارەدا دروونناسییە فرۆیدییەکەی ئابراهام بریلی بەکار هێنا. بریل بە بێرنیزی گوت جگەرە نیشانەی دەسەڵاتی نێرینەیە. ئەگەر ژن بتوانن ئەم شتە بە نیشانەی دەسەڵاتی خۆیان بزانن، دەست بە جگەرەکێشان دەکەن. جگەرە دەبێ بۆ ژنان وەک مەشخەڵی ئازادی دەرکەوێ.
بێرنیز کارێکی کرد کە چەند کچێکی جوانی ڕێكپۆش لە فێستیڤاڵی جەژنی پاکدا بەشدار بن و هەموویان بە ئاماژەی ئەو، دەست بە جگەرەکێشان بکەن. بێرنیز وای ڕێک خستبوو کە ئەم ژنانە بە وێنەی "چالاکوانی مافی ژنان" بناسرێن و سەردێڕی هەموو هەواڵەکانی ئەمریکایش ئەمە بێت: "مەشخەڵی ئازادی". میلیۆنان ژن ڕوویان لە جگەرەکێشان کرد.
بێرنیز کاتێک بۆی دەرکەوت کە فەرماندەی ڕاگەیاندنی نازییەکان، ژۆزێف گۆبێلز، ئایدیاکانی ئەوی کردووەتە بناغەی کاری خۆی، بە جارێ حەپەسا. گۆبێلز ناخۆئاگای خەڵکی ئەڵمانیای کردبووە ئامانج و لە ورووژاندنی ستایشی پێشەوا و دروستکردنی نەفرەت لە جوولەکەکاندا بە شێوەیەکی ترسناکدا سەر کەوتبوو.
بێرنیز لە ساڵی ١٩٥٤ و لە ڕووخاندنی حکوومەتی گواتمالادا ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبوو. ئەو بۆ کۆمپانیا مەزنەکەی یونایتێد فروت کاری دەکرد کە لە سیاسەتەکانی سەرۆککۆمار، جاکۆبۆ ئاربێنز (کە بەپێی دەنگی خەڵک هەڵبژێردرابوو) ناڕازی بوو.
سەرەڕای ئەوەی ئاربێنز نە کۆمۆنیست بوو و نە پەیوەندیی بە یەکێتیی سۆڤییەتەوە هەبوو، بەڵام بۆچوونی گشتیی ئەمریکای قایل کرد کە ئەمریکا لە گواتمالادا بەرەوڕووی هەڕەشەکانی سۆڤییەت دەبێتەوە. ئەو ترسی ناخۆئاگای ئەمریکای ورووژاند و ئەم کارەی بە گومڕاکردنی میدیاکانی ئەمریکا ئەنجام دا. دواتر یەکێک لە هەواڵنێرەکانی نیویۆرک تایمز لەم بارەوە گوتی: "میدیا پەلاماردەر و کەمئاگاکانی ئەمریکا یارمەتیی شێوەگرتنی بۆچوونە هەستیارە گشتییەکانیان دا. ئەمەیش لە کاتی خۆیدا کاریگەریی لەسەر حکوومەت هەبوو."
بەپێی نووسراوەکەی لۆری تای، ژیننامەنووسی بێرنیز "ئەو چاک لەوە تێ گەیشت کە کودەتا زەمانێ ڕوو دەدا کە باری گشتیی خەڵک و میدیاکان دەرفەتی کودەتا بدەن؛ ئەویش ئەم بارە گشتییەی ڕەخساند. ئەو ڕاستییەکانی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بۆچوونی گشتییشی بە شێوەیەک گۆڕی کە نادیموکراتیک و گومڕاکەر بوو."
لە گواتمالا، لە ساڵی ١٩٥٤ەوە تاکوو ئێستا تەکنیکی بێرنیز –دوژمنایەتی دروست بكه و پاشان داوای تێکشکانی بکە- چەندین جار بەکار هێنراوە. هەروەها گوتراوە کە بێرنیز ئایزێنهاوێری سەرۆککۆماری ئەمریکای قایل کرد کە دەبێ ترس لە کۆمۆنیزم ئیلقا بکرێ و هان بدرێ، چونکە بە ورووژاندنی ترسە نائاوەزییەکان، خەڵک لە ئاست ئەمریکادا بەوەفاتر دەبن. هێندێک لەو بڕوایەدان کە بەشێک لە حکوومەتەکانی ئێستا هەر بەو هۆیەوە زێدەڕۆیی لەمەڕ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریزمەوە دەکەن.
ئادام کۆرتیس (دێکۆمێنتسازە بەناوبانگەکەی بریتانی) دەنووسێ: "ئایدیاکانی بێرنیز لە هەشتاکاندا ئیتر جێ کەوتبوون." هەر لەم سەردەمەدا بوو کە سەرەتا مارگرێت تاچێر و دواتر ڕۆناڵد ڕێگان چاخی نیۆلیبرالیزمیان لە ڕۆژاوا دەست پێ کرد.
مارگرێت تاچێر سەردەمێک گوتبووی: "شتێک بە ناوی کۆمەڵگە، بوونی نییە." ئەمە وەسفی کۆمەڵگەیەک بوو کە بێرنیز لە داهێنانیدا یارمەتیدەر بوو؛ کۆمەڵگەیەک کە زۆرینەی بەو بڕوایە گەیشتبوون کە حەز و هەستەکانی خۆیان گرنگترین شتی دونیان و، یان گرنگی بە کۆمەڵگە نادەن یان گرنگییەکی کەمی پێ دەدەن.
لە ساڵی ٢٠١٦یشدا بنەمای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی دۆناڵد ترامپ (کە ئەوی کردە سەرۆککۆمار) تیۆرییەکانی بێرنیز بوو. ترامپ لە ڕاستیدا هیچ هەوڵێكی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئاوەزداری (عه‌قڵانییه‌ت) نەدا، لە بری ئەوە سوودی لە بەگوڕترین و بڤەترین هێزەکانی ناخۆئاگا، واتا ترس و نەفرەت وەرگرت.
بێرنیز ڕێی دەستکاریکردنی سوودبەخشی بۆچوونە گشتییەکانی خستە بەرچاو؛ خەڵک دەبێ ئەو کارە بکەن کە ئەوانەی پارە و دەسەڵاتیان هەیە حەزیان لێیە؛ شتێک بکڕن کە پێویستیان پێی نییە و کەسێک هەڵبژێرن کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەوان نییە، یان شوێنکەوتەی ڕابەرە دەسەڵاتدارەکان بن.
دوو قسە لە زاری بێرنیزەوە هەن کە دەکرا لە ڕۆمانەکانی جۆرج ئۆروێلدا هاتبان:
"خوێندەواریی گشتی قەرار بوو خەڵک فێر بکا کە چۆن دەوروبەری خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام لە بری زەین مۆرێکی داوەتە دەستیان کە مەرەکەبەکەی دروشمی پڕۆپاگه‌نده و ڕێساکانی سەرنووسەری و زانیارییە زانستییەکان و بابەتگەلی هەرزانی ڕۆژنامە زەردەکان و کڵێشەکانی مێژووە، لە تێفکرینی ڕەسەنیش تەواو دوورە. مۆری هەر کەسێک کۆپیی مۆری ملیۆنان کەسی ترە، کەواتە ئەم میلۆنان کەسە کاتێ ڕووبەڕووی بزوێنەرێکی دیاریکراو ببنەوە، تێکڕا مەرەکەبی یەکسانیان بەر دەکەوێ."
"پرۆپاگه‌ندا شتێکی جیهانی و بەردەوامە و لە گشتێتیی خۆیدا بۆچوونە گشتییەکان ڕێکوپێک دەكا؛ پاژ بە پاژ وەک سوپایەک کە سەربازەکانی خۆی ڕێکوپێک دەكا."
ئێستا هەموو ڕۆژ و پەیتا پەیتا بەرەوڕووی ئەو پرۆپاگه‌ندانە دەبینەوە کە زەینی ڕەخنەگر پێچ دەکەنەوە و ناخۆئاگامان دەکەنە ئامانج. دەسەڵاتداران هەمیشە سوود لە تەکنیکە کاریگەرەکانی بێرنیز وەردەگرن. ئەمە بەشێکە لە ژیانی ئەمڕۆمان.
سەرچاوە:
شێوازەکانی جه‌نگی سیاسیی کۆماری ئیسلامی: چەکدارە بریکارەکان، دیپلۆماسیی ئایینی، تەوژمی ئابووری

2018-08-28
شێوازەکانی "جه‌نگی سیاسی"ی کۆماری ئیسلامی: چەکدارە بریکارەکان، دیپلۆماسیی ئایینی، تەوژمی ئابووری
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس
گرووپێک لە توێژەرانی بیرگەی ڕەند (Rand) لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی "جه‌نگی سیاسیی مۆدێرن: شێوازەکانی ئێستا و وەڵامە شیاوەکان" (٢٠١٨) لە شێوازەکانی جه‌نگی سیاسی‌یان کۆڵیوەتەوە. ئەم توێژینەوەیە له‌و شێوازانه‌ی جه‌نگی سیاسی دەکۆڵێتەوە کە حکوومەت و ناحکوومەتەکان ئەنجامیان دەدەن. حکوومەته‌كانی وەک ڕووسیا و ئێران و ناحکوومەتانی وەک داعش و تالیبان.
ڕاپۆرتی دەزگه‌ی ڕەند لەمەڕ جه‌نگی سیاسییەوە، بۆ نموونە جه‌نگی سیاسیی کۆماری ئیسلامی
بیرگەی ڕەند کە لە ١٩٤٨ دامەزراوە، خانەیەکی هزریی کۆنه‌پارێزە؛ دەرەنجامی توێژینەوەکانی ئەم دەزگه‌یە بۆ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان جێگەی سەرنجن و ڕێکارەکانی بەرەوڕووبوونەوە لە دژایەتییەکان و کێشەکانی پاراستن و نەپاراستن وەک خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بە وێنەی پێشنیار دەخاتە بەردەمی واشنگتۆن. ڕەخنەگران دەڵێن ڕوانگەکانی ئەم بیرگە کۆنه‌پارێزە، ناکرێ سه‌ربه‌خۆ و جیا لە ڕوانگە فەرمییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ببینرێن. ئەم دەزگه‌یە بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکا کە لە توێژینەوەکانی خۆیدا سوود لە شێوازناسییە زانستییەکان وەردەگرێ.
بە گوتەی نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە: بە لە بەرچاوگرتنی دەستوورە بەناوبانگەکەی کارل فۆن کلاوزۆیتس- "جه‌نگ بەردەوامبوونی سیاسەتە بە کەرەستەی تر"- لە دوا شیکردنەوەدا گشت جه‌نگەکان سیاسین. بەڵام چەمکی "جه‌نگی سیاسی" واتایەکی تایبەتی لەم توێژینەوەدا هەیە. جه‌نگە سیاسییەکان ئامێتەیەکن لە دیپلۆماسیی سیاسی- ئابووری و دیپلۆماسیی چەکداری. حکوومەتەکانیش لە هەر ناوچەیەکدا و بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی جیۆپۆلیتیکی ئەوان و بە شێوەیەکی جیاواز، یارییان پێ دەکەن. لە شوێنێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە:
"لە لایەکەوە جه‌نگی سیاسی، گشت کەرەستەکانی دەسەڵاتی نەتەوەیی دەگرێتە خۆی: دیپلۆماتیک، ئاسایش، چەکداری، ئابووری و...، لە لایەکی ترەوە، جه‌نگی سیاسی نە هاموشۆ ئاسایییەکانی ئابووری و دیپلۆماسییە و نە جه‌نگی تەواوی نێوان دوو لایەن؛ بەڵکوو هەمیشە لە ناوچە خۆڵەمێشییەکەی نێوان ئەم دوو جەمسەرەدایە و هێڵی جیاکەرەوەی نێوان ئەم دووەیش کاڵ و کاڵتر دەکاتەوە."
بەشێک لە توێژینەوەکەی بیرگەی ڕەند، هێمایەکی تایبەت دەخاتە سەر "جه‌نگی سیاسی" لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ئەو شێوازە تایبەتە کە تاران لەم ساڵانەی دواییدا بۆ ئەم شەڕەی داهێناوە.
جه‌نگی سیاسی بە شێوازی ئێرانی
جه‌نگی سیاسی، یەکێک لە پاژە سەرەکییەکانی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە پێناو بەربەرەکانێ لە ئاست دزەکردن و شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کەمهێزییە چەکدارییەکانی ئێران لە ئاست ئەمریکادا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شێوازی جه‌نگی سیاسی لە لایەن تارانەوە هەیە.
جه‌نگە سیاسییەکانی ئێران بریتین لە: چالاکییە زانیارییەکان، سوودوەرگرتن لە ڕاگەیاندنەکان، دەستێوەردانی سیاسی و باڵادەستیی ئابووری. بە بڕوای بەرپرسانی ئێرانی، ئایدیۆلۆژیی "تەوەری خۆڕاگری" کۆماری ئیسلامی و کارامەیی لە ڕاپەڕاندنی جه‌نگی سیاسی‌دا، دەرفەتێک بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕەخسێنێ.
ڕووخاندنی سەددام حوسێن لە ٢٠٠٣دا و هاتنەسەرکاری حزبە شیعییەکان لە بەغدا بوارێکی بێوێنەی بۆ دزەکردنی ئێران ڕەخساند. سەرهەڵدانی داعش‌یش دەرفەتگەلی بێهاوتای بۆ تاران لە تخوبی دراوسێکەی ڕۆژاوا هێنایە دی. ئێران بۆ بەرگریکردن لە حکوومەتی بەشار ئەسەدیش لە سووریا کەوتووەتە نێو جه‌نگێکی سیاسییەوە؛ هەرچەند لە شوێنێکی پڕئاستەنگتری وڵاتێک‌دا کە شیعەی زۆر لێ نییە.
تا ئاییندەیەکی پێشبینیکراو، کارزانییەکانی جه‌نگی سیاسیی ئێران ئاستەنگی تایبەت لە ئاست دەستکەوتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دێننە دی. لەوانەیە سەرنجڕاکێشبوونی ئایدیۆلۆژیی خۆڕاگریی ئێران پاش ڕاپەڕینەکانی عەرەبی و جه‌نگی سووریا –کە بووەتە هۆکاری زیانێکی زۆر لە ناوزڕاندنی ئەم وڵاتە لە دنیادا- کەم بووبێتەوە، بەڵام ئێران هێشتا خۆی بە قارەمانی گرووپە دەرپەڕێنراوەکانی شیعە لە ئاست مەترسیی جیهادگەرایییەکەی سوننەکان دەخاتە بەرچاو. ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوە کە تاران توانای دزەکردنێکی بەرچاوی لە قووڵاییی جیهانی عەرەبیدا هەبێ.
ڕوانگەکانی ئێران لەمەڕ جه‌نگی سیاسییەوە
یادەوەرییە مێژوویییەکەی ئێران لەمەڕ دەستێوەردانە دەرەکییەکان، بە ئامێتەیەک لەگەڵ جۆرە هەستێکی "گرنگایه‌تیی نەتەوەیی"، هێشتا ڕەفتارەکانی ئەمڕۆی لە جه‌نگی سیاسی‌دا پێک دێنێ. حکوومەتی ئێران خۆی لە حاڵەتێکی هەمیشە گەمارۆدراودا دەبینێ و هاوکات ڕۆڵی خۆخوازانەی خۆی بە وێنەی داکۆکیکار لە لێقەوماوانی دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی ڕۆژاوا دەبینێ.
"پێرشیا" کە لە ڕابردوویەکی دووردا وەک زلهێزێک دەژمێردرا، لە سەدەکانی نۆزدە و بیستەمدا بووبوو بە حکوومەتی گەلێکی نیوەلاواز و پاشکەوتوو. ئەم وڵاتە قەت نەکەوتە ژێر چەپۆکی هێزەکانی ڕۆژاوا، بەڵام دەستێوەردانی بریتانیا، ڕووسیا و دواتر ئەمریکا لە کێشە ناوخۆیییەکانیدا، بووبووە بارێکی ئاسایی و، لە ڕوانگەی ئێرانیشەوە ڕووداوێکی دووپاتەی سووکوچرووک. شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران کۆتاییی بە حکوومەتە دەسەڵاتخوازەکەی محەممەدڕەزا پەهلەوی هێنا کە پشتی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەرم بوو؛ لە بنەڕەتدا خەباتێکی دژەئیمپریالیستی بوو.
عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێستای ئێران، لەو بڕوایەدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی "بنەما"کانی کۆماری ئیسلامییە، نەک تەنیا هەڵسوکەوتە ناوچەیییەکانی. خامنەیی پێی وایە واشینتۆن بە بانگەشە بۆ دیموکراسییە ڕۆژاوایییەکەی و نانەوەی گۆنگەڵی ده‌روونییەوە بەتەمایە "شۆڕشی نەرم" لە دژی حکوومەتەکەی بخاتە ڕێ.
خامنەیی لە سێپته‌مبەری ٢٠١٥دا بە گرووپێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند کە "دزەی ئابووری و ئاسایشی، هێندەی دزەی هزری، فەرهەنگی و سیاسی گرنگ نییە." بە گوتەی "وه‌لی فه‌قیھ" یەکێک لە تەکنیکە سەرەکییەکانی هێزی نەرمی ئیمپراتۆرییه‌تی شەیتان، خۆشکردنی ئاگرە لە نێوان خەڵکی کۆمەڵگه‌دا.
جه‌نگی سیاسیی ئێران بەرپەرچدانەوەی هاوکاتی دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکان، عەرەبستانی سعوودی، ئیسڕائیل و داعشی کردووەتە ئامانج. بەرپرسانی ئێران ئەمانەی تێكڕا بە وێنەی پازێلگەلێک لە پیلانی تێکشکاندنی شۆڕشی ئیسلامی ناساندوون. خامنەیی دەڵێ: ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پاساوی هەبوونی خۆی، خوازیاری ناجێگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەمێکە خۆیان وەک پارێزەرانی ئامانجەکانی فەڵەستین ناساندووە و ئەم کێشەیان کردووەتە یەکێک لە پاژە سەرەکییەکانی جه‌نگی سیاسی لە ناوچەدا.
بەڵام بە دابەشبوونی بەرەی جه‌نگەکانی ناوچەیی لە نێوان شیعە و سوننەکاندا، ڕابەرانی ئێرانیش عەرەبستانی سعوودی بە گرنگترین دوژمنی ناوچە دەزانن؛ چونکە پاشای عەرەبستان بانگەشە بۆ وەهابییەت (تەفسیرێک لە ئیسلامی سوننە کە شیعە بە نۆژەنێک لە دین دەزانن) دەکا. ئێرانییەکان بەرپرسانی سعوودی بە بەرپرسی سەرهەڵدانی داعش دەزانن کە ئایدیۆلۆژییەکی نزیک لەوانیان هەیە. زۆربەی بەرپرسانی ئێران ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش دەزانن. خامنەیی دەڵێ ئامانجی ئەمریکا لە دروستکردنی ئەم گرووپانە دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەیە بە سەر وڵاتی بچووکتردا کە کۆنترۆڵ بکرێن؛ بۆیە جه‌نگەکان تائیفی نین بەڵکوو "جه‌نگ لە نێوان ئەوانەدایە کە لە پێناو ئامانجەکانی ئەمریکا و ڕۆژاوادان یان لایەنگری سەربەخۆییی گەلانن."
بۆ ئێران سوودمەندبوون لە هێزی نەرم، گرنگترە لە هێزی ڕه‌ق. وەدیهێنانی حەز و ئارەزووەکانی خەڵک لە بری پەیماننامە دیپلۆماسییەکان، شێوازێکی پتەوتر لە دەسەڵات دێنێتە دی. بە گوتەی خامنەیی "ئامانجی کۆماری ئیسلامی، گەلانی ناوچە"یە. کاریگەربوون لە هزر و دڵەکاندا دەتوانێ کاریگەریی ستراتیژیی ئێران بەگەڕتر بخا و تێچوویەکی کەمیشی هەیە. کەواتە ئەو تەکتیکانەی لە نێو گشت تەکتیکە جیاوازەکانی جەنگی سیاسی لە ناخی شێوازی کاری ئێراندایە، لەژێر "هێزی نەرم"دا کۆ دەبنەوە و ئامانجیشیان کاریگەرییەکی فەرهەنگی و ئایینییە.
بەڵام لە ڕاستیدا، هۆکاری جه‌نگی سیاسیی ئێران لاوازییە مێژوویییەکەیەتی لە بەرامبەر هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا؛ هەرچەند بەرپرسانی ئێرانی هەرگیز ئەم شتە نادرکێنن. ئێران وڵاتێکی گەشەسەندووە کە لێهاتوویییەکی ئابووری و چەکداریی سنوورداری هەیە. کەواتە دەبێ پەنا بۆ ته‌کتیکە ناهاوچاخەکان ببا. ئێران سەرەڕای پشتگیری لە گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا و چەکدارە شیعەکان لە عێراقدا، جه‌نگی سیاسی بە قابیلییەتێکی ناچەکداری و ناهاوچاخ دەزانێ کە دەبێ دژ بە کاریگەرییە سیاسی، ئابووری و چەکدارییەکەی ئەمریکا بەکار بهێنرێن.
شێوازەکانی جه‌نگی سیاسی
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا گەلێک ته‌کتیکی جۆراوجۆری جه‌نگی سیاسیی هێناوەتە دی کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- سوودوەرگرتن لە چەکدارە بریکارەکان بۆ دەستێوەردان لە سیاسەتەکانی ناوچەكه بە سوودی ئێران
- بەکارهێنانی ئایدیۆلۆژیی ئایینی لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی چەکداران
- سوودوەرگرتن لە کارتێکەریی ئابووری بە وێنەی ئامێری گوشاری سیاسی
- هەڵگیرساندنی جه‌نگی ده‌روونی و بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێی میدیاکانی ناوخۆ، "ئێن جی ئۆ"ەکان و گرووپە بریکارەکانی ناوچەیی
- دیپلۆماسیی ئایینی و فەرهەنگی
- خۆبەخاوەنکردنی بزووتنەوەکانی خەڵک
ئەوەیشیان کە ئێران جەخت لەسەر کام ته‌کتیک دەکاتەوە، دەگەڕێتەوە سەر باری سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتی مەبەست.
یەک: سیاسەت لە ڕێی شەڕکەرە بریکارەکانەوە
چەکدارە بریکارەکانی ئێران لە ستراتیژیی جه‌نگی سیاسیی تاران‌دا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن؛ بە شێوەیەک کە پڕکەرەوەی لێهاتوویییە چەکدارییە ناهاوچاخەکانن. هێزی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، ئەرکی ڕێنماییی ئەم هەوڵانەی لە ئەستۆیە. ئەم هێزە بەرپرسی ڕاهێنانی چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی دوور و ناوەڕاستدا. ئێران لە ڕێگەی چەکدارە بەئەمەگەکانی خۆیەوە سیاسیکارەکان دەترسێنێ و قەیرانە سیاسییەکان دێنێتە دی. ئەم قەیرانە سیاسییانە حکوومەتی مەبەست ناچار دەکەن کە دەستی یارمەتی بۆ ئێران درێژ بکا.
تاران هەروەها دنەی چەکدارەکان دەدا کە ڕێکخراوی سیاسی دروست بکەن و، حزبوڵڵای لوبنان چاکترین نموونەی ئەم ته‌کتیکەیە. ئێران هەروەتر پشتگیری لە چەکدارە خەنیمەکان (حه‌ریفه‌كان) دەکا و زۆر جار خۆی گرووپی چەکداری خەنیم دروست دەکا تا بژاردەی ستراتیژیکی لەبەردەست بن و نەهێڵێ هیچ گرووپێک دەسەڵاتی زۆری هەبێ. لە لایەکی ترەوە زیادکردنی گرووپە چەکدارەکان دەتوانێ سەر لە دوژمن بشێوێنێ کە نەزانێ ئەم گرووپە جۆراوجۆرانە چۆن سەریان هەڵێناوە و، دەرفەتی ئەوەیش بە ئێران دەدا کە ئینکاری ئەوە بکا دەستی لە بشێوییە گرژەکاندا هەیە.
ناڕوونی لە ئەندازەی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گرووپە چەکدارەکانیشدا، لەوانەیە ببێتە هۆیەک کە ئەکتەرە ناوچەیییەکانی ئایدیۆلۆژیی خۆڕاگریی کۆماری ئیسلامی، تەنیا سەر بە ئێران بێنە بەرچاو. لە هەمان کاتدا سوپای قودس هەوڵ دەدا لە کەمپەکانی مەشقپێکردندا ئەو هەستە مەعنەوی و ئیلهامبەخشە بخاتە دڵی سەربازە نوێیەکانییەوە کە پێشتر شەڕکەرانی بەرەی جه‌نگی ئێران و عێراق پێی ڕاهێنرابوون.
دوو: گوشاری ئابووری؛ نوێڵێکی سیاسیی ئێران
ئێران هەروەها سوود لە ئامڕازە ئابوورییەکان لە جه‌نگی سیاسی‌دا وەردەگرێ و جەختی خۆی بەتایبەت دەخاتە سەر بەدەستهێنانی بەشی بازاڕ لە ئابوورییە لاوازەکاندا و وەکوو گوشارێک لە ئاست حکوومەتەکاندا بەکاری دێنێ. بۆ نموونە، کاتێ بەغدا لە ٢٠٠٨دا دەستی بە ڕاونانی چەکدارانی سەر بە ئێران کرد، تاران کەڵکی لە وابەستەبوونی عێراق بە کارەبای ئێران وەرگرت و کارەبای "بەسرە"ی بڕی. لە سووریایشدا ئێران سوودی لە دوورەپەرێزیی ئەسەد وەرگرتووە و ملیاران دۆلاری بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی ئێران خستووەتە بەر دەستی دیمەشق.
سەرەڕای ئەمەیش، تاران بەدەگمەن شێوەیەکی وەها ئاشکرا بۆ گوشاری ئابووری بەکار دێنێ؛ بۆیە سوودوەرگرتن لە هێزی ئابووری، بە وێنەی نوێڵی دەستێوەردانی سیاسی، کارێکی هێندە ئاسان نییە. بەڵام هاوکات کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی بەسەر بەشێکی مەزن لە ئابووریی ئێران– چ لە ڕێی دەزگه حکوومییەکانەوە- دەزگه‌کانی سەر بە سوپا، یان ڕێکخراوە ئایینییە چەند ملیار دۆلارییەکان- ئەم هەلە دێنێتە دی کە تاران کارە ئابوورییەکانی بخاتە نێو ستراتیژیی گشتیی جه‌نگی سیاسییەوە.
دیارە ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی، لە بری کەڵکوەرگرتن لە هەڕەشەی ئابووری، زۆرتر سوودی لە هاندان وەرگرتووە. بە درێژاییی سەرۆککۆماریی ئەحمەدینەژاد، تاران هەوڵی دەدا بە دانی یارمەتیی ئابووری بە وڵاتانی ئەفریقی و ئەمریکای لاتین لە دوورەپەرێزی نێونەتەوەیی ڕزگاری بێت. هاندانێک کە دیارە لە بری پشتگیریی دیپلۆماسی و لە سۆنگەی دژەئیمپریالیستی و بەرنامەی ناوکییەوە پێشکەش دەکرا.
بۆ نموونە، هەر لە ناوەڕاستی ساڵانی دووهەزارەوە هاوکاری و وه‌به‌رهێنانی ئابووریی ئێران لە مۆریتانیا گەشەی سەند و ئەم وڵاتە ئەفریقییە هاوکات لە ڕووی دیپلۆماسییەوە لە ئیسڕائیل دوور کەوتەوە. یان بۆ نموونە تاران هەڵوێستی دژ بە ئەمریکابوونی ئۆڤۆ مۆرالیس (سەرۆککۆماری بۆلیڤیا)ی بە بەڵێنی وه‌به‌رهێنانێکی یەک ملیارد دۆلاری لە بەشە لاوازەکانی ئابووریی ئەو وڵاتە هان دا.
سێ: هەوڵە ئایدیۆلۆژییەکان لە جه‌نگی سیاسیی ئێران‌دا
چالاکیی ده‌روونی (سایكۆلۆژی) و ئایدیۆلۆژیک بەشێکی دانەبڕاوی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وێنەی حکوومەتێکی دەرکەوتوو لە شۆڕشێکەوە، چاک لە گرنگبوونی پرۆپاگەندە دەگا. بە بڕوای مایکل ئایزنێشتات: "لە كاتێکدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چالاکیی ده‌روونی و سیخوڕی بۆ پشتگیری لە چالاکییە چەکدارییەکان ئەنجام دەدا، ئێران پەیتا پەیتا لە پێناو پشتگیری لە چالاکییەکانی جه‌نگی ده‌روونی و پرۆپاگه‌نده‌ی حکوومەتەکەی، دەست بە کردەوەی چەکداری دەکا (وەک خستنەبەرچاوی هێز و کردارە تیرۆریستییەکانی بریکاری)؛ بەم واتایە، تاران زۆرتر بە تێکدانی ڕەوشی دەروونیی دوژمنەکەیەوە بە دوای سەرکەوتندایە نەک لە ڕێی سەرکەوتنە چەکدارییە کلاسیکەکانەوە، وەک ڕێخستنی جه‌نگی پووکانەوە دژ بە سەربازەکانی ئەمریکی لە عێراق و ئەفغانستاندا، یان ترساندنی هاووڵاتیانی دوژمنەکەی. وەسفی ئێران لە جه‌نگی ٢٠٠٦ی لوبنان بە وێنەی سەرکەوتنێک بۆ حزبوڵڵا، نموونەیەکە لە کردارە سیخوڕییەکانی ئەم وڵاتە.
هیسپان تیڤی، کەناڵە ئیسپانییەکەی کۆماری ئیسلامی
تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێکی بنەڕەتییە لە کردارە سیخوڕییەکانی ئێران. تەلەڤزیۆن ڕەوتی دەنگوباسەکانی ئێران کۆنترۆڵ دەکا و، ده‌ستووری ئەو وڵاتەیش کەناڵی تایبەتی قەدەغە کردووە. تەلەڤزیۆنی ئێران لە ٤٥ وڵات‌دا لقی تایبەتی هەیە و بە پێنج زمانی دەرەکییش دەنگوباس بڵاو دەکاتەوە و بۆ کەناڵی ئەلمەناری حزبوڵڵایش بەرنامە ڕێک دەخا. سوودوەرگرتنی ئێران لە تەلەڤزیۆن لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی بینەر و بیسەرانی ناوچە لە ٢٠٠٣ و پاش هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەر عێراق بە شێوەیەکی بەربڵاوتر دەستی پێ کرد و، کەناڵێکی عەرەبیی ٢٤ كاتژمێریی بە ناوی "العالم" (ئه‌لعاله‌م) خستە ڕێ. ئەم کەناڵە هەواڵییە لە نزیکەی ٤٠ وڵات‌دا ٥٠ هەواڵنێری هەیه‌ژ و نووسینگەکانی لە غەززە و ڕاموڵڵادان. ئەلعالەم چرکە بە چرکە خەریکی ڕاگەیاندنی هەواڵەکانی جه‌نگی ٢٠٠٦ی لوبنان بوو، تا "میحوەری بەرگریکردن" لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوانتر بکا.
ئەم کەناڵە ئینگلیزییە بە ناوی "پارس تیڤی"یەوە و لە ٢٠٠٧ دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی پارس تیڤی دەرخستنی وێنە نێوده‌وڵه‌تییەکەی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی پرۆپاگه‌ندەکانی ئەمریکایە لە دنیادا. ئەم کەناڵە ساڵانە پتر لە ٢٥ میلیۆن دۆلار بوودجەی خۆی لە تەلەڤزیۆنی ئێران دەستەبەر دەکا. تەلەڤزیۆنی ئێران لە ٢٠٠١دا کەناڵە ئیسپانییەکەی "هیسپان تیڤی"ی دامەزراند کە لە سەرانسەری ئەمریکای لاتیندا دەبینرێ. عیززەتوڵڵا زەرغامی، سەرۆکی ئەو کاتەی تەلەڤزیۆنی ئێران، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هیسپان تیڤی "ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێشاندانی شه‌رعییەتی ئایدیۆلۆژیمان بۆ جیهان دەگێڕێ."
ئێران کاناڵەکانی خۆی بەپێی چێژ و سەلیقەی بینەرانی خۆی ڕێک دەخا. بۆ نموونە، بێژەرە ئافرەتەکانی پارس تیڤی و هیسپان تیڤی چارۆگەی کراوە بە وێنەی حیجاب دەخەنە بەرچاوی بینەرانی ڕۆژاوا، بەڵام بێژەرە ئافرەتەکانی کەناڵی ئەلعالەم شێوازێکی کۆنه‌پارێزانەی حیجاب بەکار دێنن کە لە دنیای عەرەبدا بەکار دەبردرێ.
چوار: دیپلۆماسیی فەرهەنگی، یان چڕبوونەوەی ئایینی
ئێران لە دیپلۆماسیی ئایینی و فەرهەگییشدا تێ ده‌كۆشێ. تایبەتمەندییە دیپلۆماسییەکەی تاران لە ساڵانی سەرەتای کۆماری ئیسلامییدا، هەوڵدان بوو بۆ هەناردەکردنی ئایدیۆلۆژیی خۆی لە ڕێی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی وەک ڕێکخراوی بانگەشەی ئیسلامییەوە. بەڵام ئێران تا ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠ و پاش جه‌نگی عێراق، ئیتر بۆی دەرکەوتبوو کە خەڵکی عەرەب زیاتر لەوەی حەزیان لە یەکێتیی ئیسلامی بێت، شەیدای یەکێتیی عەربین. هەر بۆیەیش "حەزی بڵاوکردنەوەی پرۆپاگه‌نده‌ی شۆڕشگێڕانە، بەرە بەرە بوو بە هەوڵدانێکی ورد و ڕێکخراو لە پێناو ناساندنی فەرهەنگ و به‌هاکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات‌دا." ئێران لە هەوڵی خۆیدا بۆ هاواهەنگکردنی کردارە جۆراوجۆرەکان لە بەشی دیپلۆماسییە فەرهەنگییەکەیدا، ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییە ئیسلامییەکانی لە ساڵی ١٩٩٥ دامەزراند. ئەرکی ئەم ڕێکخراوە ناساندنی به‌هاکانی شۆڕشی ئیسلامی و بەدیهێنانی "یەکێتیی ئیسلامی بە هۆی بۆنە فەرهەنگییەکانی نێوان وڵاتە موسڵمانەکانە".
بەپێی وتارێک لە وەرزنامەی "زانستی سیاسی"ی ئێرانەوە، ڕێکخەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگ و پەیوەندییە ئیسلامییەکان "ئەرکی هەرە گرنگی پێکهێنانی بڕوای گشتی و دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ نوخبەکانی کۆمەڵگە و گواستنەوەی به‌ها ئیسلامی-نەتەوەیییەکانە" لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە هەمان کاتدا، ئەمەیان پۆشەنێکی لەبارە بۆ کردەوە سیخوڕییەکان و، هەوڵیشە بۆ ڕاکێشانی هێز لەنێو خەڵکانی ناوچەدا. بۆ نموونە، موحسین ڕەببانی، کارداری پێشووی فەرهەنگیی ئێران لە ئەرژەنتین، بە گومانلێکراوی سەرەکی لە ڕوودای دانانەوەی بۆمبەکەی ساڵی ١٩٩٤ لە گەڕەکی جوولەکەکانی بۆینس ئایرێس دەژمێردرێ. خامنەیی بە کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆن و ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییە ئیسلامییەکان، دەستێکی باڵای لە هەوڵەکانی ئێران لە گۆڕەپانی هێزی نەرمدا هەیە.
٧٠ بنکەی فەرهەنگیی ئێران لە سەرانسەری دنیادا پشکێکی گرنگیان لە دیپلۆماسیی فەرهەنگیی تاران لە ئەستۆیە و، بەڕێوەبردنی ئەم بنکانەیش لە ئەستۆی ڕێکخراوی فەرهەنگی و پێوەندییە ئیسلامییەکاندایە؛ هەرچەند هەوڵەکانی ئەوان لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانی ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێن. بنکە فەرهەنگییەکانی ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییە ئیسلامییەکان لە زۆربەی وڵاتەکاندا پرۆگرامی فێرکردنی زمانی فارسییان هەیە، یاخود لە دانانی ئەم بەرنامانەدا یارمەتییان دەدا. ئەم بنکانە میواندارێتیی ڕووداوە فەرهەنگییەکانیان لە ئەستۆیە و هەوڵە ئایدیۆلۆژییەکانیان بەپێی ئەو وڵاتەی کە تێیدان، دادەڕێژرێ و هەموار دەکا. جەختی ئایدیۆلۆژیک لە وڵاتە شیعەنشینەکاندا، دەخرێتە سەر یەکێتیی شیعەکان و، لە وڵاتە سوننەنشینەکانیشدا دەگەڕێتەوە سەر پشتگیری‌کردن لە ئیسلام. لە وڵاتە غەیرەموسڵمانەکانیشدا ئەم جەختە دەخرێتە سەر هەڵوێستە دژەئیمپریالیستییەکان.
بۆ نموونە، لە سووریا کە شیعەی زۆری لێ نییە، بنکە فەرهەنگییەکان خەریکی فێرکردنی زمان و کەلتووری فارسی و بانگەشەن بۆ یەکێتیی موسڵمانان. ئەم بنکانە بەڵام لە بەیروت، کە شیعەیەکی زۆری لێیە، دەمێکە ڕێوڕەسمی عاشوورا وەڕێ دەخەن. لە هەمان کاتدا، بنکە فەرهەنگییەکانی ئێران لە وڵاتانی غەیرەموسڵمانی وەک ئەمریکای لاتین یان بەشێک لە ئەفریقادا خەریکی پرۆپاگه‌نده‌ی دژەئیمپریالیستی و دژەزایۆنیستین. بۆ نموونە، ئەم بنکانە لە سیرالیۆن میوانداری مەراسیمی ساڵانەی ڕۆژی قودسە دژ بە ئیسڕائیل.
تاران لە وڵاتانێکدا کە شیعەی زۆری لێیە، خەریکی ڕاکێشانی مەلاکانی ناوچەیە تا بە وێنەی باڵیۆزی ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی کار بکەن. ئێران تێچووی فێرکردنی ئەم مەلایانە لە "حەوزەی عیلمییەی قوم" و بەر لە گەڕانەوەیان لەژێر ناوی ڕابەرانی ئایینی‌دا دابین دەکا. کۆگه جیهانییەکانی ئەهلی بەیت کە لە لایەن ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییەکانی ئیسلامییەوە بەڕێوە دەبردرێن و لە سەرانسەری دنیادا ئەندامیان هەن، ڕۆڵی سەرەکییان لەم چەشنە هەوڵانەدا هەیە.
هەوڵەکانی ئێران بۆ زیاتر دزەکردن لەنێو کۆمەڵانی شیعە، تا ئەمریکای لاتین و بەتایبەت بەڕازیل و ئەرژەنتینیشی گرتووەتەوە. بەڕازیل و ئەرژەنتین شوێنی ژیانی کۆمەڵە خەڵکێکی زۆرە لە شیعەکانی لوبنان. بۆ نموونە، لە شاری فۆز دۆلواچۆ لە بەڕازیل مزگەوتێک بە ناوی ئایەتوڵڵا خومەینی هەیە کە شێخ محەممەد خەلیل، یەکێک لە مەلاکانی سەر بە حەوزەی عیلیمیەی قوم بەڕێوەی دەبا.
لاوازیی دیپلۆماسیی فەرهەنگیی ئێران
سەرەڕای هەوڵە هەماهەنگکراوەکانی ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییە ئیسلامییەکان و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامی، زۆربەی شرۆڤەکارە ئێرانییەکان ڕەخنەیان لە بە گوتەی ئەوان "خاڵە لاوازەکان"ی دیپلۆماسیی فەرهەنگیی تاران هەیە.
یەکێک لە ڕەخنەکان ئەوەیە کە بڵاوکراوە فەرمییەکان بەشی هەره زۆری هەوڵەکانی ئێرانیان گرتووەتە خۆ. بەشێک لە شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە بەرنامەکانی پرۆپاگه‌ندە فەرهەنگییەکانی ئێران هیچ داهێنانێکیان تێدا نییە. کێشەیەک کە بە بڕوای ئەوان کێشەیەکی مەزنە، بەتایبەت لە ئاست ئەو شتەدا کە ئەوان پێی دەڵێن هەوڵە پشوودرێژ و ڕێکخراوەکانی ڕۆژاوا بۆ لەکەدارکردنی سیمای کۆماری ئیسلامی.
بە بڕوای مەحموودڕەزا گولشەنپەژو، شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوە لە بنکەی توێژینەوە ستراتیژیکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، میدیاکانی ڕۆژاوا لە ترساندنی خەڵک لە ئێران بە جەختخستنە سەر نەبوونی مافی مرۆڤ و لێدانی مۆركی "هێزی تێکدەر" لەم وڵاتە، سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. گولشەنپەژو ڕادەسپێرێ کە ئێران دەبێ وەک وڵاتە سەرکەوتووەکان لە هەناردەکردنی فەرهەنگدا ئیش بکا. بۆ نموونە، چین پتر لە ٣٠٠ ئەنستیتۆی کۆنفسیۆسی لە سەرانسەری دنیادا دروست کردووە کە فەرهەنگ و زمانی چینی بڵاو دەکەنەوە. پەکین هەروەها سەرمایەیەکی زۆری بۆ چاتربوونی میدیا ئینگلیزییەکانی خۆی خستووەتە گەڕ و ژمارەی کارمەندەکانی تا ٢٠١٦ دە بەرابەر کردووە و کەناڵەکانی پەخشی بەرنامەکانی، بەتایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەفریقادا زیاتر کردوون. گولشەنپەژو ئاماژە بۆ زنجیرە بەرنامە عامه‌پەسەندەکانی تورکی و فیلمەکانی بالیۆد دەکا و ئەوان بە کەرەستەی بەنرخی دەسەڵاتی نەرمی ئانکارا و نیودێهلی دەزانێ. ئەو پێی وایە دەکرێ بە پشوودرێژی و بەڕێوەبەرایەتییەکی کارامەوە، ئەم هەوڵانە لە دیپلۆماسیی فەرهەنگیدا بە وێنەی کەرەستەیەک بۆ برەوپێدان بە دەسەڵاتی نەرمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و دنیادا بخرێنه گه‌ڕ.
تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامی، داهێنانێکی نوێی بۆ وەڵامدانەوە بەم خاڵە لاوازانە بەکار هێناوە. ئێران لە ٢٠١٤دا دەستی بە دروستکردنی فیلمێکی عەرەبی کرد بە ناوی "گۆرانییەکانی وڵاتەکەم" کە هەوڵێک بوو بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پرۆپاگه‌نده‌کانی داعش. بیرۆکەی ئەم فیلمە کە چیرۆکی عاشقانەی ژنێکی مەسیحی و پیاوێکی موسڵمانە لە ژێر هەڕەشەکانی داعشدا، دیالۆگە عەرەبییەکانی فیلمەکەیش دەرخەری ئەوەن کە ئەم پرۆژەیە پەیامێکی دیاریکراوی بۆ عەرەبەکان پێیە: ئێران لە خەمی ژین و بژێوی هەموو دانیشتووانی ناوچەکەدایە نەک تەنیا لە خەمی شیعەکاندا. ئەم فیلمە هەروەها مەبەستی بوو کە ترسی شارە عەرەبییەکانی ناوچە لە ئێرانەوە بگۆڕێ و ئاراستەی ڕۆژاوای بکا. عەباس ڕافعی، دەرهێنەری فیلمەکە "چەکە ئەمریکییەکانی داعش پێشان دەدا و دەڵێ زۆربەی چەکەکانی ئەوان لە لایەن زایۆنیزمەوە دابین کراون".
کۆماری ئیسلامی لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایییەی جیهانی عەرەبیدا، هەوڵی داوە لە ڕێی تەیارکردنی خەڵکی ڕەمەکەوە بۆ خۆی بایەخ پەیدا بکا. بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی، نموونەی ئەم سەرکەوتنانە لەم زەمینەیەدا گەلێک زۆرن. بۆ نموونە "بەهاری عەربی"یان کردە "هۆشیاربوونەوەی ئیسلامی" کە شۆڕشی ئێران بووەتە هۆی ئەم بەئاگاهاتنەوەیە. بە گوتەی حوسێن ئەمیر عەبدولڵاهیان، بریکاری پێشووی وەزیری دەرەوە لە بواری وڵاتە عەرەبییەکان، ڕابەرانی شۆڕشی میسر لەژێر کاریگه‌ریی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و ڕۆڵی ئێران بوون لە ناوچەدا.
عەبدوڵڵاهیان دەڵێ: گەنجانی عەرەب ئەگەر میدیای زیاتریان لەبەردەست با، دەیانتوانی ببینن چۆن ئێران پێشکەوتنی بەدەست هێناوە و، چۆن لە بەرامبەر ڕۆژاوادا بەرگریی لە پاراستنی دەسکەوتە زانستی و ناوچەیییەکانی کردووە. عەلیڕەزا زاکانی، نوێنەرە کۆنه‌پارێزەکەی پێشووی پەرلەمانیش لە سێپته‌مبەری ٢٠١٤دا و پاش کەوتنی سەنعا (پایتەختی یەمەن) بە دەستی شۆڕشگێڕە حوسسییەکانەوە، ڕای گەیاندبوو کە ئەمڕۆ سێ پایتەختی عەرەبی لەدەستی ئێراندان و سەر بە شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانن؛ هیوای ئەوەیشی خواستبوو کە سەنعا چوارەمینیان بێت. ئاماژەکەی زاکانی، ڕووی له دیمەشق و بەغدا و بەیروت بوو.
سەرچاوە:
پوختەی ڕاپۆرتەکە بە فارسی
گه‌لۆ ئه‌مريكا ده‌توانێ ئێران سزا بدات؟

2018-08-28
گه‌لۆ ئه‌مريكا ده‌توانێ ئێران سزا بدات؟
دكتۆر جيمس ئێم. دۆرسه‌ى
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم
پوخته: سه‌ركرده‌كانى ئێران ده‌ڵێن ئایينده‌ى ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى (JCPOA)، پاش كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا، پشت به شنگ و تواناى ئه‌وروپا، چين و ڕووسيا ده‌به‌ستێ بۆ بێكاريگه‌ريكردنى سزاكانى ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئێران‌دا. له كاتێكدا كه داخوا ئه‌وروپا ده‌چێته ژێر ئه‌و باره، جێگه‌ى شك و گومانه؛ هه‌رچى ڕووسيا، چين و ميرنشينه يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب و "عومان"يشن، وێده‌چێ بيانه‌وێ هه‌نگاو هه‌ڵێننه‌وه و مايه‌ى خۆيان تێ بكه‌ن.
ژماره‌كانى ئه‌م دواييیه‌ى بازرگانيى ئێرانى، نيشانى ده‌ده‌ن كه ميرنشينه يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب (ئیمارات)، كه پشتيوانێكى به‌هێزى هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى ئه‌مريكايه بۆ گوشارخستنه سه‌ر ئێران له بارى ئابوورييه‌وه، له‌وانه‌يه له ته‌ك "چين"دا له هه‌وڵى كه‌مكردنه‌وه‌ى كاريگه‌ريى سزا توند و سه‌خته‌كانى ئه‌مريكا، ببێته هێڵى سه‌ره‌كيى ژيان بۆ كۆمارى ئيسلامى. ڕووسيا و عومانيش به پله‌ى دووه‌م دێن له هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵايه‌كى ڕێگه‌تێچوودا تا ئێران بكارێ خۆى له كاريگه‌ريى ئه‌و سزايانه لا بدا.
شك و گومانێكى زێده‌تر له توانا و خواست و ويستى ئه‌وروپا ده‌كرێ، كه داخوا ئه‌وروپا ده‌يه‌وێ به‌ره‌وڕووى سزا لاوه‌كييه‌كانى ئه‌مريكا [مه‌به‌ست ئه‌و سزايانه‌يه كه ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و لايه‌ن و كۆمپانيايانه‌يدا ده‌سه‌پێنێ كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵدا ئێران‌دا ده‌كه‌ن- ئاسۆ] ببێته‌وه، له كاتێكدا ئه‌وروپا پشتيوانى زاره‌كيى ڕێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تييه‌كه‌ى 2015يه، كه سنوورێكى بۆ به‌رنامه‌ى نوكلياريى ئێران دانا. ئاخر چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌م مانگه‌دا كار به ڕێسا نوێيه داراييیه‌كانى ئه‌ڵمانيا بكرێ. ئه‌و ڕێسا و بنه‌مايانه ده‌كارن ڕێگه له ئێرانى قه‌يراناوى بگرن كه ئه‌و 300 مليۆن يۆرۆ (347 مليۆن دۆلار)ه‌ى له بانكێكى كۆنترۆڵكراوى ئێرانى له هامبۆرگ داندراوه، بباته‌وه ئێران، يان بردنه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌يه به‌دوا بخه‌ن.
ژماره‌كانى په‌يوه‌ست به بازرگانيى ئێرانى له ماوه‌ى نێوان 21ى ئادار تا 22ى ته‌مووزى ئه‌مساڵ كه له لايه‌ن شرۆڤه‌كارێكى ئابوورى و وزه‌ى ئێرانى، "خانم فايزه فرووته‌ن"ه‌وه كۆ كراونه‌ته‌وه، نيشانى ده‌ده‌ن چين و ميرنشينه يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب پێكه‌وه 39.8%ى هاورده‌ى ئێرانى و 37.8%ى هه‌نارده‌ى ئێرانى له‌گه‌ڵ چين و ميرنشينه يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌بدا بووه. كه‌چى (9) ئه‌ندامى يه‌كێتيى ئه‌وروپا، له‌نێوياندا وڵاتگه‌لێكى سه‌نگينى وه‌ك ئه‌ڵمانيا، فه‌ڕه‌نسا و بريتانيا له 15.5%ى هاورده و، 7.93%ى هه‌نارده‌كراويان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا تێپه‌ڕ نه‌كردووه...
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ريف، به‌م دواييیه گوتى ڕۆڵى چين، ڕۆڵێكى كليلئاسايه: "ڕۆڵى چين له هێنانه‌دى و جێبه‌جێكردنى JCPOA و ئێسته‌یش له پاراستنى ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه، ڕۆڵێكى ته‌وه‌ره‌ييیه." چين كه له ته‌ك ئه‌وروپا و ڕووسيا و ئه‌مريكادا ڕێككه‌وتننامه نوكليارييه‌كه‌ى واژوو كردووه، پاش كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه، ڕه‌تی كرده‌وه به‌ده‌م داخوازييه‌كانى ئه‌مريكاوه بچێ و چيديكه نه‌وت له ئێران نه‌كڕێ، به‌ڵام به‌ڵێنى دا كه قه‌باره‌ى ئه‌و نه‌وته‌ى له ئێرانى ده‌كڕێ، زێده نه‌كا. چين بازاڕێكى هه‌ره له‌پێشى نه‌وتى هه‌نارده‌كراوى ئێرانه.
ڕه‌تكردنه‌وه‌ى چين كه چيديكه نه‌وت له ئێران نه‌كرێ، وا ده‌كا ئامانجى كاربگێڕيى ترامپ به كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتی ئێران بۆ سفر، نه‌هێته دى؛ به‌و مانايه‌ى كه دانانى دوا واده، 4ى نۆڤه‌مبه‌ر بۆ هاتنه‌دیى ئه‌م ئامانجه، ناواقعييانه‌يه.
چين بۆ به‌رژه‌وه‌نديى خۆى، حه‌ز ده‌كا به چه‌ندين ڕێگه پێگه‌ى كۆمارى ئيسلامى به‌هێز بكا، له‌وانه پشته‌وانيكردنى سه‌ربازييانه‌ى ڕژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د كه له لايه‌ن ئێرانه‌وه پشتى ده‌گيرێ. ئه‌سه‌د هه‌وڵى گرتنه‌وه‌ى دوا مه‌ترێز و قه‌ڵاى سه‌ره‌كيى ياخيبووان له "ئيدلب"ى باكوورى ناوچه‌كه ده‌دا. له ئاخاوتنێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ى "الوطن"ى سه‌ر به حكوومه‌تى سووريا، باڵيۆزى چين له سووريا، تشى تشينجين گوتى: "په‌كين سايه‌دى و چاودێريى ڕه‌وشى سووريا ده‌كا، به‌تايبه‌تى دواى سه‌كه‌وتنه‌كانى ئه‌سه‌د له باشوورى سووريا و، سوپاى وڵاته‌كه‌ى [چين- ئاسۆ] ده‌يه‌وێ شان به شانى سوپاى سووريا كه جه‌نگى تيرۆريستان له ئيدلب و هه‌ر به‌شێكى ديكه‌ى سووريا ده‌كا، به شێوه‌يه‌ك له شێوه‌كان به‌شداریى ئه‌و جه‌نگه بكا." باڵيۆز مه‌به‌ستى سه‌ركه‌وتنه‌كانى ئه‌م دوايیيه‌ى ڕژێم بووه دژى ياخيبووان له باشوورى سووريا و به‌رزاييیه‌كانى جۆلاندا.
به‌شداريى چين له هێرشێكدا بۆ سه‌ر ئيدلب، كه تاكه ناوچه‌يه‌كه به‌ده‌ست ياخيبووانه‌وه ماوه و له جێگه‌كانى ديكه‌وه بۆ ئه‌وێ گوێزراونه‌ته‌وه، له‌وانه جه‌نگاوه‌ره‌كانى ئۆگۆرى باكوورى ڕۆژاواى پارێزگه‌ى شينجيانگ له چين، پاش ده‌يان ساڵ خۆدوورگرتن، ده‌بێته يه‌كه‌مين تێوه‌گلانى سه‌ره‌كيى چين له جه‌نگێكى ده‌ره‌كيدا. چين له گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و شه‌ڕڤانانه‌ى ئۆگۆر بۆ شينجيانگ، نيگه‌رانه.
ڕۆڵى پۆتانسيۆڵى ميرنشينه يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب له ياريده‌دانى ئێران بۆ خۆلادان له سزاكانى ئه‌مريكا له‌وانه‌يه سه‌ير نه‌بێ، چونكه دوبه‌ى له‌مێژه وه‌كوو خاڵى په‌ڕينه‌وه‌ى شتومه‌ك بووه بۆ ئێران و قه‌باره‌ى ئاڵووێرى بازرگانى له كۆتايیى ئادارى ئه‌مساڵدا له نێوان ئێران و ميرنشينه‌كاندا گه‌يشته 16.8 بليۆن دۆلار. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ميرنشينه‌كان پشتيوانى له سزاكانى ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌كا. ئێران له وه‌ڵامى زنجيره‌يه‌ك ڕێوشوێنى ميرنشينه‌كان دژى تۆڕه داراييه‌كانى ئێران، هه‌وڵيداوه ڕووى خۆى به ئاراسته‌ى قه‌ته‌رو عومان وه‌رگێڕێ و پێوه‌ندييه ئابوورييه‌كانى له‌گه‌ڵ ڕووسيادا به‌هێز بكا.
خانم فايزه فرووته‌ن ده‌ڵێ: "ميرنشينه‌كان بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێ، شه‌ريكه‌به‌شى بازرگانيى پله يه‌كى ئێران بووه. ئێستا ڕۆڵى ڕووسيا و عومان له گه‌شه‌بووندايه." فايزه پێی وايه له ماوه‌ى كورتخايه‌ندا عومان ناتوانێ جێگه‌ى ميرنشينه‌كان بۆ ئێران بگرێته‌وه.
ڕووسيا به ئێرانى گوتووه له ماوه‌ى چاوپێكه‌وتنێكى سه‌رۆك ڤلاديمير پووتين و عه‌لى ئه‌كبه‌ر ويلايه‌تى، گه‌وره ڕاوێژكارى ڕابه‌رى باڵاى ئێرانى، ئايه‌توڵڵا خامنه‌يى، كه وڵاته‌كه‌ى ده‌يه‌وێ 50 بليۆن دۆلار له بوارى نه‌وت و گازى ئێرانيدا به‌گه‌ڕ بخا. چاوپێكه‌وتنى ئه‌م دوو پياوه، چه‌ند ڕۆژێ پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌ى [16ى ته‌مووز- ئاسۆ] پووتين و ترامپ له هێلسینكى بووه.
ويلايه‌تى ده‌ڵێ: كۆمپانيايه‌كى نه‌وتى ڕووسى به‌م دوايیيه سه‌ودايه‌كى 4 بليۆن دۆلاریى له‌گه‌ڵ ئێران‌دا كردووه و به‌م زووانه ده‌ست به كارى خۆى ده‌كا و دوو كۆمپانياى گه‌وره‌ى ديكه‌ى ڕووسى، ڕۆزنه‌فت و گازپرۆم، ده‌ستيان به وتووێژ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى نه‌وتى ئێرانيدا كردووه و ده‌يانه‌وێ تا 10 بليۆن دۆلار قۆنته‌رات (كۆنتراكت) له‌گه‌ڵ ئێران‌دا مۆر بكه‌ن.
چه‌ند مانگێك به‌ر له‌وه‌ى كاربگێڕيى ترامپ سزاكان به‌سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێنێته‌وه، ئێران و ڕووسيا چه‌ند ڕێككه‌وتننامه‌يه‌كى سه‌ره‌تايیيان واژوو كردوون كه ڕووسيا بايى 30 بليۆن دۆلار له بوارى پيشه‌سازيى نه‌وت له ئێران به‌گه‌ڕ بخا.
توانا و ويستى ئه‌وروپا بۆ ڕۆڵگێران له پاراستنى ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى، له سه‌رينى ڕێسا نوێيه دارايیيه‌كانى ئه‌ڵمانياوه شك و گومانى له‌سه‌ره و پشت به‌وه ده‌به‌ستێ كه داخوا كۆمه‌ڵه‌ى پێوه‌نديى دارايیى جيهانى له نێوان بانكه‌كاندا (SWIFT) كه بنكه‌كه‌ى له "برۆكسل"ه، هيچ باكێكى به هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مريكا نييه؛ ئاخر له بارێكداSWIFT نه‌توانێ بانكه‌كانى ئێرانى له سيسته‌مى حه‌واڵه‌ى دارايیى خۆى تا نۆڤه‌مبه‌رى ئه‌مساڵ بكاته ده‌رێ، ده‌كه‌وێته به‌ر ته‌قڵ و شه‌قڵى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مريكاوه.
كاربه‌ده‌ستانى ئه‌وروپا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر SWIFT گوێ به سزاكانى ئه‌مريكا بدات، ئه‌وا هيچ ئومێدێك به قورتاركردنى ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى نامێنێ. وێده‌چێ ئه‌وروپا پشتى به‌و ڕاستييه قايم بێ كه له‌وانه‌يه ئه‌مريكا هه‌ڕه‌شه‌كانى خۆى ده‌رهه‌ق به ئه‌وروپا نه‌باته سه‌ر، چونكه ئه‌و هه‌ڕه‌شانه سيسته‌مى دارايیى جيهانى هه‌ڵده‌ته‌كێنن كه ئه‌مريكا خۆى سوودى لێ ده‌بينێ و پێى به‌هێز ده‌بێ.
به هه‌ر حاڵ، بنه‌ما و ڕێسا نوێيه‌كانى بانكى ناوه‌نديى ئه‌ڵمانى كه ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكى زێده‌يان پێ دراوه بۆ بلۆككردن و سڕكردنى پاره‌وپووڵى بيانى، ئه‌گه‌ر بێنه جێبه‌جێكردن "كۆتايى به پێوه‌نديى گرنگ له‌گه‌ڵ بانكه ناوه‌ندى و دامه‌زراوه داراييیه‌كانى وڵاتانێكى سێيه‌م ده‌هێنن" و ته‌با له‌گه‌ڵ سزاكانى ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئێران‌دا دێنه به‌رچاو.
ئه‌م ڕێسايانه كه له 25ى ئابه‌وه كاريان پێ ده‌كرێ، ڕێگه به بانكى ناوه‌ندى ده‌ده‌ن كه داوايه‌كى ئێران ڕه‌ت بكه‌نه‌وه بۆ ڕاكێشانى 300 مليۆن يۆرۆ له كۆمپانياى AG Europäisch-Iranische Handelsbank كه دامه‌زراوه‌يه‌كى داراييیه و بنكه‌كه‌ى له هامبۆرگه و ه‌ى بانكه‌كانى ئێرانه، به بانكى پيشه‌سازى و كانه‌كانى سه‌ر به ده‌وڵه‌تى ئێرانيشه‌وه. ئێران ده‌يه‌وێ ئه‌و پاره‌يه ڕاسته‌وخۆ بۆ تاران بگوازێته‌وه و ڕێگه له هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى ئه‌مريكا بۆ كۆسپخستنه به‌رده‌م ئه‌و حه‌واڵه‌يه، بگرێ.
كاربه‌ده‌ستانى ئێرانى به حكوومه‌تى ئه‌ڵمانيايان ڕاگه‌ياندووه كه پێويستيان به دراوى بيانييه تا به‌و ئێرانييانه‌ى بده‌ن كه ده‌يانه‌وێ گه‌شتى ده‌ره‌وه بكه‌ن و، له‌به‌ر سزا سه‌پێندراوه‌كانى سه‌ر ئێران، كريديت كارتى متمانه‌پێكراويان نييه و تا بكارن خه‌رجى گه‌شت و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى خۆيان بده‌ن.
كاربه‌ده‌ستانى ئه‌مريكى و ئيسڕائيلى گوشاريان خستووه‌ته سه‌ر ئه‌ڵمانيا كه ڕێگه به ڕاكێشانى ئه‌و بڕه پاره‌يه نه‌دا و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن كه له‌وانه‌يه ئێران ئه‌و بڕه پاره‌يه بۆ ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى له سووريا، يه‌مه‌ن و عێراق يان ئه‌فغانستان به‌كار بهێنێ. باڵيۆزى ئه‌مريكا له ئه‌ڵمانيا، ڕيچارد ئه‌ى. گرينيل گوتى: "ئێمه زۆر له‌و هه‌واڵانه نيگه‌رانين كه ڕ‌ژێمى ئێرانى هه‌وڵ ده‌دا به سه‌دان مليۆن يۆرۆ له بانكێكى ئه‌ڵمانييه‌وه بگوازێته‌وه بۆ ئێران." هه‌ر بڕيارێكى ئه‌ڵمانى بۆ ڕێگه‌گرتن له گواستنه‌وه‌ى ئه‌و بڕه پاره‌يه كاريگه‌ريى ده‌بێ بۆ سه‌ر هزر و تێگه‌يشتنى ئێران ده‌رهه‌ق به پێگيريى ئه‌وروپا به‌گشتى له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌كانى. ئه‌مه‌ش به ده‌ورى خۆى وا ده‌كا سه‌رنج بخرێته سه‌ر هاوبه‌شه سه‌ره‌كييه بازرگانييه‌كانى ئێران. چين و ڕووسيا تا ڕادده‌يه‌ك بۆچوونيان ڕوون و ئاشكرايه كه له كوێ ئه‌و مه‌سه‌لانه ده‌وه‌ستن. له‌وانه‌يه ميرنشينه يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب خۆى له هه‌ڵوێستيكى زۆر سه‌ختدا ببينێته‌وه كه ڕێوشوێنێكى ئه‌وتۆ بگرێته به‌ر بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى تێكه‌ولێكه‌ى به‌سوود و پڕقازانجى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.
له وتارێكدا كه ئه‌لخه‌ليج تايمز، ڕۆژنامه‌يه‌كى هه‌ره كۆنى ميرنشينه‌كانه كه به زمانى ئينگليزى ده‌رده‌چێ و حكوومه‌تى ميرنشينه‌كان به‌شداريى له دامه‌زراندنيدا كردووه و چه‌ند ڕۆژێك پێش كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له ڕێككه‌وتننامه‌ى نيوكلياریدا هاتووه كه، ميرنشينه يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب چیى پێ ده‌بڕێ ئه‌گه‌ر سزاكان به‌سه‌ر ئێران‌دا بسه‌پێنرێنه‌وه يان نا: "ميرنشينه يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب له سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاكاندا قازانج ده‌كا، چونكه پێشتريش وه‌كوو ده‌ڵاڵێكى پڕبه‌ها بووه له سه‌رده‌م و ماوه‌ى هاوشێوه‌دا. ئه‌و كاڵايانه‌ى كه له‌به‌ر سزا سه‌پێندراوه‌كان، ناكرێ ڕاسته‌وخۆ بفرۆشرێنه ئێران، ئه‌وا له ڕێگه‌ى ميرنشينه‌كانه‌وه ده‌گه‌نه ئێران."
سەرچاوە:
پيگدامۆن، سه‌رۆكى پێشووى كه‌ته‌لۆنيا: حه‌ز ناكه‌م له تاراوگه بم

2018-08-24
پيگدامۆن، سه‌رۆكى پێشووى كه‌ته‌لۆنيا: حه‌ز ناكه‌م له تاراوگه بم
له ديمانه‌يه‌كى دێر شپيگڵدا، كارلس پيگدامۆن، سه‌رۆكى پێشووى كه‌ته‌لۆنيا، له‌باره‌ى ڕاكردن له ئيسپانيا، گيرانى له ئه‌ڵمانيا و ئایينده‌ى بزووتنه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆيیى كه‌ته‌لۆنيا ده‌دوێ.
هيلين زوبر و ماتيۆ ڤۆن ڕۆهر ديمانه‌كه‌يان له‌گه‌ڵدا ساز كردووه.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم
كارلس پيگدامۆن ئه‌و پياوه پرچنه‌ى، ساڵى ڕابردوو ببووه مانشێتى نێوده‌وڵه‌تيى كه‌ناڵه‌كانى ميديا، كاتێ كه له 1ى ئۆكتۆبه‌رى 2017دا جاڕى سازدانى ڕيفراندۆمێكى سه‌ربه‌خۆيیى بۆ كه‌ته‌لۆنيا دا؛ وێڕاى كه دادگه‌ى ده‌ستووريى ئيسپانيا ئه‌و ڕيفراندۆمه‌ى به هه‌نگاوێكى نایاسایى له قه‌ڵه‌م دا. كێشه‌كه له‌گه‌ڵ مه‌دريددا ته‌شه‌نه‌ى كرد و بووه قه‌يرانێكى ته‌واوى سه‌رتاپاگير. ماريانۆ ڕاجۆى سه‌رۆكوه‌زيران به شێوه‌يه‌كى كاتى كاربگێڕيى هه‌رێمى كه‌ته‌لۆنياى گرته ده‌ست. حكوومه‌تى كه‌ته‌لۆنيا هه‌ڵوه‌شێنرايه‌وه و تۆمه‌تى هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه درايه پاڵ پيگدامۆن. ئيدى كارلس ڕای كرده به‌لجيكا و ئه‌ندامانى كابينه‌ى حكوومه‌ته‌كه‌ى كه‌وتنه حه‌پسخانه‌وه.
له ئاخيروئۆخرى ئاداردا، پيگدامۆن به‌پێى ياداشتێكى ئه‌وروپى، له كاتێكدا به ئۆتۆمبێل له به‌لجيكاوه ده‌چووه فينلندا، له ئه‌ڵمانيا گيرا و 12 ڕۆژ له زيندان ڕاگيرا و مايه‌وه. له ناوه‌ڕاستى ته‌مووزدا، دادگه‌ى باڵاى ناوچه‌يى له شيلسفيگ- هولشتاين بڕيارى دا كه ناكرێ به تۆمه‌تى هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه، پيگدامۆن ڕاده‌ستى ئيسپانيا بكرێته‌وه. دوو هه‌فته پێش ئێسته، پيگدامۆنى (55) ساڵه گه‌ڕايه‌وه به‌لجيكا و له‌وێوه خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆيیى كه‌ته‌لۆنيا ده‌كا.
دێر شپيگڵ له برۆكسل چاوى به‌و پياوه كه‌وت. قاتێكى ڕه‌شى له‌به‌ردا بوو، بۆينباغێكى شينى به‌ستبوو، پاسه‌وانێكى تايبه‌تى خۆى له‌گه‌ڵدا بوو كه ديار بوو سه‌ر به پۆليسى كه‌ته‌لۆنيايه و له‌وانه‌يه ته‌نيا له كاتى بێئيشيدا، ئاگاى له پيگدامۆن بێ و بيپارێزێ. ئه‌وه نموونه‌يه‌كه نيشانى ده‌دا كه پيگدامۆن له چ ڕه‌وشێكى بێچاره و ناله‌باردا خۆى بينيوه‌ته‌وه.
دێر شپيگڵ: ڕێزدار پيگدامۆن، ئێوه چوار مانگ له ئه‌ڵمانيا مانه‌وه و 12 ڕۆژيش له حه‌پسخانه، به لاى تۆوه ئه‌وه چ مانايه‌ك ده‌گه‌يه‌نێ؟
پيگدامۆن: له‌وانه‌يه سه‌ير و سه‌رسووڕهێن بێ، لێ بۆ من چ له بارى كه‌سايه‌تييه‌وه و چ له بارى سياسييه‌وه تاقيكردنه‌وه‌يه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ند بووه. من له ئه‌ڵمانيا هيچ ديمانه و هه‌ڵسوكه‌وتێكى نابه‌جێم له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه، هه‌مووان له‌گه‌ڵ مندا به‌ڕێز بوون و به‌ئه‌ده‌به‌وه ڕه‌فتاريان له‌گه‌ڵدا كردووم؛ ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌یشدا كه له‌گه‌ڵ ڕوانگه و ته‌رزى بيركردنه‌وه‌ى مندا نه‌بوون. من بڕوام به‌و ڕاستييه هه‌يه كه له وڵاتێكدا بووم، حوكمى یاساى تێدا زاڵه و له‌به‌ر ده‌ستى خه‌ڵكێكدا بووم كه ده‌يانزانى چ ده‌كه‌ن.
دێر شپيگڵ: بۆ پێت وايه ئيسپانيا شتێكى ديكه‌يه؟ ئيسپانيایش ده‌ست به حوكمى یاسا‌وه ده‌گرێ؟
پيگدامۆن: به‌داخه‌وه، له ڕاستيدا فه‌ڕه‌نسا جياوازه و شتێكى ديكه‌يه. سيسته‌مى یاسايیى ئيسپانى، زۆر خاڵى كز و لاوازى تێدايه. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ى كه‌ته‌لۆنى بمانه‌وێ له ئيسپانيا جيا بينه‌وه، له سۆنگه‌ى ده‌ستوورى 1978ه‌وه‌يه. بۆ نموونه، ئه‌و دادوه‌ره‌ى كه بڕيار له تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى من ده‌دا، سيناتۆرێكى حزبى كۆنه‌پارێزى گه‌له. ئاخر چۆن ده‌كرێ متمانه به كابرايه‌كى وا بكرێ؟ ئێمه ده‌توانين په‌نا بۆ دادگه‌ى ئه‌وروپى ببه‌ين، لێ تا بڕيارێك به قازانجى ئه‌وان [ئه‌و كه‌ته‌لۆنييانه‌ى له پاش ڕيفراندۆمه‌كه‌وه گيراون- ئاسۆ] ده‌رده‌چێ كه ئيسپانيا مافه بنه‌ڕه‌تييه‌كانى ئه‌وانى پێشێل كردووه، ده‌بێ چه‌ند ساڵێك له زيندان لێى پاڵ بده‌نه‌وه.
دێر شپيگڵ: تۆ له‌به‌ر چى گه‌ڕايه‌وه به‌لجيكا؟
پيگدامۆن: من ده‌مه‌وێ له كوێ جێم هێشتووه، له‌وێوه تێهه‌ڵچمه‌وه. ئێمه بڕيارمان دا، برۆكسل، به‌و پێيه‌ى پايته‌ختى يه‌كێتيى ئه‌وروپييه، بكه‌ينه بنكه‌ى هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى خۆمان. له پاييزى ڕابردووه‌وه هه‌رچيم كردووه، پاڵنه‌رێكى كه‌سى (شه‌خسی)ی له پشته‌وه نه‌بووه. ئه‌و شته‌ى هانی داوم، جۆرێكى به‌رپرسيارێتی بووه له به‌رانبه‌ر كه‌ته‌لۆنيادا.
دێر شپيگڵ: به‌ڵام تۆ خۆت له‌و به‌رپرسيارێتييه دزیيه‌وه و له جياتى ئه‌وه‌ى له‌وێ به‌ره‌نگارى تۆمه‌ته‌كان ببيه‌وه، له ئيسپانيا ڕات كرد؟
پيگدامۆن: ئه‌گه‌ر ته‌نيا بۆ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیى خۆم كارم بكردبايه، ئه‌وا به‌نهێنى كارم ده‌كرد. له جياتى ئه‌وه، من ئازاديى خۆم بۆ به‌ديهێنانى ئامانجى سياسى به‌كار هێناوه. من چوومه دانيمارك، سويسرا و فينلاند و وتارم دان و قسه‌م كردن. به‌رده‌واميش ده‌بم له‌و په‌يامه‌ى خۆم.
دێر شپيگڵ: ئايا پێت ڕاسته، زۆر له دۆسته جياخوازه‌كانت له‌ناو زينداندا بن و تۆیش چونكه له ئيسپانيا ڕات كردووه، ئازاد بى؟
پيگدامۆن: من حه‌ز به‌و ڕه‌وشه ناكه‌م و حه‌زيش ناكه‌م له تاراوگه بمێنمه‌وه. لێ ته‌باى زۆر خه‌ڵكى ديكه‌ى بزووتنه‌وه‌كه، منيش وڵاتم جێ هێشت چونكه ئازاديى ڕاسته‌قينه‌ى بيروڕا له ئيسپانيا نييه و هيچ گه‌ره‌نتى و ده‌سته‌به‌رێكيش بۆ دادگه‌ييكردنێكى دادپه‌روه‌رانه، له گۆڕێ‌دا نييه.
دێر شپيگڵ: تۆ سه‌كه‌وتوو بووى سه‌رنجى نێوده‌وڵه‌تى بۆ سه‌ربه‌خۆيیى كه‌ته‌لۆنيا ڕابكێشی. ئايا ئه‌وه وات لێ ده‌كا شانازى به خۆته‌وه بكه‌ى؟
پيگدامۆن: ئه‌وه به‌ته‌نێ كارى من نه‌بووه. ئه‌وه له ئه‌نجامى يه‌كگرتنى دوو هۆكار بووه: ئه‌و ڕاستييه‌ى كه خه‌ڵك خۆيان ساز و ئاماده بوون و، دووه‌ميان پلاتفۆرمه نوێيه‌كانى پێوه‌نديگرتن. پێش چه‌ند ده‌يه‌يه‌ك نه‌ده‌كرا به‌نهينێ كارێكى وا بكرێ؛ ئێستا ده‌كرێ له سه‌رانسه‌رى دنيا خه‌ڵك له كێشه و دۆزه‌كه‌ت بگه‌يه‌نى. كاتێ من له هێلسینكى بووم، پێش ئه‌وه له ئادار له ئه‌ڵمانيا بگيرێم، گوتم: ئێمه ده‌مانه‌وێ له كۆمه‌ڵێكدا بژين كه ته‌له‌فۆنى زيره‌ك له شمێر زۆر به‌هێزتر بێ.
دێر شپيگڵ: كێ ياريده‌ى ئێوه‌ى دا ئه‌و بزووتنه‌وه ديجيتاله سه‌ربه‌خۆييیه پێك بهێنن؟
پيگدامۆن: ئه‌مه به‌ئازادانه و له‌خۆوه ڕووی دا. زۆر گه‌نجى كه‌ته‌لۆنى له ئه‌مريكا، يان له جێى ديكه‌ى ئه‌وروپادا خوێندوويانه و زۆر له‌وانيش شاره‌زا و كارناسى ITن. دژه‌هێرشى ديجیتاليى ئێمه له به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ى ده‌كرانه سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌مان، زۆر به‌وردى و ئاگاييیه‌وه به‌ڕێوه ده‌بردران. ته‌نيا سوپاس بۆ ئه‌و ستراتيژییه ديجیتالیيه كه ئێمه توانيمان له ڕيفراندۆمدا ده‌نگى خۆمان بده‌ين. پشتيوانانى ئێمه له‌سه‌ر واتسئاب و ته‌له‌گرام و تويته‌ر كۆ بوونه‌وه. زۆر زه‌حمه‌ت بوو ده‌وڵه‌ت بتوانێ ئه‌و شتانه كۆنترۆڵ بكا كه له‌و پلاتفۆرمانه ده‌كران.
دێر شپيگڵ: ئێسته ئێوه له جيهاندا بوونه‌ته ڕووى بزووتنه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆيیى كه‌ته‌لۆنيا، تۆ چ هه‌ستێكت له‌م باره‌وه هه‌يه؟
پيگدامۆن: هه‌رگيز من حه‌زم به‌وه نييه. من ئه‌وه‌م ناوێ، ئه‌وه بۆ بزووتنه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆيیى كه‌ته‌لۆنى ڕاست نييه. ئێمه پێويستمان به سه‌ركرده نييه، پێويستمان به قوربانيده‌ر و شه‌هيدبوون نييه. من ژيانێكى زۆر ئاسووده‌م هه‌يه و له ڕێگه‌ى نامه و نامه‌كاريى زۆره‌وه كارى خۆم ده‌كه‌م و ڕۆژانه پێشوازى له ميوانان ده‌كه‌م. هه‌ست ده‌كه‌م شتێكى كه‌م له سايه‌ى خانه‌بگيريدا ڕاده‌په‌ڕێنم.
دێر شپيگڵ: وێڕاى هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاى ئێوه له يه‌كێتيى ئه‌وروپادا، ئايدياى ده‌وڵه‌تێكى كه‌ته‌لۆنيى سه‌ربه‌خۆ سۆزێكى كه‌مى له به‌رانبه‌ردا نوێنرا؟
پيگدامۆن: به لاى منه‌وه شتێكى سه‌ير نييه. من هه‌ميشه هۆشداريم داوه كه هيچ لايه‌نێك دان به ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى كه‌ته‌لۆنيدا نانێ. من ڕه‌خنه‌م له يه‌كێتیى ئه‌وروپا گرت، چونكه نه‌يتوانى به‌ياننامه‌يه‌كى فه‌رمى ده‌ربكا كه له‌سه‌ر چ بنه‌مايه‌ك هه‌ڵوێستى خۆى له‌باره‌ى كه‌ته‌لۆنيايه‌كى سه‌ربه‌خۆوه ڕاگه‌ياند. لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، وه‌ك هاووڵاتييه‌كى ئه‌وروپى، زۆر نيگه‌ران و بێ‌ئومێد بووم له بێده‌نگبوون له ڕاست زه‌بروزه‌نگى پۆليس له ڕۆژى ڕيفراندۆمه‌كه‌دا.
دێر شپيگڵ: تۆ پێش ساڵيك به سازدانى ڕيفراندۆمێكى نایاسایى بۆ جيابوونه‌وه له ئيسپانيا، ده‌ستوورى ئيسپانيات پێشێل كرد؟
پيگدامۆن: من ده‌ستوورم پێشێل نه‌كردووه. دادگه‌ى ده‌ستوورى له بڕيارى 2010ى خۆي‌دا ده‌ستوورى شكاند؛ كاتێ كه ئه‌و دادگايه قانوونى ساڵى 2006ى ئۆتۆنۆميى كه‌ته‌لۆنياى پێشێل كرد، 74%ى ده‌نگده‌ران په‌سنديان كردبوو.
دێر شپيگڵ: چۆن دادگه‌ى ده‌ستوور، ده‌ستوورى پێشێل كردووه؟
پيگدامۆن: هه‌ڵبه‌ت، ده‌توانێ- به‌تايبه‌تى كه دادوه‌ره‌كان له لايه‌ن سياسييه‌كانه‌وه داده‌مه‌زرێنرێن. سه‌رباريش، ده‌ستوورى ئيسپانى، ڕێگه له سازدانى ڕيفراندۆم ناگرێ.
دێر شپيگڵ: مادده 2ى به‌شى سه‌ره‌تايیى ده‌ستوور ده‌ڵێ كه ئه‌م ده‌ستووره "له‌سه‌ر يه‌كێتيى هه‌ميشه‌يى و لێكجيانه‌بووه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ى ئيسپانى دامه‌زراوه؟"
پيگدامۆن: په‌يماننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ مافه مه‌ده‌نى و سياسييه‌كان كه ئيسپانيا له 1976 مۆری كردووه، ستاتۆيه‌كى ده‌ستووریى هه‌يه و ده‌ڵێ: هه‌موو گه‌لان مافى بڕیاردانی چاره‌نووسیان هه‌يه.
دێر شپيگڵ: به‌ڵام ئه‌م په‌يماننامه‌يه‌ى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان ده‌سته‌به‌رى مافى جيابوونه‌وه ناكا، جگه له كۆلۆنييه‌كان يان گه‌لێكى بنده‌ست و چه‌وساوه‌ى نيزامێكى ديكتاتۆرى؟
پيگدامۆن: ژماره‌يه‌ك شاره‌زاى یاساى نێوده‌وڵه‌تى ڕايه‌كى ديكه‌يان هه‌يه. ئه‌مه چه‌ند شه‌رمه ئه‌گه‌ر زه‌بروزه‌نگ تاكه ڕێگه‌ى داننان بێ به سه‌ربه‌خۆيى. سكۆتلاند كۆلۆنى نه‌بوو و بريتانيایش ديكتاتۆرى نه‌بوو. ڕيفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيیى سكۆتلاند هيچ یاسایه‌كى نێوده‌وڵه‌تيیشى پێشێل نه‌كرد.
دێر شپيگڵ: لێ ڕيفراندۆمه‌كه‌ى سكۆتلاند به ڕه‌زامه‌نديى داونينگ ستريت بوو؟
پيگدامۆن: با سه‌رڕاست بين. ئێمه‌ى كه‌ته‌لۆنى، ته‌نيا 16%ى دانيشتووانى ئيسپانيا پێك دێنين و له‌و پێگه‌يه‌دا نين بتوانین له ڕێگه‌ى ڕيفۆرمێكى ده‌ستوورييه‌وه بچينه پێشه‌وه. له ئيسپانيا ئه‌مه كارێكى ئاڵۆزه و له ماوه‌ى 40 ساڵدا ته‌نيا 2 جار گۆڕان له ده‌ستووردا كراوه، ئه‌ويش به هاندانى يه‌كێتيى ئه‌وروپا بووه.
دێر شپيگڵ: چۆن بوويته جه‌نگاوه‌رێكى پرس و دۆزى كه‌ته‌لۆنى؟
پيگدامۆن: من 13 ساڵ بووم كه فرانكۆ مرد...
دێر شپيگڵ: ئه‌و ديكتاتۆره ئيسپانييه‌ى كه له سايه‌ى حوكمڕانيى ويدا زمان و كه‌لتوورى كه‌ته‌لۆنى سه‌ركوت كرابوون؟
پيگدامۆن: مردنى فرانكۆ هاوكات بووه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نى پێگه‌يشتنى مندا. من دركم به‌وه كرد كه ده‌بێ ژيانى من بۆ گێڕانى ڕۆڵێكى چالاك له چاره‌نووسى سياسيى وڵاته‌كه‌مدا ته‌رخان بكرێ. له ماوه‌ى ديكتاتۆريیه‌تى فرانكۆدا، هه‌رگيز ئازادیى بيروڕا نه‌بووه. له برى بۆڵه‌بۆڵ و كرمه‌كرم، من پێم وا بوو، ده‌توانم شتێ بۆ ماڵى خۆم، كه‌ته‌لۆنيا بكه‌م.
دێر شپيگڵ: تۆ هه‌ميشه ويستووته كه‌ته‌لۆنيا ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ بێ؟
پيگدامۆن: من هه‌رگيز و تا ئێسته‌یش له‌گه‌ڵ تێكدان و جيابوونه‌وه‌يه‌كى به‌ئێش و ژاندا نيم له مه‌دريد. من هه‌ميشه كه‌ته‌لۆنيايه‌كى سه‌ربه‌خۆم ويستووه، به‌ڵام ويستوومه ئه‌مه له پرۆسه‌يه‌كى ديموكراتيدا نه‌ك به توندوتيژى مه‌يسه‌ر ببێ و بێته دى.
دێر شپيگڵ: به‌ڵام بۆ؟ ناسيۆناليزم ئايديۆلۆژییه‌كى سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مه؟
پيگدامۆن: ئێمه قسه‌وباس له ناسيۆناليزم ناكه‌ين، باس له سه‌روه‌رى ده‌كه‌ين. ئه‌وه‌ى له كه‌ته‌لۆنيا ڕوو ده‌دا، خه‌باتێكى ناسيۆناليستیى نه‌ريتى (ته‌قليدى) نييه بۆ سه‌ربه‌خۆيى. ئه‌گه‌ر ئامانجى ئێمه پێكهێنانى ده‌وڵه‌ته- نه‌ته‌وه‌يه‌ك بوايه، ئه‌وا ئێمه زووتر ده‌ستمان ده‌دايێ. ناسيۆناليزم بۆ ئه‌وروپا خه‌ته‌ره.
دێر شپيگڵ: لێ له كۆتادا تۆ ده‌وڵه‌تێكى خۆت ده‌وێ. ئه‌وه‌یش ناسيۆناليزمه؟
پيگدامۆن: به‌ڵێ، ئێمه ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆمان گه‌ره‌كه له فۆرمێكى كۆماريدا. ئێمه له بارى سياسييه‌وه ئه‌وروپايه‌كى يه‌كگرتوومان ده‌وێ كه هاووڵاتييه‌كانى ته‌نيا ئه‌ندامى ده‌وڵه‌ته- نه‌ته‌وه‌كان نه‌بن. ئێمه بڕوامان به ناسنامه‌يه‌كى ئه‌وروپى هه‌يه. زۆرينه‌ى كه‌ته‌لۆنييه‌كان ڕازين كه خۆبه‌ڕێوه‌به‌رييان هه‌بێ له‌گه‌ڵ په‌ساپۆرتێكى ئه‌وروپيدا.
دێر شپيگڵ: وه‌ك ناوچه‌يه‌كى ئۆتۆنۆمى، كه‌ته‌لۆنيا ئێسته ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكى به‌رچاوى هه‌يه، كه‌واته بۆ پێويستى به سه‌ربه‌خۆييیه‌كى ته‌واو هه‌يه؟
پيگدامۆن: كۆڕ و كۆمه‌ڵى ئۆتۆنۆمى له ئيسپانيا ته‌نيا ئۆتۆنۆمیى كارگێڕييان هه‌يه. ئێمه‌ى كه‌ته‌لۆنى ته‌باى باسكه‌كان، بێده‌سه‌ڵاتين و ناتوانين هيچ شتێ له ده‌وڵه‌تى ئيسپانيا بگۆڕين.
دێر شپيگڵ: تۆ به ناوى كه‌ته‌لۆنييه‌كانه‌وه ده‌دوێى، به‌ڵام به لانى كه‌مه‌وه نيوه‌ى كه‌ته‌لۆنييه‌كان ده‌نگيان بۆ مانه‌وه له‌ناو ئيسپانيا دا؟
پيگدامۆن: به لانى كه‌مه‌وه نيوه‌یشيان له هه‌ڵبژاردنه ناوچه‌ييیه‌كاندا ده‌نگيان به‌و حزبانه دا كه داواى سه‌ربه‌خۆيى ده‌كه‌ن.
دێر شپيگڵ: خه‌باتى ئێوه درز و كه‌لێنى له نێوان بنه‌ماڵه و خێزان و دۆستاندا نايه‌وه، وا نييه؟
پيگدامۆن: ده‌توانى بڵێى ئه‌وه‌ى ئێمه دابڕ دابڕ ده‌كا، يه‌كێتيى ئيسپانيايه. بێده‌نگمانه‌وه له هه‌مبه‌ر كێشه و پرسه گرفتامێزه‌كاندا، تا پيله‌كه و هه‌را دروست نه‌بێ، له‌گه‌ڵ ڕۆحى ديموكراسيدا ناگونجێ. كێشه‌كه ئه‌وه‌يه كه هيچ ميكانيزمگه‌لێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و ناكۆكييانه نييه. تاكه ئامرازى كارپێكراو كه له‌به‌رده‌ستى ئێمه‌دا هه‌بێ له ديموكراسيدا، گه‌ڕانه‌وه‌يه بۆ سندووقه‌كانى ده‌نگدان.
دێر شپيگڵ: پيدرۆ سانشيز، سه‌رۆكوه‌زيرانى سۆسياليست و نوێى ئيسپانيا، يه‌كه‌مين كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ى كه‌ته‌لۆنيدا كرد له هه‌وڵێكدا بۆ ده‌ستكردن به ئاساييكردنه‌وه‌ى پێوه‌ندييه‌كان له نێوان به‌رشلۆنه و مه‌دريددا؛ ئايا ئه‌وه باش‌ترين ئومێده بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێك؟
پيگدامۆن: سانشيزيش له سينات ده‌نگى بۆ سه‌پاندنى كارگێڕيى ناوه‌ندى دا به‌سه‌ر كه‌ته‌لۆنيادا. ئه‌ندامێكى حزبى سۆسياليست، بزووتنه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆيیى ناو نا ڤايرۆس. تاكه حزب له ئيسپانيا كه له‌گه‌ڵ ڕيفراندۆمێكى پابه‌ندكار بووبێ بۆ كه‌ته‌لۆنيا، "پۆديمۆس"ه، كه حزبێكى پۆپۆليستى چه‌په. به‌ڵام منيش دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه گۆڕانێك له كه‌شوهه‌وادا به هاتنه‌سه‌ركارى ئه‌و حكوومه‌ته نوێيه‌ى سۆسياليست هاتۆته ئاراوه.
دێر شپيگڵ: له ئاخيروئۆخرى 2017دا، سۆسياليسته‌كان كۆميسيۆنێكى په‌رله‌مانتارييان بۆ ڕيفۆرمى ده‌ستوور دامه‌زراند به‌و مه‌به‌سته‌ى كه وڵات به‌ره‌و فيدراڵيزم ببا؟
پيگدامۆن: به‌گوێره‌ى ئه‌زموون و تاقيكردنه‌وه‌ى ئێمه، سۆسياليسته‌كان كه له حكوومه‌ت بن، له فيدراڵيزم نزيك ناكه‌ونه‌وه. ئێمه هه‌نده ساده و ساويلكه نين كه بڕوا بكه‌ين ئه‌م جاره به‌راستييانه و فيدراڵيزميان ده‌وێ. ئێمه ته‌نيا ده‌مانه‌وێ بزانين و ببينين كه سانشيز به‌ڕاستى چ له‌سه‌ر مێز پێشكه‌ش ده‌كا. ئه‌و ڕيفۆرمه چ ئاراسته‌يه‌كى ده‌بێ و خزمه‌تى چ مه‌به‌ستێك ده‌كا؟
دێر شپيگڵ: ئايا به‌و شێوازه‌ى كه له برۆكسل خه‌بات بۆ ئه‌و دۆزه ده‌كه‌ى، پێكناكۆك نييه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێباز و ميتۆده زێتر پراگماتيكه‌ى حكوومه‌ت له به‌رشلۆنه؟
پيگدامۆن: كێ ده‌ڵێ ئه‌وه‌ى ئێمه له برۆكسل ده‌يكه‌ين، پراگماتيكانه نييه؟ من و سياسه‌تكاره دوورخراوه‌كانى ديكه‌ى تاراوگه، كار ده‌كه‌ين كه كوڕ و كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى، زێتر له كێشه‌ى ئێمه بگه‌ن. ئێمه لێره ده‌توانين زۆر ئازادانه‌تر قسان بكه‌ين، بێ ئه‌وه‌ى بترسين كه له‌به‌ر تويتێك ڕاپێچى به‌رده‌م دادگه بكرێین.
دێر شپيگڵ: تۆ ناتوانێ بگه‌ڕێيه‌وه وڵات، له وڵاتيش به‌بێ تۆ شت ڕوو ده‌دا. ئايا تۆ له په‌يامه‌كه‌ى خۆتدا فه‌شه‌لت هێناوه؟
پيگدامۆن: ئه‌و ده‌مه فه‌شه‌ل دێنم كه هيچ قسه‌يه‌ك يان ڕۆڵێكم له‌ناو سياسه‌ته‌كانى كه‌ته‌لۆنيدا نه‌مێنێ. ماين به‌هێزترين حزبه له به‌ره‌ى سه‌ربه‌خۆييدا له‌ناو پارله‌مانى كه‌ته‌لۆنيدا. ئه‌گه‌ر بوارى به‌ئازادى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك هه‌بوايه، ئه‌وا من ده‌بوومه سه‌رۆك. من پێوه‌ندييه‌كى به‌رده‌وامم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى كه‌ته‌لۆنى و حزبه‌كه‌مدا هه‌يه.
دێر شپيگڵ: ئايا سه‌رۆكى نوێى كه‌ته‌لۆنيا، كويم تورا، گوێ له قسه‌كانى تۆ ده‌گرێ؟
پيگدامۆن: به‌ڵێ و، منيش گوێ له كويم تورا ده‌گرم. ئێمه له يه‌ك به‌ره‌داين؛ ئێمه هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانمان هه‌ماهه‌نگ ده‌كه‌ين. ئه‌و سه‌رۆكێكى نوێيه له به‌رشه‌لۆنه، به‌ڵام هه‌موو كه‌س ده‌زانێ كه بوارێكى كه‌مى بۆ مانۆڕ هه‌يه.
دێر شپيگڵ: تۆ به‌م دواييیه بزووتنه‌وه‌يه‌كى نوێت به ناوى Crida Nacional per la República (داواى نه‌ته‌وه‌يى بۆ كۆمار)ت دامه‌زراندووه. بۆ؟
پيگدامۆن: ئێمه بڕوامان وايه كه بزووتنه‌وه‌يه‌كى وه‌ها، باشتر به ده‌ردى ڕه‌وشى سياسيى ئێسته‌ى كه‌ته‌لۆنيا ده‌خوا. هه‌ر نه‌وه‌يه‌ك پێويستى به فۆرمى سياسه‌ت و ئامرازه تايبه‌ته‌كانى خۆى هه‌يه. ئه‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه ڕه‌ق و ته‌ق و وشكهه‌ڵاتووانه‌ى له قه‌يراندان له سه‌رانسه‌رى ئه‌وروپا، ناگونجێ.
دێر شپيگڵ: ئايا تۆ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌كانى ديكه‌ى سه‌ربه‌خۆيى كار ده‌كه‌ى؟
پيگدامۆن: هه‌ڵبه‌ت. ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌ربه‌خۆييمان بوێ، پێويستمان به‌وه هه‌يه داكۆكى له هه‌مان داوا له وڵاتانى ديكه‌یشدا بكه‌ين. لێ هه‌ر بزووتنه‌وه‌يه‌ك تايبه‌تمه‌ندیى خۆى هه‌يه و هيچ يه‌كێتييه‌ك بزووتنه‌وه‌كانى سه‌ربه‌خۆيى له دنيادا پێكه‌وه كۆ ناكه‌ته‌وه.
دێر شپيگڵ: كێ خه‌رجيى مانه‌وه‌ت له برۆكسل ده‌كێشێ؟
پيگدامۆن: ئێستاكه، ئه‌وه‌ى هه‌مه، ته‌نيا ئه‌و مووچه‌يه‌يه وه‌كوو سه‌رۆكێكى پێشووى ناوچه‌يى. سوود له پاشه‌وكه‌وته‌كانى خۆم ده‌بينم. زۆر كه‌سيش به‌خۆشييه‌وه پشتيوانیى هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانمان ده‌كه‌ن و ئه‌نجومه‌نى كۆمار له واترلۆ، تێچووى كاره یاساييیه‌كانمان دابين ده‌كه‌ن.
دێر شپيگڵ: له ئایينده‌دا چ ده‌كه‌ى؟
پيگدامۆن: ئه‌گه‌ر خۆشبين بم، پێم وايه بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێ له تاراوگه ده‌مێنمه‌وه. ئه‌گه‌ر زۆر ڕه‌شبينيش بم، ئه‌وا چه‌ند ساڵێ له زينداندا به‌سه‌ر ده‌به‌م. باش‌ترين سيناريۆ ئه‌وه‌يه كه ئێمه بتوانين بگه‌ڕێينه‌وه وڵات و هه‌مووان له زيندان ئازاد بكرێن. ئه‌وه ئامانجى ئێمه‌يه و كارى بۆ ده‌كه‌ين. من بڕوايه‌كى زۆرم به سيسته‌مى دادپه‌روه‌ريى ئه‌وروپا و كۆميته‌ى مافه‌كانى مرۆڤى سه‌ر به نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان هه‌يه.
دێر شپيگڵ: به‌ڕێز پيگدامۆن. سوپاس بۆ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه.
سەرچاوە:
تورکیا چۆن لە قەیرانەکەی دەڕوانێت لەگەڵ ئەمریکادا

2018-08-18
تورکیا چۆن لە قەیرانەکەی دەڕوانێت لەگەڵ ئەمریکادا
ڕەجەب تەيیب ئەردۆغان/ سەرۆککۆماری تورکیا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر
کردار و بڕیارە تاکلایەنەکان لە دژی تورکیا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لاواز دەکات و، تورکیا ناچار دەکات بە دوای دۆست و هاوپەیمانی نوێ‌دا بگەڕێت. لە ماوەی شەست ساڵی ڕابردوودا، تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوبەشی ستراتیژیی یەکتر بوونە لە "ناتۆ/ ڕێکخراوی هاوپەیمانێتیی باکووری ئەتڵەسی"دا. لە ماوەی جەنگی سارد و دەرهاوێشتەکانی جەنگەکەدا شان بە شانی یەکتر ڕووبەڕووی هەڕەشە هاوبەشەکان بوونەتەوە.
ساڵانێکی زۆر تورکیا بەپەرۆشەوە هەر کاتێک ئەمریکا پێویستی بە یارمەتی بووبێت، یارمەتیی داوە. سەربازەکانمان بەیەکەوە لە کۆریا خوێنیان داوە. لە ساڵی ١٩٦٢ لە لووتکەی قەیرانی مووشەکەکان لە کوبا، تورکیا ڕۆڵی لە هێورکردنەوەی دۆخەکەدا بینی و، ڕێگەی دا مووشەکەکانی ئەمریکا لە تورکیا هاوکات لە ئیتاڵیا جێگیر بکرێن. لە سەروبەندی هێرشە تیرۆریستییەکەی ١١ی سێپته‌مبەردا، کاتێک واشنتۆن داوای لە دۆست و هاوپەیمانەکانی کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنان، ئێمە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی ناتۆ سەربازەکانمان ناردە ئەفغانستان.
ئەگەرچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبەردەوامی لە تێگەیشتن و ڕێزگرتن لە نیگەرانییەکانی خەڵکی تورکیا شکستی هێناوە و، لەم دوایییەیشدا ئەم هاوبەشبوونەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکادا زیاتر دوچاری ترازان و دوورکەوتنەوە بۆتەوە؛ بەداخەوە، هەوڵەکانی ئێمە بۆ کاڵکردنەوەی ئەم مەترسییە شکستی هێنا. تا ئەو کاتەی ئەمریکا دان بەوەدا نەنێت کە بێڕێزیی بە سەروەریی تورکیا کردووە و، پیشانی نەدات کە لە هەستیاری و نیگەرانییەکانی تورکیا تێ گەیشتووە، هاوبەشبوونەکەمان دەکەوێتە مەترسیی زیاترەوە.
لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦دا، تورکیا لە لایەن ئەندامانی گرووپێکی سێبەرەوە کە لە لایەن فەتحوڵڵا گولەنەوە ئاڕاستە دەکرا هێرشی کرایە سەر، کە بە شێوەیەکی ڕەسمی ڕێکخراوەکە لە لایەن حکوومەتەکەی منەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و گولەنیش لە پەنسیلڤانیا نیشتەجێیە. گولەنییەکان هەوڵیان دا کودەتایەکی خوێناوی لە دژی حکوومەتەکەم ئەنجام بدەن. لەو شەوەدا، ملیۆنان هاووڵاتیی ئاسایی بەجۆش و خرۆشی نیشتمانپەروەرییەوە هەروەک چۆن خەڵکی ئەمریکا بێ دوودڵی لە دوای هێرشەکانی پێرڵ هاربۆر و ١١ی سێپته‌مبەرەوە ڕژانە سەر شەقام، ئاوا ئەوانیش ڕژانە سەر شەقامەکان. ٢٥١ کەسی بێ‌تاوان، لەوانە هاوڕێی ئەزیز و بەڕێوەبەری لەمێژینەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنم "ئیڕۆڵ ئٶڵچۆک" و، کوڕەکەی، "عەبدوڵا تەيیب ئۆڵچۆک" گیانیان سپارد و دوایین باجی ئازادیی نەتەوەکەیان دا. بێ گومان منیش دەچوومە کاروانی قوربانیانەوە ئەگەر هەوڵی تیرۆرکردنی من و خێزانەکەم لە لایەن کودەتاچییەکانەوە سەرکەتوو بووایە.
گەلی تورکیا چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەتوندی سەرکۆنەی هێرش و کودەتاکە بکات و ئامادەییی هاوکاریی خۆیشی بۆ حکوومەتە هەڵبژێردراوەکەی تورکیا دەرببڕێت؛ بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمەی نەکرد! کاردانەوەكه‌ی ئەمریکا لە جێگەی خۆیدا نەبوو بۆ ئێمە. لە جیاتی پاڵپشتی بۆ دیموکراسییەت لە تورکیادا، بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای سەقامگیری و بەردەوامیی ئاشتییان دەکرد لە تورکیادا. بۆ خراپترکردنی بارودۆخەکە، ئەمریکا بەدەم داواکەی تورکیاوه نەهات و فەتحوڵڵا گولەنی لەژێر ڕێککەوتنێکی دوولایەنەوە ڕادەستی ئێمە نەکردەوە.
یەکێک لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا یارمەتییەکانی ئەمریکایە بۆ پەیەدە و یەپەگە کە بە درێژکراوەی پەکەکە لە سووریادا دادەنرێت. ئەم گرووپە چەکدارە، بەرپرسیارە لە کوشتنی هەزاران هاووڵاتیی تورکی لە ١٩٨٤ەوە و، لە لایەن خودی ئەمریکایشەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دانراوە. بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و زانیارییە فەرمییەکانی تورکیا، واشنتۆن ٥٠٠٠ بارهەڵگر و ٢٠٠٠ فڕۆکەی بارهەڵگر/کاڕگۆی چەکی وەک یارمەتی گەیاندووە بە پەیەدە و یەپەگە لەم ساڵانەی دواییدا.
حکوومەتەکەم بەردەوام ئەو نیگەرانییەی ئێمەی بە بەرپرسانی ئەمریکا گەیاندووە، بەتایبەت سەبارەت بە بڕیاری ڕاهێنان و چەکپێدانی هاوپەیمانەکانی پەکەکە لە سووریا. بەداخەوە! وتەکانی ئێمە بە گوێی کەڕدا چووە و، چەکە ئەمریکییەکان لە کۆتاییدا خەڵکی مەدەنی و ئەندامانی هێزەکانی ئێمەی لە سووریا، عێراق و تورکیادا کردە ئامانج.
لەم چەند هەفتەی دواییدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند هەنگاوێکی گرتۆتە بەر بۆ زیاترکردنی بارگرژی و تەنگەژەی زیاتر لەگەڵ تورکیادا بە هۆی دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی، قەشە "ئەندرۆ بڕۆنسۆن" لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە کە تۆمەتبارە بە یارمەتیدانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی. لە بری ڕێزگرتن لە ڕێکارە دادوەرییەکان و سەروەریی یاسا، کە چەندین جار خۆم لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان هانی "دۆناڵد ترامپ"م داوە کە ڕێز لەو بڕیارە دادوەرییانە بگرێت، کەچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کردووە بە هەڕەشە و سەپاندنی سزا لە بەرامبەر نەتەوەیەکی دۆستی ئەمریکا و، سزای بەسەر دوو لە وەزیری ناو حکوومەتی تورکیادا سەپاندووە. ئەم بڕیارە قبووڵکراو نییە و بڕیارێکی ناعەقڵانییە و زیان بە پەیوەندی و دۆستایەتییە لەمێژینەکەمان دەگەیەنێت. ئێمەیش لە بەرامبەردا سزامان بەسەر چەند بەرپرسێکی ئەمریکیدا سەپاند. ئێمە پابەندی هەمان بنەما دەبین؛ هەوڵ دەدەین حکوومەتەکەمان پابەندی دەستوور بێت و، گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی دادوەرییش لەگەڵ بەها دیموکراسییەکان یەک ناگرێتەوە.
تورکیا وادەیەکی دیاری کردووە و ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوێی بۆ نەگرێت، تورکیا ناچارە پلانی ئابووریی خۆی جێبەجێ بکات. لە ١٩٧٠دا، تورکیا ڕێگریی کرد لە قڕکردنی تورکەکان لە لایەن قوبڕسییە یۆنانییەکانەوە، سەرەڕای لۆمە و ڕەخنەکانی واشنتۆن. لەم دوایییەدا، واشنتۆن گوێی بە نیگەرانییەکانی ئێمە نەدەدا سەبارەت بە هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان لە لایەن باکووری سووریاوە و، دواتر لە دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا توانیمان هەم داعش کە گەیشتبووە سەر سنوورەکانی ناتۆ، هەمیش هێزێکی وەک پەیەدە لە عەفرین، وەدەربنێین. بەم شێوەیە ئێمە هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان دەگرینە بەر.
لە سەردەمێکدا کە خراپەکاری لە هەموو سووچێکی دونیادا ئامادەییی هەیە! کردە و بڕیارە تاکلایەنەکان لە دژی تورکیادا لە لایەن ئەمریکای دۆستی چەندین ساڵەمان، تەنیا زیان بە بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەمریکا دەگەیەنێت. بەر لەوەی زۆر درەنگ دابێت، واشنتۆن دەبێت واز لە بڕیارە هەڵەکانی بهێنێت و، دەبێت هەر دوو دیوی پەیوەندییەکانمان ببینێت و، دەبێت ئەوەیش بزانێت کە تورکیا جێگرەوە و بژاردەی تری هەیە. ئەگەر ئەمریکا واز لەو بێڕێزی و مەیلە تاکڕەوییانەی نەهێنێت، ئەوا ئێمە بە دوای دۆست و هاوپەیمانی نوێ‌دا دەگەڕێین.
ڕاستکردنەوە:
لە سەرەتای وتارەکەدا هەڵەیەک هەیە لە دانانی مووشەکی جیوپیتەر لە تورکیادا. لە ١٩٦٢دا ئیدارەکەی جۆن کەنێدی لە ڕێگەی دانوستانەوە قەیرانی مووشەکی کوبای چارەسەر کرد و پێش قەیرانەکەیش ئەمریکا مووشەکەکانی خۆی لە ئیتاڵیا و تورکیادا جێگیرکردبوو نەک دوای قەیرانەکە. بۆیە ئەوە ڕاست نییە کە لە کاتی قەیرانی مووشەکیی کوبا، هەروەک ئەردۆغان بەهەڵە ئاماژەی پێ کردووە، تورکیا پێشوەختە دەستپێشخەریی کردبێت و لەسەر جێگریکردنی مووشەکەکان ڕەزامەند بووبێت.
سەرچاوە:
له چه‌ند هه‌فته‌ى دادێ، چ له پارێزگه‌ى ئيدلبى سووريا ده‌قه‌ومێ؟

2018-08-16
له چه‌ند هه‌فته‌ى دادێ، چ له پارێزگه‌ى "ئيدلب"ى سووريا ده‌قه‌ومێ؟
سه‌نته‌رى كارينگى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ
[ئيدلب پارێزگه‌يه‌كى سووريايه و نزيكه‌ى 2 مليۆن و نيو خه‌ڵكى، به خۆجێ و ئاواره و په‌ناهه‌نده‌وه، لێ ده‌ژى. بۆته مه‌كۆى گرووپه‌كانى ئۆپۆزيسيۆن و هه‌يئه‌تى ته‌حرير شام؛ واته "نه‌سره"ى جاران ده‌ستى به‌سه‌ر به‌شێكى زۆرى ئه‌و پارێزگه‌يه‌دا ده‌ڕوا. هه‌ندێ ميليشياى سه‌ر به حزبى ئيسلاميى توركمانستانيش له‌وێ هه‌ن كه هه‌م "ڕووسيا" و هه‌م "چين"یش به تيرۆريست و دوژمنێكى سه‌رسه‌ختى خۆيانيان ده‌زانن. توركيا له ماوه‌ى ڕابردوودا هه‌وڵی داوه، كه گرووپه‌كانى ئۆپۆزيسيۆن له ئيدلب له‌ژێر ناوى "الهيئة الوطنية للتحرير" كۆ بكاته‌وه، به‌ڵام هه‌يئه‌ى ته‌حريرى شام وه‌كوو خۆيان ماونه‌ته‌وه. ماوه‌يه‌كه ڕ‌ژێمى سووريا هێز و جبه‌خانه بۆ سنووره‌كانى ڕۆژهه‌ڵات و باشوورى ئه‌و پارێزگه‌يه ده‌نێرێ و قسه له‌وه ده‌كرێ، ها ئه‌مڕۆ ها سبه‌ى ڕژێم په‌لامارى گونده‌واره‌كانى ئه‌و پارێزگه‌يه ده‌دا. ئاسۆ كه‌ريم.]
پێت وايه له چه‌ند هه‌فته‌ى دادێ، چ له پارێزگه‌ى "ئيدلب"ى سووريا ده‌قه‌ومێ؟
ئه‌ليكسى خلبينكۆڤ: شاره‌زايه‌كى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته له ئه‌نجومه‌نى ڕووسيا بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى و لێكۆڵه‌رێكى ديارى گرووپى ڕاوێژكاريى ڕووسييه له Eurasia Strategies.
كێشه‌وبێشه‌ى سووريا نموونه و مۆدێڵێكى باوى هه‌يه. ناوچه‌كانى كه‌مكردنه‌وه‌ى جه‌نگ به‌ره به‌ره نامێنن و هێزه چه‌كداره‌كانى سووريا، به پشتيوانیى هێزى ئاسمانیی ڕووسى، هێرش و په‌لامارى پلانبۆدانراوى وه‌هاى ئه‌و ناوچانه‌يان داوه كه ڕێگه بۆ مۆسكۆ ده‌كه‌نه‌وه ساتوسه‌ودا بۆ گواستنه‌وه‌ى ژماره‌يه‌كى زۆرى ياخيبووه چه‌كداره‌كان بۆ پارێزگه‌ى ئيدلب بكا. وه‌ك ئه‌نجامێك، ئيدلب تاكه ناوچه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى شه‌ڕ و پێكهه‌ڵچوونه كه له ده‌ره‌وه‌ى كۆنترۆڵى حكوومه‌تى سووريا مابێته‌وه كه ئه‌و حه‌مكه گرووپه‌ى ئۆپۆزيسيۆن و خه‌ڵكى مه‌ده‌نى و هه‌روابێته‌وه گرووپگه‌له تيرۆريستييه‌ى تێدا كۆ ببنه‌وه. له سۆنگه‌ى ئه‌و تێكه‌ڵپێكه‌ڵييه‌وه، ئيدلب بووه‌ته جۆرێ ده‌ڤه‌رێكى خۆڵه‌مێشى له لاى مۆسكۆوه.
فاكته‌رى توركى، ڕه‌وشى ئيدلبى ئاڵۆز كردووه. بۆ ماوه‌يه‌ك ئيدلب ناوچه‌ی نفووزى توركى بووه؛ ئاخر توركيا پشتيوانى گرووپه‌كانى ئۆپۆزيسيۆن بووه له‌وێ. سه‌رباريش، به‌گوێره‌ى ڕێككه‌وتننامه‌ى ئاستانا، له‌سه‌ر توركيا پێويسته ته‌ناهى و ئاسايشى ناوچه‌كه بپارێزێ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش 12 پێگه‌ى چاودێریى دامه‌زراندووه. ئانكارا شه‌ريكێكى ڕووسيايه له سووريا و ده‌سته‌به‌رێكى پرۆسه‌ى ئاستانايه. مۆسكۆ، توركياى ده‌وێ تا پاساوى ميتۆد و شێوازى خۆى ده‌رهه‌ق به كێشه‌ى سووريا پێ بداته‌وه له به‌رانبه‌ر ڕه‌خنه و گله‌يیيه‌كانى ڕۆژاوا و ناتۆوه. به هه‌ر حاڵ، به سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازييه‌كانى ڕ‌ژێمى سووريا و كۆمه‌ك و باروبوى زێده‌ى ڕووسياوه، ورده ورده بايه‌خ و گرنگيى ڕۆڵى ئاستانا كه‌م ده‌بێته‌وه. به‌شێكى ئه‌م داوه‌رييه خۆى له‌و ڕاستييه‌دا ده‌بينێته‌وه كه دوا گه‌ڕى وتووێژه‌كان له سوتچى به‌ڕێوه چوو نه‌ك له ئاستاناى پايته‌ختى قه‌زاقستان.
بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر هه‌نگاوێ له‌گه‌ڵ سياسه‌ته‌كانى ڕووسيا له سووريا ته‌با و هاوئاهه‌نگ بێ، به لاى ڕووسياوه گرنگه ئيدلب بێته‌وه بنده‌ستى حكوومه‌تى سووريا. لێ له هه‌مان كاتدا، مۆسكۆ نايه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و پارێزگه‌يه، به‌ره‌نگارى توركيا ببێته‌وه. له‌م چه‌ند مانگه‌ى دواييدا، چه‌ند جارێ به تۆپ و به فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان، له ئيدلبه‌وه په‌لامارى بنكه و باره‌گا سه‌ربازييه‌كانى ڕووس دراوه و ئه‌مه‌یش هۆيه‌كى ڕه‌وايه به لاى مۆسكۆوه كه ئانكارا هان بدا بۆ گه‌يشتن به پلانێك كه هه‌م توركيا پێى په‌سند بێ و هه‌م حكوومه‌تى سووريا؛ به‌و مه‌رجه‌ى كه دواتر ئيدلب بكه‌وێته‌وه ده‌ستى حكوومه‌تى سووريا و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى توركيایش به‌هه‌ند وه‌ربگيرێن.
هه‌روا بێته‌وه و شايانى گوتنه، ڕووسيا ده‌يه‌وێ په‌نابه‌ره‌كانى سووريا بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆيان و توركيایش هه‌م وه‌كوو شه‌ريكێكى گرنگ له‌م باره‌وه چاوى لێ ده‌كرێ و هه‌م زۆرترين په‌ناهه‌نده‌ى سووریى حه‌واندووه‌ته‌وه. به‌م مانايه، هه‌ر هێرش و په‌لامارێكى به‌رفره‌ى سه‌ربازى دژى ئيدلب، له كاتى ئێستادا له‌سه‌ر مێزى مۆسكۆ نييه، چونكه وه‌كى ديكه هێرشێكى وا ده‌بێته هۆى شه‌پۆڵێكى ديكه‌ى سه‌ره‌كيى په‌ناهه‌ندان به ئاراسته‌ى سنووره‌كانى توركيا و ئه‌مه‌یش دژ به نه‌خشه و پلانه‌كانى مۆسكۆ و ئانكارا‌يه.
له به‌شێكى وه‌ڵامى ئه‌و شاره‌زا ڕووسييه‌دا هاتووه: فاكته‌رێكى ديكه‌ى گرنگ كوردن، كه زۆريان حه‌ز لێيه ببنه به‌شێكى هه‌ر هاوكێشه‌يه‌كى ئيدلب. به‌م دوايیيانه، هامشۆ له نێوان كورده‌كانى سووريا و ديمه‌شق و كورده‌كان و ڕووسيا زۆر بووه. وێده‌چێ كورده‌كان له‌و بژارده (خیار)ه بكۆڵنه‌وه كه ساتوسه‌ودايه‌ك له‌گه‌ڵ ديمه‌شقدا بكه‌ن كه له‌گينه جۆرێ له ئۆتۆنۆمييان پێ بدا؛ له به‌رانبه‌ردا "ديمه‌شق"يش ده‌ستى به چاڵه‌نه‌وت و گازه‌كان و پاڵاوتگه‌كانى خۆى ڕابگاته‌وه. گومانى تێدا نييه، ئه‌نجامێكى كۆتايى له ئيدلب، پێوه‌نديى به نيگه‌رانييه ئه‌منييه‌كانى توركيا و ئه‌و گه‌ره‌نتييانه‌وه هه‌يه كه ئانكارا ده‌توانێ دواجار له هه‌ر ساتوسه‌ودايه‌كى ڕ‌ژێمى سوورى- كوردى له به‌رانبه‌ر ئيدلبدا به‌ده‌ستيان بهێنێ.
سەرچاوە:
توركيا هه‌وڵه‌كانى له مامه‌ڵه‌نه‌كردن به دۆلار خێراتر ده‌كا

2018-08-16
توركيا هه‌وڵه‌كانى له مامه‌ڵه‌نه‌كردن به دۆلار خێراتر ده‌كا
محه‌مه‌د چه‌تينگوله‌ج
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم
ئه‌مريكا، له 1ى ئابدا سزاگه‌لێكى بێپێشينه‌ى به‌سه‌ر دوو وه‌زيرى توركيادا سه‌پاند چونكه ئانكارا ڕه‌تی كرده‌وه قه‌شه‌يه‌كى ئه‌مريكى [قه‌شه ئه‌ندرۆ برۆنسۆن] له زيندان به‌ر بدا؛ لێ هه‌ندێ ناوه‌ند و كۆڕى نێو حكوومه‌تى توركيا بۆچوونێكى ديكه‌يان له‌باره‌ى سۆنگه‌ى ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ئه‌مريكا هه‌يه كه له پشت ئه‌م قه‌يرانه‌وه‌يه. به‌گوێره‌ی ئه‌رگيومێنتى ئه‌و ناوه‌ندانه، ئه‌مريكا له هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى توركيا تووڕه و په‌سته، كه ده‌يه‌وێ دراوگه‌لى نيشتمانى له مامه‌ڵه و بازرگانيكردن له‌گه‌ڵ ئێران و وڵاتانى BRICSدا: به‌ڕازيل، ڕووسيا، هندستان، چين و باشوورى ئه‌فريقا، جێگه‌ى دۆلار بگرنه‌وه.
له 26ى ته‌مووزدا سه‌رۆكى ئه‌مريكا له‌سه‌ر قه‌شه ئه‌ندريۆ برۆنسۆن هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌پاندنى سزاى له توركيا كرد. له‌و ده‌مه‌وه پێكناكۆكيى نێوان ئه‌مريكا و توركيا توندتر بووه. بورهان كۆزۆ، كه ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيى حزبى داد و گه‌شه‌پێدان (AKP)یه و ڕاويژكارێكى پێشترى سه‌رۆككۆمار، ڕه‌جه‌ب ته‌يیب ئه‌ردۆغان بوو له تويتێكى خۆي‌دا ده‌ڵێ: "مه‌سه‌له برۆنسۆن نييه، تا ئێستا نه‌تانزانيوه؟ ترامپ بووه‌ته بارمته‌يه‌كى لۆبيى جووله‌كه. ئه‌م كاردانه‌وه‌يه‌ى [ترامپ] له پێوه‌نديى گه‌رمى توركيا به ڕووسيا، ئێران و چينه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دا. ئه‌مريكا له‌و په‌ره‌سه‌ندانه شێت بووه كه پێوه‌ندييان به بازرگانيكردن به دراوه نيشتمانييه‌كان و به‌لاوه‌نانى دۆلاره‌وه هه‌يه."
وێده‌چێ ئه‌ردۆغان په‌يامێكى هاوشێوه‌يشى بۆ سه‌رۆكى ڕووسى، ڤلاديمیر پووتين ناردبێ له ديمانه‌يه‌كى به‌لاوه [له په‌راوێزى كۆبوونه‌وه‌كه]ى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رانىBRICS له باشوورى ئه‌فريقا. ئه‌ردۆغان گوتى: "هاريكاريى نێوان ئێمه، هه‌ندێ ئيره‌يى ده‌نێته‌وه" و، "پووتين"يش به‌زه‌رده‌خه‌نه‌يه‌كه‌وه باوه‌گۆى دايه‌وه.
زێتر له 1600 كه‌س لايكيان بۆ تويته‌كه‌ى كۆزۆ كردبوو. ئاخر ئه‌و قسانه ته‌واو به دڵى پشتيوانانى AKPن. هه‌روا زۆر خه‌ڵكى ديكه‌یش ئه‌و ئه‌رگيومێنته‌ى كۆزۆيان ڕه‌ت كردبووه‌وه و به ڕه‌خنه‌ى زبر و گاڵته‌جاڕييه‌وه، وه‌ڵاميان دابووه‌وه. به‌كارهێنه‌رێكى تويته‌ر نووسيويه: "من پێم وايه و ده‌بێ زوو به زوو دادگه‌يه‌كى كاتى له ده‌ره‌وه‌ى ماڵى برۆنسۆن دابمه‌زرێنين [ئه‌و ماڵه‌ى كه قه‌شه برۆنسۆنى تێدا ده‌سته‌به‌سه‌ر و گل دراوه‌ته‌وه] و، هه‌ر ئه‌مشه‌و ڕه‌وانه‌ى ئه‌مريكاى بكه‌ينه‌وه، ده‌نا شته‌كان خراپتر ده‌بن." به‌كارهێنه‌رێكى ديكه‌ى تويته‌ر پرسيارێكى گاڵته‌جاڕانه ده‌ورووژێنێ و ئاماژه بۆ سه‌ودايه‌كى ئه‌م دوايیيه ده‌كا: "ئه‌ى بۆ ئێمه داواى قه‌رزێكى 3,6 بليۆن دۆلارى له چين، به دۆلار ده‌كه‌ين؟"
هه‌وڵه‌كانى توركيا بۆ به‌كارهێنانى دراوى نيشتمانى له بازرگانى ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئێران و ڕووسيادا، پێشكه‌وتنێكيان به‌خۆوه بينيوه. ئانكارا ده‌يه‌وێ پشتبه‌ستن به دۆلار كه‌م بكاته‌وه و ليره‌ى توركى به‌هێز بكا. ئاخر دابه‌زينى دراماتيكانه‌ى به‌هاى ليره له‌مساڵدا له به‌رانبه‌ر دۆلار، ته‌نيا له سۆنگه‌ى گرژييه‌كانى نێوان واشنتۆن و ئانكارا، خراتر بووه [ئێواره‌ى 10ى ئاب كه بۆرسه پێوه دراوه، نرخى 1 دۆلارى ئه‌مريكى، 6.4230 ليره‌ى توركى بووه- ئاسۆ]. به قسه‌ى ئه‌ردۆغان، "ئامرازێكى هه‌ره باش بۆ بێكاريگه‌ركردنى گوشارى مامه‌ڵه‌كردن به دراوى بيانى، بازرگانيكردنه به دراوى نيشتمانى له ئاستى پلاتفۆرمى نێوده‌وڵه‌تيدا."
هه‌روابێته‌وه توركيا ڕووبه‌ڕووى كورتهێنانێكى به‌رفره‌ى بوودجه بووه‌ته‌وه و له مانگى ئاياردا خۆى له 57,6 بليۆن دۆلار داوه. لێ داخوا توركيا ده‌توانێ ته‌نيا له ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى دراوى نيشتمانى له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شه‌ريكى خۆي‌دا ئه‌و گرفته له‌مێژينه‌يه چاره‌سه‌ر بكا؟
توركيا پتر كاڵا له ده‌ره‌وه ده‌هێنێ تا شتومه‌ك بنێرێته ده‌ره‌وه و، ئه‌مه‌یش هه‌نده‌ى ديكه گرفت و ئاريشه‌كه‌ى گه‌وره‌تر كردووه. له 2017دا، توركيا به ڕێژه‌ى 10.2% هه‌نارده‌ى زێده بووه و گه‌يشتووه‌ته 157 بليۆن دۆلار، له كاتێكدا هاورده‌كردن، به ڕێژه‌ى 18% زێده بووه و گه‌يشتۆته 234 بليۆن دۆلار. به‌م پێيه، كورتهێنان له بوارى بازرگانيى ده‌ره‌كيدا به ڕيژه‌ى 37% زۆرتر بووه و گه‌يشتۆته 76.6 بليۆن دۆلار. له‌م سۆنگه‌يه‌وه، مامه‌ڵه‌نه‌كردن به دۆلار، چاره‌سه‌رێكى سيحرئامێزى پێ نييه، تا ئه‌و ناهاوسه‌نگييه له بوارى هاورده‌كردن و هه‌ناردندا به‌رده‌وام ببێ. به‌گوێره‌ى ئه‌و ژمارانه‌ى له ڕۆژنامه‌ى دارايیى "دونيا"دا بڵاو بوونه‌ته‌وه، 54%ى هه‌نارده‌كراو و 36%ى هاورده‌كراوه‌كانى ساڵى ڕابردوو به "يۆرۆ" بووه و، ته‌نيا 39%ى هه‌نارده‌كراو و 58%ى هاورده‌كراوه‌كان به دۆلار بووه و، ته‌نيا 3%ى هه‌نارده‌كراو و 2%ى هاورده‌یش به ليره‌ى توركى دراون.
قه‌باره‌ى بازرگانيى توركيا له‌گه‌ڵ وڵاتانى BRICS له ساڵى ڕابردوودا 60.7 بليۆن دۆلار بووه كه 53.4 بليۆن دۆلار بايى شتى هاورده‌كراو بووه و، ته‌نيا 7.3 بليۆن دۆلار به‌هاى شتى هه‌نارده‌كراوى توركيا بووه. له كۆى گشتيى قه‌باره‌ى بازرگانيى توركى كه 391 بليۆن دۆلار بووه، حيسابى وڵاتانى BRICS ته‌نيا 15.5% بووه و زۆرينه‌ى باقيى قه‌باره‌ى ئاڵووێرى بازرگانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌وروپى و ئه‌مريكادا بووه و، له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وڵاتانى برێكسدا، دۆلار و يۆرۆ، دراوى زاڵ بوون.
ئه‌م ژمارانه به‌ته‌نيا ئه‌و ئه‌ركه سه‌خت و دژواره‌مان بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه كه توركيا له هێنانه‌ئاراى ئه‌لته‌رناتيڤێكى خوازراودا، ڕووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه. هه‌نگاوى بێكاريگه‌ريكردنى به‌كارهێنانى دۆلار له مامه‌ڵه‌ى بازرگانيدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خۆدوورخستنه‌وه‌ى توركيايه له ڕۆژاوا كه له سايه‌ى حوكمڕانيى AKPدا گيراوه‌ته به‌ر. وێڕاى كه هێشتا توركيا ئه‌ندامێكى ناتۆيه و پاڵێوراوى يه‌كێتيى ئه‌وروپييه، لێ توركيا هه‌وڵ ده‌دا له "جيهانێكى نوێ‌دا" له پشت ئه‌وروپا و ئه‌مريكاوه، هاوپه‌يمانێتيى نوێ له‌گه‌ڵ ئه‌ملا و ئه‌ولادا دابمه‌زرێنێ. هه‌روا چوونه پاڵ گرووپى BRICSيش، حه‌زێكى ديكه‌ى نيشاندانى بێباوه‌ڕيى توركيايه به ڕۆژاوا.
توركيا به ته‌ماى په‌ره‌پێدانى هاوكارييه له‌گه‌ڵ چيندا و، ده‌يه‌وێ سوود له پۆتانسيۆڵى ئابووريى چين وه‌ربگرێ. بێجگه له به‌كارهێنانى دراوى نيشتمانى له بازرگانيى دووقۆڵیى نێوانياندا، هه‌ر دوو لايه‌ن قسه‌يان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه چين دوو پرۆژه‌ى وزه‌ى نوكليارى له توركيا بنيات بنێ و به‌شدارى له پرۆژه سه‌ره‌كييه‌كانى ژێرخانى توركيادا بكا، له‌وانه: هه‌ڵبه‌ستنى كه‌ناڵێكى ئاو له ئيستانبۆڵ. ئه‌ردۆغان، پاش كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رانى BRICS، واى به هه‌واڵنێران گۆ. له هه‌نگاويكى ديكه‌ى به‌رچاودا، ئه‌ردۆغان له 3ى ئابدا گوتى كه توركيا بۆ يه‌كه‌مين جار بۆ پشته‌وشاركردنه‌وه و بێكاريگه‌ريكريكردنى "ڕاپۆرته لايه‌نگره‌كان"ى ئاژانسه ڕۆژاواييیه‌كانى پۆلينكردنى كريديت و، بۆ هه‌مه‌چه‌شنه‌كردنى سه‌رچاوه‌كانى پاره‌په‌يداكردن، سه‌نه‌د و قه‌واڵه‌ى پشتبه‌ستوو به قه‌رزوقۆڵه، ده‌رده‌كات. ڕێگه‌چاره‌يه‌كى ديكه‌ى ئانكارا بۆ خۆگرتن له هه‌مبه‌ر گوشارى سه‌خت و دژوارى دراو، به‌كارهێنانى زێڕه. بانكى ناوه‌نديى توركى، خۆى چالاكانه زێڕ له برى يه‌ده‌گه‌كانى دراوى بيانى داده‌نێ و به‌گوێره‌ى ئه‌نجومه‌نى جيهانيى زێڕ، توركيا 546.8 تۆن زێڕى له شوباتى ڕابردوودا هه‌بووه، له كاتێكدا له ئه‌يلوولى 2011دا ته‌نيا 116 ته‌ن زێڕى هه‌بووه. ئه‌و زێده‌بوونه گه‌وره‌يه، توركياى خستۆته نێو ڕێزى 10 وڵاتى يه‌كه‌مينى جيهان كه زۆرترين يه‌ده‌گى زێڕيان هه‌يه. هه‌روا به‌رفره‌كردنى بانكداريى ئيسلامى ڕێگه‌يه‌كى ديكه‌يه بۆ زێتر به‌كارهێنانى زێڕ له بوارى مامه‌ڵه و چالاكيى داراييدا.
وێناچێ ناته‌بايیى نێوان ئانكارا و واشنتۆن وا زوو ببڕێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاريشه‌ى نێوان ئه‌و دووانه له‌باره‌ى قه‌شه برۆنسۆنيشه‌وه چاره‌سه‌ر ببێ. كاربه‌ده‌سته ئه‌مریكییه‌كان ئه‌م هه‌فته‌ى ڕۆيى گوتيان: ئه‌وان چاو به گه‌يشتنى توركيا به بازاڕه‌كانى ئه‌مريكا به‌بێ گومركلێوه‌رگرتن، ده‌خشێننه‌وه. ئه‌م ئاخاوتنه‌ى ئه‌وان پاش ئه‌وه هات كه توركيا له هه‌مبه‌ر دانانى تاريفه‌ى گومركى له‌سه‌ر پۆڵا و ئه‌له‌منيۆمى توركى، ئه‌ويش تاريفه‌ى له‌سه‌ر كه‌لوپه‌لى ئه‌مريكی دانا [دوێنێ 10ى ئاب، ترامپ له تويتێكدا فه‌رمانى دا تاريفه‌ى گومركى له‌سه‌ر هێنانى پۆڵا و ئه‌له‌منيۆمى توركى دووهێنده‌ى لێ بكرێ- ئاسۆ]. كه‌واته گرتنى قه‌شه برۆنسۆن، يان هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاى توركيا به به‌لاوه‌نانى دۆلار له مامه‌ڵه‌ى بازرگانيدا، هۆى جه‌وهه‌ريى ئه‌و قه‌يرانه دووقۆڵييه‌ى نێوان ئانكارا و واشنتۆن نييه، كه له‌گينه ئه‌و قه‌يرانه درێژه بكێشێ و به‌رده‌وام ببێ.
ڕايه‌ڵكه و پێوه‌ندييه‌كانى توركيا- ئه‌مريكا چه‌ندين گرفت و ئاريشه‌ى جددييان تێدايه، له‌وانه: نه‌خشه و پلانه‌كانى توركيا بۆ به‌ده‌ستهێنانى مووشه‌كى "400 ئێس"ى ڕووسى، تێوه‌گلانى هالك بانك له نه‌خشه و پلانه‌كانى ئێران بۆ خۆدزينه‌وه له سزاكانى ئه‌مريكا، جياوازى له‌باره‌ى سووريا و به‌ره‌وپێشچوونى پێوه‌نديى سياسى و ئابوورى و سه‌ربازيى توركيا له‌گه‌ڵ ڕووسيا و ئێران و چيندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، پرسى قه‌شه برۆنسۆن كه گرنگييه‌كى ڕه‌مزيى بۆ ئه‌مريكا هه‌يه، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه كه پێوه‌ندييه‌كانى 66 ساڵه‌ى نێوان ئه‌و دوو وڵاته هاوپه‌يمانه‌ى ناتۆ چه‌ند داخوراون...
سەرچاوە:
- یاساى بنه‌ڕه‌تى: ئيسڕائيل، ده‌وڵه‌ته-نه‌ته‌وه‌ى گه‌لى جووله‌كه‌يه
- ترامپ له چ قزگهيهكهوه ده‌يه‌وێ قسه له‌گه‌ڵ ڕۆحانيدا بكا؟
- مهچهكبادان بێ يان نا، ململانه‌ى توركيا و ڕۆژاوا، نيشانێك به‌جێ ده‌هێڵێ
- ١٢ هه‌فته له ڕياز:
- نه‌تانیاهۆ، تکایە یارمەتیی خەڵکی ئێزدی بدە
- فاشيزم و پۆپۆليزم
- ئايا ڕووسيا ده‌توانێ ئومێدى ترامپ به وه‌ده‌رنانى ئێران له سووريا به‌دی ده‌هێنێ؟
- ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌مريكا- چين: ڕوانگه‌يه‌كى ڕووسى
- سۆفت پاوه‌ر (هێزى نه‌رم) و پێگه‌ى جيهانى- ژماره 1
- بۆچی ئێران پەنا بۆ دانوستان لەگەڵ ترامپدا دەبات؟