"دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی": فه‌رمیبوونی کوردی له ده‌ستووری هه‌رێمدا، به‌ڕاستی ڕه‌چاو بکرێت. به‌پێی ده‌ستوور و به‌کرده‌وه، پێگەی زمانی کوردی به‌رز بکرێته‌وه و به‌رز ڕابگیرێت له‌نێو: فێرگه و زانکۆ ئه‌هلییه‌کان، ده‌زگه حکوومییه‌كان، كۆمپانیا ئه‌هلییه‌کان، شوێنه گشتییه‌کان (تابلۆ و ...).
سەرەتا
ئێستا لانی کەم دوو بابەتی پێوەندیدار بە زمانەوە وەک بابەتی زاڵ و پڕ باسوخواسی ناوەندە ڕۆشنبیری، ئاکادیمی، پەروەردەیی و میدیایییەکانی هەرێمی کوردستان لە گۆڕێدان: یەکەم، بابەتی بەئینگلیزیکردنی خوێندن لە باخچەی ساوایەنەوە بۆ قۆناغەکانی خوێندن وەک پلانێک کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان پیادە دەکرێ و بەڕێوە ده‌چێ؛ دووەم، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێکەوتی ٨/٣/ ٢٠١٧ بڕێارێکی دەرکرد کە "لەمساڵەوە ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی زمانی کوردی و عەرەبی، بۆ دەرچووانی پۆلی دوازدە لە کاتی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژەكانی پزیشکی، ئەندازیاری و زانستی، ئارەزوومەندانە دەبێت". جگە لەوهیش سەرخستنی زمانی ئینگلیزی و ناوە ئەوروپی و بیانییەکان بەسەر زمانی کوردی‌دا لەسەر تابلۆی شوێنە گشتی و تایبەتییەکان بەبەرچاوی دەبینرێت. ئەم هەنگاوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە واتای پەرواێزخستنی زمانی کوردی لێک دراوەتەوە. هەر بۆیە، کاردانەوەی مامۆستایانی زانکۆ، پەروەردە و خەمخۆرانی زمانی کوردییشی بەدوادا هات.
بۆ تیشکخستنە سەر ئەوەی: ئاخۆ بەڕاستی ئەم بڕیار و بەرنامانە، بە واتای پەراوێزخستنی زمانی دایکە؟ بۆچوونی زمانناسانی به‌ناوبانگ و بەئەزموون لە بواری زمانناسیی کارەکی، پلان و سیاسەتی زمان، فێرکردنی زمانی دووەم چییە؟ ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو، یەک لەوانە وەک کانادا کە ئەزموونێکی ١٠٠ساڵەی لە بواری کارلێککردنی زمانەکان هەیە چیمان پێ دەڵێ؟ بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە و تیشکخستنەسەر پرسی زمانی کوردی و زاڵکردنی زمانی ئینگلیزی لە کوردستان، لیژنەی ڕۆشنبیریی کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەڵاحەددین ڕۆژی چوارشەممە (٢٠١٧/٥/٣) سمینارێکی بۆ بەڕێز پرۆفیسۆری هاوکار لە زانکۆی کارلێتنی کانادا، "دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی" بە ناونیشانی "ئینگلیزی وەکوو زمانێکی جیهانی: زمانکوژ، یان زمانپارێز" ڕێک خست.
لەبەر گرنگی و پڕ ناوەڕۆکی و پەنجەخستنەسەر کێشەکان و گفتوگۆیەکی تێروتەسەلی مامۆستایانی زانکۆ لەسەر ئەو بابەتە، بەپێویستمان زانی خوێنەرانی بەڕێزی "پێنووس"یشی لێ ئاگادار بکەینەوە. ئەمەیش دەقی وتارەکەی د. شێخولئیسلامی:
خۆ لەقەرەدانی بابەتێکی وا گرنگ
دکتۆر شێخولئیسلامی، لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بۆچی خۆی لە قەرەی بابەتێکی وا گرنگ و ئاڵۆز داوە. هۆیەکەیشی گێڕایەوە بۆ ژیانی زیاتر لە 29 ساڵ له وڵاتێکی ئینگلیزیزمان، که‌نه‌دا. خوێندنی ١٤ ساڵ به زمانی ئینگلیزی: خوێندنی پەیمانگە (زانیاری و کتێبخانه)، به‌که‌لۆریا (زمان‌ناسی)، ماجستێر (زمانناسیی کاره‌کی)، دکتۆرا (شیکاری گوتار و ڕاگه‌یاندن(.9 ساڵ مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووە له که‌نه‌دا، ١٠ ساڵ پرۆفسۆری یاریده‌ده‌ر و پرۆفسۆری هاوکار بووە له به‌شی زمان‌ناسی و دیراساتی زمان. جگە لەوانەیش، دەڵێ: زۆربه‌ی نووسینه ئه‌کادیمییەکانی به ئینگلیزین و له‌سه‌ر میدیا و زمانی کوردین، فرچکی به زمانی کوردی، شێوه‌زاری موکریانی، گرتووه، به دزی فێری خوێندنه‌وه و نووسینی بووە، به کوردی شیعری نووسیوه، شانۆ و چیرۆکی نووسیوه، وتاری نووسیوه و، ئێستایش خه‌ونیان پێوە ده‌بینێ.
مەترسییەکانی ئینگلیزی لەسەر زمانی کوردی
وەک لە سەرەتادا ئاماژەی پێ کرا کێشەکە ئەوەیە کە ئینگلیزی وه‌کوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له‌سه‌ر زمانی کوردی دەرکەوتووە. ئەمەیش بە پەرەگرتنی زمانی ئینگلیزی لەم ئاست و شوێنانەی خوارەوە دیارە: لە زانکۆ و قوتابخانە ئەهلییەکان، بەتایبەتی ئەو قوتابخانانەی ئینگلیزییان بە بناغەی فێرکردن داناوە، دەقە پەروەردەیییە کوردییەکان بە بەراورد لەگەڵ ئینگلیزییەکان لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە پەرپووت و کزن. مامۆستاکان سەرچاوەی زیاتر و دەوڵەمەندتریان لەبەردەستە بۆ شێوازەکانی فێرکردن، جۆراوجۆریی نموونە و تاقیکردنەوەکان. لە ڕاگەیاندنەکاندا پۆزی زانینی ئینگلیزی بەسەر کوردی‌دا بانگەشەی بۆ دەکرێ. لە زۆربەی تابلۆی سەر شوێنە تایبەتی و گشتییەکان ناوە ئینگلیزییەکان بەسەر کوردییەکە کەوتوون.
پرسیار ئەوەیە کە ئایا فێربوونی به‌ربڵاوی ئینگلیزی به‌سووده، یان زیانبه‌خشه؟ سووده‌کانی چین، زیانه‌کانی چین؟ کردنی ئه‌و پرسیاره له کوردستان چ ئاکامگه‌لێک به‌ده‌سته‌وه ده‌دا؟ چاره چییه؟ بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە سەرەتا چەند گریمانەیەکی تیۆریی لە بابەت زمان و ئەرکەکانی بەم شێوەیە خستە ڕوو:
- زمان به‌س ئامرازێکی پێوه‌ندیگرتن نییه ؛ گەلێک ئەرکی دیکەیشی هەن، وەک ناسنامەیی، سۆزداری و هتد.
- هه‌موو زمانێک، ده‌بێ بپارێزرێت؛ جۆراوجۆریی زمان ده‌سمایه‌یه‌کی مرۆڤایه‌تییه. لەم ڕوانگەیەوە، نابێ هێنانی ئینگلیزی بۆ نێو ژینگە پەروەردیییەکان لەسەر حیسابی لادان و پەراوێزخستنی زمانی دایک بێت. دەکرێ زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و هەرچەند زمانی دیکەیش هەبن و بخوێندرێن، بەڵام بابەتی زمانی دایک شتێکی دیکەیە، زمانی پێوەندیی نێوان بەرە و نەوەکانە، زمانی پاراستنی کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیە؛ بۆیە دەبێ بەراییی پێ بدرێ.
- هه‌موو زمانێک به نۆره‌ی خۆی ئاڵۆزه و، له هه‌مان کاتیش‌دا ساکاره. هیچ زمانێک لە زمانی دایک ئاسانتر نییە بۆ ئەو تاکەی لە خێزاندا بەو زمانە فرچک دەگرێ. لە هەمان کاتدا هەر زمانێک خاوەن پێکهاتەی تایبەت بە خۆیەتی و، په‌ره‌گرتن، یان په‌راوێزخستنی زمانێک پێوه‌ندیی به پێکهاته زمانییه‌کانه‌وه نییه، به‌ڵکوو پێوه‌ندیی به فاکته‌ره ئهوپهڕزمانییهکانەوه هه‌یه.
ئەگەر زمانێک زاڵ دەبێت، لەبەر خۆشپێکهاتەبوون، یان ئاسانبوونی ئەو زمانە نییە، بەڵکوو زمانی به ده‌سه‌ڵات، زمانی خه‌ڵکی بهسوڵته و ده‌سه‌ڵاته؛ پێچه‌وانه‌که‌یشی ڕاسته. خوێندنی سه‌ره‌تایی به زمانی دایک باشتره، چونکە منداڵ لەگەڵ مامۆستا و هاوپۆلەکانی دەکەوێتە دەوروبەرێکی ئاشناوە کە پێوەندیکردن و دەربڕینەکانی ئاسانتر لەبەر دەڕوا. خوێندن و په‌روه‌رده، ده‌بێ له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی کۆمه‌ڵگه‌دا بێت؛ واتە خوێندن و پەروەردە، نابێت تەنیا لە خزمەت تاقمێکی دەستڕۆشتوودا بێت و سیستەمی پەروەردە لە بەرژەوەندیی ئەوان دەستکاری بکرێت. لە ئاستی باڵایشدا، لێهاتوویییه ئه‌کادیمییه‌کان وەک پۆلێن‌کردنی زانیاری و ڕێبازی لێکۆڵینەوە، به‌ئاسانی له زمانی دایک ده‌گوازرێنه‌وه بۆ زمانێکی تر.
هۆیه‌کانی په‌ره‌گرتنی ئینگلیزی
دکتۆر شێخولئیسلامی، هۆکاری سەرەکیی پەرەگرتنی ئینگلیزی لەمانەدا دەبینێت: ئینگلیزی پلان بۆدانراو دەبینێت کە هەموو دەزگه پێوەندیدارەکانی وڵاتانی ئینگلیزی زمانی لە پشتە. کۆلۆنیالیزمی بریتانی، په‌ره‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریکا، په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی له لایه‌ن بازنه‌ی یه‌که‌مه‌وه (ئه‌مریکا، بریتانیا و ...) وه‌کوو کاسبییه‌کی بیلیۆن دۆلاری، په‌ره‌گرتنی ئینگلیزی وه‌کوو به‌شێک له پرۆسه‌ی بهجهیانیبوون. ئەو، ئینگلیزی، لەبەر ئەو ڕۆڵە گرینگانەی لەم بوارانەی خوارەوە دەیگێڕێ، بە ئەمری واقع دەزانێ و ئەو کەسانەی لەم بوارانە لەبەر ئینگلیزی دانەمێنن کاروباریان بەئاسانی ڕایی دەبێت؛ بەمشێوەیە زانینینی ئینگلیزی ئامرازێکی دەستڕاگەیشتنی ئاسانە بۆ زانست و تەکنۆلۆژیای سەردەم و سودمەندبوون لە پیشە و دەرفەت نوێیەکانی وەدەستخستنی کار.
- زانست و ئه‌کادیمیا
- کاسبی و ئاڵووێری نێوده‌وڵه‌تی
- دیپلۆماسیی نێوده‌وڵه‌تی
- هاتوچۆی ئاسمانی
- سینه‌ما، موزیک و که‌لتووری "باو"
- پێوه‌ندیگرتن له ڕادده‌ی ئهوپهڕسنووریدا
- یارمه‌تیدانی نه‌ته‌وه‌ی بچووکتر، که بتوانن له گۆڕه‌پانی جیهانیدا خۆ بنوێنن
- به‌تواناکردنی ده‌نگی جووڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌لتووری و سیاسییه‌کان.
ئه‌فسانه‌کانی سوڵته‌ی ئینگلیزی
پاش خستنەڕووی لایەنە سودمەندەکانی زمانی ئینگلیزی بۆ ئەوکەسانەی فێری دەبن، د. شێخولئیسلامی هاتە سەر ڕوونکردنەوەی ئەو ئەفسانە و دەنگۆیانەی دەبنە هۆی ڕەخساندنی سولتە و باڵادەستیی زیاتری زمانی ئینگلیزی لە جیهاندا. لەهەمانکاتیشدا لایەنی ئەفسانەیی و دوور لەڕاستی بوونی ئەو دەنگۆیانەشی بەمشێوەیەی خوارە ڕوونی کردنەوە:
- ئینگلیزی ده‌بێته هۆی زۆرزانین و بینینی دنیا به شێوه‌یه‌کی دیکه: کورد هه‌یه که چل ساڵه له وڵاتی ئینگلیزیزمان ده‌ژی، به‌ڵام ئێستایش هه‌ر له جیهانی 40 ساڵ له‌مه‌وبه‌ردا ده‌ژی. ته‌نانه‌ت، ئه‌گه‌ر فێربوونی زمانێک به‌ڕاستی ببێته هۆی دیتنی دنیا به شێوه‌یه‌کی تریش، ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه نییه که ئه‌و شێوه دیتنه، باشه.
- فێربوونی ئینگلیزی ئاسانه، زه‌حمه‌ت نییه: هه‌موو زمانێک به ڕادده‌ی خۆی ئاسان و گرانه.
هه‌ر زمانێک که له پۆلی یه‌که‌وه فێر بکرێ و ئه‌وه‌نده ببیسرێ و ببیندرێ؛ بەو شێوەیەی کار بۆ زمانی ئینگلیزی دەکرێ، ئاسانتر فێر ده‌کرێ. کەواتە، ئاسانبوون، یان گرانبوونی زمانێک که پێکهاته زمانییه‌که‌ی وه‌کوو ئینگلیزی زۆر جیاواز له کوردی بێت، ناتوانێ له‌خۆوه ئاسانتر بێت؛ هەر زمانێک ئەو دەسەڵاتەی لە بواری بەرهەمهێنان، داڕشتن و پەرەپێدانەوە لە پشت بێت، فێربوونیشی ئاسان دەبێت.
- ئینگلیزی به شێوه‌یه‌کی سروشتی په‌ره‌ی گرتووه و دڵخوازانه وه‌رگیراوه: لەبارەی ئەو ئەفسانەیە کە زمانی ئینگلیزی بەشێوەیەکی سروشتی و خۆڕسک گەشەی کردووە، دکتور شێخولئیسلامی دەڵێ: پلانی تۆکمه و دانسته (ئاگایانه) له پشت په‌ره‌پێدانی زمانی ئینگلیزی بووه و هه‌یه: کۆنسولی بریتانی، زانکۆکانی په‌روه‌رده‌ی مامۆستای ئینگلیزی، تۆێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه هه‌راوه‌کانی ئه‌م بواره و هتد نیشانە و بەڵگەی ئاشکرای ئەم بوارەن و هه‌ڵبژاردنی زمانی په‌روه‌رده، زۆر کات ئاره‌زوومه‌ندانه نییه، به‌ڵکوو داسه‌پێنراوه؛ بە بڕیاری دەسەڵاتی پێوەندیدار و لەڕێگای سیاسەت و پلانێکی تۆکمەی زمانییەوە بەڕێوە دەچێت.
- هه‌موو کات ده‌بێته هۆی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه: ڕاسته زۆر که‌س به هۆی باشزانینی ئینگلیزییه‌وه پێش ده‌که‌ون، بۆیه حه‌زی دایک و باوکان و ده‌وڵه‌ته‌کانه، نەوەکانیان بخەنە بەر خوێندن بەو زمانە، به‌ڵام جیاوازیی چینایه‌تی و نابه‌رانبه‌ریی دارایی و پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، قووڵتر ده‌کاته‌وه. کەواتە، نایەکسانیی کۆمەڵآیەتیشی لێدەکەوێتەوە.
- هیچ زیانێکی بۆ زمانه‌کانی دیکه نییه: لەبارەی ئەم ئەفسانەیەوە دکتور شێخولئیسلامی دەڵێ: "له کوردستان نموونه‌که‌یمان بینیوه که چۆن ته‌وژمی ئینگلیزی، ده‌توانێ له بایه‌خی زمانی نه‌ته‌وه‌یی و دایک و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، که‌م بکاته‌وه".
هەروەها نموونەی بە چەند وڵاتێکی دیکەش هێنایەوە و گوتی: ئه‌وه له زۆر شوێنی تریش بینراوه بۆ نموونە، ساڵی ٢٠٠٤ مه‌نگۆلیا ورده ورده ده‌ستی کرد به زاڵکردن و ته‌نانه‌ت فه‌رمیکردنی ئینگلیزی، بەڵام ساڵی ٢٠١٤ پرۆژه‌یه‌ک درایه پارلمان، که له‌و ته‌مایه (بەفەرمیکردن و زاڵکردنی ئینگلیزی) پاشگه‌ز ببنه‌وه بۆ پاراستنی زمانی نه‌ته‌وه‌یی.
- ئەفسانەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئینگلیزی "بۆ په‌روه‌رده و خوێندن له زمانی دایک باشتره": دکتور شێخولئیسلامی بۆ هەڵوەشاندنەوە و دەرخستنی لایەنە چەوتەکانی ئەم دەنگۆیە دوایین ڕاپۆرتی "یۆنیسێف" بە بەڵگە دێنێتەوە کە "پاشی لێکۆڵینه‌وه له فێرگه‌کانی 21 وڵاتی ئه‌فریقی، ده‌نووسێ:
"ئه‌نجامی به‌ڵگه فێرکاری و هۆشەکی (cognitive)یەکان، هه‌م له لایه‌نی تۆێژینهوهوه و هه‌م له لایه‌نی کرده‌یی (practice)یەوە، ئه‌م ڕاستییه حاشاهه‌ڵنه‌گره نیشان ده‌ده‌ن که ئامرازی وانه‌گوتنه‌وه، ده‌بێ زمانی خودی منداڵ بێت. که‌ڵکوه‌رگرتن له زمانی دایک، وه‌کوو ئامرازی وانه‌گوتنه‌وه، پرۆسه‌ی فێربوونی هۆشیی باشتر ده‌کات و، ده‌بێته هۆی ئه‌وه که قوتابی، ببێت به چه‌قی خوێندن. کاتێ زمانی دایک له پۆل ده‌کار ده‌کرێت، قوتابییه‌کان زۆرتر له وانه‌کاندا به‌شدار ده‌بن، که‌متر له فێرگه ده‌تۆرێن، دایک و باوک و جڤاتهکهیش له پڕۆسه‌ی فێربوونی منداڵه‌که‌دا زۆرتر به‌شدار ده‌بن" (Trudell, 2016, p. 119).
- "لێکەوتە" (implications) کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی زمانی وانه‌گوتنه‌وه، ئاڵۆزن. هه‌ڵبژاردنی زمان هه‌تا بڵێی سیاسییه؛ په‌روه‌رده‌یش هه‌روه‌تر. که‌وابوو، دیاریکردنی زمانێک بۆ په‌روه‌رده‌ی منداڵانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له لایه‌ن ده‌وڵه‌تێکه‌وه، له ڕاستیدا، ده‌ربڕین و ڕاگەیاندنێکی جددییه له‌مه‌ڕ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه ..." (p. 119).
- "ده‌سکه‌وته‌کان [ی ئه‌م ڕاپۆرتە] هه‌روه‌ها نیشان ده‌ده‌ن که سیاسه‌تی زمانی لایه‌نداری زمانی دایک، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌باشیش به‌ڕێوه بچێ، هێشتا ناتوانێت به ته‌نیا هه‌لومه‌رجی ناله‌باری فێرکاری به‌ره‌و باشی بگۆڕێت. هه‌لومه‌رجی فێربوون کاتێ باشتر ده‌بێت که سیاسه‌تی زمانی لایه‌نداری زمانی دایک نه ته‌نیا به‌باشی به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵکوو هاوکات بێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵێنانه‌وه‌ی هه‌ندێک هه‌نگاوی نوێ له بواره‌کانی فێرکاری و بهرهوپێشڤهچووندا" (p. 120).
ئه‌و هه‌نگاوانه له هه‌رێمی کوردستان، چی بن باشه؟
پاش خستنەڕووی هۆکارەکانی پشت پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی، پێویستییەکانی مرۆڤ لە ئێستادا بەو زمانە و ئەزموونی دەوڵەتان و ئەفسانەکانی زاڵبوونی زمانی ئینگلیزی، قازانج و زیانەکانی وەک هەڕەشەیەک لەسەر زمانی دایک، دکتور شێخولئیسلامی، هاتەسەر بارودۆخی زمانی دایک و هەروەها زمانی ئینگلیزیش لەهەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی فێرکردنی زمانی لەم بوارانەدا بە پێی پلان و سیاسەتێکی زمانیی تۆکمە خستەڕوو کە لە سێ ئاستی پلان‌داڕێژیی جەستە(corpus planning)، پلان‌داڕێژیی پێگەی زمان(statues planning ) و پلان‌داڕێژیی فێرکاری(acquisition planning)دا دەکرێ جێبەجێ بکرێت کە هەرکام لەوانەش چەند خاڵێکی پێویست بۆ جێبەجێ کردن لەخۆ دەگرن.
- پلان‌داڕێژیی جه‌سته‌ی زمان: لەم ئاستەدا کار لەسەر جەستەی زمان دکرێ لەڕووی فەرهەنگنووسی و ڕێزمان و... کە زیاتر سەرنجی خستە سەر ئەم بەشانەی خوارەوە:
- قامووسی باشتر و بێ هه‌ڵه و په‌ڵه: یه‌کزمانه، دووزمانه؛ وشه‌دان [بانکی وشەیی هەبێ کە وشەکانی زمانی کوردی بەهەموو زارەکوردییەکان تێدا کۆکرابێتەوە].
- جددیبوون له نووسین به کوردی
- به‌هێزکردنی وه‌رگێڕان
- هه‌بوون، ڕه‌چاوکردن و به‌ڕێوه‌بردنی پلان‌داڕێژی
- پلان‌داڕێژیی پێگەی زمان: لەم ئاستەدا کار بۆ بەرزکردنەوە و بەرز ڕاگرتنی پێگەی زمانی دایک دەکرێ کە لەڕوانگەی دکتور شێخولئیسلامییەوە پێویستە:
- فه‌رمیبوونی کوردی له ده‌ستووری هه‌رێمدا، به‌ڕاستی ڕه‌چاو بکرێت.
- به‌پێی ده‌ستوور و به‌کرده‌وه، پێگەی زمانی کوردی به‌رز بکرێته‌وه و به‌رز ڕابگیرێت له‌نێو: فێرگه و زانکۆ ئه‌هلییه‌کان، ده‌زگه حکوومییه‌كان، كۆمپانیا ئه‌هلییه‌کان، شوێنه گشتییه‌کان (تابلۆ و ...).
- پلان‌داڕێژیی زمانی له فێرکاری و په‌روه‌رده‌دا: لە ڕوانگەی دکتۆر شێخولئیسلامییەوە، ئەم ئاستە بە کۆڵه‌که‌ی سیاسه‌تی زمانی دادەنرێت و دەڵێ: "پێویسته خوێندن به چه‌ند زمان بێت، به‌ڵام به شێوه‌ی "لێزێدهکردن" نه‌ک "لێکهمکردن"، واته: زمانی دایک بناغه‌ی خوێندن بێت، ئینگلیزیی لێ زیاد بکرێت، خوێندن هه‌تا پۆلی 8، به زمانی دایک بێت، له پۆلی یه‌که‌وه ئینگلیزی وه‌کوو بابه‌ت، له پاڵ عه‌ره‌بییه‌وه بخوێندرێ، له پۆلی هه‌شته‌وه، ئینگلیزی ورده ورده ببێت به ئامرازی خوێندن، شان به شانی کوردی، کتێبی خوێندنه‌وه‌ی باشتر بۆ فێرگه‌کان ئاماده بکرێت و مامۆستای زمانی کوردی باشتر ڕابهێندرێت.
دکتور شێخولئیسلامی بە خستنە ڕووی ئەو پرسیارە کە "ئایا په‌ره‌گرتنی ئینگلیزی به‌سووده، یان به زیانه؟" کە دەکرێ بە پرسیارێکی سەرەکی ئێستای خەڵکی کوردستان لە مەڕ بارودۆخی زمان لە هەرێمی کوردستانیش دابنرێت، لە وەڵامدا گوتی: "سه‌ره‌ڕای لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌یه‌کی زۆر له ڕۆژاوا، هێشتا وه‌ڵامی یه‌کلاکه‌ره‌وه بۆ ئه‌م پرسیاره نه‌دۆزراوه‌ته‌وه". هەروەها پشتی بە بۆچوونی زمانناسانێکی وەک "ئێرلینگ و سرجێنت" بەست و هەر بەم بۆچوونەش لەچەند خاڵێکدا کاکڵ و پوختەی باسەکەی خستە ڕوو: "بۆچوونی جیاواز سه‌باره‌ت به‌م پرسیاره هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌مه‌ڕ ڕۆڵ و ده‌وری ئینگلیزی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی دیکه، له‌گه‌ڵ ئابووری و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی پێشکه‌وتن و، له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده به‌گشتی"، به‌ڵام، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری توێژینه‌وه به‌پێزه‌کان پێمان ده‌ڵێن:
ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره که فێربوونی زمانی ئینگلیزی له جیهانی ئه‌مڕۆدا نه ته‌نیا باشه، به‌ڵکوو زۆریش پێویسته. به‌ڵام، نابێ به نرخی په‌ڕاوێزخستنی زمانی دایک/کوردی ته‌واو بێت، چونکه:
- "هه‌موو ئه‌و دهزگهیانهی که بۆ پێشکه‌وتن و فێرکاری ته‌رخان کراون، ده‌بێ که‌ڵک له‌و زمانه بۆ وانه‌گوتنه‌وه و فێرکردن وه‌ربگرن که قوتابی باشتر لێی تێ ده‌گا [، واته زمانی یه‌که‌م]» (یونیسێف، 2016، پ. 120).
- زمان به‌س که‌ره‌سه‌یه‌کی پێوه‌ندیگرتن نییه، به‌ڵکوو هێمای نهتهوهیییه و، ئاڵقه‌ی پته‌وی پێکه‌وه‌لکاندن و گرێدانی نه‌وه (جیل) و به‌ره‌کانه.
- هه‌موو زمانێک گه‌نجینه‌یه‌کی مه‌عریفه و زانستی مرۆڤایه‌تییه. بۆ پاراستنی ئه‌و گه‌نجینه‌یه، هه‌رێمی کوردستان پێویستیی به پلان‌داڕێژی و سیاسه‌تی زمانی چالاک‌تر و به‌بڕشتتر هه‌یه که، به‌کرده‌وه، زمانی کوردی، به هه‌موو شێوه‌زاره‌کانییه‌وه، له سه‌رووی هه‌موو زمانه‌کان دابنێت.
