نووسینی: ئاندرۆ ل. پیک و جۆناسان پانیکۆف

واشنتۆن - دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە (١٩ ئاب) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە: "هیچ کەسێک دەرفەتێکی گەورەتری لە من بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەداوە بۆ بەستنی ڕێککەوتنێک." بەڵام ئاماژەی بەوەیش کرد کە شکستھێنانی ڕژێم لە دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنێک، ئێستا دەبێتە هۆی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان "جەنگی ئابووری و گۆشەگیرکردن له‌ ئاستێكدا كه‌ پێشتر وێنه‌ی نه‌بووه‌" بەسەریاندا بسەپێنێت.

ئەم بڕیارە، دەکرێت ئاماژە بێت بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئیدارەی تره‌مپ بەرەو شێوازێک کە زیاتر لە هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشار" (Maximum Pressure) دژی ئێران دەچێت لە سەردەمی خولی یەکەمی ئیدارەی ترەمپدا. بەڵام ئەم جارەیان لەگەڵ هەڕەشەی ڕاستەقینەی دەستپێکردنەوەی هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکادا تێکەڵ کراوە، کە ترەمپ سەلماندوویەتی لە خولی دووەمیدا ئامادەیە ئەنجامی بدات.

نزیکبوونەوەیەکی لەم شێوەیە ئەگەری هەیە ئەنجامی هەبێت، ئەگەرچی کاتی دەوێت. ئێستا ئێران لەلایەن کەسانی دێرینی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (IRGC) لە جەنگی ئێران-عێراقدا بەڕێوە دەبردرێت. ئەوان پیاوی ڕەق و سەختن کە پێش ئەوەی تەسلیم بن، شه‌ڕ ده‌كه‌ن. ستراتیژییەکەیان بەستراوەتەوە بە گەیاندنی ئازاری پێویست بە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە مەودای کورتدا بۆ سەپاندنی ڕێککەوتنێکی خراپ و، تێکدانی هاوپەیمانێتییە هەرێمایه‌تییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەماهەنگیی زیاتر دژی ڕژێمی ئێران. بەڵام لە کۆتاییدا دۆخی ئابووریی داڕماوی ئێران ڕەنگە ناچاریان بکات کە، مل بدەن.

بۆچی ئێران هێشتا خۆی بەدەسته‌وه‌ نەداوە؟

لەگەڵ هاتنی محەمەد خاتەمی، سەرۆککۆماری چاکسازیخوازی وڵاتەکە، کە لە ساڵی ١٩٩٧ دەستبەکار بوو، ڕۆژاوا دەستی كرد بە دیدگه‌یەکی ئاواتەخوازانە بۆ ئێرانێکی دیکە؛ بە جۆرێک خەریک بوو بەستەڵەکی نێوان ئێران و ڕۆژاوا بتوێتەوە. ئێرانێکە وەک دیاسپۆرا (ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات) دەیانوت، ئێرانێکە لەژێر باڵاپۆشیی زۆرەملێ خەریکە سەر دەرده‌هێنێت و، ئێرانێکە کە لە بەشی تایبەتی شوێنەکانی تاراندا گوێ لە مۆسیقای ڕۆک دەگرێت. ئەم ئێرانییانە بوونیان هەیە و، لە کاتەکانی بێئومێدی یان ئومێدی بەهێزدا، زۆربەیان لە شەقامەکاندا بەردیان هاوێشتووەتە هێزە ئه‌منییەکان، سەرەتا دروشمیان بۆ گۆڕانکاری دەوتەوە و، دواتریش بۆ کۆتاییهێنان بە ڕژێم.

بەڵام ئێران ته‌نیا ئه‌مه‌ نییە. ئێران بریتییشە لە پاسەوانەکانی بەندیخانەی ئەڤین، فێرخوازانی ئایینی لە قم و، پۆلیسی ڕەوشت له‌ شەقامەکاندا. دیارە هەر نەتەوەیەک خاوەنی چەندان دەموچاو و بۆچوونی جیاوازە. بەڵام حکوومەتەکانیان کەمتر ئەو جۆرە جیاوازییەیان هەیە. ڕژێمە شۆڕشگێڕەکان بەگشتی خۆڕاگرن. ئەوان هەستێکی زیرەکانەیان هەیە بۆ مەزاجی جەستەی سیاسی و ئەوەی پشتیوانییەکەیان لە کوێدا چڕ بووەتەوە. بەو پێیەی خۆیان لە شەقامەکانەوە هەستاونەتەوە، مەیل و هەستی خەڵکەکە باشتر درک پێ دەکەن وەک لەوانەی لەسەر تەخت لەدایک بوون. موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای نوێی ئێران و کوڕی ڕێبەری پێشوو، بەدڵنیایییەوە لە شەقامەوە نەهاتووە. بەڵام پیاوانی هاونەوەی باوکی کە دەورەیان داوە، لەوێوە هاتوون.

زۆر جار ئێران وەک ڕژێمێکی لە ڕووی ئایینییەوە ناعەقڵانی و شەیدای شەهیدبوون وەسف دەکرێت و، تا ڕاددەیەکیش وایە. بەڵام بۆ بەشێکی زۆری سەرکردایەتییە دەسەڵاتدارەکەی، ئەزموونی سەرەکیی ژیانیان بنەما ئایینییە هەزارساڵییەکان نییە، بەڵکوو جەنگی ئێران-عێراقە لە هەشتاکاندا. ئەو شه‌ڕ و پێكدادانه‌ نیمچە لەبیرکراوە، نزیکەی دەیەیەکی خایاند و شەڕی تۆقێنەری تێدا بوو، لەوانەیش هێرشی شەپۆلی مرۆیی و غازی ژەهراوی. سەرەڕای ئەوەیش، بەشێکی زۆری جەنگەکە لە بنەڕەتدا چەقبەستوو بوو. تا ساڵی ١٩٨٤، هێڵەکانی پێشەوە لە قۆڕ و زێڵقدا چەقین. هیچ لایەک نەیدەتوانی پێشڕەویی ڕاستەقینە بکات، بەڵام هەردوو لا بۆ چەندان ساڵی تر بۆردوومانی یەکتریان کرد، غازی ژەهراوییان بەکار ھێنا و تەقەیان لە یەکتر کرد.

یەکێک لە دانوستانکارە باڵاکانی ئێستای ئێران، محەمەدباقر قاليباف، لە کاتی جەنگی ئێران-عێراقدا فەرماندەیەکی ١٩ ساڵەی سوپای پاسداران بوو. سەرۆککۆماری ئێران، مەسعوود پزیشکیان، سەرباز و پزیشکی سوپای پاسداران بوو لە کاتی جەنگدا. ئەمانە میانڕەوە ئاواتەخواز (ئایدیاڵیست)ەکانن. ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران، سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا بوو، هاوکاریی ڕێبەرایەتیکردنی سوپای پاسدارانی کردووە لە ڕۆڵێکی باڵادا لە کاتی جەنگدا. موحسین ڕەزایی، ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی ئێران، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران بوو لە کاتی جەنگدا و دواتریش. ئەو گرنگترینی پلەبەرزكراوه‌ نوێیەکانی ڕژێمە، بەڵام ئەمانە هەموویان پیاوانی سەختن و لەسەر بڕیاردانی خۆبەدەستەوەنەدان مەشقیان کردووە.

تەنانەت پێش ئۆپەراسیۆنی Epic Fury (داستانی تووڕەیی)، سوپای پاسداران سەلماندبووی، كه‌ مانەوەی ڕژێمی ئێران، دەخه‌نە پێش ئەوەی چ شتێک بۆ گەلی ئێران باشترین بێت. وا دیارە زۆربەی سەرکردەکانی سوپای پاسداران کێشەی سەرەکیی بەشار ئەسەد لە کاتی جەنگی ناوخۆی سووریادا لەوەدا دەبینن کە زووتر خه‌ڵكی زیاتری نەکوشت. ئەمە لە خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ئەمساڵی ئێراندا ڕوون بووەوە، کاتێک هێزە ئاسایشییەکانی ئێران تا توانییان بەخێرایییەکی زۆر خۆپیشاندەرانیان دەورە دا؛ بە جۆرێک هەندێک خەمڵاندن هه‌ن كه‌ ژمارەی کوژراوان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بۆ سەرووی دە هەزار کەس بەرز بۆته‌وە.

ئایا ئێران هەرگیز چۆک دادەدات؟

زانیارییەکانی خۆپیشاندان یەکێکە لە باشترین ئاماژە بەردەستەکانی ئەمڕۆ بۆ هەڵسەنگاندنی یەکگرتووییی ناوخۆیی ڕژێم. ژمارە و قەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەردەم ڕژێم، پێوەرێکی گرنگن بۆ هێزەکەی. بەڵام ڕەنگە لە قەبارەکەی گرنگتر، شوێن و پێکهاتەکەی بێت. ڕژێم لە دۆخێکی باشدا ڕاوەستاوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لەبەرامبەر ئەوەی دەکرێت وەک دوژمنە چینایەتییەکانی وەسف بكرێت- دانیشتووانی چینی ناوەڕاستی بەرز لە باکووری تاران، خوێندکاران لە سەرتاسەری وڵاتدا، خێزانە بەرفراوانەکانی دیاسپۆرا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و، پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو لە سەرتاسەری جیهاندا. نزیکەی نیو سەدەیە ئەم کارە دەکات. ڕەوشی سەختی ژنانی گەنجی ئازا کە شێوازی لەچکەکانیان پێشه‌نگ و نوێگەرانەیە، هەمیشە نابێتە هۆی بزاڤی کرێکارێکی کانزاکان لە سیستان و بەلوچستان، کە ڕەنگە دۆستانەتر بێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.

ئەوەیش هۆکاری ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان لە پارێزگا و ناوچەکاندا، نەک لە پایتەخت، زیاتر مەترسین بۆ سەر بوونی ڕژێم. وەک خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٨، ئەو خۆپیشاندانانەی لەسەر بنەمای ئابوورین، زیان لە چینی ناوەڕاستی نزم و چینی کرێکار دەدەن کە هێزە ئاسایشییەکانی ڕژێم پێک دەهێنن، ئایینیترن و، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆماری ئیسلامی سوودمەند بن. ئەوانەن کە پەیوەندی بە بەسیجەوە دەکەن (میلیشیای ئاسایشی ناوخۆی ئێران) و خزمەتی سەربازییان لە سوپای پاسداران دەکەن- بەپێچەوانەی ئەرتەش، کە هێزە چەکدارە نەریتییەکانی ئێرانە. کاتێک ئەوان دەست بە دوودڵی و ڕەتکردنەوە دەکەن، مەترسیی پارچەپارچەبوونی هێزە ئاسایشییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە؛ کە ئەمەیش ئاماژەیەکی مەترسیداری هۆشداری دەبێت بۆ ڕژێم.

ئاماژەیەکی دیکەی گرنگی یەکگرتووییی ڕژێم، بڕی سەرمایەی دراوی سەختی (HardCurrency) ئێرانە، کە دۆلار، یۆرۆ، یەن و زێڕ دەگرێتەوە. ئێران دراوی سەخت بەکار ده‌هێنێت بۆ دانی پارەی بریکارەکانی، دانی پارەی هاوردەکراوەکان و، پاڵپشتیکردنی دراوی ناوخۆییی خۆی کە "ڕیاڵ"ە. فڕۆشتنی نەوت ڕێگەی سەرەکییە کە ئێران دراوی سەختی پێ بەدەست دەهێنێت. هەر بۆیە کاریگەریی سزاکان لەسەر ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان هەناردەی وزەکەیان کردووەتە ئامانج، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەو بانکانەن کە ئاسانکاری بۆ پارەدان و گواستنەوەکانی نەوت دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٣دا، گوشاری نێودەوڵەتیی ڕێکخراو لەسەر پیشەسازیی نەوتی ئێران، هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی گەیاندە تێکڕای کەمتر لە ١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا- کە لە نزیکەی ٢.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی ٢٠١١دا دابەزیبوو، لەژێر بارگرانیی سزا نێودەوڵەتییه‌كاندا، کە هاوکار بوو لە هێنانەئارای ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA). لە سەردەمی یەکەمی ئیدارەی "ترەمپ"دا هەناردەی نەوتی خاوی ئێران، بەرز بووەوە بۆ ١.٨٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پێش ئەوەی دابەزێت بۆ نزیکەی ٤٤٠,٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەهۆی ئەوەوە یەدەگی دراوی بیانیی ئێران داڕما لە ئاستی بەرزی ١٢٠-١٢٨ ملیار دۆلار لە سەردەمی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بۆ ١٥ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٩دا، کاتێک سزاکانی "ئەوپەڕی گوشار"ی ترەمپ جێبەجێ کران. لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠، کاتێک زۆربەی ئەو گوشارانە کەوتنە گەڕ، یەدەگی بیانیی بەردەستی زیاتر دابەزی بۆ ١٢.٤ ملیار دۆلار. ئەگەر تره‌مپ له‌ خولی دووەمیشدا ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ بووایه‌، ڕژێمی ئێران ته‌قریبه‌ن بەدڵنیایییەوە ناچار دەبوو دانوستان بکات.

کات لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان کار دەکات، لە مەودای ناوەند و درێژخایەندا، بەهۆی ئەوەی ئێران ڕووبەڕووی کەمیی سەرمایە و نەبوونی توانای هەناردەکردنی وزەکەی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ ڕوون نییە ئێران چەند نەوت هەناردە دەکات. بەدڵنیایییەوە تا بتوانێت لە ڕێگەی زەمینییەوە دەینێرێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی عێراقەوە؛ بەڵام دیارە ئەمانە بە بەراورد لەگەڵ بازرگانییه‌ ده‌ریایییه‌كه‌یدا‌ بڕێکی زۆر کەمن.

ئاڵۆزییەکی دیکەی دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنێک، ئێستا پەیوەندیی بە گه‌رووی هورمزەوە هەیە. ئەگەر ڕێککەوتنێک بۆ دووبارەکردنەوەی گه‌رووه‌کە ڕێگە بە ئێران بدات ڕسوومات یان باج کۆ بکاتەوە، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە پێویستی بە هەڵگرتنی زۆربەی سزاکانی ئەتۆمیی ئێستا و، زۆر کاریگەر دەبێت لەسەر کەرتی داراییی ئێران بۆ ئەنجامدانی مامەڵەی ئەو ڕسووماتانە. جیاکردنەوەی سزای دارایی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، دەکرێت بە مانای کۆتاییهاتنی سزاکانی ئەمریکا بێت لەسەر ئێران؛ تەنانەت بێ هەبوونی ڕێککەوتنێکی تایبەت لەسەر پرسە ئەتۆمییەکە. بۆیە لەبری ڕێککەوتنێک کە ڕسووماتی ئێران لەسەر کەشتیوانی لەخۆ بگرێت، دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدوای ڕێگەی دیکەدا بگەڕێت بۆ بەردەوامبوونی ڕەوتی نەوت و جێگیرکردنی نرخەکانی وزەی جیهان.

بەرردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوەکە

ئەمە ڕژێمی ئێران دەگەیەنێتە کوێ؟ خوێنەوەیەکی گەشبینانە ئەوە دەبێت کە ئەگەر سێ هۆکار لە یەک شوێندا کۆ ببنەوە، ئەوا دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران دەکرێت دەست بە تێکچوون بکات. ئەم هۆکارانە بريتین لە: یەکەم، ئێران نەتوانێت نەوتی پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی یەدەگەکەی هەناردە بکات؛ دووەم، یەکگرتووییی ناوخۆییی ڕژێم دەست بە شەقبردن بکات و ببێتە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی سەربازیی ئێران لە ئاستی ناوچه‌كه‌دا و؛ سێیەم، هەڵاوسانی بەرزی دارایی لە وڵاتەکەدا ئاژاوەی جەماوەریی بەرفراوان و بەردەوام بەرهەم بهێنێت.

کات لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان کار دەکات، لە مەودای ناوەند و درێژخایەندا، بەهۆی ئەوەی ئێران ڕووبەڕووی کەمیی سەرمایە و نەبوونی توانای هەناردەکردنی وزەکەی دەبێتەوە. بەڵام لە مەودای زۆر کورتدا، لە ماوەی وەرزی هاوینی بەکارهێنانی بەنزینی زۆر لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا و، لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەمریکیی ناڕازی پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لەم پاییزەدا (مانگی نۆڤەمبەر)، ئێران سەرقاڵی زیاترکردنی کەڵکوەرگرتنە لە باڵادەستییەکی هەستپێکراو.

بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، سەرکەوتنی مەودای ناوەند و درێژخایەن، پێویستی بەوەیە سزاکانی ئەمریکا بەبەهێزی لە شوێنی خۆیان بمێننەوە لەسەر ئێران و، وەکوو بەشێک لە ڕێککەوتنێکی بەرفراوانتر دەستبەرداریان نەبێت. ئەمە قورستر دەبێت لەوەی دەیەیەک پێشتر لە کاتی هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشار"دا هەبوو، دوای خێراتربوونی ڕیتمی جه‌نگەکە. ئێران پێش ئەوەی بگاته‌ قۆناغی برسێتی، ئاڵۆزییەکان زیاد دەکات و، چەندان وڵاتی کەنداو پێشتر هەوڵیان داوە لەبه‌رامبه‌ر ئێرانێکی پێشبینینەکراودا ئاسایشی خۆیان بپارێزن. بۆ نموونە، عەرەبستانی سعوودی تازە ڕێککەوتنێکی ئاسایشیی لەگەڵ تورکیا و پاکستاندا واژۆ کردووە، کە دەرەنجامەکانی ناڕوونن بەڵام ئاماژەن بۆ بزووتنەوەیەکی هەرێمایه‌تی بۆ ئاسایش. بەردەوامیی هەڕەشەکانی سەرکردایەتیی ئێران- وەک بەڵێنی ئەم دوایییەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی "تەواو هێرشبەرانە"- یارمەتیدەرن لە ئاڕاستەکردنی ئەم گۆڕانکارییەدا، ئەگەرچی لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی گوشاردا ئەگەری هەیە بە مانای نەگونجانی بارودۆخی ئێستا بێت بۆ تاران.

ئاماژەکانی لاوازبوونی ڕژێم ڕوونن. ئەوەی لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی چۆکدادانی ئێران نەزانراوە و نادۆزرێتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان مێژوویەکی خراپی هەیە لە پێشبینیکردنی داینامیکی سیاسی لە وڵاتانی بیانیدا، لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە تا عێراق. بۆیە ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، ڕژێم ڕەنگە سبەینێ بکەوێت؛ شەهنشاهی ئاواتەخواز ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشایەتی دامەزرێنێتەوە. یاخود، ڕژێم ڕەنگە بۆ سێ دەیەی دیکەیش بمێنێتەوە و، نەوەکانی دواڕۆژمان هێشتا نیگەرانی بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بن. داهاتوو بە ئازایەتی دەنووسرێتەوە و، ئەوەیش شتێکی قورسە، بە لەبەرچاوگرتنی باجەکەی، کە ئاوات بۆ گەنجانی ئێرانی لە هەر ڕەنگ و چینێک بخوازین کە دووبارە بڕژێنەوە شەقامەکان.

سەرچاوە:

Peek, A. L., & Panikoff, J. (2026, August 20). Why Iran has not folded yet. Atlantic Council. https://www.atlanticcouncil.org/dispatches/why-iran-has-not-folded-yet/

© هەموو مافەکان بۆ خانەی هزریی کوردستان پارێزراوە.