نووسەر: ناتاشا لیندستات (Natasha Lindstaedt)، پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی ئێسێکس  (University of Essex)

ماڵپەڕ: فۆربس (Forbes)

پوختە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار بە ئاراستەی پەسەندکردنی یاسای نوێ دەکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کڕیارانی نەوت، یۆرانیۆم و گازی سروشتیی ڕووسیادا، بە ئامانجی پەکخستنی ئەو ئابوورییەی مۆسکۆ کە پشتبەستووە بە سووتەمەنییە بەردینییەکان (Fossil fuels). ئابووریی ڕووسیا سەرەڕای گەورەیییەکەی، ڕووبەڕووی گوشارێکی تاقەتپڕووکێن بووەتەوە؛ گەشەکەی ڕوو لە خاوبوونەوەیە، لە هەر وەرزێکدا بچووک دەبێتەوە و، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا تەنیا بە ڕێژەی %0.4 گەشە بکات. تێچووی جەنگی ئۆکراینا بە قەبارەیەکی بێپێوانە لە بوودجەی دیاریکراو تێ پەڕیوە و ملیاران دۆلار زیاتر له‌ قه‌باره‌ی پێشبینیکراو لەسەر مۆسکۆ کەوتووە، هاوکات خەرجییەکانی کەرتی بەرگری بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاون. هەرچەندە جەنگی ئێران لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتەوە دەرفەتێکی کورتی هەناسەدانی ڕەخساند، بەڵام پرۆژە درێژخایەنەکانی وزەی ڕووسیای پەک خست. لە ئاستی ناوخۆییدا، وڵاتەکە بەهۆی ژمارەی زۆری قوربانیان و کۆچی مێشکەکانەوە (Brain drain)  تووشی کەمییەکی توندی هێزی کار هاتووە، هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسانێکی بەرزدا کە باری سەرشانی کڕیارانی کاڵا بەکاربەرییەکانی قورس کردووە. کەرتی مەدەنی بەرەو چەقبەستوویی چووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی سەربازی لەڕاددەبەدەر گەرم بووەتەوە؛ ئەم هاوکێشەیەیش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود و نەختینەکردنی (Liquidation) %71ی یەدەگی زێڕی دەوڵەت. ئەم تێچووە کەڵەکەبووانە و سزا نوێیە ئەگەرییەکان، هەڕەشە لە توانای مۆسکۆ دەکەن بۆ بەردەوامیدان بە ململانێکە.

 

هەینیی ڕابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕای گەیاند کە کار لەسەر یاسایەک دەکات بە ئاراستەی سزادانی کڕیارانی نەوتی ڕووسیا. یاسادانەران هیواخوازن ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی زنجیرەیی (Ripple effect)ی بەسەر تەواوی ئابووریی ڕووسیادا دروست بکات و دەوڵەتان لە بازرگانیکردن لەگەڵ مۆسکۆ پاشەکشە پێ بکات؛ بەو پێیەی واشنتۆن پێناسەی گومرکیی قورس بەسەر هاوردەی ئەو نەتەوانەدا دەسەپێنێت کە نەوت، یۆرانیۆم و گازی سروشتی لە ڕووسیا دەکڕن. ئەگەرچی داهاتوو دەری دەخات کە ئایا ئەم سزایانە دەبنە خاڵی وەرچەرخان یاخود نا، بەڵام هەنگاوەکە هەوڵێکە بۆ بەئامانجگرتنی هەستیارترین جومگەکانی ڕووسیا. ئابووریی ڕووسیا بەتەواوی پشت بە داهاتی هەناردەکردنی سووتەمەنییە بەردینییەکان دەبەستێت، کە ڕۆژانە 734 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەو وڵاتە دەستەبەر دەکات.

سەرباری ئەوەی ئابووریی ڕووسیا هێشتا یەکجار گەورەیە و بەهاکەی نزیکەی 2.6 ترلیۆن دۆلارە، گەشەکەی ڕوو لە سستییە و لە هەر وەرزێکدا ئابوورییەکەی پاشەکشە دەکات. پێشبینی دەکرێت ڕێژەی گەشەکردن بۆ ساڵی 2026 تەنیا %0.4 بێت. ئەم ئاستەیش تەنانەت لە ساڵی 2025 خراپترە، کاتێک ڕووسیا تەنیا بە ڕێژەی %1 گەشەی کرد و بەزەحمەت لە پاشەکشەی ئابووری دەربازی بوو.

لە ساڵی 2022دا، هاوکات لەگەڵ کەوتنەکاری یەکەمین شاڵاوی سزاکاندا، ئابووریی ڕووسیا سەرەتا تووشی گرژبوون هات، بەڵام لە ساڵی 2023دا گەشانەوەی تۆمار کرد کاتێک پەیوەندیی بازرگانیی نوێی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا چێ کرد و، بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی (World Bank)، گەیشتە ڕێژەی گەشەی %4.1. بەڵام ئەم گەشەیە زۆری نەخایاند، چونکە بازدانی خەرجییەکانی سەردەمی جەنگ توانای داراییی وڵاتەکەی داڕزاند، نرخەکانی وزە دابەزین و تێچووی جەنگیش بەخێرایی هەڵکشا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەرپرسانی بەرگری لەمساڵدا بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیایان ڕاگەیاندووە کە پێویستیان بە ملیاران دۆلاری زیاترە بۆ دابینکردنی داراییی ململانێکە، چونکە خەرجیی جەنگەکە لانی کەم 28 ملیار دۆلار لە بوودجەی تەرخانکراو تێ پەڕیوە. هاوکات پێشبینی دەکرا ڕووسیا لە ساڵانی 2027 و 2028دا بە بڕی 54 ملیار دۆلاری دیکە لە دابینکردنی داراییی ئەو ململانێیەدا زیادەڕۆیی لە خەرجکردندا بکات.

ئەمە بێ گومان هەڵکشانێکی یەکجار گەورەیە. ڕووسیا لەنێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 ساڵانە نزیکەی 47 ملیار دۆلاری بۆ کەرتی بەرگریی نیشتمانی تەرخان دەکرد، بەڵام بوودجەی ئەمساڵ پێویستیی بە زیاتر لە 158.5 ملیار دۆلار دەبێت. لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی سەرجەم خەرجـــــــییەکاندا، توێژینەوەیــــــــــەکی دەیـــــــــــــڤد هێــــــــــندێرســــۆن (David Henderson)  توێژەر لە زانکۆی ستانفۆرد (Stanford University) دەری دەخات کە تێچووی گشتیی ململانێکە لە 2.5 ترلیۆن دۆلار تێ دەپەڕێت.

ڕووسیا لە ڕاستیدا بەرهەمی ناوخۆییی خاو (GDP)ی خۆی دادەپڕووکێنێت تەنیا لەپێناو داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئۆکراینادا کە ڕووبەرەکەی هاوتای %10ی قەبارەی ویلایەتی تێکساسە(Texas) ـــ یاخود 268,597 میلی چوارگۆشە. ئەم دۆخە بەو مانایەیە کە بۆ هەر میلێکی چوارگۆشەی بەدەستهاتوو، نزیکەی 90 ملیۆن دۆلار خەرج دەکات، سەرباری ئەوەی پێشڕەوییە زەمینییەکانیشی بەخاوی دەچنه‌ پێش.

جەنگی ئێران دەرفەتێکی کورتی هەناسەدانی ڕەخساند

لە ساڵی 2025دا، دیمەنی ئابووری لە ڕووسیادا زۆر نالەبار و تاریک دەهاتە بەرچاو. سزاکان کاریگەرییە بنەڕەتییەکانی خۆیان نیشان دا و نرخی نەوتی خاو بۆ خوار 73 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی. لە کانوونی دووەمی 2026دا، داهاتی بوودجەی مۆسکۆ لە نەوت و گاز، بۆ نیوە کەمی کرد. لە کاتێکدا داهاتی هەناردەکردنی سووتەمەنییە بەردینییەکان بۆ نزمترین ئاســــــــــت لە قۆناغی پێش لەشـــــــکرکێــــــــشییەوە دابەزیبوو، جەنـــگی ئێران (Iran war)  دەرفەتێکی کورتی بۆ ڕزگاربوون ڕەخساند. نرخی نەوت بازدانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیای سووک کرد. لە لووتکەی ئەو هەڵکشانەدا، نەوتی خاوی برێنت (Brent crude) لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە بە ڕێژەی زیاتر لە %55 بەرز بووەوە و لە 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نزیک بووەوە.

هەروەها، پشێوییەکانی جەنگی ئێران زیانی قورسی بە پرۆژە درێژخایەنەکانی وزە و ژێرخانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەیاندووە. کارکردن لە دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ڕووسیا لە ئێران ڕاگیراوە، هەروەها هەوڵەکانی پشکنین بەدوای نەوت و گاز و ستراتیژیی هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی ترانزێت بە ئامانجی بەستنەوەی ڕووسیا بە هیندستانەوە لە ڕێگەی خاک و ئاوەکانی ئێرانەوە، پەک خراون.

 

ئاستەنگە ئابوورییەکانی ڕووسیا

هەرچەندە مۆسکۆ بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بۆ ماوەیەکی کورت هەناسەیەکی وەبەر هات، بەڵام لە گۆڕینی داهاتە نەوتییەکانی بۆ دەسەڵاتی سەربازی، دووچاری تەنگژە بووەتەوە. هۆکارێکی ئەم کێشەیە کەمیی هێزی کارە بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی قوربانیانه‌وه‌ ـــ کە ئێستا بە زیاتر لە 1.4 ملیۆن کوژراو، بریندار و بێسەروشوێن دەخەمڵێنرێت. بەپێی دۆخی ئێستا، ڕووسیا لەوە زیاتر هێزی سەربازی لەدەست دەدات کە بتوانێت لە ڕیزەکانیدا دایان بمەزرێنێت. هاوکات خواستێکی بێئەندازە لەسەر کرێکارانی کارگەکانی بەرهەمهێنانی سەربازی هەیە، بەڵام وڵاتەکە لە پڕکردنەوەی ئەم پێگانەیشدا ڕووبەڕووی گرفتی قووڵ بووەتەوە. سەرباری ئەمەیش، دەوڵەت بەدەست دیاردەی کۆچی مێشکەکانەوە دەناڵێنێت، بەو پێیەی زیاتر لە 650,000 هاووڵاتیی ڕووسی وڵاتیان جێ هێشتووە.

کێشەیەکی دیکەی بەردەم ئابووریی ڕووسیا هەڵاوسانە ـــ کە لەم دوایییەدا بەرزترین ئاستی لە ماوەی پێنج مانگدا بە ڕێژەی %6 تۆمار کردووە، بە جۆرێک هەڵاوسانەكه‌ لە کەرتی خزمەتگوزارییەکاندا گەیشتووەتە %10.6. نرخی کاڵا بەکاربەرییە سەرەکییەکان، بەتایبەت تێچووی تەواوی پێداویستییە خۆراکییەکان، بەرز بووەتەوە. تەنیا لەنێوان ساڵانی 2024 تا 2026دا، بە ڕێژەی %18 هەڵکشان لە نرخی کەلوپەلی خۆراکیی ڕۆژانەدا ڕووی داوە.

مخابن، ئابووریی ڕووسیا داهاتی پێویست بۆ بەکاربەران بەرهەم ناهێنێت بۆ ئەوەی باری قورسی ئەم تێچووانە سووک بکات. دەوڵەت سەرجەم سەرچاوە سنووردارەکانی، بۆ بەرهەمهێنانی سەربازی تەرخان دەکات. هەرچەندە مۆسکۆ هەوڵ دەدات ئابوورییەکەی بۆ ئابووریی جەنگ بگۆڕێت، بەڵام ئەم هەنگاوە بەراورد بە قۆناغی جەنگی سارد زۆر سەختترە. ئەمڕۆ ڕووسیا پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی سەربازی بە نرخی بازاڕ دەکڕێت، کە زۆربەیان لە دابینکەرە دەرەکییەکانەوە هاوردە دەکرێن. ئەم واقعەیش خەرجیی سەربازیی بۆ مۆسکۆ، تەنانەت لە سەردەمی جەنگی ساردیش زۆر گرانتر کردووە، کاتێک خەرجیی سەربازی نزیکەی %20ی بەرهەمی ناوخۆییی خاوی یەکێتیی سۆڤیەتی پێک دەهێنا.

هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا، کەرتی مەدەنیی ڕووسیا لە لێواری داڕماندایە. کۆمپانیا مەدەنییەکان بۆ دەستخستنی هێزی کار، لە ڕکابەریدان لەگەڵ ئەو مووچە هەڵاوساوانەی لە کەرتی جەنگدا دەدرێن، هەروەها ناچار بوون بە ڕێژەی سوودی نزیک لە %20 قەرز وەربگرن و، کاڵاکانیشیان لە بازاڕێکدا دەفرۆشن کە ئاستی داخوازیی بەکاربەری تێیدا دابەزیوە. نیوەی تەواوی کەرتە لاوەکییەکانی پیشەسازییە مەدەنییەکان ڕوویان لە پاشەکشەیە. جگە لە بەرهەمهێنانی دەرمان و کەرەستەی گواستنەوە، ئاستی بەرهەمهێنان لە 19 کەرتی مەدەنیی دیکەدا بەردەوام دادەبەزێت. لە ئەنجامدا، دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ تووشی تەنگژەیەکی دووسەرە هاتوون: کەرتی سەربازی لە ئابوورییەکەدا لەڕاددەبەدەر گەرم بووەتەوە، لە کاتێکدا کەرتی مەدەنی بەرەو چەقبەستوویی دەڕوات.

وەک پێشتر ڕوون کرایەوە، ڕێژەی سوود گرفتێکی گەورەی دیکەیە. ڕێژەی سوودی سەرەکی ئێستا لە ئاستی %14.25 جێگیرە؛ ئەمەیش دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی 25 خاڵی بنەڕەتی دابەزێنرا. هەرچەندە بانکی ناوەندیی ڕووسیا (Central Bank of Russia) هەوڵ دەدات سیاسەتی نەختینەییی خۆی نەرمتر بکات، بەڵام تێچووەکانی وەرگرتنی قەرز بە شێوەیەکی لەڕاددەبەدەر بەرز ماونەتەوە ـــ بە جۆرێک هاوئاستی ڕێژەکانی ئۆکراینایە.

لە سەردەمی تەنگژە ئابوورییەکاندا، زۆر جار زێڕ وەک قەڵغانێک بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ئابووری دەپارێزرێت. بەڵام لە کانوونی دووەمدا دەرکەوت کە ڕووسیا بۆ دابینکردنی داراییی پڕۆسە سەربازییەکانی جەنگ، %71ی یەدەگی زێڕی خۆی نەخت کردووە. تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵدا، مۆسکۆ سەرجەم ئەو دەستکەوتانە لەدەست دەدات کە پاش پەتای کۆڤید-19(Covid-19) بەدەستی هێنابوون؛ کاتێک وەرچەرخانێکی ئابووریی بەهێزی بەخۆیەوە بینی و بەرهەمی ناوخۆییی خاوی بە ڕێژەی زیاتر لە %5 گەشەی کردبوو.

ئەمڕۆ هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئابووریی ڕووسیا لەژێر گوشارێکی توندی بێوێنەدایە. هەرچەندە مۆسکۆ لە کورتخایەندا هێشتا دەتوانێت داراییی جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکراینادا دابین بکات، بەڵام توندترکردنی سزای لاوەکی (Secondary sanctions)ی ئەمریکا بەسەر ئەو دەوڵەت و کۆمپانیایانەی بازرگانی لەگەڵ مۆسکۆ دەکەن، دەکرێت داهاتی هەناردەکردن و دەستڕاگەیشتن بە هاوردە ستراتیژییەکان زیاتر بەرتەسک بکاتەوە. ڕەنگە پووتین تا ئەو کاتەی دەگاتە ئەوەی دەیەوێت- کە بەپێی ڕاپۆرتەکان دەستبەسەرداگرتنی تەواوی هەرێمی دۆنباس (Donbas)ە ‌- نەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، بەڵام ئەم سەرکێشییە بێ گومان بە باجێکی یەکجار قورس لەسەر ئابووریی وڵاتەکەی تەواو دەبێت.

© هەموو مافەکان بۆ خانەی هزریی کوردستان پارێزراوە.