ڕاگه‌یاندن ڕۆڵی په‌یوه‌ندیی له نێوان ده‌نگده‌ران، حزب و ڕێكخراوه سیاسییه‌كاندا ده‌گێڕێت. هه‌ر به ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌یه، كه هاووڵاتیان ئاگاداری بەرنامە و دروشمی گرووپه سیاسییه‌كان ده‌بنه‌وه. ڕاكێشانی هه‌رچی زیاتری هاووڵاتیان بەرەو سندووقه‌كانی ده‌نگدان، له یه‌كه‌م هه‌نگاودا یه‌كێكە له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕاگه‌یاندن. ڕاگه‌یاندن ده‌توانێت ئه‌م ئه‌ركه به‌ڕێوه به‌رێت، ئه‌ویش به ڕێگەی ئاگاداركردنه‌وه‌یان له مافی دیموكراتیكی خۆیان، كه چۆن به ڕێکاری سیاسی و هێمنانهوە كێشه‌كان یه‌كلا بكه‌نه‌وه. خاڵی دووه‌م، هاووڵاتیان له‌م به‌شدارییه‌دا ده‌نگ به كێ ده‌ده‌ن؛ ئه‌مه ئه‌و بڕیاره گرینگه‌یه كه خۆیان ده‌بێ خاوه‌نی بن.
پێویسته ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی له كاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتییه‌وه، زانیاریی پێویست به هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت. له پێشه‌وه‌ی گشت زانیارییه‌كان، یاساكانی هه‌ڵبژاردن و پێشێلكردنی یاساكانه، كه ده‌بێ هاووڵاتیان بیزانن؛ هه‌روه‌ها له پرۆژه و پلانی ئه‌و حزبە سیاسییانه‌ی كه بۆیان هه‌یه پاڵێوراویان هه‌بێت، ئاگادار بكرێنه‌وه.
شیكردنه‌وه‌ی دروشمه‌كان و پرسیار دروستكردن له به‌رامبه‌ر هه‌ر دروشمێكدا، یه‌كێكە له كاره هه‌ره باشه‌كانی ڕاگه‌یاندن، كه ده‌بێ له كاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا ڕه‌چاوی بكات. هه‌ر دروشمێك هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك واتایه، كه پاڵێوراو، یان لیستێك بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات ڕای ده‌گه‌یه‌نێت. به‌شداریی ڕاگه‌یاندن له ڕه‌وتی بانگەشەی هەڵبژاردندا به‌و مانایه‌یه، پاڵێوراوان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان پێ بدرێت كه پرۆژه و پلانه‌كانیان به‌باشی ڕابگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها هاووڵاتیانیش زانیاریی پێویستیان ده‌ست كه‌وێت.
پێكهێنانی ده‌رفه‌ت بۆ كارناسان و لێكۆڵه‌ران بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی دروشم و پرۆژه‌كان، یارمه‌تییه‌كی باش به ده‌نگده‌ران ده‌دات، تا زانیارییه‌كی باش له بواره جۆراوجۆره‌كاندا به‌ده‌ست بێنن. ئه‌م كاره‌ی ڕاگه‌یاندن یارمه‌تییه‌كی باش به بڕیاردان ده‌دات و، چاوه‌ڕوانییه‌كی ماقووڵیش له توانای ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو پێك دێنێت.
له یه‌كێك له به‌نده‌كانی به‌رنامه‌ی ڕێكخراوی "ئاسایش و هاوكاریی ئه‌وروپا" بۆ "هه‌ڵبژاردنی ئازاد و ڕه‌وا" هاتووه: "بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسی پێش بكه‌وێت و په‌ره بگرێت، ده‌بێ هاووڵاتیان زانیاریی پێویستیان بۆ هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوان به‌ده‌ست بگات." هه‌روه‌ها "ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی حزبە سیاسییه‌كان به كه‌ره‌سه‌كانی ڕاگه‌یاندن، ئه‌ویش به‌بێ هه‌ڵاواردن، به كارێكی پێویست ده‌زانێت."
ئاشكرایه كه ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی، ڕۆڵی سه‌ره‌كی له پێكهێنانی ڕای گشتیدا ده‌گێڕێت. دیاره له هه‌ر وڵاتێكدا به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی، ڕۆڵی یه‌ك كه‌ره‌سه، یان چه‌ند كهسهرهیهك به‌رز ده‌بێته‌وه. له وڵاتی ئێمه‌دا ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌گێڕن. ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی یه‌كسانی لیست و پاڵێوراوان به كه‌ره‌سه‌كانی ڕاگه‌یاندن، ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردن باشتر و هێمنتر ده‌كات و بهدیموكراتیكردنیش قووڵتر ده‌كاته‌وه.
ده‌وری كه‌ره‌سه‌كانی ڕاگه‌یاندن له چۆنێتیی گه‌یاندندا
یارمه‌تی و ڕێنوێنیی په‌یامنێران، ڕۆژنامه‌وانان و خاوه‌نانی ڕاگه‌یاندن بۆ ڕه‌چاوكردنی هاوسه‌نگی له نووسینی ڕاپۆرتدا، هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه له نووسینی دنه‌ده‌رانه، خۆپاراستن له به‌كارهێنانی زمانی نه‌یارانه و به‌رگرتن به بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ، یه‌كێكە له ئه‌ركه گرینگه‌كانی ڕاگه‌یاندن كه پێویسته ڕه‌چاو بكرێت.
ـ به ڕێگه‌ی ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌یه، كه هاووڵاتیان زانیاری سه‌باره‌ت به پلانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی پاڵێوراوه‌كان بەدهست دێنین. له‌م نێوه‌دا ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ و، تا ڕادده‌یه‌كی به‌رچاویش ڕۆژنامه‌كان شوێنی سه‌ره‌كییان هه‌یه. به‌پێی ئه‌وه‌ی كه ته‌له‌ڤزیۆن، به ده‌نگ و وێنه‌وه، كارتێكه‌ریی له‌ناو هاووڵاتیاندا به‌رچاوتره، به‌رپرسیارێتیی ئه‌و دهزگهیهیش قورستره.
ـ پێكهێنانی مێزگرد سه‌باره‌ت به پلان و پرۆژه‌كان ده‌وری گرینگ ده‌گێڕێت. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندیی مێزگردهكان ئه‌وه‌یه، كه لیست و پاڵێوراوان به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان، هه‌روه‌ها پێكه‌وه له كه‌ره‌سه‌كانی ڕاگه‌یاندندا به‌شدار ده‌بن. له لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌م ڕووبه‌ڕوو دانیشتنه ده‌توانێت، كه‌شوهه‌وایه‌كی هێمن و دۆستانه پێك بێنێت.
ـ گرینگی‌دان به به‌رنامه‌ی لیست و هاوپه‌یمانه‌كان، گرینگتره له‌وه‌ی كه بایه‌خ به ناكۆكیی نێوان لیسته‌كان بدرێت. له پله‌ی یه‌كه‌مدا، پێویسته ئەولەوییەت به به‌رنامه‌ی لیست و گرووپه‌كان بدرێت، دووه‌م شوێنیش به جیاوازییەکان بدرێت.
پێكهێنانی كه‌شوهه‌وای هێمن و دوور له گرژی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها پاراستنی ئه‌و كه‌شوهه‌وایه، به‌شێكی ده‌كه‌وێته سه‌رشانی ڕاگه‌یاندن. كه‌شوهه‌وای هێمن و هه‌ڵبژاردن، پێكه‌وه مانا ده‌ده‌ن. به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له هه‌ڵبژاردن و بوونی ئه‌م به‌شدارییه وه‌كوو كه‌لتوور بۆ چاره‌سه‌ركردن و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات، بۆ ڕاگه‌یاندنیش كارێكی ئه‌رێنییه.
- گرینگە کە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن زۆر ورد و هەستیار بن سەبارەت بەو دروشم، پەیام و لێدوانانە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هەڵبژاردن و پرۆسەکەیەوە نییە و، پێویستە بەری پێ بگرن و دەرفەت بە بڵاوبوونەوەی نەدەن.
- ڕاپۆرت و دەنگوباس لەسەر ئەو پاڵێوراوانە ئامادە و بڵاو بکەنەوە کە بەر لە ڕاگەیاندنی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا دەست بە بانگەشەی نایاسایی بۆ خۆیان دەکەن.
ئامانج:
کۆبەندەکە بریتی ده‌بێت له‌وه، ئاخۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له‌و ڕه‌وته‌دا بڵاو ده‌كرێنه‌وه، له بواری ڕۆژنامه‌وانییه‌وه تا چه‌نده ڕه‌چاوی پێودانگه‌كانی ڕۆژنامه‌وانی كه ڕه‌وایی، هاوسه‌نگی و بێلایه‌نی له گه‌یاندنی زانیاریی پێویست به هاووڵاتیان كراوه. ده‌كرێت له چه‌ند خاڵدا باس له‌م چاودێریكردنه بكرێت:
ـ چاودێریكردنێكی خه‌ست له‌سه‌ر ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌وانی له گشت مه‌یدانه‌كانی ڕاگەیاندندا.
ـ تا چ ڕادده‌یه‌ك په‌یامه‌كان به شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه به هاووڵاتیان ده‌گه‌ن.
ـ پێویسته ئه‌و كه‌ناڵ و ئامرازانه‌ی كه زۆرترین بینه‌ر، بیسه‌ر، یان خۆێنهریان هه‌یه، له‌ژێر چاودێریی تایبه‌تیدا بن.
ـ چاودێریكردن به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌كان له كاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌وه‌یش ده‌گرێته‌وه كه:
ـ تا چ ڕادده‌یه‌ك گوشار له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنێك، یان چه‌ند ڕاگه‌یاندندا هه‌یه.
ـ به‌ربه‌ست دروستكردن له‌سه‌ر ڕێگه‌ی كاری په‌یامنێران بۆ وه‌رگرتنی زانیاری، یان بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان.
ـ كه‌مته‌رخه‌میكردن له لایه‌ن لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه سه‌باره‌ت به دانی زانیاری به ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی.
ـ گوشار به مه‌به‌ستی وه‌ڕێخستنی سانسۆر له‌سه‌ر كه‌ره‌سه‌كانی گه‌یاندنی زانیاری.
جیا له‌مانه‌یش دابینكردنی ئاسایش بۆ په‌یامنێران له كاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌ركێكی گرینگی داموده‌زگه حكوومییه‌كانه كه یارمه‌تییه‌كی باش به ڕه‌وتی گه‌یاندنی زانیاری به هاووڵاتیان بدات. له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته، كه ئاسایشی جه‌سته‌یی و كهرهسهییی ڕۆژنامه‌وانان بپارێزرێت، چونكه له نه‌بوونی ئاسایش بۆ ڕۆژنامه‌وانان، كه‌ره‌سه‌كانی ڕاگه‌یاندن ناتوانن له ڕه‌وتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا یارمه‌تیده‌ری هاووڵاتیان و گه‌یه‌نه‌ری زانیارییه‌كان بن. له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته:
ـ ئاسایشی كاركردنی ڕۆژنامه‌وانان دابین بكرێت، كه ئه‌مه‌یش بریتی ده‌بێ له: دابینكردنی ئاسایشی جه‌سته‌یی و كه‌ره‌سه‌كانی كاركردن.
ـ دابینكردنی ئاسایشی هاتوچۆ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و نووسینی ڕاپۆرت و بڵاوكردنه‌وه‌یان له ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی گشتیدا.
بڵاوكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی حكوومه‌ت له کاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا
پێویسته كه ڕاگه‌یاندن، سه‌باره‌ت به چالاكییه‌كانی حكوومه‌ت له سه‌رده‌می بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا، زانیاری به هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت. له ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردندا كه حزب و گرووپه سیاسییه‌كان بهگهرموگوڕییەوە خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنن، ئه‌وه ئه‌و مانایه ناگه‌یه‌نێت كه حكوومه‌ت و داموده‌زگه‌كانی هیچ چه‌شنه چالاكییه‌كیان نه‌بێت (كه ده‌بێ هه‌یانبێت) و، ڕاگه‌یاندنیش له‌ژێر ناوی ئه‌وه، كه ئه‌م چالاكییانه‌ی حكوومه‌ت ده‌چنه ناو خانه‌ی "بانگەشەی هه‌ڵبژاردن"ه‌وه، خۆ له گه‌یاندنی زانیاری بپارێزێت، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی كه ئاكامی ده‌نگه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌ندرێن و حكوومه‌تی نوێ به‌ڕه‌سمی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته دەەست، ده‌سه‌ڵاتی پێشوو هه‌روه‌كوو جاران درێژه به كار و چالاكییه‌كانی خۆی ده‌دات و، ئه‌ركی ڕاگه‌یاندنیشه كه كاره‌كانی حكوومه‌ت و داموده‌زگه‌كانی به هاووڵاتیان ڕابگه‌یه‌نێت.
له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته، كه‌ره‌سه‌كانی ڕاگه‌یاندن هه‌روه‌كوو پێش بانگەشەی هه‌ڵبژاردن، درێژه به بڵاوكردنه‌وی كار و چالاكییه‌كانی حكوومه‌ت بده‌ن، به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه كه، له كاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا دۆخه‌كه هه‌ستیاره و تا ڕادده‌یه‌كیش ئاسایی نییه، پێویسته دوو شت لێك جیا بكرێنه‌وه. پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان و پرۆپاگه‌نده‌ی سیاسی لێك جیا بكرێنه‌وه و ده‌ستنیشان بكرێن، تا هه‌ر دیارده‌یه‌ك له شوێنی خۆیدا باسی لێوه بكرێت و قورساییی خۆی پێ بدرێت. ئه‌م دوو خاڵه بریتین له:
1ـ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی گشتی كه لە لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت.
2ـ ئه‌و پڕۆپاگه‌نده سیاسییه‌ی كه حكوومه‌ت بۆ خۆی ده‌كات.
بۆ گه‌یاندنی زانیاری و لێكجیاكردنه‌وه‌یان، پێویستی به په‌یامنێری گه‌لێك وشیار و ورد هه‌یه، كه به‌باشی شاره‌زای یاساكانی حكوومه‌ت، په‌رله‌مان، سیاسه‌ت و یاساكانی هه‌ڵبژاردن بێت، تا پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان له ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتیدا به ناوی پڕۆپاگه‌نده‌ی حكوومی بڵاو نه‌كرێنه‌وه، هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌كه‌یشی ڕوو نه‌دات.
حزبه سیاسییه‌كان و بانگەشەی هه‌ڵبژاردن
له‌سه‌ر بنه‌مای بەرنامە و دروشمی حزبە سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها كار و چالاكیی حزب و گرووپه دهسهڵاتدارەکانە، كه ده‌نگده‌ران له ڕه‌وتێكی دیموكراتیك‌دا، بڕیار ده‌ده‌ن ده‌نگ به كێ بده‌ن. ئه‌مه‌یش ئه‌و ڕێگه‌یه‌یه كه هێزێكی سیاسی به ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ر لێره‌دایه كه هاووڵاتیان ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌گێڕن.
له‌و ڕه‌وته‌دا گه‌لێك گرینگه كه گرووپه سیاسییه‌كان به‌وپه‌ڕی ڕوونییه‌وه، باس له پلانی داهاتوویان بكه‌ن، كه كاتێ به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن، چ به‌رنامه و پلانێكیان بۆ داهاتووی وڵات هه‌یه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه، خاڵی هه‌ره سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، كه لیست، یان پاڵێوراو له كاتی بانگەشەی هه‌ڵبژاردندا، زۆرترین قورسایی به‌و پلان و پرۆژانه بدات، كه سێره له داهاتوو ده‌گرن.
كه‌مترین قورساییش به‌و به‌شه بدات، كه باس و ڕه‌خنه‌كانی ئاڕاسته‌ی خهنیمهكانی خۆی ده‌كات. سه‌ره‌كیترین لایه‌نی ئه‌رێنیی هه‌ڵبژاردنیش ئه‌وه‌یه، لیست، یان حزبێکی سیاسی به هاووڵاتیان ڕابگه‌یه‌نێت، كه چیی ده‌وێت و له كاتی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتیش، به به‌ڵێنه‌كانی خۆی وه‌فادار ده‌بێت.
ئه‌م بابه‌ته نه‌ك ته‌نیا بۆ هاووڵاتیان، به‌ڵكوو بۆ ڕاگه‌یاندنیش گرینگه، ئه‌گه‌ر بخوازێت ڕۆڵی ئه‌رێنیی خۆی بگێڕێت، ئه‌ویش كاكڵی ئه‌و په‌یامانه‌ن كه ئاڵای لیستەكانە. ئەگه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌كان قورساییی كاری خۆیان له‌سه‌ر ناكۆكیی نێوان لیست و گرووپه‌كاندا چڕ بكه‌نه‌وه، زه‌بر له هه‌ڵبژاردن و ڕه‌وته‌كه‌ی ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیش به‌لاڕێدا ده‌به‌ن.
کۆبەند
هه‌ڵبژاردن ڕه‌وتێكی دیموكراتیك و مه‌ده‌نییانه‌یه بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی هێـمنانەی ده‌سه‌ڵات؛ ئه‌مه‌یش له پاڵێوراوان و ڕاگه‌یاندن ده‌خوازێت، كه بیر له هه‌ر چه‌شنه په‌یامێك بكه‌نه‌وه كه ده‌یڵێن و ده‌ینووسن. پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕه‌وتێكی هه‌ستیار و ناسكه و، ده‌بێ دوور بێت له هه‌ر چه‌شنه ئاژاوه، نابه‌رپرسیارێتی و شێواندن.
به‌شداریكردنی به‌رفراوانی هاووڵاتیان له هه‌ڵبژاردندا و بوونی ئه‌م به‌شدارییه وه‌كوو كەلتوور بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و، ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانە، بۆ ڕاگه‌یاندنیش كارێكی ئه‌رێنییه، چونكه سه‌ره‌كیترین به‌رژه‌وه‌ندیی ڕۆژنامه‌وانان، له به‌دیموكراتیكردنی وڵاتدایه.
وا بیر بکەوە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، گشت کەرەسەکانی ڕاگەیاندن پەکیان دەکەوێت، دەبێ لەو ماوەیەدا چی ڕوو بدات؟ با وەکوو پرۆژەیەکی گشتگیر (سەیوانە بۆ یەکگرتوویی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و تاک) بڕوانینە پرۆسەی بانگەشە و هەڵبژاردنەکان!
ئەرشیف