
ڕێكخستنی نوێی بونیادی ئایینی له ئێران
The New Order of the Clerical Establishment in Iran: Nazm-e Novin-e Rohaniat Dar Iran
نووسه‌ر: مێهدی خەلەجی
پێنووس: ئه‌م كتێبه له چوار به‌شی سه‌ره‌كی پێك دیت، كه هه‌ر به‌شێك توێژینه‌وه‌یه‌كه كه توێژه‌ر خۆی له‌سه‌ر بارودۆخ و بیروبۆچوون و ره‌هه‌ند و بنه‌ماكانی ئه‌م ڕێكخستنه نوێیه‌ی بونیادی ئایینی له ئێران‌دا ئه‌نجامی داوه، كه به بڕوای توێژه‌ر وه‌كو سیسته‌مێكی نوێیه بۆ به‌رێوه‌بردنی كاروباری ئایینی و به‌م پێیه‌یش، كاریگه‌ری خستنه‌سه‌ر و كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت له ئێرانی ئیسلامی‌دا.
به‌گشتی، ئه‌وه‌ی كه بۆ ئێمه وه‌كو كورد گرنگه ئه‌وه‌یه كه ئێمه له قۆناغی بنیاتنانی سیسته‌مێكی سیاسیی دیموكراتیك و سه‌رده‌میانه‌داین و له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌سازی، پرسی سه‌ره‌كیی ئێمه‌یه. لێره‌وه‌یه كه لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تان له تێكه‌ڵكردن یاخود جیاكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئایین، بۆ ئیمه كه خاوه‌ن كۆمه‌ڵگه‌یه‌كین به زۆرینه‌ی موسوڵمان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌بوونی فره‌ییی ئایینی و ئایینزاكان له كوردستان، ده‌توانێت زۆر به‌كه‌ڵك بێت. ئێمه، له ڕووی خۆشگوزه‌رانیی ئابووری و توندوتیژی و پێكدادانی مه‌زهه‌بی و ئایینی و دیموكراسی و ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ و...هتد، چه‌ندین ئه‌زموونی شكستخواردوومان بینیوه؛ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی- ئایینیی سوننه له لایه‌ك وه‌كو: ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) و ئه‌لقاعیده و تالیبان له ئه‌فغانستان و...هتد، و له لایه‌كی تره‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئایینی-سیاسیی شیعه له كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا.
بۆیه تێگه‌یشتن له هۆكار و ده‌رهاوێشته‌كانی تێكه‌ڵكردنی ئایین و ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت، بۆ ئێمه گرنگیی تایبه‌تی هه‌یه؛ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ده‌سه‌ڵاتێك بنیات بنێین كه به بێلایه‌نی و بێ جیاوازی، ڕێزی هه‌موو ئایینه‌كان بگرێت و هاوكات پابه‌ند بێت به بنه‌ماكانی دیموكراسی و، ده‌ست له كاروباری تایبه‌تی ئایینیش وه‌رنه‌دات. ئه‌م كتێبه هه‌وڵیكه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا.
ئه‌م كتێبه بۆیه جێگه‌ی بایه‌خ و سه‌ره‌نجه، چونكه له لایه‌ك نووسه‌ر خاوه‌ن چه‌ندین كتێبی هزری و توێژینه‌وه‌ی زانستییه له بواری فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن و ئیسلامناسی، هه‌روه‌ها توێژه‌ری باڵایه له دامه‌زراوه‌ی واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك و، له لایه‌كی تره‌وه وه‌كو ڕیفورمخوازێكی ئایینی و ته‌نانه‌ت وه‌كو ڕه‌خنه‌گر و كه‌سێكی سیكۆلار ده‌ناسرێت. خۆی له‌م سیسته‌مه‌دا په‌روه‌رده كراوه و خوێندكاری ئایینی بووه له "قوم" و به‌وردی ئاشنای بیروبۆچوون و سیسته‌می هزری و جیهانبینی و ته‌نانه‌ت كارگێڕی و دامه‌زراوه‌ییی پیاوانی ئایینییه له ئێران‌دا.
بۆ ئێمه‌ی كورد، چ وه‌كو ئه‌كادیمی و چ وه‌كو سیاسه‌تداڕێژه‌ران و ستراتیژیسته‌كان له هه‌رێمی كوردستان، له لایه‌ك به هۆی دراوسێیه‌تیمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی-شیعیی ئێران و، له لایه‌كی تریشه‌وه ڕۆل و پێگه و كاریگه‌ریی ئێران له ناوچه‌كه و به‌تایبه‌ت عێراق و هه‌روه‌ها سوودوه‌رگرتنی له ناسنامه‌ی ئایینی-شیعی له ناوچه‌كه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ت و ململانێكان، ئاشنابوون به ناسنامه، ناوه‌ڕۆك، ئامانج و مه‌به‌سته ئاشكرا و شاراوه‌كانی ستراتیژی و سیاسه‌ت و ئه‌م سیسته‌مه سیاسیییه‌ی كه له‌سه‌ر بناغه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئایینی-ئیسلامیی تایبه‌ت دامه‌زراوه، جێگه‌ی گرنگیپێدان و بایه‌خه.
نووسه‌ر له پێشه‌كیدا به پێناسه‌كردنی چه‌مكی پیاوانی ئایینی، ده‌چێته ناو بابه‌ته‌كه‌یه‌وه. پاشان ڕۆڵ و پێگه‌یان له سازكردنی پارادایمێكی هزری بۆ خزمه‌تكردنی ئایدۆلۆژیی سیاسی ده‌خاته ڕوو. هه‌روه‌ها، توێژه‌ر جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه به هۆی ئه‌و كه‌ره‌سته و ئامرازانه‌ی كه ده‌كه‌وێته ژێر كۆنترۆڵی پیاوانی ئایینیی شیعه، له مێژووی شیعه‌دا، ئه‌وه بێوێنه بووه كه بتوانن به‌م شێوه‌یه ته‌واوی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری و ڕۆشنبیری و ئابووری كۆنترۆڵ و پاوان بكه‌ن و ته‌نانه‌ت دووباره مێژوو به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و ڕوانگه‌ی خۆیان دابڕێژنه‌وه.
نووسه‌ر بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئایدیای سه‌ره‌كیی كتێبه‌كه‌ی، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه تاوه‌كو پێش دامه‌زراندنی قوتابخانه و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی مۆدیرن له ئێران‌دا، زانست و مه‌عریفه ته‌نیا تایبه‌ت بوو به پیاوانی ئایینی له كۆمه‌ڵگادا، به‌ڵام پاش دامه‌زراندنی قوتابخانه و زانكۆكان ئه‌م قۆرخكارییه له‌ژێر ده‌ستی پیاوانی ئایینی ده‌رچوو.
پێشووتر، زانست و مه‌عریفه وه‌كو سه‌رمایه‌یه‌كی سیمبۆلیك، ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ده‌دایه ئه‌م زانا ئایینیانه، به‌ڵام به هۆی ته‌وژمی شه‌پۆله‌كانی مۆدێرنیته له ئێران‌دا، سه‌رچاوه‌كانی زانین فره‌ڕه‌هه‌ند كران و به‌م پێیه‌یش زانستی ئه‌م پێشه‌وا ئایینییانه، به كۆن و پاشكه‌وتوو و ماوه‌به‌سه‌رچوو هه‌ژمار كرا. بۆ نموونه ته‌فسیری فه‌رمیی ئه‌م پیاوه ئایینییانه له شه‌ریعه‌ت و جیهان و مرۆڤ، به به‌راورد له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه و ته‌فسیری مۆدێرنی لۆژیكی و ڕه‌خنه‌گرانه له جیهان و مرۆڤ و ئایین، توانای به‌رگری و گونجانی له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه نوێیه‌كانی له‌ده‌ست دا، به‌م هۆیه‌یشه‌وه ئه‌م چینه سه‌رده‌سته له ئێران‌دا تووشی قه‌یرانی ڕه‌وایه‌تی بوون.
پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، پیاوانی ئایینیی شیعه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌م قه‌یرانه مه‌عریفی و ڕه‌وایه‌تییه قه‌ره‌بوو بكه‌ونه‌وه، ده‌ستیان دایه ده‌ستێوه‌ردان و گۆڕانكاری له كتێب و سه‌رچاوه‌كانی قوتابخانه و زانكۆكان، به‌م پێیه‌یش سنووری زانسته كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تییه‌كانیان به‌زاند و تێكه‌ڵ به وانه و مه‌عریفه ئایینییه‌كانی تایبه‌ت به خۆیانیان كرد. هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا نازناوی "دكتۆر - ئایه‌توڵلا"یان به خۆیان به‌خشی، به‌م مانایه كه بۆ دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌عریفی و به‌م پێیه‌یش ڕه‌وایه‌تیپێدانه‌وه به جیهانبینی و سه‌رچاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان، پله و پایه زانستییه مۆدێرنه‌كانیان له‌گه‌ڵ پێگه و پله ئایینییه‌كانیان به‌راورد و هاوتا كرد.
به‌ڵام نووسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌م پیاوه ئایینییانه له كۆنترۆڵی ته‌واوی جومگه و بواره زانستی و مه‌عریفییه‌كان له سه‌رده‌می به‌جیهانیبوون و شۆڕشی زانیاری و ته‌كنه‌لۆژی و په‌یوه‌ندیدا، ڕه‌وایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌روه‌ها زانین و زانیاری‌یان كه‌وته ژێر پرسیارەوە. بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌مه، سه‌رچاوه، هێزی ئابووری، سیاسی و سه‌ربازیی خۆیان بۆ حوكمڕانی، به‌هێز و پته‌و كرد.
له باسێكی تردا، توێژه‌ر بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی "بونیادی ئایینیی شیعه له شاری قوم" له هه‌مبه‌ر "ناوه‌ندی ئایینیی نه‌جه‌ف" له عێراق، ده‌چێته سه‌ر مێژوو و هۆكاره‌كانی دامه‌زراندنی ئه‌م ناوه‌نده شیعییه له ئێران.
بۆ نموونه، باس له‌وه ده‌كات كه هه‌ر له سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان، به هۆی فاكته‌ری ئایینی - شیعییه‌وه زانایانی ئایینیی نه‌جه‌ف توانای ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ئابووریی ئێرانیان هه‌بوو. بۆیه سه‌فه‌وییه‌كان بۆ پاراستنی خۆیان له هه‌مبه‌ر مه‌زهه‌بی سوننه‌ی عوسمانی‌دا مه‌زهه‌بی شیعه به‌كار دێنن و، بۆ ئه‌مه‌یش هه‌وڵ ده‌ده‌ن سوود له مه‌زارگه و شوێنه ئایینییه‌كانی پیرۆز له ئێران وه‌ربگرن، هه‌م له ڕووی دابینكردنی داهاتی ئابووری و هه‌م له ڕووی به‌ناوه‌ندبوونی ئایینییه‌وه.
بۆیه، پێویست بوو ئێرانییه‌كان بونیادێكی ئایینیی تایبه‌تیان هه‌بێت بۆ به‌ناوه‌ندكردنی ئێران وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی ئێرانی/ فارس- شیعه و دووركه‌وتنه‌وه له هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی پیاوانی ئایینیی عه‌ره‌ب- شیعه له نه‌جه‌ف و ڕه‌وایه‌تیدان به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌یان.
له به‌شی یه‌كه‌م، به ناونیشانی "سیسته‌می نوێی بونیادی ئایینی"، نووسه‌ر پاش خستنه‌ڕووی مێژووی پیاوانی ئایینیی نه‌ریتگه‌را، ئه‌و پرسه ده‌خاته ڕوو كه خاڵی وه‌رچه‌رخانی گۆڕانكاری و مۆدێرنیزاسیۆنی ناوه‌نده‌كانی ئایینی له ئێران، به‌تایبه‌ت له شاری "قوم"، له پاش هاتنه‌سه‌ركاری "خامنه‌یی"، ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هاتۆته ئاراوه.
لێره‌وه نووسه‌ر ئه‌م ئارگیۆمێنته باس ده‌كات كه له سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ساڵی 1979 له ئێران، كه‌متر كه‌سێكی ئاسایی و ته‌نانه‌ت ئایینی هه‌بوو كه شك و گومانی له پله‌ی ئایینی و ئیجتیهادی فیقهیی "ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینی" هه‌بێت، به‌ڵام "سه‌ید عه‌لی خامنه‌یی" له ساڵی 1989، پاش مه‌رگی ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینی به ده‌نگی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌زایانی ڕێبه‌ری، وه‌كو "ڕیبه‌ری باڵا"ی كۆماری ئیسلامی ده‌ستنیشان كرا و هه‌ر ئه‌وڕۆژه‌یش له ئێواره‌كه‌یدا نازناوی خامنه‌یی له "حوجه‌تولئیسلام"ه‌وه گۆردڕا بۆ "ئایه‌توڵڵا".
ئه‌م گۆڕانكارییه كتوپڕ و بێوێنه‌یه له مێژووی كلاسیكی سیسته‌می ئایینیی شیعه له ئێران و ناوه‌ندی زانستی ئایینیی قوم، بووه جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی زانا و مه‌رجه‌عه ئایینییه‌كانی تری وه‌كو (ئایه‌تۆڵڵا مه‌رعه‌شی نه‌جه‌فی، ئایه‌تۆڵڵا گوڵپایه‌گانی و ئایه‌تۆڵڵا خۆیی) و ته‌نانه‌ت نه‌یارانی خامنه‌یی له بواری سیاسی‌دا.
ئه‌مه‌یش شك و گومانه‌كانی له‌سه‌ر پێگه‌ی ئایینی و شیاوه‌تیی فیقهیی ئایه‌تۆڵڵا خامنه‌یی، وه‌كو "وه‌لیی فه‌قیھ" بۆ ڕێبه‌رایه‌تیی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، به‌رز كرده‌وه. به‌ڵام ئایه‌تۆڵڵا خامنه‌یی بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه لاوازه له ڕووی ئایینی و سیاسی و ته‌نانه‌ت ده‌ستورییه‌وه، هه‌روه‌ها سڕینه‌وه‌ی ئه‌م شك و گومانانه له‌سه‌ر ڕه‌وایه‌تیی خۆی وه‌كو وه‌لیی فه‌قیهی ده‌وڵه‌تێكی شیعی- ئیسلامی، كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنی گرته‌به‌ر. بۆ نموونه: كه‌ڵكوه‌رگرتن له ده‌زگا سه‌ربازی و ئاسایشی و سیخوڕییه‌كان بۆ پته‌وكردنی ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها سه‌ركوت و تۆقاندن و بێده‌نگكردنی ڕه‌خنه‌گران، فه‌رمانپێكردن به هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ هێرشكردنه سه‌ر "ئایه‌توڵڵا مونته‌زیری"، مه‌رجه‌عی به‌ناوبانگی شیعه و جێگری له‌سه‌ركارلابردراوی ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینی و، له لایه‌كی تره‌وه په‌راوێزخستنی مه‌رجه‌عه ئایینییه ناڕازییه‌كان له ڕه‌وایه‌تیی ڕێبه‌رایه‌تییه ئایینی-سیاسییه‌كه‌ی.
سنووری كاره‌كانی ئایه‌تۆڵڵا خامنه‌یی به‌مه‌یش نه‌وه‌ستا و له ساڵی 1994 دوای مردنی "شێخ موحه‌مه‌دعلی ئه‌راكی"، "كۆمه‌ڵه‌ی مامۆستایانی ئایینیی قوم"ی دامه‌زراند و هه‌ر بۆ خۆی ئه‌ندامانی به‌ناڕاسته‌وخۆ ده‌ستنیشان كرد و كارێكی بێوێنه و ناوازه‌ی له مێژووی مه‌ر‌جه‌عییه‌تی شیعه‌دا كرد، كه ئه‌ویش پێدانی نازناو و پله‌ی مه‌رجه‌عی ته‌قلیدی فه‌رمی بوو له لایه‌ن ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌وه به حه‌وت كه‌س، كه یه‌كێكیان خۆی بوو.
لێره‌وه، مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه له ئێران‌دا، به‌ته‌واوی سیسته‌م و فۆرمی حكوومه‌تی و سیاسیی وه‌رگرت. لێره به‌دواوه بوو، كه ده‌یان دامه‌زراوه و ناوه‌ندی ئایینیی سه‌ر به ڕێبه‌ری باڵا له ئێران دامه‌زرا و، ساڵانه به‌ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ سه‌دان ملیۆن دۆلار بوودجه‌یان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت.
له به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه به ناونیشانی" ئۆتۆبیۆگرافیی ناوه‌نده‌كانی ئایینی"، توێژه‌ر تیشك ده‌خاته سه‌ر مێژوو و ناساندنی ناوه‌ندی زانستی ئایینیی قوم، به‌ڵام ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به هۆی هزری تایبه‌تی پێشه‌وایانی ئایینیی شیعه ده‌رباره‌ی پێگه و پله‌ی باڵایان كه خۆیان به چینی ده‌سته‌بژێری تایبه‌ت و ڕێگه‌پێدراو (خواص) ده‌زانن و خه‌ڵك به نه‌خوێنده‌وار نه‌زان (عوام)، ئه‌وه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌رپێكراوی زانستیی نووسراو له‌م بواره‌دا بوونی نییه. ته‌نیا كتێبێك كه له‌م بواره‌دا به‌رده‌ست و باوه‌رپێكراوه، كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی "ئایه‌توڵڵا مه‌هدی حائێری یه‌زدی"یه، كه تێیدا سه‌ره‌داوی زۆر هه‌ستیار و گرنگ له چۆنیه‌تیی كاری دامه‌زراوه ئایینییه‌كان و ته‌نانه‌ت هۆكاری دژایه‌تیی ئایه‌تۆڵڵا خومه‌ینی له‌گه‌ڵ شای ئێران ده‌ست ده‌كه‌وێت و، نووسه‌ر باسی ئه‌م ورده‌كارییانه ده‌كات.
له به‌شی سێیه‌مدا به‌ناونیشانی "ڕه‌خنه‌ی ناوخۆییی پێشه‌وایانی ئایینی: نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی سیكولاریزم"، توێژه‌ر ئاماژه به ڕوانگه، هه‌ڵوێست و بیروبۆچوونه‌كانی یه‌كێك له پێشه‌وایانی ئایینیی شیعه ده‌كات، به ناوی"شێخ ئیبراهیمی زه‌نجانی". نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات بیروڕای شێخ ئیبراهیمی زه‌نجانی، وه‌كو كه‌سێكی ڕه‌خنه‌گر له خودی پێشه‌وایانی ئایینیی شیعه و پێشكه‌وتنخواز و ڕێفورمیستی ئایینی له نوێبوونه‌وه‌ی هزر و جیهانبینیی شیعه‌دا، بخاته ڕوو.
ناوبراو هیچ ڕه‌وایه‌تییه‌ك ناداته چینی پێشه‌وایانی ئایینیی شیعه له ئایینی ئیسلامدا، كه كار و پیشه‌ی پێناسه‌كراویان، وه‌كو په‌یوه‌ندیكارێك وایه له نێوان خوا و مرۆڤه‌كاندا. هه‌ر به‌م پێیه‌یش جیهانبینی و ڕه‌فتاره‌كانی زانایانی ئایینیی شیعه، به پێچه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلام ده‌زانێت.
به‌گشتی، له‌م به‌شه‌دا توێژه‌ر هه‌وڵ ده‌دات بیروڕای ئه‌م كه‌سایه‌تییه وه‌كو ڕه‌خنه‌گرێك له هه‌ناوی مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌دا به خوێنه‌ر بناسێنێت و، په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان ئه‌م ڕوانگه‌یه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی سیكولاریزم له ڕۆژئاوا و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی سیاسه‌ت و ئایین ساز بكات.
له به‌شی چواره‌م و كۆتاییدا به ناونیشانی"ڕۆژی دوایی- وه‌كو دیسكۆرسێكی سیاسی"، توێژه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات ڕیشه و بنه‌ماكانی ئه‌م چه‌مكه، له ئایینه‌كانی تری وه‌كو كریستیانییه‌ت و یه‌هودییه‌تدا بدۆزێته‌وه و باسیان لێوه بكات.
نووسه‌ر ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه ئه‌م بنه‌ما و چه‌مكه ئایینییه، له بنه‌ڕه‌تدا وه‌زیفه‌ی سیاسیی هه‌یه بۆ سڕینه‌وه‌ی نه‌یاره‌كان له ده‌ره‌وه‌ی گوتاری ئایینیی تایبه‌ت و هه‌روه‌ها ڕه‌وایه‌تیپێدان به جه‌نگ دژی په‌یڕه‌وانی ناسنامه و ئایینه‌كانی تر، له لایه‌كی تره‌وه هیوابه‌خشینه به هاتنی ڕزگاركه‌رێك بۆ نه‌هێشتنی نادادپه‌روه‌ری و سته‌م له كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیدا و ڕزگاركردنی مرۆڤایه‌تی.
توێژه‌ر لێره‌دا ئه‌م پارادۆكسه ڕوون ده‌كاته‌وه. به‌م مانایه‌ی كه ئه‌م چه‌مك و بنه‌ما ئایینییه، له لایه‌ك پارێزگاری له دۆخی هه‌نووكه‌یی ده‌كات و له لایه‌كی تریشه‌وه هانی لایه‌نگران و په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كه ده‌دات كه هێرش و په‌لامار بكه‌نه سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و گوتاره ئایینییه تایبه‌ته، كه ئه‌مه‌یش مرۆڤ تووشی سه‌رلێشێوان و پارادۆكس ده‌كات. به‌ڵام پێشه‌وایانی ئایینی، بۆ ڕه‌وایه‌تی و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان له كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تدا، سوود له‌مه وه‌رده‌گرن.
لێره‌وه نووسه‌ر به خستنه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك گوتار و ڕه‌فتاری سیاسیی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، كه به پاڵپشتی و پشتیوانیی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی خودی ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی له ده‌یه‌ی ڕابردوودا كراوه، هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه ڕوون بكاته‌وه كه "ڕۆژی دوایی" وه‌كو چه‌مك و بنه‌مایه‌كی ئایینی-شیعی به‌ناوی "مه‌هده‌وییه‌ت" له كۆماری ئیسلامی‌دا بووه‌ته بنچینه و بنه‌مای ڕه‌وایه‌تی و به‌رده‌وامیی ده‌وڵه‌تێكی سیاسی به ناوی "كۆماری ئیسلامیی ئێران".
به‌پێی ئه‌م بنه‌ما و چه‌مكه، پێشه‌وایانی ئایینی به‌گشتی و وه‌لیی فه‌قیھ و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له لایه‌ك، ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ ده‌ركه‌وتنی ئیمامی مه‌هدی، وه‌كو ڕزگاركه‌ری مرۆڤایه‌تی و هه‌موو جیهان له چه‌نگ سته‌م و جه‌نگ و تاریكی و خراپه. له لایه‌كی تریش، پاراستنی ئه‌و ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مه سیاسی-ئایینییه ئه‌ركی هه‌موو موسڵمانه‌كانی جیهانه و به‌پێچه‌وانه‌وه دژایه‌تیكردن و به‌ربه‌ره‌كانێیه له‌گه‌ڵ خوا و چاره‌نووسی به‌ڵێنپێدراو له لایه‌ن ئایینی خواوه‌نده‌وه.
بۆیه، نووسه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كۆماری ئیسلامی، له چوارچێوه‌ی هه‌وڵدان بۆ جێگیربوونی زیاتری ڕه‌فتار و ئایدۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات ده‌زانێت و له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه له چوارچێوه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێدان به سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كات.
له كۆتاییدا، نووسه‌ر هۆ و هۆكاره ئاشكرا و شاراوه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌رهاوێشته‌كانی سیاسیی ئه‌م "ڕۆژی كۆتایی"گه‌رایییه له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه و ڕه‌فتاری سیاسیی ده‌ره‌كیی كۆماری ئیسلامی ده‌خاته ڕوو و، شیكردنه‌وه‌یان بۆ ده‌كات.
بۆ زانیاری زیاتر و دابه‌زاندنی كتێبه‌كه:
ئەرشیف