
سیاسه‌تی بهراوردییانه
Comparative politics
(سیاستهای مقایسهای)
نووسەر: د. سەید عەبدولعەلی قەوام
ئه‌م كتێبه، تایبه‌ته به خوێندنه‌وه و تیشكخستنهسهر به‌راوردكردنی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و شێواز و جۆری ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی و حكوومه‌ته‌كان به‌پێی پێوه‌ره زانستییه‌كانی زانسته سیاسییه‌كان. ڕاستییەکەی ئه‌م كتێبه بۆ قوتابیانی زانسته سیاسییه‌كان و كه‌سانی ئه‌كادیمی و هه‌روه‌ها سیاسه‌تداڕێژه‌رانی ده‌وڵه‌تان نووسراوه.
سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری، به یه‌كێك له لقه‌كانی لێكلۆڵینهوهییی زانسته سیاسییه‌كان داده‌ندرێت كه هه‌ر له سه‌رده‌می كلاسیكی یۆنان و به‌تایبه‌ت ئه‌ره‌ستۆوه بووه‌ته جێگه‌ی سه‌ره‌نجی بیرمه‌ندانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و به‌گشتی سیاسه‌ت، تا ده‌گاته بیرمه‌ندانێك وه‌كوو ما‌كیاڤێلی، مۆنتێسكیۆ، كارڵ ماركس و ماكس ڤێبێر، كه هه‌ر كامه‌یان له ڕوانگه‌ی به‌راوردكارییه‌وه، سیسته‌مه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری و ئابوورییه‌كانیان به‌پێی ڕوانگه‌ی تایبه‌ت و هه‌روه‌ها كات و شوێن هه‌ڵسه‌نگاندووه.
له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاریدا ده‌تواندرێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ شێوازی كاری حكوومه‌ته‌كان و په‌یوه‌ندیی نێوان بونیاده جۆراوجۆره‌كان بكرێت و چۆنیه‌تیی كار و چالاكییه‌كانی حكوومه‌ته جۆراوجۆره‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌راورد بكرێت.
پێشووتر بیرمه‌ندان زیاتر له چوارچێوه‌ی خویندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه یاسایییه فه‌رمییه‌كاندا ئه‌م كاره‌یان ده‌كرد، به‌ڵام به هۆی گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵگه‌كان و گرێدراویی دوولایه‌نه و چه‌ند لایه‌نه‌ی سیسته‌مه جۆراوجۆره‌كان و كار و كارلێكی بواره‌كانی ئابووری و سیاسی و كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئاڵۆزیی میكانیزمی كاركردنی ده‌وڵه‌ته‌كان و هه‌روه‌ها جیاوازیی نێوان حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌تان، ئه‌وه سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری، له‌م چوارچێوه ته‌سكه یاسایی و فه‌رمی و نه‌ریتییه‌ی پێشوو ده‌رچوو.
لێره‌دا لێكۆڵه‌ران و توێژه‌رانی زانستی سیاسه‌ت، به دوای وڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌چن كه بۆچی له هه‌ندێ له وڵاتان دیموكراسی هه‌یه و له وڵاتانی تردا سیسته‌مێكی نادیموكراتیك (جۆاراوجۆر)، بوونی هه‌یه؟ ئایا ده‌كرێت به هه‌مان پێوه‌ری كولتووری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌روه‌ها چوارچێوه‌ی زانستی بۆ ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو و ڕۆژئاوایی، خوێندنه‌وه بۆ سیسته‌می سیاسی و حكوومه‌ت له به‌شه‌كه‌ی تری ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مریكای لاتین، كه زیاتر له 63%ی یه‌كه سیاسییه‌كان و 75% دانیشتووانی جیهان له‌خۆ ده‌گریت، بكرێت؟
بۆیه نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات له كتێبه‌كه‌دا، كه له نۆ (9) به‌شی سه‌ره‌كی پێك دێت، ئه‌م گۆڕانكارییانه بۆ وڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان له سه‌ر چۆنیه‌تیی خوێندنه‌وه و لێكۆڵێنه‌وه له سیسته‌مه سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی جیهان بخاته ڕوو.
له به‌شی یه‌كه‌مدا، د. سەید عەبدولعەلی قەوام هه‌وڵ ده‌دات ڕوانگه نوێیه‌كان له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری به خوێنه‌ر بناسێنێت. له‌م به‌شه‌دا باس له گۆڕانكارییه‌كانی پاش جه‌نگی دووەمی جیهانی و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌رت و بواره جۆراوجۆره‌كان ده‌كات. بۆ نموونه باس له كاریگه‌ریی "شۆڕشی ڕه‌فتاری" له‌سه‌ر بیرمه‌ندانی زانستی سیاسه‌ت و شوێندانه‌ریی زانسته سروشتییه‌كان له‌سه‌ر زانسته مرۆیییهكان، ده‌بێته پرسی سه‌ره‌كیی ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان و به‌م پێیه‌ش زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونیی دیارده سیاسییه‌كان له ڕێكخستنی گریمانه زانستییه‌كان و ئه‌زموونكردنیان ده‌كرێت. لێره‌وه به بڕوای نووسه‌ر، "به‌هاكان" له "واقیعه‌كان" جیا ده‌كرێته‌وه.
به‌م مانایه كه ڕهفتارگهرایان لێكۆڵینه‌وه له ڕه‌فتاری نوخبه سیاسییه‌كان و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و بونیاد و ڕێكخراو و میكانیزمانه ده‌كه‌ن كه نوخبه‌كان له ڕێگه‌یه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌گرنه ده‌ست و جێبه‌جێی ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه بۆ دامه‌زراوه حكومییه‌كان ده‌كه‌ن كه له ڕێگه‌یانه‌وه داواكارییه‌كان ده‌خرێنه ڕوو.
له لایه‌كی تره‌وه، ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت له ڕووی دروستكردنی بڕیار و چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان و ئه‌ركی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانان و دادوه‌ری تاوتوێ ده‌كه‌ن. به‌م پێیه‌ش په‌یوه‌ندیی نێوان چین، كه‌سایه‌تی، گرووپ، كه‌لتوور و به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوون له سیاسه‌تدا شی ده‌كرێته‌وه.
له به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌دا، نووسه‌ر باس له میتۆدی به‌راوردكاری و بونیادی نموونه‌ی باڵا بۆ خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له سیاسه‌ت له ده‌وڵه‌تان ده‌كات، به‌م مانایه‌ی كه سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاریی نوێ، جیاوازی و وێكچوونهكانی سیسته‌مه سیاسییه‌كان ده‌خاته ڕوو. بۆ نموونه وڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌درێته‌وه كه بۆچی سیسته‌می دووحیزبی له هه‌ندی وڵات به‌باشی كار ده‌كات و له وڵاتانی دیكه نا؟ ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه له‌م سیسته‌مه سیاسیییهدا كۆمه‌ڵیك فاكته‌ر و بكه‌ری تری كاریگه‌ری بوونیان هه‌یه كه جیاوازن له دۆخی ده‌وڵه‌تان به به‌راورد له‌گه‌ڵ یه‌كتر. بۆیه، بۆ نموونه دامه‌زراوه‌ی یاسادانان له ده‌وڵه‌تانی جیاوازدا، ڕۆڵ، ئه‌رك و كاریگه‌ری هەیە و به پرۆسه‌ی جیاوازدا تێ ده‌په‌رێت.
به‌شی سێیه‌می كتێبه‌كه تایبه‌ته به دۆزینه‌وه‌ی مۆدێلێكی باڵا یاخود نموونه‌یه‌كی باڵا، وه‌كوو چوارچێوه‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری و به‌م پێیه‌ش سیاسه‌ت له ده‌وڵه‌تاندا. نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م نموونه باڵایه ده‌خاته ڕوو، وه‌كو: ڕه‌هه‌ندی چه‌مكی و ڕه‌گه‌زی تیۆری، كه به پێچهوانهیڕهههندی چه‌مكییه‌وه، ئه‌وه پێویسته ڕه‌گه‌زی تیۆری توانای ئه‌زموونكردنی هه‌بێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه نموونه‌ی باڵا ببێته چوارچێوه‌یه‌كی كرده‌یی بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه كۆ كراونه‌ته‌وه.
به‌شی چواره‌م، ته‌رخان كراوه بۆ سوودوه‌رگرتن له شیكردنه‌وه‌ی سیسته‌م له سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاریدا، كه له پاش شۆڕشی ڕه‌فتارییه‌وه هاتۆته نێو زانسته سیاسییه‌كانه‌وه. بۆ نموونه باس له " پارسۆنز" و "دێیڤید ئیستۆن" ده‌كرێت كه پێناسه‌ی سیسته‌م و پاشان سیسته‌می سیاسی ده‌كه‌ن وه‌كوو كۆمه‌ڵێك له كارلێكی دوولایه‌نه له ده‌وڵه‌تدا. ئه‌م به‌شه‌ی، به هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌وردی باس له چۆنیه‌تیی كاركردنی سیسته‌مێكی سیاسی و وه‌رگرتنی بڕیار و ڕۆڵی به‌هاكان و تاك و گرووپ و بونیاد و دامه‌زراوه‌كان ده‌كات، له سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاریدا گرنگیی تایبه‌تیی هه‌یه. بۆ نموونه باس له‌و پێدراوانه ده‌كات كه وه‌كوو داواكاری و پاڵپشتی، ده‌درێنه هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی و پاشان به‌پێی به‌ها و بونیاده‌كان ده‌كرێنه بڕیاری سیاسی و پاشان ده‌رهاوێشته و ده‌ره‌نجامه (ئه‌رێنی و نه‌رێنی)یه‌كانی ئه‌و بڕیارانه وه‌كوو "فیدباك" ده‌گه‌ڕینه‌وه نێو سیسته‌م.
لێره‌وه ڕۆڵی ژینگه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی به‌رجه‌سته ده‌كرێت و به‌م پێیه، جیاوازیی نێوان چۆنیه‌تیی داواكارییه‌كان و پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاره‌كان له هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی‌دا، به‌پێی جۆری به‌هاكان و ئامانجه‌كانی ئه‌و سیسته‌مه ده‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونه له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو له‌لایه‌ك و ده‌وڵه‌تانی دیموكراتیكی رۆژاوایی یاخود ناسراو به وڵاتانی ئازاد جیاوازیی نێوان ئه‌رك و پرۆسه‌ی دامه‌زراوه‌ی یاسادانان ده‌رده‌كه‌وێت، كه به‌پێی ژینگه و ئایدۆلۆژیا و به‌های سیسته‌می سیاسی ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و چۆنییه‌تی یاسادانان دیاری ده‌كریت و ده‌رده‌كه‌وێت.
له‌م به‌شه‌دا بیروڕای زانایانی ئه‌م بواره (وه‌كوو گابریه‌ل ئهلمۆن و پاول) له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی كاركردنی هه‌ر سیسته‌م و سیسته‌مێكی سیاسی- كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خرێته ڕوو. لێره سیاسه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسی، وه‌كوو دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی به‌هاكان سه‌یر ده‌كرێت.
له به‌شی پێنجه‌می كتێبه‌كه‌دا نووسه‌ر لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری ده‌كات به پێی "شیكردنه‌وه‌ی وه‌زیفی"، به‌م مانایه كه نووسه‌ر به‌پێی بیروڕای "تالكۆت پارسۆنز" و " ماریۆن لێڤی" و "رۆبێرت مێرتۆن" خوێندنه‌وه بۆ چۆنیه‌تیی لێكۆڵینه‌وه له سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری له ده‌وڵه‌تان ده‌كات.
ئه‌م جۆره له شیكردنه‌وه‌یه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌ر به‌ش و ئه‌ندام و بونیاد و دامه‌زراوه و به‌ها و پرۆسه‌یه‌ك هه‌ڵگری ئه‌رك یان چه‌ند ئه‌ركێكه، كه به وه‌زیفه یاخود ئه‌ركی ئه‌و بونیاد و دامه‌زراوه یان ته‌نانه‌ت بوونه‌وه‌ره ده‌ناسرێت. به‌م واتایه كه كۆمه‌ڵگای مرۆیی وه‌كو ئۆرگانیزمێكی بایۆلۆژیك كار ده‌كات، كه هه‌ر به‌شێك له‌م ئۆرگانیزمه كارێكی تایبه‌تی هه‌یه كه ته‌واوكه‌ری به‌شه‌كانی تره كه بۆ ژیان و به‌رده‌وامیی هه‌ر بوونه‌وه‌رێك پێویسته، به‌م شێوه‌یه‌ش له كۆمه‌ڵگاش هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك ئه‌ركێكی هه‌یه كه بۆ سه‌قامگیری و مانه‌وه و پێشكه‌وتنی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه گرنگ و پێویسته.
بۆ نموونه ئه‌ركی خۆگه‌نجاندن له‌گه‌ڵ ژینگه، كاری ئابوورییه. ئه‌ركی ده‌سته‌به‌ركردن و گه‌یشتن به ئامانجه‌كان كاری حكوومه‌ته و ئه‌ركی یه‌كپارچه‌یی و یه‌كگرتوویی و په‌یوه‌ندیی دامه‌زراوه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، كاری دامه‌زراوه یاسایی و ئایینییه‌كانه و هه‌روه‌ها ئه‌ركی پاراستنی به‌هاكان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی بنه‌ماڵه و خێزان و په‌روه‌رده و فێركردن. لێره‌وه‌یه كه به‌پێی جیاوازیی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كان، كه سیسته‌مێكی كه‌لتووریی جیاوازیان هه‌یه، پێنج جۆره بگۆڕ بۆ لێكۆڵینه‌وه له كۆمه‌ڵگای كلاسیكی و مۆدێرن دێته ئاراوه:
- په‌یوه‌ندیی سۆزدارانه و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ست له كۆمه‌ڵگای كلاسیكی، له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندیی فه‌رمی له كۆمه‌ڵگا مۆدێرنه‌كان.
- په‌یوه‌ندیی تایبه‌ت له وڵاتانی دواكه‌وتوو له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندیی گشتی له وڵاتانی پێشكه‌وتوو.
- به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌سی له كۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌كان له هه‌مبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له كۆمه‌ڵگا مۆدێرنه‌كان.
- په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه و ناوچه، له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای شایسته‌بوون له كۆمه‌ڵگای مۆدێرن.
- په‌یوه‌ندییه‌كانی تیكه‌ڵ و ئاڵۆز له كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتووه‌كان، له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندیی تایبه‌تی پسپۆری له كۆمه‌ڵگا مۆدێرنه‌كان.
بۆیه‌شه له هه‌ر ده‌وڵه‌تێك دیارده و دامه‌زراوه‌یه‌ك ئه‌ركی جیاواز و هه‌ندێك جار نه‌رینیی هه‌یه، بۆ نموونه كاریگه‌ری و ڕۆڵی ئایین له ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا جۆراوجۆره‌كان له‌سه‌ر بواره‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ... هتد. به‌م پێیه‌ش تاوه‌كو هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی جۆراوجۆر و ئاڵۆزی هه‌بیت، زیاتر ده‌توانێت ئه‌ركی جۆراوجۆر و داواكارییه جیاوازه‌كان به‌رجه‌سته بكات و وڵامی پێویستیان بداته‌وه. ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگه نه‌ریتی و مۆدێرنه‌كان لێك جیا ده‌كاته‌وه.
له به‌شی شه‌شه‌مدا، نووسه‌ر كولتووری سیاسی و په‌یوه‌ندیی نێوان شیكردنه‌وه‌ی بچووك و مه‌زن و باڵا ده‌خاته ڕوو. به‌م پێیه كه ڕۆڵی كه‌لتووری سیاسی، وه‌كو به‌شێك له كه‌لتووری گشتیی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك، له شوێن‌دانان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری تاك و گرووپه جیاوازه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
به‌گشتی كولتووری سیاسی، به‌رهه‌می مێژووی سیسته‌می سیاسییه، به‌م پێیه‌ش كولتووری سیاسی په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان 1- لێكدانه‌وه‌ی ده‌روونناسانه‌ی ڕه‌فتاری سیاسی تاكه‌كان (شیكردنه‌وه‌ی ورد و بچووك)، هه‌روه‌ها 2- لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسانه‌ی ڕه‌فتاری گرووپ و كۆمه‌ڵه‌كان (شیكردنه‌وه‌ی گه‌وره و باڵا) دروست ده‌كات.
به‌پێی پێوه‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی بیرمه‌ندانی ئه‌م بواره( ئالمۆند و ڤێربا) له كولتووری سیاسی، به‌گشتی جۆره‌كانی كولتووری سیاسی به سه‌ر سێ (3) جۆر دابه‌ش ده‌كرێت كه جیاكه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتوو و نه‌ریتییه‌كان و كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتوو دیموكراتیكه‌كانه:
- كولتووری سیاسیی داخراو(سنووردار)
- كولتووری سیاسیی پاشكۆ(دووره‌په‌رێز)
- كولتووری سیاسیی به‌شدارانه(چالاك) یاخود مه‌ده‌نی.
هه‌ر چه‌ند تێكه‌ڵێك له‌م كولتوورانه له ده‌وڵه‌تاندا ده‌بیندرێت. خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م جۆره كولتوورانهیه كه چۆنییه‌تی په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌ڵك و نوخبه‌كان و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگا و حكوومه‌ت و چۆنیه‌تیی ڕوانینی تاكه‌كان بۆ ڕه‌وایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتداران له‌لایه‌ك و له لایه‌كی تریشه‌وه ڕه‌فتار و بونیاد و بڕیار و به‌هاكانی هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی ده‌ستنیشان ده‌كات. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسی و كاراییی سیسته‌م و هه‌روه‌ها سه‌قامگیری و گۆڕانكاری له سیسته‌مدا هه‌یه.
به‌شی حه‌وته‌می كتێبه‌كه تایبه‌ته به خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری له چوارچێوه‌ی ڕوانگه‌كانی په‌ره‌پێدان و مۆدێرنیزاسیۆن. نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا ڕوانگه جیاواز و جۆراوجۆره‌كان له‌سه‌ر قۆناغه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی- كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و...هتد، ده‌خاته‌روو.
به‌م واتایه كه ئه‌م ڕوانگانه خوێندنه‌وه له فاكته‌ر و بونیاده‌كانی كاریگه‌ر بۆ پرۆسه‌ی گۆڕانكاری له سیسته‌مێكی سیاسی له دۆخێك بۆ دۆخێكی تر ده‌كه‌ن. نووسه‌ر بیروڕای زاناكان بۆ پێوه‌ره جیاوازه‌كانی كاریگه‌ر له‌م گۆرانكارییانه ده‌خاته ڕوو. له‌م به‌شه‌دا بیروڕای كۆمه‌ڵێك بیرمه‌ند و زانای ئه‌م بواره"مۆدێرنیزاسیۆن"، بۆ نموونه وه‌كوو (دێیڤید ئه‌پته‌ر)، (كارل دویچ)، (سامۆئێل هانتینگتۆن)، (برینگتۆن مۆر) و (سیمۆر مارتین لێپیست) ده‌خاته ڕوو.
نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا به‌راوردێك له نێوان پێوه‌ر و بنه‌ماكانی ڕوانگه كلاسیك و مۆدێرنه‌كانی مۆدێرنیزاسیۆن ده‌كات، به‌م پێیه‌ش جیاوازییان و هه‌روه‌ها خاڵی لاواز و به‌هێزیان له خوێندنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی په‌ره‌سه‌ندنی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوایی و ناڕۆژئاوایی ده‌خاته ڕوو. بۆیه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر بیروڕای سامۆئێل هانتینگتۆن، كه زیاتر شیاو و گونجاوه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه ناڕۆژئاوایییهكان. بۆیه هانتینگتۆن، بۆ جیاوازیكردن له نێوان مۆدێله‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ده‌وڵه‌تان، سێ مۆدێلی په‌ره‌سه‌ندنی 1- هێڵی (سوید و بریتانیا) 2- سووڕانه‌وه‌یی (بۆ وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین) 3- دیالێكتیكی ( ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا و ئیسپانیا و یۆنان)، ده‌خاته ڕوو.
هه‌روه‌ها هانتینگتۆن ڕۆڵ و كاریگه‌ریی نوخبه سیاسییه‌كان، بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ئابووریی بورژوایی، چوارچێوه‌ی كه‌لتووری، ژینگه‌ی ده‌ره‌كی و نێونه‌ته‌وه‌یی، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، پهرهسهندووییی دامه‌زراوه سیاسییه‌كان و به‌ربڵاویی به‌شداریی سیاسی بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی مۆدێرنیزاسیۆن، به گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌زانێت.
به‌شی هه‌شته‌می كتێبه‌كه تایبه‌ته به پۆلینكردنی سیسته‌مه سیاسییه‌كان. له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات ڕژێمه سیاسییه جۆراوجۆره‌كان بۆ نموونه: لیبراڵ دیموكراتیك، زۆردارانه‌ی (Authoritarian) یه‌كسانیخواز، نه‌ریتیی یه‌كسانیخواز، پۆپۆلیست، نوخبهگهرای زۆردارانه (Authoritarian)، به‌پێی پێوه‌ره‌كانی (چۆنیه‌تیی دروستكردنی ئامرازه‌كانی كاریگه‌ریی هێز)، هه‌روه‌ها پێوه‌ری (دابه‌شكردنی هێزی سیاسی) و هه‌روه‌ها پێوه‌ری "دروستكردنی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تیی ڕه‌وا" پۆلین بكات.
له‌م به‌شه‌دا بیروڕای زانایانی ناسراو به "دهستهبژێرگهرا" یاخود "نوخبه‌گه‌را"، وه‌كو گائتانۆ مۆسكا و ڕۆبێرت میشێلز و ڕایت میلز و پارێتۆ خراوه‌ته ڕوو.
به‌شی نۆیه‌م و به‌شی كۆتاییی كتێبه‌كه تایبه‌ت كراوه به پێوه‌ره گشتییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه له خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری. له‌م به‌شه‌دا، نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات پێوه‌ر و فاكته‌ره گشتییه كاریگه‌ره‌كان له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری وه‌كو: 1- مێژوو و كه‌لتووری سیاسی 2- هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تیی سیاسه‌ت و هاووڵاتیان 3- سیاسه‌ت به‌پێی ئه‌زموونه واقیعی و به‌رده‌سته‌كانی ده‌وڵه‌ته دیموكراتیك و نادیموكراتیكهكان بخاته ڕوو.
به‌م پێیه، نووسه‌ر ڕۆڵی پارته سیاسییه‌كان و گرووپه جۆراوجۆره نه‌ریتی و ئایینی و ناسنامه‌یی و هه‌روه‌ها گرووپه مۆدێرنه‌كان له وڵاته جیاوازه‌كان له لایه‌ك و هه‌روه‌ها ڕۆڵ و كاریگه‌ریی سوپای سه‌ربازی و بیرۆكراسی و كه‌نیسه و ناوه‌نده ئایینییه‌كان و سه‌ندیكا كرێكارییه‌كان و ڕێكخراوه پیشهیییهكان و گرووپه ژینگه‌یییه‌كان و پارته سیاسییه‌كان و گرووپه جۆراوجۆره‌كانی گوشار و به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌روه‌ها ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن و ڕای گشتی، به‌پێی ئاستی پهرهسهندووییی ده‌وڵه‌تان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر سیاسه‌ت شی ده‌كاته‌وه.
ئه‌وه‌ی كه بۆ ئه‌كادیمی و ڕۆشنبیر و نوخبه و داڕێژه‌رانی سیاسه‌ت له خوێندنه‌وه‌ی زانستیی ئه‌م كتێبه له كوردستانی فره پێكهاته‌دا گرنگه، ئه‌وه‌یه كه ئێمه وه‌كو كۆمه‌ڵگەیه‌ك به جیاوازی و جۆراوجۆریی ناسنامه‌یی و كولتووری و مێژوویی و ئابووری و سیاسی و... هتد، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا، به‌ڵام له‌ژێر كاریگه‌ریی به‌ها باڵا جیهانییه‌كان هه‌وڵی بونیادنانی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌ده‌ین.
به‌م پێیه‌ش ئه‌م كتێبه یارمه‌تیمان ده‌دات له به‌رچاوڕوونیی زیاتری پرۆسه‌ی ئاڵۆزی سیاسی و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفت و ململانێ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كوردستان و چۆنیه‌تیی داڕشتنی بڕیاری سیاسی له چوارچێوه‌ی یاسایی- په‌رله‌مانی، به ڕه‌چاوكردنی ئه‌ركی تایبه‌تیی دامه‌زراوه‌كانمان له ژینگه‌یه‌كی جیاواز له ڕۆژئاوا و به كه‌لتوورێكی سیاسیی تایبه‌ت بۆ خۆمان. ئه‌مه‌ش له هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردی هه‌ڵه و ناڕاسته‌قینه‌ی بارودۆخی سیاسی- كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی و ئابووری و كه‌لتووریی كوردستان له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و دامه‌زراوه سیاسییه‌كان و ئه‌ركه‌كانیان و پرۆسه‌ی سیاسی له وڵاتانی ڕۆژئاوایی دوورمان ده‌خاته‌وه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌م كتێبه كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری زانستیمان ده‌خاته به‌رده‌ست بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردكاریی ڕه‌فتاری سیاسیی تاك و گرووپ و پارته‌كان به پێی كات و شوێنی جیاوازی ناوچه‌یی له كوردستان. به‌م مانایه كه ده‌كرێت چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كان، به ڕوانگه‌یه‌كی نوێ و زانستی تاوتوێ بكه‌ین.
هه‌روه‌ها ڕوانگه‌ی جیاواز و پێكناكۆكی تایبه‌تی گرووپ و تاكه‌كان بۆ دیاده و پرسه‌كان بۆ نموونه: دادپه‌روه‌ری و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كگرتوویی و ڕه‌وایه‌تیی سیسته‌م و... هتد، به به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكانی وڵامدانه‌وه‌ی سیسته‌م به‌ره‌و سه‌قامگیری و په‌ره‌سه‌ندنی سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئاراسته بكه‌ین. به‌م واتایه كه ده‌كرێت مڵملانێ نائاشتیانه و توندوتیژه‌كان له كوردستان له چوارچێوه‌یه‌كی قبووڵكراوی سیاسی- یاسایی و دیموكراتیك‌دا دابڕێژرێته‌وه.
بۆیه، لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاریی ئه‌م كتێبه، ئاشنامان ده‌كات له‌گه‌ڵ كێشه و گرفته ناوخۆیییهكانمان و چۆنیه‌تیی ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی، هه‌روه‌ها به‌ربه‌سته‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له پرۆسه‌ی مۆدێرنیزاسیۆن و شوێندانه‌ریی ئه‌رێنی و نه‌رێنیی ڕۆڵی تاك و گرووپ و ناسنامه و پێكهاته‌كان و ئایین و... هتد، باشتر ده‌ناسین. بۆیه خوێندنه‌وه‌ی وردی ئه‌م كتێبه له زانكۆكان و هه‌روه‌ها بۆ داڕێژه‌رانی سیاسه‌ت له كوردستان، زۆر گرنگ و پێویسته.
ناونیشانی ته‌واوی كتێبه‌كه:
دكتر سید عبدالعلی قوام، سیاستهای مقایسهای، تهران: سازمان مطالعه و تدوین کتب علوم انسانی دانشگاهها(سمت)، چاپ دوازدهم، 1390.
ئەرشیف