ڕۆڵ و کارتێکەرییەکانی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی بابەتێکی تەواو کراوەیە، کە ئاخۆ ئەم کەرەسانە بە هاوکێشە مرۆڤییەکانییەوە، دەتوانن چ دەورێک لە کۆمەڵگەدا بگێڕن، هەروەها تا چەند دەتوانن یارمەتیدەر، یان تەواوکەری دیپلۆماسیی گشتی بن؟ هەروەها پرسی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی، لە سیاسەتی میدیاکاندا چ شوێنێکی هەیە؟
بەر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ڕاگەیاندن دەورێکی ستوونیی لە کۆمەڵگەدا دەگێڕا و پەیوەندییشی لەگەڵ هاووڵاتیاندا یەکلایەنە بوو. بە سەرهەڵدانی ئینترنێت و لەدایکبوونی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها شەپۆلی زانیاری و دەستاودەستکردنی دەنگوباس و زانیاری، دۆخێکی نوێ هاتە کایەوە و ڕاگەیاندنی لە قۆناغی یەکلایهنەوە بەرەو قۆناغی دوولایەن گواستەوە، کە تێیدا هاووڵاتیانیش توانییان دەوریان لە دەستاودەستکردنی زانیاریدا هەبێت. ئەم ئاڵوگۆڕە، خێرا کارتێکەریی لەسەر سیاسەت و بڕیاردا کرد و دەرفەتیشی بۆ هاووڵاتیان ڕەخساند کە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ڕای خۆیان هەبێت و دەنگی خۆیشیان بەوانی تر بگەیهنن. هەر ئەوان (هاووڵاتیان) دەتوانن لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆپیشاندانی ئەلێکترۆنی وەڕێ بخەن، جا چ بۆ پشتیوانی لە پرسێک بێت، یان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی سەبارەت بە کێشە و هەڕەشەکان. ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، دەسەڵاتیان بە هاووڵاتیان داوە.
ئەمەیش بەتەنیا هاووڵاتیانی نەگرتۆتەوە، کە بەسانایی دەستیان بە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن (تویتێر، فەیسبووک و...) ڕا بگات، بەڵکوو بوارێکی گونجاویشی بۆ سیاسەتوانان و دیپلۆماتکاران ڕهخساندووه کە زۆرترین پەیوەندییان بە هاووڵاتیانەوە هەبێت. سیاسەتوانان زۆر بەخێرایی توانییان و دەتوانن لە چرکەساتێكدا سیاسەت، بیروبۆچوون و بڕیارەکانی خۆیان بدهنە هاووڵاتیان و، ڕای گشتی چێ بکەن. هەر لەبەر ئەمە، ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی کارتێکەرە، چونکە هێز و دەسەڵاتی هەیە.
کارناسانی کاروباری میدیایی لەسەر ئهو بڕوایەن کە "بەکارهێنانی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن لە لایەن ڕێبەران و دیپلۆماتکارانەوە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوە، ڕاگەیاندنی کردۆتە بەشێک لە دیپلۆماسیی گشتی." ئەم دیاردەیەیش لە دوای ١١ی سێپتهمبهری ٢٠٠١ەوە زۆر بەهێز و بەرچاو بووە؛ هەر لەبەر ئەوەیە کە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن هێزێکی نوێیان بە دیپلۆماسی داوە. هەر ڕاگەیاندنە، کە واتاسازییان بۆ دەکات و دەوری "گوتارچێکەر"یش دەگێڕن و زانیاری بەرهەم دێنن، هەروەها لە یارییە دیپلۆماتییەکاندا دەور دەگێڕن.
میدیای سەردەم (ئەلێکترۆنی- دیجیتاڵ)، تەنانەت هێز و دەسەڵات بە هاوکێشە نادەوڵەتییەکانیش (بۆ نموونە هەرێمی کوردستان) دەدات کە شان لە شانی دەوڵەتەکانی ناوچە و جیهان بدات؛ بەو مەرجەی دیپلۆماسیی گشتیی هەرێمی کوردستان و ئامرازی ڕاگەیاندنی وڵات، پێکەوە هەماهەنگییان هەبێت. ئەگەر هەرێمی کوردستان لە بواری هێزی "ڕەق"ەوە (بۆ نموونە سوپا) لاوازە و ناتوانێت کێبەرکێ لەگەڵ هاوکێشە ناوچەیییەکاندا بکات، خۆ لە بواری هێزی "نەرم"ەوە (ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیی نوێ)، دەتوانێت یاریکەرێکی باش بێت؛ بەو مەرجەی سیاسەتێکی میدیاییی ڕوون، چڕ و تۆکمەی ههبێت کە ئاڕاستەی لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بێت و، هەروەها دەبێ دوور بێت لە ڕوانگەی ئامرازانه (Instrumentalism) سەبارەت بە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن، کە گۆیا کاریان "تەنیا" بڵاوکردنەوەی زانیارییە. ئەمەیش ڕێک پەیوەندیی بە پراگماتیزمی ڕاگەیاندنەوە هەیە، کە زۆرترین بینەر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. لە کۆتاییدا، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەییش پرس و خەمی سەرەکیی ئەو بێت. لەم بوارەدا بەرپرسیارێتی، متمانە و خێرایی، دەبێ کۆڵەکەی سەرەکیی دیپلۆماسیی میدیایی بێت.
دیپلۆماسیی میدیایی بە ڕێگەی کەرەسەی سنووربەزێنەوە
جاران سنوورە خاکییەکان بە هێزی چەکدار و سیخوڕەوە پۆشتە دەکران بۆ ئەوەی بەر بە زانیاری بگرن، بەڵام ئێستا بە ڕێگەی ئینترنێت و سهتهلایتەوە، شەڕەکە بۆ ئاسمان گوێزراوەتەوە و بەشێکی گرینگ لە ململانێکان لە ئاسماندا ڕوو دەدەن. هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەو ململانێیەدا بەشدار بێت؛ هەم بۆ گەیاندنی پەیامەکانی، هەمیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەیامانەی کە هەڕەشە لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمی کوردستان دەکەن. هەرێمی کوردستان بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی نەرمی ڕاگەیاندن، دەتوانێت بە ناردنی زانیاری بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی، دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بە شێوەیەکی نەرم "بۆمباران" بکات، کە لووتکەی ئەم کارە گەورەیە گەیاندنی بەرنامە و پلانی نەتەوەیی و پرسی چێکردنی "دەوڵەتی کوردستان"ە. ڕێک لێرەدایە کە لە هەرێمی کوردستانیش، دیپلۆماسیی گشتی و دیپلۆماسیی میدیایی بەیەک دەگەنەوە.
کیت هیندێڵ (Keith Hindell) لە ڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری ڕۆڵ و گرینگیی میدیا لە کاروباری دیپلۆماسیدا دەکات: "دەستگەیشتن بە زانیاری و، خێراییی گواستنەوەی زانیاری بۆ ڕای گشتیی دەرەوە، میدیای کردۆتە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیپلۆماسی." بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە گرینگە بەباشی بەڕێوە بچێت، پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان سیاسەتوانان و کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بۆ دەستاودەستکردنی زانیاری، لە مەرجە سەرەکییەکانە.
ڕاگەیاندن بۆ لێکترازانی کۆمەڵگە چێ نەکراوە، بەڵکوو بە هۆی گەیاندنی زانیاری و بەسەرکردنەوەی گشت کەلێن و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگە، هەوڵ دەدات چین و توێژە ڕەنگاوڕەنگەکان لێك نزیک بکاتەوە تا دەنگیان بە حوکمڕانان بگات، هەروەها ڕا، پلان و تەمای دەسەڵاتدارانیش بە هاووڵاتیان بگەیهنێت.
لە بواری ناوخۆییشەوە، بە دانی زانیاریی دروست و جێی متمانە، ڕاگهیاندن دەتوانێ مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان کەمتر و کەمتر بکاتهوه. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، دەسەڵاتی هەیە، هەر لەبەر ئەوە کارتێکەرە و، بە باشترین شێوە دەشێت سەبارەت بە پرسێک ڕای گشتی چێ بکات. "مانوێل کاستێلز" پێی وایە کە "کەرەسە نوێیەکانی ڕاگەیاندن سروشتێکی وایان هەیە، كه دەتوانن چوارچێوەیهك بۆ سیاسەت دابڕێژن كه کاریگهرییان لەسەر هەڵبژاردنەکان و بڕیارە سیاسییەکان هەبیت."
جێی وەبیرهێنانەوەیە، کەرەسەکانی ڕاگەیاندنیش لەمێژە بەجیهانی بوونە. بەشێکی هەرە زۆری ئەو کەرەسانەی کە لە ئەمریکا و ئەوروپا دەست دەکەون، لە هەرێمی کوردستانیش هەن، بەڵام ئەوە سیاسەتی میدیایی و هاوکێشەی مرۆڤییە، کە قسەی کۆتایی دەکات؛ چونکە کەرەسەکان بەبێ سیاسەتێکی نەتەوەیی و هاوکێشەی کارامەی مرۆڤی، تەنیا ئاسنەواڵەن.
بەدەوڵەتبوون
هەرێمی کوردستان ئەوە زیاتر لە بیست ساڵە خاوەنی حوکمڕانییە؛ لە بواری میدیاییشەوە لە سەردەمی ڕاگەیاندنی دیجیتاڵیدا دەژیت و بۆتە بەشێک لەو جیهانە ئاڵۆز و خێرایە و، کەوتۆتە بەر لافاوی زانیاری و دەنگوباسەوە. هەرێمی کوردستان لە چواردەرەوە، هەم بە خاک و هەمیش بە ڕاگەیاندنەوە گهمارۆ دراوه؛ ئەو دەرفەتە میدیایییەی کە بۆی ڕەخساوە و ئەمڕۆکە خاوەنیەتی، زۆر بەئاسانی و خێرایی دەتوانێت ئەو گەمارۆیانە بشکێنێت و شان لە شانی ڕاگەیاندنی زلی جیهانی بدات. هەر ئەمە بنەمایەکی باشە بۆ ئەوەی سیاسەتوانان و دیپلۆماتکارانی وڵات بە چاوێکی ترەوە سەیری ڕاگەیاندن، ڕۆڵ و کارتێکەرییهكهی لە ناوخۆ، ناوچە و جیهاندا بکەن. ڕاگەیاندنەکان دەتوانن باشترین دەرفەت بۆ گەیاندنی پەیام بڕەخسێنن، باس و گفتوگۆی عەقڵانی لە ناوخۆدا بێننه گۆڕێ؟، سیاسەتوانان لە کۆمەڵگە نزیک بکەنەوە، هەروەها پەیامی ئاشتی، پرسی بەدەوڵەتبوون، پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردنی نەتەوەیی و ئایینیی ناوخۆ، سیاسەتی ئاشتیخوازی و ژیاندۆستی، بە وڵاتانی دەوروبەر و دانیشتووانی ئەوان بگەیهنن.
کۆبەند
گەرچی دیپلۆماسیی گشتی (بەئاشکرا و نهێنییەکەیەوە) لەسەر مێزی دانوستان و یەکلانە و دوولایەنەدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام دەوری میدیا لە گەیاندنی پەیامی بڕیاربەدەستەکان هەم لە ناوخۆ و هەمیش بۆ "دەرەوەی نزیک" و "دەرەوەی دوور"، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە. لە هەر دوو بواردا، ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی دەتوانێت ڕای گشتی چێ بکات، تەنانەت دەتوانێت پرسێک بورووژێنێت و گرووپ و دەوڵەتانیش بەخۆیەوە سەرقاڵ بکات.
لە جیهانی ئێستادا، بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمریکادا، ڕای هاووڵاتیان، ناوەندە هزری و دامەزراوە مەدەنییەکان بەشێکن لە سیاسەت، چونکە ڕای ئەوان بەهەند وەردەگیرێت؛ هاوکاتیش ئەم هاوکێشانە دەوری گرووپی گوشاریش لەناو وڵاتی خۆیاندا دەگێڕن. هەروەها بە بوونی سیاسەتێکی دروستی میدیایی، هێزی نەرمی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو شەپۆلە نەرێنییە دیجیتاڵی و ئاراستەکراوانە ببێتەوە کە ئاراستهیان لە هەرێمی کوردستانه.
ئەرشیف