خستنه‌ڕووی بابه‌ت:
سەرەكیترین پرسیار لە لێكۆڵینەوەكانی ئاسایش‌دا سەرچاوەی ئاسایشە؛ بەم مانایە كە دەبێت دیاری بكرێت ئاسایشی چ كەسێك، یان ئاسایشی چ شتێك، دەبێت دەستەبەر بكرێت و بپارێزێت: ئاسایشی دەوڵەت؟ ئاسایشی ڕژێم؟ ئاسایشی نەتەوە؟ یاخود ئاسایشی تاك تاكی هاووڵاتیان؟ ئەمانە دەبێت بەگوێرەی پرسیاری ئاسایش وەڵام بدرێنەوە. لێره‌وه ئه‌وه‌ی كه بۆ ئێمه‌ی كورد پێویسته ڕاوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت، دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسارهیه كه له سه‌رده‌می پۆست-داعش، ئاسایشی كورد له عێراق پارێزراوه یاخود ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه؟
به‌پێی ئه‌زموونی پێش 2003، كه به‌رده‌وام ئاسایشی ناسنامه‌ییی كورد له‌ژێر مه‌ترسیی سڕینه‌وه (كیمیاباران و ئه‌نفال وه‌ك نموونه)دا بووه و، له پاش 2003 ئه‌م ئاسایشه به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا بووه (سیاسه‌تی "مالكی" له ڕووی سه‌ربازی و سیاسی و ئابووری و، هه‌روه‌ها هێرشی داعش بۆ كوردستان وه‌ك نموونه)، پێویسته ئه‌م خاڵه له‌به‌رچاو بگرین كه ئایا ئه‌م ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مه سیاسییه‌ی ئێستای عێراق، ده‌توانێت ئاسایشی ئێمه بپارێزێت؟ یاخود ئاسایشی عێراق بریتییه له ئاسایشی كورد و پێكهاته‌كانی تری ناو عێراق؟ چونكه له دوای نه‌مانی هه‌ڕه‌شه‌ی داعش وه‌ك دوژمنێكی هاوبه‌ش له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، ئه‌وه ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێكی تر له نێوان ناسنامه‌ی شیعی له ڕێگه‌ی "حه‌شدی شه‌عبی"یه‌وه به هۆی هه‌ڵوێست و لێدوانی ئه‌م دوایییه‌ی به‌رپرسانی باڵای ئه‌م گرووپه چه‌كدارانه، به بیانوو و پاساوی گێڕانه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی یه‌كپارچه‌ییی عێراق و ... له ئارادایه. بۆیه لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌پێی ڕوانگه و چوارچێوه‌ی تیۆریی قوتابخانه‌ی كۆپنهاگن (Copenhagen School of security studies)، (بۆزان و هاوكاره‌كانی)، تاووتوێی ئاسایشی كورد له چوارچێوه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌تی عێراقدا له سه‌رده‌می پاش داعش بكه‌ین.
سه‌رچاوه‌ی ئاسایش:
"باری بۆزان" (Barry Buzan) لە كتێبی )خەڵك، دەوڵەتان و ترس: بەرنامەی كارێك بۆ خوێندنەوەی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەردەمی دوای جەنگی سارد)، دەوڵەت بە سەرچاوەی ئاسایش دادەنێت. بۆزان لە كتێبی دواتری خۆی "چوارچێوەیەكی نوێ بۆ شیكردنەوەی ئاسایش"، كۆمەڵگە دەكاتە سەرچاوەی ئاسایش و، ئاسایشی كۆمەڵگەیی بە هاوتای ئاسایشی نەتەوەیی دادەنێت. بۆزان لە لێكۆڵینەوەیەكی تردا لەژێر ناونیشانی "ئاسایش و ئابووری لە جیهانی سێیەم" لە ساڵی (1998)دا، ئاسایشی ڕژێمەكان بە گرنگتر لە ئاسایشی دەوڵەت دەزانێت. بۆزان بە جەختكردن لەسەر دەوڵەتانی دواكەوتوو، كە ئامانج لە سیاسەتەكانی حكوومەت دەستەبەركردنی ئاسایشی هاووڵاتیان نییە، بەڵكوو گەرەنتیكردنی دەسەڵاتی نوخبەكانە لەسەر بنەمای هێز، بەڵام "وەیڤەر" لە بەرامبەر ئاسایشی دەوڵەت و ڕژێمدا، سەرچاوەبوونی گرووپە جیاوازەكان لە كۆمەڵگهدا و، پێویستیی بەهێزكردنیان بۆ پارێزگاریكردن لە ناسنامەكەیان و، هەروەها یەكگرتوویی و زمان و كه‌لتووریان دەكاتە بابەت و سەرچاوەی ئاسایش و، بەرگری لەم بیرۆكەیە دەكات.
لە كۆتاییدا دەستەیەك لە لێكۆڵەران ئاسایشی تاك تاكی هاووڵاتیان، كە بڕیار وایە گرووپێك پێك بێنن و دەوڵەت دروست بكەن، بە سەرەكیترین بابەتی ئاسایش هەژمار دەكەن. لەو زانایانە، دەتوانین ئاماژە بە "كین بۆس" بكەین كە لە لێكۆڵینەوەیەكدا بە ناوی "ئاسایش و ڕزگاری"، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئاسایش بریتییە لە ڕزگاركردنی هاووڵاتیان و جەماوەر (تاكەكان و گرووپەكان) لە سنووردارێتییه‌كانی فیزیكی (وەكوو برسێتی) و، مرۆڤی (وەكوو دەستبەسەركردنی سیاسی، یان به‌ندكردنی سیاسی)، كە دەبنە بەربەست بۆ هەڵبژاردنی ئازادانەی مرۆڤەكان لە ژیانیان بۆ بابەتە جۆراوجۆرەكان. لە ڕوانگەی بۆس، كەسی نەخۆش، برسی، هەژار، دەستبەسەركراو و بێكار، ناتوانێت هەڵبژاردنێكی ئازاد بكات؛ بۆیە ڕزگاركردنی تاكەكان بابەتی سەرەكیی ئاسایشە.
هەروەكوو پێشتر ئاماژەی پێ كرا، بۆزان لە بەرهەمە سەرەتایییەكانی خۆیدا بەرگریی لە سەرچاوەبوونی دەوڵەت لە لێكۆڵینەوەكانی ئاسایش‌دا دەكرد، هەروەها ئاسایشی ئابووری، سەربازی، كه‌لتووری، كۆمەڵگەیی و ژینگەییی وەكوو بوار، یان ڕەهەندە سەرەكییەكانی دەستەبەركردنی ئاسایشی نەتەوەیی هەژمار دەكرد، بەڵام لە ساڵی (1993)، واتە دەیەیەك پاش بڵاوبوونەوەی كتێبی "خەڵك، دەوڵەتان و ترس" باس لە ئاسایشی ناسنامه‌ییی گرووپە كۆمەڵایەتییەكان لە پاراستنی زمان، نەریت و كه‌لتووری خۆیان وەكوو سەرچاوەیەكی تری ئاسایش لە تەنیشت ئاسایشی دەوڵەت دەكات.
بەپێی شیكردنەوەكانی "بۆزان" و "وەیڤەر" بەڕوونی دەردەكەوێت كە لە سەرەتای (1990) و لە سه‌روبه‌ندی جەنگەكانی ئیتنی و توندوتیژییەكان لە باڵكان و هاوكات لەگەڵ شەپۆڵی كۆچی بەرفراوان بۆ ئەوروپا، بەتایبەت بۆ دەوڵەتانی ئەسكەندیناڤیا، پرسی ناسنامە، لە ڕەوتی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەردەچێت و دەكەوێتە خانەی بابەتەكانی ئاسایش.
هه‌ڕه‌شه جۆراوجۆره‌كانی ئاسایشی ناسنامه:
لە ڕوانگەی"بۆزان" و "وەیڤەر" هەر كۆمەڵگەیەك بەپێی پێكهاتەی ناسنامەكەی، مەترسییە ناوخۆیی و هەڕەشە دەرەكیییهكانی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ نموونە:
1) ئەگەر ناسنامەی كۆمەڵگەیەك لەسەر جیابوونەوە، یان گۆشەگیری و تەنیابوون دروست بووبێت، تەنانەت زیادبوونی ژمارەیەكی بچووك لە بێگانەكانیش بە كێشەی ئاسایشی دەزانێت، وەكوو: فینله‌ندا.
2) ئەو ناسنامانەی كە بە هۆی زیاتربوونی ژمارەی ئه‌ندامانی ناسنامه‌كانی دیكه ده‌كه‌ونه ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه، وەكوو: سوننه‌كانی لوبنان.
3) یان لە ڕێگەی سەركوتكردنی زۆرینە (وەكوو سیربەكان لە كۆسۆڤۆ) كۆنتڕۆڵی دەوڵەتیان لەدەستدایە، لە بەرامبەر شەپۆڵی دانیشتووانی لایەنی بەرامبەر، یان بەرزبوونەوەی لەدایكبوونی ئەوان زۆر لاوازن و، هەست بە هەڕەشە و مەترسی دەكەن، وەكوو: ئیسڕائیلییەكان لە بەرامبەر زیادبوونی ژمارەی فەڵەستینیەكان لە كەرتی غەزە.
4) ئەگەر ناسنامەی نەتەوەیی، بە هەندێك داب و نەریتی كه‌لتووریی تایبەتەوە گرێ درابێت، ئەوە هەر كه‌لتوورێكی جیهانیی بۆ ئەو ناسنامەیە، هەڕەشە و مەترسییە.
5) ئەگەر تەوەری سەرەكیی ناسنامەی نەتەوەییی كۆمەڵگەیەك "زمان" بێت، ئەو كاتە باڵادەستیی زمانێك، بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی، لەتەك نفووزی ڕوو لە زیادبوونی كۆمەڵگەكان لەسەر یەكتر، دەبێتە هۆی كێشە، وەكوو: كیوبیك لە كەنەدا.
6) ئەگەر نەتەوەیەك لە تێكەڵكردنی ژمارەیەك نەتەوە و گرووپی ئیتنی و ئایینی پێك هاتبێت، بە شێوەیەك كە ژیانی نەتەوەییی هەر یەك لەو گرووپانە مێژوویەكی جیاوازی هەبێت، ئەوە بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم و بیرۆكەی خۆبەڕێوەبردن، یان سەربەخۆیی، دەتوانێت كوشندە بێت، وەكوو: یۆگسڵاڤیای پێشوو، عێراقی پێش 2003 و یەكێتیی سۆڤیەتی.
7) ئەگەر نەتەوەیەك بریتی بێت له پێكهاتەیەك كه له گرووپە جیاوازەكان دروست كرابێت، كە لە ڕێگەی ناسنامەیەك گرووپێكی نوێیان پێك هێنابێت، ئەوە ناسنامەی نەتەوەییی ئەو دەوڵەتە لە بەرامبەر بەرجەستەبوونی جیاوازییەكان و وێكنەچوونی نەژادی و كه‌لتووری، دەكەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسییه‌وه، وەكوو: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
ئاسایشی كورد له عێراقی پاش داعش:
به‌پێی ڕوانگه‌ی باری بۆزان و هاوكاره‌كانی بۆ پرسی ئاسایش به شێوه‌یه‌كی گشتی و، به‌پێی ئه‌زموونی سیاسه‌ت و ئاسایش له عێراق و، هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كانی پاش 2003 و جه‌نگی دژی داعش، ده‌توانین هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌ته‌كانی سه‌ر ئاسایشی كورد له پاش نه‌مانی داعش له عێراق به‌م شێوه‌یه پۆلین بكه‌ین:
ده‌رفه‌ته‌كان:
- به هۆی جه‌نگی دژی داعش و دلێری و نه‌به‌ردیی هێزی پێشمه‌گه و كورد له شكستی داعش، له ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ڕه‌وایه‌تی بۆ پێشمه‌رگه و به‌گشتی پرسی كورد له باشووری كوردستان دروست بووه. ئه‌مه‌یش وای كردووه كه ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌ییش، ڕۆڵی كورد له پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه و جه‌نگی دژه‌تیرۆر، به فاكته‌ر و ته‌نانه‌ت ئه‌كته‌رێكی گرنگ بزانن. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ئاسایشی كورد به ئاسایشی ده‌وڵه‌تانی تر و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكاوه به‌ستراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه له ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، پرسی داهاتووی عێراق (مانه‌وه یاخود هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی) بۆ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی گرنگ بێت و، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان له عێراقیشدا بمێنێته‌وه ئه‌وه وه‌كوو بنكه‌یه‌ك بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌تانه سه‌یر ده‌كرێت؛ له كاتێكدا متمانه به به‌غدا له ئاستێكی لاوازتردایه.
- جه‌نگی دژی داعش پێگه‌ی سیاسی و دیپلۆماسیی هه‌رێمی كوردستانی به‌رزتر كرده‌وه و، هه‌ولێر بووه وێستگه‌یه‌كی گرنگی دیپلۆماسی و سه‌ربازی له ناوچه‌كه. به‌م پێیه‌یش كورد توانیی چه‌ندین ده‌رگه‌ی دیپلۆماسیی گرنگ به‌ڕووی خۆیدا بكاته‌وه؛ ئه‌مه‌یش یارمه‌تیی كورد ده‌دات كه له هاوكێشه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه و ناوخۆی عێراقدا به‌كاری بێنێت.
- پرسی تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانی داعش و داهاتووی عێراق پێكه‌وه‌گرێدراون. به‌م مانایه كه سیاسه‌تی تائیفیی به‌غدا و په‌راوێزخستنی سوننه، وای كرد كه داعش ئه‌و ناوچانه به‌ئاسانی داگیر بكات. بۆیه له ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی عێراق به‌یه‌كگرتوویی، ئه‌وه پشكی پێكهاته‌كان و به‌شدارییان، وه‌ك كورد و سوننه، پارێزراوتر ده‌بێت. لێره‌وه ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی به‌غدا لاوازتر ده‌بێت؛ ئه‌مه‌یش ئاسایشی كورد زیاتر ده‌پارێزێت.
- جه‌نگی دژه داعش وای كرد، كه هێزی پێشمه‌رگه ڕاهێنانی زیاتری مه‌یدانی و پراكتیكی و، هه‌روه‌ها له لایه‌ن هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه بكات و ئاشنای جه‌نگی نوێ و ته‌كنیك و ستراتیژییه‌كانی ببێت. ئه‌م خاڵه‌یش وا ده‌كات كه هێزی پێشمه‌رگه له هێزێكی پارتیزانی ده‌ربچێت و ئاماده‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌كته‌ره‌كانی تر ببێت. ئه‌م خاڵه‌یش دڵنیاییی زیاتر بۆ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات و، ئه‌كته‌ره‌كانی تر به‌هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه ده‌كه‌ن.
- به بوونی هێزی پێشمه‌رگه و، هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كانی له پاش سه‌رده‌می داعش، هه‌رێمی كوردستان له پێگه‌یه‌كی به‌هێزتره‌وه ده‌توانێت دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات. بۆ نموونه چه‌ندین ناوچه، كه پیش‌تر له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه یاخود به هاوبه‌شی كۆنترۆڵ ده‌كران، ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی كوردستاندان. له لایه‌كی تریشه‌وه پرسی خاوه‌ندارێتی و ده‌رهێنان و فرۆشتن و ئیداره‌ی نه‌وت و غاز، بۆته پرسێكی ڕه‌وا و ئاسایی و دانپێدانراوی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی؛ كه ئه‌مه‌یش له پاڵ ڕیفۆرمی ئابووری له كوردستان، ده‌توانێت پێگه‌ی جیۆئیكۆنۆمیكیی كوردستان به‌رز بكاته‌وه.
- له سه‌رده‌می پۆست-داعش، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت له ڕێگه‌ی به‌شداریكردن له بووژانه‌وه‌ی ژێرخانه ئابوورییه‌كانی ناوچه سوننه‌كان و، هه‌روه‌ها به‌شداری له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان كه وێران كراوه، ڕۆڵێكی گرنگ و گه‌وره ببینێت. ئه‌مه‌یش له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه ئاستی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌رزتر ده‌كاته‌وه و نفووزی هه‌رێمی كوردستان له‌و ناوچانه (هه‌رچه‌نده بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراویش بێت) زیاتر ده‌كات.
هه‌ڕه‌شه‌كان:
- جۆرێك له هه‌ماهه‌نگی و یه‌كگرتوویی له سه‌رده‌می جه‌نگی دژی تیرۆر (داعش) له كوردستاندا بوونی هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری بوونی دوو ئاراسته‌ی ناوخۆیی له هه‌مبه‌ر چاره‌سه‌ركردنی پرس و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و نه‌بوونی یه‌كگوتاری و درێژه‌كێشانی بارودۆخی ناله‌باری سیاسیی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ئاسایشی كورد له سه‌رده‌می پۆست-داعش داده‌ندرێت. ئه‌مه پێگه‌ی كورد له عێراق و ته‌نانه‌ت چاره‌نووس و ئه‌نجامی پرسی سه‌ربه‌خۆیی، ناڕوون و لاواز ده‌كات.
- بوونی میلیشیای چه‌كداری هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سوپای عێراق، وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی، كه چیتر دوژمنی ڕاسته‌وخۆی وه‌كوو داعشی نییه و، له هه‌مان كاتدا ڕه‌وایه‌تیی سه‌ركه‌وتن له جه‌نگی دژی داعشی هه‌یه، یه‌كێكه له‌و هه‌ڕه‌شه گه‌ورانه بۆ سه‌ر كورد له چوارچێوه‌ی عێراقی پاش داعشدا. چونكه له لایه‌ك ئه‌م هێزانه له لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی و ئاراسته ده‌كرێن و، له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌توانن خودی كورد دابه‌ش بكه‌ن و ورده-ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وه‌كوو شیعی له كورد جیا بكه‌نه‌وه و، بۆ كورده شیعه‌كان ناسنامه ئایینییه‌كه‌یان بكه‌نه ئه‌وله‌وییه‌تی پاراستنی ئاسایشی ناسنامه‌یی و، به‌م پێیه‌یش له ناوچه‌كانی تریش به پاڵپشتیی داراییی ئێران و حكوومه‌تی به‌غدا له ڕێگه‌ی دروستكردنی حه‌شدی جۆراوجۆر، هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی بۆ سه‌ر كوردستان دروست بكه‌ن.
- له پاش نه‌مانی داعش، ئه‌و سیناریۆیه كه ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌ییی عێراقی -شیعی (كه پێناسهكهر و ئاراسته‌كه‌ری جووڵه سیاسی و ئاسایشییه ناسنامهیییهكانه) له چوارچێوه‌ی ناسنامه‌ی كورددا پێناسه بكرێت، یه‌كێك له‌و هه‌ڕه‌شانه‌یه كه له ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ی كورد له‌وانه‌یه ڕوو بدات. به مانایه‌كی تر، به‌غدا له ڕێگه‌ی هێزه عێراقییه‌كانه‌وه كورد وه‌ك هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر یه‌كپارچه‌ییی عێراق بناسێنێت و، له‌م ڕێگه‌یه‌وه ناكۆكییه‌كانیان وه‌لاوه بنێن و دژی كورد هاوپه‌یمانێتی گرێ بده‌ن، ئه‌گه‌رێكی مه‌ترسیدار و كراوه‌یه.
- پابه‌ندبوونی وڵاتانی ناوچه‌كه به یه‌كپارچه‌ییی عێراق و ڕێگه‌گرتن له سه‌ربه‌خۆییی كوردستان به پاساوی تێكچوونی ئاسایشی ناوچه‌كه، به یه‌كێكی تر له‌و مه‌ترسییانه‌ی سه‌رده‌می پۆست-داعش داده‌ندرێت. لێره‌وه ده‌وڵه‌ته نه‌یاره‌كانی ناوچه‌كه، وه‌ك توركیا و ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی، ده‌كه‌ونه به‌ره‌یه‌كه‌وه. ئه‌مه‌یش بۆ ئاسایشی كوردستان به خاڵێكی مه‌ترسی داده‌ندرێت.
- له پاش لاوازبوون یاخود كۆتاییهاتنی جه‌نگی دژی داعش له لایه‌ن وڵاتانی هاوپه‌یمانه‌وه (هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر داعش به‌ته‌واویش له‌ناو نه‌چێت)، ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه كه یارمه‌تی و پاڵپشتییه دارایی، سه‌ربازی و سیاسیییهكانی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی بوه‌ستێت یاخود زۆر لاواز بێت. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێته ژێر گوشار؛ له لایه‌ك له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی، وه‌ك ئێران وتوركیاوه و، له لایه‌كی تریشه‌وه له لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ندیی به‌غداوه.
- دروستبوونی هاوسه‌نگییه‌كی نوێ له پاش سه‌رده‌می پۆست-داعش له ناوچه‌كه‌دا له نێوان وڵاتانی هه‌رێمی له لایه‌ك و، وڵاتانی ڕۆژاوایی و ڕووسیا له لایه‌كی تره‌وه، وا ده‌كات كه له سه‌رده‌می پۆست-داعشدا ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر گوشاری هه‌رێمی له چوارچێوه‌ی عێراقدا پێناسه بكرێته‌وه. ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه توانا و سنووری مانۆڕی هه‌رێمی كوردستان سنووردار و لاواز ببێت. ئه‌م خاڵه‌یش هه‌رێمی كوردستان له هه‌مبه‌ر به‌غدا لاواز و له‌رزۆك ده‌كات.
- دروستكردنی ناكۆكیی نێوان سوننه و كورد له لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غداوه له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی كه له‌ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دان، خاڵێكی تره كه به هۆی سروشتی ئاڵوگۆڕه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی پاش نه‌مانی داعش و هاوسه‌نگیی هێزه هه‌رێمییه‌كان، ده‌توانێت ئه‌گه‌ری دروستبوونی جه‌نگێكی تر بۆ هه‌رێمی كوردستان بێنێته ئاراوه. ئه‌مه‌یش هه‌رێمی كوردستان له عێراق لاواز ده‌كات و، هه‌روه‌ها به هۆی پاڵپشتیی ده‌وڵه‌تانی سوننه و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا لاواز ده‌كات. لێره‌وه هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته نێو دۆخێكی ئاسایشیی دژبه‌یه‌ك؛ ئه‌مه‌یش جگه له ڕووی ئاسایشییه‌وه (سه‌ربازی)، كاریگه‌ریی سیاسی و ئابووریی زۆری بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
- دروستبوونی گرووپی تیرۆریستی یاخود ڕه‌وانه‌كردنیان بۆ كوردستان، ئه‌گه‌رێكی مه‌ترسیدار و چاوه‌ڕوانكراوه. به‌م پێیه بێجگه له ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بواره‌كانی تری سیاسی و ئابووری ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و، ڕه‌وایه‌تیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان له ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسی و پرسیاره‌وه.
- یه‌كێك له ئه‌گه‌ره زۆر لاواز به‌ڵام مه‌ترسیداره‌كان بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، بریتییه له به‌كارهێنانی هێزه ئه‌منییه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی گرفت و ناكۆكییه سیاسییه‌كان له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان؛ به‌و پێیه‌ی كه به‌شێكی زۆر له هێزی پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو شاره‌كان و، دوژمنی هاوبه‌ش (داعش) نامینێت. له ئه‌گه‌ری ڕوودانی كارێكی له‌م چه‌شنه، لێره‌وه كۆی ڕه‌وایه‌تیی ئه‌زموونی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته ژێر پرسیار و هه‌ڕه‌شه‌وه.
- دوای نه‌مانی جه‌نگی داعش به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ، ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه. به‌م مانایه كه ئه‌وله‌وییه‌تی ئاسایشی تاكه‌كان ده‌گۆڕێت؛ واته له بواری سه‌ربازییه‌وه بۆ بواری ئابووری و سیاسی. بۆیه چاره‌سه‌ر نه‌كردنی دۆخی ئابووری و باشترنه‌بوونی ژیانی تاكه‌كان، ده‌توانێت بێجگه له دروستكردنی ناڕه‌زایه‌تیی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ری، ده‌رفه‌ت بۆ لێكترازانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و، هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردانی به‌غدا و وڵاتانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت ئێران، دروست بكات. لێره‌وه ئاسایشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ڕه‌شه و، هه‌روه‌ها گوشاره‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئابوورییه‌كان له ڕێگه‌ی به‌غداوه به‌هێز ده‌بێت و، ئه‌مه‌یش یه‌كگوتاریی كورد له هه‌مبه‌ر به‌غدا له‌ناو ده‌بات.
كۆبه‌ند:
گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌می جه‌نگی دژی داعش كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌ی نوێی ئاسایشیی هێنایه ئاراوه؛ به‌م پێیه‌یش له پاش نه‌مانی داعش، هاوسه‌نگییه‌كی نوێ له عێراق و ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌بێت. لێره‌وه كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراوی ڕابردوو و گرفتی نوێ، بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی ده‌خوڵقێنن. به هۆی سروشتی ناسنامه‌ییی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ك و، پرس و بابه‌ته ئاسایشییه‌كان له عێراق و ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌وله‌وییه‌تی ئاسایش گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت. به‌م پێیه پێویسته پێداچوونه‌وه به شێواز و میكانیزمی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه نوێیه‌دا بكرێت. به مانایه‌كی تر، پێویسته هه‌رێمی كوردستان ئه‌وله‌وییه‌ته ئاسایشییه‌كان ده‌ستنیشان بكات و به به‌رنامه، كار بۆ پاراستن و بههێزكردنیی ده‌رفه‌ته‌كانی ئاسایشیی خۆی بكات و، له هه‌مان كاتیش‌دا ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كان ببێته‌وه. ئه‌و بابه‌ته‌ی كه گرنگه لێی تێ بگه‌ین ئه‌وه‌یه كه هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی، كۆتاییی پێ نه‌هاتووه به‌ڵكوو له قاڵب و فۆرمی نوێ‌دا ده‌رده‌كه‌وێت و، بێجگه له بوار و ڕێگه و میكانیزمی سه‌ربازی، بۆ بواره‌كانی تری ئاسایش (سیاسی، ئابووری، ژینگه‌یی و كۆمه‌ڵگه‌یی) ده‌گوازرێته‌وه.
هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌م ڕاستییه بزانین كه ئاسایشی كورد له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا ناپارێزرێت و ده‌سته‌به‌ر نابێت، به‌ڵكوو وه‌كوو شكستی ده‌وڵه‌تی عێراق له هه‌موو بواره‌كاندا، تووشی شكست ده‌بێته‌وه. به مانایه‌كی تر، كێشه و گرفته‌كان به هۆی سروشتی پێكهاته‌ی سیاسی و جۆری ناسنامه و تێڕوانینی نوخبه سیاسییه‌كان له عێراق چاره‌سه‌ر نابێت به‌ڵكوو كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و، ئه‌گه‌ری پێكدادان، به‌رده‌وام له ئارادایه. ئه‌مه بێجگه له مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمهڵگهیییهوه، كه به هۆی ئه‌وله‌وییه‌تی ڕه‌هه‌ندی سه‌ربازیی ئاسایش له سه‌رده‌می ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داعش، به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه.
له كۆتاییدا، پێویسته ململانێ ناسنامهیییهكان و ئاڵوگۆڕه‌كانی ناوچه‌كه و په‌یوه‌ندییه‌كانی هێز له وڵاتانی ناوچه‌كه له پاش سه‌رده‌می پۆست-داعش و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت. به مانایه‌كی تر، هاوسه‌نگیی هێزی ناوچه‌یی، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و، پێویسته له بواری په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كاندا له دوو ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا، گرنگیی پێ بدرێت.
ئەرشیف