ڕه‌نگاوڕه‌نگبوون، فره‌چه‌شنه‌بوونی پێكهاته‌ی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینیی هه‌رێمی كوردستان، گه‌ڵاڵه‌یه‌كی فره‌چه‌شنه‌ی گه‌ره‌كه كه بتوانێت ناسنامه‌ی گشت پێكهاته‌كان بپارێزێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا، یه‌كه‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت و به‌هێزتری بكات.
له‌م سۆنگه‌یەوە، چه‌ندده‌نگیی سیاسی (پلۆرالیزمی سیاسی) و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن (تۆلێرانس) دوو كۆڵه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره‌چه‌شنه‌ی دیموكراتیكن، كه له قۆناغی ده‌ربازبووندا بوار بۆ هاووڵاتیانی كۆمه‌ڵگه خۆش ده‌كه‌ن تا له ڕه‌وتی بنیاتنانه‌وه‌ی وڵات‌دا به‌شداری بكه‌ن.
به‌ڵام بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتیك، فه‌رهه‌نگێكی دیموكراتیکی گه‌ره‌كه. ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری لە كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه و دیموكراتی ده‌كه‌ن، ده‌بێ هه‌ڵگری فه‌رهه‌نگێكی له‌م چه‌شنه بن، هه‌روه‌ها پشتیوان و به‌شداری له دیالۆگ و وتووێژی ئه‌قڵانیدا بكه‌ن. بێشك له‌م مه‌یدانەیشد‌ا، چه‌ندده‌نگیی سیاسی و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن دوو مه‌رجی پێویستن.
دووانه‌ی چه‌ندده‌نگیی سیاسی و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن
له ڕوانگه‌ی فكری و عه‌مه‌لییه‌وه، "چه‌ندده‌نگیی سیاسی، پرۆژه‌ی مۆدێرنیته‌یه" كه له وڵاته پێشكه‌وتووكانی سه‌رمایه‌داریدا به‌ڕێوه ده‌چێت و هه‌ر ئێستایش گه‌شه ده‌ستێنێت. له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، ده‌سه‌ڵات به ڕێگەی هه‌ڵبژاردن، پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن و دیالۆگه‌وه ده‌ستاوده‌ست ده‌كرێت. بنه‌مای ئه‌مه‌یش، ئازادییه به‌رفراوانه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، كه ئه‌م ئامانجه ده‌پێكن.
هاووڵاتیانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه ته‌نانه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له كۆده‌تای نیزامی، جموجووڵی چه‌كداری، توندوتیژی، گوشارهێنان، چه‌مكی ده‌مارگیری و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر بكه‌نه‌وه، به ڕێگەیه‌كی مه‌ده‌نییەوە و له‌سه‌ر بنه‌مای مافی به‌رامبه‌ر، كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات، پرسه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه. له‌م ده‌ڤه‌رانه‌دا ئازادیی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی ده‌سته‌به‌ر كراون و ده‌سه‌ڵاتی یاسا و ئەقڵیش جێگیر كراوە. كاتێك باس له ئازادی ده‌كرێت، پێویسته باس له یاسایش بكرێت. ئازادی به‌بێ یاسا، كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات، به‌ڵام یاسایش به‌بێ ئازادی، كۆمه‌ڵگه ده‌خنكێنێت. هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، دیالۆگی به‌رفراوان، ئاشكرا و كه‌لتووری دیموكراتیكه كه ئه‌مانه ده‌چه‌سپێنێت. بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و پێكه‌وه‌ئاخا‌فتن، خوڵقێنه‌ری كه‌لتووری دیموكراسین، كه ئه‌مه‌یش هاووڵاتیی یاساقبووڵكه‌ر، هه‌روه‌ها حكوومه‌تێكی به‌رپرس و وڵامده‌ر دێنێته كایه‌وه.
به گوێره‌ی بۆچوونی كۆمه‌ڵناسه لیبراڵه‌كان، پلـۆرالیزم، په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه "كۆمه‌ڵگه، مه‌ودا بۆ كۆمه‌ڵێك پارتی و ڕێكخراو، بیروڕای جیاواز، ڕێكخراوی ناحكوومی و تاك، كه به‌ڕه‌سمی دان به به‌رژه‌وه‌ندیی جیاواز داده‌نێن، دروست بكات"، هه‌روه‌ها به ڕێگەی كێبه‌ركێی سیاسی، ئاشتییانه و دیموكراتییانه‌دا، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
كاتێك باس له پلـۆرالیزم ده‌كرێ، ده‌بێ باس له جیاوازییش بكرێت. به‌بێ ڕه‌چاوكردنی جیاوازیی بیروڕا و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانی تر، پلـۆرالیزم مانایه‌كی نییه. كاتێك باس له پلـۆرالیزم و جیاوازی ده‌كرێت، ده‌بێت باس له دانوستان و لێدوان (دیالۆگ)یش بكرێت. بۆ گه‌ییشتن به‌م ئامانجه، بڵاوكردنه‌وه‌ی زیاتری زانیاری له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌وڵی بێوچانی ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی بۆ بڵاوكردنه‌وه و ده‌ستاوده‌ستكردنی زانیاریی دروست و جێی متمانه، ده‌وری گه‌لێك گرینگ و بنه‌ڕه‌تی له به‌دیموكراتیكردنی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گێڕن.
به‌ڵام به‌یاساییبوونی ده‌ستاوده‌ستكردنی زانیاری له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، مه‌رجی سه‌ره‌كییه بۆ ئازادكردنی زانیاری له كۆمه‌ڵگه‌دا. ئه‌م هه‌نگاوه هاوكات كه كه‌شوهه‌وایه‌كی ئاشتییانه له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌خوڵقێنێت، ده‌توانێت مه‌یدان له گه‌نده‌ڵیی ئیداری و سیاسییش به‌رته‌سك بكاته‌وه.
پلـۆرالیزم و جیاوازی له بیروڕا و به‌رژه‌وه‌ندی، ته‌نیا به ڕێگەی دیالۆگ و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی ژیرانه‌یه كه گه‌شه ده‌ستێنێت. بوونی زمانی هاوبه‌ش و ئاڕاسته‌كردنی پلانی گشتگیر، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی سیاسی و مه‌ده‌نی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، له توانای دیالۆگ و كاری ئه‌قڵانیدایه. به ئەقڵ و ڕێكاری ژیرانه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتیك، ده‌وڵه‌تی به‌رپرس و وڵامده‌ر، هه‌روه‌ها هاووڵاتیی وشیار و یاساقبووڵكه‌ر دێنه كایه‌وه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه، سەروەریی یاسا یه‌كێكە له پێشمه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتیك. "دیموكراسی به‌بێ ده‌وڵه‌تی یاسا، بوونی نییه و نابێت."
هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ته‌نیا ده‌سه‌ڵات و هێزه، كه ده‌توانن حكوومه‌تی یاسا جێگیر بكه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا یاسایشه كه ده‌توانێت "ده‌سه‌ڵات و هێزی ده‌وڵه‌تی سنووردار بكاته‌وه" و ده‌وڵه‌تێكی ئه‌قڵانی كه بنه‌ماكه‌ی له‌سه‌ر ئازادیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه، بێنێته كایه‌وه.
پێویسته جه‌خت لە‌وه‌یش بكرێته‌وه، كه هه‌ر سێ پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات واته ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان (په‌رله‌مان) ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (حكوومه‌ت) و ده‌سه‌ڵاتی داد (دادوه‌ری) له‌یه‌ك جیا بكرێنه‌وه و هه‌ر یه‌ك له‌م ده‌سه‌ڵاتا‌نه به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، كاروباری خۆیان ڕاپه‌ڕێنن. ده‌بێ ئه‌و ڕێنوێنییه یاسایییانه‌یش له ده‌ستووری وڵات‌دا باسیان لێوه بكرێت، كه ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆیان نه‌بێت ده‌ست له كاروباری یه‌كتر وه‌ربده‌ن یان به چه‌شنێك ڕێوشوێن بۆ یەکتر دیاری بكه‌ن، كه چی بكه‌ن و چی نه‌كه‌ن. به واتایه‌كی دیکە، ده‌بێ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك له شوێنی خۆی دابنیشێت، به‌ڵام پێكه‌وه هه‌ماهه‌نگیشیان هه‌بێت تا بواری دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی به‌رته‌سكتر بكرێته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی یاسایش به‌و مانایه‌یه، كه هیچ كه‌سێك، جا پایه‌به‌رزێكی حكوومی، ئایینی و حزبی بێت یان هاووڵاتییه‌كی ئاسایی، له سه‌رووی یاساوه نه‌بێت. ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراتیك كاروبار و ڕێوشوێنه‌كانی به ڕێگەی یاساوه به‌ڕێوه ده‌بات و هه‌ر ئه‌وانیش ده‌بێ پێڕه‌وی له یاسایه‌كه بكه‌ن. ئه‌گه‌ر یاسا، ماف و ئه‌رك بۆ هاووڵاتییه‌كی ئاسایی دیاری ده‌كات، هه‌ر به‌و چه‌شنه، ده‌بێ بۆ حوكمڕانانی وڵاتیش دیاری بكات. ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی یاسا داوا له هاووڵاتییه‌كی ئاسایی بكات، كه ده‌بێ له كۆمه‌ڵگه‌دا پێڕه‌وی له ده‌سه‌ڵاتی یاسا بكات، هه‌ر به‌و پێیه‌یش ده‌بێ ژنان و پیاوانی ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها پیاوانی ئایینیش ڕێز له ده‌وڵه‌تی یاسا بگرن و به‌ڕێوه‌ی به‌رن.
دیالۆگ، زمان و پێناسه‌ی پلـۆرالیزمه، پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنیش گه‌شه‌ی پێ ده‌دات و به‌یاساییی ده‌كات. جیاوازیی بیروڕایش، پلـۆرالیزم به‌هێز ده‌كات و ده‌توانێت له درێژخایەندا بیكاته دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی.
جێی ئاماژه‌پێكردنه، كه بوونی پلۆرالیزمی سیاسی و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ تێڕوانینی چڕ، به‌سته‌ڵه‌كی فكری، سانترالیزمی ڕۆژهه‌ڵاتییانه، ده‌وڵه‌تی ئایدۆلۆژیكی و ئایینی‌دا یه‌كتر ناگرنه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه، ئاڵوگۆڕ و چاكسازیی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتووری، هزری و تێڕوانینی ئایینی، هه‌روه‌ها گه‌شه‌ی ئه‌قڵانیی ئابووری له وڵاتی ئێمه‌دا مه‌رجی هه‌ره سه‌ره‌كین.
كۆبه‌ندی چه‌ندده‌نگیی سیاسی و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن
پلۆرالیزمی سیاسی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م ده‌رفه‌ته به هاووڵاتیانی ئه‌و یه‌كه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یییه ده‌دات، كه له ژیانی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمی كوردستاندا گه‌لێك چالاك بن. ئه‌مه‌یش له به‌هێزتركردن و پاراستنی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ورێكی گه‌لێك گرنگ ده‌گێڕێت. چه‌ندده‌نگیی سیاسی یه‌كێكە له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراسی، هه‌روه‌ها هۆكارێكی گرنگیشه بۆ به‌هێزكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌شدارییه‌كی به‌رفراوانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی هاووڵاتیان له كاروباری هه‌رێمی كوردستاندا. لایه‌نێكی تری ئه‌م دیارده‌یه، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ به‌رزترڕاگرتنی پله‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستاندا.
بیروبۆچوونی حزب و ڕێكخراوی جیاواز، بارستایییان له كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ر چه‌ند بن، با ببن، چونكه له‌م مه‌یدانه‌دا گرینگ ئه‌وه‌یه، كه به چ میكانیزمێكی گشتگیر و دیموكراتیكه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی كوردستان بپارێزرێت، كه یه‌كسانیی له ماف‌دا بێته كایه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌یش به‌دیموكراتی بكرێن. به واتایه‌كی تر، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و فره‌چه‌شنه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌م ئامانجانه بگات، ده‌بێ ژیرانه و ئاشكرا له‌سه‌ر بنه‌مای مافی یه‌كسان، له گشت بواره‌كان له‌گه‌ڵ خۆیدا بپه‌یڤێت.
ئەرشیف