لێڤ نیکۆڵایێڤیچ تۆڵستۆی (١٨٢٨-١٩١٠): "هەموو لە فکری ئەوەدان کە مرۆڤ بگۆڕن، بەڵام بەداخەوە هیچ کەس لە فکری ئەوەدا نییە خۆی بگۆڕێت!"
بهرامبهریی ماف له نێوان ژنان و پیاوان، یهکێکە له مافه سهرهتایییهکانی کۆمهڵگهی مرۆڤایهتی؛ هەروەها دروشمی بەشێکە لە جیهانی پێشکەوتوو و فکری ئازاد. هەوڵدان لەم بوارەدا هەروا بەڕێوەیە و، سەرەڕای دەسکەوتی گەلێک مەزن، بەڵام لە بەشێکی گۆی ئەو زەوییەدا ململانێ و تێکۆشانی بێوچان هەروا بەردەوامە. بێ شک لەو پانتایییەدا، بەربەستیش گەلێک زۆرن.
ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بهگشتی و کوردستانی ئێمەیش بهتایبهتی، به هۆی قورساییی دهوری ئایین، داب و نهریت و پیاوسالارییەوە، ژنان نهیانتوانیوه، یان ڕێگهیان لێ گیراوه که بهگوێرهی کێشی چهندێتیی خۆیانهوه له شوێنی شیاودا ههڵسووڕ بن. بەرامبەریی ژنان لەگەڵ پیاوان هاوکات کە بەشێکی گرینگە لە مافی مرۆڤ، بەشێکی جیانەکراوەیشە لە دیموکراسی. هەندێک لە زانایان لەسەر ئەو ڕایەن: "یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان، یەکێکە لە کۆڵەکەکانی دیموکراسی." بنەمای ئەم بۆچوونەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ژنان نیوەی کۆمەڵگەن.
دوای جەنگی جیهانیی دووەم، دوو چەمکی "بەدیموکراتیکردن" و "چاکسازی" دەبنە ناوەندی پڕۆژە و بڕیاری هێزە سێکیولار و پێشکەوتنخوازەکان لە کۆمەڵگەدا. یەکێک لە هەنگاوەکانی بەدیموکراتیکردنی کۆمەڵگە، ڕەوتی بەشداریکردنی ژنانە لەناو دامودەزگه حکوومی و حزبییەکاندا. واتە ژنانیش بە شێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە کەڵک لە پلە و شوێنە گرینگەکان وەربگرن و، بەپێی توانا و چەندێتییان لە دامەزراوەکاندا، جێگەیان دیار بێت.
وتەیەکی بەتەمەن و باو هەیە کە دەڵێت: "ژنان نیوەی کۆمەڵگەن." ئاخۆ لە ماوەی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ تەمەنی هەرێمی کوردستان، ئەم "نیوە"یە توانیویەتی جێگەی شیاو و بەپێی پێوەرێکی عەقڵانی و، بەگوێرەی قورسایییان لەناو دامودەزگهکانی هەرێمی کوردستان، لەوانە لە چاپەمەنییەکانی وڵاتەکەماندا، پلە و پۆستیان هەبێت؟ بێ شک وڵامەکەی نەرێنییە!
تەنیا بوارێک کە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پەرلەمانی کوردستانە، کە (٢٧،٩%)ی ئهندامانی پهرلهمان ژنان پێکی دێنن و لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکەمە و، دوای هەرێمی کوردستان، ئیسڕائیل بە ڕێژەی (٢٦،٧%) لە پلەی دووەمدایە.
تا ئێستا هیچ چەشنە پێشکەوتنێک بۆ پێگەیاندنی ژنان لەو دامەزراوانەدا (کەرەسەکانی ڕاگەیاندن) نەکراوە. ژنان لە چاپەمەنییەکانیشدا هەروا پاشکۆی پیاوانن. چڕیی پیاوسالاری، داب و نەریت، کەلتووری پاوانکردن و پێکهاتەی پیاوانەییی حزبەکان، سەرەکیترین کۆسپن لەو بوارەدا. ئەوەیش لە حاڵێکدایە کە لەناو چاپەمەنییەکاندا بەردەوام باس لە چاکسازی، نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنان، مافی مرۆڤ، بەرامبەری و دیموکراسی دەکەن.
بانگەشەی ئەو چاپەمەنییانە بۆ بەدیموکراتیکردن و چاکسازی، گەلێک ڕەوایە، چونکە تەنیا بەرژەوەندییەک کە ڕاگەیاندن بەدوایدا وێڵە، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە کە تێیدا مافی مرۆڤ پارێزراو بێت و دادپەروەری و بەرامبەری سەقامگیر بێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لە بەرژەوەندیی ڕاگەیاندندایە. بەڵام ئەوەندەیش ناڕەوایە کە لە پاڵ ئەم هەموو باس و لێدوانانەی پەیوەست بە دیموکراسی و چاکسازی، ئەم کەرەسانە نەیانتوانیوە لەناو خۆیاندا ئەم بانگەیەشە جێبەجێ بکەن و دیمەنی بەرامبەریی ژنان و پیاوان پیشانی کۆمەڵگە بدەن.
کاتێک دامەزراوەیەک، یان ڕێکخراوێک باس لە بەرامبەریی ژنان و پیاوان دەکات، بەر لە هەر شتێک دەبێ خۆی لەو بوارەدا پێشەنگ بێت و قسەی بۆ گوتن هەبێت. ناکرێت و ماقووڵ نییە بانگەشە بۆ بەرامبەریی ژنان و پیاوان بکەیت، ڕاپۆرت سەبارەت بەو زوڵمەی کە لە ژنان دەکرێت، هەروەها باس لە دۆخی نابەرامبەری لە نێوان ژنان و پیاوان بکەیت و، لە چاپەمەنییەکانیشدا بڵاوی بکەیتەوە، بەڵام ئاوڕێک لە ماڵی خۆت (دامەزراوەکەت) نەدەیتەوە!؟ پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تەنیا پەیوەندیی بە فکری کۆن و توێژە نەریتییەکانەوە نییە، بەڵکوو ئەم "تارمایی"یە چڕە، لەناو چاپەمەنییەکانیشدا گەلێک بەهێزە.
ئامارەکانی ئەمساڵیش وەکوو پێشوو، هەروا باس لە چەقبەستوویی لەو بوارەدا دەکەن. له پێکهاتهی بهڕێوهبهریی چاپهمهنییهکانی ههرێمی کوردستان، که شوێنی بڕیاردان، ههروهها ڕاپهڕاندنی ئهرک و کاری ڕۆژانهی چاپهمهنییهکانه، هیچ پلهیهک به ژنان نهدراوه. ئهوهی لهو ناوهندانهدا دهور دهگێڕن، تهنیا پیاون. بۆ نموونە:
ڕۆژنامەی خەبات (پارتی دیموکراتی کوردستان) ٤ کەس بەرپرسن، گشتیان پیاون.
کوردستانی نوێ (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ٥ کەس، هەموویان پیاون.
ڕۆژنامەی هەولێر: ٧ کەس، سەرجەمیان پیاون.
ههفتهنامەی ڕووداو: ٦ کەس، ههموویان پیاون.
گۆڤاری لڤین: ٦ کەس، گشتیان پیاون.
ئاوێنە: ١ کەس، ئەویش پیاوە (لە ئاوێنەدا هیچ باسێک لە جێگری سەرنووسەر، دیزاینەر و ... نەکراوە!)
چاودێر: "ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر دەری دەکات"؛ ٤ کەس، هەموویان پیاون.
ههفتهنامەی باس: ٥ کەس، ههموویان پیاون.
گۆڤاری گوڵان: ١٧ کەس، ١٦ کەسیان پیاون.
ئەم کورته ئامارە ئهوهمان پێ دهڵێت، که ئهم چاپهمهنییانه، سهرهڕای جیاوازی لە تهمهن و ڕهنگیانەوە، لە یەک خاڵی سەرەکیدا هاوبەشن، ئەویش پیاوانەبوونی ئەو چاپەمەنییانەن و ڕەچاوی هیچ چەشنە بەرامبەرییەک نەکراوە. بەدیموکراتیکردن و چاکسازی، تەنیا لایەنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و... ناگرێتەوە، بەڵکوو پێویستە دامەزراوە کەلتووری و ڕۆشنگەرییەکان و لە پێشەوی هەموویانەوە، ڕاگەیاندن (چاپەمەنییەکان) بگرێتەوە و پێشەنگی ئەم بەرامبەرییەیش بن. ڕاگەیاندن، کە ئاڵقەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیانە، تەنیا ئەرکی هەر ئەوە نییە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە زانیاری، زانست، دەنگوباس و بڵاوکردنەوەی ئاڵوگۆرەکانی جیهانەوە هەبێت، بەڵکوو دەبێ لە ناوخۆیدا سەکۆی بەرامبەری و پێگەیاندنیش بێت و، پێویستە لەو بوارەدا پێشڕو بێت. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، دەبێ شوێنی بەرامبەری و پێگەیاندنیش بێت!
ئەرشیف