خستنه‌ڕووی بابه‌ت
کودەتا سهرنەكهوتووهكهی 15ی جولای 2016، سه‌ره‌ڕای دروستكردنی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په و به‌تایبه‌ت ئەردۆغان، ده‌رفه‌تی زۆری بۆ ئەردۆغان خوڵقاند. گرتن و دوورخستنه‌وه‌ی نه‌یارانی سیاسه‌ته‌كانی ئەردۆغان و به جۆرێك چۆڵبوونی گۆڕه‌پانه‌كه له هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئەردۆغان، ئه‌و "نیعمه‌ته ئیلاهییه بوو" كه ئەردۆغان له پاش کودەتاكه باسی لێوه ده‌كرد. ڕووداوه‌كانی گرتنی هاوسه‌رۆكه‌كانی شاره‌وانیی دیاربه‌كر (گولتان كشاناك و فورات ئانلی)، هه‌روه‌ها هاوسه‌رۆكه‌كانی پارتی هه‌ده‌په (سه‌لاحه‌ددین دمیرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ) له‌گه‌ڵ نۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانی تری ئه‌و پارته، له‌و ئاراسته‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌ی بۆ ده‌كرێت.
له لایه‌كی تره‌وه توركیا (حكوومه‌تی ئاكه‌په)، پاش شكستی له سیاسه‌ته ده‌ره‌كییه‌كانی له هه‌مبه‌ر ڕووسیا، ئیسرائیل و سووریا له لایه‌ك و، ساردبوونه‌وه و بارگرژی له په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی توركیا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوادا، پێویستی به وه‌رگرتنی ڕه‌وایه‌تی هه‌بوو. كوردیش ئه‌و پرسه بوو كه، ئاكه‌په وه‌كوو ده‌رفه‌تی ده‌ربازبوون له كێشه و گرفته‌كانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی سه‌یری ده‌كات.
لێره هه‌وڵ ده‌ده‌ین (سه‌ره‌ڕای دڵگرانبوون وه‌ك كوردێك له هه‌مبه‌ر ڕووداوه‌كانی باكووری كوردستان، پێوسته به شێوه‌یه‌كی زانستی و بابه‌تییانه ئاورێك له‌م پرسه بده‌ینه‌وه) تیشك بخه‌ینه سه‌ر هۆكاره‌كانی ئه‌م ڕووداوه، كه به سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخان یاخود سه‌ره‌تایه‌كی نوێ له گۆڕه‌پانی سیاسیی ئاڵۆزی توركیادا هه‌ژمار ده‌كرێت و، ده‌توانین به‌ناوی "بهئاسایشیكردنهوهی دۆزی كورد" به‌گشتی و، به‌ئاسایشیكردنی سیاسه‌ت له توركیادا ناوی به‌رین. لێره‌دا پێویسته گرنگی به به‌ستێن یاخود زه‌مینه‌ی خوڵقانی ئه‌م ڕووداوه بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م ڕه‌فتاره نادیموكراتی، به‌ڵام یاسایییهی حكوومه‌ته‌كه‌ی ئاكه‌په، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ت و هه‌ڵه‌كانی هه‌ده‌په له پرۆسه‌ی سیاسیی توركیادا، ڕوونتر ببێته‌وه.
هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ده‌په
له پاش هاتنه‌سه‌ركاری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له ساڵی 2002، به‌ره به‌ره هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد پێی نایه قوناغێكی نوێوه و، ئه‌وه بوو، به نهێنی له ساڵی 2009وه ئەردۆغان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی "په‌كه‌كه" له ڕێگه‌ی "میت"ه‌وه گفتوگۆی ده‌ست پێ كرد و، پاشان له ساڵی 2012 له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری "په‌كه‌كه" له ئیمرالی، ئه‌و گفتوگۆیانه چووه قۆناغێكی نوێوه و، له سه‌ره‌تای ساڵی 2013ه‌وه "په‌كه‌كه" ده‌ستی به پاشه‌كشه‌ی گریلاكانی له ناوخۆی توركیا و ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست كرد.
پاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی توركیا له 7ی حوزه‌یرانی 2015دا، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان تووشی شۆك بوو؛ به‌و پێیه‌ی له ئه‌نجامه‌كان ڕازی نه‌بوو و (69) كورسیی په‌رله‌مانی له‌ده‌ست دا و، كورسییه‌كانی له (327) كورسی بۆ (258) كورسی له كۆی (550) كورسیی په‌رله‌مانی توركیا، دابه‌زی.
"ئه‌كه‌په"، لانی كه‌م (276) كورسیی په‌رله‌مانیی پێویست بوو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، هه‌روه‌ها (330) كورسی بۆ پێشنیازی هه‌مواركردنی ده‌ستوور له ڕێگه‌ی ڕیفراندۆم و (367) كورسی بۆ گۆڕینی ده‌ستوور به‌بێ ڕیفراندۆم، به‌ڵام "پارتی دیموكراتی گه‌لان-هه‌ده‌په"، توانیی به‌ربه‌ستی یاسایی‌ی به‌ده‌ستهێنانی ڕێژه‌ی 10% تێ په‌ڕێنێت و 13.12%ی هێنا و، به به‌ده‌ستهێنانی (80) كورسیی په‌رله‌مانی، توانیی سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی تۆمار بكات. ئه‌مه‌یش ترسێكی زۆری بۆ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار دروست كرد. ئه‌مه له پاڵ لاوازبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كه له لایه‌ن توركیاوه پاڵپشتی ده‌كران و، به‌رزبوونه‌وه‌ی توانای كورده‌كان (یه‌په‌گه و په‌یه‌ده) له سووریا، توركیای تووشی دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی له ده‌ره‌وه و، ڕه‌خنه‌ی ناسیۆنالیست-كهمالیستهكان له ناوخۆی توركیا كرد. به‌ڵام له ئه‌نجامدا، ئەردۆغان توانیی پرسی كورد له "سیاسه‌ته‌وه"، دیسانه‌وه بگوازێته‌وه بۆ چوارچێوه‌كه‌ی پێشووتری، كه "سه‌ربازی و ئاسایشی" بوو.
له پاش ئه‌وه‌ی كه هه‌ده‌په له هه‌ڵبژاردنی دووه‌می په‌رله‌مانیدا، له پاش پێكنه‌هێنانی حكوومه‌ت و به هۆی گۆڕانكارییه‌كانی ناوخۆی توركیاوه، ده‌نگه‌كانی له‌ده‌ست دا و ئاكه‌په ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ست هێنا، زۆربه‌ی شاره‌زایانی كاروباری توركیا، بهئاسایشیكردنهوهی پرسی كوردیان به فاكته‌ری سه‌ركه‌وتنی ئەردۆغان و شكستی هه‌ده‌په ده‌ستنیشان كرد. ئه‌مه، بوو به سه‌ره‌تایه‌كی "گرنگ و زێڕین" بۆ ئەردۆغان، كه به ئه‌زموون بۆی ده‌ربكه‌وێت چۆن ده‌توانێت ده‌نگی توندڕه‌وه‌كان به‌ده‌ست بێنێت و خۆیشی له دژایه‌تی و بهربهستدروستكردن و جووڵاندنی ڕای گشتی و، به‌گشتی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانیان بپارێزێت.
ڕووداوه نه‌خوازراوه‌كان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی
پاش ڕووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی 20/7/2015، شارۆچكه‌ی په‌رسوس، كه كوژران و برینداربوونی لێ كه‌وته‌وه، هه‌روه‌ها له پاش ئه‌و ڕووداوه و هێرشی هه‌په‌گه له 22-7-2015 بۆ سه‌ر پۆلیسی توركیا و كوژرانی دوو پۆلیس، ئاگری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی له توركیا له نێوان په‌كه‌كه و حكوومه‌تدا خۆش كرده‌وه.
له 24-7-2015، هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا ئۆپەراسیۆنێكیان به ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به مه‌به‌ستی ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی "داعش" و "په‌كه‌كه" و... ده‌ست پێ كرد. له 25-7-2016، فڕۆكه‌كانی توركیا باره‌گاكانی "په‌كه‌كه"یان له باشووری كوردستان (قه‌ندیل، خواكوڕك، مهتنا، زاپ، خنێره، سوره‌دێ، دۆڵهكۆكێ، سنووری قه‌زای ئامێدی، ناوچه‌كانی نێروا، ڕێكان، به‌رواری باڵا، ده‌ڤه‌ری نهێل، چیای گارا و چیای مه‌تین) بۆردومان كرد. ئه‌مه‌یش گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی توركیای، به تایبه‌ت نێوان حكوومه‌ت-كوردی، برده قۆناغێكی تره‌وه.
هه‌ده‌په له گۆڕه‌پانی گۆڕانكاریی ڕووداوه‌كان و سیاسه‌تدا
له پاش گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه و تۆمه‌تباركردنی توركیا به پاڵپشتی له گرووپه توندڕه‌وه‌كان و ته‌نانه‌ت داعش، هه‌روه‌ها ئاڵۆزتربوونی ڕه‌وشی سووریا و به‌رزتربوونه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت له سووریا (ڕۆژاوای كوردستان) و پاڵپشتییان له لایه‌ن ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا، ته‌نانه‌ت ڕووسیاوه، ئەردۆغان و حكوومه‌ته‌كه‌ی، هه‌ستیان به په‌راوێزبوون و دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی كرد.
ئه‌وه بوو ئەردۆغان، دووباره به‌پێی ئه‌زموونه‌كه‌ی كه له ناوخۆدا له هه‌مبه‌ر هه‌ده‌په به‌ده‌ستی هێنابوو و كه‌ڵكی زۆری لێ وه‌رگرتبوو، دیسانه‌وه له ئاستی ناوخۆ و له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا ده‌ستی دایه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كورد، به‌تایبه‌ت له پاش کودەتا سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌ی 15ی جولای 2016 و كپكردنی ده‌نگی ناڕازییه‌كان، دادگه‌ییكردن، گرتن، داخستنی میدیا و ڕۆژنامه‌كانی دژی ئاكه‌په، ئه‌و ده‌رفه‌تە بۆ ئەردۆغان به مه‌به‌ستی جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ڕه‌خسا، به‌ڵام ئه‌م سیناریۆیه خاڵێكی لاوازی هه‌بوو، ئه‌ویش كورد بوو. بۆیه ئەردۆغان پێویستی به‌وه هه‌بوو كه توندڕه‌وه ناوخۆیییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆی هاوڕا بكات و، باشترین كارتیش كورده‌كان بوون.
پارتی دیموكراتیكی گه‌لان، كه له 15ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2012 دامه‌زراوه و له ڕووی ئایدیۆلۆژییه‌وه به درێژكراوەی (به‌ده‌په) داده‌ندرێت، وه‌كوو پارتێكی چه‌پ و، هه‌ندێ كه‌س به باڵی سیاسیی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) هه‌ژماری ده‌كه‌ن. به‌ڵام هه‌ده‌په، كه خۆی به پارتێكی سۆسیال دیموكرات و دژی جیاكاری و چه‌وسانه‌وه‌ی كه‌مایه‌تییه ئایینی، مه‌زهه‌بی و نهتهوهیییهكانی وه‌ك عه‌له‌وی، لاز، چه‌ركه‌س، ئه‌رمه‌ن، عه‌ره‌ب، ڕه‌گه‌زی سێیه‌م و...، له هه‌موو توركیا بزانێت و، ناسنامه‌ی كوردی نه‌بێته پێناسه‌كه‌ی، ئه‌وا هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو په‌راوێزخراوان، لایه‌نه ژینگه‌پارێز، فێمێنیست، كرێكاری، ته‌نانه‌ت ئایینی و هاوڕهگهزخوازهكانیش له‌خۆ بگرێت.
له ڕاستیدا كاری هه‌ره گه‌وره‌ی هه‌ده‌په (بێجگه لە ده‌ربازبوون له ڕێژه‌ی 10% له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی توركیا و چوونه ناو په‌رله‌مان وه‌ك پارتێكی به‌ناسنامه كوردی)، بریتی بوو له ڕۆڵی ناوبژیوانی و ناوه‌ندگیری له نێوان سێكوچكه‌ی (ئیمرالی، قه‌ندیل و ئانكارا)دا.
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه، هێزی هه‌ده‌په‌ی زۆر به‌رز ده‌كرده‌وه؛ بۆیه، بوو به مه‌ترسییه‌كی جددی بۆ هێژموونیی ئاكه‌په. به‌م مانایه كه ئاكه‌په پێویستی به‌وه هه‌بوو كه خۆی وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه بكات، به‌ڵام هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه بوویه‌وه و، ئه‌وه هه‌ده‌په ئه‌و وه‌به‌رهێنانه سیاسییەی له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا كرد و، بوو به هێمای گواستنه‌وه‌ی پرسی كورد له بواری ئاسایشییه‌وه بۆ بواری سیاسی و مه‌ده‌نی. ئه‌م خاڵه‌یش، چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌دا، به‌ته‌واوی به زیانی ئاكه‌په بوو. ئاكه‌په له ڕێگه‌ی تیۆریسیه‌نی به‌ناوبانگی خۆی" ئه‌حمه‌د داوودئۆغلۆ" له ساڵی 2001، كتێب و تێزی سه‌ره‌كیی خۆی به ناوی "قووڵاییی ستراتیژیك"ی خستبووه ڕوو و، هه‌ر ئه‌و تێزهیش، بووه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له توركیا، بگره له ئاستی هه‌رێمی و سهرووههرێمیدا. به‌پێی ئه‌و تێزه، توركیا چه‌ند سیاسه‌تێك ده‌گرێته به‌ر كه به‌كورتی بریتین له:
- جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ڕۆڵی ناوه‌ندگیری و ناوبژیوانیی توركیا له كێشه و پرسه ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان. لێره‌وە توركیا ڕۆڵی ناوه‌ندبوونی خۆی ده‌گێڕێت (ئێستا توركیا نه‌ك نه‌یتوانیوه كێشه و پرسه ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكوو خۆی بۆته به‌شێك له‌و كێشه و گرفتانه).
- په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی فره‌ڕه‌هه‌ند بۆ توركیا. به‌م مانایه كه توركیا ده‌توانێت هه‌م له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی و هه‌م ڕۆژهه‌ڵاتی و ئیسلامی، په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی هه‌بێت (ئه‌م بنه‌مایه‌یش تووشی شكست بوو و، ئێستا توركیا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ڕۆژاوا یاخود هاوپه‌یمانه مێژوویییهكانی خۆیدا نییه).
- په‌یڕه‌وكردنی ستراتیژیی "ئاسایشسڕینهوه"ی په‌یوه‌ندییه‌كان (Desecuritization) له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی توركیادا. به‌م مانایه كه توركیا گرنگی به پرسه‌كانی دیموكراسی و نفووزی كه‌لتووری و ئابووری بدات و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌ما و میكانیزمی ئاسایشی و سه‌ربازی نه‌بێت (ئه‌م سیاسه‌ته، پێچه‌وانه بۆته‌وه و، بگره ئێستا زیاتر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له ناوچه‌كه‌دا ڕه‌هه‌ندی سه‌ربازی و ئاسایشیی هه‌یه).
- كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌كان له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كانی توركیا. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه توركیا پێویسته له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێیه‌كانی په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵ و باشی هه‌بێت و باگرژییهكانی پێشووتری، بۆ نموونه له‌گه‌ڵ ئه‌رمینیا و یۆنان و...، نه‌هێڵێت (ئه‌مه شكستی خوارد و توركیا ئێستا زیاترین بارگرژی له‌گه‌ڵ دراوسێكانی خۆیدا هه‌یه).
به‌گشتی، په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان (Zero-Problem)، كه به خاڵی ناوه‌ندیی ڕوانگه‌ی داوودئۆغلۆ داده‌ندرا، له لایه‌ن توركیاوه پێویستی به هاوسه‌نگكردنی بواری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هه‌بوو. له‌م نێوه‌دا دۆزی كورد، خاڵی لاوازی توركیا بوو. بۆیه، ئه‌و پرسه خرایه به‌رنامه‌ی كاری ئاك-پارتیییه‌وه، چونكه دیموكراسی، یه‌كێك له‌و خاڵانه بوو كه هێزی سه‌رنجڕاكێشی توركیای له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا زیاتر ده‌كرد و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی پرسی كورد به چه‌قی ئه‌و سیاسه‌ته داده‌ندرا. ئه‌وه‌ی كه له‌م نێوه‌دا كێشه‌ی دروست كرد ئه‌وه بوو، كه توركیا له ڕووی زه‌ینی (نوخبه و ڕای گشتی)، هه‌روه‌ها بونیادی و یاسایییه‌وه ئاماده‌ییی ئه‌و گۆڕانكارییه مه‌زنانه‌ی تێدا به‌دی نه‌هاتبوو. له لایه‌كی تریشه‌وه، گۆڕانكارییه ناوچهیییهكان له لایه‌ك و، ناسنامه و سروشتی ئاكه‌په و ئەردۆغان له لایه‌كی تره‌وه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه نه‌توانێت خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌دا بگونجێنێت. ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی داوود ئۆغلۆ (یاخود پاڵپێوه‌نانی بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه)، یه‌كێكه له ئاكامه‌كانی ئه‌م تێڕوانین و سیاسه‌ته‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له توركیادا.
كۆبه‌ند: (پوخته‌ی هۆكار و لێكهوتهكان)
- گوتارێكی سه‌ربازی و ئاسایشی به‌سه‌ر هه‌ر پارتێكی شۆڕشگێڕ‌دا زاڵه، بۆ چۆنیه‌تیی خوێندنه‌وه‌ی واقع و چاره‌سه‌ركردنی پرس و كێشه‌كان. بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)، ئه‌مه هه‌ر ڕاست و دروسته. بۆیه ئه‌م خاڵه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه سیاسه‌ت و گوتاری "په‌كه‌كه" به‌سه‌ر "هه‌ده‌په"دا زاڵ بێت. به مانایه‌كی تر، هه‌ده‌په نه‌یتوانی له ڕۆڵی ناوبژیوانیی لاوه‌كییه‌وه زیاتر تێ په‌ڕێت و خۆی و وه‌ك ناوبژیوانی سه‌ربه‌خۆ و سه‌ره‌كی و، به‌گشتی كاره‌كته‌رێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربخات. به‌م مانایه، ئه‌وه قه‌ندیل بوو كه ئاراسته‌ی سیاسه‌تی له دیاربه‌كر ده‌كرد، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی كه دیاربه‌كر ببێته ناوه‌ندیك بۆ پێكهوهبەستنهوهی قه‌ندیل، ئانكارا و ئیمرالی. ئه‌مه‌یش له پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت له توركیا و پاشان كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگی "هه‌ده‌په" له هه‌ڵبژاردنی دووه‌می په‌رله‌مانی توركیادا به‌ڕوونی ده‌ركه‌وت، كه هه‌لێكی زێرین بوو بۆ كورد له توركیا. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی، بهئاسایشیكردنهوهی پرسی كورد، بوو به هۆكاری به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ بۆ ئاكه‌په.
- ڕێبه‌رانی په‌كه‌كه هه‌ست ده‌كه‌ن به گه‌شه‌كردنی سیاسیی دۆزی كورد له توركیا و سه‌رهه‌ڵدان و به‌هێزبوونی كاره‌كته‌ری سیاسیی كورد له ناوخۆی توركیادا، ئه‌وه ئه‌وان ڕۆڵیان لاوازتر ده‌بێت و له‌وانه‌یه بخرێنه په‌راوێزی پرۆسه‌ی سیاسی و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی پرسی كورد له توركیادا. بۆیه به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه خۆیان به‌سه‌ر كه‌سایه‌تی و پارته كوردییه‌كاندا زاڵ بن. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه تاوه‌كوو ئێستا هیچ پارت و كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ له قه‌ندیل نه‌یه‌ته ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و بانگهشهیەیش بكات. ده‌توانین بڵێین (سه‌ره‌ڕای فاكته‌ر و هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ست به حكوومه‌تی توركیاوه) تا وه‌كوو ئه‌م كێشه و گرفته چاره‌سه‌ر نه‌بێت، پرسی كورد له باكووری كوردستان به‌رده‌وام له هه‌ڵكشان و داكشاندا ده‌بێت. چونكه په‌كه‌كه ڕێگه به دروستبوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤی خۆی، ته‌نانه‌ت له ڕووی سیاسییه‌وه له توركیا، نادات.
- ئه‌وه ڕاسته كه هه‌ده‌په توانیی له قۆناغێكدا له ڕێگه‌ی ده‌نگی په‌راوێزخراوه‌كانی توركیا، ده‌نگ بۆ چوونه په‌رله‌مان كۆ بكاته‌وه، به‌ڵام هه‌ڵگرتنی ناسنامه‌ی توركیایی بۆ هه‌ده‌په خه‌ساری زیاتر و زۆرتر بووه. چونكه ده‌نگی توركه‌كان زیاتر كاتی و دژهكردهوهیه، به‌ڵام ده‌نگی كورده‌كان و ناوچه كوردنشینه‌كان جێگیره و، ته‌نانه‌ت ئاكهپهیش به‌رده‌وام هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌دات.
- گوتاری سیاسی-ئاسایشیی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی ئاكه‌په‌یه، كه تێكه‌ڵاوێكه له ناسیۆنالیزم-ئیسلامی توركی؛ به‌م شێوه‌یه هه‌ده‌په ده‌توانێت له‌و خاڵه (سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌كان) سوود وه‌ربگرێت، به‌ڵام نه‌ك له ڕێگه‌ی هه‌ڵگری ناسنامه‌ی چه‌پی توركییەوە. به‌م پێیه‌ی كه گوتاری هه‌ده‌په له‌سه‌ر ناسنامه‌كه‌ی ده‌بێت، بۆیه پێناسه‌كردنی ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌یی بۆ هه‌ده‌په زۆر هه‌ستیار و گرنگه و، ده‌توانێت له چوارچێوه‌ی سیاسییه‌وه بیخاته نێو چوارچێوه‌ی ئاسایشییه‌وه. تا پرسی كورد له چوارچێوه‌ی ئاسایشی ڕزگاری نه‌بێت، ئاسۆی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی، لێڵ و ناڕوونه.
- ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئەردۆغان بێجگه له‌وه‌ی كه بۆ جێگیركردنی ده‌سه‌ڵات و لهسهرڕێگهلابردنی نه‌یاره‌كانیه‌تی، له لایه‌كی تریشه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی لایه‌نگری و پشتیوانیی ناسیۆنالیست و كه‌مالیسته توندڕه‌وه‌كانه و، به جۆرێك هاوڕاكردنیانه له پرسه‌كانی تری جێگه‌ی بایه‌خی ئاكه‌په؛ بۆ نموونه، دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كانی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورده له توركیا، وه‌ك پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (MHP). بۆیه ئاكه‌په، بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور و گۆڕینی سیسته‌می سیاسیی توركیا له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی، پێویستی به لهسهرڕێگهلابردنی به‌ربه‌ست و نه‌یاره‌كان و هاوڕاكردنی ئه‌وانه‌ی تره.
- له ڕاستیدا، گرتن و زیندانیكردنی به‌رزترین كه‌سایه‌تییه‌كانی هه‌ده‌په له توركیا، به جۆرێك دیوێكی تریشی هه‌یه، كه ئه‌ویش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه، به‌تایبه‌ت به‌هێزبوون و وه‌رچه‌رخان له پرسی كورد له سووریایه كه به جۆرێك وه‌ك ئه‌كته‌ریكی ناده‌وڵه‌تی، بۆته هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا. ئه‌وه، هه‌م ده‌توانێت ڕۆژاوای كوردستان لاواز و كۆنترۆڵ بكات و، هه‌میش په‌یامێكه بۆ ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی، كه ناتوانن توركیا و ڕۆڵی له ناوچه‌كه‌دا له پاش ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ له عێراق و ئازادكردنه‌وه ڕه‌قه له سووریا و پرسی به‌شداریپێنه‌كردنی توركیا، فه‌رامۆش بكه‌ن یاخود پشتگوێی بخه‌ن. بۆیه، ئه‌م كاره‌ی حكوومه‌تی توركیا دوای ئۆپەراسیۆنی "قه‌ڵغانی فورات" و ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له سووریا، ئه‌نجام ده‌درێت.
- گرنگترین سیناریۆ ئه‌وه‌یه كه، ئەردۆغان ده‌یه‌وێت له كاتێكدا دووباره هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له توركیا بدات، كه له پێگه‌ی هێزه‌وه له ئاست ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا بێت. به‌م مانایه كه خۆی بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و كێیهتیی لایه‌نه‌كانی به‌شداربوو بدات، به مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له توركیا هه‌نگاو بنێت و، له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی پێناسه‌كراوی خۆیدا پرسی كورد پرسێكی سه‌ربازی-ئاسایشی بێت نه‌ك پرسێكی سیاسی. لاوازكردنی هه‌ده‌په و گرێدانیان به په‌كه‌كه (یان وه‌ك حكوومه‌تی توركیا ده‌ڵێت پرسی تیرۆر)، ئه‌و ئامانجه‌ی ئه‌ردۆغان دێنێته دی. بۆیه، بوونی ههدهپهیهكی به‌هێز، ڕێگه له‌م سیناریۆیه‌ی ئەردۆغان ده‌گرێت و، هه‌ده‌په ئه‌و ڕۆڵه، بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاشتی و ئاسایش له توركیادا ده‌بینێت، كه ئه‌مه‌یش بۆ پێگه و نفووزی ئەردۆغان مه‌ترسیداره.
ئەرشیف