
2016-08-29
الفرمان الأخير، داعش والإبادة الجماعية الأيزيديين.
(فەرمانی کۆتایی، داعش و لەناوبردنی بەکۆمەڵی ئێزیدییەکان)
نووسین و ئامادەکردنی کتێبەکە: حسۆ هورمی
ئەم کتێبە، دەکرێت بە یەکێك لە خەمبارترین کتێبهكانی سەدەی بیست و یەك دابنرێت. بە زمانی عەرەبی نووسراوە و ئاراستەی هزر و خوێنەری عەرەب کراوە. هاوارێکە بۆ دەوڵەتانی عەرەبی، بۆ ئەوەی بزانن کە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە وڵاتەکانیان لە چ حاڵەتێکی خراپدا دەژین. لەبەر گرنگیی بابەتەکە، سێ دەزگای چاپکردن لە لوبنان و عێراق و کەنەدا چاپیان كردووه. باس لە نوێترین کارەساتی مرۆڤایەتی دەکات کە بەسەر ئێزیدییەکاندا هاتووە.
ئەم کتێبە لە ١٨٤ لاپەڕە پێك هاتووە. لە نزیکەی ٢٨ نووسین و لێکۆڵینەوەی جۆربەجۆر پێک هاتووە. دابەش بووە بۆ چوار بەش. ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی بۆ هەڵبژێردراوە، ئاماژەیە بۆ ئەو فەرمانەی کۆتایی، کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە ساڵی ٢٠١٤ دژی ئەم پێکهاتە ڕەسەنەی كوردستان دابووی. لەم کتێبەدا، بۆمان دەردەکەوێت کە ئێزدایەتی، بە درێژاییی مێژوو چەندین جاری تریش فەرمانی لەناوبردنیان بۆ دەرچووە.
بەشی یەکەمی کتێبەکە بۆ بابەتی پێناسەکاری و مێژوویی تەرخان کراوە دەربارەی ئێزدایەتی و فەرمانەکانی کە دژیان دەرچووە. لە بەشی دووەم: باس لە داگيرکردنی شنگال دەکات. زانیاری و داتای زۆر گرنگی تێدایە دەربارەی جينۆسایدکردنی ئێزیدییەکان بەتایبەتی لە کۆجۆ و، ڕەوشی کۆمەڵایەتیی ئێزیدییەکان تاووتوێ کراوە. لە بەشی سێیەمی کتێبەکەدا باس لە لێبووردەییی ئایینی ئێزیدی کراوە. مەسەلەی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی لەم ئایینەدا پيشان دراوە. هەروەها هەر لەم بەشەدا باسی ڕۆڵی ئایینیی ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزیدییەکان کراوە، کە چۆن هەوڵی داوە پشتگيریی لە کچانی قوربانیی دەستی داعش بكات. بۆ نموونە، یەکێك لە ئاماژەکانی لێبووردەییی ئەم ئایینە ئەوهیە کاتێك دوعا و نزا دەکەن، یەکەم جار بۆ (٧٢) ميللەتی جیهان دەیکەن ئینجا بۆ خۆیان. بەشی چوارەم، كه گرنگترین بەشی ئەم کتێبەیه، چيرۆکی کەنیزەکانی سەدەی بیستی یەکەم باس دەکات. لەم بەشەدا کەس لەبير نەکراوە؛ هەر لە ڕزگاربووەکان، فڕێنراوەکان، شەهیدکراو و بێسەرپەرشتەکان تیایدا جێ کراونەتهوە.
دەربارەی چارەنووسی ئێزیدایەتی لەم ناوچەیەدا، جارجار تروسکاییی گەشبينی لە کتێبەکەدا دەخوێنینەوە؛ کاتێك کچێكی ڕزگاربوو دەگاتەوە خۆشەویستەکەی و، هاوسەرگيریی لەگەڵ دەکات. بەڵام لایەنی ڕەشبينی و خەمباریی تێدا زاڵە. ئەم لایەنە لە چەند شوێنێكی کتێبەکەدا بەدی دەکەین: بەتایبەتی نووسەری كتێبەکە باس لەوە دەکات کە ئێزیدییەکان تاوەکو لە عێراقدا بمێننەوە، پرۆژەی کوشتنن. یان کۆچی بەکۆمەڵی ئێزیدییەکان و گەڕان بەدوای نيشتمانی ئەلتەرناتیف (الوطن البديل)، بەشێکی تری ئەم كتێبهن، کە پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان تێی بگەن و بەدواداچوونی بۆ بکەن.
ئەم کتێبە، تۆماری هاوارێکی کوردانی ئێزیدییە دژی جینۆسایدە یەک لەدوای یەکەکان. ئەو تاوانانەی ساڵی ٢٠١٤، لە مێژووی ئێزیدایەتیدا بە جینۆسایدی ژمارە ٧٣ دانراوە. لە هەمان کاتدا، کتێبەکە بەهایەکی مێژوویی و سیاسی و یاساییی خۆیی هەیە. نووسەر هەوڵی داوە کتێبەکەی بکرێتە بەڵگە بۆ دوا جينۆسایدی ئێزیدییەکان و، بکرێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ناوەندە ئەکادیمی و فەرمییەکان. نەك هەر ئەمانەیش، بەڵکو بکرێت بە بەڵگەیەکی یاسایی لە پێش دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، کاتێك تاوانبارانی داعش ڕووبەڕووی دادگا دەبنەوە.
ئەرشیف