
2016-08-25
تیۆریی دادپه‌روه‌ری
A THEORY OF JUSTICE
جۆن ڕاوڵز
له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئه‌وه‌ی كه زیاتر له هه‌موو بابه‌تێك هزری فه‌یله‌سووف، بیرمه‌ندان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئاساییشی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كرده‌وه، چه‌مكی "دادپه‌روه‌ری" بووه. به درێژایی قۆناغه جۆراوجۆره‌كانی مێژوو و ئاستی تێگه‌یشتن و بارودۆخی كۆمه‌ڵگه‌كان پێناسه‌ی جۆراوجۆر و ته‌نانه‌ت جیاوازیش بۆ ئه‌م چه‌مكه و بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی كراوه. ئه‌م مشتومڕه تا ئێستاكه‌ش هه‌ر درێژه‌ی كێشاوه. هه‌ر كۆمه‌ڵگه و سیسته‌مێكی هزری و بیرمه‌ندێكیش هه‌وڵی داوه، كه به‌پێی بنه‌ما و بنچینه‌یه‌ك دادپه‌روه‌ری پێناسه بكات.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه تیۆر و ڕوانگه‌ی جۆن ڕاوڵز جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه، كه ناوبرا هه‌وڵی داوه بنه‌مایه‌كی پته‌و بدۆزیته‌وه كه ئه‌م چه‌مكه گرێدراوی هیچ چه‌مكێكی خێر و چاكه‌ی سه‌رووتر یاخود مێتافیزیكی "ئه‌خلاقی و فه‌لسه‌فی و ئایینی" نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی و قبووڵی هه‌موو مرۆڤه‌كان بێت، سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانیان له ڕووی پێگه، ئایین، نه‌ته‌وه و ره‌گه‌ز و...هتد. یان به وته‌ی خۆی، دادپه‌روه‌رییه‌كی گونجا و شیاو و مونسیفانه بێت. بۆیه‌شه كه ماف (RIGHTS) له سه‌رووی خێر و چاكه و به‌رژه‌وه‌ندی (GOOD) داده‌نێت و به دوای ئه‌و خاڵه‌دا ده‌گرێت، كه هاوبه‌ش و به‌پێی ڕه‌ڤامه‌ندی هه‌مووان و له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵانییه‌تێك (THE RATIONAL) كه مه‌عقوول(THE RESIONABLE) بێت. جۆن ڕاوڵز هه‌وڵی ئه‌وه‌یه كه كۆتایی به دژیه‌كییه‌كانی"ئازادی و یه‌كسانی" بێنێت و پێكه‌وه كۆیان كاته‌وه، به‌ڵام هیچ كامه‌یان نه‌كاته قوربانی ئه‌وه‌ی تریان.
گرنگیی ڕاوڵز له‌وه‌دا‌یه كه نایه‌وێت له جیهانی هزر و تیۆریدا قه‌تیس بمێنێته‌وه، به‌ڵكوو دیهه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌م جیهانه و له ئه‌رزی واقعدا، سیسته‌مێكی سیاسی-كۆمه‌ڵایه‌تی بونیاد بنرێت، كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م دادپه‌روه‌رییه مونسیفانه‌یه كه داوای ده‌كات.
جۆن ڕاوڵز (1921-2002) فه‌یله‌سووفی ئه‌مریكی، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له زانكۆی پرینستۆن وه‌رگرت و به‌شداریی جه‌نگی جیهانیی دوومی كرد. پاشان له ساڵی 1946 له ڕیزی سوپای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هاته ده‌ره‌وه و گه‌ڕایه‌وه پرینستۆن و بڕوانامه‌ی دكتۆراكه‌ی له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق له‌م زانكۆیه وه‌رگرت. ڕاوڵز نزیكه‌ی 40 ساڵ له زانكۆی هارڤارد وانه‌ی گوتۆته‌وه و به یه‌كێك له به‌ناوبانگترین بیرمه‌ندانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و به‌تایبه‌ت هزری سیاسیی لیبرالیزم داده‌ندرێت.
كتێبی "تیۆریی دادپه‌روه‌ری" به یه‌كه‌مین و له‌وانه‌یه گرنگترین به‌رهه‌می ڕاوڵز و ته‌نانه‌ت به‌رهه‌م له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا‌بنرێت كه له‌سه‌ر دادپه‌روه‌ری نووسرابێت. ئه‌م كتێبه له ساڵی 1971 بڵاو كرایه‌وه و پاشان له ساڵانی 1975 و 1999 پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه. ئه‌م نووسینه، دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی گریبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ دۆزینه‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی پته‌و و بنچینه‌یی بۆ دادپه‌روه‌ری. به‌م مانایه كه ڕاوڵز مافی سروشتی و مافی مه‌ده‌نی و گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ بیروڕای ئیمانوێل كانت (فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی) گرێ ده‌دات و ده‌یكاته بنچینه‌یه‌كی پته‌و بۆ ڕۆنانی تیۆرییه‌كه‌ی له‌باره‌ی دادپه‌روه‌رییەوە. ئامانجی ڕاوڵز له خستنه‌ڕووی تیۆریی دادپه‌روه‌ری، پێناسه و به‌رگرییه له چه‌مكێكی تایبه‌تی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و بونیادنانی چه‌مكێكی ئه‌خلاقی، كرده‌یی و سیسته‌ماتیك له دادپه‌روه‌ری، له چوارچێوه‌ی ڕوانگه‌ی لیبرالیزمدا.
له ڕوانگه‌ی ڕاوڵزه‌وه ئامانجی سه‌ره‌كی و كۆتاییی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌سته‌به‌ركردن و دابینكردنی دادپه‌روه‌رییه. به بڕوای ڕاوڵز، دادپه‌روه‌ری له سه‌رووی زۆربه‌ی به‌هاكانه‌وه‌یه، وه‌كوو خۆشبه‌ختی و ته‌نانه‌ت ئازادی. به‌م پێیه، ڕاوڵز بڕوای وایه كه دادپه‌روه‌ری چوارچێوه‌یه‌كه كه تاكه جیاوازه‌كان ده‌رفه‌تی به‌دواداچوونی به‌ها و ئاواته ویستراوه‌كانی خۆیانی تێدا ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن. بۆیه‌یش په‌یوه‌ندیی نێوان دوو چه‌مكی "دادپه‌روه‌ری و ئازادی"، كه به ڕواڵه‌ت له هزری سیاسی و ته‌نانه‌ت له ڕووی ژیانی واقعیشه‌وه پێكناكۆكن، به بزوێنه‌ر و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌ره‌كیی ڕاوڵز داده‌ندرێت.
كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كیی تیۆریی دادپه‌روه‌ریی ڕاوڵز ئه‌وه‌یه: به هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌رچاوه سروشتییه‌كان سنووردارن و مرۆڤه‌كان به‌و پێیه‌ی كه خۆویست و چاوچنۆكن، بۆیه له‌سه‌ر دابه‌شكردن و سوودمه‌ندبوون له‌م سه‌رچاوانه تووشی جه‌نگ و ململانێ ده‌بن. بۆ چوونه‌ده‌ر له‌م گرفت و كێشانه، پێویستیمان به بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری هه‌یه. به‌و مه‌رجه‌ی كه مرۆڤه‌كانی داڕێژه‌ر‌ی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری، له دۆخ و پێگه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییدا گریمانه بكه‌ین. له‌م دۆخه‌دا مرۆڤه‌كان له‌پشت په‌رده‌یه‌كی نه‌زانی(جهل)دا ده‌ژین.
ڕاوڵز، وا گریمانه ده‌كات كه له‌م دۆخه نموونه‌یی و سه‌ره‌تایییه‌دا بۆ گه‌یشتن به بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری، كه هه‌مووان له‌سه‌ری كۆك بن و بڕیار بده‌ن، ئه‌وه مرۆڤه‌كان جیاوازیی كه‌لتووری و ئه‌تنیكی و نه‌ژادی و ...هتد، له‌به‌رچاو ناگرن و هه‌مووان له تێگه‌یشتنێكی مامناوه‌نده‌ی و ئاساییدان و له نه‌زانیدا پێكه‌وه یه‌كسانن.
بۆ ڕاوڵز ئه‌م نه‌زانییه زۆر گرنگه، چونكه تاكه‌كان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه نازانن له داهاتوودا چی ده‌بێت ئه‌وه به‌پێی ئینساف بڕیار ده‌ده‌ن، كه نه‌بێته هۆی زاڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی تاكه‌كه‌سی و گرووپی. بۆیه له‌م دۆخه‌دا ڕاوڵز بڕوای وایه كه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان بتوانن پێكه‌وه بژین، ئه‌وه گرێبه‌ست پێكه‌وه ده‌كه‌ن كه به‌ناچاری ئه‌م گرێبه‌ستانه مونسیفانه‌یه. لێره‌وه‌یه كه تیۆریی ڕاوڵز له‌گه‌ڵ چه‌مكی "ئینساف" گرێ ده‌درێت.
به‌گشتی، تیۆریی دادپه‌روه‌ریی ڕاوڵز له سێ بنه‌مای بنچینه‌یی پێك دێت: 1- بنه‌مای ئازادیی یه‌كسان 2- بنه‌مای یه‌كسانیی مونسیفانه له ده‌رفه‌ته‌كان 3- بنه‌مای جیاوازی.
به‌م پێیه‌ش، ڕاوڵز بڕاوی وایه كه ئه‌م بنه‌ما و پره‌نسیپانه ده‌بنه هۆی هاتنه‌ئارای "دادپه‌روه‌ری وه‌كوو ئینساف(Justice as Fairness) ". به‌م مانایه كه "هه‌موو له ئازادی‌دا یه‌كسانن، به‌ڵام نایه‌كسانییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان پێویسته ڕێك بخرێنه‌وه به دوو مه‌رج: 1- زۆرترین سوودی بۆ خوارترین چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌بێت(بنه‌مای جیاوازی) 2- نایه‌كسانی له پله و پێگه و پۆست و..هتد هه‌یه و پێویسته، به‌ڵام به مه‌ر‌جی هه‌بوونی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌مووان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م پۆست و پێگانه(بنه‌مای یه‌كسانیی مونسیفانه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان.)
كتێبی تیۆریی دادپه‌روه‌ری، له سێ فه‌سڵ و نۆ به‌شی سه‌ره‌كی پێك دێت.
فه‌سڵی یه‌كه‌م تایبه‌ته به (تیۆری). له به‌شی یه‌كه‌مدا به ناونیشانی دادپه‌روه‌ری وه‌كوو ئینساف (JUSTICE AS FAIRNESS) ڕاوڵز هه‌وڵ ده‌دات كۆمه‌ڵێك پرس و چه‌مك شی بكاته‌وه و له‌م باسانه پێك دێت: ڕۆڵی دادپه‌روه‌ری، بابه‌تی دادپه‌روه‌ری، بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كیی تیۆریی دادپه‌روه‌ری، دۆخی سه‌ره‌تایی و پاساو یاخود به‌ڵگه‌بۆهێنانه‌وه، سوودگه‌راییی كلاسیك، چه‌ند به‌راوردكارییه‌ك، ده‌روونگه‌رایی، پرس و كێشه‌ی ئه‌وله‌وییه‌ت، چه‌ند تێبینییه‌ك ده‌رباره‌ی تیۆریی ئه‌خلاق.
به‌شی دووه‌م تایبه‌ته به بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری (THE PRINCIPLES OF JUSTICE). له‌م به‌شه‌دا ڕاوڵز له چه‌ند باسێكدا ئه‌م پرسانه شی ده‌كاته‌وه: دامه‌زراوه‌كان و دادپه‌روه‌ریی فه‌رمی، دوو بنه‌مای دادپه‌روه‌ری، ته‌فسیره‌كانی بنه‌مای دووه‌م، یه‌كسانیی دیموكراتیك و بنه‌مای جیاوازی، یه‌كسانیی مونسیفانه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان و دادپه‌روه‌ریی بێگه‌ردی كرده‌یی یاخود پرۆسه‌یی، چاكه بنه‌ڕه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌كوو بنچینه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كان، پێگه كۆمه‌ڵایه‌تییه په‌یوه‌ندیداره‌كان، لایه‌نگری و هۆگری بۆ یه‌كسانی، بنه‌ماكانی تایبه‌ت به تاكه‌كان: بنه‌مای ئینساف، بنه‌ماكانی تایبه‌ت به تاكه‌كان: ئه‌ركه سروشتییه‌كان.
به‌شی سێیه‌م تایبه‌ته به شیكردنه‌وه‌ی بارودۆخی بنه‌ره‌تی (THE ORIGINAL POSITION)، كه ڕاوڵز هه‌وڵ ده‌دات له دووتوێی ئه‌م باسانه‌دا بیخاته ڕوو: سروشتی به‌ڵگه‌هێنانه‌وه بۆ تێگه‌یشتن له دادپه‌روه‌ری، خستنه‌ڕووی ئه‌لته‌رناتیڤه‌كان، دۆخی دادپه‌روه‌ری، به‌ربه‌سته فه‌رمی و ڕواڵه‌تییه‌كانی چه‌مكی ماف، په‌رده‌ی نه‌زانی، عه‌قڵانیه‌تی لایه‌نه‌كان، ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه ده‌گه‌نه دوو بنه‌مای دادپه‌روه‌ری، به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی گه‌یشتن به سوودمه‌ندیی مامناوه‌ندی، چه‌ند كێشه و گرفتێكی بنه‌مای مامناوه‌ندی، چه‌ند كۆڵه‌كه‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ دوو بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و، باسی كۆتاییی ئه‌م به‌شه تایبه‌ته به ڕوونكردنه‌وه‌ی سوودگه‌راییی كلاسیك، بێلایه‌نی و خێرخوازی و مرۆڤدۆستی.
لێره‌وه فه‌سڵی دووه‌می كتێبه‌كه‌ی ڕاوڵز ده‌ست پێ ده‌كات كه تایبه‌ته به (دامه‌زراوه‌كان). له‌م فه‌سڵه‌دا ڕاوڵز به‌شی چواره‌می كتێبه‌كه‌ی ته‌رخان كردووه بۆ ناونیشانی "ئازادیی یه‌كسان" ( EQUAL LIBERTY ). بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش له چه‌ند باسێكدا، چه‌ندین پرس به‌م ناونیشانانه ده‌خاته ڕوو: زنجیره‌ی چوار قۆناغی، چه‌مكی ئازادی، ئازادیی یه‌كسان له بواری ویژداندا، تۆلێرانس(پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن) و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، هه‌بوون و نه‌بوونی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن، دادپه‌روه‌ریی سیاسی و ده‌ستوور، به‌ربه‌ست و سنووره‌كانی سه‌ر بنه‌مای به‌شداری، حكومڕانیی یاسا، پێناسه‌ی ئه‌وله‌ویه‌تی ئازادی، لێكدانه‌وه‌ی كانتی بۆ دادپه‌روه‌ریی وه‌كوو ئینساف.
به‌شی پێنجه‌م (DISTRIBUTIVE SHARES)، تایبه‌ته به هاوبه‌شیكردن و پشكه‌كانی دابه‌شینه‌وه. به‌م واتایه، لێره‌وه ڕاوڵز له چه‌ند باسێكدا گرنگی به ڕه‌هه‌ندی ئابووری له په‌یوه‌ندیی به دادپه‌روه‌ری ده‌دات. به‌م مانایه كه لێره‌دا ڕاوڵز گرنگیی زۆر به دادپه‌روه‌ریی دابه‌شكاری و دابه‌شینه‌وه ده‌دات.
به‌شی شه‌شه‌م (DUTY AND OBLIGATION)، تایبه‌ته به ئه‌رك و پابه‌ندبوون و هه‌روه‌ها بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به نافه‌رمانیی مه‌ده‌نی له هه‌مبه‌ر یاسا نادادپه‌روه‌كان و پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌م بواره.
له فه‌سڵی سێیه‌م و كۆتاییدا به‌شی حه‌وته‌می كتێبه‌كه (GOODNESS AS RATIONALITY)، تایبه‌ت كراوه به ناونیشانی "چاكه‌خوازی، وه‌كوو عه‌قڵانییه‌ت" و هه‌روه‌ها پرسه‌كانی وه‌كوو پێویستیی تیۆریی چاكه و پێناسه‌كردنی چاكه و عه‌قڵانیه‌تی ڕاوێژكاری و گفتوگۆیی و چه‌ند بابه‌تی تر ده‌خرێته ڕوو.
له به‌شی هه‌شته‌م (THE SENSE OF JUSTICE)دا، ڕاوڵز هه‌وڵ ده‌دات مانا و واتای مه‌به‌ستی خۆی له دادپه‌روه‌ری، له‌م به‌شه‌دا بخاته ڕوو. لێره‌دا ڕاوڵز بنه‌مای ئه‌خلاقی له چه‌ند بوارێك بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری ده‌خاته به‌رباس و لێكدانه‌وه.
به‌شی نۆیه‌م (THE GOOD OF JUSTICE) و كۆتاییی كتێبه‌كه‌ی ڕاوڵز تایبه‌ت كراوه به چاكه‌ی دادپه‌روه‌ری. له‌م به‌شه‌دا ڕاوڵز چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات، به‌تایبه‌ت كێشه و پرسی چاوچنۆكی و یه‌كسانی و خۆویستی و بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به دادپه‌روه‌ری و چاكه و هه‌روه‌ها زه‌مینه و ئه‌وله‌ویه‌تی ئازادی و چه‌ند پرسێكی تر ڕوون ده‌كاته‌وه.
له كۆتاییدا ده‌توانین بڵێین تیۆریی دادپه‌روه‌ریی ڕاوڵز، بووه‌ته هۆی هاتنه‌ئارای چه‌ندین لێكدانه‌ه‌وه و ڕه‌خنه و گفتوگۆی چڕوپڕی زانستی و ئه‌كادیمی له چوارچێوه‌ی لیبرالیزم و له ده‌ره‌وه‌ی ڕوانگه‌ی لیبرالیزم. ئه‌مه‌یش یارمه‌تیده‌ر و ڕ‌ێنیشانده‌رێكی زۆر باش بووه بۆ تێگه‌یشتن له پرس و كێشه و گرفته‌كانی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رده‌م و سڕینه‌وه‌ی جیاكاری له‌نێوان تاك و چین و ته‌نانه‌ت گرووپه‌كان و باشتركردنی دۆخی ژیانی تاكه‌كان و ڕه‌خساندنی هه‌لی یه‌كسان و گرنگیپێدان به بابه‌ته‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و خوێندن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نایه‌كسانییه‌كان و، له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌وڵدان بۆ دووباره پێداچوونه‌وه و بونیادنانه‌وه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ی په‌یوه‌ندییه ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و... هتد، نه‌ك له ناوخۆی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگاكان به‌ڵكوو له ئاستی نێوان ده‌وڵه‌تان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش.
A Theory of Justice, by John Rawls, the Belknap Press of Harvard University Press, 1971.
بۆ دابه‌زاندنی:
ئەرشیف