پیێترۆ: "کوردستان، وڵاتی کوردانه، که‌وتۆته نێوان تورک و ئێرانییه‌کانه‌وه و پانتایییه‌که‌ی له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه تا ڕۆژاوا، ده تا یازده ڕۆژ ڕێگه‌یه." "لێره له نێوان کێوه‌کانی ته‌ژی له ئاو، گوندێک به ناوی که‌ره‌ند (کرند) هه‌ڵکه‌وتبوو که دانیشتووانی کورد بوون. له ڕێگه‌دا، پیاوێک پێی گوتم: خاوه‌نی ئه‌و گونده و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ژنێکه به‌ناوی سوڵتان خانم، که خۆی لێره ده‌ژیت." به‌شێکی کورت له بیره‌وه‌رییه‌کانی پیێترۆ دێللا ڤاللێ (1586-1652) که بۆ گه‌ییشتن به ئیسفه‌هان له کوردستانه‌وه ده‌رباز بوو.
ساڵی 1617 به‌ره‌و ئیسفه‌هان به‌یانیی ڕۆژی حه‌وته‌م، دوای دانی ماڵیاتی خۆجێیی بۆ ڕۆییشتن، خۆمان ئاماده کرد. له درێژه‌ی ڕێگه‌دا، له کێوه ڕووت و وشکه‌کان ده‌رباز بووین و دوایی له ده‌شتێکه‌وه ئاوا بووین. به‌ره‌به‌ری ڕۆژاوابوون، گه‌ییشتینه گوندی قزڵ ڕبات، که دوایین خاڵی نیشته‌جێبوونی سنووری تورکه. به‌ڵام سه‌رۆکی ئه‌و گونده کابرایه‌کی کورد بوو، که ناوی (ئه‌حمه‌د) و (محه‌ممه‌د به‌گ)یشیان پێ ده‌گوت، زۆربه‌ی کورده‌کان له ژێر ده‌سه‌ڵاتداریی ئه‌ودا بوون. له‌لایه‌ن سوڵتانی عوسمانییه‌وه ئه‌م گونده به شێوه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی به‌و درابوو تا له به‌رامبه‌ر ئه‌و گونده‌دا، خۆی و که‌سوکاره‌کانی که له ده‌وروبه‌ری سنووره‌کاندا ده‌ژیان، له ژێر فه‌رمانی سوڵتاندا بن. ئێستا که باس له کورده‌کان هاته گۆڕێ، به‌له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه که دواییش ده‌بێ ناوی ئه‌وان بێنم، پێویسته پێش ئه‌وه که باس له بابه‌تی تر بکه‌م، زانیاری سه‌باره‌ت به‌وان به ئێوه بده‌م. کوردستان، وڵاتی کوردانه، که‌وتووەته نێوان تورک و ئێرانییه‌کانه‌وه و پانتایییه‌که‌ی له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه تا ڕۆژاوا، ده تا یازده ڕۆژ ڕێگه‌یه. بێ‌شک هه‌ندێک شوێن زیاتره و هه‌ندێکیش که‌متر. به‌ڵام له باکووره‌وه تا باشوور، پانتایییه‌که‌ی ڕاده‌یه‌که و وا وێنا ده‌که‌م له بابول و شووشه‌وه، له نزیکه‌کانی که‌نداوی فارسه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و به‌ره‌و باکوور تا مووسڵ یان نه‌ینه‌وا، له‌وێشه‌وه تا ناو ئه‌رمه‌نستان و ئازه‌ربایجان و تا نزیک ده‌وروبه‌ری به‌حری ڕه‌ش درێژه‌ی هه‌یه. کوردستان وڵاتێکی شاخاوی و سه‌خته، له ڕاستیدا به‌شێکە له زنجیره کێوێک که له‌و به‌شه‌ی ئاسیاوه ده‌رباز ده‌بێت و له که‌نداوی فارسیش کۆتایی پێ دێت. ئه‌م زنجیره کێوانه، باشترین سنووری سروشتیی نێوان ئیمپراتۆری تورک و ئێرانییه‌کانه و له‌سه‌رده‌مانی پێشووشدا سنووری نێوان ڕۆمییه‌کان و پارته‌کان بوو. نازانم ئه‌م وڵاته له کۆنه‌وه ناوی چی بووه و وای بۆ ده‌چم که وه‌کو ئه‌مڕۆ ته‌واوی ئه‌و وڵاته یه‌ک ناوی نه‌بووه، هه‌روه‌ها له نێوان قه‌ومی جیاوازدا که ناوی جۆراوجۆریان هه‌بووه، دابه‌ش کرابوو. بۆ نموونه، له به‌شی باکووردا (کاردۆک)ه‌کان نیشته‌جێ بوون، که له قه‌راخ (دیجله)دا ده‌ژیان و هه‌ر وه‌ک (گه‌زنفۆن) له کتێبه‌کانی خۆیدا سه‌باره‌ت به له‌شکرکێشیی کوورشی دووه‌م ده‌نووسێت: یوونانییه‌کانیان له کاتی پاشه‌کشێدا زۆر ئازار دا. ده‌بێ بڵێم، به‌ڕای من ئه‌م کتێبانه‌ی (گه‌زنفۆن) له باشترین به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و ده‌ژمێردرێن. کورده‌کان زمانێکی تایبه‌تیان هه‌یه، که له زمانی دراوسێکانیان وه‌ک عه‌ره‌ب، تورک و ئێرانییه‌کان جیاوازه، به‌ڵام زمانی ئه‌وان له‌به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی تردا، له فارسیی سه‌ره‌تایی نزیکه. زۆربه‌ی ئه‌وان کۆچه‌رن و له‌گه‌ڵ مه‌ڕوماڵاتیان له هاتووچۆدان و خه‌ریکی گه‌رمین و کوێستانن. به‌ڵام هه‌ندێک له‌وان شارنشین و له شوێنێک نیشته‌جێن. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، کورده‌کان ملکه‌چی خان و سه‌رۆک قه‌بیله‌کانی خۆیانن، که ئه‌م نازناوانه‌یان به میرات وه‌رگرتوون و سه‌باره‌ت به نزیکیی شوێنیان له‌گه‌ڵ تورکه‌کان یا ئێرانییه‌کان، حکوومه‌ت یه‌کێک له‌وان قبووڵ ده‌کات. به‌ڵام به‌شێکی زۆری ئه‌وان له‌و کۆت و به‌نده سه‌ربه‌ستن. هه‌ندێک له‌و (خان)انه ده‌توانن ده تا دوازده هه‌زار چه‌کدار ئاماده بکه‌ن، که یه‌کێک له‌و خانانه (بتلیس)ه، من ئه‌وم له قوسته‌نته‌نییه بینی. هه‌ندێک ئه‌گه‌ر بتوانن وه‌کو خانی بتلیس دوو تا سێ هه‌زار چه‌کدار ئاماده بکه‌ن، زۆر که‌یفخۆش و ڕازی ده‌بن. خانه گه‌وره‌کان سه‌ر به که‌س نین، به‌ڵکوو له ژێر باڵی یه‌کێک له دوو پاشادا ژیان به‌سه‌ر ده‌بن، هه‌ندێک جاریش هه‌ر وه‌کوو حاکم و ده‌ستڕۆییشتووه‌کانی ئێمه‌ی ئیتالی خۆ ده‌نوێنن و به گوێره‌ی کات، ئاڵاکانیان ده‌گۆڕن. خانه لاوازه‌کان نه‌ته‌نیا په‌یڕه‌وی و ملکه‌چی ده‌که‌ن، به‌ڵکوو زۆربه‌ی کات ته‌نیا سه‌رۆکایه‌تیی بۆ کاتێکی دیاری کراو یان ته‌واوی ته‌مه‌ن، ئه‌ویش نه‌ک به میرات، به‌ده‌ستی دێنن. جلوبه‌رگی کورده‌کان شتێکه له نێوان جلوبه‌رگی ئێرانییه‌کان و تورکه‌کان و چه‌شنه‌که‌شی زۆر زبره. ژنه‌کانیان به‌سه‌روڕووی کراوه له هاتووچۆدان و له‌گه‌ڵ پیاوه‌کانی خۆیان و بیانییه‌کاندا به‌شێوه‌یه‌کی ئازاد ده‌په‌یڤن. دینی کورده‌کان ئیسلامه و به‌چاولێکردن له خانی ناوچه یان به له‌به‌رچاوگرتنی پێویستیی سیاسی، پێڕه‌وی له مه‌زهه‌بی تورکه‌کان یان ئێرانییه‌کان ده‌که‌ن. له هه‌ندێک ناوچه‌ی وڵاتی ئه‌وان وه‌کوو (جزیره) له میسوپۆتامیا که له ناوه‌ڕاستی ڕووباری دیجله‌دا هه‌ڵکه‌وتووه، سه‌رۆکی ئه‌و یه‌کێک له خانه کورده‌کانه، هه‌روه‌ها له به‌شه کوێستانییه‌کان که کلدانییه‌کان (توور)ی پێ ده‌ڵێن، یان ویلایه‌تێکی به‌رز، که له‌وێدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه زۆرینه کوردن، به زمانی کلدانیی ڕه‌شۆکیانه ده‌په‌یڤن، ژماره‌یه‌کی به‌رچاو کلدانیی مه‌سیحی ده‌ژین که سه‌ر به نه‌ستوورییه‌کان و یه‌عقووبییه‌کانن و بۆ خزمه‌تی سه‌ربازیی که‌ڵک له گه‌نجه‌کانی ئه‌وان وه‌رده‌گرن. ڕۆژی سێزده‌هه‌م. شه‌و که داهات، خۆمان گه‌یانده بناری کیوێک و شوێنێکی وشکمان دۆزییه‌وه و، خێوەتمان لێ هه‌ڵدا. لێره له نێوان کێوه‌کانی ته‌ژی له ئاو، گوندێک به ناوی که‌ره‌ند (کرند) هه‌ڵکه‌وتبوو، که دانیشتووانی کورد بوون. به‌گوێره‌ی داب، خه‌ڵکی گونده‌که خوارده‌مه‌نییان بۆ فرۆشتن به ئێمه پێشان ده‌دا و هاوسه‌رم (سێتتی مه‌عانی)* داوای لێ کردم که ماڵی ئه‌وان ببینێت. منیش له‌گه‌ڵ ژنانی ئه‌و ناوچه‌یه که بۆ فرۆشتنی خوارده‌مه‌نی هاتبوونه لای ئێمه، هاوڕێ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌م ڕوومان له‌و ماڵه کرد که به ڕواڵه‌ت زۆر دوور نه‌بوو. له ڕێگه‌دا، پیاوێک پێی گوتم: خاوه‌نی ئه‌و گونده و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ژنێکه به ناوی سوڵتان خانم، که خۆی لێره ده‌ژیت. (سێتتی مه‌عانی) گوتی: ئێستا که له‌و گونده‌دا ده‌ژین، به گوێره‌ی ڕێزلێنانه‌وه وا باشتره که سڵاوێکی لێ بکه‌ین. دوایی پیاوێک که خزمه‌تکاری ئه‌و خانمه (سوڵتان خانم) بوو، ئێمه‌ی ڕێنمایی کرد، له ڕاستیدا ناتوانم بڵێم که به چ ڕوویه‌کی خۆشه‌وه ئێمه‌ی وه‌رگرت. هاوسه‌رم چوو بۆ خزمه‌ت سوڵتان خانم، له‌به‌ر ئه‌وه که مێردی سوڵتان خانم له‌وێ نه‌بوو و له خزمه‌ت (پاشا)دا بوو، یه‌کێک له براکانی ئه‌و چاوی به‌من که‌وت. ته‌مای ئه‌وه‌م هه‌بوو که هه‌رچی زووتر ماڵاوایییان لێ بکه‌ین، چونکه کات دره‌نگ بوو، به‌ڵام تا ئه‌و کاته‌ی که له‌سه‌ر که‌وڵ، پڵاو و خوارده‌مه‌نی تر نه‌هات، لێ نه‌گه‌ڕان بڕۆیین. ئه‌وان حەزیان لەوە بوو، که ئێمه خواردنی شه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بخۆین. له کۆتاییدا، ژنه‌کان و پیاوه‌کان به‌جیا له دوو دیوی جیاوازدا، نانمان خوارد. هه‌روه‌ها دواییش که چه‌ند جار سه‌رنجم دا، نان له کوردستان و ئێران به‌شێوه‌یه‌کی گشتی زۆر ناسکه و به‌شكڵی جغز و ڕه‌نگی سپی ده‌کرێ و ده‌برژێ، که وه‌ک لازانیی ئیتالی وایه و ماکاڕۆنی لێ چێ ده‌که‌ن. که‌وچک و چه‌تاڵ له‌سه‌ر که‌وڵی نانخواردن نه‌بوو، ئێرانییه‌کان له جیاتی که‌وچک و چه‌تاڵ به‌ده‌ست نان ده‌خۆن. له چاکردنی خواردندا ورده‌کاریی که‌ڵکی لێ وه‌رنه‌گیرابوو، به‌ڵام به هۆی مێهره‌بانی و ئه‌ده‌بی ئه‌وانه‌وه که به ئێمه ده‌کرا، چێژێکی باشمان وه‌رگرت. کاتێک لە نانخواردن بووینەوە، ماڵاوایی‌مان لێ کردن، خانمی خانه‌خوێ (سوڵتان خانم) به‌قسه‌ی خۆش ئێمه‌ی به‌ڕێ کرد که له‌لایه‌ن براکه‌ی ئه‌وه‌وه له کوردییه‌وه بۆ تورکی وه‌رده‌گێڕدرایه‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ند که‌س له پیاوه‌کانی (سوڵتان خانم) تا نزیک چادره‌که‌ی ئێمه له‌گه‌ڵمان هاتن. هاوسه‌ره‌که‌شم (سێتتی مه‌عانی) سه‌وه‌ته‌یه‌ک سێ‌و و ئه‌و خوارده‌مه‌نییانه‌ی که له‌و ده‌ڤه‌ردا ده‌ست نه‌ده‌که‌وتن، له‌گه‌ڵ عه‌تر و که‌لوپه‌ڵی ژنانه بۆ (سوڵتان خانم)ی به‌دیاری ڕەوانه کرد. چه‌ند ڕۆژ دواتر که له شاری نوێ (شهر ن‌و) ده‌رچووین، به‌پێی ئه‌وه که به‌فر وڵاتی داگرتبوو، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژ به‌فر نه‌ده‌باری و که‌شوهه‌وا که‌مێک هێمنتر ببۆوه. شه‌و له سه‌حنه (صحنه) که شوێنێکی تا ڕاده‌یه‌ک گه‌وره بوو، دانیشتووانی کورده‌کان و ئێرانییه‌کان پێکیان دێنا، بار‌مان خست. ئه‌لێره‌وه وڵاتی کوردستان کۆتایی پێ دێت و سنووری ئێران ده‌ست پێ ده‌کات. بێ‌شک مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که له‌و شوێنه به‌دواوه به فارسی ده‌په‌یڤن، تا ئێستاش بۆم روون نه‌بۆوه که حکوومه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه له‌ده‌ست کێ دایه و، که‌سێکیشم ده‌ست نه‌که‌وت که له‌م بواره‌دا زه‌ینی من ڕوون بکاته‌وه.
سه‌رچاوه: بیره‌وه‌رییه‌کانی (پیێترۆ دێللا ڤاللێ)ی ئیتالی (1586-1652) به زمانی فارسی (سفرنامه پیترو دلا واله). وه‌رگێڕ: بۆ زمانی فارسی، شعاع ا‌لدین شفا تێبینی: * (سێتتی مه‌عانی) هاوسه‌ری (پیێترۆ دێللا ڤاللێ) دانیشتووی شاری به‌غدا بووه و باوکی ئاسۆری و دایکی ئه‌رمه‌نی بووه. له‌بنه‌ڕه‌تدا (سێتتی مه‌عانی) و دایک و باوکی خه‌ڵکی شاری (ماردین) بوون.
|
ئەرشیف