ستراتیژیی ئێران بۆ لێكترازاندنی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاست و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- بریتانیا. پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین

 

یەكێك لە لێكەوتە گرنگەكانی ھەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 گۆڕینی ھاوسەنگیی ھێز  و نەخشەی سیاسی بووە، بەتایبەت لەناوماڵی شيعەدا. لەم ھەڵبژاردنەدا لیستی سەدر كە تا ڕاددەیەك لە ئێران دوورە و جەخت لەسەروەریی عێراق دەكات و دژی دەستێوه‌ردانی دەوڵەتانی دراوسێیە لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا، توانیی بە كۆكردنەوەی 74 كورسی، زۆرینەی دەنگەكانی پێكھاتەی شيعە بەدەست بھێنێت. لە بەرامبەردا، ھاوپەیمانەكانی نزیك لە ئێران تووشی شكستێكی گەورە بوون، بەتایبەتیش لیستی فەتح كە زۆربەی گرووپەكانی چەكداری سەر بە ئێران لەخۆ دەگرێت و ڕێژەی كورسییەكانی لە 48 (2018) بۆ 17 كورسی دابەزیوە. لەناوچە سوننەكانیش لیستی تەقەدوم، سەر به‌ حەلبووسی و خەنجەر توانییان زۆرترین كورسیی سوننەكان بەدەست بھێنێت و، پێكەوە ھاوپەیمانێتییه‌كیان پێك ھێناوە بە ناوی ھاوپەیمانیی سیادە كە كورسییەكانی دەگاتە سەرووی 60 كورسی. بە ھەمان ئاراستەیش، لەناو لایەنە كوردییەكاندا، پارتی توانیی زۆرینەی كورسییەكان بەدەست بھێنێت (٣٢ کورسی) و دوای ئەویش یەكێتی توانیی 18 كورسی بەدەست بھێنێت.

ئەوەی لێرەدا زیاتر جێگەی سەرنجە ئەوەیە، لەم ھەڵبژاردنەدا ھاوپەیمانەكانی ئێران تووشی شكستێكی گەورە بوون. یەكێك لە لێكەوتەكانی  ئەم ھەڵبژاردنە ئەوە بووە كە لە دوای 18 ساڵ لە فەرمانڕەواییی پێكەوەییی شيعەكان و دروستكردنی حكوومەتی تەوافوقی، سەدر، پارتی و ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان بە سەرۆكایەتیی حەلبوووسی، داوای فۆرمێكی جیاوازی حوكمڕانی دەكەن كە خۆی لە حكوومەتی زۆرینەی  نیشتمانیدا دەبینێتەوە. لەم ڕووەوە ئەم سێ لایەنە هاوپەیمانیی سێقۆڵییان بە ناوی "تحالف إنقاذ الوطن"، لە 23ی ئازاری 2022 پێك ھێنا كە ڕێژەی كورسییەكانی دەگاتە 180 لە كۆی 329 كورسیی پەرلەمان. ئەمەیش یەكەم جارە لە دوای 2003 ھاوپەیمانێتییه‌كی گەورەی بەو شێوەیه‌ دروست دەبێت كە تایبەت نەبێت بە یەك پێكھاتە یان یەك نەتەوە. لەوەیش گرنگتر ئەوەیە كە یەكەم جارە ھاوپەیمانێتییەكی مەزن دروست ببێت كە كەمترین كاریگەریی ئێرانی لەسەر بێت.

ھاوپەیمانیی سێقۆڵی، له‌ یەكەم ھەنگاوی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتدا لە 9ی كانوونی دووەمی 2022 سەرەڕای گوشار و ھەڕەشەكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی، توانییان سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی ھەڵبژێرن. بەڵام لە پرسی سەرۆككومار ھەوڵەكانی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی تووشی چەقین ھاتووە و نەیانتوانی وەك پێشبینی دەكرا سەرۆككومار و دواتریش حكوومەت بە گوێرەی كاتبەندیی دەستووری پێك بھێنن. بەتایبەت ھاوپەیمانیی سێقۆڵی لە 7ی شوبات، 26ی ئادار و 30ی ئاداری 2022 ھەوڵیان دا سەرۆككومار ھەڵبژێرن، بەڵام سەركەتوو نەبوون لە تەواوكردنی ڕێژه‌ی یاسایی كە دەكاتە 220 ئەندام پەرلەمان لە كۆی 329 ئەندام بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە.

ترسی ئێران لە ھاوپەیمانیی سێقۆڵی

ڕاستییەکەی، ئێران زۆر نیگەرانە لە ھاوپەیمانیی سێقۆڵی و ھەوڵەكانی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی زۆرینە و، بە ھەڕەشەیه‌كی مەزنی دەزانێت لەسەر پێگە و بەرژەوەندییەكانی خۆی لە عێراق و ناوچەكەدا؛ بەتایبەت ئەمە یەكەم جارە لە دوای 2003 ھاوپەیمانەكانی ئێران تووشی شكستی گەورە دەبن و ناتوانن بە گوێرەی بەرنامە و سیاسەتەكانی ئێران حكوومەت دروست بكەن. لەبیرمان نەچێت كە لە دوای 2003 ئێران بەردەوام ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوەی لە پرۆسەی دروستكردنی حكوومەتدا بینیوە و، ھیچ حكوومەتێك بەبێ ڕازیبوون و دەستپێشخەرییەكانی  تاران پێك نه‌هاتووه‌. واتە ئێران ئەكتەری یەكەم بووە كە كاریگەریی ھەبووە لەسەر پێكھێنانی حكوومەت و دەستنیشانكردنی كەسەكان بۆ ھەرسێ پۆستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، حكوومەت و سەرۆکكومار. بۆیە ئەمە یەكەم جارە ئێران و ھاوپەیمانەكانی تووشی كێشە دەبن و ناتوانن حكوومەتێكی بەدڵی خۆیان پێك بھێنن كە پارێزەری سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئێران بێت.

ئێران ترسی گەورەی ھەیە لەوەی كە ئەگەر حكوومەتێك بەبێ ھاوپەیمانەكانی دروست بێت، لە چەند ڕوویەكەوە زیان لە بەرژەوەندی و سیاسەتەكانی دەدات. یەكەم ترسی ئێران ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی گرووپە میلیشیاكانە یاخود كۆنترۆڵكردنی ئەو گرووپانەیە لەلایەن حكوومەتی داھاتوووه‌. بێ گومان ئەم ھەنگاوەیش جێی نیگەرانیی ئێران و ھاوپەیمانەكانییەتی. بەتایبەت ئێران مەبەستییەتی ھێزەكانی حەشدی شەعبی وەك ھێزێكی پرۆكسی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بھێڵێته‌وه‌ بۆ ئەوەی بەباشی بەرگری لە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئێران بكات و ھەر كاتێك بیەوێت دژی نەیارەكانی لە ناوخۆی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەكە بەكار بھێنێت. لە ماوەی ڕابردوودا گرووپە میلشیاكان لەژێر فەرماندەییی سوپای قودسدا  زۆر كار و چالاكیی سەربازییان دژی ئەمریكا و نەیارەكانی ئێران ئەنجام داوە. بۆیە بە لای ئێرانەوە ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی گرووپەكانی چەكدار، یان كۆنترۆڵكردنیان لەلایەن دەوڵەتەوە ھێڵی سوورە. ئەمە لە كاتێكدایە كە ھاوپەیمانیی سێقۆڵی، بەتایبەت رەوتی سەدر لە چەندین دیدار و بڵاوكراوەی خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە كار دەكەن بۆ ئەوەی ھێزە چەكدارەكان بخرێنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە. بێ گومان ئێرانیش ئەم ھەوڵەی سەدر بە ھەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەكانی لە عێراقدا دەزانێت.

لە لایەكی تریشەوە، ئێران ترسی لەوە ھەیە كە پێكھێنانی حكوومەتێك لە دەرەوەی كاریگەری و سیاسەتەكانی، دەبێتە سەرەتای كۆتاییھاتنی ھەژموون و نفووزی لە عێراقدا و، ئەمەیش كاریگەرییه‌كی زۆر خراپ ده‌كاته‌ سەر پێگە و ھەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا. بەتایبەت ئێران لە ڕێگەی تۆڕێكی بەرفراوانی ھاوپەیمانێتییەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە سیاسی، سەربازی، جیۆسیاسی و ئابوورییەكانی دەكات و، پێی وایە ھاوپەیمانیی سێقۆڵی ھەموو ئەم بەرژەوەندییانە دەخاتە مەترسییەوە.

بەتایبەت وەك ئاماژەمان پێ كرد، زۆربەی لایەنەكانی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی پەیوەندیی باشیان لەگەڵ نەیار و ڕكابەرەكانی ئێران، لەوانە ئەمریكا و دەوڵەتانی عەرەبی ھەیە. ھەروەھا لەبیرمان نەچێت لە ڕووی جیۆپۆلیتیكییەوە عێراق گرنگییەكی زۆری بۆ ئێران ھەیە؛ لە لایەك دەروازەیەكی گرنگە بۆ خۆدزینەوە لە گوشار و گەمارۆكانی ئەمریكا و بازاڕێكی گەورەیشە بۆ شتومەك و كەلوپەلی ئێرانی؛ ھەروەھا عێراق لەژێر سایەی ھاوپەیمانەكانی ئێران و گرووپە میلیشیاكاندا بۆتە ئەمرازیكی گرنگ بۆ دژایەتیكردنی سیاسەت و پرۆژەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەدا. لە لایەكی تریشەوە، عێراق ڕێڕەو و كۆریدۆرێكی گرنگە كە ئێران بە سووریا، لوبنان و دەریای ناوەڕاستەوە گرێ دەدات و لەو ڕێگەیەوە چەك و میلیشیات ھەناردەی سووریا دەكات و چەكی پێشكەتوو دەداته‌ حزبوڵڵای لوبنانی و، كاریگەریی بەسەر ھاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە، بەتایبەت دەوڵەتانی عەرەبی ھەیە. بۆیە دروستبوونی حكوومەت لە دەرەوەی كاریگەریی ئێران، ئەو بەرژەوەندییانە دەخاتە مەترسییەوە. بەتایبەت ھاوپەیمانیی سێقۆڵی جەخت لەسەر ئەوە دەكاته‌وه‌ كە ھەوڵ دەدات سەروەری وسیادەی عێراق بپارێزن و ڕێگە لە دەستێوەردانەكانی ئێران بگرن.

بە ھەمان ئاراستەیش، سیاسەتی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بە ئاراستەی ھاوسەنگكردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی، جێگەی نیگەرانیی ئێرانە. لە كاتێكدا ئێران و ھاوپەیمانەكانی ھەموو ھەوڵێكیان بۆ ئەوەیە ئەمریكا لە عێراق دەربكەن و كۆتایی بە ھێزی سەربازیی ئەمریكا بھێنن، بەڵام ھاوپەیمانیی سێقۆڵی ھەڵویستی نەرمتری ھەیە؛ بەتایبەت لە سەردەمی كازمی، چوار گەڕی دیالۆگی ستراتیژی لە نێوان ئەمریكا و عێراق ئەنجام دراون و، بەغدا ئامادە نەبوو بچێتە ژێر گوشار و سیاسەتەكانی ئێران بۆ دەركردنی ھێزەكانی ئەمریكا. بۆیە ئێران نایەوێت حكوومەتێك لە بەغدا ھەبێت درێژەپێدەری سیاسەتەكانی حكوومەتی كازمی بێت یان سیاسەتێكی نەرمی له‌ ھەمبەر ئەمریكا ھەبێت. بە ھەمان ئاراستەیش، سیاسەتی ڕاستكردنه‌وه‌ و ھاوسەنگكردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەكە بەدڵی ئێران نییە. سەدر و ھاوپەیمانیی سێقۆڵی، پەیوەندییه‌كی باشیان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و ناوچەكە ھەیە و، دەیانەوێ ئەو پەیوەندییانە لە ھەموو ڕوویەكەوە بەرەوە پێش ببەن. ئێران ئەمە بە ھەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندی و سیاسەتەكانی لە ناوچەكەدا دەزانێت.

ستراتیژیی ئێران بۆ لێكترازاندن و ھەڵوەشاندنه‌وه‌ی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی

سیاسەت و ستراتیژیی ئێران بۆ ھەڵوەشاندنه‌وه‌ و لێكترازاندنی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی، خۆی لە چەند فاكتەرێكدا دەبینێتەوە كە دەكرێ لەم خاڵانەدا كۆ بكەینەوە:

١- ڕێگەگرتن لە ھەڵوەشانه‌وه‌ و لێكترازانی ھاوپەیمانیی چوارچێوەی ھەماھەنگی كە خۆی لە كۆمه‌ڵێك ھێز و لایەنی سەرەكیی شیعەدا دەبینێتەوە، لەوانە: لیستی فەتح، دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزی دەوڵەت، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی نوجەبا و حزبی فەزیلە و بزووتنەوەی مافه‌كان. ھەروەھا چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ھەندێك گرووپی دیكەی بچووكی شيعە، ھەندێك ئەندام پەرلەمانەكانی سوننە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت، ھاوپەیمانییان ھەیە. ئێران ڕۆڵی سەرەكیی ھەبووە له‌ دروستبوونی ئەو ھاوپەیمانییە و ڕێگەگرتن لەوەی درزی تێ بكەوێت. بەرنامە و سیاسەتەكانی چوارچێوەی ھەماھەنگی جیاوازیی زۆری لەگەڵ لایەنەكانی تر ھەیە و، گەمە لەسەر ناكۆكییە مەزھەبی و تائیفییه‌كان دەكات و بە ھاندان و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ئێران ھەوڵ دەدات ھەموو جومگە گرنگەكانی دەسەڵات لە عێراقدا كۆنترۆڵ بكات. ئەمانە كەمتر گرنگی بە شەراكەت، ھاوسەنگیی ڕاستەقینە لە نێوان كورد سوننە و شيعە دەدەن. ھەروەھا جەخت لەسەر دەركردنی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەن و لەسەر ئاستی ناوچەكەیش زیاتر لە چوارچێوەی ئەجێندای ئێراندا گەمە دەكەن و دژی بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی عێراقن لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی.

لە ڕاستیدا ئێران ڕوڵی سەرەكیی بینیوە لەوەی كە ئەو ھاوپەیمانێتییە دروست ببێت و سیاسەت و ھەڵوێستێكی یەكگرتوویان ھەبێت بەرامبەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت. لە دوای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، سەدر زۆر دەستپیشخەریی پێشكەش بە ھەندێك لایەنی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی كرد، له‌وانە لیستی ھادی عامری، بەڵام لەژێر گوشاری ئێراندا ھەموو دەستپیشخەرییەكان ڕەت كرانەوە. چوارچێوەی ھەماھەنگی جەخت لەسەر ئەوە دەكاته‌وه‌ كە لە پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتدا گرنگی بە دەرەنجامەكانی ھەڵبژاردنەكان نەدرێت و تەوافوق  جێگەی زۆرینەی نیشتمانی بگرێتەوە. ھەروەھا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنه‌وه‌ كە لەسەر پۆستی سەرۆكوەزیران، لەناو پێكھاتەی شيعەدا، پێویسته‌ تەوافوق بكرێت و نابێت سەدر بەتەنیا ئەو پۆستە یەكلایی بكاتەوە. ھەروەھا پۆستەكانی تری ناو حكوومەت دیسان دەبێت پێشوەختە ڕێككەوتنیان لەسەر بكرێت. ھەروەھا چوارچێوەی ھەماھەنگی داوا دەكەن كە لە پۆستی سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمانیش قسەیان بەھەند وەربگیرێت.

٢- هەوڵدان بۆ لێکنزیککردنەوەی هێزە شیعەکان، بەتایبەت ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ئەوەی پێكەوە حكوومەت پێك بھێنن. لەم ڕووەوە، ئێران زۆر ھەوڵی داوە كە ناوماڵی شیعە ڕێك بخات و ڕێگە لەوە بگرێت سەدر ھاوپەیمانی لەگەڵ كورد و سوننە بكات. لەم ڕووەوە، ئیسماعیل قائانی لە 28ی كانوونی دووەمی 2022 سەرەدانی عێراقی كرد و پەیامێكی گرنگی "عەلی خامنەیی"ی بە موقتەدا و لایەنەكانی تر گەیاند كە ناوەڕۆكی پەیامەكە ئەمە بوو: دەبێت تەوافوق بكرێت و  تەیار و چوارچێوەی ھەماھەنگی پێكەوە بەشداریی حكوومەت بكەن. ھەروەھا  لە 8ی شوباتی 2022 ئێسماعیل قائانی لە حەنانە لەگەڵ سەدر كۆ بووەوە و نامەیەكی تایبەتی خامنەیی دایە دەست سەدر كە تێیدا دووبارە داوای كرد ناوماڵی شيعە ڕیك بخرێت و ڕێككەوتن  لە نێوان تەیار و  ئیتاردا بكرێت. ھەروەھا خامنەیی لێكترازانی ناوماڵی شيعەی بە "حەرام" وەسف كرد. بەڵام ھەموو ئەمانە نەبوونە ھۆی ئەوەی سەدر لە ھاوپەیمانی لەگەڵ پارتی و سوننەكان پاشگەز ببێتەوە؛ بەتایبەت سەدر پێداگرە لەسەر پێكھێنانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی كە بەشێكی ھاوپەیمانەكانی ئێران دەبنە ئۆپۆزیسیۆن.  

٣- گوشارەكانی ئێران  بۆ سەر پارتی و ھەرێم: یەكێكی تر لە ھەوڵەكانی ئێران بۆ لێكترازاندنی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی، گوشارخستنە سەر پارتی و حكوومەتی ھەرێم بووە لە ڕێگەی جۆراوجۆره‌وه‌. ئێران ھەوڵێكی زۆری داوە كە پارتی لە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر پاشگەز بكاته‌وه‌. لەم ڕووەوە، لە چەندان سەرەدانی شاندی ئێران بۆ ھەرێم و دانیشتنیان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی، داوایان كردووە لە ھاوپەیمانی لەگەڵ سەدر پاشەكشە بكات و تەنانەت تاران پارتی و سوننەكان تۆمەتبار دەكات بەوەی، بوونەته‌ ھۆی لێكترازاندنی ناوماڵی شیعە. لەم ڕووەوە لە 30ی كانونی دووەم 2022 فەرماندەی سوپای قودس سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ بارزانی كۆ بووەوە. لەو سەردانەدا پەیامی ئێران بە كورد ئەوە بووە كە، نابێت كورد لەگەڵ سەدر یان تەنیا لایەنێكی شيعە ھاوپەیمانی بكات؛ ئەمە دەبێتە ھۆی ناسەقامگیركردنی عێراق و ئەگەری ڕوودانی شەڕ و پێكدادان لە نێوان ھێزە شیعەكاندا. ھەروەھا ئێرانییه‌كان باسیان لەوە كردووە كە ئەم سیاسەی كورد ھەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی ئێران. ھەرچەندە پارتی و سوننەكان ھەوڵیان داوە وا دەرنەكەون كە بەشێك بن لە ململانێی نێوان ھێزە شيعەكان؛ بەتایبەت بە دەستپیشخەریی بارزانی لە 31ی كانوونی دووەمی 2022، نێچیرڤان بارزانی و حەلبووسی سەردانی سەدریان كرد بۆ ئەوەی لێكتیگەیشتنێك لە نێوان ھێزە شيعەكاندا دروست ببێت. بەڵام سەدر لە دوای سەردانەكە، لە ڕێگەی تویتێكەوە دووبارە جەختی لەسەر حكوومەتی زۆرینە كرده‌وە. بە ھەمان ئاراستەیش، لە 10ی نیسان شاندێكی ئێران بە سەرۆكایەتیی "حەسەن دانایی فەرد" لەگەڵ بەرپرسانی پارتی كۆ بوونەوە و دووبارە داوایان كرد كە لە ھاوپەیمانی لەگەڵ سەدر پاشەكشە بكات. بەڵام پارتی سوور بووە لەسەر درێژەپێدان بە ھاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر و سوننەكان.

لە لایەكی ترەوە، گوشارەكانی ئێران بۆ سەر پارتی و ھەرێم تەنیا لە چوارچێوەی سیاسیدا نەماونەتەوە، بەڵكوو لە ڕووی سەربازی و یاساوە گوشارەكانی توند كردۆته‌وه‌. لەم چوارچێوەیەدا، لە 13ی ئاداردا، سوپای قودس ھێرشی ڕاستەوخۆی مووشەكیی كردە سەر ھەولێر. ھەرچەندە بەرپرسانی ئێران بۆ پاساوھێنانەوە بۆ ئەو ھێرشە باسی ئەوەیان كرد، گوایە سەنتەرێكی ئیسرائیلیان كردۆته‌ ئامانج، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا بیانوو بووە؛ ھۆكاری سەرەكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێران لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت گوشار لەسەر پارتی دروست بكات بۆ ئەوەی لە ھاوپەیمانیی سێقۆڵی لەگەڵ سەدر بكشێتەوە و ڕێگە لە دروستبوونی حكوومەتی زۆرینە بگرێت. بۆیە ئەمە ناردنی پەیامێكی ھەڕەشەئامیزی ڕاستەوخۆ بووە بۆ بەرپرسانی پارتی. بە ھەمان ئاراستەیش، میلیشیا شيعەكان چەندان جار لە ڕێگەی دروون و كاتیۆشاوە ھێرشیان كردە سەر ھەرێم؛ ھەروەھا لە 30ی ئاداردا لە بەغدا بارەگای پارتییان سووتاند.

لە لایەكی ترەوە، بەھۆی كاریگەریی گەورەی ئێران و گرووپە میلیشیاكان لەسەر دادگه‌كانی عێراق، لە ڕێگەی ئەم دامەزراوانەوە ھەوڵیان داوە ھاوپەیمانیی سێقۆڵی ھەڵبوەشێننه‌وه‌ و ڕێگە لە پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت بگرن. لەم ڕوووەوە، دادگه‌ی دەستووری لەژێر كاریگەریی ئێران و ھاوپەیمانەكانیدا لە 13ی شوباتی 2022 بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی "ھۆشیار زێباری" كە كاندیدی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بووە بۆ پۆستی سەرۆككوومار، بە پاساوی ئەوەی مەرجەكانی بوون بە سەرۆككوماری تێدا نییە. ھەروەھا بۆ لێكترازاندنی زیاتری ھاوپەیمانیی سێقۆڵی، له‌ كات و ساتێكی گوماناویدا دادگەی دەستووری لە 15ی شوباتی 2022 بڕیارێكی دژی یاسای نەوتی هەرێمی كوردستان دەركرد. ئەمە بەدەر لەوەی دادگه‌ی دەستووری لە ڕێگەی بڕیارێكه‌وه‌ جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ كه‌، بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆككومار دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندام پەرلەمانه‌كان ئامادەی كۆبوونەوەی پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرككۆمار بن. ئه‌مه‌یش ئەوەندەی تر پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتی ئاڵۆز كرد.

٤- لێكترازاندنی ناوماڵی كورد و دوورخستنەوەی یەکێتی لە ڕێککەوتنی سێقۆڵی و بەکارهێنانی بۆ دوورخستنەوەی پارتی لە سەدر، یەكێكی تر بووه‌ لە كارتەكانی ئێران دژی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی. لە دوای 2003 یەكێك لەو كارتانەی ئێران بەردەوام لە دژی كورد بەكاری ھێناوە، بریتی بووە لە تێكدانی ناوماڵی كورد و ڕاكێشانی بەشێك لە ھێزە سیاسییەكان بۆ لای خۆی بۆ ئەوەی دژی پارتی یاخود ھەرێم بەكار بھێنێت. دیارترین ئەو سیاسەتەی ئێران، بەتایبەت لە 16ی ئۆكتۆبەر  بەدەركەوت كە توانیی كاریگەریی زۆری ھەبێت لەسەر بەرپرسانی یەكێتی و كشانەوەی ھێزەكانی زۆنی سەوز لە بەرەكانی جه‌نگ و ڕادەستكردنی كەركووك و نیوەی خاكی كوردستان بە  میلیشیا شيعەكان.

بۆیە، لێكترازاندنی ناوماڵی كورد و دابەشكردنی ھێزە سیاسییەكان و ناسەقامگیركردنی ھەرێم، یەكێك بووە لە كارتە ھەرە گرنگەكانی ئێران بۆ گوشارخستنە سەر كورد و جێبەجێكردنی سیاسەت و ئەجێندایان لە عێراق و كوردستاندا. بەداخەوە لە دوای ھەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 دیسان ئێران سەركەتوو بووە لە تێكدانی ناوماڵی كورد و پەرتەوازەكردنی ھێزە سیاسییەكان.  لەم ڕووەوە،  ئێران توانیی یەكێتی لە چوارچێوەی ھەماھەنگی نزیك بكاتەوە و لەو ڕێگەیەیشەوە كۆسپ بخاته‌ به‌رده‌م دروستكردنی حكوومەتی زۆرینە. لێرەدا بەمەستی ئێران لە خزاندنی یەكێتی بۆ ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، لە لایەك بۆ ئەوە بووە گوشار لەسەر  پارتی  دروست بكات بۆ ئەوەی لە ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بكشێتەوە. خاڵێكی تری ئەم گەمەیه‌ی ئێران و یەكێتی ئەوە بووە، لە ڕێگەی دوورخستنەوەی پارتی، گوشار لەسەر سەدر دروست بكه‌ن بۆ ئەوەی واز لە گەمەی زۆرینەی نیشتمانی بھێنێت و شيعەكان یەك بگرن. لە ڕاستیدا ئێران بەو گەمەیە توانیی ڕێژه‌ی یاساییی پەرلەمان تێك بدات و ڕێگە لە دروستبوونی حكوومەتی زۆرینە بگرێت. بەتایبەت ئەگەر پارتی و یەكێتی ھەڵوێستی ھاوبەشیان ھەبوایە، ڕێژه‌ی یاسایی تەواو دەبوو و حكوومەتیش پێك دەھات.

٥- گوشارەكانی ئێران بۆ سەر ھاوپەیمانیی سیادە: ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان كە زۆرینەی پێكھاتەی سوننە دەگرێتە خۆ، دیسان لایەنێكی تری ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بووە كە كەوتە ژێر گوشار و ھەڕەشەكانی ئێرانەوە. لەم ڕووەوە، بەکارهێنانی گرووپە میلیشیاكان، تۆمەتی بەعسیبوون یان داعشیبوون، دۆسییه‌ی گەندەڵی و سیسته‌می دادوەری و دۆسییەکانی دادگە بۆ شکاندنی ڕکابەرە سیاسییەکان، تەکنیکێکی کۆن و ناسراوی ئێران و ھاوپەیمانەكانی بووە، بەتایبەت دژی سەركردە و فیگەرە سیاسییەكانی سوننە.

ئەوەی ڕاستی بێت، هەژموونی حەشد لە ناوچە سوننەنشینەكان،  بەتایبەت  لە ئەنبار و مووسڵ، ئێستا بووەتە یەکێک لە میکانیزم و کارتە ھەرە بەھێزەكانی دەستی "چوارچێوەی هاوماهەنگیی شیعە" بۆ لێدانی حەلبووسی و خەنجەر و ناچارکردنی هاوپەیمانیی سیادەی سوننە بە کشانەوە لە هاوپەیمانیی سێقۆڵی. لەم ڕووەوە میلیشیا شیعەكان بەردەوام ھەڕەشە لە سەركردە و ئەندام پەرلەمانەكانی ھاوپەیمانیی سیادە دەكەن بۆ ئەوەی خۆیان لە سەدر و كورد بەدوور بگرن.  لە دیارترین ئەو گوشارانەیش ئەوەیە كە لە 26 كانوونی دووەم 2022 بە موشەك ھێرش كرایە سەر ماڵی حەلبووسی لە ئەنبار؛ ھەروەھا لە 14 كانونی دووەم، ھێرش كرایە سەر بارەگای حزبی تەقەدومی حه‌لبووسی و  حزبی عەزمی خەنجەر لە بەغدا.

لە لایەكی ترەوە، بەدەر لە گوشاری ھێزە میلیشیاكان، ئێران و ھاوپەیمانەكانی دەستیان بە ھەوڵێكی تری سیاسی كردووە بۆ ئەوەی ھاوشێوەی كوردەكان ناوماڵی سوننەكان تێك بدەن و لێكترازان لە نێوایاندا دروست بكەن. بۆ ئەم مەبەستەیش پەنایان بردووە بۆ چەندان كەسایەتیی سیاسی و كۆمه‌ڵایەتیی سوننەكان بۆ ئەوەی دژی ھاوپەیمانیی سیادە بوەستن و پێگەی حەلبووسی و خەنجەر لەناو پێكھاتەی سوننەدا لاواز بكەن. لەم ڕووەوە، ئازادکردنی ڕافیع عیساوی، وەزیری پێشووتری دارایی لە زیندان و ھێنانی عەلی حاتەم سلیمان سەرۆك عەشیرەتی دوله‌یم كە دوو كەسایەتیی دیاری سوننەكانن لە ئەنبار، ھۆكاری ھەرە سەرەكییان دەگەڕێتەوە بۆ دژایەتیكردنی حەلبووسی و خەنخەر. پیشتر ئەم دوو كەسە لەسەر پرسی تیرۆر و گەندەڵی لەلایەن دادگه‌كانی عێراقەوە داواكراو بوون. بەڵام وەك باسمان كرد وەك چۆن گرتن و ڕاوەدوونانی سەركردە و  فیگەرە سیاسییە سوننەكان بەھۆی بڕیارێكی سیاسییه‌وه‌ بووە، بە ھەمان ئاراستەیش ئازادكردنیان ھۆكاری سیاسیی لە پشت بووە نەك یاسایی. ئامانجی سەرەكیی ئێران ئەوەیە لەو ڕێگەیەوە دووبەرەكی بخاتە نێو پێكھاتەی سوننەكان و پێگەی ھاوپەیمانیی سیادە لاواز بكات. بەتایبەت ئێران ھیچ كاتێك حەز ناكات لەناو سوننەكان، تەنانەت كوردەكانیشدا، كەسایەتی یان سەركردەی سیاسیی بەھێز و سەربەخۆ ھەبێت، بەڵكوو ھەموو كات ھەوڵ دەدات دووبەرەكی لە نێوانیان دروست بكات بۆ ئەوەی بتوانێت بەئاسانی بە سەریاندا زاڵ بێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples