ئاماژەکانی سەرەتایەکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان:

شرۆڤەیەک بۆ وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی پیرۆزباییی جەژنی ڕەمەزانەوە

 

پێنووس

وا باوە لە بۆنە نەتەوەیی و ئایینییەکان یان ئەوەتا کۆچی دواییی کەسایەتییەکاندا، بەرپرسە باڵاکان (حکوومی و حزبی) پەیام بۆ هاووڵاتیانی وڵاتیان ده‌نێرن. ئەم نەریتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستانیش بەتایبەتی دەور و گرنگییەکی زۆری هەیە. بەڵام سەرەڕای گرنگیی پەیام و بۆنەکان، ناوەڕۆکی پەیامەکان زۆر گشتین و بە چەشنێک تەنیا باس لە کۆمەڵێک هیوا و ئاوات بۆ هاووڵاتیان دەکەن. 

بەڵام پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هاتنەوەی "جەژنی ڕەمەزان" لە (١-٥-٢٠٢٢)دا ئەو نەریتە باوە (گشتی)یەی ولاوە ناوە و زۆر بەڕوونی باس لە شتی دیاریکراو دەکات؛ ئاماژە بە کەموکورتی و دەسنیشانکردنی میکانیزم بۆ چارەسەری و کاری هاوبەش دەکات و، کۆی ئەمانەیش دەخاتە خانەی بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و پاراستنییه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزباییی جەژنی ڕەمەزان، ئاماژەی بە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد. خاڵی گرنگ و جێگەی هەڵوەستەلەسەرکردن ئەوەیە کە جگە لە پیرۆزبایی وەکوو ئەرکی باڵاترین دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە بیڕوباوەڕی ئایینیی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کرۆکی وتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم ڕستەیەیە: "له هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ پێكه‌وه‌يى، ته‌بايى و يه‌كڕيزييه‌‌. بۆيه‌ داوا له‌ پارتى و يه‌كێتى وه‌ك دوو هێزى سه‌ره‌كى و هه‌موو لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان ده‌كه‌م جه‌ژن بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و وڵات، هه‌رچى كێشه‌ و ناكۆكى هه‌يه‌ به‌لاوه‌ بنێن و، خۆيان له‌ هه‌ڵمه‌ت و په‌لامارى ميديايى و يه‌كترشكاندن بپارێزن. پێكه‌وه‌، يه‌كڕيز و ته‌با، هاريكار و هاوئاهه‌نگ بن تا له‌سه‌ر ئاستى عێراقيش پێگه‌ و ڕۆڵ و كاريگه‌رييان هه‌بێت."

لێرەدا گرنگیی ئەم ڕستەیە وەکوو پەیام و وتارێکی ڕەچەشکێن نەک لەنێو کورد و عێراق، بەڵکوو لەنێو دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرجەرستە دەبێت کە هەڵگری کۆمەڵێک واتایە؛ لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەین کە گرنگترینیان ئەمانەن:

١- هەستیاریی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و خوێندنەوەی ورد و دروستی نێچیرڤان بارزانی کە ئەگەر دەستپێشخەری نەکات، ئەگەری ئەوە هەیە لێکەوتەی خراپی لەسەر ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵگەییی هەرێمی کوردستان و تەنانەت پێگەی کورد لە بەغدا هەبێت.

٢- ئەم داواکارییە لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە بریتییە لە نیشاندانی پێویستیی کۆتاییهێنان بەم بارگرژییە میدیایی و سیاسییانەی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" و "پارتی دیموکراتی کوردستان". ئەمەیش دەری دەخات کە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە نیشتمانییەکان لە سەروو پرسە حزبییەکانەوەیە، چونکە بارزانی هاوکات جێگری سەرۆکی "پارتی دیموکراتی کوردستان"یشە.

٣- ئەم پەیامە دەربڕی کەسایەتیی بەرز و میانڕەوانەی سەرۆکی هەرێمی کورستانە کە نیشانی دا دەتوانێت لە کاتی تەنگژە و قەیران و ناکۆکییەکان وەکوو کەسایەتییەکی سیاسی ڕۆڵی هەبێت و بە یەک مەودا لە هێزە سیاسییەکان، هەڵوێستی سیاسیی هەبێت. تەنانەت ئەمە نیشانی دا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیچ لایەنێک تۆمەتبار ناکات لە پای لایەنگری لە لایەنی بەرامبەر و، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەمبەر ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و پێگەی هەرێم لە هاوکێشەکانی بەغدا.

٤- سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەبایی، یەکڕیزی، هاوئاهەنگی و هاوکاری دەکاتە بنەمای چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و، ئەمەیش کلیلی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان و کردنەوەی دەرگه‌ داخراوەکانە.

٥- ئەم پەیامە دەتوانێت وەکوو نەریت و سەرەتایەکی نوێ بێت لە سیاسەتی حزب و هێزە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کە هەم دەرفەتی بۆنە ئایینییەکان بۆ ئاشتی و تەبایی و چارەسەرکردنی کێشەکان بقۆزرێته‌وه‌ و، هەمیش لەمەودوا دەکرێت نیشتمانییانە بیر بکرێتەوە و دامەزراوەکان بخرێنە خزمەت ئەجێندا نەتەوەیی و نیشتمانییە باڵاکان. ئەمەیش بەپێچەوانەی سیاسەتی باوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە حزبی دەسەڵاتدار و بەرپرسه‌كانی، دامەزراوە و پۆستەکان بۆ بەرژەوەندیی حزبی و کەسی بەکار ده‌هێنن و، تەنانەت لەم ڕێگەیەوە نەیار و ڕکابەرەکانیان تۆمەتبار دەکەن و هەوڵی لاوازکردنیان دەدەن.

٦- لەم ڕێگەیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو هێزە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانی بە بەرپرسیار زانی لە بەرامبەر ئەم دۆخە و، ئەو پەیامەی ئاڕاستە کردن کە تەبایی و یەکڕیزیی ئەوان دەتوانێت گەرەنتیی پاراستی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بێت لە عێراق.

 نێچیرفان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

لە کۆتاییدا ئەم وتارە لە کاتێکی هەستیاردا و بە ناوەڕۆک و پەیامێکی باڵا دەتوانێت وەکوو مۆدێلێکی حوکمڕانییش سەیر بکرێت و هیوای ئەوە بداتە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە، دەکرێت لە لووتکەی بارگرژییەکان هیوا لەسەر دامەزراوە و کەسایەتییە باڵاکانی هەڵچنن و بە دووربینی و پشوودرێژییەوە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بخرێتە سەروو هەموو ناکۆکی و بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە. ئەمەیش یارمەتیی پاراستن و گەشەپێدانی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەدات و، دەکرێت وەکوو سەرەتا و مۆدێلێکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سەیر بکرێت. هەر ئەمەیشە وا دەکات هاوتەریب لەگەڵ ئەوەی کە هێزە سیاسییەکان بتوانن پێکەوە بە کەلتووری سازان و یەکترقبووڵکردن سەرەڕای جیاوازییەکانیان، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بپارێزێن، ئەویش بە ڕێگەی بەدامەزراوەییکردنی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان، ناکۆکی و ململانێکان ئیحتیوا بکرێن و ئەمەیش بخرێتە خزمەت گەشەپێدان و پەرەسەندنی سیاسی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز. هەموو ئەمانەیش  هیوا دەبەخشێتە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە خاوەن کەلتوورێکی جیاوازتر و شارستانیترن، بەپێچەوانەی بانگەشەی نەیاران کە لە ڕێگەی ئەم ناکۆکییانەوه‌ هەوڵی قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ڕێگەی دروستکردنی لێکترازان لەنێو کۆمەڵگە و هێزە سیاسییەکان دەدەن.

هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، کاتێک لە (١٠-٦-٢٠١٩)دا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییی خوارد، لە بەشێک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا: "جارێكى ديكه‌ سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیيەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت، بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا."

لەو ڕوانگەیەوە کە سەیری پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە بکرێت، بەتایبەتی داواکارییەکەی کە ڕووی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، شتێکی تاکتیکی نییە، بەڵکوو پرسێکی ستراتیژیکە و، پێویسته‌ وڵات ڕوو لە یەکڕیزی و کۆدەنگی و ڕوو لە بەدامەزراوەییبوونی دامودەزگەکانی بکات. بۆیە داواکاریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ "وەلاوەنانی کێشەکانیان" ئەویش لەو کاتە هەستیار و ئاڵۆزەی ناوخۆ و دەرەوه‌دا، بۆچوونێکی پۆپۆلیستی، چرکەساتی و تاکتیکی نییە، بەڵکوو ڕێک دەگەڕێتەوە بۆ ستراتیژیی "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە چەتری کۆکەرەوەی هێزە سیاسییەکانی وڵاتە".

هەر بۆیە ئەم وتارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زیاتری دەبێت ئەگەر وەکوو دەروازە و سەرەتایەکی نوێ سەیر بکرێت و کار بۆ هێنانەدیی ناوەرۆکی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەتایبەتی لەلایەن دوو هێزە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان کە "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"ن.