ئەو وانانەی کە پێویستە لە جەنگی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا فێری بین!

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

ئەو جەنگەی ئێستا بەرۆکی جیهانی گرتووە، لێکەوتەی سیاسی و ئابووریی بەسەر تەواوی جیهان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، چونکە جیهانی ئێستا، زیاتر وابەستە و کاریگەرە بەیەکتر، لە جیهانی پێنج دەیە پێش ئێستا. ئێمەی کورد هەرچەندە مێژووی سیاسیمان پڕە لە شەڕ و بوون بە قوربانیی بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵام گرنگە لە هەر ڕووداوێکدا ئەزموونێکی سیاسی وەربگرین. هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، وەک وانە و ئەزموون لە چەند سۆنگەیکەوە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان:  

  • تا ئەم ساتەوەختەیش ئەستەمە لە سیسته‌می جیهانیدا بمێنیتەوە ئەگەر دەوڵەت نەبیت؛ ئەگەر بەشێک نەبیت لە سیسته‌می نێودەوڵەتی کە لەسەر بنەمای دەوڵەتسالاری و پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بنیات نراوە. چوارچێوەی سنووری دەوڵەتان تا ئێستایش زۆرترین پارێزگاریی لێ دەکرێت؛ سووریا بەو ڕژێمە خوێنڕێژەیەوە، یەمەن بەو دۆخە کارەساتبارەیەوە، کەچی هێشتا کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی جه‌ساره‌تی ئەوە ناکات لە ترسی بنەماکانی دەوڵەت، دەسکاریی سنوور و ڕژێمی ئەو وڵاتانە بکات.
  • نەبوون یان نەمانی ڕق و تووڕەیی؛ ڕوونتر بڵێم، نه‌مانی هەستی نەتەوەیی بەرامبەر داگیرکەر، مەترسییه‌کی گەورەیە لەسەر مانەوەی هەر نەتەوەیەک (وڵاتێک). لە هێرشی ئۆکراینا ئەوەی تا ئێستا ڕێگرە لە بەردەم سەرکەوتنی ڕووسیا، لە ئێستا و ئاییندەیشدا، تەشەنەکردنی ئەو ڕقەیە کە دەبێتە لەمپەر لە بەردەم دروستکردنی ڕژێمێکی کارتۆنیی نزیک لە ڕووسیا. ئەوەی پووتین مەزەندەی دەکرد، واتا بێدەنگیی خەڵک، وەک ئەوەی لە کاتی داگیرکردنی کریمیا لە ٢٠١٤ لە ئۆکراینا، ڕووی نەدا. کەچی لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەو ڕق و تووڕەیییە خەریکە بەرامبەر مافخۆر (دەوڵەتی عێراق) نامێنێت، بەڵکوو ئێستا جۆرێک لە هاوسۆزی و باوەڕیش دروست بووە کە خەڵک حوکمی عێراقی پێ باشتر و دادپەروەرترە لە حوکمی خۆماڵی. "یوڤاڵ نۆح هەراری" لە نووسینێکیدا لەبارەی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەڵێت: "ڕق شتێکی ناشرینە، بەڵام بۆ نەتەوەی بندەست، ڕق گەنجینەیەکی حەشاردراوە؛ لە قووڵایی دڵدا نێژراوە و، بۆ چەندین نەوە هەستی بەرگری بەهێز دەکات."
  • میللەتێک ئەگەر خاوەن پرسێکی ڕەوا بێت و بەرگرییش لە خۆی بکات، جیهان زوو لەگەڵیدا هاوسۆز دەبێت. ئەمەمان لە کاتی جه‌نگی داعش دژی کۆبانێ بینی؛ سەرەتا جیهان تەماشای دەکرد، بەڵام کە بینییان بەرگری لە خۆیان دەکەن، هەر زوو زلهێزەکان پاڵپشتیی خۆیان پیشان دا و کۆبانێیان لە کەوتن پاراست. ئۆکراینییه‌كانیش سەرەتا ئەوروپا و ڕۆژاوا پێیان وانه‌بوو کە ئاوا دژایەتیی ڕووسیا بکەن. ئەوە یەکەم جارە لە مێژووی ناتۆدا بەو شێوەیە بەرگری و پاڵپشتی بە چەکەوە لە وڵاتێکی دەرەوەی ناتۆ دەکەن، چونکە پێشبینیی ئەوەیان دەکرد کە ئۆکراینا زوو بکەوێت؛ بەڵام کە ئەو بەرگرییەیان بینی، ئێستا هەموو ڕۆژاوا لە پشتی ئۆكراینا وەستاوە. بەپێچەوانەوە، هەرێمی کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ئامادە نەبوو دوو ڕۆژیش بەرگری بکات، كه‌چی چاوەڕێی دەکرد هاوپەیمانان بەرگریی لێ بکەن. هەرێم گەر بەرگریی بكربادایه‌، ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دژی شەڕ دەوەستان و میکانزمێکی زۆر گونجاویان پێشکەش دەکرد وەک ئەوەی ئێستا لێی کەوتۆتەوە؛ بەڵام کە دیتیان بەشێک لە هێزەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان ئامادەن لەگەڵ عێراق ڕێک بکەون، ئەمە ئه‌و مانایه‌ی ده‌گه‌یاند کە هەرێمی کوردستان خۆیشی لەگەڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ له‌ دژی عێراق بەرگری لە خۆی بكات.
  • ئەوەی ڕووسیا لە ئۆکراینا دەیکات، پشت بە چەمکی "ئاسایشی هاوبەش" دەبەستێت. ڕووسیا لە ڕوانگەی باکگراوندێکی مێژوویی و سیاسی و واقعی جیۆپۆلیتیکی، سەیری چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی دەکات؛ واتە لەبەر ئەوەی ئۆکراینا پێشتر بەشێک بووە لە یەکێتیی سۆڤیەت و لە ڕووی جیۆپۆلۆتیکییشەوە بەستراوەتەوە بە ڕووسیا، ئیتر مافی ڕووسیایە کە وەک بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی سەیری بکات. ئەم دیدگه‌یه‌ ئەگەر بۆ ڕووسیا بچێتە سەر، دوور نییە لە ئاییندەدا تورکیایش به‌رامبه‌ر بە هەرێمی و کوردستان و مووسڵ په‌یڕه‌وی بکات. هەرچەندە ئێستایش تورکیا پەیڕەوی دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان هەندێک گەرەنتیی ئاسایشیی بە تورکیا داوە، وای کردووە تورکیا بەفەرمی هێرش نەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و داگیری نه‌کات. ئێرانیش لەوانەیە لە ئاییندەدا بیکات؛ یاخود عێراق بە پاساوی ئەوەی هەرێمی کوردستان مەترسیی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەم وڵاتانە. واتا بەئاسایشیکردنی پرسی کورد، کە دەمێکە دراوسێ عەرەب و تورک و فارسەکان بەرامبەر هەرێمی کوردستان پراکتیزەی دەکەن.
  • وانەیەکی تر ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەربەرەکانێی تورکیا و ئێران بکات، یاخود پاڵپشتی لە هێزە کوردییەکانی ئەو دوو بەشەی کوردستان بکات، چونکە زۆر کات پاڵپشتیکردنی کوردانی باکوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خواستێکی جەماوەریی لەسەرە. زۆر جار لایەنە سیاسییەکانیش ئەو ڕەخنەیە دەگرن کە، بۆچی هەرێمی کوردستان بەرامبەر تورکیا و ئێران هەڵوێستی نییە؟ لە ڕاستیدا هەرێم ناتوانێت ئەمە بکات. پێم خۆش نییە وا بڵێم، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەگەر بیەوێت بەسەلامەتی بمێنێتەوە، دەبێت بەردەوام گەرەنتیی ئاسایشی بداتە ئەو دوو هێزە هەرێمییە، ئەگینا دوور نییە بە دەردی ئۆکڕایین بچێت.
  • کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و ڕۆژاوا، لە هاوسۆزی و پاڵپشتی بۆ نەتەوە لێقەوماوەکان یاخود قوربانیانی جەنگ جیاکاری دەکات. هەموو ڕۆژاوا پاڵپشتی لە ئۆکراینا دەکات، لەبەر ئەوەی بەشێکن لە شارستانییەتی ڕۆژاوا و ئەوروپا؛ ئەگەر ئۆکراینییەکان، ئاسیایی بان، یان عەرەب و کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستی بان، قەت ئەو پاڵپشتییە فراوانەیان نەدەبوو! کیلی کۆبیلا (Kelly Cobiella) کە پەیامنێری کەناڵی NBCیە، لە پەخشی ڕاستەوخۆدا گوتی: "ئەوانە (ئۆکرانییەکان) پەنابەری سووری نین؛ ئەمانە پەنابەری ئۆکراینین، کریستیانن، سپیپێستن؛ ئەوان زۆر لە ئێمە دەچن." هەروەها دەیڤد ساكفاريليدزی، کە پێشتر جێگری داواکاری گشتی بووە لە ئۆکراینا، گوتی: "بۆ من هەستێکی ناخۆشە کە دەبینم خەڵکێکی ئەوروپی، چاوشین و قژزەرد دەکوژرێن."