گۆشەیەکی تر بۆ تێگەیشتن لە جه‌نگی ڕووسیا و ئۆکراینا

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

بۆ تێگەیشتن لە جه‌نگی ئێستای ڕووسیا دژی ئۆکراینا، سەرنجتان دەبەمەوە سەر ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە قەیرانی مووشەکە کوبییەکان ناسراوە (Cuban Missile Crisis). لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٦٢ "جۆن ئەلیکساندەر"، بەرپرسی سی ئای ئەی، ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی لەسەر مێزەکەی جۆن کەنەدی بەجێ هێشت کە، پڕ بوو لە زانیاری و وێنەی ئاسمانیی سەکۆی مووشەکهاوێژەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو کە لە دوورگەی کوبا دامەزرێنراون بێ ئەوەی ئەمریکا ئاگای لێی بێت. نەک تەنیا ئەوە، بەڵکوو ڕاپۆرتەکە زانیاریی ئەوەیشی تێدا بوو کە شارەزایانی سۆڤیه‌تی لە کەمپە سەربازییەکانی کوبا نیشتەجێ کراون؛ واتا لە نزیک مووشەکەکان بۆ ئەوەی لە کاتی بەکارهێنانیاندا هاوکاریی سوپای کوبا بکەن. ئەمە وەک شۆکێک وابوو بۆ "جۆرج کەنەدی"، سەرۆکی ئەمریکا! بۆیە هەر زوو پەیوەندیی بە ڕاوێژکارە نزیکەکانی کرد و لە ئەنجامدا گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە بوونی مووشەکی سۆڤیەتی بە نزیکەی ٦٠٠ کم لە کەنارەوەکانی فلۆریدا مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و بە هیچ جۆرێک جێگه‌ی قبووڵکردن نییە.

شەش ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە، سەرۆک کەنەدی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کرد و، دواتر ڕاگەیه‌نراوێکی فەرمیی بەناوبانگی لێ کەوتەوە کە ڕاستەوخۆ ئاراستەی "نیکیتا خرۆشۆڤ"، سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکات کرابوو. بەیانەکە هۆشداریی توندی دا بە یەکێتیی سۆڤیەت ئەگەر ئەو سەکۆ مووشەکییانە لا نەبات، ئەوا ئەمریکا بە زووترین کات لەناویان دەبات؛ ته‌نانه‌ت ئەگەر ئەمە "جەنگی جیهانیی سێیەم"یشی لێ بکەوێتەوە! لەو ساتەوە تا ١٣ ڕۆژ دواتر، هەموو جیهان لە مەترسیی هەڵگیرسانی جه‌نگێکی ئەتۆمیدا بوو کە ئەگەر ڕووی دابا، کۆتاییی جیهانی لێ دەکەتەوە. بەڵام ئەوکات یەکێتیی سۆڤیەت لە مەترسییەکە تێ گەیشت و خۆی سەکۆ مووشەکییەکانی لا برد؛ بەڵام مەرجێکی سەرەکیی هەبوو کە دواتر زانرا، ئەویش لابردنی مووشەکەکانی ئەمریکا بوو لە تورکیا؛ هەروەها گەرەنتیی هێرشنەکردنە سەر کوبا. سەرۆک کەنەدی لە بەرامبەردا ڕەزامەندیی دا، بەڵام بە مەرجێک ئەم ڕێکكەوتنە بەنهێنی بمێنیتەوە و باسی لێوە نەکرێت، لە ترسی لێکەوتە سیاسی و سایکۆلۆژییەکانی لەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

ئەوەی ئێستایش لە ئۆکراینا ڕوو دەدات هەمان شتە؛ ئەمریکا و ناتۆ هاتوون مووشەکی بەرگرییان لە ڕۆمانیا و پۆڵەندا جێگیر كردووه‌ و بەنیازن لە ئاییندەدا لە ئۆکراینایش دابنێن. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەمە هیچ بوارێک بۆ گەرەنتیی ئاسایشی ڕووسیا، کە ئێستا کاراکتەرێکی بەهێز و سەرەکیی سیسته‌می جیهانییە، ناهێڵێتەوە. ڕۆژاوا هیچ حیسابێک بۆ پێگە و قەبارەی ئێستای ڕووسیا ناکات؛ وەک ئەوە وایە فیلێکی زەبەلاح لە ژوورێکیدا زیندانی بکەیت! وەک دەزانین ٨٠٪ی غازی ڕووسیا، بە ئۆکراینادا دەڕوات بۆ ئەوروپا؛ ڕۆژاوا دەیەوێت ئەو دەرگەیەیش لە ڕووسیا دابخات. پووتین ١٢ ساڵە خۆی لەگەڵ گوشارەکانی ناتۆدا دەگونجێنێت؛ تا جامەکە لەسەری ڕژا و ئۆکراینایش بووە قوربانی.

هۆکارێکی تری سەرەکیی ئەو جەنگەی ئێستای نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا زیاتر بۆ ئەو دیدگا جیاوازە دەگەڕێتەوە کە، وڵاتان لەسەر چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی/نیشتمانی هەیانە. هەرچی ڕووسیایە لە ڕوانگەی باکگراوندێکی مێژووی و سیاسی و واقعی جیۆپۆلۆتیکی سەیری چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی دەکات، واتە لەبەر ئەوەی ئۆکراینا پێشتر بەشێک بووە لە یەکێتیی سۆڤیەت و لە ڕووی جیۆپۆلۆتیکیشەوە بەستراوەتەوە بە ڕووسیا، ئیتر مافی ڕووسیایە کە وەک بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی سەیری بکات. بەڵام ڕوانگەی ئۆکراینا زیاتر لەسەر چەمکی سەروەرییە بە مانا کلاسیکییەکەی، واتە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی کە وڵاتان بۆیان نییە دەستوەردان بکەن لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی تر، هەروەها هەر وڵاتێکیش مافی خۆیەتی کە هاوپەیمانی لەگەڵ کام وڵاتدا دەکات.

لێرەدا پرسیار ئەمەیە: ئایا ئەو قەیرانەی ئێستایش، بەو جۆرە کۆتایی دێت و، ڕۆژاوا ئەو تەنازولە بۆ ڕووسیا دەکات؟ بە مانەیەکی تر، ئایا ڕۆژاوا دەست لە گوشاری دەورەدانی ڕووسیا هەڵدەگرێت؟ جگە لەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەو جارەیان جه‌نگەکە لە ئەمریکا دوورە و دەرەفەتی ئەوەیشی داوەتە ئەمریکا کە چەند ئامانجێکی تر لە ڕێگه‌ی ئەم قەیرانەوە بەدەست بهێنێت: 

  • باڵاکردنی هەژموونی ئەمریکا بەسەر ناتۆ و ئەندامەکانی، لە ڕێگه‌ی هەستکردن بە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەوروپا؛ بۆ ئەم مەبەستەیش هیچ شتێک لەوە باشتر نییە پاڵ بە ڕووسیاوە بنێی بۆ تێوەگلان لە جەنگ لەگەڵ ئۆکراینا، کە لە بواری وزە و ئابووریدا بە ئاسایشی ئەوروپاوه‌ بەستراوەتەوە.
  • سنووردانان بۆ گەشەکردنی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەوروپا، بەتایبەت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا؛ کە وای لێ هاتبوو هەندێ جار ئەڵمانیا بێمنەت بێت لە ئەمریکا؛ بەتایبەت لە هەڵویستی بەرامبەر هێڵی گازی "نۆرد ستریم ٢" کە تا ئاستێکی باش، دەبووە هۆی سەقامگیری بۆ ئابووری و وزەی ئەڵمانیا.
  • تێوەگلاندنی ئەوروپا لە سەپاندنی سزای ئابووریی قورس بەسەر ڕووسیا و هەناردەکانی وزەی ڕووسیا بۆ جیهان؛ کە دواجار دەبێتە بەربەست لە بەردەم گەشەکردنی ئابووریی ڕووسیا لە لایەک و، هەروەها دەرگه‌ی زیاتریش بەسەر ئەوروپادا دەکاتەوە کە بە دوای سەرچاوەی تری وزە بگەڕێن و تەنیا پشت بە مۆسکۆ نەبه‌ستن.

سەرۆک بایدن لەبەر چەند هۆکارێک بڕیار نادات سەرباز بنێرێته‌ بەرەکانی جه‌نگ دژی ڕووسیا: لەبەر ئەوەی ئەم جه‌نگە هەڕەشە نییە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا. هەروەها ئۆکراینایش دراوسێی ئەمریکا نییە؛ ئەمە جگە لەوەی ئۆکراینا ئەندامی ناتۆ نییە، چونکە بەپێی مادده‌ی (٥)ی ڕێکكەوتنی ناتۆ، هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێک، وەک ئەوە وایە هێرش بێت بۆ سەر گشت ئەندامەکانی ناتۆ. ئەمە جگە لەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان دوو هێزی ئەتۆمیی گەورە، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە. لە هەموویشی گرنگتر، سەرۆک بایدن لەو سەرکردانەیە کە باوەری بە دەستوەردانی سەربازی نییە؛ نایەوێت خۆی بخزێنێتە نێو جەنگێکی تری هاوشێوەی ئەفغانستان و عێراق.  

لە دەرەنجامدا دەتوانین بڵێین کە ئەوەی ڕوو دەدات، ڕەنگە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا نەخشەڕێژ بکات، کە خۆی لە دووبارە داڕشتنەوەی تەرازووی هێزدا ببینێتەوە لە جیهاندا. پووتین هەست دەکا ڕووسیا لە نەزمی جیهانیی ئێستادا (new world order) فەرامۆش کراوە. هەروەها لەو قەبارەیەی ئێستای هێزی خۆی ڕازی نییە. باوەڕ ناکەم ئەو سەرکێشییەی ڕووسیا لە ئۆکراینا بۆ گەڕاندنەوەی هەژموونی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران بێت، بەڵکوو زیاتر پەیوەستە بە پێدانی گەرەنتیی ئەمنی و ئابووری لەلایەن ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپاوە.