ئاخۆ پووتین دەتوانێت؟ ئەو وانانەی پووتین لە ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت فێریان بووە

ڤلادیسلاڤ زوبۆک Vladislav Zubok

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ فارسی: ئەکبەر گەنجی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

 

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا، لە ڕێکەوتی ٩ی مەی ٢٠٢٢ لە بەرامبەر ڕیزێک تانک و تۆپخانە لە گۆڕەپانی سووری مۆسکۆ بە بۆنەی ٢٧مین سان (ڕێژە)ی ساڵانەی ڕۆژی سەرکەوتنی ڕووسیا کە لەو ڕۆژەدا ڕووسەکان یادی سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بەرز ڕادەگرن، وێڕای ستایشی سوپای ڕووسیا، گوتی: "بەرگری لە نیشتمانی دایکمان لە کاتێکدا کە چارەنووسی کەوتبێتە مەترسییەوە، هەمیشە بابەتێکی پیرۆز بووە. ئێمە هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین." پووتین دەربارەی ڕابردوو، هەروەها دەربارەی ئێستا قسەی کرد و پەیامێکی ڕوونی بەگوێی جیهاندا دا: ڕووسیا ڕژدە لەسەر ئەوەی کە درێژە بە جەنگەکەی لە ئۆکراینا بدات.    

 جەنگ لە ڕوانگەی پووتینەوە زۆر جیاوازە لەوەی ڕۆژاوا بیری لێ دەکاتەوە؛ دادپەروەرانە، ئازایانە و مایەی سەرکەوتنە. پووتین گوتی: "شەڕڤانانی ئێمە کە لە گەلانی جیاواز پێک هاتوون، شان به‌ شانی یه‌كتر دەجەنگن و وەکوو برا لە بەرامبەر فیشەک و پڕیشکەی فیشەکدا یەکتر دەپارێزن. دوژمنانی ڕووسیا هەوڵیان دابوو "باندە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکان" دژی ئەم وڵاتە بەکار بێنن، بەڵام بەتەواوی تووشی شکست بوون." هەڵبەت لە ڕاستیدا هێزەکانی ڕووسیا لە جیاتی ئەوەی لێشاوی پشتیوانییان بەسەردا ببارێت، لەگەڵ بەرگریی توندی خەڵکی خۆجێیی ڕووبەڕوو بوون و نەیانتوانی کیێف داگیر بکەن و دەوڵەتی ئۆکراینا لەناو ببەن. سەرباری ئەوەیش، لەوانەیە پووتین پێی وا بێت تەنیا سەرکەوتن بە لای ڕای گشتییەوە پەسندە و لە ڕووسیا بەئاشکرا باس لە هیچ ئەنجامێکی دیکەی جێگرەوە ناکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنجامەکانی جەنگ لە ڕۆژاوا دەخرێنە بەرباس؛ ئەو ڕۆژاوایەی کە تاکوو ڕاددەیەک بە سەرکەوتنی ئۆکراینا دڵخۆش بووە. شکستەکانی ڕووسیا هێز و ورەی وەبەر یەکێتیی ئەودیوی ئەتلانتیک (Transatlantic) ناوە و بۆ چرکەیەک مۆسکۆ وەکوو دەسەڵاتێکی پلە سێیەمی دزسالار نمایش کراوە. ئێستا بەشێکی زۆری سیاسەتدانەران و شرۆڤەکاران ئەو خەیاڵە لە مێشکیاندا دێنن و دەبەن کە دەکرێ سەرەنجام جەنگەکە نەک تەنیا لە بەرژەوەندیی ئۆکراینا ببڕێتەوە، بگرە بەهیوان ڕژێمەکەی پووتینیش بە دەردەکەی یەکێتیی سۆڤیەت بچێت؛ ڕووخان.

ئەو هیوایە لە بەشێکی زۆری ئەو وتارانەدا بەرچاوە کە تێیاندا جەنگە کارەساتبارەکەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان و هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا پێکەوە بەراورد دەکرێن. پێ دەچێت کە هەر ئەم هیوایەیش بووەتە پاڵنەری نهێنیی ئەو گەمارۆ توندانەی بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون و سەرلەبەری ئەو باسانەیشی خستووەتە ژێر سێبەری خۆیەوە کە بەم دوایییانە دەربارەی یەکێتیی نوێی جیهانی دیموکراتیک دەکرێن. لە وتەی ڕێبەرانی ڕۆژاواییدا ئەو دەنگە دەبیسترێت کە جەنگی ئۆکراینا پشتیوانیی ڕای گشتیی خەڵکی ڕووسیا لە کرملین کەم دەکاتەوە، چونکە زیانی گەمارۆ ئابوورییەکان کە بەردەوام بەرەو هەڵکشانە، ئابووریی ڕووسیا لەناو دەبات. بەپێی ئەم گریمانەیە، بە دوای دەستڕانەگەیشتنیان بە کاڵا و بازاڕ و کەلتووری ڕۆژاوایی، هەم خەڵکی نوخبە و هەم خەڵکی ئاساییی ڕووسیا بەرە بەرە لە پووتین بێزار دەبن و لەوانەیە بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی داوای داهاتوویەکی باشتر بکەن. لە کۆتاییدا، ئەگەری ئەوە هەیە کە پووتین و ڕژێمەکەی بەهۆی کوده‌تایەک، یان بەهۆی شەپۆلی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانەوە وەلا بنرێن. 

ئەم بیرکردنەوەیە لەسەر بناغەی خوێندنەوەیەکی نادروستی مێژوو هەڵچنراوە. یەکێتیی سۆڤیەت بەو هۆکارانە نەڕووخا کە ڕۆژاوایییەکان حەز دەکەن ئاماژەیان پێ بکەن؛ هۆکاری وەکوو تێکشکانی ئابڕووبەری سۆڤیەت لە ئەفغانستان، گوشاری سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، ململانێ نەتەوەییخوازییەکانی ناو کۆمارە پێکهێنەرەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و لێدرانی زەنگی دیموکراسی. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سیاسەتە ئابوورییە نادروستەکانی سۆڤیەت و هەڵێنانەوەی چەندان هەنگاوی هەڵەی سیاسی لەلایەن میخائیل گۆرباچۆڤ، ڕێبەری سۆڤیەتەوە، بوونە هۆی خۆوێرانکردنی ئەو وڵاتە و، پووتین گەلێک وانەی لە ڕووخانی سۆڤیەت وەرگرتووە بۆ ئەوەی سەرباری ئەو گەمارۆ توندانەی ئێستا دژی ڕووسیا لە گەڕدان، تووشی ئەو بشێوی و ئاڵۆزییە دارایییە نەبێت کە یەکێتیی سۆڤیەت تێی کەوتبوو. پێکهاتەی ڕووسیای ئێستا لە لایەنی وەرچەرخان و خەساردیتنەوە زۆر جیاوازە لەو تایبەتمەندییانەی یەکێتیی سۆڤیەت لە کۆتاییی تەمەنیدا هەیبوو. ئەم مێژووە لەو لایەنەوە گرنگیی هەیە کە ڕۆژاوا بە بیرکردنەوە لە جەنگی ئۆکراینا و دەرهاوێشتەکانی، خۆی لەوە ببوێرێت کە بۆچوونە هەڵەکانی دەربارەی ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر ڕووسیای ئێستادا بگشتێنێت.

سەرباری ئەوەیش، ئەمە بەو واتایە نییە کە ڕۆژاوا لە داڕشتنەوەی بیچمی داهاتووی ڕووسیادا دەستەوستان و داماوە. ڕژێمی پووتین لە ڕژێمەکەی گۆرباچۆڤ خۆڕاگرترە، بەڵام ئەگەر ڕۆژاوا بتوانێت هەروا بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە، لەوانەیە بەرە بەرە بتوانێت دەسەڵاتی سەرۆککۆماری ڕووسیا لاواز بکات. پووتین بەو هێرشەی کردییە سەر ئۆکراینا، بەتوندی تووشی هەڵەی لێکدانەوە بوو، هەر بۆیە خاڵی لاواز، یان لایەنی خەساردیتنی ڕژێمەکەی خۆی ئاشکرا کرد: ئابوورییەک کە زۆر زیاتر لە ئابووریی سۆڤیەتی پێشوو گرێدراوی ئابوورییەکانی ڕۆژاوایە و سیسته‌مێکی سیاسیی زۆر چڕی ناوەندی کە بێبەرییە لە کەرەستەگەلی دنەدانی گشتیی سیاسی و سەربازی، کە حزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت هەیبوو. ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، ڕووسیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبێت بە یاریکەرێکی کەمدەسەڵات. تەنانەت لەوانەیە هێرشی درێژخایەن جۆرە ئاژاوە و ئاڵۆزییەکی لێ بکەوێتەوە کە ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتی بەدوادا هات. سەرباری ئەوەیش، ڕێبەرانی ڕۆژاوایی ناتوانن هیوایان بە سەرکەوتنێکی وەها خێرا و لێبڕاو هەبێت و دەبێ لە داهاتوویەکی قابیلی پێشبینیدا لەگەڵ ڕووسیای دەسەڵاتخواز، هەرچەند لاوازیش بووبێت، بەرەنگار ببنەوە.

 ڕووخاندنی داهێنەرانە: بەشی زۆری پسپۆڕان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا پێیان وایە کە ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە پێشدا دیاری کرابوو. بەپێی ئەم بۆچوونە، یەکێتیی سۆڤیەت لە ڕوانگەی ئابووری و ئایدیۆلۆژییەوە زۆر پێش ڕووخانەکەی، تووشی چەقبەستوویی و دواکەوتوویی هاتبوو و، سوپاکەیشی یەکجار بەربڵاو ببوو و، تەنیا کاتی پێویست بوو بۆ ئەوەی کەموکورتییە ئابوورییەکانی و لێکدژییەکانی ناوخۆی ڕژێمی سیاسیی سۆڤیەت لێک هەڵوەشێن و لەگەڵ ئەوەی کە ڕۆژاوا گوشارەکانی بۆ سەر کرملین زیاتر کرد، ئەو لێکهەڵوەشانە بەدیار کەوت. هەروەها بەپێی ئەم بۆچوونە، کاریگەریی بزووتنەوە نەتەوایەتییە خودموختاریخوازەکان لە کۆمارە پێکهێنەرەکانی یەکێتێی سۆڤیەتدا و بەهێزبوونیان، وەکوو هۆکارێکی گرنگ بۆ سەرەتای تێکڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە قەڵەم دەدرێت. ئەو هەوڵانەیش کە گۆرباچۆڤ بە نییەتی باشەوە بۆ ڕەخساندنی کەشی ئازاد خستنییە گەڕ، نەیانتوانی لە دەمی ئاویلکە و سەرەمەرگیدا، ڕژێمی سۆڤیەت ڕزگار بکەن.

چەند ڕاستییەک لەم بۆچوونەدا هەیە. یەکێتیی سۆڤیەت هەرگیز نەیتوانی لە ڕووی سەربازی، یان تەکنیکییەوە کێبڕکێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکات. ڕێبەرانی سۆڤیەت بۆ گەیشتن بە ئاستی ڕۆژاوا کاری دژواریان کرد، بەڵام وڵاتەکەیان هەمیشە لەدوا بوو. لە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەدا ئایدیاکان و وێناکان و ئازادی و خۆشبژیی ڕۆژاوایی بووە هۆی ئەوەی کە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی خێراتر لەناو بچێت، چونکە بەرەی لاوی نوخبەی سۆڤیەت باوەڕیان بە کۆمۆنیزم نەمابوو، زۆر بەتوندییش هۆگری کاڵای لۆکسی دەرەکی و سەفەر و کەلتووری گشتیی ڕۆژاوا ببوون و، بەبێ ئەملاولا پڕۆژەی ئیمپراتۆرییه‌تی سۆڤیەت لەلایەن کەمایەتییە ئیتنییە ناوخۆیییەکانەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی ببووەوە و بەسووکی چاوی لێ دەکرا.

سەرباری ئەوەیش، ئەم بابەتانە وەکوو گرفتی نوێ نەهاتنە پێش چاو و بەتەنیا بەس نەبوون بۆ ئەوەی حزبی کۆمۆنیست بەخێرایی لە دەیەی ١٩٨٠دا لەسەر سکەی دەسەڵات بترازێت. لە چین، ڕێبەرانی کۆمۆنیست لە هەمان قۆناغدا کۆمەڵێک قەیرانی هاوشێوەیان لێ پەیدا بوو، بەڵام ئەوان لە ڕێگەی ئازادکردنی ئابووریی چینەوە وەڵامی ئەو ناڕەزایەتییانەیان دایەوە کە بەردەوام ڕوویان لە زیادبوون دەکرد؛ هاوکات بە بەکارهێنانی هێز و زه‌بروزه‌نگ ناڕەزایەتیی چین و توێژەکانیان سەرکوت کرد. ئەم تێكه‌ڵكردنه‌‌ی سەرمایەداری بەبێ دیموکراسی، ئه‌نجامی باشی هه‌بوو و ڕێبەرانی حزبی کۆمۆنیستی چین ئێستا بە ڕه‌شبینی و دڕدۆنگییەوە حکوومەت دەکەن و سوود لە سەرمایەداریی دەوڵەتی وەردەگرن، لە کاتێکدا کە خۆیان لەژێر سێبەری پۆرترێتەکانی "کارڵ مارکس"، "ڤلادیمیر لێنین" و "ماو تسی تۆنگ"دا نمایش ده‌كه‌ن. ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی دیکەیش وەکوو ڕژێمی ڤێتنام بە ڕەوتی هاوشێوەدا تێپەڕ بوون.

لە ڕاستیدا، یەکێتیی سۆڤیەت، نەک بەهۆی کەمایەتییە پێکهاتەیییەکانی، بەڵکوو بەهۆی چاکسازییەکانی سەردەمی گۆرباچۆڤ وێران بوو. هەروەکوو ئابووریزانانی وەک "مایکڵ برانستام"، "مایكڵ ئێڵمن" و "ڤلادیمیر کۆنترۆڤیچ"، هەموویان هۆکاریان هێناوەتەوە، پرێسترۆیکا وزەی ڕەخساندنی کاری به‌ره‌ڵڵا کرد، بەڵام نەک بە شێوەیەک کە ئابووری، بازاڕێکی نوێ بێنێتە ئاراوە و ڕەفەی فرۆشگەکان بۆ بەکارهێنەرانی سۆڤیەتی پڕ بکات. بەپێچەوانەوە، ئەم وزە بەدیهێنراوە، تێکدەر بوو. ئەوانەی بە شێوازی سۆڤیەت هەلی کاریان ڕەخساند، دارایییە ئابوورییەکانی دەوڵەتیان بەتاڵ کرد و کۆمەڵێک سەرچاوەی بەنرخیان بە دۆلار هەناردە کرد، کەچی بە ڕوبڵ پیتاک (باج)یان دەدا. ئەو کەسانە داهاتەکانی خۆیان بەرەو ئەودیوی کەناراوەکان ڕادا و ڕێگه‌یان بۆ دزسالاریی ئۆلیگارشی تەخت کرد.

بانکە بازرگانییەکان بەخێرایی فێری کۆمەڵێک شێوازی دەستپێشخەرانە بۆ دادۆشینی دەوڵەتی سۆڤیەت بوون کە بووە هۆی ئەوەی بانکی ناوەندیی سۆڤیەت بە مەبەستی ڕۆماڵ و پشتیوانی لە بەڵێنە دارایییەکانی بانکە بازرگانییەکان، بڕێکی زیاتر ڕوبڵ لەگەڵ زیادکردنی کورتهێنانی بوودجە چاپ بکات. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٦ و ١٩٨٧دا بە کەمبوونەوەی فرۆشتنی ڤۆدکا و دابەزینی نرخی نەوت و داڕووخانی وڵات لە دوای کارەساتی ناوکیی چێڕنۆبیل، وەزارەتی دارایی، بە ڕیز تەنیا ٣.۹ ملیار و ۵.۹ ملیار ڕوبڵی چاپ کرد. سەرەڕای ئەوە، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ و ١٩٨٩دا، لەو قۆناغەدا کە چاکسازییەکانی گۆرباچۆڤ کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە، خستنەبازاڕی پارەی کاشی ڕوبڵ بۆ ۱۱.۷ ملیار و دواتر بۆ ۱۸.۳ ملیار زیادی کرد.    

هەرچۆنێک بوو گۆرباچۆڤ و چاکسازیخوازەکانی دیکە بەرەوپێش چوون. ڕێبەری سۆڤیەت دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی زیاتری بە ١٥ کۆماری پێکهێنەری یەکێتییەکە دا. گۆرباچۆڤ حزبی کۆمۆنیستی لە حکوومەت لا دا و مۆڵەتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی کۆمەڵێک ئەنجومەنی بە کۆمارەکان دا کە ئەو ئەنجومەنانە دەسەڵاتی یاسادانیان هەبوو. پڕۆژەکەی گۆرباچۆڤ زۆر واتادار بوو، بەڵام ئاڵۆزیی ئابووری و ناسەقامگیریی داراییی توندتر کرد. ڕووسیا و کۆمارەکانی دیکە دوو لەسەر سێی داهاتەکانیان کە بڕیار بوو بخرێتە سەر بوودجەی فیدراڵی، خۆیان لێ بوارد و وەزارەتی داراییی سۆڤیەتیان ناچار کرد لە ساڵی ١٩٩٠دا، ٢٨.٤ ملیار ڕوبڵ چاپ بکات. لەو کاتەدا، چینی دەسەڵاتداری سۆڤیەت بەسەر کۆمەڵێک تائیفەی ئیتنیدا دابەش بوون: نوخبە کۆمۆنیستەکان لە کۆمارە جیاوازەکاندا لەگەڵ قەزاقەکان، لیتوانییەکان، ئۆکراینییەکان و نەتەوەکانی دیکە زیاتر نزیکایەتییان نیشان دەدا تاکوو لەگەڵ ناوەندی ئیمپراتۆرییەکە. سەربەخۆییخوازیی نەتەوەخوازانە وەکوو لافاو هەستا.

گۆڕانی ڕوئیا و باوەڕەکان، بەتایبەتی لەبارەی ڕووسەکانەوە بەرچاو بوو. بە درێژاییی جەنگی جیهانیی دووەم، ڕووسەکان بەشی زۆری شەڕەکانیان بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت کردبوو، خەڵکێکی زۆریش لە ڕۆژاوا ئیمپراتۆرییه‌تی کۆمۆنیستییان تەنیا بە پەلهاوێشتنی ڕووسیا دەزانی. سەرباری ئەوە، زیاتر لە ساڵانی ١٩٩٠ و ١٩٩١دا دەیان ملیۆن ڕووسی بە ڕێبەرایەتیی بۆریس یەڵتسین دەوڵەتی سۆڤیەتیان لەناو برد. ئەوانە گرووپێکی تێکەڵاو لە ڕووناکبیرانی لیبراڵ لە مۆسکۆ، ئاپاراتچیکەکان (بیرۆکراتە دەوڵەتییەکانی ئەندامی حزبی کۆمۆنیست)ی ڕووسی لە پارێزگاکان و تەنانەت ئەندامانی ک‌گ‌ب و ئەفسەرانی سەربازی بوون. ئەوەی کە ئەمانەی پێکەوە کۆ دەکردەوە گۆرباچۆڤ و حکوومەتە شکستخواردووەکەی بوو.   

لاوازیی هەستپێکراوی ڕێبەری سۆڤیەت، خۆی هۆکار بوو بۆ ئەوەی لە ئۆگۆستی ١٩٩١دا هەوڵی کودەتا بدرێت. ڕێکخەرانی کودەتاکە گۆرباچۆڤیان لەناو ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرد و بە مەبەستی شۆککردنی خەڵک تانکەکانیان نارد بۆ مۆسکۆ تاکوو خۆیان بەدەستەوە نەدەن، بەڵام لە هەردوو بەرەکەدا تووشی شکست بوون. لە بەرامبەردا، ئەوان لە بەکارهێنانی زۆرداریی دڕندانە دڕدۆنگ بوون و بوونە ئیلهامبەخشی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان دژی کۆنترۆڵی کرملین. ئەوەی کە دەرهاوێشتەی ئەم ڕووداوە بوو، خۆوێرانکەریی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت بوو. یەڵتسین، گۆرباچۆڤی وەلا نا، حزبی کۆمۆنیستی قەدەغە کرد و وەکوو دەسەڵاتدارێکی سەربەخۆ کاری کرد. لە ڕێکەوتی ٨ی دێسه‌مبه‌ری ١٩٩١دا یەڵتسین و ڕێبەرانی بیلاڕووس و ئۆکراینا ڕایان گەیاند، ئیتر یەکێتیی سۆڤیەت وەکوو بابەتێکی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەبوونێکی جیۆپۆلیتیکی نەماوە.

سەرباری ئەوانە، ئەگەر یەڵتسین بەیاننامەی دەرنەکردایە، ئەو گریمانەیە هەبوو کە یەکێتیی سۆڤیەت دووچاری ئەو چارەنووسە نەبوایە. تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی فەرمیی ئیمپراتۆرییەکە، ئەو ئیمپراتۆرییەته‌ چەندان ساڵ وەکوو یەک ناوچە کە یەکەی دراوەکەی ڕوبڵ بوو، دابونەریتەکانیشی سنووریان لە نێواندا نەبوو، درێژەی بە بوونی خۆی دا. وڵاتانی دوای سۆڤیەت سەربەخۆییی ئابوورییان نەبوو. تەنانەت پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی نەتەوەیی و بە دوای ئەو جەژنانەی ئازادیدا کە تازە دۆزرابوونەوە، دەیان ملیۆن هاووڵاتیی سۆڤیەتی پێشوو لە دەرەوەی ڕووسیا وەکوو هاووڵاتییانی بیلاڕووس، ئۆکراینا و دەوڵەتە نوێیەکان چەندان دەیە بۆ بەدیهێنانی ناسنامه‌ و شوناسی پاش ئیمپراتۆری هەوڵیان دا. لەم ڕووەوە یەکێتیی سۆڤیەت نیشانی دا، زیاتر لەوەی کە قرچۆک بێت، نەرمینوێنە. ئەو ئیمپراتۆرییەته‌ هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئیمپراتۆرییەته‌کانی دیکە نەبوو، چونکە چەند دەیەی پێ چوو تاکوو ڕووخا.

فێربوون لە ڕابردوو: پووتین زۆر بەقووڵی ئەم مێژووە دەزانێت. سەرۆککۆماری ڕووسیا جارێکیان گوتی "ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت گەورەترین کارەساتی جیۆپۆلیتیکی"ی سەدەی بیستەم بوو، بۆیە ڕژێمەکەی خۆی بە جۆرێک داڕشتووە کە تووشی چارەنووسێکی هاوشێوە نەبێت. پووتین لەوە تێ گەیشت کە مارکس و لێنین دەربارەی ئابووری هەڵە دەکەن و بە وەزەیەک کاری کرد کە بزانێت ڕووسیا چۆن دەتوانێت لە سەرمایەداریی جیهانیدا خۆڕاگر بێت و گەشەیش بکات. ئەو، ئابووریزانی لێزانی هێنایە نێو بابەتەکە و سەقامگیریی ئابووریی هەمەکی (Macroeconomics) و هەبوونی بوودجەی هاوسەنگی خستە ڕیزی یەکەمین کارەکانی خۆیەوە. لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتداریی پووتیندا بەرزبوونەوەی زۆر و خێرای نرخی نەوت خەزینەی ڕووسیای پڕ کرد، بۆیە بەخێرایی ١٣٠ ملیار دۆلار قەرزی بانکەکانی ڕۆژاوای دایەوە و قەرزەکانی داهاتووی گەیاندە کەمترین ڕاددە و دەوڵەتەکەیشی دەستی کرد بە کۆکردنەوەی پاشەکەوتی زێڕ و دراوی دەرەکی. ئەم هەنگاوە دووربینانە لە درێژاییی قەیرانی جیهانیی دارایی لە ساڵی ٢٠٠٨دا یاریدەی ڕووسیای دا تاکوو بەئاسانی ئەو کۆمپانیایانەی خۆی بپارێزرێت کە بۆ ئابووری ژیانبەخشن (هەموو ئەو کۆمپانیایانە لەلایەن هاوکارانی پووتینەوە بەڕێوە دەبرێن).  

 دوای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا پووتین کریمیای بە خاکی فیدراسیۆنی ڕووسیاوە لکاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک گەمارۆی خستە سەر نەوت و پیشەسازییەکانی دیکەی ڕووسیا و نرخی نەوت بە هەمان ڕاددەی سەردەمی گۆرباچۆڤ داشکا. سەرباری ئەوە، دەوڵەتی ڕووسیا پەرچەکردارێکی لێزانانەی نواند. بە ڕێبەرایەتیی ئێلڤیرا نابیولینا، سەرۆکی بانکی ناوەندی و ئەنتۆن سیلوانۆڤ، وەزیری دارایی، حکوومەت ڕێگەی بەوە دا کە نرخی ڕوبڵ دابەزێت و سەقامگیریی ئابووریی هەمەکی ببووژێنێتەوە. پاش دابەزینێکی کورت، ئابووریی ڕووسیا جارێکی دیکە وەڕمێن کەوتەوە. تەنانەت لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩دا ئەو وڵاتە ڕێکخستنێکی داراییی دژواری پاراست. لە کاتێکدا کە وڵاتانی ڕۆژاوایی بۆ باربوو (سوبسید / subsidy)ی ئابوورییەکەیان بایی چەندان تریلیۆن دۆلار پارەیان چاپ دەکرد، ڕووسیا زیادەی بوودجەی خۆی کەڵەکە دەکرد. "دیمیتری نیکراسۆڤ"، ئابووریزانی پێشووی حکوومەتی ڕووسیا گوتبووی، ئابووریزانانی حکوومەتی ڕووسیا "لە بەکارهێنانی ئەو ئاراستەیەدا کە سندووقی نێودەوڵەتیی پارە بەرگریی لێ دەکات، لە پاپا کاتۆلیکترن". لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نەبووە کە سیاسەتێکی وەها تۆکمە و پارێزکارانە و سەختگرانە لەسەر بنەمای مۆدێلی لیبراڵی ئابووریی هەمەکی جێبەجێ بکات.

تا ساڵی ٢٠٢٢ دەوڵەتی پووتین زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار پاشەکەوتی داراییی کۆ کردبووەوە کە یەکێک لە گەورەترین پاشەکەوتەکانی جیهانە. سەرباری ئەوەیش، ئامانجی سەرەکیی پووتین لە دانانی ئەو سیاسەتە، بەدەستهێنانی پەسنی نێودەوڵەتی، یان تەنانەت یارمەتیدانی خەڵکی ئاساییی ڕووسیا بۆ پاراستنی پاشەکەوتەکانیان نەبوو، بگرە ئامانجی ئەو، بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەی بوو. پووتین ئەو پاشەکەوتە کەڵەکەبووەی بەکار هێنا تاکوو بە پێکهێنانی تۆڕی ئەمنییەتی و پەرەپێدانی پیشەسازیی سەربازی و چەک لە ڕووسیا و دانی پاداشت بە ڕەمەزان قەدیرۆڤ، سەرۆککۆماری چیچان و میلیشیاکانی، یەکێکی دیکە لە ستوونەکانی دیکتاتۆریی کرملین بۆ حکوومەتی ناوەندیی دەسەڵاتخواز بگەڕێنێتەوە.

ئەو کاتەی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا پووتین بڕیاری دا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، لەسەر ئەو باوەڕە بوو پاشەکەوتە زۆرەکەی ڕووسیا ڕێ بەو وڵاتە دەدات کە هەموو جۆرە گەمارۆیەک پووچەڵ بکاتەوە. سەرباری ئەوەیش، پەرچەکرداری داراییی ڕۆژاوا زۆر دژوارتر بوو لەوەی کە ئەو چاوەڕوانی دەکرد؛ تەنانەت توندڕەوە سەرسەختە دژەڕووسەکانی ڕۆژاوایش لە وەها پەرچەکردارێک سەریان سووڕما. ڕۆژاوا و هاوپەیمانەکانی پەیوەندیی بەشێک لە بانکە گەورەکانی ڕووسیایان لەگەڵ سویفت (SWIFT)، یان کۆمەڵگەی جیهانیی پەیوەندیی داراییی نێوان بانکەکان پچڕاند و ٤٠٠ ملیار دۆلار لە پاشەکەوتی نێودەوڵەتیی ڕووسیایان بلۆک کرد کە بە شێوەی فیزیکی لە وڵاتانی گرووپی جی-٧ پاشەکەوت کرابوو. هەروەها واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی ڕێیان لە هاوکاریی بەشێکی زۆری کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان لەگەڵ حکوومەتی ڕووسیا، یان کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە گرت. زیاتر لە ٧٠٠ کۆمپانیای بەرهەمهێنەر و وردەفرۆشی ڕۆژاوایی، بە شەرمەزاربوون لە بەرامبەر ڕای گشتیی وڵاتانی خۆیاندا بەتەنیا لە ڕووسیا دەرچوون. کۆمپانیا نێودەوڵەتییە گەورەکانی بواری گواستنەوە و گەیاندن و دارایی و دەڵاڵەکان، هاوکارییان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە ڕاگرت کە پەیوەندییان بە مۆسکۆوە هەبوو. ئەو دابڕانە لە سەردەمی گەمارۆدانی ئەڵمانیا و ژاپۆن لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم بەملاوە بێوێنە بووە.

لە ڕۆژاوا ئەم هەنگاوانە گه‌شبینییان لێ کەوتەوە و پسپۆڕان ڕایان گەیاند کە یەکەی پارەی ڕووسیا دادەڕووخێت و ئەوەیش ناڕەزایەتیی گەورەی بەدوادا دێت. کەسانێک وای بۆ دەچوون کە لەوانەیە پووتین لەناو بچێت. بەڵام هیچ کام لەو سیناریۆیانە وەڕاست نەگەڕان. ڕوبڵ سەرەتا داشکا، بەڵام نابیولینا و سیلوانۆڤ زۆر خێرا بۆ ڕزگارکردنی وەخۆ کەوتن. دەوڵەتی ڕووسیا ئاڵوگۆڕی ئازادانه‌ی دراوی دەرەکیی هەڵپەسارد و فەرمانی دەرکرد کە دەبێت ٨٠٪ی داهاتی نەوتیی کۆمپانیا ڕووسییەکان و هەناردەکارانی دیکە (لەوانە داهاتی دۆلار) بە بانکی ناوەندی بفرۆشرێت. ئەم یاسایە هەڵگرتنەوەی زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلاری لە مانگێکدا لە هەژماری دۆلاری هاووڵاتیانی ڕووسیا قەدەغە کرد و پەلەپەلی ترسناکی گۆڕینەوەی ڕوبڵ بە دۆلاری پووچەڵ کردەوە و سەرەنجام دراوی دەرەکیی ڕووسیا گەڕایەوە ئەو ئاستەی کە لە پێش هێرش بۆ سەر ئۆکراینا هەیبوو.

ئەگەر پسپۆڕان و کارزانانی ئاوا، یارمەتیی یەکێتیی سۆڤەتیان دابایە، لەوانە بوو ئەو ڕژێمە بمایەتەوە. سەرباری ئەوانە، ڕه‌خسێنه‌رانی هەلی کار لە ڕووسیا خەریکی خۆفێركردنن لەسەر شێوازی خۆگونجاندن لەگەڵ واقعه‌ نوێیەکەی خۆیاندا. بەشی زۆری ئەو دەرگه‌یانە داخراون کە ڕووسیا پێیاندا دەچێتە ناو ئابووریی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام بازرگانانی ڕووس، وەکوو ئەو کەسانەی کە پیشەسازیی چەکی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبەن، دەزانن چۆن دەرگه‌کانی پشتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو شتەی پێویستیانە بەکار بێنن.

بزنسه‌ ڕووسییه‌كانیش هێشتا بە شێوەی یاسایی دەستیان بە چەندان ئابووریی گەورەی وەکوو ئابوورییەکانی چین و هیند ڕادەگات کە هەردووکی ئەو وڵاتانە بەردەوام مەیلیان لە بازرگانی لەگەڵ ڕووسیا هەیە و بۆ ئەم کارە هۆکارێکی ئابووریی پاساوهەڵگر هەیە: هێزی ڕوبڵ وا دەکات کە کڕینی وزە و هەموو بابەتەکانی دیکە بە داشکانەوە قازانجیان هەبێت، دواتر حکوومەتی ڕووسیا دەتوانێت پیتاک (باج) لەو قازانجانە وەربگرێت و گۆڕینی بە ڕوبڵ جێبەجێ بکات و توانای دانەوەی قەرزەکانی وڵات بپارێزێت. کەواته‌ لە کورتخایەندا ئەوە بەدوور دەزانرێت کە گەمارۆ توندەکانی ڕۆژاوا ڕوبڵ لەناو ببات و کرملین ناچار بکات خۆی بەدەستەوە بدات.

دووبەرەکی بنێوە و حکوومەت بکە: لەوانەیە سزاکانی ڕۆژاوا بیرکردنەوەی مۆسکۆ نەگۆڕێت، بەڵام گەمارۆکان بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر زیان بە بەشێک لە جەماوەری ڕووسیا دەگەیەنن: واتا بە نوخبەی ئەو وڵاتە و چینی ناوەندیی شارنشین. ئەوان ئیتر ناتوانن لە دەرەوەی وڵاتەکەیان کارتی متمانە (credit cards) بەکار بێنن و هیچ فڕۆکە، یان شەمەندەفەرێکی ڕاستەوخۆ نییە کە بیانگەیەنێتە ئەوروپا. لە یەکەم نیگادا ڕەنگە وا بێتە بەرچاو کە ئەمە بۆ پووتین خراپە. لە ماوەی قەیرانی سیاسیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩٠ و ١٩٩١دا ئەندامانی چینی ناوەندی و باڵا ڕۆڵی گەورەیان لە ڕووخاندنی حکوومەتدا هەبوو. سەدان هەزار هاووڵاتیی خوێندەواری سۆڤیەت لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی مۆسکۆ و سەن پیترزبورگ کۆ بوونەوە و داوای گۆڕانیان کرد. نوخبەی نوێی ڕووسیا، ئەو نوخبەیەی کە ناسیۆنالیزمیان قبووڵ کرد و دژی هێزە کۆنەکانی پارێزەری ڕژێمی پێشوو وەستانەوە، دوای هەڵبژاردن لە ساڵی ١٩٩٠دا بە دەسەڵات گەیشتن. ڕووناکبیرانی وڵات لەگەڵ نوخبە نوێیەکان یەکیان گرت بۆ ئەوەی ڕووخانی ڕژێم ئاسان بکەن.

ئەوە گۆرباچۆڤ بوو لەبەر وەها چالاکییەکی سیاسیدا خۆی ڕاگرت و ڕەنگە هەر خۆیشی هاندەری بوو. پووتین کاری وا ناکات. بەپێچەوانەی گۆرباچۆڤەوە کە دەرفەتی بە دژبەرەکانی دا لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن، پووتین کاری کردووە بۆ پێشگرتن لەوەی کە ڕووسەکان ببنە هەڕەشەیەکی ڕژد و، لەم دوایییانەدا بە ژه‌هرخواردکردن و دواتر دەستبەسەرکردنی ئەلێکسی ناڤاڵنی، ڕێبەری دژبەرانی لە ئۆگۆستی ٢٠٢١دا ڕێگەی لە هەموو جۆرە خۆپێشاندانێکی دژی جەنگ لە وڵاتەکەیدا گرتووە. پۆلیسی پووتین دەسەڵات و شارەزاییی پێویست بۆ سەرکوتكردنی هەر جۆره‌ ناڕەزایەتییەکی سەر شەقامی هەیە و نوێڵی گوشاری وەکوو تۆقاندن و دەستگیرکردن و گەلێک سزای جیاوازی وەکوو سەپاندنی پێبژاردنی قورسی بەدەستەوەیە. حکوومەتی ڕووسیا بەتوندی هەوڵ دەدات خەڵکی ئەو وڵاتە کۆنترۆڵ بکات. لە یەکەمین ڕۆژانی هێرش بۆ سەر ئۆکراینا، ئەندامانی پەرلەمانی ڕووسیا کۆمەڵێک یاسایان پەسند کرد کە بەپێی ئەو یاسایەنە باسی ئازاد و بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی جەنگ بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت. حکوومەت ڕاگەیاندنە هەواڵدەرییە سەربەخۆکانی ناو وڵاتەکەی ناچار کرد کە کارەکەیان ڕابگرن.

وەکوو زۆرینەی دەسەڵاتخوازان سەرۆککۆماری ڕووسیایش فێر بووە کە نایەکسانیی ئابووری بۆ دروستکردنی پێگەیەکی پشتیوانیی پتەو بەکار بێنێت. ئێستا ئێمە "چوار ڕووسیا"مان لە بەردەمدایە. ڕووسیای یەکەم، لە شارنشینانی شارە گەورەکان پێک دێت کە زۆرینەیان لە ئابووریی ئەوپەڕی پیشەسازیدا سەرقاڵی کارن و لە لایەنی کەلتوورییەوە لەگەڵ ڕۆژاوا لە پەیوەندیدان. ئەوان سەرچاوەی زۆربەی دژایەتییەکانی دژی پووتینن و زیاتر لە دژی سەرۆککۆمار خۆپێشاندانیان کردووە. سەرباری ئەوەیش، ئەوان یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی ڕووسیا پێک دێنن.

سێ ڕووسیاکەی دیکە، دانیشتووانی شارە پیشەسازییە هەژارترەکانن کە هەستێکی نۆستالژیکیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت هەیە. هەروەها ئەو کەسانەی کە لەو شارانە دەژین، وا ژیانی گوندنشینی لە دەوروبەریان بەرەو لەناوچوون دەچێت و فره‌نه‌ته‌وه‌ ناڕووسەکانی باکووری قەفقاز (وەکوو چیچان) و باشووری سیبیریا لەوانەن. دانیشتووانی ئەم سێ ڕووسیایە بەتوندی پشتیوانی لە پووتین دەکەن، چونکە ژیانیان بە باربوو (سوبسید / subsidy)ی حکوومەتەوە بەندە و، پابەندن بە بەها نەریتییەکان سەبارەت بە زنجیرەی پلەبەندییەکان، ئایینزاکان و جیهانبینیی حکوومەت و، لە ڕووی کەلتوورییەوە بەرگری لە دروشمە ئیمپریالیستی و ناسیۆنالیستییەکانی کرملین دەکەن؛ ئەو بانگەشە و دروشمانەی کە لە دوای هێرش بۆ سەر ئۆکرایناوە لەڕاددەبەدەر زیادیان کردووە. لە ئەنجامدا پووتین پێویستی بە سەرکوتكردنی چین و توێژەکان نییە بۆ ئەوەی بتوانێت خەڵک بخاتە ژێر فەرمانی خۆیەوە، چونکە ئەندامانی ڕووسیای یەکەم کە بەڕاستی لە پووتین بێزراون بەئاسانی لە وڵات ڕا دەکەن.

پووتین دەرچوونی ئەوانەی بە "پاکبوونەوەی سروشتی و پێویستی کۆمەڵگەی ڕووسیا" لە "تابووری پێنجەم"ی لایەنگری ڕۆژاوا لە قەڵەم داوە. سێ گرووپەکەی دیکەیش کە لایەنگری پووتینن هەست بە پەیوەندی لەگەڵ ئابووریی جیهانی ناکەن، لەبەر ئەوە سزادانی ڕووسیا لەلایەن ڕۆژاواوە لە ڕێگەی گەمارۆدان و قەدەغەکردنەوە زۆر ئازاریان نادات. بۆ پاراستنی پشتیوانیی ئەو گرووپانە پووتین دەتوانێت درێژە بدات بە دانی باربوو (سوبسید / subsidy) بە هەندێک ناوچە و ملیاران دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ژێرخان و وەبەرهێنان لە ناوچەکانی دیکە تەرخان بکات.

بێجگە لەوەیش، پووتین ده‌توانێ پەنا بۆ هەستی پارێزکارانە و نۆستالژیکی ئەو سێ گرووپە ببات؛ ئەو کارەی کە گۆرباچۆڤ هەرگیز لەدەستی نەدەهات. مێژووی پڕ لە شەپۆلان و ئاڵۆزی ڕووسیا بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتە خوازیاری ڕێبەرێکی بەهێز و پتەوکردنی وڵات بن، نەک دیموکراسی، مافه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و سەربەخۆییی نەتەوەیی. بەڵام گۆرباچۆڤ پیاوێکی بەهێز نەبوو. ڕێبەرەکەی یەکێتیی سۆڤیەت لەلایەن دیدگه‌یەکی بەتوندی ئایدیاڵیستییەوە ڕێنوێنی دەکرا و خۆی لە بەکارهێنانی زه‌بروزه‌نگ و هێز بۆ پاراستنی ئیمپراتۆرییەته‌کەی بوارد.

گۆرباچۆڤ پێشکەوتووترین گرووپەکانی کۆمەڵگەی ڕووسیا، لە سەرووی هەموویانەوە ڕووناکبیران و پسپۆڕانی شارنشینی دەنگ دا بۆ ئەوەی یارمەتیی بدەن و یەکێتیی سۆڤیەت لە تەریککەوتنەوە دەربێنن، بەڵام بەو کارە پشتیوانیی بەشەکانی دیکەی جەماوەری ڕووسیای لەدەست دا و ناچار کرا دەست لەکار بکێشێتەوە و میراتێک لە قەیرانی ئابووری و ئاڵۆزی و دابەشبوونی وڵاتی لە پاش خۆی بەجێ هێشت.

هیوا بە ژیان لە ٦٩ ساڵەوە لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ ٦٤.٥ ساڵ لە ساڵی ١٩٩٤ دابه‌زی. بۆ پیاوان ئەو کەمبوونەوەیە لە ٦٤ ساڵ بۆ ٥٨ ساڵ بوو. ژمارەی جەماوەری ڕووسیا کەم بووەوە و ئەو وڵاتە تووشی کەمیی ماددە خۆراکییەکان بوو. سەیر نییە کە زۆرینەی ڕووسەکان خوازیاری پیاوێکی بەهێزی وەکوو پووتین بوون کە بەڵێنی دا لە بەرامبەر دوژمنایەتیی جیهانی دژدا دەیانپارێزێت و ئیمپراتۆرییه‌تی ڕووسیا زیندوو دەکاتەوە.

لەژێر گوشاردا: هیچ کام لەم بابەتانە بۆ ڕۆژاوایییەکان کە دەیانەوێت ڕژێمی پووتین بڕووخێنن، یان بۆ ئۆکراینییەکان کە بە ئامانجی تێکشکانی مەکینەی سەربازیی ڕووسیا دەجەنگن، مژدەبەخش نین. سەرباری ئەوەیش، ئەوە بەو واتایە نییە کە ڕۆژاوا هێزی کارتێکردنی نییه‌ لەسەر ڕووسیا. لە درێژخایەندا گەمارۆکان بە زیادکردنی خەسار لەسەر زنجیرەی دڵنیایی، دەبنە هۆی ئەوەی کە ئابووریی ڕووسیا بچووک بێتەوە و بەتایبەتی پیشەسازیی گواستنەوە و گەیاندنی ڕووسیا تووشی زیان دەبێت. فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکانی ڕووسیا و شەمەندەفەرە تیژڕەوکان و بەشی زۆری ئۆتۆمبێلەکانی ڕووسیا لە ڕۆژاوا دروست کراون و ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە پچڕاوە کە دەزانن چۆن بپارێزرێن و ئەگەر تێک چوون، چۆن چاک بکرێنەوە. تەناتەت ئامارە فەرمییەکانی حکوومەت ئەوە نیشان دەدات کە مۆنتاجی ئۆتۆمبێلە نوێیەکان لە ڕووسیا هه‌ر زۆر کەم بووەتەوە.   

بەشی وزەی ڕووسیا تا ڕاددەیەکی زۆر لە سزاکان پارێزراوە و بە زیادبوونی نرخەکان داهاتێکی زیاتر لە پێش جەنگی ئۆکراینا لە هەناردەکردنی وزە بەدەست دێنێت. سەرباری ئەوە، سەرەنجام دۆخی بەرهەمهێنانی وزەیش خراپتر دەبێت و بەشی وزەی ڕووسیایش پێویستی بە پارچەیەدەک و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی دەبێت کە تەنیا ڕۆژاوا دەتوانێت بەدروستی بیخاتە ڕوو. کاربەدەستانی ڕووسیا دانیان بەوەدا ناوە کە بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە لە مانگی مارسدا 5.7٪ کەمی کردووە و لەوانەیە بۆ ئاستێک کەم بێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەملاوە وێنەی نەبووە. فرۆشتنی وزەیش لەوانەیە ببێتە گرفتێک بۆ ڕووسیا، بەتایبەتی ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا بتوانێت خۆی لە گرێدراوی بە نەوت و گازی ڕووسیاوە دوور بخاتەوە.

ئەگەر ڕۆژاوا لەمەڕ ڕاگرتنی پووتین ڕژدە، دەبێت هەوڵ بدات گوشارەکانی بەردەوام بن. ئەوەندەی کە گەمارۆکان دژوارتر بن و ماوەکەیان درێژتر بێت، پارێزی ئابووریی دژەڕووسی لەلایەن یاریکەرانی دیکەی ئابووریی جیهانییەوە پتر دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە و نیگەرانیی دەوڵەتەکان و کۆمپانیا بیانییەکان لە ڕۆژاوا سەبارەت بە گەمارۆی دژوارتر و درێژماوەتر زیاتر دەبێت. تەنانەت لەوانەیە بەشێک لە کۆمپانیاکان و بڕاندەکان نیگەرانی ناوبانگی خۆیان بن. "هواوی"، کۆمپانیای زەبەلاحی بواری تەلەفۆن لە چین پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ڕووسیا هەڵپەساردووە. ئەو کۆمپانیا هیندییانە کە ئامادەیییان دەربڕیوە بە داشکانی ٣٠٪ نەوتی ڕووسیا بکڕن، ئێستا لەژێر گوشارێکی تونددان بۆ ئەوەی پاشگەز ببنەوە. ئەگەر سیسته‌می گەمارۆکان بەردەوام بێت و بە سیسته‌ماتیک جێ بکەوێت، لەوانەیە ڕۆژاوا لە لاوازکردنی ڕژێمەکەی پووتیندا سەرکەوتوو بێت. ئابووریزانە لێهاتووەکانی مۆسکۆ سەرەنجام ناتوانن ئەو وڵاتە لە بەرامبەر کاریگەرییە تێکدەرەکانی ئابووریی هەمەکیدا بپارێزن. بەبێ زانست و تەکنۆلۆژیای دەرەکی، كاراییی بەرهەمهێنانی کاڵا ڕووسییەکان و کوالێتییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کوالێتییەی کە لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠دا هەیبوو. لە درێژەی ڕێگەکەدا لەوانەیە ڕووسەکان بۆ دابینکردنی ماددە خۆراکییەکانی سەر مێزی نانخواردنی ناوماڵەکانیشیان تووشی گرفت ببن. گشت ئەم بابەتانە، گێڕانەوەی پووتین دەربارەی کاریگەرنەبوونی گەمارۆکان و گوشارەکان لاواز دەکات. ئەو گێڕانەوەیەی پێی وایە خۆی ڕێبەری "ڕووسیایەکی سەربەخۆ و گەورە"یە کە لە سەردەمی ده‌سه‌ڵاتی ئەودا "لەسەر زەوی هەستاوەتەوە". شیاوی پێشبینییە کە ئەم بابەتە لە درێژماوەدا بەڕژدی ڕووسیا تووشی لاوازی دەکات. ئەگەر کرملین دانی باربوو (سوبسید / subsidy) بە دانیشتووانی ڕووسیا ڕابگرێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە هەستی سەربەخۆییخوازی زیاد بێت و لە بەشێک لە ناوچەکان، وەکوو چیچانیش سەر هەڵبداتەوە.

سەرباری ئەوانەیش، بڕیار نییە تەنانەت ڕووسیای زۆر لاوازتریش لەدەست ڕووخانێکی وەکوو ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت ئازار بکێشێت. سەربەخۆییخوازانی نەتەوەیی تەقریبەن بەقەدەر سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت هەڕەشە لە ڕووسیای ئێستا ناکەن، لە کاتێکدا کە ٨٠٪ی دانیشتووانی ڕووسیای ئێستا خۆیان بە نەتەوەی ڕووس دەزانن. دامەزراوە سەرکوتکەرە بەهێزەکانی مۆسکۆیش دەتوانن ئەوە گەرەنتی بکەن کە ڕووسیا گۆڕانی ڕژێم ئەزموون ناکات، یان لانی کەم گۆڕانی ڕژێمی هاوشێوەی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٩١دا ڕووی دا، ئەزموون ناکات.  

لەگەڵ ئەوەیشدا ڕۆژاوا دەبێت دڕیژە بە گەمارۆکانی بدات. ئەگەر کرملین لە گۆڕەپانی جەنگدا ڕۆژ بە ڕۆژ تووشی شکستی زیاتر ببێت، لەوانەیە بە ئاگربەستی ناجێگیر ڕازی بێت. بەڵام ڕۆژاوا دەبێ واقعبین بێت. تەنیا زۆرکاریخواز [جه‌برخواز]ێکی توندڕەو دەتوانێت باوەڕ بکات کە لە ساڵی ١٩٩١دا هیچ جێگرەوەیەک بۆ ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت نەبوو. لە ڕاستیدا، ڕێگەی زۆر لۆژیکیتر بۆ حکوومەتی سۆڤیەت، درێژەدان بوو بە دەسەڵاتخوازی، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی ڕادیکاڵی بازاڕ و پێشکەوتن بۆ گرووپە هەڵبژێردراوەکان، نەک بەپێچەوانەی ئەو ڕێگه‌یەی کە چین گرتبوویە بەر.

هەر بەو شێوەیە ئەمڕۆیش بۆ ڕۆژاوا زۆرکاریخوازانه ‌[جه‌برخوازانه‌] دەبێت ئەگەر چاوەڕوانیی ڕووخانی بێئەملاولای ڕووسیای لاوازی هەبێت. هەر نەبێت قۆناغێک پەیدا دەبێت کە تێیدا ئۆکراینا و ڕۆژاوا دەبێ لەگەڵ حکوومەتێکی لاوازکراو و سووککراو، بەڵام هەروا دیکتاتۆری ڕووسیا پێکەوە بژین. دانەرانی سیاسەتی ڕۆژاوا لە جیاتی خەیاڵی ڕووخانی ڕژێمی سیاسیی مۆسکۆ، دەبێ خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە بکەن.

 

 

سەرچاوە:

https://www.foreignaffairs.com