بۆچی سەردانی سعوودیا دەکەم؟

ن: جۆ بایدن

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

هەفتەی داهاتوو، بۆ دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێی موژدەبەخشتر لە پەیوەندییەکانمان لەوێ، بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ دەکەوم. ئەم گەشتە لە کاتێکی گرنگ و پێویستدا دێت بۆ ناوچەکە؛ بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمریکا بەرەوپێشەوە دەبات. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی پڕ لە ئاسایش و ئارامی لە زۆر ڕووەوە قازانجی بۆ ئەمریکییەکان دەبێت؛ ڕێڕەوە ئاوییەکانی بۆ بازرگانیی جیهانی و ئەو توانا لۆجیستییانەی پشتیان پێ دەبەستین زۆر گرنگ و پێویستن، هه‌روه‌ها سەرچاوەکانی وزەی ئەو ناوچەیە بۆ کەمکردنەوە و سووککردنی کاریگەرییەکانی جەنگی ڕووسیا- ئۆکراینا بەسەر پێداویستییە جیهانییەکاندا. ناوچەیەك کە لە ڕێگەی دیپلۆماسی و هاوکارییەوە کۆ ببێتەوە و یەک بگرێت- لە جیاتی هەڵوەشاندنەوە و جیابوونەوە لە ڕێگەی ململانێوە-، ئەگەری توندوتیژی و هەڕەشەی بۆ سەر وڵاتەکەمان کەمتر دەکات، یان ئەگەری جەنگی نوێ، کە دەبێتە بارگرانیی نوێ بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و خانەوادەکانیان. خۆبەدوورگرتن لەم سیناریۆیە، بۆ من بایەخ و گرنگییەکی زۆری هەیە؛ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیشمان، بە شێوەیەکی چڕوپڕ بەردەوام دەبم لە گرتنەبەری ڕێچکەی دیپلۆماسی- لە ڕێگەی کۆبوونەوە و دیداری ڕووبەڕووەوە.

ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی کە سەردانی دەکەم سەقامگیرتر و پارێزراوترە، لەوەی کە ١٨ مانگ لەمەوبەر بۆ ئیدارەکەم بەجێ مابوو. مانگێك بەر لە دەستبکاربوونم، باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا ڕووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی بووەوە، کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا گەورەترین هێرش بووە. پەلامارەکان بۆ سەر هێزەکان و دیپلۆماتکارەکانمان، به‌راورد به‌ ساڵی پێشوو، چوار هێنده‌ زیاتر ببوون. سەرۆکی پێش من، چەندان جار فەرمانی بە فڕۆکەکانی بی ٥٢ کرد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەڕێ بکەون و بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا بسووڕێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ ڕێگریکردن لە پەلامارەکان. بەڵام سەرکەوتوو نەبوو؛ هێرش و پەلامارەکانیش بەردەوام بوون.

جەنگ لە یەمەن لە پەرەسەندندا بوو، یەکێك لە خراپترین قەیرانە مرۆیییەکانی لە جیهاندا هێنایە کایەوە، هاوکات هیچ پرۆسەیەکی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادان لە ئاسۆدا بەدی نەدەکرا. دوای پاشگەزبوونەوەی سەرۆکی پێش من لە ڕێککەوتننامەیەکی ئەتۆمیی کارا و سەرکەوتوو، ئێران یاسایەکی دەرکرد تیایدا فەرمانی دا بۆ پەلەکردن لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی؛ دواتر کاتێك ئیدارەی پێشوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەوڵی پرۆتێستۆکردنی دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی تەنیا و گۆشەگیر بینییەوە.

لە هەفتەکانی سەرەتای دەستبەکاربوونمدا، پسپۆڕانی هەواڵگری و سەربازیمان هۆشدارییان دا لەوەی ناوچەکە ڕووبەڕووی گوشاری مەترسیدار دەبێتەوە و، بۆ ڕێگریکردنیش پێویستی بە دیپلۆماسییەتی بەپەلە و چڕوپڕ هەیە؛ فەرمانم کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکانی سەر هێزەکانمان هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدرێت، هەروەها دەستمان کرد بە دیپلۆماسییەتێکی شێلگیرانە لە پێناو سەقامگیرتربوونی ناوچەکە. کۆتاییمان بە ئەرکی سەربازیی ئەمریکی هێنا لە عێراقدا و، بوونی سەربازییانەمان گۆڕی بۆ جەختکردنە سەر ڕاهێنان و مەشقپێکردنی عێراقییەکان؛ لە هەمان کاتدا هاوپەیمانیی جیهانیی دژ بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بەردەوام بوو کە لەو کاتەی جێگری سەرۆك بووم، پێکمان هێنابوو. ئێستایش بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش تەرخان کراوە.

هەروەها وەڵامی هەڕەشەکانی دژ بە ئەمریکییەکانمان دایەوە. تێکڕای پەلامارەکانی ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بە بەراورد لەگەڵ دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، لە سووریا، حاجی عەبدوڵلای سەرکردەی داعشمان دەرپەڕاند؛ ئەمەیش توانای ئەمریکای دەرخست لە زاڵبوون بەسەر هەڕەشەکانی تیرۆریستان لە هەر کوێیەك هەوڵ بدەن خۆیان حەشار بدەن.

لە یەمەن، نێردراوێکم دامەزراند و پەیوەندیم بە  سەرکردەکانی ناوچەکەوە کرد؛ لەنێویاندا پاشای عەرەبستانی سعوودی، بۆ دانانی بناغەی ئاگربەست. دوای ساڵێك لە بەردەوامبوونی دیپلۆماسییەتەکەمان، ئێستا ئاگربەستەکە لە شوێنی خۆیدایە و، هاوکارییە مرۆیییەکان دەگەنە ئەو شار و شارۆچکانەی گەمار درابوون. لە ماوەی حەوت ساڵدا ئەم چەند مانگەی ڕابردوو ئارامترین بوون. لەوەی کە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە، جارێکی تر لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە ئەوروپا و سەرتاسەری جیهاندا کۆ بووینەوە بۆ پێچەوانەکردنەوەی گۆشەگیرییەکەمان.

ئێستا ئەوە ئێرانە گۆشەگیرە تا بۆ ئەو ڕێککەوتننامە ئەتۆمییە دەگەڕێتەوە کە سەرۆکی پێش من دەستبەرداری بوو؛ هیچ پلانێکیش نییە بتوانێ شوێنی ڕێککەوتننەکە بگرێتەوە. مانگی ڕابردوو زیاتر لە ٣٠ وڵات لەگەڵماندا بەشدار بوون بۆ پرۆتێستۆکردنی ئێران، لەبەر ئەوەی سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ماوەی ڕابردوو، لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی نێودەوڵەتیدا هاوکار نەبووە. ئیدارەکەم بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی گوشاری دیپلۆماسی و ئابووری، تا ئەو کاتەی ئێران ئامادە دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥؛ هەروەك بەردەوام بۆ ئەنجامدانی ئەمە لە ئامادەباشیدام.

لە ئیسڕائیل، یارمەتیدەر بووین تەنیا لە ماوەی ١١ ڕۆژدا جەنگ لە غەزە کۆتاییی پێ بێت- کە لەوانە بوو چەند مانگێك بخایەنێت. لەگەڵ ئیسڕائیل و میسر و قەتەر و ئوردن کارمان کرد ئاشتی پارێزراو بێت، بێ ئەوەی ڕێگە به‌ تیرۆریستان بدرێت خۆیان چەکدار بکەنەوە. هەروەها پەیوەندییەکانی ئەمریکا و فەڵەستینییەکانمان دروست کردەوە. ئیدارەکەم بە کارکردن لەگەڵ کۆنگرێسدا نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیی فەڵەستینییەکان گەڕاندەوە، لەگەڵ تێپەڕاندنی پاکێجی پاڵپشتیکردنی ئیسڕائیل- بە زیاتر لە ٤ ملیار دۆلار- کە لە مێژوودا گەورەترینە. لەم هەفتەیەیشدا سەرۆكوەزیرانی ئیسڕائیل بۆ یەکەم جار لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینیدا کۆ بووەوە.

لە عەرەبستانی سعوودیدا، سیاسەتی "چەکی سپی"مان هەڵگێڕایەوە کە پێشتر بۆمان مابووەوە، ڕاپۆرتی هەواڵگریم دەربارەی کوشتنی جەمال خاشقچی دەرکرد، هەروەها سزای نوێم دەرکرد دژی هێزەکەی دەستێوەردانی خێرای سعوودی کە لە کوشتنی ناوبراودا تێوە گلاوە، هاوکات ٧٦ قەدەغەی ڤیزام دەرکرد. بە گوێرەی یاسایەکی نوێ، ڕێگه‌ بە هیچ کەسێك نادرێت بێتە ژوورەوە، ئەگەر بۆمان دەربکەوێت دەستی هەیە لە هەراسانکردنی ناڕازی و بەرهەڵستکاران لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

ئیدارەکەم ڕوونی کردووەتەوە کە ئەمریکا لەگەڵ هەڕەشەی دەرەکی و هەراسانکردنی بەرهەڵستکار و چالاکوانانی هیچ حکوومەتێکدا لێبووردە نابێت. هەروەها بەرگریمان لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە کرد کە پێش ماوەیەکی زۆر بەر لە دەستبەکاربوونم لە سعوودیا دەستبەسەر کرابوون؛ ئێستا ئازاد کراون و گوشارەکانیشم بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی کۆتوبەندی گەشتکردنیان لەسەر هەڵبگیرێت.

هەر لە سەرەتاوە ئامانجم ئەوە بووە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتێکدا کە ٨٠ ساڵە هاوبەشی ستراتیژییە، ئاراستە بکەمەوە- نەك بیپچڕێنم-. ئەمڕۆکەیش شانشینی سعوودیا یارمەتیدەر بووە لە گەڕاندنەوەی یەکێتیی نێوان شەش وڵاتەکەی کەنداو، بەتەواوەتی پاڵپشتیکاری ئاگربەستەکەی یەمەن بووە، ئێستایش لەگەڵ شارەزایانمدا کار دەکات بۆ یارمەتیدانی سەقامگیریی بازاڕەکانی نەوت لەگەڵ بەرهەمهێنەرکانی دیکەی ئۆپێکدا. من دەزانم زۆر کەس لەگەڵ بڕیاری گەشتکردنم بۆ عەرەبستانی سعوودیدا نییە. بۆچوونەکانم دەربارەی مافەکانی مرۆڤ ڕوون و ئاشکرا و درێژمەودان. کاتێکیش گەشتی دەرەوە دەکەم، هەمیشە ئازادییە بنچینەیییەکان لە کارنامەکەمدا دەبێت، هەروەك لەم گەشتەشمدا وا دەبێت؛ بە هەمان شێوە لە ئیسڕائیل و کەناری ڕۆژاوایش بەتەواوەتی وا دەبێت.

وەك سەرۆك، ئەرکی سەرشانمە بەرگری لە ئەمریکایەکی بەهێز و پارێزراو بکەم. پێویستە لەسەر ئێمە ڕووبەڕووی دوژمنکاریی ڕووسیا ببینەوە، هەروەها خۆمان لە باشترین پێگەدا دابنێین بۆ زاڵبوون بەسەر چین، لە پێناو سەقامگیرییەکی زیاتری ناوچەیەکی لێکەوتە لە جیهاندا. بۆ ئەمەیش پێویستە پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەبێت کە لەوانەیە کاریگەرییان بەسەر ئەو ئەنجامانە هەبێت؛ سعوودیاش یەکێکە لەو وڵاتانە.

کە ڕۆژی هەینی چاوم بە سەرکردەکانی سعوودیا دەکەوێت، ئامانجەکەم بریتی دەبێت لە پتەوکردنی هاوبەشێتیی ستراتیژیی بەرەوەپێشەوە و، پشتبەستوو دەبێت بە بەرژەوەندی و بەرپرسیارێتیی هاوبەش؛ لە هەمانکاتدا دەست بە بەها بنچینەیییەکانی ئەمریکاوە دەگرم. رۆژی هەینی، دەبم بە یەکەمین سەرۆك لە ئیسڕائیلەوە بە فڕۆکە بەرەو شاری "جەددە"ی سعوودی بەڕێ بکەوێت. ئەم گەشتە هاوکات هێمایەکی بچووکیش دەبێت بۆ پەیوەندییە گەشەسەندووەکان و هەنگاوەکان بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی نێوانی ئیسڕائیل و جیهانی عەرەبی؛ هەروەك  ئیدارەی من کار بۆ قووڵکردنەوە و فراوانکردنی ئەم ئاساییکردنەوەیە دەکات. لە جەددە سەرکردەکانی تەواوی ناوچەکە کۆ دەبنەوە و، ئاماژە بە ئەگەری سەقامگیریی زیاتر و یەکگرتووییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن؛ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کە ڕۆڵێکی گرنگی سەرکردایەتی دەگێڕێت.

بێ گومان ناوچەکە پڕە لە ئاڵنگاری: پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و پاڵپشتیکردنی گرووپە پرۆکسییەکان، جه‌نگی ناوخۆی سووریا، قەیرانەکانی ئاسایشی خۆراك کە بەهۆی جه‌نگی ڕووسیا و ئۆکرایناوە ئاڵۆزتر بوون، گرووپە تیرۆریستییەکان هێشتا لە چەند وڵاتێکدا چالاکی ئەنجام دەدەن، چەقبەستووییی سیاسی لە عێراق و لیبیا و لوبنان. پێویستە هەموو ئەم پرسانە چارەسەر بکەین. لەو کاتەی چاوم بە سەرکردەکانی تەواوی ناوچەکە دەکەوێت، ئاستی بایەخ و گرنگیی بەرەوپێشەوەچوون لەم بوارانەدا ڕوون دەکەمەوە.

هێشتا، ناوچەکە بە بەراورد لەگەڵ ١٨ مانگ لەمەوبەر، کەمتر گوشاری لەسەرە و یەکگرتووترە؛ ڕکابەرەکانی جاران پەیوەندییەکانیان دامەزراندۆتەوە، پڕۆژەکانی ژێرخانی هاوبەش کار لەسەر پێکهێنانی هاوبەشێتیی نوێ دەکەن. عێراق کە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ سەرچاوەی ململانێی پرۆکسی و کێبڕکێکاریی هەرێمی بووە، ئێستا وەك سەکۆ و پلاتفۆرمێکی دیپلۆماسی لە نێوان سعوودیا و ئێراندا کار دەکات. شا عەبدوڵلای هاوڕێم، شای ئوردن، بەم دوایییانە ئاماژەی بە "بارودۆخێکی نوێ"ی ناوچەکە داوە؛ تیایدا وڵاتەکان پرسیار دەکەن "چۆن دەتوانین لە پەیوەندیدا بین و لەگەڵ یەکتردا کار بکەین." ئەمانەیش ئاراستەی ئومێدبەخشن و ئەمریکا دەتوانێ بە شێوەیەکی بێهاوتا بەهێزیان بکات و بەرەوەپێشەوەیان ببات، کە هیچ وڵاتێکی دیکە نەتوانێت. گەشتەکەی هەفتەی داهاتووم خزمەت بەم مەبەستە دەکات.

بە درێژاییی گەشتەکەم، ئەو ملیۆنان ئەمریکییەم لەبیر دەبێت کە لە ناوچەکەدا خزمەتیان کردووە؛ لەنێویاندا "بۆو"ی کوڕم و ئەو ٧٠٥٤ ئەمریکییەی لە دوای ١١ی سێپته‌مبەرەوە لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستاندا گیانیان لەدەست داوە. هەفتەی داهاتوو، دەبم بە یەکەم سەرۆكی وڵاتەکەم لە دوای ١١ی سێپته‌مبەرەوە سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، بێ ئەوەی تیایدا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا سەرقاڵی شەڕ بن؛ ئەوە ئامانجی منە دۆخەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە.

سەرچاوە:

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست- ٩-٧-٢٠٢٢

www.washingtonpost.com