بەکارهێنانی ئێزدییەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە

ئامادەکردنی: پەیمانگه‌ی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیك

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جەمال پیرە

"ئەحرار سنجار" نموونەیەکی نیگەرانکەرە لە بەکارهێنانی کەمینە بچووکەکان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکیی سنووربەزێن بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنیاتنان و دروستکردنی شانەی "تیرۆریستی" لەناو "کوردستانی عێراق"دا. گرووپی "ئەحرار سنجار" سەرەتا لە ڕۆژی ٣ی شوباتی ٢٠٢٢دا چالاکییەکانی خۆی لە ڕێگەی تۆڕی ئینترنێتەوە دەست پێ کرد؛ لەو کاتەوە بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی چوار هێرش و پەلامار بۆ سەر پێگەکانی تورکیا لە "هەرێمی کوردستان"دا ڕاگەیاندووە. ئەم گرووپە نوێنەرایەتیی گەڕانەوەیەك دەکات بۆ شێوازی گرووپی ڕووکاریی کلاسیکی، یان گرووپێك کە لە تۆڕی ئینترنێتدا چالاکە بۆ ئەوەی تا ڕاددەیەك ئەو گرووپە ڕاستەقینەیە بشارێتەوە کە لەسەر زەمینی واقعدا هێرش دەکات. لەم بارەدا ئێزدییەکان، ئەوانەی لەسەر دەستی ئەو میلیشیایانەوە چەکدار کراون کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، هێرش و پەلامار بۆ سەر پێگە و ئامانجی تورکی و کوردی ئەنجام دەدەن.

ئەو هێرش و پەلامارانەی "ئەحرار سنجار" بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانیان ڕاگەیاندووە

"ئەحرار سنجار" بەرپرسیارێتیی لە ئەنجامدانی یەکەم هێرشی خۆی ڕاگەیاند بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکی لە زیلکان کە لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢ ئەنجام درا، لە ڕێگەی ئاراستەکردنی مووشەکی عەیار ١٢٢ ملیم. هێرشەکە لە شەوی دوای ئەو بۆردوومانە سەختەی تورکیاوە هات کە لە ٢ی شوبات کرایە سەر "یەکینەکانی پاراستنی شنگال" (یەبەشە) کە هێزێکە لە چوارچێوەی "فەوجی ٨٠"ی سەر بە "هێزەکانی حەشدی شەعبی".

چەند بەڵگەیەکی دیکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو شانە بزێوانەی کە کرۆك و بنەمای "ئەحرار سنجار" پێک دەهێنن، لانی کەم چوار هێرشیان بۆ سەر پێگەکانی تورکی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجام داوە؛ پلانیشیان دانابوو هەڵمەتێکی تیرۆریستیی بەرفراوان لە "هەرێمی کوردستانی عێراق"دا دەست پێ بکەن. گرووپی "ئەحرار سنجار" بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکانی ٣ی نیسانیش ڕاگەیاند کە لە ڕێگەی بارهەڵگرێکی ئامادەکراو بۆ ئاراستەکردن و تەقاندنی مووشەکی عەیار ١٢٢ ملیم ئەنجام درا؛ بە هەمان شێوە لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکیی لە ٤ی نیسان. بەم دوایییانەیش، بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گرتە ئەستۆ کە لە ٢١ی ئایار کرایە سەر بنکەی سەربازیی تورکی لە زیلکان، لەگەڵ ئیدیعای نەسەلمێنراو کە گوایە لە نێوان چوار تا دە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەو هێرشەدا بەکار هاتوون و، بووەتە هۆی کوژرانی کەسێك کە هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکی نەبوو.

دزەکردنی چەکدارانی ئێزدی بۆ ناو "هەرێمی کوردستان"

لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢، ئەنجومەنی ئاسایشی "هەرێمی کوردستان" گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە كه‌ ماوەکەی هەڤدە خولەك بوو، تێیدا چوار گومانلێکراوی ئێزدی تۆمەتبار کران بە هێنانی مووشەکی کاتیۆشا ١٠٧ ملیم بۆ کوردستانی عێراق"، بەو ئامانجەی لە ڕێگەی مووشەکەکانەوە هێرش بکەنە سەر بارەگای لقی ١٧ی پارتی و دوو بەنداو و وێستگەی کارەبا.

ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەو مەشق و ڕاهێنانەی گوایە ئەم شانە "تیرۆریستییە" وەری گرتوون لە شوێن و پێگەکانی "فەوجی ٨٠"ی "هێزەکانی حەشدی شەعبی" بەیەک دەگەن لە گر عوزێر/ قەحتانییە و، تێیدا یەکەی دیکەی "هێزەکانی حەشدی شەعبی" بەشدارییان کردووە، وەك "کەتیبەکانی حزبوڵلا" و "لیوای ٥٣" لە "هێزەکانی حەشدی شەعبی" ("ئیمام حوسێن") مەشقیان بە "یەکینەکانی بەرگریی شنگال" كردووە و هاوکاریی داراییی کردوون لەو کاتەوەی بوون بە بەشێك لە "حەشدی شەعبی".

زانیارییە هەواڵگرییەکانی چەك و تەقەمەنی، ئاماژە بە چەند هێرشێکی پلانبۆداڕێژراو دەکەن هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتیی خۆی ڕانەگەیاندووە

لە ڕوانگەی هەواڵگریی پەیوەند بە چەك و تەقەمەنییەوە، پارچەیەکی دیاریکراوی کەلوپەلەکانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر زیلکان لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٢ دەرکەوت، لەگەڵ جبەخانەکەی شانە دەستگیرکراوەکەدا کە لە نۆ مووشەکی کاتیۆشا پێک هاتبوو، لێکچوون و هاوشێوەییی هەبوو، ئەویش خۆی لە بوونی پارچەی دەگمەنی وەك تایمەری سەوز و شریتی لەزگەی سپیدا دەبینییەوە.

لەوەیش سەرنجڕاکێشتر، تایمەرە سەوزەکان و شریتە سپییەکان لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا دەرکەوتبوون؛ ئەو کاتەی کە شانەیەکی دیکەی "تیرۆریستی" لەو ئێزدییانە لەناو کوردستانی عێراقدا مووشەکی حەسیبی ئێرانی/ فەجر-١ی عەیار ١٠٧ ملیمی بە ئاراستەی بنکەی تورکی لە زیلکان لەناو  هەرێمی کوردستاندا تەقاند. ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەم شانەیە پشت بە هەمان ئەمباری تایمەرەکان دەبەستێت لەناو کوردستانی عێراقدا. وەك شانەکەی ١٥ی کانوونی دووەم، یان دواتر هەمان تایمەری شانەکەی ١٥ی کانوونی دووەمی بەدەست گەیشتووە، یاخود هەردوو تایمەرەکەی ١٥ و ١٦ی کانوونی دووەم لە ناوخۆدا لە کوردستان هەموار و چاک کراون. هەروەك ستاندی مووشەکەکان کە لە وێنەکانی ١٥و ١٦ی کانوونی دووەمدا بەکار هاتوون هاوشێوەن (لە کاتێکدا هێرشەکانی ٣ی شوبات و ٣ی نیسان بەو مووشەکانە ئەنجام دراون کە لەسەر پشتی بارهەڵگرەکان بوون). ئەم فاکتەرانە ئاماژە دەدەن بەوەی هەمان ئەو گرووپەی (بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی چوار هێرشدا ڕاگەیاند بەناوی "ئەحرار سنجار") ئەو هێرشانەیشی کردووە کە، لە ١٥ی کانوونی دووەمدا ئەنجامدران و هیچ لایەك بەرپرسیارێتی خۆی ڕانەگەیاند، هەروەها شانەی ١٦ی ئایاریشی ئامادە و دابین کردووە.

ئەوەی دەربارەی "ئەحرار سنجار" دەیزانین

بە پشتبەستن بە بەڵگە چاودێریکراوەکان و ڤیدیۆکەی "ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان" گرووپی "ئەحرار سنجار" و ئەو سێ شانە بزێوە ناسراوەی کە تا ئێستا ئاشکرا کراون، ئەم تایبەتمەندییانەیان هەیە:

  • ئێزدییەکان لەسەر دەستی ئەو گرووپانە مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشی دەکرێن. یەکێك لە دەستگیرکراوەکانی ئێزدی بە ناوی حوسێن دەخیل حەسەن دەڵێت "مەشق و ڕاهێنانم لەسەر سیسته‌می مووشەکەکانی عەیار ١٩٧ لە پیاوێکی عەرەب وەرگرتووە بە ناوی "ئەبو عەلی" لە بنکەیەکی لیوای ٥٣ی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر. دەستگیرکراوێکی دیکەی ئێزدی لە ١٦ی ئایار بە ناوی ئەلیاس ئەکڕەم عەلی دەڵێت "لەلایەن هەمان کەسی عەرەبی لە بنکەیەکی سەر بە حەشدی شەعبی لە گر عوزێر/ قەحتانییە (باشووری شاری سنجار) دوو کۆرسی مەشق و ڕاهێنانی لەسەر مووشەکەکان وەرگرتووە؛ یەکێکیان لە سێزدە کەس پێک هاتبوو؛ کەتیبەکانی حزبوڵلا لانی کەم فێرکارێکی، تەنیا بۆ یەك دانیشتن دەستەبەر کردووە.
  • ئێزدییەکان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ "پارتی کرێکارانی کوردستان"دا هەیە. بەگوێرەی "ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستانی عێراق"، سەرجەم دەستگیرکراوەکانی ١٦ی ئایار لە شنگال پەیوەندییان بە "پارتی ڕێکارانی کوردستان"ەوە هەیە، ئەو بارهەڵگرەیشی کە مووشەکەکانی عەیار ١٠٧ ملیمی گواستووەتەوە، بە بڕی ٩٥٠٠ دۆلار کڕدراوە، کە ئەفسەرێکی هەواڵگریی پەیوەنداره‌ بە "پارتی کرێکارانی کوردستان". خاڵس ئیسماعیل شارۆ یەکێکی دیکەیە لە دەستگیرکراوەکانی ئێزدی لە ١٦ی ئایار، دەڵێت "لەناو کوردستانی عێراقدا کاری کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی بووە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان." سروشتی هاریکاریی لە نێوان "پارتی کرێکارانی کوردستان" و "هێزەکانی حەشدی شەعبی" ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام تێکهەڵکێشییەکی زۆر مەترسیدار دەردەکەوێت لە نێوان پاڵنەرەکانی دژایەتیکردنی تورکیا و دژە "هەرێمی کوردستان"، کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ لێدان و بۆردوومانکردنی بارەگاکانی ئێزدییەکان لە شنگال لەلایەن هێزی ئاسمانیی تورکییەوە.
  • دەستپێكردن لە که‌مپەکانی پەنابەران لەناو "هەرێمی کوردستان"ەوە؛ دەستگیرکراوەکانی ١٦ی ئایار لە که‌مپی پەنابەرانی کەبەرتۆ کە دەکەوێتە (باکووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی مووسڵ) و که‌مپی "الشرعیة" (باشووری شاری دهۆك و، که‌مپی ئیسیان (نزیك ڕێگه‌ی هەولێر-دهۆك) دەژین و لانی کەم یەك که‌مپیان وەك پێگەی شاردنەوەی مووشەکەکان بەکار هێناوە.
  • هێرشکردنە سەر ئامانجی تورکی و ئامانجی دیکە لە "هەرێمی کوردستان"

دیاردەی بەکارهێنانی کەمینەکان لەسەر دەستی گرووپە پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە، بووە بە کارێکی چەسپاو. ئەبو مەهدی موهەندیس کاتی خۆی یەکەی چەکداری لە شەبەك و تورکمان و مەسیحیی پێک هێنابوو کە ڕاهێنەرەکانیان لە فەیلەقی "سوپای پاسدارانی ئیسلامی" ئێرانییەوە نزیکن. بەم دوایییانەیش، لە گوندەکانی سەر بە کەمینەی کاکەیییەکان، لە چەند ناوچەیەکی دەشتی نەینەوا کە لە هەولێر نزیکترن، هەندێك هێرشی مووشەکی کرانە سەر "هەرێمی کوردستان". لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٢دا گرووپەکان هێرشێکیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دا و بە مەبەستی لێدان لە بۆڕییەکانی هەناردەی نەوتی "هەرێمی کوردستان "لە بنکەی "لیوای ٧٨"ی سەر بە "هێزەکانی حەشدی شەعبی" (یەکەیەکی سوننییە بە ناوی "نوادر") لە باکووری شارۆچکەی زوممار. پەیوەندیکردنی بەکۆمەڵی زیاتر لە سێ هەزار چەکداری ئێزدی لە "لیوای ٨٠"ی "حەشدی شەعبی" بە هەمان شێوە، بووە هۆی دروستکردنی سەنتەرێکی سه‌ربازگیری بۆ جێبەجێکردنی کردەوەی "تیرۆریستی". ئەمەیش پێشهات و پەرەسەندنێكە، پێویستە لە نزیکەوە زۆر بەچڕی چاودێریی بکرێت و، دەبێتە بابەتی داهاتووی ڕووماڵی سەکۆی "میلیشیا سپۆتڵایت".

 

بەشداربووان لە ئامادەکاریی ئەم بابەتە بریتین لە:

مایکڵ نایتس (Michael Knights) لە پەیمانگه‌ی واشنتۆن، لێکۆڵەر و پسپۆڕە لە کاروباری سەربازی و ئەمنیی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداو.

حەمدی مالیك (Hamdi Malikدکتۆر حەمدی مالیك هاوەڵی بەشدارە لە "پەیمانگه‌ی واشنتۆن" و پسپۆڕە لە میلیشیا شیعییەکان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پلاتفۆڕمی "میلیشیا سپۆتڵایت"ە کە شیکاریی قووڵ دەربارەی پێشهاتەکانی پەیوەست بەو میلیشیایانە پێشکەش دەکات کە لەلایەن ئێران و عێراق و سووریاوە پاڵپشتی دەکرێن. بە هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی دەدوێت.

ئەلێکس ئەلمێدا (Alex Almeida شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی ئەمنییە لە کۆمپانیایەکی پێشەنگی ڕاوێژکاریی مەترسییەکان.

ئەنوەر زەمانی (Anwar al-Zamaniشارەزایەکی عێراقییە لە کاروباری ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنیکەکانی دیکە بەکار دەهێنن.

 

 

سەرچاوە:

https://www.washingtoninstitute.org