ئاخۆ جەنگی ئۆکراینا دووبارە شێوەی جیهان دادەڕێژێتەوە؟

(چوار سیناریۆ بۆ چۆنێتیی کۆتاییی ئەو جەنگە و دواڕۆژی جیۆپۆلیتیکی جێگرەوە و چەند ڕێگه‌یەک بۆ پێشگرتن لە خراپترین دۆخی مومكین)

 

نووسەر: ماتیو باڕۆز و ڕۆبێرت ئا. مانینگ

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ فارسی: ئەکبەر گەنجی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە بۆ کوردی: ساماڵ ئەحمەدی

ئەمە پرسیارێکی گەورەیە کە جیهان لە بەردەمی مەترسییەکی گەورەدا ڕادەگرێت: ئەم بابەتە چۆن کۆتاییی دێت؟

ئەو جەنگەی ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆكکۆماری ڕووسیا، لە ئۆکراینا هەڵی بژاردووە، ڕووداوێکی مێژووییی جیهانییە و نیشاندەری دوایین هەنگاوی سەردەمی دوای جەنگی سارد و هێمایەکە لە سەرەتای سەردەمێکی نوێ. چارەنووسی ئەم سەردەمە نادیارە و شەبەنگێکی بەربڵاوی ئەو لێکەوتانە لەخۆ دەگرێت کە ڕەنگە لە جەنگێکی تازەی سارد، یان گەرمی نێوان ئەمریکا، ڕووسیا و چین بکەوێتەوە و ببێتە هۆی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی. هەروەها لەوانەیە ببێتە جەنگێکی چەقبەستوو لە ئۆکراینا، یان بە شێوەیەک چار بکرێت کە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا ببڕێتەوە و پووتین و ڕووسیای ژێر دەسەڵاتی ئەو، ببن بە بەشێک لە داڕشتنەوەی ئاسایشی چاکسازیکراوی ئەوروپا.

بەهۆی دانانی گەمارۆی بێوینە لەلایەن ڕۆژاواوە دژی ڕووسیا لە زەمەنێکی بێپێشینەدا و بوونی دۆخێکی هێزەکیی ڕاستەقینە بۆ ئەوەی جیهان بکەوێتە ناو جەنگێکی ناوکییەوە، ئێمە کەوتووینەتە بوارێکی نامۆوە. بینینی ئەوەی کە پووتین چۆن "سەرکەوتوو دەبێت" دژوارە، سەرباری ئەوەیش، ئەو شکستی پێ قبووڵ ناکرێت.

ئەوەی لێرە بەدواوە باسی دەکەین چوار سیناریۆیە بۆ چۆنێتیی کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە و ئەو داهاتووە جیۆپۆلیتیکەی دێتە ئاراوە و لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا. ئەم سیناریۆیانە بۆ ئەوە دەخرێنە ڕوو کە ببنە یاریدەدەری بڕیاردەران سەبارەت بە داهاتوو و ئەو ڕێگه‌یانەی بۆ پێشگرتن لە خراپترین حاڵەتی مومکین، پێشنیاز دەکرێن. تاكه‌ بابەتی دڵنیاكه‌ره‌وه‌ سەبارەت بەو جەنگەی بەسەر ئۆکراینا هاتووە، ئەوەیە کە هەر هۆیەکی مسۆگەر لەو بارەیەوە هەبێت، لەنێو چووە.

یەک- تێکهەڵچوونی چەقبەستوو: هەوڵەکانی ڕووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا زیاتر لە ساڵێکی پێ دەچێت، چونکە ژمارەی کوژراوی سڤیلیش بەردەوام زیاد دەبێت. "ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی"، سەرۆكکۆماری ئۆکراینایش، سەرباری ئەوەی کە ڕووسیا بەردەوام هەوڵی تیرۆرکردنی دەدات و هەردەم گیانی لە بەردەم هەڕەشەدایە، هەروا لە کیێڤ ماوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا نرخی جیهانیی یەک بەرمیل نەوت لە سەرووی سەد دۆلارەوە دەمێنێتەوە، چونکە ئەوروپا هەوڵ دەدات خۆی لە بەسترانەوە بە وزەی ڕووسیاوە ڕزگار بکات. زستانی سەخت لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٣دا وڵاتانی ئەوروپای هێناوەتە سەر ئەوەی کە دەست بکەن بە دیاریکردنی بەش لە سەرچاوەکانی وزەدا و کارەبای پێویست لە پیشەسازییەکان ببڕن و لە دژوارترین دۆخی کەشوهەوادا قوتابخانەکان دابخەن.   

ئەوروپا دەچێتە دەورەیەکی سستیی بازاڕەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایش سەرباری ئەوەی کە وەبەر ئەو سستیی بازاڕە نەکەوتووە، بەڵام نرخی بەرزی بەنزین بەردەوام ئەمریکایییەکان تووڕە دەکات. حزبی دیموکرات لە هەڵبژاردنە نیواندەورەیییەکەی (by-election) نۆڤەمبەری ٢٠٢٢دا کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیران (سینات) و ئەنجومەنی نوێنەران لەدەست دەدات و دەسەڵاتی جۆ بایدن، سەرۆكکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕووسیا لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدایە. سەرباری بەڕێوەبەرایەتیی شارەزایانەی بانکی ناوەندیی ڕووسیا لە دۆخی نامومکیندا، لە بەرەبەری خستنەڕووی بێئەملاولای مەوادی خۆراکیی بنەڕەتی و یارمەتییەکانی چین کە لە ڕاددەی چاوەڕوانی کەمترن، هەڵاوسان بەخێرایی بەرز دەبێتەوە.

به‌رپرسه‌ سەربازییەکانی ڕووسیا لەوە تێ دەگەن کە جەنگ لە ئۆکراینا سەرکەوتوو نابێت و چەند دەنگۆیەکیش دەربارەی هاوپەیمانییەکی لاوازی پێکهاتوو لە ئۆلیگارشییە (Oligarchy) تووڕەکان و سیلۆڤیکییە (silovik) سەربازی و هەواڵگرییەکان هەیە کە کۆمەڵێک پڕۆژەیان بۆ لادانی پووتین بە زۆرکاری و دانانی "دیمیتری مێدڤێدێڤ"، سەرۆكکۆماری پێشووی ڕووسیا لە جێی ئەو گەڵاڵە کردووە. تۆڕی هەواڵگریی ڕووسیا (FSB) کودەتای کرێملین دژی پووتین پووچەڵ دەکاتەوە و پووتین دەیان جەنەڕاڵ ڕەوانەی زیندان دەکات.  

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، لە کاتێکدا کە لایەنەکانی جەنگ لە جووڵە کەوتوون و کۆتایییەکیش بۆ تێکهەڵچوونە سووكه‌كان بەدی ناکرێت، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆكکۆماری فەڕەنسا و ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە خەمی نێوبژیوانیی ئاگربەستدان. نزیکەی دە ملیۆن ئۆکراینی کۆچیان کردووە بۆ یەکێتیی ئەوروپا و لەوێش سستیی ئابووری ڕای گشتیی لە دژی وەرگرتنی زیاتری پەنابەران هان داوە. ڕێبەرانی ئەوروپایی ئامادەن کۆمەڵێک ئیمتیازی هاندەر بە پووتین بدەن: لابردنی بەشێک لە گەمارۆکان تا ئەو کاتەی هێزەکانی ڕووسیا جەنگ ڕابگرن و ژمارەیان لە ئۆکراینا کەم بکەنەوە.

پووتین لەژێر گوشاری نێوخۆدا بەشێک لە هێزەکانی لە ئۆکراینا دەکشێنێتەوە، بەڵام هێزی پێویست لەوێ دێڵێتەوە بۆ ئەوەی درێژە بە کۆنترۆڵی زیاتری هێڵە سنوورییەکانی ئۆکراینا بدەن و لە مانەوەی ڕێڕەوی زەمینیی نێوان ناوچەی دۆنباس و کریمیا دڵنیا بێت.

ڕێبەرانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە پاشەکشەی ڕێژەییی ڕووسیا نائومێد بوون و تەنیا بە لابردنی گەمارۆ دژی ئەو بەشە لە ئۆلیگارشییەکان کە بەڕواڵەت لە پیلانی لادانی پووتیندا دەستیان هەبووە، بەربەرەکانێ دەکەن. یەکێتیی ئەوروپایش بە شێوەی کاتی ئەو گەمارۆیە لا دەبات کە بەسەر بەشی وزەی ڕووسیایدا سەپاندبوو، هەرچەند زیاتر بۆ یارمەتیدانی ئابووریی وڵاتانی ئەوروپایی ئەو کارەی کردووە.

دەوڵەتی بایدن گەمارۆ لەسەر وزەی ڕووسیا لا نادات، بەڵام بە هیوای ئەوەی کە لە دەستپێکی خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆكکۆماری لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٣دا نرخی نەوت دابەزێت، لە هاوردەکردنی وزەی ڕووسیا لەلایەن وڵاتانی دیکەوە، لەوانە هاوپەیمانە ئەوروپایییەکانی چاوپۆشی دەکات.

دانوستان لەگەڵ پووتین بە ڕێبەرایەتیی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، تورکیا و ئیسڕائیل لەڕاددەبەدەر درێژەی کێشاوە. مۆسکۆ دەیەوێت دڵنیا بێت کە ناتۆ ناردنی چەک بۆ بەرەی بەرگریی ئۆکراینا ڕادەگرێت و لەو بەڵێنەیش پاشگەز دەبێتەوە کە ساڵی ٢٠٠٨ بە ئۆکراینا و گورجستانی دابوو بۆ وەرگرتنیان لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەدا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆڵ نادات؛ تەنانەت ئەگەر زیلینسکی ماوەیەکیش بێت قبووڵی کردبێت کە ڕوئیای ئۆکراینا بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا کردەنی نییە. ئەگەر بێت و پێنج ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕووسیا، چین، بریتانیا و فەڕەنسا) لەگەڵ ئەڵمانیا و تورکیا ئاسایشی ئۆکراینا گەرەنتی بکەن، سەرۆكکۆماری ئۆکراینا بێلایەنی قبووڵ دەکات. سەرباری ئەوەیش، زیلینسکی هیچ مەیلێکی بۆ پەژراندنی سەربەخۆییی ناوچە دانەبڕاوەکانی وڵاتەکەی، واتا دۆنتێسک و لوهانسک نییە.

بە ڕاوەستانی دانوستانەکان لەسەر ئەو بابەتانە، واشینگتۆن دەیەوێت ناردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ ئۆکراینا زیاد بکات، لە کاتێکدا کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا هەر هیوادارن گرژییەکان لەگەڵ مۆسکۆ بڕەوێننەوە و نیگەرانی ئەوەن کە پووتین ئەو هێزانەی کێشاونییەتەوە، دیسان بیاننێرێتەوە بۆ ئۆکراینا.

پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپای ناوەندی پشتیوانی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن، بەتایبەت لەبەر ئەوەی کە زیلینسکی نایەوێت گوشار لەسەر ڕووسیا کەم بێتەوە و، پێی وایە ئەگەر هێزەکانی ئۆکراینا هاوکاریی سەربازیی زیاتر وەربگرن، شانسی باشیان دەبێت بۆ ئەوەی پاشەکشە بەو هێزانەی ڕووسیا بکەن کە هێشتا نەکشاونەتەوە.

هاوکات لەگەڵ گەرمبوونی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆكکۆماریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تێکهەڵچوونەکان لە ئۆکراینا، دەوڵەتی بایدن کۆبوونەوەی تایبەتی ناتۆ بۆ بڕیاردان لەسەر قۆناغەکانی دواتر پێک دێنێت. هەم ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەم هاوپەیمانە ئەوروپایییەکانی، لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕەوتی ئێستای جەنگ پایەدار نییە.

خەڵکی یەکێتیی ئەوروپا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە تێچووی شوێنی نیشتەجێبوون و ئاڵنگاریی پشتگیری لە ملیۆنان پەنابەری ئۆکراینی لە بەرەبەری سستیی ئابووریدا تووڕەن. لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەوڵەت لە شکستی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤دا دەترسێت، چونکە نرخی بەنزین و نرخی هەڵاوسان بەرزە و ئابووری بە شێوەیەکی لاواز کار دەکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میسر بۆ ماوەی دوو ساڵ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی شۆڕشە توندوتیژترەکانی خۆراکەوە.

بایدن لە کۆبوونەوەی ناتۆدا ڕای گەیاند کە، ڕۆژاوا دوو بژارەی لە بەردەستدایە: یەکەمیان ئەوەیە کە بۆ ئاگربەست و ڕێککەوتنێکی سنوورداری ئاشتی، زیلینسکی و پووتین بخەنە ژێر گوشارەوە؛ هەرچەند ئەوە مەترسیی ئاشتییەکی لەرزۆکی لێ دەکەوێتەوە. دووەمین بژارەیش ئەوەیە کە، ڕۆژاوا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا زیاتر بکات بە هیوای ئەوەی کە پێشکەوتنی سەربازیی ئۆکراینا پووتین ناچار بکات بەوەی کە ئیمتیازی گەورە بدات؛ هەرچەند ئەمەیش مەترسییەکان زیاتر دەکات، وەکوو بۆردوومانی کۆگاکانی کەلوپەلی سەربازی بە درێژاییی سنووری پۆڵەندا، یان ڕۆمانیا لەلایەن ڕووسیاوە.   

ئەگەر بایدن لەو کاتەدا تەنیا ئەم بابەتەی لەبەرچاو بێت، ئەوە ئەگەری زۆرە کە بژارەی یەکەم شتێکی هاوشێوەی بژارەی دووەم (جەنگی ساردی دووهێندە بەرفراوانتر)ی لێ بکەوێتەوە، لە کاتێکدا بە ئەگەری زۆرەوە بژارەی دووەم بارودۆخی هاوشێوەی سێیەمین سیناریۆ (ئاخرزەمانی ناوکی) بەدی دێنێت، یان سیناریۆی چوارەم (جیهانێکی ئازای نوێ)ی لێ بەرهەم دێت.

دوو- جەنگی ساردی دووهێندە بەرفراوانتر: دانوستانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا چەند مانگە هەر لە بنبەستدا بووە، چونکە ئۆکراینییەکان بەهیوا بوون کەلوپەلە سەربازییە نوێیەکانی ڕۆژاوا هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی ئەوان بگۆڕێت. سەرباری ئەوە، بە وێرانبوونی چەندان شاری ئۆکراینا ئەوە دیار دەکەوێت کە هیچ کەسێک ناتوانێت لە جه‌نگەکەدا سەرکەوتوو بێت. فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕەزامه‌ندیی هەردوو لایەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی، هەوڵی نوێ دەخەنە گەڕ کە تێیدا ئۆکراینا ببێت بە وڵاتێکی بێلایەنی وەکوو ئۆتریش (نەمسا) و، ڕێک دەکەون لەسەر ئەوەی کە لە دەستووری وڵاتەکەیاندا ئامانجی بەئەندامبوون لە هاوپەیمانیی ناتۆدا هەڵوەشێننەوە، بەو مەرجەی هێزەکانی ڕووسیا بەتەواوی خاکی ئۆکراینا بەجێ بێڵن.

ئێستا بابەتی دژوارتری وەکوو دۆخی هەمیشەییی کریمیای پەیوەستکراو بە ڕووسیاوە و دوو ناوچەی دابڕاوی دۆنتێسک و لوهانسک لە گۆڕێدان. دوای چەند هەوڵێكی بێئه‌نجام، زیلینسکی و پووتین لەژێر گوشاری نەک هەر پاریس و بەرلین، بگرە هی واشینگتۆنیشدا لەسەر ئاگربەست ڕێک کەوتن.  

یەکێتیی ئەوروپا هاوکاریی مرۆڤدۆستانە و پەرەپێدان پێشکێشی ئۆکراینا دەکات و تا ئەو کاتەی کرێملین هێزەکانی خۆی لە ئۆکراینا دەکشێنێتەوە، بێجگە لەو هێزانەی لە ناوچە جێناكۆكه‌کانن، گەمارۆکانی دژی ڕووسیا کەم دەکاتەوە. هەروەها یەکێتیی ئەورووپا یارمەتیی پەنابەرانی ئۆکراینی دەدات کە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ئۆکراینا.

هاوکات لەگەڵ جێگرتنی ئاگربەست و سەرەتای دەرچوونی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکراینا، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆكکۆماری فەڕەنسا و ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پێشنیازی کۆنفرانسی ئاشتییەکی بەربڵاوتر دەخەنە ڕوو بۆ ئەوەی دانوستان دەربارەی کۆنترۆڵی چەک لە نێوان ناتۆ و ڕووسیادا دەست پێ بکات. ئامانجیان ئەوەیە کە پێش بە سەرهەڵدانی جەنگێکی ساردی نوێ لە ئەوروپا بگرن. سەرباری ئەوەیش، ئەمریکا دژی ئەو بیرۆکەی ئاشتییەیە، چونکە زۆرینەی نوخبەی سیاسەتی دەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەن کە پووتین تێچووی پێویست بەو هێرشە بێبنەما و بێپاساوەی خۆی بۆ سەر ئۆکراینای نەداوە.

ئەندامانی دیاری کۆنگرەی ئەمریکا لە هەردوو حزبەکە داوا لە سەرۆكکۆمار دەکەن، بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییە هەرە توندەکان دژی ڕووسیا لا نەبات؛ ئەو هەنگاوەی کە ماکرۆن و شۆڵز پێیان وایە بۆ بەهێزکردنی ئاشتییەکی لاواز پێویستە. هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ دژایەتیی دەستپێشخەرییەکەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەناو چەندان ئەندامی ڕۆژهەڵاتیی یەکێتیی ئەوروپادا بەهێز دەبێت.

نرخی نەوت دادەبەزێت، بەڵام لە سنووری حەفتا و پێنج تا نەوەد و پێنج دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکدا دەمێنێتەوە. ئەوروپا هەوڵی خۆی بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکانی وزەی تازەوەبوو (renewables) خێراتر دەکات. گەشەی ئابووریی یەکێتیی ئەوروپا دوای سستیی بازاڕ لە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣دا بۆ کەمتر لە ١٪ لە ساڵدا دوای جەنگ دادەبەزێت، لە کاتێکدا کە گەشەی ئابووریی ئەمریکا بۆ ٢٪ و گەشەی ئابووریی چین بۆ ژێر ٥٪ دادەبەزێت.

بەهۆی ئەوەی کە گەشەی ئابووریی جیهانی بۆ ژێر ٤٪ دابەزیوە، ئەو تێگەیشتنە ڕوو لە گەشەیە لە ئارادایە کە لەوانەیە جیهان لە دەورەیەکی دوورودرێژی پەرەسەندنی هێدیی ئابووریدا نوقم ببێت. زیادبوونی نرخەکان و شۆڕشەکان لە هەندێک بەشی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە پشتیان بە گەنمی هەناردەکراوی ئۆکراینا بەستبوو، توندتر دەبێت. هاوکات ڕووسیایش بۆ بەهێزکردنەوەی لاوازیی ئابوورییەکەی، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بە بازاڕەکانی چین و وڵاتانی دیکەی ئاسیاوە دەبەسترێتەوە و هەناردەکردنی وزە بەرەو ڕۆژهەڵات خێراتر دەکات.

ڕووسیا و چین بازرگانییەکی زیاتر بە "یوان"ی دیجیتاڵی دەکەن و پێویستییان بە دۆلار کەم دەکەنەوە. چین پاشەکەوتی زێڕی ڕووسیا دەکات بە یوان و بەوەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕووسیا بتوانێت بۆ کڕینی کاڵای چینی، یوان بەکار بێنێت. مەزندە دەکرێت کە بەهای پاشەکەوتی زێڕی ڕووسیا نزیکەی سەد ملیار دۆلارە.

بە لەبەرچاوگرتنی پشتیوانیی چین لە ڕووسیا، واشینگتۆن پەرە بە جه‌نگێکی ساردی نوێ بێجگە لە مۆسکۆ دژی پەکینیش دەدات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەشێک لە بانکەکانی چین و، داوا لە هاوپەیمانەکانی دەکات لیستی ڕەشی ناوی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی چین فراوانتر بکەن. ڕێبەرانی ئەوروپایی بەش بە حاڵی خۆیان مەیلیان لە بەربەرەکانێ لەگەڵ چین نییە، بەڵام هەست ناکەن کە دۆخێکی باشیان بۆ خۆڕاگری لە بەرامبەر خواستەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەبێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکان هەناردەکردنی تەڵەزمە نیمچەگەیەنەرەکانیش بۆ چین ڕادەگرێت کە دەبنە هۆی خێراییی هەوڵی چین بۆ پشتبەستن بە خۆی و خۆبژێوی لە بواری تەکنەلۆژیدا. دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆتایی بە "لێڵیی ستراتیژیک"ی خۆی سەبارەت بە تایوانیش دێنێت و ڕای دەگەیەنێت کە لە بەرامبەر هەر چەشنە دەستدرێژییەکی چین بۆ سەر تایواندا هێزی سەربازی بەکار دێنیت، لە کاتێکدا کە تایوانییەکان سەربەخۆییی خۆیان لە چین ڕادەگەیەنن. مۆسکۆ و پەکینیش هاوکارییە سیاسییەکانیان قووڵتر دەکەنەوە.

شی جین پینگ پێی وایە پەرەدان بە جەنگی سارد لەگەڵ ئەمریکا کۆمەڵێک سوودی هەیە و گوتە نیشتمانخوازییەکانی بەهێز دەکات و پشتیوانی لە خەباتی ڕژێمی چین دژی ڕۆژاوا دەکات بۆ ئەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە سەرکوت بکات کە ڕۆژ بە ڕۆژ لەناو ئەندامانی حزبی کۆمۆنیستدا زیاد دەبن و دەیانەوێت چاکسازییەکانی بازاڕ بۆ بەهێزکردنی ئابووریی لەرزۆکی وڵاتەکەیان بخەنە بەرنامەی کارەوە و، بۆ ئەوەیش لە ڕێگه‌یەک دەگەڕێن کە بتوانن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێک بکەون.

لە کەشێکی ئاوادا بەرەیەکی نافەرمی لە وڵاتانی بێلایەن پێک دێت کە هیند، سعوودیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڤێتنام، تورکیا و به‌ڕازیل لەخۆ دەگرێت. زۆربەی ئەو وڵاتانە لە درێژاییی جەنگی ئۆکراینادا سەرباری گوشارەکانی ڕۆژاوا بۆ گۆشەگیرکردنی مۆسکۆ پەیوەندیی زۆر باشیان لەگەڵ ڕووسیا هەبوو. ئەو وڵاتانە لە بواری ئابوورییشدا پێویستیان بە بازرگانی لەگەڵ چین هەیە.

هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە هەموو بوارەکاندا، لە گۆڕانی کەشوهەواوە بگرە تاکوو ئاڵنگارییە هاوبەشە ئابوورییەکان و ستانداردە جیهانییەکانی تەکنەلۆژیا و هاوکاریی پەرەپێدان بۆ وڵاتانی هەژار دژوارتر و ئینتەرنێت تێکترینجاوتر دەبێت، چونکە کێبڕکێی ڕوو لە زیادبوونی ویلایە یەکگرتووەکان و چین، دەسەڵاتی هەموو وڵاتان بۆ تێکەڵاویی زیاتر لە بواری کاروباری دیجیتاڵیدا هان دەدات.

گەشەی ئابووریی جیهانی درێژە بە ڕەوتی دابەزینی خۆی دەدات و ڕەوتی به‌به‌جیهانیبوون خاوتر دەبێت و، دەگۆڕێت بۆ ڕەوتی دوورکەوتنەوە لە به‌جیهانیبوون. دامەزراوە نێودەوڵەتییە فره‌لایەنەکان، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بگرە تاکوو ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەرەو هەڵوەشانەوە دەچن.

سێ – ئاخرزەمانێکی ناوکی: سەرباری بەرگریی ئازایانە و جەماوەریی خەڵکی ئۆکراینا بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ڕووسیا، بەشێک لە شارەکانی ئۆکراینا وێران بوون. لە وەها بارودۆخێکدا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆكکۆماری ئۆکراینا، ئامادە نییە دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ بکات. لە ڕۆژاوا گوشار بۆ چەند جۆر دەستێوەردان، جودا لە ناردنی چەک و هاوکارییە مرۆڤدۆستییەکان، زیاد دەبێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەندامەکانی دیکەی ناتۆ شۆڕشگێرانی ئۆکراینی پڕچەکتر دەکەن و لە سنووری پۆڵەندا پەناگەی پارێزراویان بۆ دابین دەکەن و بەنهێنی ڕاهێنانیان پێ دەکەن. لەگەڵ خێراتربوونی ئاوارەیی و دەرچوونی ئۆکراینییەکان لە وڵاتەکەیان جەنگ هەر بەردەوام دەبێت. گرووپە چەکدارەکانی ئۆکراینا تەنانەت لەو بەشانەیشدا کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنترۆڵ کراون، درێژە بە نەبەردی خۆیان دەدەن و داوا لە ڕۆژاوا دەکەن بە شێوەی کاراتر هاوکارییان بکەن.

هاوکات لە ڕووسیا گەمارۆکانی ڕۆژاوا بە شێوەیەکی خراپتر لە قەیرانی داراییی ساڵی ١٩٩٨ خەڵکی ئاساییی ئەو وڵاتە دادەپڵۆسن. کۆچکردنی بەربڵاو لەناو ئەندامانی چینی نێونجیدا دەبێتە باو، بەتایبەتی لەناو زانایان، ئەندازیاران، مامۆستایان و پسپۆڕانی تەکنەلۆژیادا کە تەمەنیان لەژێر ٤٠ ساڵیدایە و لە ئاسۆی داهاتووی ڕووسیا نیگەرانن. پاشان دۆخەکە بە شێوەیەک ئاڵۆز دەبێت کە ئەو تابۆ جیهانییە تێک دەشکێنێت کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوه‌ دژی بەکارهێنانی چەکی ناوکی بوو: پووتین ڕێگه‌ بە هێزەکانی دەدات مووشەکێکی ناوکیی تاکتیکی لە بەری ئۆکراینی هاوسنوور لەگەڵ پۆڵەندا و لە ناوچەیەک کە جەماوەری دانیشتووانی کەم بن، بتەقێننەوە. لەو هێرشەدا ڕاستەوخۆ پەناگەی پارێزراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان-ناتۆ زەبری پێ ناکەوێت، بەڵام تێیدا پەیامێکی بەهێز سەبارەت بە دژایەتیی ڕووسیا لەگەڵ ڕۆژاوا ڕادەگەیەنرێت.

لە وەڵامدا، پۆڵەندا بە پشتبەستن بە ماددە ٥ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ناتۆ، داوا دەکات هەموو ئەندامانی ئەو هاوپەیمانییە بۆ بەرگری لە هاوپەیمانەکەیان بەهانایەوە بچن. ناتۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بەڕێوە دەبات. توندڕەوەکانی ئەمریکا داوای وەڵامدانەوەی شیاو بە بۆمبی ناوکی دەکەن، بەڵام دەوڵەتی بایدن بڕیار دەدات سەرەتا مۆڵەتێکی دیاریکراو بە پووتین بدات کە ئەو مۆڵەتە بە هەڕەشەی ڕژدی تۆڵەسەندنەوەی ناوکی پشتگیری دەکرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مەرجی کۆتاییهێنان بەوەی کە ئێستا جەنگی زۆر بەربڵاوی نێوان ناتۆ و ڕووسیایە، دیاری دەکات: ڕووسیا دەبێت بەپەلە هەموو هێزەکانی خۆی لە سەرانسەری ئۆکراینا، تەنانەت لە کریمیا و ناوچەی دۆنباس بەرێتە دەرەوە. هیچ بەڵێنێک نادرێت بۆ ئەوەی کە ئۆکراینا هەر لە دەرەوەی ناتۆ بێت؛ بۆ ئەوەی کە هەموو گەمارۆکانی ئەمریکا هەڵوەشێندرێنەوە، دەبێت ڕووسیا قەرەبووی ئەو زیانانە بدات کە بەسەر ئۆکراینای هێناوە.

پووتین بە دانوستان ڕازی دەبێت، بەڵام ئەو مەرجانە ڕەت دەکاتەوە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانییەوە دیاری کراون. پەرچەکرداری ناتۆ بە هاوێشتنی چەند مووشەکی کڕووزی ئاسایی بۆ لەنێوبردنی بنکەیەکی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکراینا و لە نزیک سنووری ڕووسیا دەبێت. پووتین بە لێکچوواندنی هێرشەکەی ناتۆ و پەلاماری نازییەکان، تەنانەت لە دۆخێکدا کە نوخبەی ڕووسیا سەرقاڵی هەوڵی سەرنەکەوتوویان بۆ لادانی ئەون، پشتیوانیی ڕای گشتیی ڕووسیا بەدەست دێنێت. ئەم جارەیان ڕووسیا وەکوو تۆڵەسەندنەوە لەسەر سنووری پۆڵەندا بە دوو مووشەکی ناوکیی تاکتیکی دوو هێرشی دیکە دەکات.

چەند وەڵامدانەوەیەکی چەکی ناوکی دەست پێ دەکات: ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرش دەکاتە سەر پێگە سەربازییەکانی ڕووسیا، لە کاتێکدا کە ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ناتۆ لە ئەڵمانیا و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە گوام و ئالاسکا. هەم ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەم ڕووسیا، هۆشی دەستکرد و هێرشی سایبێریی پەلاماردەرانە بۆ لەنێوبردنی ژێرخانە فەرماندەیییەکان و کۆنترۆڵی ناوکیی یەکتر لە بۆشاییی ئاسماندا بەکار دێنن.

بەپێچەوانەی جەنگی جیهانیی دووەم، شه‌ڕ و پێكدادانەکان لە ئەوروپا چڕ بوونەتەوە. چین (کە لەگەڵ فەڕەنسا هەوڵێکی سەرنەگرتووی بۆ نێوبژیوانی لە نێوان لایەنەکانی جەنگدا داوە)، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بێلایەنییان ڕاگەیاندووە. سەرباری ئەوەیش جەنگی جیهانیی سێیەم دەستی پێ کردووە.

چوار- جیهانێکی ئازای نوێ: وەکوو سیناریۆی "ئاخرزەمانی ناوکی"، ڕووسیا مووشەکێکی ناوکیی تاکتیکی لەناو ئۆکراینا و لە بەرامبەر پەناگەی پارێزراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان-ناتۆ لە پۆڵەندا دەتەقێنێت کە ئەو پەناگەیە ڕاهێنان و چەک و پێداویستیی سەربازی بۆ بەرگریی ئۆکراینا دابین دەکات. خەڵکێکی زۆر لە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێیان وایە بۆ تۆڵەسەندنەوە شارێکی ڕووسیا بە مووشەکی کڕووز بکەنە ئامانج و ڕێبەرانی ئەوروپاییش ئەو هەنگاوە بە دەستپێکی "هارمەگەدۆنێکی ناوکی" دەزانن.

گوشاری ئەوروپا وا لە واشینگتۆن دەکات کە خۆی لە هەنگاوی سەربازی بەدوور بگرێت؛ ڕاست لەو کاتەدا کە چین دێتە ناو بابەتەکەوە بۆ ئەوەی ڕووسیا ڕازی بکات بەوەی هێزە ناوکییەکانی لە حاڵەتی ئامادەباشی دەربێنێت. شۆکی یەکەمین بەکارهێنانی چەکی ناوکی دوای نزیکەی هەشت دەیە، ترسێکی بەرفراوانی لێ دەکەوێتەوە سەبارەت بەوەی کە هێرشەکەی ڕووسیا دەتوانێت نوسخەی ناوکیی تیرۆری ئارشیدوک فرانز فێردیناند بێت کە چەخماخەی جەنگی یەکەمی جیهانیی لێ دابوو.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسی ئاشتی پێک دێنێت تاکوو تێیدا چین، ئیسڕائیل و یەکێتیی ئەوروپا بۆ نێوبژیوانی لەمەڕ چارەسەری بابەتەکەوە پێکەوە هاوکاری بکەن. لە ئۆکراینا بە چاودێریی ئەنجومەنی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا (OSCE) و هێزە ئاشتیپارێزەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و (بەشێک لە ئەندامانی سوپای ئازادیبەخشی گەلی چین) ئاگربەست جێبەجێ دەکرێت. لایەنەکانی جەنگ ڕێک دەکەون لەسەر ئەوەی کە لە ماوەی ٩ مانگی داهاتوودا و تاکوو ئەو کاتەی مۆسکۆ بە ڕێککەوتنەکەوە پابەند بێت، هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکراینا دەربچن و گەمارۆکانی ڕۆژاوایش دژی ڕووسیا کەم ببنەوە.  

وەکوو بەشێک لەو ڕێککەوتنە، ئۆکراینا وەکوو وڵاتێکی بێلایەن ڕێیەکی نوێ دەگرێتە بەر و دەبێتە پردی پەیوەندیی ستراتیژیکی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و، ئەوەیش لە دەستوورە نوێیە بە ڕیفراندۆم پەسندکراوەکەیدا پێناسە کراوە. ئەم وڵاتە بەردەوامی بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئەوروپا دەدات و بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی ڕووسیا و ئاسانکاری لە نۆژەنکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینادا دەبێتە ئەندامی یەکێتیی ئۆراسیا-پووتینیش.

دوای ئەوەی کە دانیشتووانی کریمیا لە ڕیفراندۆمێکی ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا دەنگیان دا بەوەی کە بخرێنە سەر ڕووسیا، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو بەشێک لە خاکی ڕووسیا دانی پێدا نرا. دۆنتێسک و لوهانسکیش بەپێی دەستووری نوێی ئۆکراینا، دەبن بە ناوچەی نیمچەخودموختار.

وەکوو بەشێک لە ڕێکخستنی ئاسایشی نوێی ئەوروپا، وڵاتانی ڕۆژاوای ئەوروپا بەسەرکەوتوویی، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی ناتۆیان خستە ژێر گوشارەوە تاکوو بەڵێنەکەی ساڵی ٢٠٠٨ی یەکێتییەکە سەبارەت بە وەرگرتنی ئۆکراینا و گورجستان وەکوو ئەندامی ناتۆ هەڵوەشێننەوە. ڕێکخراوێکی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا کە جارێکی دیکە داهێنراوەتەوە، ڕۆڵێکی گەورەتر لە بواری ئاسایشی ناوچەکەدا دەگێڕێت، بەڵام پەیماننامەی ناتۆ وەکوو خۆی ماوەتەوە و سیاسەتی دەرگه‌ کراوەکان لە بواری تیۆریدا هەر پارێزراوە.

بە پشتبەستن بە پەرچەکرداری جیهانی دژی ڕووسیا، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێبەرایەتیی هەوڵی قەدەغەکردنی هەموو چەکێکی ناوکیی تاکتیکی و گەڕانەوە بۆ ئامانجی داماڵینی چەکی ناوکی دەگرێتە ئەستۆ. بزووتنەوەی داماڵێنی چەکی ناوکی لە ئەوروپایش بەرەو زیادبوون دەچێت.

دوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسی ئاشتی و بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا گرووپێک لە ئۆلیگارشییەکان و کاربەدەستانی پلە باڵای سەربازی و هەواڵگری، مۆڵەتێکی دیاریکراو بە پووتین دەدەن: دەست لە کار بکێشێتەوە، دەنا بچێتە بەردەم دادگه‌ی تاوانی جەنگی. پووتین بڕیار دەدات بۆ نووسینی بیرەوەرییەکانی لە ماڵەکەی خۆیدا لە مۆسکۆ خانەنشین بێت.

خەڵکی ڕووسیا کە خوازیاری چاکسازی و پێداچوونەوەن بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕۆژاوادا و دەیانەوێت بە چینەوە نەبەسترێنەوە، دەوڵەتێکی هاپەیمانی هەڵدەبژێرن کە پێک دێت لە میخایل خۆدۆرکۆڤسکی، بازرگانی دوورخراوەی پێشوو و، ئەلێکسی ناڤاڵنی، ڕکابەری پێشووی پووتین کە زیندانی کراوە. سەرباری ئەوە و تەنانەت لەژێر ڕێبەرایەتیی نوێیشدا چەندان ساڵی پێ دەچێت تاکوو ڕووسیا ئابوورییەکەی خۆی ساڕێژ بکاتەوە و پەرەی پێ بداتەوە و بەرە بەرە متمانە لەدەستچوووەکەی بەدەست بێنێتەوە و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ڕۆژاوا بگۆڕێت.

دانوستانی ئاشتی دەربارەی ئۆکراینا یارمەتیی دەرکەوتنی ترووسکاییی بووژاندنەوەی ئابووری لە سەرانسەری جیهاندا دەدات. هەوڵی چین بۆ نێوبژیوانی و بەکارهێنانی گوشار لەسەر ڕووسیا لە ڕێی خۆبواردن لە یارمەتیی دارایی بۆ مۆسکۆ، دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا. ئەم بابەتە پێکهێنانی چوارچێوەیەکی لێ دەکەوێتەوە بۆ پێکەوەژیانێک کە تێیدا ڕکەبەرایەتی پەیوەندیی بە جیاکردنەوەی ستراتیژیکیی بەشەکانی تەکنه‌لۆژی و (تا ڕاددەیەک) دارایی لەگەڵ پەیوەندیی زیاتری بازرگانی لە نێوان هەردوو هێزەکەدا هەیە. هاوڕاییی نێوان دیموکراسییەکان و دەوڵەتە هاوبۆچوونەکان دەربارەی یاساکان و ستانداردە بازرگانی و تەکنه‌لۆژییه‌كان، هانی چین دەدەن بۆ ئەوەی بەرزەفڕییەکانی سنووردار بکات و سیاسەتە پیشەسازییەکانی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی چاکسازی لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیدا لێ بکەوێتەوە.  

 

 

  • ماتیو باڕۆز (Mathew Burrows): ساڵی ٢٠١٣ پاش ٢٨ ساڵ کار لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە و ڕێکخراوی هەواڵگریی سی‌ئای‌ئەی ئەمریکا خانەنشین بوو، ١٠ ساڵی دوای ئەوەیش ئەندامی ئەنجومەنی هەواڵگریی نیشتمانیی یەکێک لە یەکە شرۆڤەکارییە پێشکەوتووەکانی کۆمەڵەی هەواڵگریی ئەمریکا بووە و، یەكێکە لە ئەندامانی کاریگەری ئەنجومەنی نیشتمانیی ئەمریکا و بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی نوێی ئەمریکا لە ناوەندی ستراتیژی و ئاسایشی سکۆکرۆفتی ئەنجومەنی ئەتلانتیک.

 

 **      ڕۆبێرت ئا. مانینگ (Robert A.Manning): ئەندامی پێشکەوتووی دەستپێشخەریی   نوێی ئەمریکا لە ناوەندی ستراتیژی و ئاسایشی سکۆکرۆفتی ئەنجومەنی ئەتلانتیک.

 

سەرچاوە:

https://www.atlanticcouncil.org