ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

ئاڵنگارییە دیموکراسییەکان لە وڵاتانی دیموکراتیکدا

نووسەر: عەلی ئەفشاری

وەرگێڕانی (لە فارسییەوە): ساماڵ ئەحمەدی

وا دەهاتە بەرچاو کە دنیای دوای شەپۆلی سێیەمی دیموکراسی، بەرەو گشتگیریی سیستەمێکی سیاسی لەسەر بنەمای دیموکراسی و لیبرالیزم دەچێت، بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان لە دوو دەیەی سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا ئاراستەیەکی دژی ئەوەی بەدیار خستووە.  

هەرچەندە بەهاری عەرەبی لە سەرەتاوە هیوایەکی زیاتری بۆ ئەوە لێ بەدی دەکرا کە دیموکراسییەکان لە دنیادا زیاتر دەبن، بەڵام دوایین لێکەوتەکەی، بووە هۆی بەهێزبوونی سیستەمی سیاسیی دەسەڵاتخواز و کەوتنەوەی نیگەرانی لە سەرهەڵدانی پشێوی و نائەمنی و توندڕەوی لەبەر تیشکی هەوڵە دیموکراسیخوازییەکاندا. گەشەی بزووتنەوە دەستە ڕاستییە توندڕەوکان و پۆپۆلیزم لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و زیادبوونی دەسەڵاتی جیهانیی چین و ڕووسیا وەکوو پارێزەرانی حوکمڕانیی فەرماندەرانەی نادیموکراتیک، بووەتە هۆی لاوازیی ڕەوتی بزووتنەوە جیهانییە دیموکراسیخوازەکان.

ئێستا هێزە دیموکراسیخوازەکانی دنیا بەرەنگاری زۆر ئاڵنگاریی جۆراوجۆر دەبنەوە بۆ ئەوەی هەڕەشەکان پووچەڵ بکەنەوە و بیانکەن بە دەرفەت. هەڵبەت ئەوە یەکەم جار نییە کە دیموکراسییەکان تووشی مەترسی دەبن. دوو قۆناغی نێوان "جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم" و "جەنگی سارد"، دوو بابەتی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی دیموکراسی لەگەڵ دژەدیموکراسی بوو کە سەرەنجام بە سەرکەوتنی مەزنی دیموکراسی و گەشەسەندنی بڕایەوە. هەر بۆیە جێی ئومێدە کە چارەنووسی بەرەنگاربوونەوەکەی ئێستاش، هەر ئەنجامێکی وای لێ بکەوێتەوە. بەڵام وەڕاستگەڕانی ئەم ئومێدە، تەنیا بە گەشبینی و باوەڕمەندی مەیسەر نابێت، بەڵکوو پێویستی بە کۆمەڵێک دەستپێشخەری و بیرکردنەوە هەیە بۆ چارەسەری گرفتەکان و زیادکردنی ڕمێن و ڕێژەوی حوکمڕانیی دیموکراتیک و پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی ئەوانەی بەرگری لە دەسەڵاتخوازی دەکەن و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و هاووڵاتیانی ئاسایی.  

لەم چوارچێوەیەدا تێگەیشتنی ڕاست لە ئاڵنگارییەکان و هۆکارەکانی ڕوووەرگێڕانی بەشێک لە خەڵکی کۆمەڵگەکان لە باشیی دیموکراسی، گرنگیی سەرەکیی هەیە. هۆکاری گرنگ بۆ پەیداکردنی ڕێگه‌ی چارەساز و کاریگەر، ناسین و پێناسەی ڕاست و دروستی بابەت، یان گرفتەکەیە.

ئاگاداربوون لە ئەنجامی ڕاپرسییەکی گشتی بە ناوی "ئازادییەکان لە ڕیسکدا، ئاڵنگاریی سەدەی ٢١" کە تێیدا ڕای دانیشتووانی پەنجا و پێنج وڵاتی خاوەنی سیستەمی سیاسیی دیموکراتیک وەرگیراوە، یاریدەدەرێکی گرنگە بۆ ناسینی ئاڵنگارییە پەیوەندیدارەکان. ئەم ڕاپرسییە گشتییە بە هاوکاریی "دەزگه‌ی دەستپێشخەرییە سیاسییەکان لە فەڕەنسا"، "دەزگه‌ی جیهانیی کۆماریخوازان لە ئەمریکا"، "ئەنجومەنی پێکەوەبوونی دیموکراسییەکان، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی"، "بنکەی کۆنراد ئەدیناوەری ئەڵمانیا"، "جێنرۆن ئێن‌پی‌ئۆ لە ژاپۆن"، "نێڤاس جێنێڕاکشنز لە ئارژانتین" و "دەزگه‌ی کۆماری سبەینێ لە به‌ڕازیل" بەڕێوە چووە.

٤٧ هەزار و ٤٠٨ کەس لە ٥٥ وڵاتەوە لەو ڕاپرسییەدا بەشدارییان کردووە کە بریتین لە وڵاتانی: ئەڵبانیا، ئوسترالیا، نەمسا (ئوتریش)، بیلاڕووس، بلژیک، بۆسنیا و هێرزێگۆڤینا، به‌ڕازیل، بوڵگاریا، کەنەدا، کرواتیا، قوبرس، کۆماری چیک، دانمارک، ئستۆنیا، فینلاند، فەڕەنسا، گورجستان (جورجیا)، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا. هیندستان، ئه‌ندۆنیسیا، ئیرلەند، ئیسڕائیل، ئیتاڵیا، ژاپۆن، کۆسۆڤۆ، لیتوانیا، لوبنان، لتۆنی، لوگزامبۆرگ، ماڵتا، مێکزیکۆ، ماڵدیڤ، مۆنتێنێگرۆ، هۆڵەند، نیوزیلەند، نیجێریا، مەکدۆنیای باکوور، نۆروێژ، فیلیپین، پۆڵۆنیا، پۆرتوگاڵ، ڕۆمانیا، سێربیا، سڵۆڤاکیا، سڵۆڤینیا، کۆریای باشوور، ئیسپانیا، سوید، سویسرا، تونس، ئۆکراینا، بریتانیا و ئەمریکا.

ئەنجامە سەرەکییەکانی ئەم ڕاپرسییە گشتییە بریتی بوون لە:

گەورەترین نیگەرانیی دیموکراسییەکان لە دنیادا

ئەوانەی وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە لە نێوان سێ وڵاتی تورکیا و چین و ڕووسیادا، سیستەمی سیاسیی "چین"یان بە هەڕەشەی سەرەکیی دژی دیموکراسی لە دنیادا زانیوە. ٦٠٪یان چین و ٥٢٪یان ڕووسیا و ٣٧٪یان تورکیایان بە هۆکاری نیگەرانیی سەرەکی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەژمار کردووە. سەبارەت بە چین، خاڵی گرنگ، زیادبوونی نیگەرانییەکانه‌ لە ڕای گشتیی وڵاتانی دیموکراتیکدا. لە ڕاپرسییەکی هاوشێوەدا ساڵی ٢٠١٨ ئەو کەسانەی نیگەرانیی خۆیان لە حکوومەتی چین دەربڕیوە ٤٩٪ بوو. ئەم نیگەرانییە لە وڵاتانی ئەمریکیدا زیاتر بەرچاو دەکەوێت. ٧٨٪ی ئەو کەنەدییانەی وەڵامیان داوەتەوە، نیگەرانیی خۆیان لە گەشەی نفووزی جیهانیی چین دەربڕیوە، لە کاتێکدا کە لە ڕاپرسییەکەی ساڵی ٢٠١٨دا ئەو ڕێژەیە ٥٠٪ بوو. ڕێژەکە بۆ وڵاتانی ئەمریکا و به‌ڕازیل بە ڕێز ٧٢٪ و ٥٩٪ و ٥٥٪ و ٣٩٪ە؛ ئەو مێکزیکۆیییانەی وەڵامیان داوەتەوە کەمتر هەستیارییان دەربڕیوە و ٤٢٪ بوون.

دەوڵەتی چین بەهۆی ڕوانگە پەرەخوازانەکەیەوە لە دەریای باشووری چیندا، بووەتە هۆی هەستیاریی وڵاتانی هاوسێی خۆی و لەم ڕاپرسییەدا خەڵکی وەڵامدەرەوەی وڵاتانی نیوزیلەند، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و ژاپۆن بە ڕیز لە ئاستی ٥١٪ و ٥٤٪ و ٥٦٪ و ٦٠٪دا دژایەتیی پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی چینیان کردووە. لە هەڵسوکەوتێکی دژدا ئەو کەسانەی لە وڵاتانی ئه‌ندۆنیسیا و فیلیپین وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە لە ئاستی ٥٩٪ و ٦٤٪دا پشتگیریی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانیان لەگەڵ چین کردووە.

نیگەرانی سەبارەت بە پێگەی جیهانیی چین لە ئەوروپا فراوان بووە. ڕێژەی وەڵامدەرەوە نیگەرانەکان لە ٤٠٪ی ساڵی ٢٠١٨وە، گەیشتووەتە ٦٠٪ لە ساڵی ٢٠٢١دا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش هێشتا زۆرینە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ چینن. ئەو خواستە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی ٦٤٪ و لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژاوایی ٥٩٪ە و دیارە بە شێوەی ڕێژەیی، خواستەکە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی زیاترە.

ئەم ئەنجامانە نیشاندەری ئەوەن کە وڵاتانی دەسەڵاتخواز لە سەردەمی دوای جەنگی سارددا دەسەڵاتیان زیاتر بووە و ئێستا چین بەهۆی دەسەڵاتە ئابوورییەکەیەوە سەرتۆپی وڵاتانی دەسەڵاتخوازە و به‌ره‌نگاری دیموكراسی بووه‌ته‌وه‌. خواستی ئەوروپا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و هاوکات نیگەرانییان لە بواری ئاسایشیدا لێکدژییەک ڕوون دەکاتەوە کە چۆن کەمبوونەوەی هەستیاریی وڵاتانی ڕۆژاوایی سەبارەت بە بەها دیموکراسییەکان و تێبینییان لەسەر ئاسایش و، لە بەرامبەردا سه‌رنجی پتریان بۆ بابەتە ئابوورییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە چین نفووزی خۆی لە دنیادا فراوان بکات.

هەرچەنده‌ ڕێژەیەکی زۆر کەم (٤٪) ڕووسیایان بە دەسەڵاتێکی جیهانی لەقەڵەم داوە، بەڵام لە ئاستی ٥٢٪دا سەبارەت بە زیادبوونی جووڵە دەرەکییەکانی دەوڵەتی ڕووسیا نیگەرانییان دەربڕیوە. سەبارەت بە تورکیا هەستیاریی وڵاتانی ئەوروپی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە. ئەو ئەوروپییانەی وەڵامیان داوەتەوە زۆرترین نیگەرانییان سەبارەت بە وڵاتانی دەسەڵاتخواز لەمەڕ تورکیاوە دەربڕیوە کە ٦٣٪ە و لە ڕێژەی نیگەرانییان سەبارەت بە ڕووسیا (٦١٪) و چین (٦٠٪) زیاترە.

کەمبوونەوەی هەستیاری سەبارەت بە دەسەڵاتخوازی لەنێو بەرەی لاودا

درزێکی دیار و جێی سه‌رنج لە نێوان بەرەی لاو (گەنج) و وەنێوکەوتوو (گەڕاوە) و بەساڵداچوو (پیر)دا لەمەڕ هەستیارییان سەبارەت بە دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکان لە ئەنجامەکانی ئەو ڕاپرسییە گشتییەدا بەرچاو دەکەوێت. ڕێژەی نیگەرانی سەبارەت بە دەوڵەتانی تورکیا، چین و ڕووسیا لەنێو ئەو وەڵامدەرەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٤ ساڵدا بووە بە ڕێز ٣٠٪ و ٥٣٪ و ٤٤٪ نیشان دراوە، لە کاتێکدا کە ئاماری هاوشێوە بۆ ئەو وەڵامدەرەوانەی تەمەنیان نزیکەی ٦٠ ساڵ بووە بە ڕیز ٥٢٪ و ٧٢٪ و ٧٠٪ە.

هێشتا ئەمریکا گاریگەرترین دەوڵەتی دنیایە

زۆرینەی زۆری وەڵامدەرەوەکان (٧٠٪) دەوڵەتی ئەمریکایان بە دەسەڵاتی یەکەم لە دنیادا زانیوە. ئەم ئامارە بۆ ڕووسیا (٤٪) و بۆ چین (١٧٪) و بۆ ژاپۆن (٣٪) و بۆ هیندستان (١٪)ە. بە بەراورد لەگەڵ ڕاپرسییە گشتییەکەی ساڵی ٢٠١٨ کە "دۆناڵد ترامپ" لە کۆشکی سپی بوو، ئەنجامی ڕاپرسییە گشتییەکەی ساڵی ٢٠٢١ نیشان دەدات کە دۆخی دەوڵەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی "جۆ بایدن" لە ڕوانگەی گشتیی وڵاتانی دیموکراتیکدا چاکتر بووە. لە ڕاپرسییەکەی ٢٠٢١دا ڕێژەی ئەو کەسانەی کە سیاسەتی جیهانیی ئەمریکا بە هەڕەشە دەزانن ٣٣٪ە، لە کاتێکدا کە ئەم ژمارەیە لە ڕاپرسییە هاوشێوەکەی پێشوودا ٥٦٪ بوو. لەنیو وەڵامدەرەوە ئەمریکییەکانیشدا ڕەوتێکی هاوشێوە بە کەمبوونەوەی تێڕوانینی نەرێنی لە ٤٣٪وە بۆ ٣٠٪ دەبیندرێت. گرنگیی ئەم بابەتە پێگەی دەوڵەتی ئەمریکایە بۆ پەرەپێدان و پاراستنی دیموکراسی لە دنیادا.

ئەگەری ڕوودانی جەنگی جیهانیی سێیەم

ئەوانەی وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە سەبارەت بە ڕوودانی جەنگێکی جیهانیی دیکە، بۆچوونی جۆراوجۆریان هەیە، بەڵام نزیکەی نیوەیان ڕایان گەیاندووە کە ڕێی تێ دەچێت ڕووداوێکی لەو جۆرە ڕوو بدات. زۆرترین نیگەرانیی ڕوودانی جەنگی جیهانیی سێیەم لە لای وەڵامدەرەوانی وڵاتانی ئەمریکا (٥٩٪) و لوبنان (٥٨٪) و ئوسترالیا (٥٧٪)ە و وەڵامدەرەوانی ئەوروپی لە سەرانسەری کیشوەرە سەوزەکەدا کەمترین نیگەرانییان دەربڕیوە، واتا بە ڕێژەی (٣٨٪)؛ تەنیا وەڵامدەرەوانی ئۆکراینی (٥٥٪) و قوبرسی (٥٤٪) لە سەرووی سەدا پەنجاوە سەبارەت بەو بابەتە نیگەرانییان دەربڕیوە. ئەم داتایانە نیشاندەری زیادبوونی نیگەرانین سەبارەت بە ئاسایش لە ئاستی زۆر بەربڵاوی دنیادا و نیشانەی ئەوەیشن کە بابەتی ئاسایش لە کردەی سیاسیی هاووڵاتیانی وڵاتانی دیموکراتیکدا لە پێش ئەو سه‌رنج و تێبینییانەوەن کە دەخرێنە سەر دیموکراسی و مافی مرۆڤ.

تێبینییەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشەوە

نیگەرانییەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشەوە بە لای زۆرینەی ئەو کەسانەوە کە وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە، بریتین لە: تاوان و جینایەت (٨٩٪)، تیرۆریزم (٨٣٪)، کۆچ (٦٣٪) و ئیسلامخوازی (٥٩٪). هەستیاریی نەرێنیی زۆر بەرفراوان سەبارەت بە کۆچ و دیارنەبوونی سنووری ئیسلامخوازی و پرینگانەوە لە ئیسلام، هۆکارگەلێکن کە یارمەتیی گەشەی ڕاستڕەویی فاشیستی و لاوازکردنی ئازادییەکان دەدات. بەرزبوونی ڕاددەی بێمتمانەیی بە خەڵکی دیکەیش، ڕوویەکی دیکەی گرفتەکە، واتا ڕەنگدانەوەی قووڵاییی قەیرانی متمانەیە. تەنیا ٣٦٪ی ئەو کەسانەی وەڵامی ئەو ڕاپرسییە گشتییەیان داوەتەوە، گوتوویانە دەتوانن متمانە بە خەڵکی دیکە بکەن.

پێگەی توندوتیژی لە کردەوەی کۆمەڵایەتیدا

یەکێک لە پێچەڵپێچترین ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە بابەتی بەکارهێنانی توندوتیژییە. تەنیا زۆرینەیەی لاوازی وەڵامدەرەوەکان (٥٦٪) ڕایان گەیاندووە کە لە ساڵانی داهاتوودا دەکرێت بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی، ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان چار بکرێن. لە بەرامبەردا کەمینەیەکی جێی سه‌رنج (٤٤٪) کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژییان بە ناچارییەکی بێئەملاولا داناوە.

هەر لەو بارەیەوە، ٤٧٪ی وەڵامدەرەوەکان بەکارهێنانی چەکی گەرمیان لە ماڵەوە بۆ بەرگریکردنی کەسی بەپێویست زانیوە. ئەم ڕێژەیە بۆ کەسانی ژێر تەمەنی ٣٥ ساڵی، ٥٢٪ و بۆ کەسانی سەرووی تەمەنی ٦٠ ساڵی، ٤٠٪ە. زیاترین ڕاددەی خواست لەسەر هەبوونی چەک لە وڵاتانی ئەمریکا (٨٤٪) و نیجێریا (٧٦٪) و سێربیا (٦٨٪)ە. لە کاتێکدا وڵاتانی ژاپۆن (١٥٪)، کۆریای باشوور (٢١٪)  و فەڕەنسا (٢٦٪) کەمترین هۆگرییان بە هەبوونی چەکی گەرم نیشان داوە. سەرباری ئەوانەیش، ئەم ئامارانە ئەو گریمانەیە بەهێز دەکەن کە نیگەرانی لە نەبوونی ئاسایش و بێمتمانەبوون لەو دامەزراوانەی پارێزەری ڕێساکانن لە ئاستێکی سه‌رنجڕاکێشدا لە وڵاتانی جیهاندا هەیە.

نیگەرانییە ئابوورییەکان

گرفتە ئابوورییەکان لە ڕوانگەی ئەو کەسانەوەی کە پرسیاریان لێ کراوە، بریتین لە: هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە (٩٠٪)، ترس لە قەیرانی ئابووری (٨٩٪)، نایەکسانیی چینایەتی (٨٥٪)، بێکاری (٨٤٪) و گۆڕانی کەشوهەوا (٨١٪). ئەم دۆخە نیشان دەدات کە بابەتگەلی پەیوەندیدار بە بژێوی و پێداویستییەکانی ژیانەوە، وەپێش خواستە سیاسی و که‌لتوورییەکان دەکەون. لەبارەی گەندەڵیی ئابوورییەوە ئەنجامەکان هەژێنەرن. ١٦٪ی وەڵامدەرەوەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەموو سیاسەتمەدارانی وڵاتەکانیان گەندەڵن. ٥٠٪یش پێیان وایە زۆرینەیان دەستپاک نین و، تەنیا ٣٣٪ باوەڕیان وایە کە بەشێکی کەمی سیاسەتمەداران لە گەندەڵییەوە گلاون.

جۆری حوکمڕانی

ئەنجامەکان لەبارەی ئەم بەشەوە نیشان دەدەن کە، قووڵاییی ستراتیژیکی حوکمڕانیی نادیموکراتیک بە چ شێوەیەک لە دنیادا گەشەی ڕێژەییی بەخۆیەوە دیوە. هەڵبەت هێشتا لە ڕوانگەی زۆرینەی ئەو کەسانەوە کە وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە، دیموکراسی و هەڵبژاردن نموونەی باشتری حوکمڕانین، بەڵام کەسانی دژی ئەو بیرکردنەوەیە و ڕەوتە دەسەڵاتخوازەکانیش لایەنگرانی جێی سه‌رنجیان هەیە. ٧١٪ی وەڵامدەرەوەکان پێیان وایە هەڵبژاردن و ئەو سیستەمە سیاسییەی کە بەرپرسەکانی لەسەر بنەمای ڕای گشتی هەڵدەبژێردرێن، بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان باشە. بەڵام ٣٦٪ی وەڵامدەرەوەکان پشتگیرییان لە هەبوونی کەسێکی بەهێز کردووە کە گوێ بە پەرلەمان و هەڵبژاردن نەدات. هەروەها ٦٢٪ گوتوویانە، دەبێت سیستەمی سیاسی بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان بەڕێوە بچێت؛ ئەوانەی لایەنگری ئەم دیدگه‌یەن لە بەراورد بە سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی کۆڤید١٩، لەسەدا چوار کەمتر بوونەتەوە. ٥١٪ی وەڵامدەرەوەکانیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتە دەسەڵاتخوازەکان بۆ بەڕێوەبردن و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید١٩، لە حکوومەتە دیموکراتیکەکان باشتر کاریان کردووە.

هەر لەو ڕاپرسییە گشتییەدا ٤٣٪ی وەڵامدەرەوەکان گوتوویانە سیستەمی هەڵبژاردن لە وڵاتەکەیاندا ڕوون و بێگەرد نییە. ڕازیبوون لە بێگەردیی دەزگه‌ی هەڵبژاردن لە وڵاتانی ڕۆژاوایی، بەتایبەت لە وڵاتانی باڵکان لە سەرووی ٧٠٪ه‌وەیە. وەڵامدەرەوانی وڵاتی نۆروێژ بە ٨٧٪ه‌وە زۆرترین ڕێژەی ڕازیبوونیان لە بێگەردیی هەڵبژاردن لە وڵاتەکەیاندا دەربڕیوە. لەنێو وەڵامدەرەوەکاندا ٤٤٪ ڕایان گەیاندووە، هیچ کام لە حزبە سیاسییەکانی نێو وڵاتەکانیان نوێنەرایەتیی بۆچوون و خواستی ئەوان ناکەن. تەنیا ٢٩٪یان لەسەر ئەو باوەڕەن کە باوەڕەکانیان لەلایەن حزبێکەوە جێبەجێ دەکرێت و ٢٧٪یش پێیان وایە لە چەند حزبێکدا شوێنپێی باوەڕەکانیان دەبیننەوە.

لە سەدا ٦٠ی وەڵامدەرەوەکان باوەڕیان وایە، زۆربەی جاران کە گوێ بۆ قسەی سیاسەتمەدارانی وڵاتەکانیان ڕادەگرن، هەست دەکەن ئەو قسانە هیچ پەیوەندیی بە کەلکەلە و بابەتەکانی ئەوانەوە نییە. ئەم بابەتە لە تەنیشت بۆچوونی زۆرینەی وەڵامدەرەوەکاندا (٦٠٪) کە بێمتمانەییی خۆیان بە ڕاگەیاندنەکان دەربڕیوە، بەڵگەیەکی دیکەیە کە توندیی قەیرانی متمانە لە گۆڕەپانی گشتیدا نیشان دەدات. بەگشتی ئەم ئەنجامانە دەرچەیەک بەرەو تێگەیشتنی ئاڵنگارییەکانی دەوروبەری دیموکراسی لە بارودۆخی ئێستای دنیادا دەکاتەوە کە لە ناوەوە و دەرەوە، وڵاتانی بەئامانج گرتووە و هەڕەشەیان لێ دەکات. هەرچەنده‌ وردبینییەکی زۆر لەم ڕاپرسییەدا کراوە، بەڵام دیسانیش لەوانەیە هەڵەی تێ کەوتبێت و ناکرێت ئەنجامەکانی بە ئاوێنەی ڕاستەقینە دابنرێن.

 

سەرچاوە:

https://www.dw.com