ڕەهەند و لێکەوتەکانی ناڕەزایەتییەکانی کازاخستان

نائارامی لە "دوورگە ئارام"ەکەی ئاسیای ناوەڕاستدا

 

ن: ڤالی کالێجی، دکتۆرای بواری لێکۆڵینەوە ناوچەیییەکانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

 

ئەگەر بەهۆی شێوەدیموکراسییەکەیەوە وڵاتی قرقیزستان لە ئاسیای ناوەڕاستدا بە "دوورگەی دیموکراسی" ناسراوە، "کازاخستان"یش بەهۆی ئارامییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکەیەوە وەکوو "دوورگەی ئارام"ی ناوچەکە ناودێر بووە. هەر بۆیە ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاو و تێکەڵ بە توندوتیژییەی لە ڕۆژی ٢ی جانیوەریی ٢٠٢٢وە لە شارە جیاجیاکانی کازاخستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر زیادبوونی سەدلەسەدی نرخی گازی شل (ئێڵ‌پی‌جی) وەکوو سەرچاوەی سووتەمەنیی زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئۆتۆمبێلەکانی ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد و بە توندوتیژییەکی یەکجار بەرفرەوانەوە زۆر بەخێرایی بەرەو داواکاریی سیاسی و ڕووخانی دەوڵەتی وڵاتەکە پەلی هاوێشت، توانیی بۆ یەکەمین جار دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بە شێوەیەکی ڕژد و بنچینەیی ئەو "دوورگە ئارام'"ە دەهەڵمەت بگرێت، یان تووشی ئاڵنگاریی بکات.

ڕەنگە بەردەنگی ئێرانی بپرسێت، بۆچی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی کازاخستان کە بەربڵاوترین و توندوتیژترین ناڕەزایەتیی سیاسیی سێ دەیەی ڕابردووی ئەو وڵاتەی ئاسیای ناوەڕاستە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گرنگە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێ لە گرنگایەتی و پێگەی ستراتیژیی کازاخستان بکۆڵێنەوە. کەواتە پێویستە لە پێشدا بزانین ئەو وڵاتە کوێیە کە ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکانی نرخی جیهانیی نەوت و یۆرانیۆم تووشی هەڵکشان و داکشان دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانی وەکوو فیدراسیۆنی ڕووسیا، کۆماری خەڵکی چین، یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا وەدەنگ بێن و تەنانەت ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش بە ڕێبەرایەتیی ڕووسیا وا لێ دەکات کە ڕاستەوخۆ بێتە ناو بابەتەکەوە و هێزی سەربازی بنێرێت بۆ کازاخستان، کە ئەوە وەبیرهێنەرەوەی چوونی هێز و تانکەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و پەیمانی وارشۆ بوو بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییە ئازادیخوازانەکانی ناسراو بە "بەهاری پراگ"ی چیکوسڵۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٦٨ی زایینی. ئەو تایبەتمەندییانەی کازاخستان چین کە ئەو دەسەڵاتانەی، بە لای ئەو کاردانەوانەدا بردووە؟ بۆچی لە کاتی ناڕەزایەتی و توندوتیژییە ناوخۆیییەکانی وڵاتانی دیکەی سنووری سی‌ئی‌ئێس (کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو) وەکوو ئەرمەنستان (٢٠١٨)، بیلاڕووس (٢٠٢٠) و قرقیزستان (٢٠٢٠)دا کە هەرسێ وڵاتەکە هاوپەیمانی نزیکی ڕووسیا و ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەشن، لەو ئاستەدا هەستیاری و کاردانەوەی مۆسکۆمان نەبینی؟ گرنگایەتیی کازاخستان لە چیدایە کە ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکانی، ئەو هەستیاری و کاردانەوانەی لێ کەوتووەتەوە؟

ئەو کاتەی یەکێتیی سۆڤیەت لە دێسه‌مبه‌ری ١٩٩١ی زایینیدا ڕووخا، کازاخستان دوای ڕووسیا دووەمین وڵاتی بەرفرەوانی ناو وڵاتانی سۆڤیەتی بوو. پاش سەربەخۆییی کازاخستان لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستدا وڵاتێک دامەزرا کە بە زیاتر لە دوو ملیۆن و حەوت سەد هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە به‌رینایی و هەژدە ملیۆن هاووڵاتییەوە ئێستا نۆیەمین وڵاتی بەرفرەوانی دنیایە و به‌رینایییه‌كه‌ی وەکوو بەرفرەوانترین وڵاتی ئاسیای ناوەڕاست یەک بەرانبەری ئێران و سێ بەرانبەری تورکیا و یەکسان بە ئەوروپای ڕۆژاوایە. هەرچەندە وڵاتی کازاخستان لە لای ڕۆژاواوە دەگاتە سەر دەریای خەزەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هیچ لایەکەوە سنووری بە ئاوە ئازادە نێودەوڵەتییەکانەوە نییە، لە ئاستی جیهاندا بە گەورەترین وڵاتی گەمارۆدراو لە وشکانیدا (Landlocked Country) دادەنرێت. هەبوونی ئەو به‌رینایییه‌‌ کە لە لای ڕۆژهەڵاتەوە لە چینەوە تاکوو دەریای خەزەر لە ڕۆژاوا و لە لای باکوورەوە لە ڕووسیاوە تا تورکمانستان، ئۆزبەکستان و قرقیزستان لە باشوور دەگرێتەوە، هەڵکەوتەیەکی ستراتیژیک و جیۆپۆلیتیکی وای بە قەزاقستان بەخشیوە کە ئەو وڵاتەی وەکوو "ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژاوا"، کردووەتە چەقی پڕۆژە ئابووری، بازرگانی و ترانزیتییە گەورەکانی وەکوو دەستپێشخەریی یەک کەمەربەند-یەک ڕێگه‌ (ڕێگه‌ی ئاورێشمی چین)، یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا بە ناوەندیەتیی ڕووسیا، ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای بە ناوەندیەتیی ڕووسیا و چین و پڕۆژەکانی ئاسیای ناوەڕاستی گەورە و ڕێگه‌ی ئاورێشمی نوێ بە ناوەندیەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

کازاخستان بێجگە لەو به‌رینایییه‌ بەرفرەوانەی، بە یەکێک لە وڵاتانی خاوەنی سەرچاوە کانزایی و فۆسیلییەکان لە دنیادا دادەنرێت و یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە بەهۆی بوونی ٩٩ توخم (سەرچاوە سروشتییەکان) لە ١١٠ توخمە ناسراوەکەی دنیا، نزیکەی تەواوی توخمەکانی "خشتەی مەندەلییەف"ی تێدایە. کازاخستان خاوەنی لەسەدا ٢٥ی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی دنیایە و بەمەیش بووەتە دووەمین وڵاتی خاوه‌ن ئەو ماددە ستراتیژیکە؛ هەر بۆیە سەیر نییە کە دوای ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکانی ئەم دوایییەی کازاخستان، نرخی جیهانیی یۆرانیۆم هەڵکشا. سەرەڕای ئەوەیش بەهۆی ئەو سەرچاوە دەوڵەمەندانەی یۆرانیۆمەوە و بوونی ناوەندی تاقیکردنەوە ناوکییەکانی سۆڤیەت لە ناوچەی "سێمی‌پالاتینیسک" دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، کازاخستان بە ١٤٠٠ کڵاوەی ناوکییەوە دوای ئەمریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا، بوو بە "چوارەمین دەسەڵاتی ناوکیی جیهان". بەڵام وەلانانی خۆبەخشانەی چەکی ناوکی لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ی زایینی لە ئاستی جیهاندا متمانەیەکی نێودەوڵەتیی بە کازاخستان بەخشی کە بێجگە لە وەدەستهێنانی متمانە و پێگە لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیدا، لە قۆناغێکیشدا وەکوو "ڕۆژهەڵاتیترین میوانداری دانوستانە ناوکییەکانی ئێران و وڵاتانی ١+٥" ڕۆڵی گێڕا.

دووەمین سەرچاوەکانی قاڵایی و سێیەمین سەرچاوەکانی مەنگەنیز (manganese) و چوارەمین سەرچاوەکانی مسی جیهان، کەوتووەتە ناو سنووری کازاخستانەوە و لە بواری هەبوونی خەڵووزی بەرد و ئاسن و زێڕیشەوە، کازاخستان یەکێکە لە ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهان. هەروەها کازاخستان خاوەنی زیاتر لە ٣٠ میلیار بەرمیل پاشەکەوتی نەوتە و لەو بوارەیشدا پلەی یازدەیەمی لەناو وڵاتانی جیهاندا هەیە و هەرچەندە ئەندامی ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکەری نەوت (ئۆپێک) نییە، بەڵام بە بەرهەمهێنانی ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت، دوای فیدراسیۆنی ڕووسیا، بە دووەمین وڵاتی "ئۆپێک پڵاس" (کۆی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک) دادەنرێت. هەر بۆیە ئەوەیش سەیر نییە کە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی لە پارێزگای مانگیستاوی ڕۆژاوای کازاخستان کە وەکوو پارێزگای خووزستانی باشووری ئێران دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی نەوت و زیاتر لە ٢٥٪ی سەرلەبەری بەرهەمهێنانی نەوت و گازی شلی کازاخستانی وەخۆ گرتووە، ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا. بێجگە لەمانە، کازاخستان بە هەبوونی ٨٥ ترلیۆن مەتری سێجا (شەشپاڵوو) گازی سروشتی، لەو بوارەیشدا لە ڕیزی پازدەیەمی وڵاتانی جیهاندا جێی گرتووە. ئەگەر لە سەرچاوە سروشتی و کانزایییە دەوڵەمەندەکانیش بترازێت، کازاخستان تاکە وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە کە لە بۆشاییی ئاسمان خاوەنی دامەزراوە و ئیمکانیاتە و بنگەی بۆشاییی بایکۆنور وەکوو کۆنترین بنکەی بۆشاییی جیهان، هی ئەو وڵاتەیە کە تا ساڵی ٢٠٥٠ بەکرێ دراوە بە ڕووسییەکان. بەهۆی ئەو توانایییانەوەیە کە کازاخستان بە زیاتر لە ١٧٠ ملیار دۆلار تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی، بووە بە یەکەم دەسەڵاتی ئاسیای ناوەڕاست و بە مەودایەکی زۆر لەگەڵ ئۆزبەکستان، قرقیزستان، تاجیکستان و تورکمانستان لە پێگەی یەکەمی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەو ناوچەیەدا جێی گرتووە.

کازاخستان لە لایەنی ڕەچاوکردنی سیاسەتی دەرەکیی هاوسەنگ و چەندڕەهەندییشەوە پێگەیەکی تایبەت و تاقانەی لە ئاسیای ناوەڕاست و تەنانەت لەنێو هەموو وڵاتانی سنووری سی‌ئی‌ئێس (کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەت)دا هەیە. ئەم وڵاتە لە سەردەمی دوورودرێژی سەرۆكکۆماریی "نوورسوڵتان نەزەربایێڤ"دا (١٩٩١-٢٠١٩ ز) و، هەروەها لە سەردەمی سەرۆكکۆماریی "قاسم جۆمارت تۆکایێڤ"دا (لە ٢٠١٩وە تا ئێستا) توانیویەتی هاوسەنگترین سیاسەتی دەرەکی لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕووسیا، چین، ئەوروپا و ئەمریکا دامەزرێنێت. هیچ وڵاتێکی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست وەکوو کازاخستان پەیوەندیی نزیک و هاوکاتی لەگەڵ سێ دەسەڵاتی ڕووسیا و چین و ئەمریکا نییە. هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە کازاخستان بە هاوپەیمانی نزیکی چین و ڕووسیا لەقەڵەم دەدرێت، ئەندامی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپایشە و تاکە وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە کە وەکوو سەرۆکی دەوریی ئەو ڕێکخراوەیە میوانداریی لە کۆڕبەندی لووتکەی سەرکردەکانی ٥٦ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا کرد لە ڕێکەوتی یەکەمی دێسه‌مبه‌ری ساڵی ٢٠١٠دا کە بە بەرزترین ئاستی کۆڕبەندە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لە سێ دەیەی ڕابردوودا هەژمار دەکرێت.

لە بواری وەرزشیشدا کازاخستان تەنیا وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە کە بە وڵاتێکی ئەوروپی دادەنرێت و کێبڕکێ وەرزشییەکانی، بەتایبەتی تۆپی پێ، لەژێر چاودێریی "یوفا"دا بەڕێوە دەچێت کە ئەمە خۆی هێمای تێڕوانینی بەرانبەری کازاخستان و ئەوروپا لە هەویەتیی یەکترە. هەروەها کازاخستان توانیویەتی لە بەرزترین ئاستدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕێک بخات، هەر بەو هۆیەیشە کە تاكه‌ وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە تا ئێستا دوو جێگری سەرۆكکۆماری ئەمریکا، واتا ئەلگۆر، جێگری بیل کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٣ و دیک چێنی، جێگری جۆرج بۆشی کوڕ لە ساڵی ٢٠٠٧دا وەکوو باڵاترین کاربەدەستی ئەمریکی سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە و هەر لەو سۆنگەیەیشەوەیە کە بەشێکی زۆری چاودێران پێیان وایە، بێت و ڕۆژێک سەرۆكکۆماری ئەمریکا بۆ یەکەمین جار دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت سەردانی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست بکات، ڕەنگە کازاخستان یەکەمین و لەوانەیشە تەنیا مەبەستی سەردانەکەی بێت. هەر بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەیشەوەیە کە ئاڵوگۆڕ و ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکانی کازاخستان لە یەکەمین ڕۆژەکانی جانیوەریی ٢٠٢٢دا ڕەهەند و گرنگایەتیی نێودەوڵەتی هەڵدەگرێت کە لە درێژەی ئەم باسەدا ئاماژە بە بەشێک لە بابەتە گرنگ و سەرەکییەکانی دەکرێت.  

١-‌ کازاخستان تاکە وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە کە سنووری زەمینیی هاوبەشی لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕووسیا هەیە. سنوورە دوورودرێژە حەوت هەزار و ٦٤٤ کیلۆمەترییەکەی نێوان هەردوو وڵات، لە ڕاستیدا بە واتای دەروازەیە بۆ ئەوەی ڕووسیای لێیەوە دەربازی ئاسیای ناوەڕاست بێت. لە ڕوانگەی فیدراسیۆنی ڕووسیاوە ئاڵوگۆڕ و ناڕەزایەتییەکانی کازاخستان بەشێکە لە پرۆژەی مەزنی تێکدانی سەقامگیری لە کەشی دەوروبەری ڕووسیا و سی‌ئی‌ئێس کە ڕووسەکان پێی دەڵێن "دەرەوەی نزیک" (Near Abroad). لەم پەیوەندییەدا، ئامانج لەو نائارامییەیش "دنەدانی ئاسایشی و سەربازی"ی ڕووسیا لەلایەن ڕۆژاوا، بەتایبەت ناتۆ و ئەمریکایە کە لە ئۆکراینا و دەریای ڕەش و قەوقازەوە تا کازاخستانی گرتووەتەوە. لە چوارچێوەی ئەم چەشنە تێڕوانینەدا ڕووسیا ئاڵوگۆڕ و ناڕەزایەتی و توندوتیژییەکانی کازاخستان بە درێژەی گۆڕان و ناڕەزایەتییەکانی ئەرمنستان، بیلاڕووس و قرقیزستان لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەزانێت کە ئامانجی کۆتایی و هاوبەشی هەموویان ڕووخاندنی ئەو دەوڵەتانەیە وا وەفاداری ڕووسیان، بۆ ئەوەی دەوڵەتانی نزیک لە ڕۆژاوا لە جێی ئەوان دامەزرێنن. هەر بەو هۆیەوە ڤلادیمیر پووتین لە کۆڕبەندی ڤیدیۆییی سەرکردەکانی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش (ڕووسیا، بیلاڕووس، ئەرمەنستان، کازاخستان و قرقیزستان)دا کە دوای کۆنترۆڵکردنی ڕێژەییی دۆخی کازاخستان لە ڕۆژی ١٠ی جانیوەریی ٢٠٢٢دا بەڕێوە چوو، بەڕوونی هۆشداریی دا کە "مۆسکۆ شۆڕشی ڕەنگی لە وڵاتانی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت تەحەمول ناکات و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ڕێ نادەن ئەو سیناریۆیانەی بۆ شۆڕشی ڕەنگی لەو وڵاتانە داڕێژراون، سەر بگرن." ئەگەر بمانەوێت بەباشی له‌ پێگە و گرنگایەتیی کازاخستان بۆ ڕووسیا تێ بگه‌ین، دەبێ سه‌رنج بدەینە واتا و چەمکی "ئاسیای ناوەڕاست" کە ڕووسیا دەیخوازێت و جیاوازییەکی واتاداری لەگەڵ "ئاسیای ناوەندی" هەیە. لە ئاسیای ناوەڕاستی بەرسه‌رنجی ڕووسیادا، کازاخستانی تێدا نییە و ئەو ناوچەیە تەنیا چوار وڵاتی قرقیزستان، ئۆزبەکستان، تاجیکستان و تورکمانستان لەخۆ دەگرێت.

لە ڕاستیدا بەلای ڕووسەکانەوە لە لایەنی مێژوویی و جوگرافییەوە، کازاخستان و قەوقازی باکووریش کە لە ڕوانگەی مەوداوە لە مۆسکۆ نزیکتر بوون، بە "ئاسیای نزیک" هەژمار دەکران. ئەم بابەتە ئەوەمان پێ دەڵێت کە ڕووسەکان لە لایەنی مێژوویی و جوگرافییەوە بەدەر لە ژینگەیەکی جوگرافیی ناوخۆییی خۆیان لە کازاخستان ناڕوانن. بێجگە لەمەیش، کازاخستان باڵاترین ئاستی پەیوەندیی سیاسی، ئاسایشی، ئابووری و کەلتووریی لەگەڵ ڕووسیا هەیە و ئەم وڵاتە لە هەموو ڕێکخراوە ناوچەیییە ڕووستەوەرەکاندا، واتا لە ڕێکخراوی وڵاتانی سەربەخۆی هاوبەرژەوەندی (سی‌ئی‌ئێس) لە بواری سیاسیدا، ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش لە بواری بەرگری و ئاسایشدا و یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا لە بواری ئابووریدا، ئەندامە. کەواتە ئەوە ڕوونە کە ڕووسیا بۆ پاراستنی ئەم هاوبەشە گرنگ و نزیک و ستراتژیکانەی خۆی، بەخێرایی و بە هەموو توانایەوە هەنگاو بنێت و نزیکەی دوو هەزار هیزی سەربازی و ئامێر و چەکی قورسی سەربازی وەکوو تانک بنێرێت بۆ کازاخستان و لە خوێندنەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی کازاخستاندا ناڕازییەکان بە بەکرێگیراوی دەرەکی و تیرۆریستی ڕاهێنراو و ڕێکخراو لە دەرەوەی کازاخستان بناسێنێت. هەرچەند کاردانەوەی ڕووسیا و پێگە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کازاخستان و ناردنی هێز و چەک بۆ ئەو وڵاتە، کە زۆر هاوشێوەی چوونی هێز و تانکەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و پەیمانی وارشۆ بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییە ئازادیخوازانەکانی ناسراو بە "بەهاری پراگ"ی چیکوسڵۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٦٨ی زایینی بوو، دەوڵەتی کازاخستانی پتەوتر کرد، بەڵام هاوکات هەستی دژەڕووسییشی لەناو بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی کازاخستان، بەتایبەت لەناو چینی مامناوەندیی ئەو وڵاتەدا ورووژاند کە لە درێژماوەدا لە بەرژەوەندیی ڕووسەکان نابێت.

٢-‌ لە ڕوانگەی بەشێک لە چاودێرانەوە، "نوورسوڵتان نەزەربایێڤ" (سەرۆكکۆماری پێشووی کازاخستان) لە ڕووسیا نزیکە و "قاسم تۆکایێڤ" (سەرۆكکۆماری ئێستای کازاخستان) لە چین نزیکە. هۆکاری ئەم بابەتەیش دەگێڕنەوە بۆ پێشینەی دوورودرێژی تۆکایێڤ لە چین. تۆکایێڤ لە پێنجەمین ساڵی خزمەتی لە وەزارەتی دەرەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە دەیەی ١٩٧٠دا، بۆ ماوەی شەش مانگ ناردرا بۆ بەشداری لە خولەکانی ڕاهێنانی باڵوێزخانەی یەکێتیی سۆڤیەت لە چین. دوای ئەوەی گەڕایەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و ماوەیەک لە سەنگافوور خزمەتی کرد، لە ساڵی ١٩٨٣دا بۆ بەشداری لە دەورەکانی ڕاهێنانی دامەزراوەی زمانی پەکین (بەیجین)دا چوو بۆ چین. تۆکایێڤ ساڵانی ١٩٨٤ تا ١٩٨٥ی لە وەزارەتی دەرەوە تێ پەڕاند و دوای ئەوە ناردرا بۆ باڵوێزخانەی یەکێتیی سۆڤیەت لە پەکین (بەیجین) و لەوێ تا ساڵی ١٩٩١ وەکوو سکرتێری دووەم، سکرتێری یەکەم و ڕاوێژکار کاری کرد. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین قاسم تۆکایێڤ پێشینەیەکی کۆن و ناسیاوییەکی دوورودرێژ و بەردەوامی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی چین لە دەیەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠دا بووە کە بە خاڵی دەستپێکی گەشە و گۆڕانی ئابووریی چین لە سەردەمی "دێنگ شاوپینگ"دا دادەنرێت.

هەر لە سۆنگەی ئەو پێشینەیەیشەوەیە کە پەیوەندییەکانی کازاخستان و چین دوای بەدەسەڵاتگەیشتنی تۆکایێڤ لە ساڵی ٢٠١٩دا زۆر بەهێزتر بووە. لەبەر ئەوە، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە بە لادانی نوورسوڵتان نەزەربایێڤ لە گۆڕەپانی سیاسەت و دەسەڵاتی کازاخستان، بەتایبەتی دوای لادان، یان دەستکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی کازاخستان لە ڕووداوەکانی ئەم دوایییەدا، پەیوەندەییەکانی کازاخستان و چین لە ڕابردوو زیاتر گەشەی سەند و چین کە بەپێچەوانەوەی ڕووسیاوە هیچ هێزی سەربازی و تێچوویەکی بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی کازاخستان تەرخان نەکردووە، بەکردەوە توانیویەتی بەخۆڕایی ئەسپی خۆی لە مەیدانی گۆڕان و ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەدا تاو بدات و لە ڕابردوو زیاتر پێگەی خۆی لە کازاخستاندا پتەو بکات. بەڵام هاوکات ئاگای لەوەیش بووە کە بەپێچەوانەی ئەو پەیوەندییە نزیکەی لە ئاستی فەرمی و حکوومیدا لە نێوان چین و کازاخستاندا هەیە، "هەستی دژەچینی" لە کازاخستان زۆر بەهێزە و نموونەی دیاریشی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی جووتیاران و خاوەنزەوییەکانی کازاخستان لە شارەکانی ئاقتوێبێ و ئاتراو بوو کە لە مانگی مای ٢٠١٦دا دژی فرۆشتن و بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە چینییەکان ڕووی دا. نووسەری ئەم بابەتە، خۆی لە کاتی بەشداری لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە بەندەری ئاقتوێبێی کازاخستان لە نۆڤەمبەری ٢٠١٥دا، هەروەها لە کاتی بەشداری لە کۆنفرانسێکدا بە ناوی "ڕووسیا و ئاسیای ناوەڕاست: ئاسۆی هاوکاریی دوولایەنە و بەسوود" لە زانکۆی ترانسپۆرت (گواستنەوە و گەیاندن) لە مۆسکۆ لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەخنەی توند و ئاشکرای وتاربێژانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، لەوانە کازاخستان لە سیاسەت و ئامانجەکانی چین بووە. هەر بۆیە لەوە دەچێت کە پشتگیریی ئاشکرای حکوومەتی چین لە حکوومەتی کازاخستان لە ڕووداوەکانی ئەم دوایییەدا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی چین و کازاخستان دوای لاچوونی نوورسوڵتان نەزەربایێڤ، پەرە بە هەستی دژەچینی لە کازاخستان بدات و ئەوەیش دەتوانێت بوار بۆ هەڵگیرسانەوەی سەرلەنوێی ناڕەزایەتییەکان بڕەخسێنێت.

٣-‌ ئاڵوگۆڕەکانی دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییە، جیاوازییەکی واتاداری لە نێوان چییەتی، نێردە و کاردانەوەی دوو ڕێکخراوی گرنگی بەرگری-ئاسایشیی چوارچێوەی سی‌ئی‌ئێس، واتا پەیمانی ئاسایشی هاوبەش و ڕێکخراوی شانگهایدا نمایش کرد. کازاخستان ئەندامی هەردوو ڕێکخراوەکەیە. بەڵام لەگەڵ کڵپەسەندنی ئاگری ناڕەزایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی زۆر خێرای ئەو ناڕەزایەتییانە، حکوومەتی کازاخستان کە زۆر نیگەران بوو دۆخەکە بەتەواوی لە کۆنترۆڵی هێزەکانی پۆلیس، سوپا و هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە دەربچێت، داوای یارمەتی و ناردنی هێزی سەربازیی لە پەیمانی ئاسایشی هاوبەش کرد. ئەمە ده‌ری ده‌خات کە لەو کاتە هەستیارانەدا، وڵاتانی نێو چوارچێوەی سی‌ئی‌ئێس، لەوانە کازاخستان، پێش هەموو شتێک چاویان لە پەیمانی ئاسایشی هاوبەشە، نەک ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە هەست دەکەن هاوئاهەنگی و یەکپارچەیی و خێراییی بڕیاردان و پەرچەکردار لە ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەشدا، زیاترە لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای.

٤- پەرچەکردار و دەستوەردانی خێرای ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی کازاخستان و ناردنی هێزی سەربازی لە ڕووسیا و قرقیزستان و تاجیکستانەوە بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و کۆنترۆڵی توندوتیژییە ناوخۆیییەکانی کازاخستان لە لایەنێکی دیکەیشەوە جێی تێڕامانە. ئەم ڕێکخراوەیە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەرمەنستان لە ساڵی ٢٠١٨ و ناڕەزایەتییەکانی بیلاڕووس لە ساڵی ٢٠٢٠دا نە هێزی سەربازیی نارد و نە دەستوەردانی کرد و، لە بیلاڕووس ئەگەر دەستوەردان و پشتیوانییەک هەبوو، ئەوە لەلایەن حکوومەتی ڕووسیاوە بوو، نەک پەیمانی ئاسایشی هاوبەش. هەر بۆیە بە ناردنی هێز و ئامێری سەربازیی ئەو هاوپەیمانییە بۆ کازاخستان، نموونەیەکی نوێ و جیاواز دەبینین کە ئەویش ڕۆڵ و نێردەی پەیمانی ئاسایشی هاوبەشە بۆ سەرکوت و کۆنترۆڵی ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکانی وڵاتانی ئەندام. ئەمەیش لەو ڕووەوە جێی سه‌رنجە کە پەیمانی ئاسایشی هاوبەش لە کاتی جەنگی دووەمی قەرەباغدا بە خستنەڕووی شرۆڤەیەکی ڤلادیمیر پووتین (بوونی جەنگ لە دەرەوەی سنووری سەرەکیی ئەرمەنستان) خۆی لە دەستوەردان لەو جەنگە بە قازانجی ئەرمەنستان بوارد و تەنانەت دوای جەنگی دووەمی قەرەباغیش ئەو ڕێکخراوەیە خۆی لە دەستوەردان لە گرژییەکانی سەر سنووری نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان کلا کرد، بە چەشنێک کە "ستانیسڵاڤ زاس"، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ئاسایشی هاوبەش لە سەرەتای هاوینی ٢٠٢١دا ڕای گەیاند، ئەم ڕێکخراوەیە دەست لە گرژییەکانی باشووری ئەرمەنستان (لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان) وەرنادات. بە گوتەی ئەو ژه‌نراڵەی خەڵکی بیلاڕووس، "ئەو گرژییانەی لە باشووری ئەرمەنستان بەهۆی دانانی سنووری نوێ زیاد بوون، "ڕووداێکی سەرسنوورە" و ناچێتە چوارچێوەی بەڵێنەکانی بەرگریی هاوبەشی ئەم ڕێکخراوەیەوە. دەبێ ئەوەیشتان لەبەرچاو بێت کە تواناییی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش تەنیا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی (وڵاتێکی ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە) لەگەڵ هێرش و دەستدرێژیی سەربازیدا کەڵکی لێ وەردەگیرێت." لەسەر بنەمای ئەم جۆرە به‌ڵگه‌هێنانەوەیە، دەستوەردان و ناردنی هێز لەلایەن ڕێکخراوی ئاسایشی هاوبەشەوە بۆ سەرکوت و کۆنترۆڵی ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکانی کازاخستان زۆر سەیر و جێی سه‌رنجە. ڕەنگە ئەم ڕێکخراوەیە لەگەڵ ئەو پێناسەیەی حکوومەتی کازاخستان هاوڕا بێت کە دەڵێت بەکرێگیراو و تیرۆریستی ڕاهێنراو و ڕێکخراوی دەرەکی لە دەرەوەی کازاخستانەوە هاتوونەتە ناو ئەو وڵاتەوە و بە وڵاتێکی لەقەڵەم بدات کە کەوتووەتە بەر هەڕەشە و پەلاماری سەربازی و، بەو هۆیەوە مۆڵەتی بۆ ناردنی هێز و چه‌ك و تفاقی سەربازی دەرکردووە. خاڵی زۆر گرنگ "بەردەوامی و جێگیربوونی ئەو نموونەیەیە" کە دەکرێ لەسەر بنەمای ئەو شرۆڤەیەی بۆ ڕووداوەکانی کازاخستان کرا، توانایییەکانی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش بۆ سەرکوت و کۆنترۆڵی ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکانی وڵاتانی دیکەی ئەندامی ڕێکخراوەکە، بەتایبەت ئەرمەنستان و بیلاڕووس بەکار بێت.

وتەکانی ئاڕمەن گریگۆریان، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەرمەنستان، بەڕوونی دیاری دەخات کە ئەو وڵاتە پێی باشە لە دۆخی هاوشێوەدا ئیمکانیات و توانایییەکانی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش بەکار بێنێت. گریگۆریان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەر دۆخێکی هاوشێوە لە ئەرمەنستان بێتە پێشەوە، ئاخۆ پێیان باشە داوای یارمەتی لە ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش بکەن؟ ڕای گەیاند: "بەڵێ! داوا دەکەین. هەر بەو هۆیەیش ئەرمەنستان ئەو هەنگاوەیان نا." مەبەستیشی لەو هەنگاوە، ناردنی هێزی سەربازیی ئەرمەنستان لە چوارچێوەی هێزەکانی پاراستنی ئاشتی، سەر بە ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەشدا بۆ کازاخستان بوو. کەواتە ئەگەر بێت و کۆمەڵگەی ئەرمەنستان بە چەند هۆیەکی جیاواز، لەوانە پڕۆسەی جێبەجێکردنی ڕێڕەوی زەنگەزۆر لەلایەن کۆماری ئازەربایجانەوە لە پاڕیزگای سیونیکی ئەرمەنستان، یان دیاریکردنی ماف و سیاسەتی داهاتووی ناوچەی کوێستانیی قەرەباغ، بەتایبەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەرمەنستان و تورکیا، تووشی گرژی و ناڕەزایەتی دژی سیاسەتەکانی نیکۆڵ پاشینیان بێت، ئەو ئەگەرە هەیە کە لە شرۆڤەیەکی هاوشێوەدا دەوڵەتی کازاخستان داوای دەستوەردانی سەربازی بکات کە بێ گومان ئەم بابەتە دۆخی ناوچەی قەوقاز ئاڵۆزتر دەکات.

٥- پەرچەکرداری کۆی جیهانی ڕۆژاوا و بەدیاریکراوی ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و ڕێکخراوی پەیمانی ئەتلانتیکی باکوور (ناتۆ)یش سەبارەت بە گۆڕان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی کازاخستان لە لایەنی ڕاوێژی ڕەخنەگرانەی کاربەدەستانی ڕۆژاوایییەوە لەسەر ئەو ڕووداوانە، وەکوو ڕووداوە هاوشێوەکانی وڵاتانی نێو چوارچێوەی سی‌ئی‌ئێس، بەتایبەتی بیلاڕووس نەبوو. ڕەخنەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی زیاتر لەسەر ئەوە بوو کە قاسم تۆکایێڤ، سەرۆكکۆماری کازاخستان، فەرمانی دەرکردووە ڕاستەوخۆ تەقە لە ناڕازییان بکرێت؛ یان ڕەخنەیان لەوە گرتووە کە کازاخستان داوای ناردنی هێزی لە ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەش کردووە و تاکوو ئەم ساتەی کە ئەم یادداشتە شرۆڤەکارییەی تێدا دەنووسرێت، هیچ هەواڵێک دەربارەی ئەوەی کە گەمارۆ بخرێتە سەر کاربەدەستانی کازاخستان (وەکوو ئەوەی کە خرایە سەر کاربەدەستانی بیلاڕووس) بڵاو نەبووەتەوە. هۆکارەکەیشی پەیوەندیی نزیکی کازاخستان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا لە سێ دەیەی ڕابردوودایە لە لایەک و، لەو لایشەوە پەیوەندیی ساردوسڕی "لۆکاشینکۆ"، سەرۆكکۆماری بیلاڕووس لەگەڵ ڕۆژاوایە کە لە ئەدەبیاتی ڕاگەیاندن و سیاسیی ڕۆژاوادا بە "دوایین دیکتاتۆری ئەوروپا" ناوی دەبەن. ئەگەر لە گۆڕانگارییەکانی ئەم دوایییەی کازاخستان ورد بینەوە، دەبینین کە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بەپێچەوانەی ڕووسیا و خودی ڤلادیمیر پووتین بەئاشکرا باسی ڕۆڵی هاندەری وڵاتانی ڕۆژاوایی بۆ وەڕێخستن و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و دانانی پلان بۆ "شۆڕشی ڕەنگی" ناکەن و هەر ئەوەندە دەڵێن کە "بەکرێگیراوی دەرەکی و ڕاهێنراو لە دەرەوەی وڵاتەوە" هۆکاری ناڕەزایەتییەکانن. ئەمەیش نیشانمان دەدات کە ڕێبەرانی کازاخ لەوپەڕی گوشارە نێوخۆیییەکانیشدا لایەنی پارێز لەگەڵ ڕۆژاوا ڕەچاو دەکەن.

پەیوەندیی نزیکی کازاخستان لەگەڵ ڕۆژاوا هەر لە سەرەتای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و بەهۆی ئەوەی کە ئەو وڵاتە بە شێوەی خۆبەخش چووە ناو پڕۆسەی داماڵینی چەکی ناوکییەوە، دەستی پێ کرد و، لە ماوەی ئەم سێ دەیەی دواییدا بەهۆی چەند بابەتی دیکەی وەکوو نەوت و گازی کازاخستان و ڕۆڵی یەکجار گرنگی ئەو وڵاتە لە ناوچەی دەوروبەری چین و ڕووسیا و پێگە ترانزیتییەکەیەوە زیاتر پەرەی سەند و سەرباری ئەوەی کە ڕۆژاوا کۆمەڵێک ڕەخنە و تێبینیی لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین لە کازاخستان هەبووە، بەڵام بەردەوام پاراستنی ئارامی و پەیوەندییە ستراتیژییەکان بۆ ڕۆژاوا لە مافی مرۆڤ و بەها دیموکراتیکەکان بەسوودتر بووە. ئەوە سەرباری ئەوەیشە کە کازاخستان ئەندامێکی گرنگی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپایە و وەکوو ئاماژەی پێ کرا تاکە وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە کە وەکوو سەرۆکی دەوریی ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕۆژی یەکی دێسه‌مبه‌ری ٢٠١٠دا مێوانداریی لە ڕێبەرانی لووتکەی ٥٦ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا کردووە. کازاخستان لە ڕێڕەوی ترانزیتیی ناسراو بە "تۆڕی دابەشکردنی باکووری"یشدا بۆ گواستنەوەی چه‌ك و تفاقی ناتۆ و ئەمریکا لە ئەفغانستانەوە بۆ ئەوروپا و لە ڕێی "ئەفغانستان-ئۆزبەکستان- کازاخستان (بەندەری ئاقتاو)-دەریای خەزەر-کۆماری ئازەربایجان (باکۆ)-جۆرجیا (بەندەری باتیومی)-دەریای ڕەش"ەوە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠٢١دا (دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و بەدەسەڵاتگەیشتنی تاڵیبان لەو وڵاتە) ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و سەرەکیی گێڕا.

لە بواری ئابوورییشدا کازاخستان هاوبەشی یەکەمی بازرگانی و ئابووریی ئەمریکایە و تاکە وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە کە تا ئێستا دوو جێگری سەرۆكکۆماری ئەمریکا، واتا ئەلگۆر، جێگری بیل کلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٣ و دیک چێنی، جێگری جۆرج بۆشی کوڕ لە ساڵی ٢٠٠٧دا وەکوو باڵاترین کاربەدەستی ئەمریکی، سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە. کازاخستان لە هەردوو پڕۆژەی "ئاسیای ناوەڕاستی گەورە" و "ڕێگه‌ی ئاورێشمی نوێ"دا کە لە ڕێڕەوێکی باکووری-باشووریدا پێکەوەبەسترانەوەی جیۆپۆلیتیکی و ئیکۆنۆمیکیی ئاسیای ناوەڕاست و ئاسیای باشوور بە ناوەندییەتیی ئەفغانستان دەخاتە بەر سه‌رنج، هەروەها لە میکانیزمی وتووێژەکانی ١+٥ (ئەمریکا و پێنج وڵاتی ئاسیای ناوەڕاست)دا ڕۆڵی سەرەکیی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵ و پێگەیە، جیهانی ڕۆژاوا نیگەرانە لەوەی کە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی کازاخستان کە گەیشتووەتە ئەوەی لەلایەن ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەشەوە هێزی بۆ ڕەوانە بکرێت، ئەو وڵاتە بخاتە ناو "قاوغی بەرگری"یەوە و پەیوەندیی کازاخستان لەگەڵ چین و ڕووسیا لێک نزیکتر بکاتەوە و حکوومەت و دەزگه‌کانی ئاسایشی ئەو وڵاتەیش بکەونە ژێر گوشار و ڕێنوێنییەکانی کاربەدەستانی ڕووسیاوە لە بواری پیلان و پلانی ڕۆژاوا بۆ وەڕێخستنی "شۆڕشی ڕەنگی" لەو وڵاتەدا.

لێکەوتەی ئەم بابەتەیش لەوانەیە سنووردارکردن یان داخستنی ئەنجومەن و ناوەندە میدیایی و فێرکاری و که‌لتوورییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا لە کازاخستان بێت کە بێ گومان بە زیانی ڕۆژاوا و لە بەرژەوەندیی چین و ڕووسیا دەشکێتەوە. بەڵام ئەوەی کە گرنگییەکی دووقات بە گۆڕانکارییەکانی کازاخستان بۆ ڕۆژاوا دەبەخشێت، ئەوەیە کە ئەو ناڕەزایەتییانە چەند ڕۆژێک بەر لە دەستپێکی وتووێژەکانی ڕووسیا و ڕۆژاوا دەربارەی ئۆکراینا دەستی پێ کرد. هەروەکوو لە بەشی پێشوودا ئاماژەی پێ درا، ڕووسیا لە "وێنەیەکی گەورەتر"دا، پێی وایە ناڕەزایەتی و توندوتیژییەکانی کازاخستان درێژەی گۆڕانکاری و ناڕەزایەتییەکانی ئەرمەنستان و بیلاڕووس و قرقیزستانه‌ لە دوو ساڵی ڕابردوودا، کە ئامانجی هاوبەش و کۆتاییی هەموویان، ڕووخاندنی حکوومەتی ئەو وڵاتانەیە کە وەفادارن بە ڕووسیا، بۆ ئەوەی حکوومەتی نزیک لە ڕۆژاوایان تێدا دامەزرێنن؛ هەر بۆیە هەست دەکات، ڕۆژاوا بە وەڕێخستنی گرژی و نائارامی لە کازاخستان وەکوو هاوپەیمانێکی نزیک و نەریتیی مۆسکۆ، دەیەوێت لە ڕەوتی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئەمریکا دەربارەی ئۆکرانیادا گوشاری بخاتە سەر و ئیمتیاز وەرگرێت.

بەگشتی ڕۆڵ و هەڵکەوتەی جیۆپۆلیتیکی و جیۆئیکۆنۆمیکیی کازاخستان و پەیوەندیی هاوسەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕووسیا و چین و جیهانی ڕۆژاوا (ئەمریکا، ئەوروپا و پەیمانی ناتۆ)، تایبەتمەندییەکی جیاوازی بەو وڵاتە بەخشیوە و کردوویەتە وڵاتێکی زۆر جیاواز لە وڵاتانی وەکوو ئەرمەنستان، بیلاڕووس و قرقیزستان؛ ئەو وڵاتانەی کە لە چوارچێوەی سی‌ئی‌ئێسدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەرگیری ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی بوون، بەڵام هیچیان وەکوو کازاخستان کاردانەوەی نێودەوڵەتییان لێ نەکەوتووەتەوە، بەتایبەتی دەستوەردانی سەربازی و ناردنی هێز لەلایەن ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی هاوبەشەوە. ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە "نائارامی" لە "دوورگەی ئارام"، واتا کازاخستاندا، دەتوانێت سەرانسەری ئاسیای ناوەڕاست تووشی نائارامی و قەیران بکات و بەهۆی دۆخی ئاڵۆز و نادیاری ئەفغانستانی دوای بەدەسەڵاتگەیشتنی تاڵیبانەوە، دەرچە و کەشێکی نوێ بۆ دزەی هێزی ڕادیکاڵ و توندئاژۆ بۆ ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست بکاتەوە. دەبێ ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەین کە ڕیشەی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی کازاخستان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدایە و ئەگەر وەڵامێکی شیاو بە قەبارە و پڕانیی داواکارییە کەڵەکەبووەکانی بەرەی گەنج و مامناوەندیی ئەو وڵاتە نەدرێتەوە، دەشێ جارێکی دیکەیش کۆمەڵگەی کازاخستان تووشی پشێوی و قەیران ببێت و لەو بارەیشدا هەر کام لە یاریکەرانی نێودەوڵەتی دەتوانن بە لای ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا سوود لە نائارامیی زاڵ بەسەر گەورەترین و بەهێزترین وڵاتی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستدا وەربگرن.

 

سەرچاوە:

http://iras.ir/?p=3966