پارتیزانە پیرەکە کۆچی دواییی کرد

فیدڵ ئەلێخاندرۆ کاسترۆ ڕووز (فیدڵ کاسترۆ ١٩٢٦-١٩١٦)، دوێنێ (٢٥/١١/٢٠١٦) کۆچی دواییی کرد. کاتێک باس لە کووبا و شۆڕشەکەی دەکرێت، بەردەوام ناوی "فیدڵ"یش دێت. "فیدڵی پارتیزان"، لە ساڵی ١٩٥٩ دەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی، لەوانە "چێ گیڤارا ١٩٢٨-١٩٦٧"، ڕەوتی مێژووی کووبایان گۆڕی، جاڕی "شۆڕشی سۆسیالیستی"یان لە بنهەنگڵی "ئەمپریالیزمی ئەمریکا" لێ دا و، "کووبا"یان بۆ "کووبایییەکان گەڕاندەوە" و، پەیوەندییشی دەگەڵ "ئەمپریالیزم"دا پچڕاند.

دوای ڕووخانی سۆڤیەت لە ١٩٩٠دا، کووبا ئەو کووبایەی جاران نەما، کە بە هێزی سوپایی و ئابوورییی یەکێتیی سۆڤیەت بخوڕێت و، خۆی لە قەیران دەرباز بکات. ڕووخانی سۆڤیەت و بەرەی سۆسیالیزمی سۆڤیەتی، کووبای کاسترۆی ڕووبەڕووی شەپۆڵێک لە قەیرانی ئابووری کردەوە و، پڕیشکی ئەمیش، کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکانی ئەمریکای لاتینیشی گرتەوە.

شۆڕشی کووبا بۆ ماوەی پەنجا و شەش ساڵ، پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکادا پچڕاند، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا "کووبای سۆسیالیستی" و "ئەمپریالیزمی ئەمریکا"، ڕوویان لە ئاشتی کردەوە و، لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەستیان پێ کردەوە.

ئەو پارتیزانە پیرە، ئەوەندە خوولیا و گیرۆدەی سۆسیالیزم بوو، هەمیشە بە دروشمی "یان مردن، یان سۆسیالیزم" کۆتاییی بە گوتارەکانی دێنا. درێژدادڕی، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کاسترۆ بوو. گوتارە دوورودرێژەکانی ئەو شۆڕشگێڕە باڵابەرزە، سنووری کووبایشی بەزاند. چوار کاتژمێر و نیو گوتاربێژی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ناوبانگی ئەوی زیاتر کرد. لەوانەیە فیدڵ کاسترۆ، لەناو سەرکردەکاندا، درێژدادڕترین گوتاربێژ بێت.

فیدڵ کاسترۆ، کە بۆ ماوەی ٤٩ ساڵان کووبای سۆسیالیستی لەژێر ڕکێفیدا بوو، ڕێبەری حزبی کۆمۆنیست، سەرۆکوەزیرانی کووبا، سەرۆكکۆماری کووبا و، فەرماندەی گشتیی شۆڕشی کووبا بوو. ئایا دوای نەمانی خۆی، هیچ هاوڕێیەکی بۆ ماوەتەوە کە ئاڵای "یان مردن، یان سۆسیالیزم"ی بۆ بەرز بکاتەوە؟

هاووڵاتیانی کووبایی بڕیاریان نەداوە بمرن، بەڵکوو دەخوازن بژین. ئەگەر لە سەرەتاکانی ساڵی دووهەزارەوە، نەخۆشی، بەربینگی بە کاسترۆ نەگرتبا، بێ شک تا مردنی، هەر خاوەنی قسەی کۆتایی و یەکلاکەرەوە دەبوو. ئەمەیش نەریتێکە و کۆمۆنیستە ڕەنگاوڕەنگەکان لە شوێنێکدا کۆ دەکاتەوە.

چل و نۆ ساڵ حوکمڕانییەکەی، تەنیا دەکرێت دەگەل ڕامسسی دووەم بەراورد بکرێت. "رامسسی دووەم، فیرعەونی میسر ١٣١٤-١٢٢٤ پ. ز"، ٦٦ ساڵ و دوو مانگ حوکمڕان بوو. "مائۆ تسێ تۆنگ ١٨٩٣-١٩٧٦"، بۆ ماوەی ٢٧ ساڵان (١٩٤٩-١٩٧٦)  تاکە حوکمڕانی چین بوو. یووسڤ ڤیساریۆنۆڤیچ جۆگاشڤیلی (ستالین ١٨٧٨-١٩٥٣) بۆ ماوەی ٣١ ساڵان (١٩٢٢-١٩٥٣) هەمەکارەی سۆڤیەت و حزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەت بوو. "ئەنوەر خۆجێ ١٩٠٨-١٩٨٥" سەرۆکی حزبی کار و ڕێبەری ئەڵبانیا، ئەویش بۆ ماوەی ٤٣ ساڵان (١٩٤٤-١٩٨٥) بەدیلی نەبوو. "کیم ئیل سۆنگ ١٩١٢-١٩٩٤"، ئەو "هاوڕێ"یەیش بۆ ماوەی ٤٦ ساڵان (١٩٤٨-١٩٩٤) سەرکردەیەکی بێبەدیل بوو. تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٨دا حزبی کرێکارانی کۆریای باکوور، بەپێی بڕیارێکی فه‌رمی، نازناوی "سەرۆكکۆماری هەتا هەتایی"یان بە کیم ایل سۆنگ بەخشی.

گەرچی ئەم سەرکردانە، ڕای جیاوازیان سەبارەت بە "مارکسیزم – لێنینیزم" هەبوو و یەکتریان بەوە تاوانبار دەکرد کە لە "مارکسیزمی ڕاستەقینە" لایان داوە، بەڵام لە چوار خاڵی سەرەکیدا هاوڕا و وێکچوو بوون. حوکمڕانیی تاکحزبی، حزبی چەشنی نوێی چینی کرێکار (سانترالیزمی دیموکراتیک)، سیستەمی تاکئابووریی سۆسیالیستی و لە سەرووی هەمووی ئەوانەوە، لە بری ئەوەی خۆشبژی و ئازادی بۆ کۆمەڵگەکەیان دابین بکەن، هەژارییان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش کرد و، باسێکیش لە ئازادییەکان لە گۆڕێدا نەبوو.