ژینگەی ئاسایشیی بارزانی لەگەڵ ئێران

پوختەی پرسەکە:

بڕیار وایە مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان، سەردانی ئێران بکات. ئەم سەردانە بۆ بارزانی گرینگە، چونکە لە دەرەنجامی سەردانەکانی ئەم دوایییە بە کۆمەڵێک دەرەنجام گەییشتوون، کە دیاری دەکات کە ئاخۆ ئەوەی بارزانی بیری لێ دەکاتەوە یان بە لایەوە گرینگە، لە پاش سەفەر بۆ ئێران، بە هەمان ئامانجی دەگەیەنێ یان  جیاواز دەبێ؟ سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ئێران، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەم گۆڕانە، دەره‌نجامی ساڵێک و دووان نییە. بەڵکوو، دەبێ لەو کاتانەوە سەیر بکرێت کە پاوانخوازیی شیعە و تەماحی هەرێم بۆ بە ئەکتەربوون گەشەیان کرد. کۆتاییی ئەم بەریەککەوتنە، گەییشتە داعش و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتداریی ئیداریی مالیکی، سەرهەڵدانی دووبارەی خەباتی ڕۆژهەڵات و پەرتەوازەبوونی یەکێتیی نیشتمانی. لەم کاتەدا، پێویستە وێنای ئەوە بکەین کە بارزانی لە گەشتەکەی بۆ ئێران، چۆن دەبێ سەیری ژینگەی ئاسایشی (ئەمنییەتی)ی خۆی لەگەڵ ئێران بکات؟

پێشەکی:

ئاسایش یان ئەمنییەت، لە کارە سەرەکی و بەرایییەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارییە. بۆیە ئەکتەرە جیاوازەکان، هەر یەکەو بە شێوەیەک هەوڵ دەدەن کە بە ئاسایشی خوازراو بگەن. لە ئاستی ناوخۆ، سەقامگیریی زیاتر مەبەستە و، لە ئاستی دەرەوە جێگیرکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی. لەم بوارەدا، ئەکتەرەکان دەبنە هەڵگری ژینگەی تایبەت بە خۆیان. بۆ نموونە، دەوڵەتانی ڕۆژاوا لە ئاستی ناوخۆیی، بە سەقامگیری گەییشتوون، بۆیە ژینگەی ناوخۆییی ئەم وڵاتانە ئارام و، دامەزراوەکانی خەریکی ڕاڤەکردنی بوونی خۆیانن. لە بەرامبەردا ژینگەی دەرەکیی ئەو وڵاتانە بەپێی قۆناغە جیاوازەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی گۆڕانیان بەسەردا دێ و لەمڕۆدا ئەم ژینگەیه‌ لە ئاستی پەیوەندیی نێوان وڵاتان ئاسایییە و، لە ئاستی ئەکتەرە نافەرمییەکان ژینگەکە پڕە لە نەبوونی ئاسایش. لە لایەکی ترەوە، وڵاتانی دەرەوەی مودێڵی ڕۆژاوایی، لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا هەڵگری ژینگەیەکی نائەمنن. بۆیە، سیاسەت لەو وڵاتانە لە ژینگەیەکی نائەمندا درێژە بە ژیانی خۆی ده‌دات.

کاتێک ئەمنییەت یان ئاسایش بەم ژینگەیه‌ زیاد دەبێ، واتای ئەوە دەگەیەنێ کە پێویستیی بە بەرپەرچەدانەوەی خێرای دەوڵەتە، تاکووو لەناویان ببات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی ئاسایش (ئه‌من). لە نموونەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان، پێگەی وڵاتان لە ئەمنکردنی ژینگەی خۆیان و پێناسەکردنی ئەو ژینگەیه‌، جیاوازن. بۆ نموونە ژینگەی ئاسایشیی ئەمریکا، هەموو کون و قوژبنەکانی جیهان دەگرێتەوە، ژینگەی ئاسایشیی تورکیا، گۆڕاوە بۆ جیهانی ئیسلام و بەتایبەت سوننە، ژینگەی ئاسایشیی ئێران، ئایینی شیعە و ڕێکخستنیانە. بەڵام، هەموو ئەم نموونانە و نموونەکانی تر، لە یەک خاڵدا هاوبەشن؛ ئەویش ئەوەیە کە هەموو وڵاتێک زۆرتر بە ئاسایشی دراوسێکانی هەستیارە تاکوو وڵاتێکی ئەولاتر. واته، هەڕەشەکانی ئێران بۆ ژینگەی ئاسایشیی باشووری کوردستان زیاتر هەستی پێ دەکرێ، تاکوو سعوودیا. ئێران، زیاتر بەرامبەر بە ژینگەی ئاسایشی خۆی لە لایه‌ن باشووری کوردستانەوە هەست بە مەترسی دەکات، تاکوو چین. بۆیە، کاتێک ڕادە و هەستیاریی ئەکتەرەکان بەرامبەر بە ژینگەی ئاسایشییان دیاری کرا، ئەو کاتە کاراکتەری ئاسایشساز دەکەوێتە کار، کە چۆن ئاسایشی ژینگەکەی ساز بکات یان بەرهەمی بێنێ.

باشووری کوردستان هەڵگری ژینگەیەکی ئاسایشیی ئالۆزە کە لە ناکۆکیی ئەکتەرە سیاسییەکانەوە دەست پێ دەکا تاکوو دەگاتە تەماحیی دراوسێکان، بۆ دەستەمۆکردن و دەسخستنە ناو ئەم ژینگە ئاسایشییه‌. لەم بوارەدا دوو پرسی سەرەکی لە باشوور هەیە. یەکیان یەکگرتووییی ئیداری و جوگرافیی باشووری کوردستانە، ئه‌وی تریان داهاتووی سیاسیی ئەم بەشەیه‌ لە کوردستان. جۆری دیدی ناوخۆ بۆ ئەم پرسە، ئاسایشی کراوە. یەکگرتووییی هێزە سیاسییەکانی باشوور، بووه‌تە پرسێکی ئاسایشی و ژینگەیەک لە نائاسایشیی ساز کردووە کە دراوسێکان دەتوانن بەکاری بێنن. داهاتووی سیاسیی باشووری کوردستان، وەک پرسێکی ئاسایشی، لە لایه‌ن دراوسێکانەوە بە ڕێژەی جیاواز پێناسە کراوە. لەم نێوەدا ئێران هەیە. ئێران یەکگرتووییی باشووری کوردستان وەک مەترسی دەبینێ و، سەربەخۆییی باشووری کوردستان وەک پرسێکی ئاسایشی و مەترسیدار هەژمار دەکات. بۆیە، کۆی گشتیی وێنای حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک پرسێکی ئاسایشیی لێ هاتووە، کە لای ئێرانییەکان خوازراو نییە. لە بەرامبەردا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەیە کە ئێرانییەکان دەسەڵاتێکی سنوردارکراویان بۆی دەوێ نە لە لایه‌ن یاسایییەوە، واتا دامەزراوەکان یەکتر هاوسەنگ بکەن. بەڵکوو سنوردارکراو لە لایه‌ن ئەکتەرەکانی ترەوە، بەو مانایە کە فرەکوێخایی هەبێ. بۆیە بارزانی ئەم شێوازە لە دەسەڵاتداریی بە هۆکارێک دەزانێ بۆ لەرزۆکبوونی هەرێم. لە لایەکی دیكه‌وه‌، سەرۆکی هەرێم سەربەخۆییی دەوێ، کە ئێرانییەکان وەک هەڕه‌شە بۆ سەر یەکگرتووییی وڵاتەكەیان هەژماری دەکەن و، سەرۆکی هەرێم وەک ئاسایشی شوناسی کورد. بەگشتی هەر دوو لا، بە دوای ژینگەی ئاسایشیی ئارامدا دەگەڕێن. بەڵام چۆن دەستەبەری دەکەن؟

بەهێزی و لاوازییەکانی ژینگەی ئاسایشیی بارزانی

باشووری کوردستان خاوەن پێگەیەکی بەهێزی جیۆپۆلیتیکییە، کە ئەم پێگەیه‌ تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی هاتنەکایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم چرکەساتەکانی هاتنەکایەی دەوڵەتی عێراق. بۆیە، پرسی کورد لەم بەشەی کوردستان لە ساڵانی ١٩٢٠ بەم لاوە، پرسێکی زیندووە، بەپێچەوانەی پارچەکانی دیكه‌ی کوردستان. لە بواری سیاسییەوە، ئەم هەرێمە خاڵی هاوسەنگیی نێوان دوو جەمسەربەندی بووە لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سوڤیه‌تدا. لە ئێستادا ناوەندی ژینگەی ئاسایشیی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوادایە، کە مانەوەی بۆ هێزە گەورەکان گرینگە.  لە ئاستی ناوچەییدا خاڵی هاوسەنگیی نێوان دوو هێزی ناوچەیی، واتا ئێران و تورکیا بووە. لەم ساڵانەدا، خاڵی هاوسەنگی و بەریەککەوتنی پرۆژەی شیعە و سوننە بووە. لە ئاستی خودی عێراقدا، خاڵی لاسەنگ (بە لای هەرکێدا بکەوێت سەری دەخات) و هاوسەنگیی کایەی سیاسییەکانی ناو ئەم وڵاتە بووە.

باشوور لە بواری جوگرافییه‌وه‌ دراوسێی ئێران، تورکیا، سوریا و عێراقە. بۆیە ئەگەر ئەو گریمانە وەک ئەساسێک وەربگرین کە دەڵێ، هەستیارترین خاڵی ئاسایشی وڵاتان لە دراوسێکانەوە دەست پێ دەکا. ئەوە باشوور دەستی بە هەموو ئەو سنوورانە دەگات. لە باکوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات، قووڵاییی ستراتژیکی هەیە و، لە لای عێراقەوە توانای سەقامگیریی سنووری کوردستانی هەیە کە بۆ سوننە و شیعە زۆر هەستیارە.

لاوازییەکانی حکوومەتی هەرێم، دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیریی دامەزراوەکانی هەرێم، بەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکان، پێناسەکردن و تێگەییشتن لە سیاسەت بە ئەقڵییەتی جه‌نگی سارد، ڕێکخستن و دیتنی پەیوەندییەکانی بە مەنتقی سەردەمی شاخ و، پێدانی بەهای زیاتر بە توانای دراوسێکان و نەدیتنی لاوازییەکانیان. زۆربەی ئەم لاوازییانە سەرچاوەی ناوخۆییی هەیە و، دراوسێکانی باشوور هەر لەم ڕێگەوە دزە دەکەنە ناو سیستەمەکە.

ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوەی ژینگەی ئاسایشی

کاتێک ئەمریکا بڕیاری نزیکبوونەوەی لە چین دا، بیری لەوە نەکردەوە ژاپۆن فەرامۆش بکات. کاتێک کۆماری ئیسلامی بڕیاری نزیکبوونەوەی لە ئەمریکا دا، بیری لە پەراوێزخستنی شیعەکانی لوبنان و عێراق و دەسهەڵگرتنی لە سووریای نەدا. کاتێک یەکێتیی سۆڤیه‌ت بڕیاری نزیکبوونەوەی لە ئەمریکا دا، بیری لە پەکخستنی هاوپەیمانەکانی نەدا. کاتێک پووتین بڕیاری نزیکبوونەوەی لە تورکیا دا، بیری لە فەرامۆشکردنی ئەرمینیا نەکردەوە و...هتد. ئەمانە و دەیان نموونەی دیكه،‌ پێمان دەڵێن ئەکتەرەکان چارەسەری ئارامکردنی ژینگەی ئاسایشیی خۆیان لە ڕێگەی پاشەکشێیەوە نابینن، بەڵکوو لە رێگەی دیتنەوەی دەروازەکانی هاوسەنگی و تێگەییشتن لە هەستیاریی ستراتیژیی لایەنی بەرانبەر، کارتی گونجاو بۆ گەمەکردن دەبیننەوە.

کارتی هاوسەنگی لە پەیوەندیی نێوان چین و ئەمریکا، ململانێی یەکێتیی سۆڤیه‌ت بوو. کارتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا، لاوازی و ناهەمواربوونی ژینگەی ئاسایشیی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی دەرەوە بوو. کارتی یەکێتیی سۆڤیه‌ت بەرامبەر بە ئەمریکا، توانای سەربازی بوو. پووتین تورکیای نوێ دەناسێ؛ بەر لەوەی دژی ڕووسیا بێ، بەرەو دژبوونی ئەمریکا و ڕۆژاوا دەڕوات. ئەم نموونانە پێمان دەڵێن کە ئارامکردنەوەی ڕكابه‌ر و نەیارەکان لە ڕێگەی تەسلیمکردنی کارتە ستراتیژییەکان نییە، بەڵکوو دیتنەوەی ئەو خاڵە ستراتیژیک و هەستیارانەیە کە دەوڵەتێک بە خۆیەوە خەریک دەکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبێ ئەو ڕاستییە بزانێ کە خاڵە هەستیار و سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بریتین له‌مانه‌: هیلالی شیعە، پەرتەوازەنەبوونی ماڵی شیعە، دەسڕاگەییشتنی ئاسان بە سووریا، مانەوەی لانی کەم هەرێمی کوردستان وەک بێلایه‌نێک لە گەمەی سوننە و شیعە، دەسڕانەگەییشتنی بارزانی بە سلێمانی، ڕاگرتنی ئیدارەکراوی ناکۆکیی نێوان هێزەکانی باشوور، ئاسایشی سیاسی و ئابووریی ئیڕان لە هەرێم، قووڵنەبوونەوەی پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت سعوودیا، ڕاگرتنی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە چالاکیی سەربازی و گەڕنەوەیان بۆ هەلومەرجی ڕابردوو، ئیسڕائیل نابێ بوونی لە هەرێم هەبێ، سوننەکانی عێراق نابێ دەستیان بە سنووری ئێران بگات و، هەرێم بیر لەوە نەکاتەوە کە جێگە و پێگەیەک بۆ موجاهدینی خه‌ڵقی ئێران لە هەرێم بکاتەوە و... هتد.

ئەوەی لە ماوەی ئەزموونی باشوور لەگەڵ ئێران دەردەکەوێ، ئەوەیە کە باشوور تا ئەم ساڵانەی دوایی لە هەموو ئەم بوارانە، وەک مەترسییەک بۆ ئێران هەژمار نەدەکرا. بەڵام لە کاتی هاتنەکایەی داعشەوە، هەرێم زۆرێک لەو هێڵە سوورانەی بەزاند و تا ڕادەیەک دەسەڵاتدارانی تارانی تووڕە کردووە. بۆیە لە ئێستادا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبێ ڕاوەستە لەسەر ئەوە بکات کە کامە خاڵ بۆ دانوستان دەبێ و، کامە خاڵ بۆ پاشەکشێ بە ئێرانییەکان. بەڵام نابێ لەیادی بکەن کە بەشێک لەم خاڵانە وەک خۆیان بمێننەوە. وەک چۆن ئەمریکا پاش نزیکبوونەوە لە چین، پەیوەندیی ستراتیژیکی خۆی لەگەڵ ژاپۆن لاواز نەکرد و، بەرامبەر بە یەکێتیی سۆڤیه‌ت، پاڵپشتیی چینی کرد. وەک چۆن کۆماری ئیسلامی، چەکی ناوکیی کردە قوربانی و، مانەوەی لە ناوچەکەدا کردە هێڵی مانەوەی خۆیی، چونکە دەیزانی ئەمریکا لەو بوارە لاوازە. چۆن پووتین ململانێی تورکیا و ئێران بەکار دێنێ بۆ دوورکەوتنەوەیان لە ئاسیای ناوەڕاست.

بەگشتی، تەنیا پۆلێنبەندیی ستراتژیکی بۆ ئارامکردنەوەی ژینگەی ئاسایشیی بارزانییە، کە دەتوانێ یارمەتیدەری سەرۆکی هەرێم بێ لەگەڵ ئێران و، دەبێ وا پێشان بدەن کە هێڵی سووریان نییە؛ بەڵام خاڵی هەستیاری لایه‌نی بەرامبەر دەناسن. واتا کراوەبوون بەرانبەر بە هەموو داواکارییەک تاکو لایانی بەرانبەر پەنجە نەخاتە سەر ئەو خاڵانە هەستیارانە کە تێچووی ستراتژیک زیاد دەکات.

 

دەرەنجام

لە کۆتاییدا، ژینگەی ئاسايشيى بارزانی لەگەڵ ئێران، پانتایییەکی فراوان دەگرێتەوە کە خاڵی لاوازی هەردوو لا، ناوخۆی ئەو وڵاتانەیە و، خاڵی بەهێزی هەردوو لا دەسڕاگەییشتنیانە بە دەرەوەی سنوورەکانیان. ئێران لە ئاستی ناوخۆدا ترسی ئەوەی هەیە کە بارزانی بە هاوکاریی جیهانی سوننە، ببێ بە مەکۆیەکی تر بۆ کوردی ڕۆژهەڵات و موجاهدینی خه‌ڵق و، پرۆژەی لاواز و لەناوچوونی کۆماری ئیسلامی، لە هەرێمەوە بەهێز بکرێت. هەرێم، ترسی لە ئێران هەیە کە ئیدارەی هەرێم لەیەک دابڕێنێت و، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی دەستوپێوەندەکانەوە ئاسایشی هەرێم بخاتە مەترسییەوە. بەڵام، بوونی ئیڕان لە هەرێم، بوونێکی فەرمییە، واتا دەوڵەتێک بە بێ گرێدراویی کەلتووری و مێژوویی لەگەڵ دانیشتووان بوونی هەیە، بۆیە ژینگەی کۆمەڵایەتی، که‌لتووری و سیاسیی کوردستان ئامادەیی ئەوەی تێدایە کە جێگا بە ئێران لێژ بکات. لە بەرامبەردا، بوونی هەرێم لە دیوی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە هەڵگری ناسنامەیەکی هاوبەشن و، ئەمە وای کردووە کە ژینگەی کۆمەڵایەتی، که‌لتووری و سیاسی، بۆ ئەوەی ئەگەر هەرێم بیەوێ کارێک بکات، ئامادە بێت. بەگشتی، هەموو ئەوەی باسی لەسەر کرا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرۆکی هەرێم وەک ئەکتەرێک سه‌ردانی ئێران ده‌كا، یان وەک کەسایەتییەک کە دەبێ وه‌ڵامی ئێرانییەکان بداتەوە؛ بەو مانایەی کە خۆی لە جێگه‌ و پێگەیەکدا ببینێ کە بەرامبەر بە ئێران لاوازە و، خۆیان خاوەنی هیچ توانایەک نەبینن. بۆیە، باشتر وایە بارزانی تەنیا ژینگەی ئاسایشیی خۆی نەبینێ، بەڵکوو ئەوەیش بزانێت کە لایه‌نی بەرامبەریش کۆمەڵێك کێشەی هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك هەڕەشەی له‌سه‌ره‌‌. بە گشتی ئێران نایهەوێ هەرێم و بارزانی گەورە بن. هەرێمێکی دەستەمۆ و بارزانییەک کە لە ئاستی پارتی دیموکراتدا بێ، خوازیاری ئەوانە.