ئۆجەلان؛ بارمتەی سیاسەت و ئاسایش

پوختەی باسه‌کە:

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە کاتی دەسبەسەربوونی تاکو ئەمڕۆ لە وێستگەی جیاواز دەرکەوتووە، بێدەنگ بووە یان بێدەنگ کراوە. هەموو ئەمانە پێشان دەدا کە ئۆجەلان هەڵگری ڕۆڵ یان ڕۆڵگەلێکە کە دەبێ لە بەستێن و کاتی جیاوازی خۆیدا خوێندنەوەی لەسەر بکرێت. واتا چ کاتێک ئۆجەلان قسە دەکات، چ کات بێدەنگ دەبێ و چ کاتێک بێدەنگ دەکرێ؟ بە ئاوڕدانەوە لەم هەلومەرجە، دەبێ ڕاوەستە لە سەر ئەوە بکەین کە ئەم پیاوە لە چ هەلومەرجێکدا دەژی، پێگە و تواناکانی ئەو لە چ خانەیەکدا بەرجەستە دەکرێنەوە یان گرینگی پەیدا دەکه‌ن. لەم سۆنگەوەیە کە لە گەمەی نێوان په‌كه‌كه و دەوڵەتی تورکدا، دەبێ ڕاوەستە لەسەر سیاسەت و ئاسایش (ئه‌منییه‌ت) بکەین. ئۆجەلان لە گەمەی نێوان ئەم دووانەدا ڕۆڵی هەیە و هێندێ جار خۆیشی ڕۆڵ دەگێڕێ. جا بۆ تێگەییشتن لەم ململانێیە، ئاوڕ لە سیاسەت و ئاسایش دەدەینەوە کە چۆن ئۆجەلان دەکەنە بارمتەی خۆیان.

 

پێشەکی:

سیاسەتی کورد و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردووە، دوورە لە فۆرمی فەرمی و باو. واتا، بەریەککەوتنی کورد و داگیرکەر لە ڕه‌گه‌زی سیاسەتی باو نییە. بەڵکوو داگیرکەر هەوڵ دەدا کە سیاسەتی خۆی نۆرماڵ بکاتەوە و شێوازێکی ئاسایی بەو سیاسەتانە ببەخشێ. کوردیش هەوڵ دەدا کە گۆڕان لە کۆی ئەو سیاسەتانەدا پێک بێنێ. چونکە بەها، سەرچاوەکانی هێز، شەرعییەت و ململانێ بۆ ئیدارەی وڵات هەڵگری ئەو ویست و ئامانجانە نین کە کورد دەیهەوێن و لە هەمان کاتیشدا داگیرکەر وەک گوتار (دیسكۆرس)ی زاڵ و فەرمی پەیڕەویان دەکات. بۆیە لە دەرەنجامی ئەم بەریەککەوتنە، کورد دەیەوێ کۆی پێکهاتەی دەسەڵاتداری بگۆڕێت و داگیرکەریش دەس بە پێکهاتەکەوە دەگرێ  و بەردەوام هەوڵ دەدا کە بە مکانیزمی جۆراوجۆر بیپارێزێ. بۆیە ئێمە لەگەڵ دوو چەشنە سیاسەتدا ڕووبەڕووین: سیاسەتی بەرەنگاری و سیاسەتی فەرمی. لە بەرەنگاریدا مەبەست بەخشێنی ناسنامەیەکی ترە بە سیاسەت و، لە سیاسەتی فەرمیشدا هێشتنەوەی پێگە و ڕێگەی دەوڵەتە لە ئاراستە و دابەزاندنی ئەم سیاسەتە.

ئاسایش، زاڵترین ئامرازی ناو ململانێی دەوڵەتی داگیرکەر و کوردە. ئەمنییەت ئامانجێکە بۆ دەوڵەت کە لەو ڕێگەوە هەموو تواناکانی دەوڵەت دەخاتە گەڕ بۆ بەدیهێنانی. ئاسایش بۆ کوردیش ئامرازێکە تاکو لەو ڕێگەوە هەیمەنە و تواناکانی دەوڵەت بێمانا بکات. لەم ڕەوتەدا دەوڵەت ڕۆژانە ئاسایش ساز دەکات و بە فۆرم و گوتاری جیاوازەوە بەرەوڕووی کۆمەڵگه‌ی دەکاتەوە. لە لایەکی تریشەوە کوردیش بێواتابوونی دەباتە ژێر پرسیارەوە. لە دابەزاندنی ئەم ئاسایشە پەنا بۆ بەستێنی کۆمەڵایەتی، که‌لتوور و بەڕێوەبەرانی ئاسایش دەبا و کوردیش لە ڕێگەی بەستێنی کۆمەڵایەتی و که‌لتوورەوە هەوڵی پەراوێزخستنی بەڕێوەبەرانی ئاسایش دەدات. واتا هەردوو لا، لە فۆرمی سێ کوچکەیەکدا دەردەکەون کە کاراکتەری سەرەکی لە لای هەردوو لا، ئەو کەسانەن کە بوونی ئاسایش دەستەبەر دەکەن و ئەوانەی کە بێواتای دەکەن. بە واتا سادەکەی، دەزگا ئەمنییەکان (ئاسایشییه‌كان)ی تورک و په‌كه‌كه.

لە کۆی ئەمانە، وەک گریمانەیەکی سەرەتایی دەتوانین ئاوا ئاماژەی پێ بکەین کە لەم ساڵانەدا سیاسەتی کورد و تورک لە تورکیا قۆناغی جیاوازی بە خۆیەوە بینی. ئەویش ئەو کاتانەیە کە ململانێی کورد و تورک لە نێوان نۆرماڵبوونەوەی سیاسەت و ئاسایشیبوونی سیاسەت، بەدی دەکرێ. کاتێک کە پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ کرد، ئەوەی مەبەست بوو کەمڕەنگکردنەوەی ئاسایش لە سیاسەتدا بوو. کاتێکیش ئەم پرۆسەیه‌ لاواز دەبێ، واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ئاسایش پڕڕەنگ دەبێتەوە. لەم نێوەدا کەسایەتییەک ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، ئەویش ئۆجەلانە. "ئاپۆ" بە هێنانەئارای گوتارێکی نوێ، ڕێگای بۆ دەوڵەتی تورک خۆش کرد بۆ ئەوەی بتوانێ زۆرتر بیر لە سیاسەت بکاتەوە له‌ بری ئاسایش. لە هەمان کاتیشدا وای کرد کە "په‌كه‌كه"یش پاڵ بە بەهای نوێوە بدات تاکوو دەسپێکی پرۆسەی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتێک، کە وەک دێوەزمە پێناسەی کردبوو، قبووڵ بکات.

ئەم پرۆسەیه‌ لە ماوەیەکدا توانیی ڕێڕەوی خۆی ببینێتەوە و وەک سەردەمێکی نوێ خۆی بنوێنێ. بەڵام دواجار تێک چوو. پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە جیاواز لە په‌كه‌كه و دەوڵەتی تورک، ئۆجەلان چ ڕۆڵێک لەم پرۆسەدا دەبینێ، بەتایبەت لە ئێستادا کە ململانێی په‌كه‌كه و دەوڵەتی تورک لە بەرزترین ئاستی خۆیدایه‌؟

ئۆجەلان وەک بارمتەی سیاسەت

ئەوەی لێرەدا باس دەکرێ ئۆجەلانی پاش دەسبەسەربوونە، نەک ئاپۆی گەنج کە خولیاکانی، دەربازبوون بوو لە هەموو جۆرێکی سیاسەتی داگیرکەر. بەڵکوو ئۆجەلانێکە کە بڕوای بە سیاسەت هەیە و بۆ ئەم بڕوایە، پاساو و بیرۆکەی خۆی هەیە.

ئۆجەلان لە پاش دەسبەسەربوونی، ڕۆڵی بارمتەی سیاسەتی هەبووە. واتا کاراکتەری سەرەکیی ئۆجەلان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چۆن بتوانێ ڕۆڵ لە سیاسەتی باودا بگێڕێ. واتا دەبێتە بارمتەی سیاسەتی تورک، کاتێک بیەوێ شەرعییەت بە پرۆسەی سیاسی بدات و، دەبێتە بارمته‌ی په‌كه‌كه، کاتێک بیەوێ سیاسەت لەگەڵ تورکیا دەست پێ بکات.  سەرەتاکانی ئەم ڕۆڵە، لەوەوە دەستی پێ کرد کە بیرۆکە نوێیەکانی ئۆجەلان دەرفەتی ئەوەیان پەیدا کرد کە دزە بکەنە دەرەوە و وەک سیمایەکی نوێ ئەو ئیمکانە پەیدا بکه‌ن کە شۆڕ ببنەوە بۆ لای لایانگران و پارتەکه‌ی. پرۆسەی دابەزینی هزره‌كان و بیرۆکە نوێیەکانی ئۆجەلان، جێگه‌ی خۆیان پەیدا کرد. تورکیا کە بە هۆی بەهێزبوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی " ئاکپارتی" و مانیفێستی عوسمانییە نوێیەکان، پێویستیی بە بیرۆکەگەلێک هەبوو کە کۆی سیاسەتی تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوە بەرەو کەمکردنەوەی ڕێژەی ناکۆکییەکان ببات. لە ئاستی ناوخۆ په‌كه‌كه یەکێک بوو لە کێشە سەرەکییەکان. بەڵام په‌كه‌كه بە مکانیزم و ئەقڵییەتی ڕابردوو، نەیدەتوانی لە هاتنەکایەی ئەم هەلومەرجە نوێیەدا خۆی بگونجێنێ. بۆیە کاتێک بیرۆکەکانی ئۆجەلان ڕوویان لە پانتای سیاسیی تورکیا و کوردستان کرد، هەڵگری هەموو ئەو تایبەتمەندییانە بوو کە هەم یارمەتیدەری تورکیا بوو و هەمیش یارمەتیدەری په‌كه‌كه.

لەم قۆناغە بە دواوە قسەی ئۆجەلان، بوو بە مەرجەع. مەرجەع، بەو مانایە کە دەوڵەتی تورک خۆی وەک نزیک لە ئۆجەلان و بیرۆکەکانی پێشان بدات. په‌كه‌كه‌یش بەو مانایە کە دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابە"، ناچاری دەکرد کە ڕێگه‌ی دەربازبوونی لە قسەکانی ئۆجەلان نەبێ. لێرەدا سیاسەتێک بوونی هەیە کە هەردوو لا دەیانهەوێ جێبەجێی بکەن و ڕۆڵی ئاسایش تێیدا کەم ببێتەوە. بۆیە پانتای گەمەی سیاسیی تورکیا، بە دانوستانەوە خەریک دەبێ. بارمتەی هەردوو لایش، ئۆجەلانە. چونکە ئۆجەلان هەڵگری بیرۆکەیەکە کە "برایەتیی گەلان" نوێنەرایەتیی دەکات و تورک پێویستیی بەو گوتارە هەیە و په‌كه‌كه‌یش لەم گوتارەدا تواوەتەوە. هەر کاتێکیش کێشەیەک دەهاتە پێش، ئۆجەلان ئەو بارمتەیەیە کە چارەسەری لایە. بۆیە هاتوچۆکردن بۆ لای ئۆجەلان، پەیام، قسە و وێنەکانی، هەموو لایەک دەتەنێتەوە.

کاتێک دەڵێن ئۆجەلان بارمتەی سیاسەتە، بەو مانایە دێ کە ئەگەر دەوڵەتی تورک خوازیاری ئاساییکردنەوەی سیاسەت لەگەڵ کورد بێ، پەنای بۆ دەبا و، په‌كه‌كه‌یش ئەگەر بیهەوێ بچێتە ناو هەر پرۆسەیەکی سیاسییەوە، ئۆجەلان دەکاتە مەرجەع، یان مەرج.

ئۆجەلان وەک بارمتەی ئاسایش

ئۆجەلان لە سەرەتاکانی پێکهێنانی په‌كه‌كه تاکو کاتی دەسبەسەرکردنی، وەک کاراکتەری دژی ئاسایش لای تورکیا پێناسە دەکرا. بەڵام کاتێک کەوتە زیندانی دەوڵەتی تورکەوە، ئیتر دەرەتانێک نەما بۆ ئەوەی ئۆجەلان وەک جاران بە کاراکتەری دژە ئاسایش پێناسە بکرێت. بۆیە، زۆرتر ڕاوەستە لەسەر په‌كه‌كه کرا و، په‌كه‌كه ڕۆڵی "دێوەزمەکە"ی لای تورکیا گێڕا، بەڵام ئۆجەلان وەک کاراکتەری ئاساییکردنەوەی ئاسایش کاریگەریی خۆی هەبووە. بە دەسپێکی پرۆسەی ئاشتی، ئۆجەلان بارمتەی ئاسایشی دەوڵەتی تورک بووە، بەو مانایەی کە لەو ڕێگەوە خەباتی چەکداریی په‌كه‌كه له‌ مانا داده‌ماڵێت و بارمتەی په‌كه‌كه بووە، بەو مانایە تاکو دەنگێک لە سەرۆکەوە نەبێ، "تێکدانی" ئاسایشی دەوڵەتی تورک بەردەوامیی دەبێ.

پەیام، قسە و ماناکانی ئۆجەلان لە دەسپێکی پرۆسەی ئاشتییەوه‌ ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە بۆ ئەوەی دەزگه‌ و نیزامی ئاسایشی تورکیا بەرامبەر بە کورد لاواز بکرێت. کاتێک دەوڵەتی تورک قبووڵی دەکا کە پرۆسەی ئاشتی لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە دەست پێ بکات، ئیتر به‌ئاسایشیکردنەوەی پرسی کورد دێتە لاوازترین ئاستی خۆی و، دەوڵەت ناتوانێ درێژە بە مەنتقی دێوەزمە بدات. لە هەمان کاتیشدا کاتێک په‌كه‌كه، ئۆجەلان وەک مەرجەعی سەرەکی و شەرعیی خۆی دەزانێ، ئیتر پەنابردن بۆ خەباتی چەکداری ناتوانێ مانا و واتای جارانی هەبێ. لە ململانێی دەوڵەتی تورک و په‌كه‌كه لە کاتی پرۆسەی ئاشتیدا، بە دەیان جار ئۆجەلان ئەو بارمتەیه‌ بووە کە هەوێنی لاوازی و زەقبوونەوەی ئاسایشی گێڕاوە. وێنای ئەوە بکەن کاتێک دەوڵەتی تورک دەیهەوێ گوشار بخاتە سەر په‌كه‌كه، ڕێگه‌ لە ئۆجەلان دەگرێ و پاڵ بە په‌كه‌كه‌وە دەنێ کە وەک ڕابردوو سەیری بکرێت، وەک کاراکتەری دژە ئاسایش. لە هەمان کاتدا وێنای ئەوە بکەن کاتێک په‌كه‌كه دەیهەوێ شەرعییەتی ململانێی ڕۆژانەی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی تورک درێژە پێ بدات، ئۆجەلان و هەلومەرجەکەی، دەبنە باشترین بیانوو بۆ ئەوەی درێژە بە چالاکییەکان بدرێت.

بە گشتی، ئۆجەلان ئەو کەسەیە کە ڕۆڵی بەرچاو لە به‌ئاسایشیکردنەوەی ململانێی په‌كه‌كه و دەوڵەتی تورک دەگێڕیت و، لە هەمان کاتیشدا ڕۆڵی سەرەکی لە لاوازکردنی بەئاسایشیکردندا دەبینێ. بۆیە، ڕۆژەڤەکان دیاری دەکەن کە لە کوێدا ئۆجەلان بارمتەی ئاسایشە و لە کوێدا بەئاسایشیکران لاواز دەکات.

 

دەرەنجام

لە کۆتاییی بابەتەکه‌دا دەتوانین ئاوا وێنای بکەین کە لەمڕۆدا ئۆجەلان بارمتەیەکە کە دەوڵەتی تورک و په‌كه‌كه بەکاری دێنن. ئەم بارمتەگرتنە، پەیوەندیی ڕاستەخۆی هەیە بەوەی کە سیاسەت لە لای دەوڵەتی تورک بەرەو چ چارەنووسێک دەڕوا و، سیاسەت لای په‌كه‌كه بە دوای چیدا دەگەڕێ. لە لایەکی ترەوە ئۆجەلان چ ڕۆڵێک لە بەئاسایشیکردنەوە و لاوازکردنی ئەم بەئاسایشیکردنەوە دەبینێ. لە هەموو دونیا، بارمتە کەمترین ڕۆڵی لە میکانیزم و جۆری دەربازبوونیدا هەیە. لە نموونەی ئۆجەلان، جارێ نە تورکیا بەتەواوی دەیەوێ ئەم بارمتە ڕۆڵ بگێڕێ و، هەروەها په‌كه‌كه‌یش زۆر خوازیاری ئەوە نییه‌ کە ئەم بارمتەیه‌، جارێ ڕۆڵی هەبێ. بەڵام  ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێ کە بارمتەیەک لە ئاست و پێگەی ئۆجەلان، تا کۆتایی بیەوێ لەم پێگەیه‌دا بمێنێتەوە. چونکە لە ئێستادا بزاڤی شاریی باکووریش، خەریکە، یان به‌نیازه‌ ڕۆڵی لە گەمەی دەوڵەتی تورک و په‌كه‌كه‌دا هه‌بێ. بۆیە دەتوانین وێنای ئەوە بکەین کە بە زیادبوونی ئەکتەری سێیەم، چارەنووسی بارمتەکە بە کوێ دەگات.