ڕوانگە و سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر خۆپیشاندان و گۆڕانکارییە ناوخۆیییەکانی ئێران

د. چنار بابەکر محەمەد، دکتۆرا لە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی - کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی سەڵاحەددین

پێشەکی

خۆپیشاندانەکانی ئەم جارە لە ئێران لە ڕووی قووڵی و پانتایییەوە سروشتێکی تایبەتی هەیە؛ یەكەم جارە لە ساڵی ١٩٧٩وە بزاڤی ناڕەزایی، سەرجەم دابەشبوونە ئیتنی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە سەرەکییەکان تێ دەپەڕێنێت و فۆکس دەخاتە سەر ڕووخاندنی ڕژێم وەکوو تاکە دروشم و داواکاری. بێجگە لەوە ئەم جارە ئافرەت لەم خۆپیشاندانانەدا ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕی؛ تەنانەت باس لە بابەتێکی جەوهەری دەکات، کە پێشووتر باسکردنی قەدەغە بووە، ئەویش پابەندنەبوونە بە "حیجاب". ئەم جارە ڕێژەی بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە هەڵکشانە، تا ئەو ڕاددەیەی چینە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە وردە وردە بەشداریی تێدا دەکەن؛ هەر لە کەسانی سەر بە ئەرتەشەوە بگرە تا دەگاتە کەرتە سەربازییەکانی تر و کارمەندانی دەوڵەت و کەسانی سەر بە کەرتی گشتی و تایبەت لە بوارەکانی پیشەسازیی نەوت و گاز، کە لە ساڵی ١٩٧٩ بەشداریکردنیان لە ناڕەزاییدەربڕین کاریگەریی یەکلاکەرەوەی هەبوو.

یەکەم جارە گەلانی ئێران لە ناوچە جیاجیاکان و بە ئایدیۆلۆژیای جیاواز بە هۆکاری دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە کوشتنی "ژینا ئەمینی"، کە کچە کوردێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی شاری "سەقز"ە، بۆ ماوەی نزیکەی چوار هەفتە بێ دابڕان بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان. ئەم جارە بەپێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی پێشووتر گرووپی گوشاری نافەرمیی ئێران نەیتوانی پەیوەندی بە کۆشکی سپیی ئەمریکاوه‌ بکات؛ ئەگەرچی بەپێی دانپێدانانەکانی جێك سولیڤان، یاریدەدەری پێشووی ئیدارەی ئۆباما و ڕاوێژکاری ئێستای ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا لە ئیدارەی جۆ بایدن، ئەوا لە ڕابردوودا کۆشکی سپی بەرەو ئەو باوەڕە پاڵ دەنرا، گوایە "ئەگەر ئەمریکا قسەی تێدا بکات، ئەوا هەوڵەکانی خۆپیشاندەرانی ئێران لاواز دەکات و هاوکارییان ناکات".

پێ دەچێت ئەم جارە کۆشکی سپی لە هەڵەکانی ڕابردووی فێر بووبێت. ئەم جارە ئیدارەی بایدن بە شێوەیەکی جیاواز وەڵامی هەبوو: بایدن ڕێبازێکی یەکلاکەرەوەی گرتە بەر و هەر لە سەرەتاوە پشتگیریی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕی. سەرەڕای هەوڵدانی بەرگریکارانی ڕژێم لە ڕۆژاوا، بۆ سنووردارکردنی داواکارییەکانی ئێرانییەکان تەنیا لەناو بابەتی حیجابی زۆرەملێ، دەبینین ناڕەزایییەکان زۆر لەو خواستە زیاتریان تێ پەڕاند.

جۆ بایدن ڕای گەیاند، کەوا وڵاتەکەی سزا بەسەر بەرپرسە ئێرانییەکان دەسەپێنێ و خەرجی زیاتر دەسەپێنێ بەسەر ئەنجامدەرانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندانەکان و ڕای گەیاند، کەوا خۆپیشاندەران داوای دادپەروەریی گشتگیر دەکەن و، دەڵێ ئازایەتیی ئافرەتانی ئێران ئیلهامبەخش بووە بۆ جیهان. لای خۆیەوە ڕابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی،  لە گوتارێکیدا   ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرپرسیار کرد لەو خۆپیشاندانانە و باسی کرد، "ئەم ئاژاوەگێڕییە لەلایەن دوژمنانی ئێران و هاوپەیمانەکانیان نەخشەی بۆ داڕێژراوە" و گوایە تیایدا کتێبی پیرۆزی ئیسلام سووتێنراوە.

 ئەگەرچی دامەزراوە و کەسایەتییەکانی وابەستە بە ئێران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵیان داوە ئەو چیرۆکەی پەیوەستە بە خۆپیشاندانەکان بگۆڕن، بەڵام هەوڵەکانیان تا ئێستا ڕەت کراوەتەوە. بە یەکگرتنی بێوێنەی گەلانی ئێران لەم خۆپیشاندانانە و بەرزکردنەوەی خواستەکانیان بە شێوەیەکی ئاشکرا، پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ خۆپیشاندانەکان زیادی کردووە و لە بەرامبەردا دەنگی ڕژێمی ئیسلامی لە ڕۆژاوا لە کزبوونە. لە لایەکی ترەوە لە ڕێگەی دیاسپۆرای ئێرانه‌وه‌ بەفراوانی پشتگیری لە خۆپێشاندەران کرا، بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و ئەوروپا. سەرەڕای ئەو کۆت و سزا توندانەی کە حکوومەتی ئێران لە دژی نەیارانی ڕژێم - تەنانەت لە دەرەوەی ئێران -سەپاندبووی، کە پێشتر بێهیوا بوون، بەڵام نەیارانی ڕژێمی ئێران تەنیا داوای چاکسازی ناکەن، بەڵکوو بوێرانە داوای گۆڕینی ڕژێم دەکەن.  

ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە ڕووخانی ڕژێمی ئێستای ئێران دەکات؟

لەگەڵ ئەوەی کۆشکی سپی پشتگیریی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەكانی ئاشتییانە دەبڕیوە و داواکارییەکانیانی بە ڕەوا ئەژمار کردووە و وەزارەتی دەرەوە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئیدانە کردووە، ئێمە پێمان وایە، ئیدارەی ئەمریکا، کە هێشتا لە هەوڵی دانوستانە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ ڕژێمی ئێران، لە ڕابووردوو سیاسەتی لەئامێزگرتنی ئێرانی پەیڕەو دەکرد، بەڵام ئێستا سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەی گرتۆتە بەر، کە ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:

١- سەرەڕای ئەوەی کە بژاردەی سەربازی بەتەواوی بەدوور دەبینرێت، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوە لە شێوەیەکی ئابووری بوونی هەیە و کۆڵەکەی ئابووریی ئێران بەئامانج گیراوە؛ ئەو کۆڵەکەیەی لەسەر هەردوو باڵی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ جیهاندا بنیات نراوە. ئەمریکا لە ڕابردوو، کاری کرد لەسەر ئەوەی ڕێگر بێت لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە و، بۆ پڕکردنەوەی بەشی ئێران لە بازاڕەکانی نەوت لە جیهان لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی ڕێ کەوت. هەروەها ئەمریکا كۆمه‌ڵێك بڕیاری دەرکرد بۆ ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کۆمپانیا جیهانییەکان لەگەڵ ئێران. کۆمپانیاکانی ئەوروپا پابەندی ئەو بڕیارانە بوون، ئەمەیش بووە بارگرانیی زیاتر بۆ ئابووریی ئێران و، کاردانەوەی خراپی هەبوو بۆ سەر شەقام و بازاڕی ئێران، کە شادەماری ئابووریی ناوخۆی ئێرانە.

٢- ئەمریکا هەوڵی دا شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئێران، لە گۆڕەپانی عەرەبییەوە (بەتایبەتی لە عێراق و سووریا و یەمەن) بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران. پێشووتر ئێران خۆی گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ ئەمریکای دیاری دەکرد و، ئەمریکای ناچار دەکرد لەسەر ئەو گۆڕەپانە بەپێی ویست و پلانەکانی ئێران ڕەفتار بکات، بەڵام ئێستا ئەمریکا لە ڕێگەی ستراتیژیی نوێی، شەڕەکەی گواستۆتەوە بۆ ناوخۆی ئێران و سروشتی شەڕەکەی لە سەبازییەوە گۆڕیوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئابووری. بەهۆی ئەم ستراتیژییە نوێیەی، ئەمریکا توانی ئێران دووچاری گرفتی ئابووری لە ناوخۆ بکات و، ئەمەیش بووە مایەی دروستبوونی ناڕەزایی و ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران دژ بە ڕژێم و سیاسەتەکانی.

٣- هەڵوەشاندنەوەی ڕێکكەوتنی ئەتۆمی لە سەردەمی سەرۆك دۆناڵد ترامپ و بێئەنجامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن، تەنیا کاریگەریی نەبووە لەسەر لایەنی ئابووری و سەربازی، بەڵکوو کەلێن و ململانێکانی لە نێوان بەرەی چاکسازی و توندڕەوی لە ئێران زیاد کرد. ئەمەیش بەئاشکرا لەم خۆپیشاندانەی ئێستا بەدی دەکرێت؛ کاتێ کەسانی سەر بە بەرەی چاکسازی پەنجەی تۆمەت بۆ توندڕەوەکانی خاوەن دەسەڵات دڕێژ دەکەن و بەئاشکرا لایه‌نگری له‌ خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەکەن، کە دژ بە حکوومەتی ئێران و بە مەبەستی ڕووخاندنی حکوومەت و ڕژێم ئەنجام دەدرێن.

ڕاستە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دیپلۆماسییەت بە باشترین بژاردە دادەنێ بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، تا دڵنیا بێت لەوەی ئێران هەرگیز نەبێت بە خاوەن چەکی ئەتۆمی و، بەردەوام دەبێت لە گەڕانەوە بۆ پلانی کاری گشتگیری هاوبەش لەگەڵ ئێران، کە لە بەرژەوەندیی نەتەوەییی ئەمریکا تەواو دەبێت، بەڵام ئەم ستراتیژییە نوێیەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران بە مەبەستی تێکدانی ستوونە ئابووری و سیاسییەکانی ئێران و گرەوکردنە لەسەر فاکتەری کات، کە دواجار ڕووخاندنی ڕژێم لەگەڵ خۆی دەهێنێ؛ جا چ لە ڕێگەی گوشاری جەماوەری بێت، یان لە ڕێگەی ململانێی سەربازی، ئەگەر بەرەی توندڕەوی ئێران بڕیاری زیادکردنی گرژییەکانی دا لە ڕێگەی سەربازییەوە. ئەمەیش هەمان ئەو ستراتیژییەیە، کە ئەمریکا کاتی خۆی بەرامبەر بە عێراق پەیڕەوی کرد بۆ لاوازکردنی ڕژێمی سەددام، پیش ئەوەی هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە.

ئەگەرچی ڕێژەی تووڕەبوونی جەماوه‌ر لە ئێران زیادی کردووە و ڕێساکانی پابەندبوون بە حیجاب لەلایەن جەماوه‌ر ڕەت دەکرێتەوە و ڕژێم هەوڵ دەدات خۆپیشاندانەکان بە بەکارهێنانی هێزی ڕەق دامرکێنێ، بەڵام ڕێکكەوتنی ئەتۆمی دەتوانێ دەسکەوت بێت بۆ ئێران و ئەمریکا. جێك سولێفان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییی کۆشکی سپی، پێی وایە دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە هیچ شێوەیەك ڕێگر نابێت لەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەنگاو بگرێتە بەر بۆ بەرپەرچدانەوەی دەسەڵات لە ئێران، كاتێ كه‌ ئەو دەسەڵاتە پاش کوشتنی ژینا ئەمینی خۆپیشاندانەکان بە بەکارهێنانی هێز سەرکوت دەکات.

لەوانەیە بەردەوامبوون لە خۆپیشاندانەکان ببێتە مایەی سستبوونی لایەنی ئێران بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان، تا بە شێوەی لاواز دەرنەکەوێت. لەگەڵ ئەوەی واشنتۆن لە ئێستادا ئیدانەی ڕەفتاری حکوومەتی ئێران دەکات، لە هەمان کاتدا ئیدارەی بایدن کار دەکات بۆ بەهێزکردنی گەلی ئێران لە پێناو گەیشتن بە مافە جیهانییەکان. لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، گەلی ئێران ئازادانە لە پەیوەندی بێت لە ناوخۆ و لەگەڵ جیهانی دەرەوە؛ هه‌رچه‌نده‌ ژمارەیەك لە ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران لە ئەمریکا داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەن هەڵوێستی توندتر بەرامبەر بە کردارەکانی ئێران لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران بنوێنێت.

ئێمە پێمان وایە ئەمریکا تەنیا بە زارەکی پاڵپشتیی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و لەوانەیە مەرجە سەپێنراوەکان لەسەر فرۆشتی تەکنەلۆژیای ئینترنێتی هەڵبگرێت، تا هاووڵاتیانی ئێران بتوانن ئینترنێت بەکار بهێننن و لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە پەیوەندیدا بمێننەوە، بەڵام ئایا ئەم جۆرە هەڵوێستانە تاچەند هاوکاریی سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکان دەکات؟

حکوومەتی ئێران و هەڵوێستی بەرامبەر دەرەوە

حکوومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، کە لە توندڕەوەکان پێک هاتووە، بە دیدێکی توندڕه‌وی دەڕوانێتە کێشەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووریی نیشتمانی. تا ئێستا نە ڕەئیسی و نە ڕابەری باڵای ئێران نەرمییان نەنواندووە بۆ لابردنی کۆتوبەند بەسەر ئافرەت، کە لەناو ئایدیۆلۆژیای سەرانی ئێران و دەسەڵاتەکەی ڕەگی داکوتاوە. لەوانەیە حکوومەتی ئێستا بۆ هێورکردنەوەی تووڕەییی خۆپیشاندەران هەندێ چاکسازیی ڕووکەشی ئەنجام بدات، لە بری ئەوەی چاکسازیی کۆمەڵایەتیی قووڵتر بگرێتە بەر. 

لەوانەیە ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە‌، کە پەیوەستن بە پۆلیسی ئەخلاق، هاوکار بن لە هێورکردنەوەی شەپۆڵی ئێستای ناڕەزایەتییەکان، بەڵام ئەم ناڕەزایەتییانە لە چەند هەفتەی ڕابردوو سەرجەم وڵاتی ئێرانی گرتۆتەوە و زۆرێك لە ئێرانییەکان هاوڕا نین لەگەڵ ئەو ئایدیۆلۆژیایەی، کە دەسەڵاتی ئێران بەسەر گەلانی ئێران دەیسەپێنی. ئەگەر بزوێنەری سەرەکیی خۆپیشاندانەکانی ئێستا سەبارەت بە کوشتنی ژینا ئەمینی چارەسەر نەکرێت، ئەوا لەوانەیە خۆپیشاندانەکان لە داهاتوودا لە ڕووی قەوارە و و شوێنەوە فراوانتر و زیاتر بێت، چونکە ئەو گەنجانەی لەناو ئێران دەژین و لەلایەن ڕژێمێکی ئایینییه‌وه‌ فەرمانڕەوایی دەکرێن، زیاتر لە نەوەکانی پێشووتری خۆیان توانای گەیشتنیان هەیە بە زانیاریی لە دەرەوە؛ بۆیە بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی بەها ماوەبەسەرچووەکانی حکوومەتەکەیان.

ئێران بە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان هەوڵ دەدات لە دەرەوە لاواز دەرنەکەوێت؛ ئەمەیش دەبێتە هۆکارێکی تر بۆ ئەوەی دانوستانەکان سەبارەت بۆ دۆسیەی ئەتۆمی بەرەوپێشەوە هەنگاو نەنێت. لە ڕاستیدا زیادکردنی ئاستی خۆپیشاندانەکان لە ناوخۆی ئێران، حکوومەتی ئێران دەخاتە ناو هەڵوێستێکی لاواز لە ناوخۆ و لە دەرەوە؛ ئەمەیش وا دەکات ئێران لە دەرەوە دەستپێشخەری بکات بۆ نمایشکردنی هێز و بەرگریکردن لە وێنەی ئێران لە دەرەوە. ئێران نایەوێ وا دەرکەوێ، کە ملکەچی خواستەکانی دەرەوە دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر بابەتەکان پەیوەست بن بە کێشەیەکی هەستیاری وەکوو بەرنامە ئەتۆمییەکەی. تا ئەو کاتەی ئێران نەتوانێ خۆپیشاندانەکان لە ناوخۆ کۆنترۆڵ بکات، هەڵوێستی بۆ دەرەوە زیاتر توندیی پێوە دەبینرێ؛ ئەمەیش دەبێتە مایەی زیادبوونی گرژییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی.

لە کۆتاییدا

ئێمە پێمان وایە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی زارەکی و هاوکاریی هاووڵاتیانی ئێران دەکات، تاوەکوو بتوانن دەنگی خۆیان لە ڕێگەی ئینترنێتەوە بە دەرەوە بگەیەنن. هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ خۆی لەناو کێشەکانی ناوچەکە ناگلێنێت و بەوردی چاودێریی دۆخی شڵەژاوی ئێستای ناوخۆی ئێران دەکات، تا بۆی ڕوون دەبێت ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایییانە بەرەو چ ئاراستەیەك دەڕوات. ئەمریکا بێچگە لە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر گەورە بەرپرسانی ڕژێم لە ئێران و ئیدانەکردنی ڕەفتارەکانی سوپای پاسداران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەکارهێنانی مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەڵوێستی تری یەکلاکەرەوە نانوێنێت. هەروەها ئێمە پێمان وا نییە ئەمریکا لەم قۆناغەدا هاوکاریی لۆجیستی پێشکەش بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بکات و، سیاسەتەکانی بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی كوردستان وەکوو هاوبەشی ستراتیژیی ئەمریکا لە ناوچەکە گۆڕانکارییه‌كی ئەوتۆێ لێ چاوەڕوان ناکرێت.

 

سەرچاوەکان

Fassihi, Farnaz and Jane Arref, “Protests in Iran, spread, Including to Oil Sector, Despite Violent Crackdown” October 12, 2022, available at: https://www.nytimes.com/2022/10/12/world/middleeast/iran-women-protests-strike.html

Moghadam, Arshin Adib “Iran: the hijab protests are now massive, but a revolution will need the military to change sides”October 10. 2022, available at: https://theconversation.com/iran-the-hijab-protests-are-now-massive-but-a-revolution-will-need-the-military-to-change-sides-191786

Turak, Natasha, “Mass protests in Iran, sparked by woman’s death in police custody, are the regime’s biggest challenge in years” Sep 26, 2022, available at: https://www.cnbc.com/2022/09/23/mass-protests-in-iran-is-the-regimes-biggest-challenge-in-years.html

Asharq o Al-Awsat, “US Supports Iran Protests, Lawmakers Condemn Biden for Lack of Action”Sep 27, 2022, available at: https://english.aawsat.com/home/article/3897481/us-supports-iran-protests-lawmakers-condemn-biden-lack-action

NRP“A U.S. special envoy responds to Iran on nuclear talks, protests over a woman's death”October 7, 2022, available at: https://www.npr.org/2022/10/07/1127394599/a-u-s-special-envoy-responds-to-iran-on-nuclear-talks-protests-over-a-womans-dea

 

Latest from چنار بابەکر محەمەد