شەرعییەتى یاساییى بەخشینى دکـتـۆراى ڕێـزلێـنان (فـەخــرى) لە زانکۆکانـى کوردستان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەکى

وەک ئاشکرایە زۆربەى زانکۆکان لە هەموو وڵاتانى جیهاندا لە تەک بەخشینى بڕوانامە ئەکادیمییە زانستییەکانى وەک دکتۆرا، ماستەر و دیپلۆمى باڵا، بڕوانامەیەکى تر وەک ڕێزلێـنان دەبەخشنە ئەو کەسانەى کە بە شایستە و لێهاتوویان دەزانن و کارێکى مەزنیان لە بوارێکى دیاریکراوى ژیان یاخود زانستدا ئەنجام داوە، بێ ئەوەى قوتابیى خوێندنى باڵاى ئەکادیمى بوو بن لەم زانکۆیە؛ ئەمەیش پێى دەگوترێت بڕوانامەى ڕێزلێنان کە لە زۆرترین باردا خۆى لە بـڕوانامەى دکتـۆراى ڕێزلێنان (الدکتوراه الفخریة) دەبینێتەوە، ئەگەرچى لە هەندێ زانکۆدا بەخشینى بڕوانامەى ماستەرى ڕێزلێنانیش هەیـە.

بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان لەسەر ئەو فەلسەفەیە بونیاد نراوە، کەوا بەهـاى مرۆڤ و سوودى بۆ کۆمەڵگە، گرێ نەدراوە بەوەى ئەو مرۆڤە خاوەنى نازناوى زانستى یاخود هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆراى ئەکادیمی-زانستى بێت، بەڵکوو گرێ دراوە بە بەرهەم، دەستکەوتە زانستى، ڕۆشنبیرى، سیاسى، کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکانی ئەو مرۆڤە و ڕۆڵى لە ژیان و کۆمەڵگەدا چى بووە. هەر بۆیە، بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان وەک سوپاس و پێزانینێکە بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوون و کۆششانەى کە لە دەرەوەى چوارچێوەى زانکۆکاندا دەدرێن بۆ هێنانەدیى سوودى گشتى لە کۆمەڵگەدا.

دەبێت ئەوەیش بزانین کەوا بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان، بڕوانامەیەک نییە بۆ خۆنزیککردنەوە یان پاراستنى بەرژەوەندى یان ڕازیکردن بێت، بەڵکوو بڕوانامەکى ڕێزلێنانە، دەکرێت بە هەموو کەسێک بدرێت کە خزمەتێکى زۆر و ناوازەى لە بوارێکى ژیان یان زانستدا کردبێت کە پڕ بێت لە داهێنان و نوێگەرى. بە واتایەکى ڕوونتر، پێوەرەکانى بەخشینى ئەم بڕوانامەیە پێوەرى بابەتین، نەوەک پێوەرى کەسى و بەرژەوەندخوازى بێت.

دکتۆراى ڕێزلێنان (فەخرى) چییە؟

دکتۆراى ڕێزلێنان کە لە زمانى ئینگلیزیدا بە دەستەواژەى (Honorary Doctorate) ئاماژەى بۆ دەکرێت، بە واتاى لە پێناو ڕێزلێنان دێـت و، بە هەردوو پیتى (H.C) ئاماژەى بۆ دەکرێت کە کورتکراوەى دەستەواژەى (Honoris Causa)ە. دکتۆراى ڕێزلێنان بڕوانامەیەکە بەبێ نووسینى توێژینەوە و بەبێ وەرگرتنى کۆرسى خوێندن و بەبێ ئەنجامدانى گفتوگۆ، دەبەخشرێتە کەسایەتییەکان وەک سوپاس و پێزانینێک بۆ هەموو دەسکەوته‌ زانستى، سیاسى، کۆمەڵایەتى و ئابوورییه‌كانیان یاخود هه‌ر ده‌سكه‌وتێك كه‌ لە هەر بوارێکى ترى ژیاندا بەدەستیان هێناوە. کەواتە، دکتۆراى ڕێزلێنان بڕوانامەیەکى شەرەفیـیە نەوەک پلەیەکى زانستى و ئەکادیمى بێت.

مەرج نییە ئەو کەسەى کە ئەم بڕوانامەیەى پێ دەبەخشرێت کەسێکى ئەکادیمى بێت، هەروەها دەکرێت کەسێکیش زیاتر لە دکتۆرایەکى ڕێزلێنانى پێ ببەخشرێت؛ بۆ نموونە: قەشە Theodore Martin Hesburgh کە لە نێوان ساڵانى (1917-2015) لە ئەمریکا ژیاوە، ناوى لە کتێبی Guinness نووسراوە کە تاوەکوو ساڵى (2013) نزیکەى (150) بڕوانامەى دکتۆرا و میدالیاى ڕێزلێنانى لە زانکۆ و کۆلێژ و ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان لە وڵاتە جیاجیاکانى جیهاندا پێ بەخشراوە لە بەرامبەر ئەو هەوڵ و ماندووبوونە بێوێنەییەى کە هەیبووە بۆ خزمەتکردنى مرۆڤایەتى و هێنانەدیى یەکسانى و بڵاوکردنەوەى لێـبووردەیى[1].

بە شێوەیەکى گشتى، زانکۆکان، چ حکوومى بن یاخود تایبەت، ئەم بڕوانامەیە دەبەخشن لە چوارچێوەى ئەو دەسەڵاتەى کە بەپێى یاسا و پەیڕەوى ناوخۆى زانکۆ هەیانە. بەڵام، لە هەندێ باردا تێبینى دەکرێت کە ئەم بڕوانامەیە لەلایەن هەندێ ناوەندى ترى زانستی یان ڕۆشنبیرى یان که‌لتوورى دەبەخشرێت کە هێز و بەهاکەى وەک ئەوە نییە کە لە زانکۆیەکى باوەڕپێکراوەوە بەخشرابێت.

هەرچى پەیوەستیشە بە مێـژووى بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان (فەخـرى)، هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کەوا بۆ یەکەم جار ئەم بڕوانامەیە لە سەدەى پازده‌یەمى زایینى لە ساڵى (1479)ى زایینى لەلایەن زانکۆى ئۆکسفۆردى بریتانییەوە بەخشرایە Lionel Woodville، کە لە نێوان ساڵانى (1447-1484) ژیاوە و، تا کۆتایییەکانى ژیانى وەک ڕاوێـژکار لەم زانکۆیە کـارى کردووە[2].

بەهاى زانستى و پراکتیکیى دکتۆراى ڕێزلێنان (فەخرى)

بە شێوەیەکى گشتى، بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى هیـچ بەهایەکى زانستى و ئەکادیمیى نییە؛ بەهاکەى تەنیا بەهایەکى مەعنەوییە و بە مەبەستى پێزانین دەبەخشرێت. هەر بۆیە، لە هەندێ وڵاتاندا ئەوانەى هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان بن، ناتوانن لە پێش ناوەکانیان کورتکراوەى (Dr.) بنووسن و، لە هەندێ وڵاتانى تریشدا ڕێگە دراوە کە لە پێش ناویان کورتکراوەى (Dr.) بنووسرێت، بەڵام پێویستە ئاماژە بە لایەنى ڕێزلێنانى دکتۆراکە بکات وەک (Dr. H.C). هەروەها لە زۆربەى وڵاتاندا ئەوانەى خاوەنى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنانن، ناتوانن سوود لەم بڕوانامەیە وەربگرن بۆ دامەزراندن، یاخود بۆ وانەگوتنەوە لە زانکۆکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەکرێت لە (C.V)یەکانیان ئاماژە بەو بڕوانامەیە بکەن کە پێیان دراوە بەڵام لەژێر تایتڵى بڕوانامەى ڕێزلێنان نەوەک لە تایتڵى ئەو بڕوانامە ئەکادیمییانەى کە بەدەستیان هێـناون. بە شێوەیەکى گشتى، بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان پلەیەکى زانستى نییە، بۆیە لە ڕووى زانستییەوە باوەڕپێکراو نییە، چونکە هیچ جۆرە جیاوکێکى ئەکادیمى و زانستى نابەخشێتە هەڵگرەکەى؛ بۆ نموونە ئەو کەسەى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنانى لە یاسادا پێ بدرێت، ناتوانێت ببێت بە پارێزەر.

شێوازەکانى بەخشین و جۆرەکانى دکتۆراى ڕێزلێنان (فەخرى)

لە جیهاندا دوو نموونە هەیە بۆ پێدانى دکتـۆراى ڕێزلێنان: نموونەى یەکەم، نموونەى ئەوروپییە، کە ساڵانە زانکۆکانى ئەوروپا ژمارەیەکى سنووردار لە دکتۆراى ڕێزلێنان دەبەخشنە کەسایەتییەکان کە خاوەنى کارى ناوازەن لە بوارەکانى ژیان و زانستدا. ئەم نموونەیە بە هەندێ تایبەتمەندى دەناسرێتەوە، وەک ئەوەى بەباش نازاندرێت دکتۆراى ڕێزلێنان بدرێت بە کەسێک کە پارە دەبەخشێتە زانکۆکە، یاخود بدرێت بە کەسایەتییەکى سیاسی کە هێشتا لەسەر لووتکەى دەسەڵاتە.

هەرچى نموونەى دووەمە، بە نموونەى ئەمریکی دەناسرێت کە ساڵانە زانکۆکانى ئەمریکا ژمارەیەکى بێسنوور لەم بڕوانامەیە دەبەخشن و گوێ بەو دوو کۆتە نادرێت کە لە نموونەى ئەوروپیدا هەیە. هەرچى پەیوەستیشە بە جۆرەکانى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان، ئەوا بەپێى بوار و پسپۆرییەکان جۆرەکانى زۆرن، وەک: دکتۆراى ڕێزلێنان لە ئەدەب و، دکتۆراى ڕێزلێنان لە پەروەردە و فێرکردن و، دکتۆراى ڕێزلێنان لە زانستەکان و، دکتۆراى ڕێزلێنان لە هونەره‌ جوانەکان و، دکتۆراى ڕێزلێنان لە میوزیک و، دکتۆراى ڕێزلێنان لە سیاسەت و، دکتۆراى ڕێزلێنان لە  یاسا و دکتۆراى ڕێزلێنان لە بوارى خزمەتى گشتى و هتد.

پێوەر و مەرجەکانى پێدانى دکتۆراى ڕێزلێنان (فەخـرى)

هەر زانکۆیەک مەرج و پێوەرى تایبەت بە خۆى هەیە بۆ بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان. ئەگەر سەرچاوەى ئەم مەرج و پێوەرانە یاسا بەرکارەکان بوو، ئەوا مەرج و پێوەرەکان یەکخراو دەبن. بەڵام ئەگەر یاساکان دەسەڵاتیان دابوو بە زانکۆکان كه‌ خۆیان مەرج و پێوەر بۆ بەخشینى ئەم بڕوانامەیە لە پەیڕەوى ناوخۆى خۆیان دیارى بکەن، ئەوا ئەم مەرج و پێوەرانە لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکى تر جیاواز دەبێت. مەرج و پێوەرەکان هەرچەند لە یەکتر جیاوازیش بن، کەچى ناتوانن لە هەندێ مەرج و پێوەر دەربچن؛ وەک ئەوەى پێویستە ئەو زانکۆیەى کە بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان دەبەخشێت، زانکۆیەکى ڕەسەن بێت و خاوەن مێژوویەکى ئەکادیمى و زانستى و هزریى مەزن بێت و بەناوبانگ بێت بە ڕاستگۆییى ئەکادیمى و لە پۆلینى جیهانیى زانکۆکاندا لە پلەیەکى باشدا بێت و، پێویستە بەپێى یاسا مافى بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى ئەکادیمى و دکتۆراى ڕێزلێنانى هەبێت لە هەندێ پسپۆڕیى دیاریکراودا لە سنوورى ئەو کۆلێژ و سکۆڵانەى کە لەم زانکۆیەدا هه‌ن.

ئەمە سەبارەت بە مەرجى زانکۆ؛ هەرچى پەیوەستیشە بە مەرجى ئەو کەسەى کە دکتۆراى ڕێزلێـنانى پێ دەدرێت، ئەوا پێویستە کەسایەتییەکى بەناوبانگ بێت و هەندێ تایبەتمەندیى ناوازەى تێـدا بێـت و کار و بەرهەم و چالاکییەکانى شاهێدیى بۆ بدەن کەوا کارێکى مەزن و بێهاوتا و بێوێنە و داهێنەرانەى ئەنجام داوە؛ جـا لە هەر بوارێک لە بوارەکانى ژیان یان زانستدا بێـت. پێوەرێکى تر کە لە زۆربەى زانکۆکاندا وەک یەکە، ئەوەیە زانکۆکان بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان نابەخشنە ئەو کەسانەى کە هاوکاریى دارایییان پێشکەش بە زانکۆکه‌یان کربێت.

ڕێکـارەکانى بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان (فەخرى)

ئەگەرچى لە هەندێ دەزگه‌ى باوەڕپێنەکراو بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان بە پـارە دەکڕدرێت، واتا کەسەکە خۆى داوا دەکات کەوا بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنانى پێ بدرێت، بەڵام لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکاندا ئەم بڕوانامەیە بە پێوەرى بابەتى و بێ بەرامبەرى دارایى دەبەخشرێت. هاوشێوەى پێوەر و مەرجەکان، ڕێکارەکانى بەخشینى ئەم بڕوانامەیە لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکى تر جیاوازە، بەپێى ئەو سیستەمە یاسایییەى کە لەم زانکۆیە پەیڕەو دەکرێت؛ بەڵام هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەى بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان بە چەند قۆناغ و فلتەرێک تێ دەپەڕێت، وەک: هەبوونى لێـژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنى خاوەنى چەند (C.V)یه‌ک کە پاڵێوراو بن بۆ وەرگرتنى دکتۆراى ڕێزلێنان و، لە پاشاندا پاڵپشت بە پێوەر و مەرجەکان خاوەنى یەکێک لەم (C.V)یانە دەستنیشان دەکرێت و، بە بڕیارى کۆلێژى پەیوەندیدار و ئەنجومەنى زانکۆ لە مەراسیمێکدا ئەم بڕوانامەیە دەدرێت و، لەم مەراسیمەدا کارەکانى ئەو کەسە نیشان دەدرێت و لە بڕگەیەکیشدا وتارى دەبێت.

لێسەندنەوەى دکتۆراى ڕێزلێنان (فەخرى)

هەروەک چۆن بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان لەلایەن زانکۆکانەوە دەبەخشرێت، ئەوا زانکۆکان دەسەڵاتى لێسەندنەوەى ئەو بڕوانامەیان هەیە لەو کەسەى کە لە پێشتردا پێیان بەخشیوە ئەگەر هات و بۆیان دەرکەوت ئەم کەسە شایەنى ئەو بڕوانامەیە نەبووە، یاخود کارەکانى ساختە بوون، یاخود هەڵگرى ئەم بڕوانامەیە بەپێچەوانەى ئەو فەلسەفە و هۆکارە ڕەفتار دەکات کە بەهۆیەوە بڕوانامەکەى پێ بەخشـراوە.

نموونەیش لەم بارەیەوە زۆرن، وەک ئەوەى لە ساڵى (1984) زانکۆى ئەدەنبرە لە سکۆتلەندا بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنانى بەخشییە "ڕۆبێرت مۆگابى"، سەرۆکى وڵاتى زيمبابوێ لە کیشوەرى ئەفریقا لەبەر ئەو هەوڵ و کۆشش و خەباتەى کە بۆ بەدیهێنانى ئازادى و یەکسانى و دیموکراسى لە کیشوەرى ئەفریقا، کردبووى. بەڵام لە ساڵى (2007) هەمان زانکۆ ئەم بڕوانامەى لە "ڕۆبێرت مۆگابى" سەندەوە[3]، لەبەر ئەوەى لە ماوەى حوکمیدا کە سى و حەفت ساڵى خایاند (1980-2017)، وەک دیکتاتۆرێکى خوێنڕێژ و ساختەکار ڕەفتارى دەکرد؛ هەروەها لێسەندنەوەى دکتۆراى ڕێزلێنان لە "موعەمەر قەزافى" کە لەلایەن زانکۆى خەرتووم لە سوودانەوە پێ بەخشرابوو.

بابەتى لێسەندنەوەى دکتۆراى ڕێزلێنان مشتومڕى زۆرى لەسەرە، چونکە هەندێک پێیان وایە بڕوانامەى بەخشراو، نابێت بسەندرێتەوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایە ماوەیەکى زۆر زانکۆى قاهیرە بەرگەى ئەو داواکارییانەى گرت کە داواى لێسەندنەوەى دکتۆراى ڕێزلێنانیان لە "سۆزان موبارەک"، هاوسەرى سەرۆکى پێشووى میسر "حوسنى موبارەک" دەکرد، چونکە ئەم زانکۆیە پێی وایە ئەم بڕوانامەیە بە هۆکارى سیاسى نەبەخشراوە تاوەکوو بە هۆکارى سیاسى بسەندرێتەوە. 

بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان (فـەخـرى) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان

زۆر لەمێژ نییە زانکۆکانى کوردستان دەستیان کردووە بە بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان بە کەسایەتییە سیاسى و هونەرى و ئەکادیمییەکان لە پاى ئەو خزمەتە زۆرەى کە بە درێژاییى تەمەنیان لە بوارەکانى ژیان و زانستدا کردوویانە. یەکەم بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان لە هەرێمى کوردستان لە ڕێکەوتى (30/06/2012) لەلایەن زانکۆى کۆیە بەخشرایە "د. عیزه‌ددین مستەفا ڕەسوول" لە بەرامبەر ئەو خزمەتە زانستییەى کە لە ساڵانى پێشوو کردبووى. بەخشینى ئەم بڕوانامەیە مشتومڕى زۆرى لێ کەوتەوە، چونکە زانکۆى کۆیە بەبێ گەڕانەوە و ئاگاییى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەم کارەى ئەنجام دابوو و، لە بەرامبەر نەبوونى چوارچێوەیەکى یاسایى بۆ بەخشینى ئەم جۆرە بڕوانامەیە لە کوردستان، هەندێک پێیان وابوو دەبێ ئەم بەخشینە بە ڕەزامەندیى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بێت و، هەندێکى تریش پێیان وابوو کە پێویستى بە ڕەزامەندیى ئەنجومەنى وەزیرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەیە[4].

 بەبێ ئەوەى ئەم مشتومڕە ئەکادیمییە ئەنجامێکى دیاریکراوى لێ بکەوێـتەوە و ببێتە هۆى دانانى چوارچێوەیەکى یاسایى بۆ بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان، هاوشێوەى زانکۆى کۆیە، زانکۆکانى تریش لە هەرێمى کوردستان دەستیان کرد بە بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان بە چەند کەسایەتییەک، هەر یەکەو بە شێوە و شێوازێک و پێوەر و ڕێکارێک، کە ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن:

  1. بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان بە "پ.د. کەمال مەزهەر ئەحمەد" لە زانکـۆى "کۆیە" لە ساڵى (2013).
  2. بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان بە "ئیسماعیل بێشکچى" لە زانکۆى "سەڵاحەددین – هەولێر" لە ساڵى (2014) [5].
  3. بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان بە "جەلال تاڵەبانى" لە زانکۆى "کۆیە" لە ساڵى (2015).
  4. بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان بە "پ.د. موستەفا زەڵمى" لە زانکۆى "سەڵاحەددین – هەولێر" لە ساڵى (2015).
  5. بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان بە "عەبدوڵڵاى حەسەن زادە" لە زانکۆى "کۆیە" لە ساڵى (2018).
  6. بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان بە "مەزهەرى خالقى" لە زانکۆى "سلێمانى" لە ساڵى (2019).
  7. بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان بە "کۆچەر بیرکار" لە زانکۆى "سەڵاحەددین – هەولێر" لە ساڵى (2019).
  8. بەخشینى دکتۆراى ڕێزلێنان بە "پ.د. فەریاد فازڵ عومەر" لە زانکۆى "سەڵاحەددین – هەولێر" لە ساڵى (2022).

ئەوەى لە ئاهەنگ و مەراسیمى بەخشینى ئەم بڕوانامانە تێبینیمان کردووە ئەوەیە، پاڵێوراو بۆ وەرگرتنى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان هەمان جلوبەرگى ئەو کەسانەیان لەبەرە کە لەم زانکۆیە پاڵێوراو دەبن بۆ وەرگرتنى بڕوانامەى دکتۆراى زانستى و ئەکادیمى؛ ئەمەیش لە ڕووى ئەتەکێتەوە دروست نییە، چونکە پێویستە جلوبەرگى تایبەت هەبێت لەم بارەیەوە. 

بۆشاییى یاساییى بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان (فەخرى) لە زانکۆکانى کوردستان

پێش ئەوەى قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم، دەمەوێت ئاماژە بە ڕوونکردنەوەیەکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بدەم کە لە ڕێکەوتى (26/09/2018) دەرچووە؛ بەپێى ئەم ڕوونکردنەوەیە پێدانى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان تەنیا لە دەسەڵاتى زانکۆکانە و هیچ کەس و لایەن و دەزگه‌یەک ئەو دەسەڵاتەیان نییە. لە دەقى ڕوونکردنەوەکەدا هاتــووە: "هیچ کۆمەڵ و ڕێکخراوێک بۆى نییە بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى ببەخشێت و هەر ڕێکخراو و کۆمەڵەیەکیش ئەم کارەى ئەنجام دابێت ڕووبەرووى یاساى دەکەینەوە. ماوەیەکە ڕێکخراوێک بەناوى (فورات بۆ ئاشتى جیهانى) لە هەرێمى کوردستان بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى دەبەخشێت، لێرەوە بۆ ڕاى گشتى ڕایدەگەیەنین ئەم ڕێکخراوە دوور و نزیک پەیوەندى بە وەزارەتەکەمانەوە نییە و مافى ئەوەی نییە بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى ببەخشێت ، تەنیا دەتوانێت لە چوارچێوەى کارى ڕێکخراوەییان خەڵات و بڕوانامەى ڕێزلێنان  ببەخشن. بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى کارى دام و دەزگا ئەکادیمییەکانە کە تەنیا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەو مافەى هەیە ئەم بڕوانامەیە ببەخشێت. بە پێویستى دەزانین بۆ ڕاى گشتى ڕایبگەیەنین و داوا لە کەسایەتیەکان و کاربەدەستان بکەین، بە ناوى وەرگرتنى بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى نەکەونە ژێر کاریگەرى ئەم جۆرە ڕێکخراوانە، و وەک وەزارەتەکەمان داوایان لێ دەکەین ناو و ناوبانگى خۆیان بپارێزن و بە وەرگرتنى بڕوانامەى ساختە بەناوى دکتۆراى فەخرى کەسایەتییان بپارێزن[6]."

ئەم ڕوونکردنەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمى کوردستان ئاماژەیەکى ڕوونە کە بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان هیچ پاڵپشتییەکى یاساییى نییە، چونکـە ڕوونکردنەوەکە ئاماژە بە هیچ دەقێکى یاسایى ناکات کە ڕێگرى لەم دەزگه‌ و لایەنانە بکات کە دکتـۆراى ڕێزلێنان ببەخشن، یاخود تەنیا ماف بدات بە زانکۆکان کە ئەم بڕوانامەیە ببەخشن.

بەپێى ئەو بەدواداچوونە یاسایییەى کە کردوومانه‌، بۆمان دەرکەوتووە هیچ دەقێکى یاسایى نییە دەسەڵات بدات بە زانکۆکان کە بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان بە کەسایەتییەکان ببەخشن، هەتا خودى ئەنجومەنى وەزارەتیش ئەو دەسەڵاتەى نییە؛ چونکە بەپێى بڕگە (چوارەم – 3) لە ماددە (5) لە یاسای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ژماره‌ (10)ی ساڵی (2008)، ئه‌نجومه‌نی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی تەنیا دەسەڵاتى بڕیاردانى پێ دراوە له‌سه‌ر پله ‌و نازناو و بڕوانامه‌ زانستییەکان كه‌ له ‌لایه‌نێكی حكوومی و ناحكوومی له‌ هه‌رێم دەدرێن و دانانی مه‌رجه‌كانی پێدانیان.

هەروەها بەپێى بڕگە (یەکەم – 12) لە ماددە (13) لە هەمان یاسا، ئەنجومەنى زانکۆ تەنیا دەسەڵاتی بەخشینى بڕوانامەى زانستى و ئەکادیمیى هەیە. بە هەمان شێوەیش بەپێى بڕگە (یەکەم – 8) لە ماددە (17) لە هەمان یاسا، ئەنجومەنى کۆلێژ تەنیا دەسەڵاتى ڕاسپاردنى بەخشینى بڕوانامەى زانستیى پێ دراوە و بە هیچ شێوەیەک بۆى نییە بۆ بەخشینى بڕوانامەى دکتـۆراى ڕێزلێنان، ڕاسپاردە بۆ زانکۆ بنێرێت.

بەکورتى و بەڕوونى، هیچ دەقێکى یاسایى نییە دەسەڵات بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یان زانکۆکان یان کۆلێژەکان بدات کە بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان ببەخشن. لەبەر ئەوەى جۆرى بڕوانامەکان بە یاسا دیاری کراون، بۆیە ناکرێت پشت بە بڕیارى کارگێڕیى وەزارەت یان زانکۆکان یاخود پشت بە عورفى زانکۆیى ببەسترێت بۆ داهێنانى بڕوانامەیەک کە لە یاساکاندا باسى لێوە نەکراوە.

کەواتە، بۆ بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان لە هەرێمى کوردستان لە بەردەم بۆشاییى یاساییداین. ئەم بۆشایییە یاسایییەیش تاوەکوو ئێستا پڕ نەکراوەتەوە؛ نە بە یاساى پەرلەمان و، نە بە پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران و، نە بە ڕێنمایییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە زۆربەیان بۆ ڕێکخستنى پێدانى بڕوانامە ئەکادیمییە زانستییەکان دەرکراون کە دواهەمینیان ڕێنماییى خوێندنى باڵا (دیپلۆمى باڵا - ماستەر - دکتۆرا)یە لە زانکۆ حکوومییەکانى هـەرێمى کوردستان ژمارە (3)ى ساڵى (2022). لە ئێستادا، بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان لە هەرێمى کوردستان بە بڕیارى ئەنجومەنى زانکۆ و فەرمانێکى زانکۆییى واژۆکراو لەلایەن سەرۆکى زانکۆوە دەبەخشرێت؛ کە ئەمەیش بە بۆچوونى ئێمە لە ڕووى یاسایییەوە کارێکى دروست نییە، چونکە بەپێى یاسا بەرکارەکان، زانکۆکانى کوردستان تەنیا دەسەڵاتى بەخشینى بڕوانامە زانستى و ئەکادیمییەکانیان هەیە.

 پێـشنیـازەکان چین؟

زوو یان درەنگ، پێویستە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان لەم بارەیەوە یاسایەک بۆ بەخشینى بڕوانامەى دکتـۆراى ڕێزلێنان دەربکات و هەموو ئەو بابەتانەى کە پەیوەستن بەم بڕوانامەیە لە یاساکەدا بەڕوونى ئاماژەى بۆ بکرێت و ڕێک بخرێت، وەک:

  • چ دەزگه‌یەک مافى بەخشینى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنانى دەبێت؟
  • ئەگەر ئەو دەزگه‌یە زانکۆ بێت، مەرجەکانى ئەم زانکۆیە چین؟
  • زانکۆ لە ساڵێکى ئەکادیمیدا دەتوانێت چەند بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان ببەخشێت؟
  • پێویستە مەرج و پێوەرەکانى بەخشینى ئەم بڕوانامەیە دیارى بکرێت.
  • پێویستە ئەو بوارانە دیارى بکرێن کە بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنانى لەسەر دەبەخشرێت؛ بۆ نموونە ئەگەر بوارى زانستییە، ئەوا چ زانستێک دەگرێتەوە؟ وەک زانستى پزیشکى یان ئەندازیارى یان کیمیا، یاخود زانستى مرۆڤایەتى وەک یاسا و سیاسەت و پەروەردە. ئەگەریش لە بوارى خزمەتى گشتییە، ئەوا چى دەگرێتەوە؟ وەک ئاشتى و ژینگە و تەندروستى و مافەکانى مرۆڤ.
  • پێویستە ئەو مەرجانە دیارى بکرێن کە پێویستە لە کەسى پاڵێوراودا هەبن و ئەو کارانەى کە ئەنجامى داون.
  • دیاریکردنى ڕێکارەکانى بەخشینى ئەم بڕوانامەیە، وەک: دیاریکردنى لێژنەکان و چۆنێتیی هەڵسەنگاندن و بڕیاردەرکردن و، هەروەها شێوە و شێوازى مەراسیمى ئاهەنگى بەخشینى بڕوانامە و دیاریکردنى جلوبەرگى تایبەت بەم جۆرە بڕوانامەیە.
  • دیاریکردنى حاڵەتەکانى لێسەندنەوەى ئەم بڕوانامەیە (ئەگەر دان بە لێسەندنەوە بنرێت).
  • دیاریکردنى مافەکانى خاوەنى بڕوانامە و چۆنێتیی بەکارهێنانى.
  • دیاریکردنى ئەو ڕەفتارانەى کە قەدەغە کراون خاوەنى بڕوانامە ڕایییان بکات.
  • ئایا ئەو بڕوانامەیە دەدرێت به‌ "کەسایەتییەکى مردوو"؟ ئەگەر دەدرێت ئەوا مافى میراتگرانى چى دەبێت؟
  • ئایا ئەو کەسانەى کە لە لووتکەى دەسەڵاتن، ئەو جۆرە بڕوانامەیان پێ دەبەخشرێت؟
  • ئایا دەکرێت یەک زانکۆ لە دوو ڕێکەوتى جیاوازدا دوو بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان یان زیاتر بە کەسێکى دیاریکراو ببەخشێت؟
  • هەر بابەتێکى ترى پەیوەندیدار.

 کۆبـەنـد

بۆ پاراستنى بەها و شکۆى مەعنەویى بڕوانامەى دکتۆراى ڕێزلێنان و بەخشینى بە کەسى شیاو لەژێر ڕۆشناییى پێوەر و مەرجى بابەتییانە و، بۆ ئەوەى بە زۆرى و بۆرى بە هەر کەسێک نەدرێت، پێویستە هەرچى زووە چوارچێوەیەکى یاسایى بۆ بەخشینى ئەم بڕوانامەیە لە هەرێمى کوردستان دابنرێت و، ڕێگە نەدرێت زانکۆکان ئەم بڕوانامەیە ببەخشن تاوەکوو ئەم چوارچێوە یاسایییە دادەنرێت.

 

[1]       Theodore Hesburgh - Wikipedia

[2]       Lionel Woodville - Wikipedia

[3]       روبرت موگابى - المعرفة (marefa.org)

[4]       د.عوسمان دەشتى، یەکەمین دکتۆراى فەخرى لە کوردستان زانکۆى کۆیە دەیبەخشى، بڵاوکراوەى زانکۆى کۆیە ژمارە (21)، چاپى یەکەم، هەولێر، 2020.

[5]         لە رێکەوتى (07/11/2021) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دیوانى وەزارەت بڕوانامەى پێزانین ئاراستەى "ئیسماعیل بێشکچی" دەکات و زانکۆى دهۆکیش ڕادەسپێرێت ئامادەکارى بکات بۆ پێدانى دکتۆراى رێزلێنان بە "ئیسماعیل بێشکچى". سەیرى ئەم ماڵپەڕە بکە: له‌ زانکۆی دهۆک دکتۆرای فه‌خری به‌ ئیسماعیل بێشکچی ده‌درێت (kurdistantv.net)

[6]         وەزارەتى خوێندنى باڵا: کۆمەڵەو ڕێکخراوەکان مافى ئەوەیان نیە بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى ببەخشن | وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى (gov.krd)