سیاسەتی بوومێرانگی لە پەراوێزی کێشەی "ئاسایشی نەتەوەیی" و لە دەرەوەی جوگرافیای داواکاریدا

(ڕوانگەی سوپایی، ئەمنی، جوگرافی و ناوچەیی بۆ جه‌نگی نێوان تورکیا و پەکەکە)

 

قەرەنی قادری

جه‌نگی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەوڵەتی تورکیا، یان هێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و لێکەوتە فرەڕەهەندەکانی هەروا جێ باس و مشتومڕن، بەڵام تا ئێستا هەرێمی کوردستان هەروا مەیدانی ململانێی نێوان "پەکەکە" و تورکیایە و، پێ ناچێت بەم زووانە ئەو جه‌نگە لە هەرێمی کوردستان کۆتاییی پێ بێت، یان ئەوەتا مەکینەی جەنگی لە قورس بچەقێت یان هەوای سارد و شێی کوێستانەکان چەک و تەقەمەنییەکان ژەنگاوی بکات.

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ خاوەنکاران و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، سەبارەت بە هێرشی سوپای تورکیا بۆ باشووری کوردستان و شەڕ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕای گەیاند: "ئەگەر لە دەرەوەی سنوورەکانمان، لە سووریا و باکووری عێراق ئەم هەوڵە نەدەین، سبەی ناچار دەبین لەناو خاکی خۆماندا بەرەنگاریان ببینەوە؛ ناچارین ئەم کارە بکەین". هەروەها چاوشئۆغڵو ئەوەیشی ڕاگەیاند، "تورکیا تاکە وڵاتە بەرەنگاری هەموو جۆرەکانی تیرۆر: فەتۆ، داعش، ئەلقاعیدە، دەهاش-کاپەجە، یەپەگە و پەکەکە دەبێتەوە".

بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان، هەروەها تێکەڵکردن و هاوشانکردنی "پەکەکە" لەگەڵ داعش و ئەلقاعیدە کە وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ناوی "بەرەنگاریی هەموو جۆرەکان تیرۆر" باسی لێوە دەکات، بێ شک کۆی ئەمانەیش لە "ئاسایشی نەتەوەییی خۆیان" گرێ دەدات، هەر ڕێک لەبەر ئەوەیە کە لەلایەن ڕۆژاواوە کەمترین ڕەخنەی لێ ده‌گیرێت. هەر بۆیە چەندان جار بەڕێوەبەرانی ئەوروپی سەبارەت بە شەڕی تورکیا  دژ بە "پەکەکە" و هێرشی بۆ سەر باشووری کوردستان ڕایان گەیاندووە: ئێمە له‌ نیگەرانییەکانی تورکیا تێ ده‌گه‌ین، بەڵام تورکیا دەبێت هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزێت." ئەمە ڕێک یانی کێشەمان لەگەڵ هێرشەکە و لێدانی (پەکەکە)دا نییە.

خاڵێکی تر بەڵام نادیار لە قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیادا ئەوەیە، بەپێی نەریتی سیاسەتی باوی ئه‌نقه‌ره‌، دەوڵەتی تورکیا هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە و دەیدات کە، بۆ کێشە ناوخۆیییەکانی خۆی هۆکاری دەرەکی بدۆزێتەوە و هەر بەو پێیەیش بە ڕای گشتی و دیپلۆماسیی ناوچەیی و جیهانی بڵێت کە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە هەڕەشە لە تورکیا دەکرێت و، ڕێک ئەم هەڕەشانەیش بۆ سەر "ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتەکەی" دەگەڕێنێتەوە.

بۆیە وەزیری دەرەوەی تورکیا بەئاشکرا دەڵێت: "ئەگەر ئەم جه‌نگە لە دەرەوە نەکەین [لە باشووری کوردستان]، سبەی ناچار دەبین لەناو خاکی خۆمان [باکووری کوردستان و خاکی تورکیا]دا بیکەین." واتە بۆ تورکیا گونجاوە کە جه‌نگەکە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، ئەو شوێنەی کە ئەو پێی خۆشە ببێتە مەیدانی تەڕاتێن و، هەر ئەوانیش مەیدان، یاسا و ڕێساکانی جه‌نگیش دیاری بکەن، بێ شک تێچووەکەیشی دەبێت هەرێمی کوردستان بیدات!؟(١)

هەر لەو بارەیەوە "سوون تزوو" (٥٤٤-٤٩٦ پ. ز) لە کتێبی "هونەری جەنگ"دا دەڵێت: "شەڕکەری لێزان دەبێته هۆی په‌ڵكێشكردنی ئەوانی دیکه [دوژمن] بۆ لای خۆی (تاكوو دوژمن بێته ناو ئەو مەیدانەوه کە ئەو مەبەستییەتی) و، خۆی بۆ لای خه‌ڵكی تر په‌ڵكێش ناكرێت (و ڕێگه نادات که دوژمن خواستی خۆی بەسەر ئەودا بسەپێنێت)." ئەمەی سوون تزوو باسی لێوە دەکات، ناسینی خاڵی لاواز و بەهێزە لە مەیدانی جەنگدا کە، چۆن بتوانی بەسەر دوژمندا سەر بکەویت، خاڵە لاوازەکانی بدۆزییەوە و نەکەوییە داوییەوە؛ هەروەها یەکێک لەوان ئەوەیە لەو مەیدانەدا شەڕ نەکەیت کە دوژمن دەخوازێت، بەڵکوو دەبێ پێچەوانەکەی مەیدانی شەڕیش بۆ دوژمن دیاری بکەیت.

مەبەستێکی تری مەولوود چاوشئۆغڵو (مەبەستی درێژخایەن) ئەوەیە کە، شەڕی بەردەوامیان لەگەل "پەکەکە" لە دەرەوەی سنوورەکانیان بۆ ئەوەیە، "پەکەکە" هەروا لە قەندیلدا گەمارۆ بدرێت و، لەوانەیە لە درێژمەودادا قەندیل، پەکەکە بەبارمتە بگرێت و لە هەموو شتێک دای ببڕێنێت. لە دۆخێكی وادا تەنیا جوگرافیایەکی بەرتەسکی چڕ خۆی بەسەر ئەو ڕێکخراوەیەدا دەسەپێنێت، تەنانەت هەر ئێستا ئاماژەکانی ئەوە دیارن؛ بۆ نموونە تەواوی دەنگوباسەکانی پەیوەند بە "چالاکی" یان شوێن بۆ مانەوەی "پەکەکە" تەنیا باس لە جوگرافیایەکی بەرتەسکی وەکوو قەندیل و شەنگال دەکرێت. هەروەها ڕووداوەکان باس لەوەیش دەکەن کە، تا دێت گەمارۆکان بەرتەسکتر دەبنەوە و مەیدانی جەنگ و مانۆڕی پەکەکە بچووکتر دەبێتەوە، بەڵام ئەو ئەگەرەیش هەیە کە بۆ شکاندنی گەمارۆ یان بۆ بەرفراوانترکردنی مەیدانی مانەوە و چالاکی، سەرکردەکانی "پەکەکە" پەنا بۆ هاوکێشەی تر ببەن.

بۆ نموونە، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکراینایش هەر دەکرێت لەو ئاڕاستەیەدا سەیر بکرێت کە، چۆن ململانێی "بەرژەوەندی"یەکان و "ئەرنجی هێزەکان" لە دەرەوەی سنوورەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەڵام لەناوخۆیاندا پڕ لە کێشەن. ڕووسیا "کۆسپی سەر ڕێگەی خۆی و هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر وڵاتەکەی" لە بوونی شێوازی حوکمڕانیی ئێستای ئۆکراینادا دەبینێتەوە و هێرشی بۆ دەبات. بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا خەریکە ئەو قورسایییەی کە لە ٢٠١٥ەوە لە سووریادا هەیبوو وەکوو جاران نەمێنێت.

هاوکێشەیەکی تری ناوچەکە تورکیایە کە بە هێزێکی زۆرەوە دەستی بەسەر بەشێک لە خاکی ڕۆژاوادا گرتووە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تورکیا لە سووریا ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیا بۆتەوە و ئەو وڵاتە بۆتە گۆڕپانی شانۆی ململانێی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەو سێ وڵاتە. هەر سه‌باره‌ت به‌مه‌، چالاکبوونی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی ئه‌نقه‌ره‌ لەگەڵ ئیسرائیل و سەردانی ئەم دوایییەی ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عەرەبستانی سعوودی و چێکردنەوەی پەیوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی و بارزگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە (دوو جەمسەری سوننە) کە هەردووکیان دراوسێی کۆماری ئیسلامین، تارانی زۆر نیگەران کردووە، چونکە هەست بە بەرتەسکبوونەوەی مەیدانی مانۆڕ و هه‌ژموونی خۆی دەکات.

لە هەرێمی کوردستانیش تورکیا بە هێرش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و شەڕ دژ بە پەکەکە، بەرەیەکەی تری ململانێی دژ بە کۆماری ئیسلامیی کردووەتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا دەسڕۆییشتووە و تورکیایش بە خەنیمی خۆی دەزانێت. لە لایەک تورکیا پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە؛ هەروەها سوننەکانی عێراقیش پەیوەندییەکی تا ڕاددەیەک گورجوگۆڵیان لەگەڵ تورکیادا هەیە؛ هەروەها هەڵبژاردنی ئەم دوایییەی پەرلەمانی عێراقیش شیعەکانی لەبەر یەک ترازاند و تەنانەت دۆڕاوی سەرەکی لەو هەڵبژاردنەدا شیعەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی بوون. کۆی ئەمانە باس لە ململانێی قورس لە نێوان تورکیا و کۆماری ئیسلامی لە عێراق، هەرێمی کوردستان و سووریادا دەکەن. تەنانەت ململانێی ئەو چەند ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ڕووسیا لەسەر قسەکانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کە گوتبووی "هیتله‌ر دەمارێکی بۆ جوو دەگەڕێتەوە"، لە بەینی ئەو دوو وڵاتەدا ئەدەبیاتێکی زۆر ڕەق و توند ئاڵوگۆڕ کرا.

ئێستا باس لەوه‌ دەکرێت کە ڕووسیا بەشێک لە بنکە و سوپاکەی لە سووریا بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە دەگوازێتەوە و، ئەو شوێنانەیش ڕادەستی کۆماری ئیسلامی و حزبوڵڵای لوبنان دەکات. ئەم ڕووداوە دەستی کۆماری ئیسلامی لە سووریا دژ بە ئیسرائیل کراوەتر دەکات و هاوکاتیش ڕووسیا بەو هەنگاوەی، چەشنێک تۆڵە لە ڕۆژاوا و تەنانەت ئیسرائیلیش دەکاتەوە (نانەوەی قەیران ڕێک وەکوو كشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بەڵام بە چەشن و بارستایییەکی ترەوە) و، هەر بەو پێیەیش گڕی ئاگری ململانێ و پێکدادانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەرمتر لە جاران دەبێت و بە ئەگەری زۆرەوه‌، ئەگەر بنبەستی سیاسیی عێراق کۆتاییی پێ نەیه‌ت، لەوانەیە عێراقیش تێوە بگلێنن؛ واتە پیادەکردنی سیناریۆی جه‌نگ لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی و تورکیا بەتەواوتی لە ناوچەکەدا بەڕێوە بچێت، یان ئەوەتا جەنگی سنووردار و پچڕپچڕ لە عێراقدا هه‌ڵگیرسێنرێ کە، بێ شک هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

تەنانەت دەکرێت سەردانی لەنەکاوی بەشاری کوڕی ئەسەد "سەرۆککۆمار"ی سووریا لە ڕۆژی یەکشەممە (٨-٥-٢٠٢٢) بۆ تاران و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندیی بە ئاڵوگۆرەکانی ناوچە، هەروەها جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکراینا و و دەنگوباسەکانی پەیوەست بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاشەکشەی ڕووسیا لە سووریاوە هەبێت. خامنەیی لەگەڵ بەشار ئەسەد جەختی لەوە کردەوە، "دەبێ هەوڵ بدرێت پەیوەندیی نێوان دوو وڵات لە جاران خۆشتر بێت." هەروەها سه‌باره‌ت به‌مه‌، خاڵێکی تری گرنگ هه‌یه‌ كه‌ دەبێ ئاماژەی پێ بدرێت؛ ئایەتوڵڵا خامنەیی ناڕاستەوخۆ باسی ئەردۆغانی کرد و گوتی: "به‌رپرسانی هەندێک وڵات کە دراوسێی ئێمە و ئێوەن، لەگەڵ كاربه‌ده‌ستانی زایۆنیستی کۆبوونەوەیان هەیە و پێکەوە قاوە دەخۆنەوە، لە کاتێکدا لە ڕۆژی "قودس" خەڵک دروشمی دژی زایۆنیزم لە شەقامەکان بەرز دەکەنەوە." لە لایەکی ترەوە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا فایلێکی دەنگی لە قسەکانی "مه‌هدی تائیب"، سەرۆکی قەرارگای "عه‌ممار" بڵاو کرایەوە کە تێیدا "مه‌هدی تائیب" دەڵێت: "هێرش بۆ سەر بنکەکانی تورکیا لە عێراق کاری کۆماری ئیسلامییە." تەنانەت لە وه‌ڵامی پرسیارێکدا کە عێراق هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی تورکیا، دەڵێت: "عێراق نییە، ئەوە کۆماری ئیسلامییە." ئایا کۆماری ئیسلامی بەپێی ئەوەی کە لەگەڵ ڕۆژاوا لەسەر پرسی ئەتۆمی ڕێک ناکەوێت، هەروەها قورساییی جارانی لە عێراقدا نەماوە، دۆخی ناوخۆی ئێرانیش لەڕاددەبەر قەیراناوی و، لێرە و لەوێش ناکۆکیی نێوان لاباڵه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا و لەقاو دەدرێن، هەروەها بۆ دەربازبوون لە کێشە ناوخۆیییەکانی و بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە ڕۆژاوا، ململانێی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا لە عێراقدا خەستتر دەکاتەوە و ئەگەری "بەسووریاییکردن"ی عێراق لە گۆڕێدایە؟

کێ تێچووی ئەو جه‌نگانە دەدات؟

پێویستە لەو بوارەدا بیر لە تێچووی سیاسی، مرۆڤی، ژینگەیی و ماددییی جه‌نگەکەیش بکرێتەوە (جه‌نگ لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا؛ ئەوەی چاوشئۆغڵو مەبەستییەتی) کە کام لایەن زۆرترین تێچووی بەسەردا دەسەپێندرێت؟ هەر ئێستا شەڕ و پێکدادانی "پەکەکە" و سوپای تورکیایە لە خاکی هەرێمی کوردستان؛ واتە ئەو شوێنەی کە سوپای تورکیا پلانی بۆی هەیە و دەخوازێت جه‌نگەکە لەوێ بیت؛ واتە "ئەو مەیدانەی سوپای تورکیا مەبەستییەتی"، نەک باکووری کوردستان و تورکیا. هەر لەبەر ئەوە بەشێکی زۆر لە  تیچووی جه‌نگەکە (وێرانبوونی بەشێک لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان، ئاوارەبوونی هاووڵاتیان، سووتانی دارستان و تەنانەت گیانلەدەستەدانی ژمارەیەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان)، دەبێ هەرێمی کوردستان بیدات و بۆ ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی گشت زەرەر و زیانەکانیش هەر دەبێ هەرێمی کوردستان بیگرێتە ئەستۆی خۆی.

ئەوەیش لە کاتێکدایە ئەرگەر بەپێی مەنتقی بەهێز و سەلماوی سوون تزوو، مامۆستای جەنگ و سەرکەوتن، نەخشەی جه‌نگەکە بۆ باکووری کوردستان و خاکی تورکیا بگوازرێتەوە، ئەوە دەبێتە ئەو مەیدانە کە تورکیا ناخوازێت (خاڵی لاوازی تورکیا و بە ئەگەری زۆرەوە ڕای ئەوروپایش دەگۆڕدرێت)، هەروەها گشت تێچووی جه‌نگەکە لەناو خاکی باکووری کوردستان و تورکیادا ڕوو دەدات؛ بێ شک تەواوی دەکەوێتە سەرشانی سوپای تورکیا و دەبێ قەرەبووی گشت وێرانییەکانیش وەستۆ بگرێت. بەڵام لە کاتی وەستۆنەگرتنی، دەتوانێت ناڕەزایەتی لەناو هاووڵاتیانی باکووری کوردستان و تورکیا بێتە کایەوە، کە ئەمەیشیان هەر بە زەرەری تورکیایە.

ئێستا سەرکردەکانی "پەکەکە" لە مەیدانێکدا شەڕ دەکەن کە لایەنی بەرامبەری دەخوازێت و مەبەستییەتی (تەڵە)؛ هەروەها ئەو ناڕەزایەتییەی کە بەهۆی جه‌نگی نێوان "پەکەکە" و تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەبا لە باکووری کوردستان و ناو خاکی تورکیا با کە، بێ شک چەشنەکەیشی دەگۆڕدرا. بەڵام "پەکەکە" هاوکێشەکەی پێچەوانە کردۆتەوە و لە بری ئەوەی خەڵکی باکووری کوردستان و "لەوانەیە" تورکیایش "بێنێتە سەر شەقام"، داوا لە "گەل" (هاووڵاتیان)ی هەرێمی کوردستان دەکات کە، هەڵوێستیان لە بەرامبەر سوپای تورکیادا هەبێت!؟ لە کاتێکدا دەبێت ئەو داوایە ڕووی لە هاووڵاتیانی باکووری کوردستان بێت و هەمیش مەیدانەکە (شوێنی داواکاری بۆ ماف و جێبەجێکردنی)، باکووری کوردستان بێت.

بۆ نموونە داواکاریی پەکەکە لە هاووڵاتیانی باکووری کوردستان ئەوە بێت کە دووکان و بازاڕ دابخەن، قوتابیان نەچنە قوتابخانە، شوێنە گەشتیارییەکان دابخرین، خۆپیشاندان و مانگرتن وەڕێ بخەن و ...، کۆی ئەمانە دەبا لە سیاسەتی پەکەکە لە باکووری کوردستاندا ڕەنگی داباوە و، هەر لەوێوە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی بەو شێوازه‌ی کە ئاماژەیان پێ درا، کێشەی بۆ مەکینەی جەنگیی تورکیا دروست کردبا، نەک بێت و لە جوگرافیایەکی تردا داوا لە "گەل" (هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان) بکات هەڵوێستیان هەبێت کە، ئەمەیان لە سیاسەتدا پێکەوە کۆ ناکرێنەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا جارێکی تر ئەو پرسیارە دووبارە دەبێتە: بۆچی سەرکردەکانی پەکەکە داواکارییەکانیان ئاڕاستەی هاووڵاتیانی کوردی باکووری کوردستان ناکەن تا خۆپیشاندان و مانگرتن وەڕێ بخەن، یان ئەوەتا داوا لەو دایک و باوکانە بکەن کە منداڵەکانیان لە "خزمەتی سەربازیدان"، نەچنە بەرەکانی جه‌نگەوە؟ بۆیە هەم مەرج و هەمیش گرنگە جه‌نگەکە بۆ مەیدانێک بگوازێتەوە (باکووری کوردستان و خاکی تورکیا) کە لایەنی بەرامبەری حەزی لێی نییە و تێیدا لاوازە؛ شک لەوەیشدا نییە تێچووەکەیشی هەر بۆ دەوڵەتی تورکیا دەگەڕێتەوە.

ئایا سەرکردەکانی پەکەکە ئەو توانایە و تەمایەیان هەیە ئەو هاوکێشانەی تورکیا پێچەوانە بکەنەوە و بە دژی ئه‌نقه‌ره‌ بەکاریان بێنن؟ هەر لەو کۆڵانەوە پرسیارە بێوه‌ڵامەکە جارێکی تر دووبارە دەبێتەوە: بۆچی سەرکردەکانی "پەکەکە" جه‌نگەکە ناگوازنەوە بۆ ئەو شوێنە (باکووری کوردستان)، کە هەم شوێنی پرس و داواکارییەکانیانە و، هەمیش لە ئەگەری وەرگرتنی وه‌ڵامێکی ئەرێنی، هەر دەبێ لەو جوگرافیادا بەکردەیی بکرێت؟ داواکاری و خەبات بۆ وەرگرتنی ماف لە شوێنێک، بەڵام شەڕ و پێکدادان بۆ وەرگرتنی ئەو مافە لە شوێنێکی تر، هیچ مەنتق و هاوسەنگییەکی تێدا بەدی ناکرێت. بێ شک ئەو چەشنە سیاسەتە دەتوانێت هەڵخلیسکانی زۆری بەدوادا بێت، هەروەها بەتەواوەتی بە دژی پەپەکە پێچەوانە ببێتەوە!

 

١- https://www.rudaw.net

 

  • بوومێرانگ، کەرەسەی ڕاوە و بە شکڵی ئانیشکە. سڕی ئەو کەرەسەیە ئەوەیە دەتوانێت لە کاتی فڕێدانی بە پێوانی مەودایەک بۆ خاوەنەکەی بگەڕێتەوە؛ بۆیە بۆ ڕاوکردنی پەلەوەر بەکاری دێنن. لە کاتی فڕێدانی، ئەگەر بوومێرانگەکە باڵندە بپێکێت، ئەوە بە ئامانجی خۆی گەیشتووە و کەرەسەکە ناگەڕێتەوە شوێنی خۆی. بەڵام کاتێک خاوەنەکەی نەشارەزا بێت و کەرەسەکەیش باڵندە نەپێکێت، ئەوە بێبەرهەم (زەرەر) بۆ خاوەنەکەی دەگه‌ڕێتەوە.