"ڕۆژنامەوان نابێت هیچ هەڵەیەک بکات! "

قەرەنی قادری

یەکێک لە بابەتە هەرە گرینگەکانی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، پرسی "هەڵە"یە. ڕۆژنامەوان چی بکات کە هەڵە "نەکات"، یان "کەمترین" هەڵە بکات؟ هەڵە بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ. "بێنجامین فڕانکلین" (١٧٠٦-١٧٩٠) دەڵێت: "مرۆڤ، کانگای هه‌ڵه‌ و له‌بیرچوونه‌وه‌یه." ژیانی بێ هەڵە، بوونی نییە. ئەوانەی پێیان وایە کە هەڵە ناکەن، بێ شک لە دەرەوەی جغزی ژیاندا دەخولێنەوە و تەنانەت دەوری کۆسپیش لە کۆمەڵگەدا دەگێڕن و نابنە سەرچاوە و داهێنەری شتی نوێ. هەر لەو بارەیەوە "ئه‌ڵبێرت ئه‌نیشتاین" (١٨٧٩-١٩٥٥) دەڵێت: "ئه‌گه‌ر که‌سێک هه‌ست به‌وه‌ بکات که‌ هه‌رگیز له‌ ژیانیدا هه‌ڵه‌ی نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌یە که‌ هیچ کاتێک له‌ ژیانیدا به‌ دوای شتێکی نوێدا نەگەڕاوە‌."

کاتێک باس لە چەمکی ئەزموون، پێداچوونەوە، بەخۆداچوونەوە، چاکسازی، پاکسازی و ڕەخنە دەکرێت، ڕێک ئاماژە بەوە دەکات، کە زەمان گۆڕاوە و پێوەرەکانی دوێنێ بۆ ئەمڕۆ وڵامدەر نین. ئەگەر لە ژیانی مرۆڤدا هەڵە نەبا، بێ شک ئەزموون، پێداچوونەوە و بەخۆداچوونەوە مانایان نەدەبوو. لەبەر ئەوە هیچ حزب، کەسایەتی، سەرکردە و سیاسەتوانێک ناتوانێت خۆی لە دەرەوەی جغزی هەڵەدا ببینێتەوە، چونکە هەڵە بەشێکە لە ژیانی ئەوانیش.

گومانێك لەوەیشدا نییە، کە ئەمە ڕۆژنامەوانانیش دەگرێتەوە. بەپێی ئەوەی کە ڕۆژنامەوان کار لەسەر ڕووداو، بابەت، زانیاری و دەنگوباس دەکات و لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندندا بڵاویان دەکاتەوە، تا هاووڵاتیان دیمەنێکی گشتلایەنە و تەواویان لەبەردەستدا بێت. هەر لەبەر ئەوە، ئەرکی ڕۆژنامەوانە کە چەندقات وشیار و دەسپاک بێت.

هەندێک لە زانایانی بواری ڕاگەیاندن پێیان وایە، کە "ڕۆژنامەوان نابێت هیچ هەڵەیەک بکات!" ئەوان بنەمای کاری ڕۆژنامەوان لەسەر پیشەییبوون (پڕۆفێشناڵێتی) و هزری گشتلایەنیی ڕۆژنامەواندا دەبینن، کە وردی لە کاردا دەکەنە بنەما بۆ گەیاندنی زانیاری بە هاووڵاتیان. هەروەها ئاستی بەرزی کەلتوور، تێگەیشتن و ئەخلاقی کۆمەڵگە لەو بوارەدا، دەبێ دەوری سەرەکی بگێڕێت. ئەم بۆچوونە گەرچی زۆر بەوردی و هەستیارییەوە باس لە ڕاگەیاندن دەکات و تەواو دروستە، بەڵام مرۆڤ وەکوو "ڕۆبۆت" دەبینێت کە نابێ هیچ هەڵەیەک بکات! بێ شک شتی وا لە ژیانی مرۆڤدا ڕوو نادات.

بۆچوونێکی تر ئەوەیە کە، "ڕۆژنامەوان دەبێ کەمترین هەڵە بکات." ئەمەیان بۆ ڕاستییەکانی ژیان دەگەڕێتەوە، بەڵام قسەکە لەسەر ئەوەیە کە "کەمترین هەڵە" چییە؟ هەڵەی گەورە یان بچووک؟ بێ گومان کەمترین هەڵە دەبێ ئەوە بێت، کە کەمترین زەرەری بۆ کۆمەڵگە هەبێت. ئەگەر سەیری هەڵەی گەورە لە ڕاگەیاندندا بکەین، دەکرێت لە بەراوردێکدا ئاستەکەی بەدەست بێنین. دکتۆرێک کە هەڵە ده‌كات، مرۆڤێک دەکوژێت، دادوەری دادگە کە هەڵەی کرد، بۆ چەندان ساڵ مرۆڤێکی بێتاوان دەخاتە زیندانەوە. ڕۆژنامەوان یان ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی کە بەهۆی هاوکێشەی مرۆڤییەوە کار دەکات، کاتێک هەڵە، چەواشەکاری و درۆ بکات، هەزاران و دەیان هەزار کەس بەهەڵەدا دەبات. ئاکامی ئەو هەڵەیەیش دەیان و سەدان بۆچوونی هەڵە بەرهەم دێنێت؛ بێ شک زانیاریی هەڵەیش بڕیاری هەڵەی بەدوادا دێت!

بەڵام لە پاڵ هەردوو بۆچووندا، ئەم بۆچوونە دروستەی "فۆروومی په‌یامنێرانی جهانی" سه‌باره‌ت به ئه‌خلاقی ڕۆژنامەوانی، باشترین وانەیە کە دەڵێت: "کاتێک تووشی زانیارییه‌کی هه‌ڵه بووی، خێرا ڕاستی بکه‌ره‌وه‌." واتە، ددان بە هەڵەی خۆیدا بنێت و کاتێک کە هەڵەی کرد، خێرا ڕاستی بکاتەوە‌‌ و داوای لێبووردن بکات. ئەگەر هەڵە ڕاست نەکرێتەوە، هیچ شک لەوەدا نییە کە هەڵە، هەڵەی تری بەدوادا دێت. "کۆنفۆشیۆس" (٥٥١-٤٧٩ ب. ز) لەو بارەیەوە ئاماژە بە شتێکی دروست دەکات: "ئه‌گه‌ر که‌سێکت بینی که‌ هه‌ڵه‌ی کردووه‌ به‌ڵام ڕاستی ناکاته‌وه‌، ئه‌و که‌سه‌ هه‌ڵه‌ی زیاتر ده‌کاته‌وه."

بۆ پاراستن و به‌هێزترکردنی ئه‌خلاق له‌ کاری ڕۆژنامه‌وانیدا، پێویسته‌ سه‌رچاوه‌کان جێی متمانه‌ بن و پێش ئه‌وه‌ی‌ بابه‌تێک بڵاو بکرێته‌وه، ده‌بێ بۆ متمانه‌ی زیاتر چاوپێداخشاندنی‌ به‌سه‌ردا کرابێت؛ ته‌نانه‌ت ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌وانی و ده‌ستپاکی وا ده‌خوازێت، که‌ دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ و بۆ متمانه‌ی زیاتر، پێداچوونه‌وه‌ی پێدا بکرێت و تێبینییه‌کان وه‌ربگیرێن. ئەمەیش یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی کاری ڕاگەیاندن. متمانە، بەرپرسیارێتی و ئەخلاق هەم لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کاری ڕاگەیاندنن و هەمیش میکانیزمێکە بۆ کەمتر هەڵەکردن.

هەڵە تەنیا هەر ئەوە نییە کە زانیارییەکان چەوت یان نادروست بن، هەڵە دەتوانێت مەیدانێکی بەرفراوانتر داگیر بکات، وەکوو تێکدانی سەقامگیریی سیاسی، نانەوەی ئاژاوە، دروستکردنی بێهیوایی لەناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، یان کارکردن تەنیا لەسەر لایەنە ناکۆکەکانی حزب و لایەنە سیاسییەکان؛ یان ئەوەتا بەردەوام لە فکری ئەوەدا بێت کە چۆن ئاگری ناکۆکییەکان بگەشێنێتەوە و قاتماغە لەسەر برینەکانی کۆن هەڵبداتەوە؛ هەروەها نەهێشتنی دیوار لە نێوان جیاوازی و ناکۆکییەکاندا، واتە جیاوازییەکانیش بخاتە خانەی ناکۆکییەکانەوە.

کۆبەند

ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی دەتوانێت به نۆره‌ی خۆی له فۆرمدان به سیاسه‌ت، ده‌وڵه‌تی یاسا، بەوه‌ڵامده‌ر‌کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رامبه‌ر هاووڵاتیاندا و بەرپرسیارێتییان لە بەرامبەر کارەکانیاندا، هەروەها لە پێکهێنانی کەشوهەوایەکی ماقووڵ بۆ به‌شداریکردن و ڕاهێنانی هاووڵاتیان له بڕیاره‌ سیاسییه‌کاندا و، لە سەقامگیریی سیاسیدا دەوری بەرچاو بگێڕێت. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، بێ گومان بە بوونی ستراتیژییەکی ڕوونی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنییەوە دەتوانێت لە به‌دیموکراتیکردن و به‌لیبراڵیکردنی کۆمه‌ڵگه‌، پێکهێنانی دۆخێکی عه‌قڵانی بۆ دیالۆگ، گێڕانی ده‌ور له شوشتنەوە و ستانداردکردنی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رانسه‌ری، یارمه‌تیدان به به‌رفراوانترکردنی بازاڕی ئابووری بۆ وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌، دەوری کاریگەر و کارتێکەری هەبێت. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، هێز، دەسەڵات و کاریگه‌ریی هەیە!