"هەڵبژاردن" و "هەلبژاردن"

هەڵبژاردن یەکێکە لەو چەمکانەی کە بە ڕووە سادەکەی مێژوویەکی کۆنی هەیە و، لە سەردەمانێکی زووەوە مرۆڤه‌کان ئەزموونیان کردووە و، وەکوو ئامرازێکی کاریگەر و ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاریشە و گرفتانە بەکاریان هێناوە کە لە کۆمەڵگەدا لە گۆڕێدا بوون. کۆمەڵناسانی سیاسی، مێژووی هەڵبژاردن بۆ سەردەمانی یۆنان و ڕۆمانییەکان دەگێڕنەوە، بەڵام گرنگە ئەوە بگوترێت کە مانا و مەغزا و میكانیزم و چوارچێوەی هەڵبژاردن لەو کاتانەدا بە جۆرێک بووە، کە بۆ ژمارەیەکی کەمی دانیشتووان جوغزکێشراو بووە. واتە تەنیا ئەو کەسانە دەیانتوانی خۆیان کاندید بکەن و بچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، کە خاوەنی پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی و سیاسیی باڵا بوون. واتە پرۆسەکە تەنیا لە بازنە و جوغزی ئەواندا ئەنجام دراوە  و، زۆرینەی خەڵکی،  تەنیا کۆیلە و خزمەتکار بوون و،  مافى مەدەنی و سیاسییان نەبووە بتوانن نە هەڵبژێرن و نە هەڵبژێردرێن.

ئەم پرۆسەیە بە تێپەڕبوونی زەمەن و گۆڕانکارییە زۆروزەوەندەکانی بواری مافە مەدەنییەکانی تاک و بڵاوبوونەوەی چەمکی دیموکراسی، گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوە دیت، تا گەیشتۆتە ئەم سەردەمە و ئەم قاڵبە یاسایی و دەستوورییەی کە هەیەتی بۆ هەڵبژاردنی کەسێک، یان چەند کەسێک.

مانای ‌هەڵبژاردن لە ئێستادا

زۆربەی سیستەمە سیاسییەکانى ئەمڕۆ، هەڵبژاردنیان وەکوو بنەمایەکی سەرەکی لە دەستووری خۆیان و، هەروەها وەکوو یەکێک لە تەشریعاتە یاسایییەکانی وڵاتەکانیان جێ کردۆتەوە و چەسپاندووە؛ ئەمەیش بە ئامانجی پراکتیزەکردنی هزری دیموکراسی (کە به‌ بەرفراوانترین و مەقبووڵترین ستایلی حوکمڕانی دادەنرێت). جا لەناو خودی سیستەمی دیموکراسیدا، هەڵبژاردن یەکێکە لە قایمترین و سەرەکیترین پایەکانی و دیارترین ڕووکارەکانییەتی، چونکە تێیدا ئامانجی سەرەکی بریتییە لە هەڵبژاردنی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو؛ ئەمەیش لەسەر بنەمای دەنگدانی تاکەکانی کۆمەڵگە. هەر لێرەوەیە کە هەڵبژاردن دەبێتە مافێکی یاسایی و مەدەنی بۆ هەمووان. لەم سۆنگەیەوە، دەکرێت هەڵبژاردن وەکوو هەل و چانسێکی تازە بناسێنرێت کە هاووڵاتیان بە ئومێدی گەیشتن بە ئاستێکی باشتر لە خۆشگوزەرانی، دەنگ بە پەیمانی جۆراوجۆری ئەو کەس و لایەنانە دەدەن کە بەشداریی پرۆسەکە دەکەن.

بە مانایەکی سادەتر، هەر هەڵبژاردنێکی نوێ، هیوایەکی نوێ دەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و هاونیشتمانیان بەو خواستانە بگەن کە لە هەڵبژاردنی پێشتردا لێی بێبەش بوون. واتە داهاتوو دەبێتە تەواوکەری هاتنەدیی بەشێک لەو خواست و پێداویستییانەی، کە لە ڕابردوودا  نەتوانراوە هەمووی بهێنرێتە دی و چارەسەر بکرێن. لێرەدا هەڵبژاردن دەبێتە بابەتێکی خوازراو و مەقبووڵ (جێی په‌سه‌ند). نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو وای لێ دێت خەڵک بە ئومێدێکی بەردەوام و دووبارەبووەوە هەژماری بکەن و بەحەماسەوە چاوەڕوان و بەشداریی تێدا بکەن. نەک هەر ئەوەندەیش، بەڵکوو هەوڵ دەدەن بەئاگا و هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ کۆی پرۆسەکەدا بکەن و وەکوو مافێکی یاساییی خۆیان سەیری بکەن و، ئامادە نەبن دەستبەرداری ئەو مافە مەدەنی و دەستوورییەیان ببن.

هەڵبژاردن بۆچی؟

ئەنجامدانی هەر کارێکی سەرتاپاگیر لە کۆمەڵگەدا کات و ماندووبوون و میکانیزمی ئاڵۆز و وردی دەوێت. جا هەر خودی هەڵبژاردن بە یەکێک لە کارە ئاڵۆزەکان هەژمار دەکرێت، چونکە ئەم پرۆسەیە لە دامەزراوە و سیستەمە سیاسییەکانی ئەم سەردەمەدا زۆر ئالۆزترە، بە بەراورد بە سەردەمی دەوڵەتشاری یۆنانی و، ئامانجەکانیشی یەکجار بەربڵاوترن. دەکرێت بڵێین کە لە لایەک مافە مەدەنی و سیاسییەکانی خه‌ڵک لەو کاتانەدا هێندە سنووردار بووە، کە تەنیا چەند چین و توێژێکی کەمی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە. لە لایەکی دیکەیشەوە، ڕووکارە سیاسییەکانی ئیدارەی وڵات لە کۆندا بە بەراورد بە ئێستا، هێندە سادە بوون کە وایان کردبوو هەڵبژاردن لە فۆڕمێکی سادەتردا بەڕێوە بچێت. تا ئێرە بابەتەکە سادە و مەفهوومە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت لێرەوە بە چەند پرسیارێک مەبەستی وتارەکەمان بخەینە ڕوو، بۆیە دەپرسین کە، ئایا تا چەند ئەو هەڵبژاردنە زۆروزەوەندانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەچن، توانیویانە بەشێک لەو ئامانجانە بۆ هاووڵاتیان بهێننە دی کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرز دەکرێنەوە؟ یان تا چەند دروشمەکان لە ئاستی خواستی هاووڵاتیاندان (کە لەگەڵ خواستی مرۆڤی سەردەمی جیهانگەراییدا گونجاو بێ؟) بە سادەترین دەربڕین، ئایا هەڵبژاردن بۆتە ئومێدێک بۆ هاووڵاتیان بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان و چارەسەربوونی کێشەکانیان و سوودمەندبوونیان لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیانیان و باشتربوونی ئاستی بژێوییان، یان هاووڵاتیان هەر بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن و بەو بەشدارییەیان تەنیا هەل و دەرفەت بۆ دەوڵەمەندبوونی ئەو کەسانە دەڕەخسێنن کە هەڵیان دەبژێرن؟

گرنگیی بەشداریی تاک لە هەڵبژاردندا

بەدڵنیایییەوە مافی بەشداریکردنی هەر تاکێک لە هەڵبژاردندا، کە گەیشتبێتە تەمەنی یاسایی (١٨ ساڵ)، یەکێکە لە سیماتەکانی ژیانی مەدەنییانەی تاکی کۆمەڵگە لەم سەردەمەدا. هەر بۆیەیشە ئەم بەشداریکردنە وەکوو ئەرکیکی نیشتمانیی گرنگ سەیر دەکرێت و، تاکەکانیش وەکوو هەلێک سەیری دەکەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کاندیدەکانی خۆیانەوە، بگەن بەو خواستانەی کە تێیدا هەست بە بێبەشی دەکەن و، هەر لە ڕێگەی هەڵبژاردنیشەوەیە کە دەسەڵات شه‌رعییەتی یاساییی خۆی بەدەست دێنێت و دەتوانێت بەردەوام بێت. جا مادام بەشداریی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا هێندە گرنگ بێت، چۆن دەکرێت حزب و لایەن و کەسەکان مافی ئەوە بە خۆیان بدەن، کە دوای گەیشتنیان بە دەسەڵات ئەو پەیمان و بەڵێنانەیان بیر بچێتەوە کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە لایەنگر و هاووڵاتیانی خۆیانیان داوە؟ چونکە لە لایەک هەر بێئومێدبوونێکی تازەی خەڵک، کزبوونێکی ئینتیمای بەشداریکردنی هاووڵاتیانی لێ دەکەوێتەوە، کە له‌ ئه‌نجامدا هێزی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە لای خەڵکی لاواز دەکات کە دواتر لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)ەوە دەردەکرێن. لە لایەکی دیکەیشەوە مەغزای ئەو یاسایانە شەرعییەتی مەعنەوییان لای خاڵک نابێت و، مانای هەڵبژاردن نرخ و بەهای خۆی لەدەست دەدات و، زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگە هەڵبژادن بە ئومێدێک بۆ باشتربوونی ژیان و گوزەرانیان نابینن و، تەنیا وەکوو پرۆسەیەکی دووبارەبووەوە سەیری دەکەن و خۆیان بە خاوەنی نازانن و، بەڵکوو بە هەلی گەیشتن بە دەسەڵات و پارە بۆ هەندێک کەس و حزب و لایەن تێی دەڕوانن.

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی هەر جەولەیەکی نوێی هەڵبژاردنەکان، بریتیيە لە دەرکەوتنی دەموچاوی نوێی کاندیدکراو، جا چ لەسەر ئاستی حزبی، یان بزووتنەوە و لایەنەکان بێت و، هەروەها خستنەڕووی بەرنامە و پرۆگرام و پلانی ستراتیژیی نوێ، نەک لێدانەوەی قه‌وانی کۆن و سواوی لای جەماوەر.

هەڵبژاردن ئەو کاتە ئومێد و هەلی باشتربوونی ئاستی خزمەتگوزاری، خۆشگوزەرانی و  چارەسەربوونی کێشە و ئاریشە سیاسی و ئابوورییەکانی خەڵک و هاووڵاتیان دەبێت، کە بەرنامەی حزب و بزووتنەوە و لایەنەکان هێنانەپێشەوە و کاندیدکردنی  ئەو کەسانە بێت کە بەڕاستی بەتوانا و دڵسۆز و دەستپاک و شیاون، نەک دووبارەکردنەوەی دەموچاوەکانی پێشتر کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی حزبی و خزمخزمێن و عەشیرەت و کوتلە و کوتلەبازی بوون. بەپێچەوانەیشەوە، هەڵبژاردن دەبێتە هۆکاری نەمانی ئینتیمای نەتەوەیی و بێئومێدی لای هاووڵاتیان، تا ئەو ئاستەی کە مەترسی لەسەر بەشداریکردنیان دروست دەبێت و، پرۆسەکە تەنیا دەبێتەبژاردنی ئەو هەلانەی کە جەماوەر پێشتر دڵیان پێی خۆش کردبوو.