گەشەپێدانی ئابووریی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە لە ڕوانگەی قوتابخانەکانییەوە

د.عەبدولڕەزاق محەمەد – دکتۆرا لە کۆمەڵناسی

بەشی یەکەم

لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە لە پرۆسەی پێشکەوتندابوون، زیاتر جەخت دەکرایە سەر گەشەپێدان و پێشکەوتن لەڕووی ئابوورییەوە و، لایەنەکانی خۆشگوزەرانیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی کەمتر بەهەند وەردەگیران و جێگەی بایەخ بوون. ئەمەیش بەتایبەتی لە نێوان شارنشین و گوندنشینەکانیشدا ئەم ناهەوسەنگییە لە گرنگیپێدان بۆ گەشەپێدان زۆر بەرچاو بوو. بەڵام لە ساڵانێکی دواتردا توێژەرانی بارودۆخی وڵاتانی گەشەسەندوو ئەوە دەخەنە بەر دید کە وێڕای ئەوەی ئەمانلە ڕووی ئابوورییەوە گەشەسەندنێکی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە، وه‌لێ لەبەر ئەوەی ئامانجە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی گەشەپێدان کەمتر هاتوونەتەدی و بەهەند وەرگیراون، هەر بۆیە تاکەکانی کۆمەڵگە کەمتر لە مانا و مەغزای پرۆسەی گەشەپێدان بەهرەمەندبوون.  هەربۆیە  لە قۆناغەکانی دواتردا و بە ڕەچاوکردنی ئەزموونی ئەم وڵاتانە، پسپۆڕان و پلانداڕێژەرە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، لەوە گەیشتن کە بۆ هێنانەدیی گەشەپێدانێکی زانستیی وڵات، پێویستە لایەنە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕەچاوبکرێن؛ئەمەیش لەپێناو هێنانەدیى هاوسەنگی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە.

قوتابخانەی نوێگەرایى وەکوو یەکەم قوتابخانە

لە ڕوانگەی گرنگی و بایەخی ئەم بابەتەوە، دەکرێت دەرکەوتنی قوتابخانەی نوێبوونەوە لەو ماوە مێژوویییەدا (1945 - 1960) بە یەکێک لەو هەوڵانە دابنرێت کە لەم پێناوەدا دراون.سەرهەڵدانی قوتابخانەی نوێگەرایى لە سەردەمێکی ئاوادا، وەک بەرەنجامێک بوو بۆ ئەو بیروڕا و تیۆرییانەی کە پێشتر لە بواری کۆمەڵناسیی کلاسیکدا سەبارەت بە پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەخرانە ڕوو. بۆیە پێویستە بۆ گەڕان بەدوای ڕەگوڕیشە سەرەتایییەکانی ئەم قوتابخانەیە، بۆ بیروباوەڕی کۆمەڵناسە کلاسیکییەکانی وەک ئەمیل دۆرکهایم، ماکس ڤیبه‌ر و پاریتۆ بگەڕێینەوە.

ئەمیل دۆرکهایم (E.Durkheim) بە پرسیارێکی گرنگ سەبارەت بە کۆمەڵگە دەستپێدەکات و دەڵێت: "خەڵک چۆن لە گرووپە جێگیرەکاندا بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگە یەکانگیرەکان کۆدەبنەوە؟  ئایا سروشتی پەیوەندیی هەر یەکەیان بە ئەوی دیكه‌یانەوە چییە کاتێک کۆمەڵگە گەشەدەکات و زیاتر ئاڵۆز دەبێت؟" لە دیدیدۆرکهایم دوو جۆر کۆمەڵگە هەیە: یەکێکیان تەقلیدی(کۆن)و ئەویتریشیان نوێ؛ هەر یەکێک لەمانەیش لە ڕووی یەکانگیریی ئەندامەکانییەوە شێوەیەکی جیاوازی لەوی تر هەیە. هەرچی کۆمەڵگەی یەکەمە، دانیشتووانەکانی ئەرکگەلێکی هاوشێوەیان هەیە و لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵیدان کە لە کۆمەڵێک خێزان پێک دێت و لە چوارچێوەی گونددا دەژین. بۆیە لەبەر ڕۆشناییی ئەم بارودۆخەدا یەکانگیرییەکی کۆمەڵایەتی هەیە کە لەسەر بنەمای شێوازی سادەی ژیانی کۆمەڵایەتییان بونیادنراوە.

دۆرکهایم ئەم شێوازە ناودەنێت یەکانگیریی میکانیکی؛ چونکە لەم کۆمەڵگەیەدا گرووپە سەربەخۆکان زۆر پێکدەچن، بەڵام دیسان هەر یەکەیان جۆرێک خۆبەڕێوەبردنیان هەیە و ئەرکی خۆیان لە کشتوکاڵ و پەروەردەی منداڵ و ئاراستەکردنی کۆمەڵایەتی و چەندین ئەرکی تر ئەنجام دەدەن، کە لێرەدا دابەشکردنی کار بەپێی توانا و لێهاتووییی گرووپەکان دەگۆڕێت. سەبارەت بە چۆنێتیی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیش، هۆکارەکە بۆ زۆربوونی ژمارە و چڕیی دانیشتووان دەگێڕێتەوە؛ بەجۆرێک کە ئەم زۆربوونە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێبڕکێ لەنێوان ژمارەیەکی زۆری خەڵک سەبارەت بە سەرچاوەیەکی تا ڕاددەیەک کەم، کە دواجار لەم بارودۆخەدا پێویستە چارەسەرێکی کۆمەڵایەتی بێتەدی کە بەڕای دۆرکهایم چارەسەری ئەم گرفتە لە ڕێگه‌ی زۆربوونێکی یەکبە دوای یەکی دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتی دێتەدی؛  بەو مانایەی کە هەلی کاری جۆراوجۆر بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە دروست دەبێت.

بەم شێوەیەیش دابەشکردنی کار ئاڵۆزییەکی زۆری تێدەکەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا جۆرێکیش لە پەیوەندی دروستدەکات. وەک چۆن لە ئەندامەکانی لەشی بوونەوەرێکدا هەر یەکەیان بە شێوەیەکی جیا کاری خۆی دەکات کە جیاوازە لە کاری ئەندامەکانی تری لەش، بەڵام یەکتریش تەواودەکەن، بە هەمان شێوەیش لەناو کۆمەڵگەدا جیاوازیی کارەکانی دامودەزگەی پسپۆڕ پەیدادەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک لە پێداویستییە جۆربەجۆرە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکانى ئایینی، ئابووری، سیاسی و...؛ بەم ڕێگه‌یەیش کۆمەڵگەی نوێ دروستدەبێت.

لایەنگرانی قوتابخانەی نوێگەرایى، کۆمەڵگەکانیان بۆ دوو جۆر دابەشکردووە:

کۆمەڵگه‌ی کۆن (تقلیدی) و کۆمەڵگه‌ی نوێ". لەم ڕوانگەیەوە پرۆسەی پەرەپێدانیان تا ئەو ڕاددەیە سادە دەکردەوە کە تەنیا شکاندنی چوارچێوەی کۆنەکە بوو بەرەو قۆناغێکی نوێتر. ئەوان پێیانوابوو ئەم وەرچەرخانەیش پشت بە گۆڕانی لایەنی ڕۆحیی مرۆڤەکان دەبەستێت؛ بەو جۆرەی کە وا لە مرۆڤەکان بکات زیاتر ئامادەیییان بۆ قبووڵکردنی بارودۆخە نوێیەکە هەبێت و، دواتریش وایانلێدەکات هێزی زیاتریان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە و بارودۆخە تایبەتییەکەی هەبێت.

 ئەم بیروڕایەیش لە کارەکانی ماکس ڤیبەر)1864_1924(Max Weber دا- یەکێکە لە لایەنگرانی قوتابخانەی نوێبوونەوە- دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە کارە سەرەکییەکەیدا: "ڕەوشتی پرۆتستانتی و ڕۆحی سەرمایەداری"؛ کە تێیدا هەوڵی سەلماندنی ئەوەی دەدا بڵێ سەرکەوتنی شێوازی سەرمایەداری لە بەرهەمهێناندا خۆی لە بیروڕای پرۆتیستانتیدا شاردۆتەوە.

ماکلیلاند)1917_1998(Mcclellandیش کە یەکێکی تر بوو لە لایەنگرانی قوتابخانەی نوێبوونەوە، پێیوابوو کە ئەو کۆمەڵگەیەی هەستکردن بە دیاردەکانی چەوساندنەوە و کۆیلایەتیی تێدا نییە، بە شێوەیەکی بەردەوام تێکڕای گەشە ئابوورییه‌كه‌ی زیاد دەکات.

بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانە بۆ بیروڕاکانی بیرمەند و لایەنگرانی قوتابخانەی نوێبوونەوە، ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە پرۆسەی گەشەپێدانیان تەواو گرێدابوو بە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوورییەوە. بەو مانایەی ئەوەی ئەرکی گەشەپێدانە لە کۆمەڵگەکاندا، ئەوەیە کە تا چەند ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی هێنانەدیی گەشەیەکی بەرچاو لە بواری ئابووریی واقعی کۆمەڵگەکان و، لایەنەکانی تری وەک بواری کۆمەڵایەتی تا ڕاددەیەک پشتگوێ خراوە. لەبەرچاوگرتنی واقعی کۆمەڵگەکان لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم کە زۆربەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەهۆی ئەم جەنگەوە زیانی گەورەیان لێ کەوتبوو، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە، دەکرێ وەکوو هۆکارێکی سەرەکی دابنرێت بۆ ئەو بەیەکەوەگرێدانەی نێوان گەشەپێدان و ناوەرۆکی قوتابخانەی نوێبوونەوە؛ چونکە لەو کاتەدا هەموو کۆمەڵگەکان لە هەوڵی پلانداناندا بوون بۆ بەهێزکردنەوەی ئابووریی وڵاتەکانیان (بەتایبەتی وڵاتە زلهێزەکانی براوەی جەنگەکە). بۆیە دەرکەوتنی ئەم قوتابخانەیەیش کە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و لە دەیەی پەنجاو شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرکەوت و ئابوورییناسان وەکوو پێشەنگ، وێڵبوون بەدوای هێنانەدیی شێواز و مۆدێلگەلى گەشەپێداندا؛ بە جۆرێک ئەم مۆدێلانە ئەو بابەتانە لەخۆ بگرن کە چۆن بتوانرێت گەشەی خێرای ئابووری بهێنرێتەدی. ئەم مۆدێلانەیشیان لەسەر بنەمای ئەزموونی وڵاتە ڕۆژاوایییەکان وێنا و دروست کردبوو، بەڵام کاتێک هەوڵیاندا کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەموو جیاوازی و ئاڵۆزییانەی کە لە کۆمەڵگەکانی جیهانی سێیەمدا هەبوون بەکاریان بهێنن، بەخێرایی ڕووبەڕووی گرفتی گەورەتر بوونەوە. هەر ئەوەیش وایکرد کە پێویستییان بە پسپۆڕەکانی تری وەک کۆمەڵناسان و زانایانی بواری سیاسەت و بیرمەندانی تر هەبێت. بەو جۆرەیش نموونەی نوێبوونەوە کە زیاتر ڕوویەکی ئەمریکیی هەبوو، بوو بە تایبەتمەندییەکی ڕۆشنبیرییانەی تەواوی زانستە کۆمەڵایەتییەکان.

بنەمای سەرەکیی قوتابخانەی نوێگەرایى بریتییە لە گۆڕانی کۆمەڵگە؛ بەو پێیەی کە نوێبوونەوە ئاماژە دەکات بە وەرچەرخانی کۆمەڵگە لە شێوازێکی سادە و کۆنەوە بۆ شێوازێکی تر کە بە ئاڵۆزی و بە پیشەسازیبوون وەسف دەکرێت؛ بە جۆرێک گۆڕانکارییە ئابوورییەکان زەقتر بەرچاو دەکەون. لەبەر ئەوەی نوێبوونەوە وەک پرۆسە، ئەو هێزە باڵایەیە کە هەموو سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکان بەکار دەهێنێت بە ئامانجی هێنانەدیی تەواوکاری و یەکانگیریی کۆمەڵایەتی و پێشخستنی شێوازە بەتواناکان لە بوارە جۆربەجۆرەکانی سیاسەت و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامی ئاستی بەرهەم و سامان. هەر بۆیە هەندێک لە توێژەران، نوێبوونەوە بە بەشارستانیبوونەوە گرێدەدەن؛ بەپاساوى ئەوەى کە زۆربەی پڕۆگرامەکانی نوێبوونەوە جەخت لەسەر سیاسەتی بەپیشەسازیبوون دەکەنەوە بە هەموو شێوەکانییەوە. ئەم سیاسەتانەیش بەزۆری لەناوچە شارنشینەکاندا جێبەجێ دەکرێن. بەشارستانیبوون لە تیۆریی نوێبوونەوەدا هێندە گرنگە، کە بە یەکێک لە ڕووکارە گرنگەکانی دادەنرێت. لەم ڕوانگەیەیشەوە، هەوڵدەدرێت پلەی نوێبوونەوەی کۆمەڵگەکانی پێ بپێورێت. بەو جۆرە کۆمەڵگەکان لە سادەترینیانەوە بەرەو نوێترینیان ڕیز دەکات و، پێیوایە بە تێپەڕبوونی کات و نەمانی ڕێگرە ڕۆشنبیرییە کۆنەکانی کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی، وا دەکات ڕۆژێک ببێتە کۆمەڵگەیەکی شارستانی و پێشکەوتوو.

کۆمەڵگەی مۆدێرن کۆمەڵگەیەکی پیشەسازییە، کە نوێبوونەوە بە یەکەم مانای دێت، ئەمەیش واتای بەپیشەسازیکردنی کۆمەڵگەیە.

بەلەبەرچاوگرتنی بەشاریبوون (نیشتەجێبوون لە شار) لە تیۆریی نوێبوونەوەدا، کۆمەڵگەکان بەجۆرێک ڕیز دەکرێن كه‌ بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست ببێت، پێویستە  کۆمەڵگەیەکی کۆن دەستبەرداری هەموو ئەو بەهایانە بێت کە ڕێگرن لە بەردەم بەپیشەسازیبوون و گەیشتن بە پلەی کۆمەڵگەیەکی نوێ. بۆ ئەم مەبەستەیش زۆربەی توێژەرانی بواری نوێبوونەوە، کۆکن لەسەر ئەوەی کە هەر کۆمەڵگەیەک بیەوێت ببێتە کۆمەڵگەیەکی نوێ، یەکێک لەو لایەنانەی پێویستە لەو کۆمەڵگەیەدا فەراهەم بێت دیاریکردنی چەندێتیی مەودای مەیل بۆ نوێبوونەوە و توانای ئاراستەکردنی گۆڕانکارییەکانی ناو کۆمەڵگەیە، بە ئامانجی گەیشتن بە نوێبوونەوە.

جیاوازیی سەرەکیی نێوان کۆمەڵگه‌ی نەریتی و کۆمەڵگەی نوێ، کە تیۆردانەرانی نوێبوونەوە باسیانکردووە، خۆی لە باڵادەستیی کۆنترۆڵی مرۆڤی مۆدێرن-بە شێوەیەکی زیاد- بەسەر ژینگەی سروشتی و تەکنەلۆژیداده‌بینێته‌وە.

لە تیۆریی نوێبوونەوەدا بە شێوەیەکی بەردەوام کۆمەڵگەکان بۆ دوو جۆر دابەش دەکرێن: کۆمەڵگەی نەریتی و کۆمەڵگه‌ی نوێ، کە هەر یەکێکیان خەسڵەتگەلێکی هەیە لەوەکەی تر جیای دەکەنەوە و تایبەتمەندیی پێدەبەخشن. لە گرنگترین ئەو خەسڵەتانەیش دابەشکردنی کارە، کە لە کۆمەڵگەی نەریتیدا زۆر سادەیە، بەڵام لە کۆمەڵگەی نوێدا زۆر ئاڵۆز و تێکچڕژاوە. هەرچى کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییە، لە کۆمەڵگەی نەریتییدا زیاتر نافەرمییە، بەڵام لە کۆمەڵگەی نوێدا کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی لاواز دەبێت و کۆنترۆڵی فەرمی جێگەی دەگرێتەوە. بۆ نموونە پەیوەستبوون و گوێڕایەڵیی دابونەریتەکان لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا زۆر کاریگەرە، بەڵام لە کۆمەڵگە نوێیەکاندا بەو جۆرە نییە؛ کۆمەڵگە نوێیەکان ڕێککەوتنەکان لەسەر یەکانگیرییەکی ئۆرگانی وەستاون، لە کاتێکدا ئەم ڕێککەوتنە لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا لەسەر یەکانگیرییەکی میکانیکی وەستاوە (وەک ئەوەی دۆرکهایم باسی دەکات). لەم کۆمەڵگەیەدا وێکچوونێکی گشتی لە هەستکردن بە ناسنامەی هاوبەش هەیە، بەڵام لە کۆمەڵگە نوێیەکاندا جیاوازییەکان بەرچاون. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم خەسڵەتانە خاڵی جیاوازیی گەورەن لە نێوان ئەم کۆمەڵگەیانەدا، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ لێکنزیکبوونەوە یان وێکچوون لە نێوانیاندا دروست دەبێت. باجی ئەم لێکنزیکبوونەوەیش کۆمەڵگە نەریتییەکان دەیدەن، چونکە هیچ کۆمەڵگەیەک نایەوێت و ناتوانێت بەتەواوی خۆی لە پرۆسەی گەشەپێدان دوور بگرێت و لە چوارچێوە نەریتییە کۆنەکەی خۆیدا بمێنێتەوە و خوازیاری دواکەوتوویی بێت بۆ خۆی.

لایەنگرانی تیۆریی نوێبوونەوە، پێیانوایە کۆمەڵگەکان جیاوازییە ئایدیۆلۆژی و بیروباوەڕی و ئایینییەکان تێدەپەڕێنن. دوای تێپەڕاندنی قۆناغی دەرچوون بەرەو قۆناغی سەربەخۆیی، لەم نێوەندەییشدا ئەم قوتابخانەیە وا دەڕوانێتە گەشەپێدان کە قۆناغێکی سروشتیی مێژووییە و هەموو کۆمەڵگەکان بۆ ئەوەی بگەنە گەشە و پێشکەوتن، پێیدا تێدەپەڕن. ئەم بەرەوپێشچوونەیش بە خودی پرۆسەی گەشەپێدانەوە بەستراوەتەوە، چونکە گەشەسەندن خۆی دیاردەیەکی خۆڕسکە، کە بە هیچ جۆرێک بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و لە تاک تاکی کۆمەڵگه‌کاندا هەیە و، دەتوانرێت ئەم دیاردەیە بۆ قۆناغی دیاریکراوی جۆراوجۆر دابەشبکرێت، لەو کاتەی کە نیشاندەری ئاستی گەشەپێدانی بەدەستهاتوو لە هەر کۆمەڵگه‌یەکدا دیار بێت و، لە هەموو بوارە جۆربەجۆرەکاندا، بۆ نموونە لە بواری ئابووریدا، گەشەپێدان بە شێوەیەکی تایبەتی بە مانای بەپسپۆڕیکردنی چالاکییە ئابوورییەکان و گەشەی بازاڕەکان دێت. لە بواری ڕێکخراوە و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانیشدا یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گەشەپێدان بە مانای بڵاوبوونەوەی پەروەردە دێت. لە ڕوانگەی سیاسییشەوە بەمانای بڵاوبوونەوەی دیموکراسییەتە.

بەو جۆرە، دەکرێت لە ڕێگەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە بوارە جۆربەجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکان بەگشتی و کۆمەڵگە نەریتییەکاندا بەتایبەتی ڕوودەدەن، قۆناغی پرۆسەی گەشەپێدانی ئەو کۆمەڵگەیە دیار بکرێت. هەرچەندە لە ڕاستیدا لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە خەریکی گەشەسەندنن، بە هۆی ئەوەی کە لە چەندین دەیەی ڕابردوویاندا بێئاگا و هەژاربوون و سەرمایەیەکی بەهێزیان نەبووە، بۆیە لەو کاتەی بەرەو گەشەسەندن هەنگاو دەنێن کەمتر گرنگی بە ناوچە و گوندنشینەکان دەدەن بە بەراورد لەگەڵ سەنتەری شارەکان؛ئەمەیشلە ڕووی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و ئاوی خواردنەوەوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، دەبێت ئاماژە بەوە بدرێت ئەوەی ئەمڕۆ لە سەنتەری شارەکاندا دەگۆڕێت و گەشە دەکات، لە دواڕۆژدا دەگاتە ناوچە گوندنشینەکانیش و دەبێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵگە لە کۆمەڵگەیەکی نەریتییەوە بۆ کۆمەڵگه‌یەکی نوێ.

هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی قوتابخانەی نوێگەرایییەوە لە دەیەی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا (سەدەى بیستەم)، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە شێوەیەکی بەپیشەسازیبوونی بەخۆوە گرتبوو، بەتایبەتی لە شارەکاندا. هەر بۆیەیش شارنشینیی ڕوو لە  زیادبوون بوو.ئەمەیش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ ئەو گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیەی کە وایدەکرد کۆمەڵگە نەریتی و کۆنەکان بەرەو کۆمەڵگەیەکی تازە و نوێ بگۆڕێن. بەڵام بە سەیرکردنی مێژووی ئەم ناوچەیەی کە ئێستا پێیدەگوترێت هەرێمی کوردستان، نە لەو سەردەمەدا و نە لە ئێستایشدا کۆچکردنی گوندنشینەکان بۆ شارەکان بە پاڵنەری پیشەسازی نەبووە، چونکە تا ئێستاکەیش پیشەسازی لە هەرێمی کوردستاندا لەو ئاستەدانییە کە بە هەرێمێکی پیشەسازی بناسرێت، بەڵکوو هۆکارگەلێکی تر لە پشت ئەم کۆچکردنەوە هەبوون، لەوانە: پشتگوێخستنی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو: پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون، ڕێگه‌وبان، ئاو، کارەبا،نەبوونی پلان و ستراتیژێک بۆ پەرەپێدانی لادێیی ((Rural Development لەم هەرێمەدا، بەتایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا.

ئەم جۆرە کۆچە، تا کۆتاییی حەفتاکان بەردەوام بوو. بەڵام لە کۆتاییی حەفتاکانەوە حکوومەتی عێراق بە پرۆسەیەکی بەرفراوان بە قووڵاییی 30 کم سنوورەکانی ڕاگواست.دواتریش بە درێژاییی هەشتاکان بەهۆى جه‌نگى نێوان عێراق-ئێران(1980-1988)، ئەوە بەردەوام بوو؛ وێڕای قۆناغەکانی ئەنفال کە زۆرینەى گوندەکانى کوردستانى وێران کرد، کە دەگونجێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم پشتگوێخستنەیش بۆ ئەوە بووبێت وا لە گوندنشینەکان بکات لەم بارودۆخه‌ بێزار ببن و بەئاسانتر دەستبەرداری زێدی باب و باپیرانیان ببن، بەتایبەتی لە کاتی جێبەجێکردنی هەڵمەتی ڕاگواستنیاندا. هەر بۆیە ئەستەمە بگوترێت کە ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە ئەنجامی ئەم ڕاگواستنەوە بەسەر پێکهاتەی بونیادی کۆمەڵایەتیی گوندنشیناندا هاتبێت بچێتە ناو بازنەی نوێبوونەوە؛ بە گەڕانەوە بۆ بنەما و ڕەهەندە فیکرییەکانی خودی قوتابخانەی نوێبوونەوە.