سەروەریی یاسا

پێشەکی:

سەروەریی یاسا، یەکێکە لە پرەنسیپه گرنگه یاسایی و سیاسییەکان، کە مرۆڤ لە مێژوودا لە هەلی بەدەستهێنانیدایە و لە سەرەتاوە تاوەکوو ئێستا، ڕۆڵ، مانا، بەها و تایبەتمەندییه‌کانی، لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە. لە ڕابردوودا، پێگەی فەرمانڕەوا و بەرپرسان و کەسانی خاوەن پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سەرووی یاساوە بوو. بۆ نموونە ئەفلاتوون، فەیلەسووفەکانی بە گەورەتر لە یاسا دەزانی. لە قۆناغێکی تری مێژووی مرۆڤایەتیدا یاسا و فەرمانڕەوا لە یەک ڕاستادا بوون، واتە یاسا ئەو بڕیار و خواستانە بوو کە ئەو دەیویست؛ بەڵام لە ئێستادا لە هەندێ وڵاتان، یاسا ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی پەیدا کردووە و لە سەرەوەی هەموو کەس و دەسەڵاتێکدایە.

خاڵی هاوبەشی بنەما یاسایییەکان لە هەموو سیسته‌مە دیموکراسییەکاندا، ناپەسەندبوونی کەڵکوەرگرتنە لە تاکڕەوی لە دەرکردنی بڕیار و، مافی یەکسانبوونە لە بەرامبەر یاسادا. بەواتایەکی تر، پارێزگاریکردنی یەکسانی لە لایەن یاساوە بۆ ھەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی، شتێکی بنچینەیی و سەرەکییە و ڕێژەی مەشروعییەتی حکوومەت، پەیوەندیی بە ڕێژەی وەفادارییان بۆ پێوەری یاسایی، ناتاکڕەوی و ئەقڵانییەتەوە هەیە. ئەمڕۆ ئەم پرەنسیپە جێگه‌ی خۆی لە یاسا بنچینەیییەکاندا کردۆتەوە و هەنگاوی یەکەمی دیموکراسی لە سەروەریی یاساوە سەرچاوە دەگرێت و، تا ئەو کاتەی سەروەریی یاسا لە وڵاتان جێگیر نەبێت و لە لایەن فەرمانڕەواوە ڕێزی لێ نەگیرێت، سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات، نادیموکراسییە. ئەرکی سەرەکیی یاسا، ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان حکوومەت و هاووڵاتی، هەروەها  هاووڵاتیان لەگەڵ یەکدیدایە. بە ئاڵۆزبوونی ئەم دوو چەشنە هەڵسوکەوتە، ڕۆڵی یاسا و، بەتایبەت مانای سەروەریی یاسا پڕرەنگتر دەبێتەوە.

ئامڕازەکانی دابینکردنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا:

مانای سەروەریی یاسا، بریتییە لەوەی کە حکوومەت ناتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی پیادە بکات، تەنیا بە گوێرەی یاسای نووسراو نەبێت کە بە تێپەڕبوونی ڕێوشوێنی توندوتۆڵدا داڕێژرابێت. هەرچەندە کۆدەنگیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مانای سەروەریی یاسا بەدی ناکرێت و، هەر وڵاتێک پێناسەیەکی جیاوازی سەبارەت بەم بابەتە هەیە، بەڵام هەموویان کۆکن لە سەر ئەوەی کە سەروەریی یاسا پرەنسیپێکی بنچینەیی و بنەڕەتییە بە مەبەستی بەڕێوەبردنی وڵات. سەروەریی یاسا بەو مانایە دێت کە، ماف لە ڕێگەی یاسا و سەربەخۆ لە ئیرادەی فەرمانڕەوا دابین و، لە بەرامبەر هەر چەشنە هەڵسوکەوتێکی خۆسەرانەی حوکمڕانان، چاودێری بکرێت. پرەنسیپی سەروەریی یاسا هەروەکوو لە دیباچەی جاڕنامەی مافی مرۆڤدا هاتووە، بۆ ئەو ئامانجانەی سەرەوە داڕێژراوە. بە شێوەیەکی گشتی، سەروەریی یاسا، پێویستە ژینگەیەک بگونجێنێت کە بەکارهێنانی دەسەڵات، بە مەبەستی خراپبەکارهێنان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیان، بیانوو نه‌داته‌ ده‌ست فەرمانڕەوا.

لە تێڕوانینی کلاسیکی یاساییی ڕۆژاوادا، سەروەریی یاسا لە بەرامبەر حکوومەتی تاکەکەسدا شرۆڤە دەکرا. یەکێک لە شارەزایانی یاسا سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت، لە حوکمڕانیی یاسامەنددا، ناوەڕۆکی سەروەریی یاسا، بەها باشە پایەدارەکان، ڕێکخستن و دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی فەرمانڕەوایە، بەپێچەوانەی حکوومەتی تاکەکەسەوە کە پێوەری دەرکردنی یاسا و بڕیار، لە خواستی فەرمانڕەوادا خۆی دەبینێتەوە. کۆدەنگی سەبارەت بە مەرجی ناساندنی بنەما و مانای سەروەریی یاسا هەیە، ئەویش بریتییە لە دوو بابەت: یەکەم، پێویستە حکوومەت لە سەر بنەمای ئەقڵانییەت بیر بکاتەوە و بڕیار بدات، بەو مانایەی کە ڕاپەراندنی بڕیار لەسەر هۆکار بێت. دووەم: هۆکاره‌كه‌، پێویستە یاسایی بێت. ئامانج لەم بیرۆکەیە ئەوەیە کە، حکوومەتی یاسا سەروەر بێت نەک حکوومەتی تاکەکەس، یان گرووپێکی دیاریکراو. بۆ گەییشتن بە ئەنجامگەیاندن و پاراستنی سەروەریی یاسا، پێویستیمان بە چەند ئامڕازێکی یاسایی هەیه‌ کە بریتین لە:

- دەستوور: دەستوور لە هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا بە مەبەستی دەستنیشانکردنی مافە بنچینەیییەکانی هاووڵاتی، سنووردارکردنی دەسەڵاتی حکوومەت و یاسامەندکردنی هێز، پێویستە. لەم ڕاستایەدا، سەروەریی یاسا و بنەماکانی، پەیوەندیی بە تیۆریی حوکمڕانیی سنووردارەوە هەیە. بەپێی ئەم تیۆرییە، بنەماکانی هەر دەستوورێک، پێویستە ژینگەی گونجاو، مافە بنچینەیییەکانی مرۆڤ، ئازادیی هاووڵاتیان و ئەرکی سەروەریی یاسا دەستەبەر بکات و ڕێگەی چاودێری لەم ماف و ئەرکە دیاری بکات.

- جیاکردنەوەی دەسەڵات: پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵات، هەروەکوو ئاشکرایە بە مانای کۆنەکردنەوەی دەسەڵاتە، لە ژێر دەستی کەسێک یان کەسانێک، بۆیە دابەشکردنی هێز و بەشداریپێکردنی گەل لە دەرکردنی بڕیاری حکوومەتدا، لە ئامرازەکانی حکوومەتی سەروەریی یاسایە. بەم مەبەستە، بۆ نەهێشتنی کۆنەکردنەوەی دەسەڵات، ڕەتكردنه‌وه‌ی هێزی ڕەها و پێشگیری لە کەڵکوەرگرتنی خۆسەرانەی، وەکوو پرەنسیپێکی سەرەکی بۆ ڕاپەراندنی سەروەریی یاسا پێویستە و، سیستەمی یاسایی، دەزگه‌ی دادوەریی تەنیا بۆ دابینکردنی ئاسایش و ڕێکخستن ناوێت، بەڵکوو ئەم دەزگه‌یە، پارێزەری مافی هەموو هاووڵاتیانە و، لە ڕێگەی یاساکانییەوە بەرپرسان ناچار بە شەفافییەت دەکات. لەم ڕوانگەوە، پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، تەنیا پڕۆپاگه‌نده‌ی سیاسی نییە، بەڵکوو کونتڕۆڵگەریی دەسەڵاتی ناڕەوا و، بەربەستە بۆ گەندەڵی. 

- سنووردارکردنی دەسەڵاتی یاسادانان: یەکێک لە ڕێگەکانی سنووردارکردن، لە چوارچێوەی بنەما و بەهاگەلێکە کە پرەنسیپی سەروەریی یاسایش لای پەسەندە، دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی یاسادانانە، وەکوو ئازادی و ڕێزگرتن لە مافە بنچینەیییه‌کان، هەروەک "هایک" باوەری وایە کە "ناتوانرێت هەرچی لە لایەن پەرلەمانەوە دەردەچێت، بە یاسا هەژمار بکرێت، بەڵکوو یاسا پێویستە تایبەتمەندیی گشتگیری تێدا بێت." ئەم تایبەتمەندییە، بە گەرەنتیی ئەنجامی سەروەریی یاسا لە ئەستۆی پەرلەمان هەژمار دەکرێت. ڕاستە پێویستە ھەموو وڵاتێک دەسەڵاتی بۆ پاراستنی سیستەم ھەبێت و، کردارە تاوانکارییەکانیش سزا بدات، بەڵام پێویستە ئەو ڕێسا و ڕێکارانەی کە دەوڵەت لە ڕێگەیانەوە یاساکانی خۆی جێبەجێ دەکات و دەیچەسپێنێت، ڕوون و ئاشکرا بێت، نەوەک نهێنی و ھەڕەمەکی و گرێدراوی پاوانکاریی سیاسی لە لایەن دەوڵەتەوە بێت.

بنەماکانی سەروەریی یاسا:

لە پێداویستییە بنچینەیییەکانی سیستەمی یاساییی گونجاو لە حوکمڕانیی دیموکراسیدا، بنەماکانی سەروەریی یاسایە. سەبارەت بەم پرەنسیپە، دوو چەشنە تێڕوانین "ڕەواڵەتی" و "ناوەڕۆکی" (چییەتی)، بوونی هەیە. یەکسانیی ڕەواڵەتی، بنەمای یەکسانیی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە لە بەرامبەر یاسادا دووپات دەکاتەوە. بەڵام یەکسانیی ناوەڕۆکی، بەدەر لە چۆنێتیی ڕەواڵەتیی یاسا، گرنگی بە ناوەڕۆک و چییەتی دەدات. لەم بەشەدا، بەکورتی تیشک دەخەینە سەر ئەم دوو تێڕوانینە.

یەکسانی لە ڕوانگەی  ڕەواڵەتیی یاساوە:

 تایبەتمەندیی یاسا لە ڕوانگەی ئەم تێڕوانینەوە سەبارەت بە سەروەریی یاسا، بریتین لە گشتگیری، بڵاوکردنەوە و کاریگەری لەسەر ئەو ڕووداوانەی پێش دەرچوونی خۆیان. لە ڕوانگەی ڕەواڵەتیی یاساوە، مەبەست یەکسانیی گشتییە لە بەرامبەر یاسا، بەبێ ڕچاوکردنی ڕیزپەر، بەخشین و پێدانی ئیمتیاز و پارێزبەندی بە کەسێک، یان گرووپێکی دیاریکراو و، پێویستە بەبێ ڕچاوکردنی لایەنگری، نیسبەت بە هەموو چەمکەکانی کۆمەڵگه‌ جێبەجێ بکرێت و، هەر جۆرە سەرپێچییەک لەم بنەمایە بە پێشلکردنی دادپەروەری هەژمار دەکرێت. تایبەتمەندیی سەرەکیی یەکسانیی یاسا بە ڕچاوکردنی یەکسانیی ڕەواڵەتییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ گشتگیریی یاسای پەسەندکراو، چونکە گرنگترین گەرەنتیی پرەنسیپی یەکسانی، لە تیۆریی سەروەریی یاسادایە. لایەنگرانی ئەم بیرۆکە، پابەندی و بەڵێنی یەکسان لە بەرامبەر یاسادا، بە بێ گۆڕینی ناوەڕۆکی ئەم بیرۆکەیه‌، بە گرینگترین ڕێگەکانی دابینکردنی دادپەروەری دەزانن. بە بۆچوونی "دورکین" بەدەستهێنانی یەکسانی، وەکوو یەکێک لە بنەماکانی سەروەریی یاسا، بە شێوەیەکی گشتی پەیوەستە بە بێلایەنیی حکوومەت و دەستێوەرنەدانی لە ژیانی هاووڵاتیان و بڕیاری بێلایه‌نی سەبارەت بە ژیانی تایبەتیی تاکی کۆمەڵگە.   

یەکسانی لە ڕوانگەی ناوەڕۆکی یاساوە:

هەرچەندە لە بیرۆکەی یەکسانیی ناوەڕۆکی یاسایشدا، گرنگترین ڕەگەزی دابینکردنی یەکسانی، جێبەجێکردنی بەرفراوانی یاسای گشتی بە شێوەی یەکسانە لەسەر هەموو هاووڵاتیان، بەڵام لەم بیرۆکەیه‌دا، گۆڕانکاری لە یاسای گشتیدا بە ئامانجی دابینکردنی داواکاریی تایبەتی هەندێ کەس، پێویستە. ڕاستە گشتگیریی یاسا، پێویستیی بە جێبەجێکردنی یاسایە بە شیوەیەکی یەکسان لەسەر هەموو هاووڵاتیان، بەڵام لە ڕوانگەی یەکسانی ناوەڕۆکییەوە، هەندێ کەس و گرووپی دیاریکراو لە پێڕەوکردنی یاسادا ڕیزپەڕ دەکرێن. لە ڕاستیدا، هەرچی تیۆریی دادپەروەری، بەرەو تیۆریی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی شۆڕ ببێتەوە، بە هەمان ڕێژە لە بیرۆکەی یەکسانیی ڕەواڵەتی دور دەکەوێتەوە و، لە هەمان کاتدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بەدەستهێنانی یەکسانی، پەیوەستە بە شکاندنی بیرۆکەی گشتگیریی یاسا و جێبەجێکردنی نایەکسانی لە بەرژەوەندیی چینی هەژاردا. هەروەها تێگەییشتنی یەکسانیی ناوەڕۆکی، دەگەڕێتەوە بۆ نێو دەق و بڕگە یاساکارپێکراوەکان و، مانای سەروەریی یاسا لەگەڵ بەها بنچینەیییەکانی وەکوو دادپەروەری و یەکسانی تێکەڵ دەکات و لە ڕاستیدا، لەم تێروانینەدا ڕۆڵی بنەما ئەخلاقییەکان لە بنەما یاسایییەکان پڕڕەنگترە و، لە سێبەری ئەم مانایەدا پرەنسیپێکی گشتگیرتر سەبارەت بە یەکسانیی ویژدان، دەبێتە جێگه‌ی بایەخ و، ئازادییە بنچینەیییەکانی مرۆڤ لە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی پرەنسیپی سەروەریی یاسا هەژمار دەکرێت.

ئاکامی نەرێنیی پێشێلکردنی بنەماکانی سەروەریی یاسا:

گەندەڵی: زۆربەی شارەزایانی بواری یاسا، باوەریان وایە کە یەکێک لە ئاکامەکانی حکوومەتی دیکتاتۆری، پەرەسەندنی گەندڵییە؛ کە دەبێتە هۆی پشتگوێخستنی بەرژەوەندیی گشتی و گرنگیدان بە بەرژەوەندیی گرووپێکی دیاریکراو. تەنیا لە ڕێگەی سەروەریی یاساوه‌یه‌ كه‌ هێزی فەرمانڕەوا سنووردار و لەم جۆرە گەندەڵییانە پێشگیریی دەکرێت. ئەفلاتۆن باوەری وا بوو، کەسانێک کە ژمارەیان زۆر کەمە، هەڵگری تایبەتمەندیی دەستپاکی و زیرەکین کە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە دەناسن و هەوڵی نەهێشتنی گەندەڵی دەدەن. ئەمانە، بە بۆچوونی ئەفلاتوون، باشترین فەرمانڕەوان، و لە حکوومەتی یاسامەنددا ئەم کەسانەش، نابێت لە چاودێری و کونتڕۆل رێزپەر بکرێن، هەروەها پێویستە مافی خاوەندارێتییان پێ نەدرێت، کە ببێتە هۆی  قۆستنەوە و داگیرکردنی ماڵ و سامانی گشتی، لە بەرژەوەندیی خۆیاندا.

لە کۆمەڵگەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، بەم شێوە بێبەشکردنی حوکمڕانان لە مافی خاوەندارێتی، ڕەوا نییە، چونکە بە  پێچەوانەی پرەنسیپە یاسایییەکانەوەیە، بەڵام دەکرێت سوود لە بیرۆکەی ئەفلاتوون وەرگیرێت و خاوەندارێتیی حوکمڕانان سنووردار بکرێتەوە. فەلسەفەی بیرۆکەی ئەفلاتوون، کە دەڵی باشترین چینی کۆمەڵگه‌یش هەرچەندە دەستپاک و خاوێنیش بێت، پێویستە بکەونە ژێر دەسەڵاتی یاساوە، ئەوەیە کە مرۆڤ شیاوی گۆڕینە و دەسەڵات گەندەڵی دێنێت و دەسەڵاتی ڕەها، گەندەڵیی ڕەها دێنێت.

 تۆڵەسەندنەوە: یوونانییەکان باوەڕیان وا بوو کە ئەرک و کاریگەریی سەروەریی یاسا، تەنیا ڕێگری لە گەندەڵیی حوکمڕانان نییە، بەڵکوو لە کونتڕۆڵی مەیلی مەترسیداری تۆڵەسەندنەوە لە لایەن مرۆڤەوە سوودمەندە. بابەتی تۆڵەسەندنەوە، بە نیسبەت کۆمەڵگه‌ی ئێمە و کۆمەڵگە هاوشێوەکانییەوە، نامۆ نییە. کاتێک دەزگه‌ی دادوەری، توانای پاراستنی بێلایەنیی خۆی لەدەست دەدات، هاووڵاتیان باوەریان بەم دەزگه‌یه‌ نامێنێت و، لە ئامڕازی نایاساییی تۆڵەسەندنەوە بۆ مەبەستی گەییشتن بە مافی خۆیان کەڵک وەردەگرن، چونکە یاسا هێزی لێپرسینەوەی لە تاوانبار نییە، یان تاوانلێکراو باوەری بە دەزگه‌ی دادوەری نەماوە. تۆڵەسەندنەوە لە سیستەمی نادادپەروەرانەدا گەشە دەکات و شیرازەی کۆمەڵگه‌ تێک دەدات. بۆیە، تاكه‌ ڕێگە لە بەرگریکردن و نەهێشتنی زنجیرەی تۆڵەسەندنەوە، سەروەریی یاسایە و، لەم ڕێگەوە تاوان و سزا و بەرپرسیارێتیی شارستانی دیاری دەکرێت و، دادگه‌ بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تاوانبار سزا دەدات و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی باوەری هاووڵاتیان بۆ دەزگه‌ی دادوەری و، گەڕانەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگه‌ و جێگیرکردنی سەروەریی یاسا.

ئەوەی لەمڕۆدا سەروەریی دەزگه‌ی دادوەری دەخاتە مەترسییەوە، دەستێوەردانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکارە، بەتایبەت کاتێک یەکێک لە لایەنەکانی "داوا"، لە بەرپرسانی سیاسی، یان پەیوەندار بەوانەوە بێت. لەم کاتەدا، ئەگەر دەزگه‌ی دادوەری و خودی دادوەر سەربەخۆ نەبێت، لە جیاتی کارکردن بە پرەنسیپی یاسایی، داواکاریی لایەنی سیاسی، دەکاتە بنەمای دەرکردنی بڕیاری خۆی و، لە ئاکامدا "سەروەریی کەس"، جێگه‌ی "سەروەریی یاسا" دەگرێتەوە.

سنووردارکردنی ناڕەوای ئازادی: مەبەست، ئازادیی تاکە لە چوارچێوەی یاسادا کە لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕێک خراوە و، زۆر جاریش خودی دەسەڵات پێشێل، یان بەناڕەوا سنوورداری دەکات و، حکوومەت بیرۆکەی خۆی، کە زۆر جار لە گەڵ ئازادیی تاکدا هاودژە، بە مەبەستی پیادەکردنی پرۆگرامەکانی، کە بە مەبەستی تایبەت و سانسۆری دەنگی هاووڵاتی و شاردنەوەی گەندەڵییە، جێبەجێ دەکات. بۆیە لە بیرۆکەی نوێدا، باوەر وایە کە سەروەریی یاسا، دەسەڵاتی حکوومەت پێناسە و دیاری دەکات. ڕێگە نادات حکوومەت، بیرۆکە و پرۆگرامی نایاساییی خۆی، کە بەرژەوەندیی گشتی دەکاتە ئامانج، بسەپێنێت. لەم ڕاستایه‌دا، پێویستە ئاماژە بەم بابەتە بکرێت، هەرچەندە لەژێر ھیچ بارودۆخێکدا، دەوڵەت نابێت ھیچ نایەکسانییەک بسەپێنێت، بەڵام بۆ پاراستنی چوارچێوەی سنووری ئازادیی تاکی کۆمەڵگە، ئەگەر ڕێسا و یاساکان تا ڕادەیەک نادادپەروەرانە بن، باشترە لە بێیاسایی لە کۆمەڵگەدا، کە بەتەواوەتی دەستی فەرمانڕەوا بۆ پێشێلکردنی ئازادیی گشتی واڵا دەکات. خاڵێکی گرنگ، کە توێژەری کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ئاماژەیان پێ داوە، سەبارەت بەو یاسا و ڕیسایانەیە کە دەبێتە هۆی سنووردارکرنی بنەماکانی ئازادی. کۆدەنگی سەبارەت بە وه‌ڵامی ئەم بابەتە بەدی ناکرێت؛ زۆر کەس و لایەن بە یاسا هەژماری دەکەن و، سەرپێچیکردنی بە ڕەوا نازانن. لە لایەکی ترەوە ڕێزگرتن لە یاساکە، لە مافی هاووڵاتییەوە سەرچاوەی گرتووە، بە مانای ڕێزگرتنە لە هاووڵاتی، نە پەیڕەوی لە حکوومەت، واتا کاتێک سەرپێچی لە یاسایەك دەکرێت، پێویستە بزانرێت کە ئەم یاسایە لە خزمەتی هاووڵاتیدایە یان دژی بەرژەوەندی و مافی هاووڵاتییە.

 دەرەنجامی سەروەری یاسا:

ئاکامی هەموو بیرۆکەکان سەبارەت بە سەروەریی یاسا، بە لایەنی کەمەوە دوو بەرهەمی هاوبەشی هەیە.

یەکەم: هەر چەشنە کەڵکوەرگرتنێکی خۆسەرانە لە دەسەڵات، ڕێگەپێنەدراوە. دووەم: هەر جۆرە هێز و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا، پێویستە لە ڕێگەی یاسایەکی گشتی، بەردەوام و ڕوونەوە دیاری و سنووردار بکرێت.

سەروەریی یاسا، زۆرتر پەیوەستە بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی دەوڵەتەوە تاوەکوو هاووڵاتیان. ئەم جۆرە ئەرکە، دەوڵەت ناچار دەکات كه‌ لەسەر بنەمای یاسا حوکمڕانی بکات، تا هیچ کەسێک لە دەرەوەی یاسا نەبێتە خاوەن دەسەڵات و ئیمتیازی تایبەت و، پێوەرەکانی بایەخدان بە مافی هاووڵاتیان و پرۆسەی بەدیهاتنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا، بەربەست بۆ مەیلی دیکتاتۆری دروست دەکات و، لە هەمان کاتدا ئامرازگەلێک بە مەبەستی گەرەنتیی ڕاگرتنی یەکسانیی مافی هەموو هاووڵاتیان دابین دەکات. لە حکوومەتی یاسامەنددا، پێویستە یاسا لە ڕاستای داواکاریی هاووڵاتیان، نەوەک خواستی فەرمانڕەوا، بەرپرسە سەربازییەکان، ڕێبەرانی ئایینی و حزبه‌ سیاسییه‌كان داڕێژرێت، تاوەکوو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کە ئاواتی مرۆڤی ئەم سەردەمەیە بەدەست بێت. یەکێکی تر لە دەرەنجامەکانی تری سەروەریی یاسا، دابینکردنی هەلومەرجی یەکسانی پێشبڕکێی ئابوورییه‌، چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەلی پێشبرکێ، بوونی هەیە، دیاری کردنی پێوەری ئەم پێشبڕکییە لە رێگەی یاساوە پێویستە. چونکە وا گرێمانە دەکرێت کە لەم کۆمەڵگه‌یەدا ژمارەیەک خاوەن سەرمایە، کە لە ڕوانگەی توانای ئابوورییەوە تا ڕادەیەک بەرامبەرن، لە جێبەجێکردنی پرۆژە ئابوورییه‌کاندا، چاوەرێی دەرفەتی بەشداریپێکردنی یەکسانن.

هەر چەشنە جیاوازییەک سەبارەت بەم بابەتە، دەبێتە هۆی چوونەدەرەوەی سەرمایە لە هەرێمی کوردستان و، کەلێنێکی گەورەی ئابووری دروست دەکات. خاڵێکی گرنگ، کە دەکرێت وەکوو ڕاسپاردە لەم وتارەدا پێشکەش بکرێت، ئەوەیە کە یەکێک لە بنەماکانی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان، سەروەریی یاسایە کە ڕێز لە خاوەندارێتی و گرێبەستەکان دەگرێت. خاوەن سەرمایەكان بۆ هەڵبژاردنی وڵاتی گونجاو بە مەبەستی بەکارخستنی سەرمایە زۆر جار لە چەند یاسا، ڕێنمایی و سیستەمی یاساییی نەشیاو بۆ ڕاپەراندنی گرێبەست و بەڵینەکان، بوونی گەندەڵیی کارگێڕی و ئابووری لە نێوان بەرپرساندا، ترسیان هەیە. ئەمڕۆکە سەروەریی یاسا، کە بەشێکی گرنگە لەم بابەتە، گۆڕاوە بۆ ئەو شتەی کە بیرمەندە نێودەوڵەتییەکان ناویان لێ ناوە "حوکمڕانیی باش" و، بەدیهاتنی ئەم حوکمڕانییە، پێویستیی بە داڕشتنی یاساگەلێک لەسەر پرەنسیپی ستانداری مافی مرۆڤ و بنەما بنچینه‌یییەکانی مرۆڤایەتی و ڕچاوکردنی یەکسانی هەیە.