ڕه‌خنه‌گرتن؛ دەرگەیەک بەرەو چاکسازی

قه‌ره‌نی قادری

ڕەخنە، کۆمەڵە زانیارییەکە کە پەرە به‌ توانا و لێهاتوویی دەدات. مرۆڤ ڕادەهێنێت کە نەرمونیان بێت و، بە شێوەیەکی عەقڵانی پەیوەندی بە دیاردە و ڕووداوەکانەوە بکات. لەم دۆخەدا کە تەوەری ڕەخنە بۆ باشتربوونە، تێڕوانین و ڕەوتی ئاڕاستەکە ڕوو لە چاکسازی دەکات. لە ڕاستیدا، ئامانجی ڕاستەقینەی ڕەخنە، دەبێ چاکسازی، گەشەی تاک و کۆمەڵگە بێت. ئامانجی ڕەخنە، باش و باشتربوونە!

یه‌که‌مین جار یوونانییه‌کان ئه‌م زاراوه‌‌ (ڕه‌خنه)یان داهێنا، که به زمانی یوونانی پێی ده‌ڵێن "کریتیکۆیێ"، واته‌ هونه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه‌. یوونانییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ بوون که له‌ سه‌ره‌تادا، ده‌بێ دیارده‌یه‌ک بخوێندرێته‌وه‌ و دوایی له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت هه‌بێت که گشت پێکهاته‌کانی ئه‌م دیارده‌یه‌ ببینرێن تا مه‌ودای لێکۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بێته‌ کایه‌وه‌. کاتێک هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکۆڵینه‌وه‌که‌ کۆتایی هات، جارێکی تر پێکهاته‌کان وه‌سه‌ریه‌ک بخرێنه‌وه‌‌. له‌م قۆناغه‌دایه‌ که که‌موکوڕی و خه‌وشه‌کان به‌دی ده‌کرێن. لێره‌دا کۆبه‌ندی ئه‌م ڕه‌وته،‌‌ پێی ده‌گوترێت ڕه‌خنه‌ یان هونه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندن (نرخاندن).

ڕه‌خنه له تاک، یان دامه‌زراوه‌یه‌ک، به مانای ئاماژه‌ و جه‌ختکردن دێت له‌سه‌ر ناکارا‌مه‌ییی ئه‌و له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانیدا. بەبێ ئاماژه‌ به ناکارامه‌ییی دامه‌زراوه‌یه‌ک، هه‌روه‌ها به‌بێ بوونی ئامار و زانیاری، ڕه‌خنه‌ هیچ مانایه‌کی نییه‌ و ناتوانێت ئامانجی خۆی بپێکێت.

هێڵی سه‌ره‌کی له‌ ڕه‌خنه‌گرتندا، بۆ ده‌ستنیشانکردنی خه‌وشه‌کانه‌؛ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌موکوڕییه‌کان به‌دی بکرێن و له‌ ڕه‌وتێکی عه‌قڵانیدا جێگرەوەیەک بۆ ئه‌م خه‌وشانه‌ بدۆزرێته‌وه‌. ڕه‌خنه‌گرتن بۆ باشترکردنی د‌یارده‌، یان پرۆژه‌کانه،‌ تا ژیان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا به‌ره‌و‌ باشتربوون ڕێنوێنی بکات.

ڕەخنەگرتن و قبووڵکردنی ڕەخنە، کە لەسەر بنەمایەکی عه‌قڵانی و بەپێی بەڵگە بێت، هەروەها هێمنانە بەڕێوە بچێت، ئەو دەرفەتە بۆ ساخکردنەوە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بابەتی مەبەست دێنێتە کایەوە. واتە کەڵکوەرگرتنی هۆشیارانە لە ڕەخنە، هەڵدان و گەشەی تاک، گرووپ و کۆمەڵگەی بەدوادا دێت. هەموو شتێک ڕێژەیییە؛ تەمەن، چالاکی، پێشمەرگایەتی، حزبایەتی، متمانە، ئازایەتی، ڕێبەرایەتی، سەرکردایەتی، کەسایەتی و کاری سیاسی. کەس ئەڵماس نییە!

ڕەخنە دەورێکی گرینگ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا دەگێڕێت. دەتوانێت پەیوەندییەکان بەرەو باشتربوون بەرێت، بەڵام لە نەبوونی هۆشیاری و کارامەییی ڕەخنەگر و ڕەخنەگراندا، دەكرێ پەیوەندییەکان تێک بچن، یان لانی کەم ببێتە هۆی گرژی و ساردبوونی پەیوەندییەکان. قبووڵکردنی ڕەخنە (کە پێویستە ڕەخنەلێگیراو گوێگرێکی چالاکیش بێت) دەبێتە هۆکار بۆ بەهێزبوون، باشتر کارکردن، گەشەی دەروونی و، لە کۆتاییدا برەو به‌ که‌لتووری پێکەوەهەڵکردن و کارکردن دەدات و بەتوانایان دەکات.

بۆ نموونە، کاتێک حزب، یان لایەنێک لە هەڵبژاردنێکی دیاریکراودا بەگوێرەی چاوەڕوانی، دەنگی کەم دێنێت، یان دەدۆڕێنێت، پێویستە بەرنامە و پلانی کار، هەروەها هەوڵدانەکانیان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بدرێنە بەر باس و لێکدانەوە. لە دۆخێکی وادا زۆر پێویستە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەرنامە و چالاکییەکانی حزبەکەی بەوپەڕی بوێرییەوە بدرێنە بەر نەشتەری ڕەخنە، تا کەموکوڕییەکان و هۆکارەکانی سەرنەکەوتن بەدەر بکەون.

دەبێ ئاماژە بەوەیش بدرێت، ئەوانەی ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە، پێویستە گوێگرێکی هۆشیار و لێهاتوو بن، هەروەها ئەوانەی کە ڕەخنەگریشن، پێویستە چەند قاتی ڕەخنەلێگراو بنەمای کارەکانیان لەسەر دیالۆگ دابمەزرێنن، تا لە کەشوهەوایەکی ئەرێنیدا ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانیان بکەن. ئەگەر ڕەخنە "هونه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندن" و لێکدانەوەیە، گوێگرتنیش هونەرە و پێویستیی بە ڕاهێنانی بەردەوام هەیە.

دەستنیشانکردنی ئامانج و ڕێگەکانی گەیشتن بە مەبەستی دیاریکراو

- چ چاوەڕوانییەک لە پەیوەندیکردن دەکرێت؟

- چ شتێک، دەبێت ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت؟

- پاڵنەری ڕەخنەگرتن چییە و کامانه‌ن؟

نەرمونیانی و وشەی شیاو

بۆ ئەوەی پەیوەندیکردن دروست بکرێت و ئامانج بپێکێت، پێویستە کەڵک لە زمانێکی نەرمونیان و شێوازی شیکردنەوە وەربگیرێت. تەنیا لە ڕوونکردنەوەی گشت لایەنەکانی دیاردەی مەبەستدایە کە بە ئامانج دەگەین و پەیوەندیی دوو، یان چەندلایەنە چێ دەکرێت. سازدانی ئەم پەیوەندییە یەکەمین و گرینگترین هەنگاوە کە دەرگە بەرەو قۆناغەکانی دواتر دەکاتەوە.

ڕاکیشانی لایەنی بەرامبەر بۆ ناو قووڵاییی باسەکەوە

بۆ ئەوەی ڕەخنەگرتن بە شێوەیەکی ماقووڵ بەڕێوە بچێت، پێویستە لایەن، یان لایەنەکانی بەرامبەر، ڕاکێشی ناو باس و لێدوانەکان بکرێن؛ ئەویش بە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە باس و لێدوان لە بابەتی دیاریکراودا.

- باس لە بەرپرسیارێتی، ئەرک و مافی لایەنی ڕەخنەلێگیراو بکرێت.

- باس لە تواناکانی لایەنی بەرامبەر بکرێت.

- ئامانجی ڕەخنە، زۆر بەوردی بۆ لایەن، یان لایەنەکانی تر ڕوون بکرێتەوە کە بۆچی ڕەخنە لە قازانجی ئەواندایە؛ هەروەها بەوردی و بە بەڵگەوە درێژە بە باسەکە بدرێت. لەم قۆناغەدا کەڵک لە دیالۆگ وەربگیرێت و خۆ لە مۆنۆلۆگ (خۆدواندن) بپارێزرێت.

- ڕوونی و ئاشکرابێژی، ڕەخنەگرتن بەبڕشتتر دەکات و دەبێ بە ئاکامێکی باشتر بگات. تێکەڵنەکردنی بابەتەکان و بەلاڕێدانەبردنی گفتوگۆ بۆ سەر شتی لاوەکی کە هیچ پەیوەندییەکی بە پلانی دەستنیشانکراوەوە نییە، بوار بۆ لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە لە ئەنجام دەڕەخسێنێت.

- دەوری کات لە ڕەخنەگرتندا: ڕەخنەگرتن لە کاتی گونجاودا کارتێکەریی باشتری دەبێت؛ بۆ هەندێکان هەر لە دوای تەواوبوونی کارەکە پێویستە، بۆ هەندێکی تریش تێپه‌ڕینی كات باشترین ڕێگەچارەیە.

- پێکهێنانی که‌لتوورێکی نەرمونیان بۆ ڕەخنەگرتن و ڕەخنەقبووڵکردن، هەروەها یارمەتیدانە بۆ ئەوەی گوێگرێکی چالاک بێتە بەرهەم؛ یارمەتیدان بە پێکهێنانی پاڵنەری ئەرێنی بۆ کاری باشتر و ساردنەبوونەوە لە کار لە ئاکامی ڕەخنەگرتندا.

- ناسینی لایەنە جۆراوجۆرەکانی بەرامبەر: ئەمەیان یارمەتییەکی باش دەدات تا تێگەیشتنمان لەو، یان لەوان زۆرتر بێت. ناسینی کەسایەتییەکان ئاسانکارییە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر پەیوەندی چێ بکرێت. باشترین پەیوەندی، باشترین بەرهەم دێنێتە کایەوە.

- گەڕانەوە بۆ دەروون: پەیوەندیکردن بە دەروونەوە، یەکێکە لە هۆکارە باشەکان کە مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا بپەیڤێت؛ ئەمەیان بابەتێکی دەروونناسانەیە.

- هێمنی و لەسەرخۆبوون: نەبوونی هێمنی لە کاتی ڕەخنەگرتندا، کارتێکەرییەکە زۆر کەم دەکاتەوە و، پەیامەکەیش لە لای پەیاموەرگر وەرناگیرێت. کۆنترۆڵی هەست و توندیی دەروونی، یەکێکە لە کارە هەره‌ سەرکەوتووەکان لەم بوارەدا.

کۆبەند

لە جیهانی ئەمڕۆدا، بۆ ئەوەی تاک، گرووپ، حکوومەت، یان حزبە سیاسییەکان پێش بکەون و لە کارەکانیاندا گەشە بکەن و سەرکەوتوو بن، پێویستە برەو بە ڕەخنە و ڕەخنەگرتن بدەن و، هەروەها گوێگرێکی باشیش بن و گرینگی بە لایەن، یان لایەنەکانی بەرامبەر بدەن. لە ئاکامی ئەوەیشدا گۆمەڵگە گەشە دەستێنێت و که‌لتوورێکی دیموکراتیک دێتە کایەوە. هەر بە ڕێگەی ئەم که‌لتوورەوە دەتوانین کێشەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی هێمنانە چارەسەر بکەین و، بەبێ ئەوەی گرێچنی دەسەڵات تێک بچێت، یان هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات بکرێت، کۆمەڵگە بە شێوەیەکی عه‌قڵانی لەگەڵ خۆیدا دەپەیڤێت. ڕەخنەگرتن بۆ باشتربوونە؛ بۆ هەڵدان و گەشەی تاک، گرووپ، حزبی سیاسی و حکوومەتە. بەهێزیی کۆمەڵگە و تاک، هەروەها کوردستانێکی بەهێز لە گرەوی گفتوگۆ، دۆزینەوەی زمان و کۆدی هاوبەش، دیالۆگ و دانوستانی عه‌قڵانیدایە. بۆ ئەوەی گشت کێشە و گرفتەکان چارەسەر ببن، دەبێ هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆیدا بپەیڤێت، چونکە بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە!